Skip to Content

دایکم/6/ .. رەسووڵ بەختیار

دایکم/6/ .. رەسووڵ بەختیار

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 19, 2023 General


6

بەو پێیەی نۆبەرەمە، پەیوەندی من و دایکم زۆڕ پتەو بوو، لەگەڵ ئەوەی هیچ دایکێک جیاوازی ناکات لەنێو منداڵەکانی ئینجا کوڕ بێ یان کچ، بەڵام هەردەم مامەڵەی دایک و باوک لەگەڵ کوڕ، یان کچی گەورەی ماڵەوە جیاوازە.
زۆرجار لەگەڵ دایکم باسی کێشەکانی دەوروبەرمان دەکرد، ئەو هەردەم باسی لەوە دەکرد، مرۆڤ کوڕ و کچی هەر کەسێک بێ، دەبێ بزانێ لەگەڵ دەوروبەر چۆن مامەڵە بکات، دایکم دەیگوت: هەموو کێشەکان، بەهۆی کەم عەقڵی ئەو کەسانەیە، کاتێک رووبەڕووی دەبنەوە، بۆیە دەکرێ ئێمە لەتوڕەبوون و لەهێمنی و لەهەموو بوارەکاندا عەقڵ بەکاربێنین، راستە پەروەردە و ئامۆژگاری گرنگە، بەڵام ئێمە چۆن بەپێی ئەو پەروەردەیە قسە دەکەین.
دایکم لەدرێژەی قسەکانیدا دەیگوت:هەتا پێتان دەکرێ دەبێ رێز لەدەوروبەر بگریت، چونکە لەکۆتایدا رێزی خۆت دەگری، زۆر جاری وا هەیە بەشێوەیەک توڕەبوونی پێوە دیارە لەگەڵ یەکێک قسە دەکەی، دەبینی دوای چەند ساڵێک کەسەکە پێت دەڵێ تۆ لەو هەڵوێستە رێزت نەگرتم و بەتوڕەیی قسەت لەگەڵدا کردم.
زۆرجار کاتێک دەچوومەوە ماڵەوە، یەکسەر دەیگوت: ورە بزانم چ باسە، بۆم باس بکە، بەپێکەنینەوە دەیگوت بەڵام قسەی تەلفزێۆنم بۆ باس مەکە، تەماشای هەموویم کردووە، تۆ لەو رۆژنامانە کار دەکەی، بەس بزانم ئەو رۆژنامانە چ سوودێکی هەیە،
دەربارەی منداڵیم دایکم دەیگوت: دوو جار زۆری نەمابوو بخنکێیت، جارێکیان لەسەر لێواری بیری ئاو بوویت کەوتییە ناو بیرە ئاوەکە ئەگەر باوکت هەر ئەو کاتە بەفریات نەهاتبوایە ئەو دەخنکای باشبوو بیرە قووڵ نەبوو، بۆیە باوکت دەستی راکێشایی و دەریهێنای.
جارێکی دیکەش، ئا ئەوەم لەبیر چوو ئەمایان لەپێشتر بوو، لەسەراوی گوندەکەمان کەوتییە ناو حەوزی ئاوەکە زۆر بچووک بووی، باشبوو یەکێک لەو ژنانەی لەوێدا بوو هەر زوو لەناو حەوزی ئاوەکە دەریهێنای.
دایکم لەنێو ماڵدا هەردەم بەزەردەخەنەوە پێشوازی لێدەکردین، لەهەموو تەمەنم تەنیا چەند جارێک کەمێک بەتوڕەیی بینیوومە، زۆر بایەخی بەخزم و ناسیارەکان دەدا، کاتێک ئەو خزم و ناسیارەیانەمان دەهاتنە ماڵی ئێمە، دایکم زۆر دەگەشایەوە، هەردەم قسەی خۆشی بۆیان دەکرد، ئەگەر کێشەیان هەبووایە، هەردەم دڵی دەدانەوە، زۆر دایکانە و بەرپرسیارانە لەگەڵ دۆخەکە خۆی دەگونجاند، هەردەم دەیگوت: دەبێ لەگەڵ خرم و ناسیارەکان باشبی، تۆ وەک کوڕی گەورە ئەو ئەرکەت لەسەر شانە، هیچ کاتێک نابێ پەیوەندی لەگەڵ خزم و ناسیارەکان بپچڕێنیت.
پەیوەندی دایکم، لەگەڵ،خوشک وبرایەکانی دیکەم بەهەمان شێوە بوو، زۆر جار گوێم لێ دەبوو، ئەو قسانەی لەگەڵ مندا دەیکات، بەهەمان شێوە، لەگەڵ خوشک و برایەکانم دەیکرد و دەیگوت: دەبێ رێزی یەکتر بگرن، چونکە کارەکە وایە، گەورە و بچووکی هەیە.
دایکم ئافرەتێک بوو باڵای بەرز بوو، کاتێک باسی ئەمە دەکەم، یەکسەر قسەی نەوزادی هاوڕێم هاتەوە و ئەو دەیگوت: لەهەر کوێیەک ژنێکی باڵابەرز ببینم جلێکی رەشی لەبەردا بێ و چەفیەیەکی سپی لەسەردا بێ وا دەزانم دایکمە.
هەروەها دەیگوت: دایکم بۆیە جلی رەشی لەبەردا بوو، چونکە دوو برای پێشمەرگەی شەهید بوو بوون.
چەندین ساڵە دایکی کۆچی دوایی کردووە، بەڵام هیچکات دایکی لەبیر نەچووە، دەزانم کۆچی دوایی دایک چەند بەئازارە، ونبوونی دایک لەنێو ماڵدا کەلێنێکی گەورە دروست دەکات و هیچ شتێک قەرەبووی ناکاتەوە.
هەروەها عەبدوڵڵای هاوڕێم باسی لەوەکرد، پێشتر، کەئێواران دەچوومەوە دایکم هەندێ قسەی خۆشی دەکرد و منیش چەند نوکتەیەکم دەگێڕایەوە، دەستمان دەکرد بەپێکەنین، ئێستا ماوەی چەند ساڵێکە دایکم کۆچی دوایی کردووە، ئێواران نازانم بچمە کوێ، وەک ئەوەی شتێکم ونکردووە و هەردەم بەدوایدا دەگەڕێم، کاتێک دەچمە ماڵی دایکم، بەڵام دایکم لەوێ نییە، دڵم تەنگ دەبێ، بیری قسە خۆشەکانی دایکم دەکەم.
لەلایەکی دیکەوە بیرم ناچێ دایکم حەسرەتێک لەدڵی مابوو چونکە دایکم زۆر جار و بەبەردەوام، باسی لەوە دەکرد تا زەماوەند و هاوسەرگیری بکەم.
دایکم: تا نەمردووم پێمخۆشە لەماڵی خۆتدا بتبینم، منداڵەکانت ببینم، تا پێم بڵێن داپیرە، دەزانی چەند هەستێکی پڕ لەچێژە، کاتێک نەوەکانم پێمدەڵێن داپیرە، وەک ئەوەیە خەڵاتێکی گەورەم وەرگرتبێ.
من بەڵێنم پێداوە، بەڵام تا رێکدەکەوێ، ئینجا زەماوەندێکی گەورە ساز دەکەین.
کەچێ مەرگ رێگەی نەدا ئەو حەسرەتە لەدڵیدا دابمرکێتەوە.
لەزەماوەندی براکانم دڵی زۆر خۆشبوو، لەپێش چاومە، زۆر بەجۆش و خرۆشەوە بەخێرهاتنی میوانەکانی دەکرد، بەهەندێک لەمیوانەکانی دەگوت: نووخشە لەکوڕ و کچانی ئێوەش بێ.
هەردەم دایکم، باسی لەوە دەکرد، کە هیچ شتێک لەوە خۆشتر نییە، ماڵ و حاڵی خۆت هەبێ، هەست دەکەی ئارامی، بەڵام گرنگ ئەوەیە کێ وەک هاوسەرت هەڵدەبژێریت، بۆ کوڕ و کچ وەک یەکە، بۆ کوڕ لەمێژە گوتوویانە هاوسەر و ژنی باش ماڵ رووناک دەکاتەوە، بەڵام هەندێکجار کەسانیک هەن تووشی بەڵای خۆیان دەبن، ئەو ماڵەی لێدەکاتە دۆزەخ، بۆ کچانیش بەهەمان شێوە دەبینی ژنە تا بڵێیت لە هەڵسوکەوت نەرم و نیانە، بەڵام تووشی پیاوێک دەبێ، لەپێشچاوی دەبێتە دڕندە، ژیانی لێ تێکدەدا بەهۆی کارە خراپەکانی.
لەو رۆژەوەی دایکم کۆچی دوایی کردووە، لەدوا رۆژەکانی وەرزی پایز، شەو و رۆژی شارەکەم بۆتە یەک پارچە تەم، لەگەڵ ئەوەی ژیانی ماڵەوەمان بۆتە تەمێکی لەسەر نیشتووە، بەم شێوەیە، کۆڵان و گەڕەک و شار نقوومی تەم بووە، کۆچی دوایی رووحی پەپوولەیی دایکم لەهەموو شتێکدا رەنگی داوەتەوە، جگە لەوەی ئێمە لەپڕێکدا بێ دایک ماینەوە، بەو شێوەیە تەم باڵی بەسەر هەموو شتێکدا کێشاوە،
ئێستا ژیانم تەنیا تەمێکە، بێ ئەوەی هیچ لایەک ببینم، لەدەستدانی دایک وەک ئەوەیە نەزانی چی دەکەی، بۆ کوێ دەڕۆی، ئەگەر شار هەمووی هاوڕێت بێ و شار گەشاوە بێ، بەنەبوونی دایک و زەردەخەنەی دایک هیچ مانایەک نابەخشێ، راستە خوا رۆژێکی بۆ هەمووان داناوە و بۆ لای خۆی دەتباتەوە، بەڵام ئازاری ئەو بردنەوەیە زۆر گەورەیە.
جارێکی دیکە، لەگۆڕانی وەرزەکاندا دایکم لەباخچەکەمان هیچ ناچێنێ، بەکەسیشمان ناڵێ بڕۆن لەبازاڕ تۆیی ئەو رووەک و سەوزەیەم بۆ بێنن، لەپایزدا کۆچتکرد، لەگەڵ کۆچی دایکم گەڵای دار و درەختی باخچەکەشمان وەری، هەردوو دار کاژی دەرەوە لەحەژمەتا سەریان دانواند و کۆچی تۆیان بەکۆچی دار و درەخت وەرینی گەڵاکان ناو برد، جارێکی دیکە کاتێک دێمەوە ماڵەوە تۆ لەناو باخچەکەمان نابینم، منیش حەوسەڵەی ئەوەم نەماوە سەیری هیچ کام لەدار و درەختەکان بکەم.
دەزانی دایە، بۆ یەکەمجار لەژیانمدا بینیم باوکم فرمێسک لەچاوانی هاتەخوار، ئێمە هەموومان دەزانین باوکم تۆی زۆر خۆشدەویست، چونکە سەردەمێکی دوور و درێژ لەگەڵیدا ژیایی، کاتێک سەیری باوکم دەکەم، دەزانم هەموو ژیانی بۆتە یادگاری، ئەویش وەک ئێمە زۆرجار ژوورەکانی ماڵەوە دەگەڕێ، دەیەوێ بزانیت لەکام ژووری، بەڵام ئێمە و باوکمان بەهەناسە ساردی دەگەڕێینەوە و لەشوێنێکدا کرۆمەڵە دادەنیشین…بێدەنگ نامانەوێ قسە لەگەڵ کەسدا ناکەین، تا ئەو کاتەی لەناخەوە بەکووڵ دەگرین.
هەردەم ئەو قسانەم دێتەوە، کە دەتگوت: دەزانن بەدرێژایی ئەمساڵ کەرووز و توور و پیازم نەکڕیووە، هەموویم لەو باخچەی ماڵەوەمان بەرهەم هاتووە.
هەر جارێ یەکێکمان پێمان دەگوت: خۆت زۆر ماندوو مەکە.
دایکم: نا نا ماندوو نابم، هەروا خۆشم مەشغووڵ دەکەم، بێزار بووم ئەوەندە سەیری تەلەفزێۆن بکەم، ئەو هەموو هەواڵە درۆیە، لەتەک ئەوەی هەر تەلفزێۆنێک بەئارەزووی خۆی باسی ئەم هەموو کێشەیە دەکات، ئەرێ بەڕاست شەڕی ئۆکرانیا و فەڵەستین چی لێهات، وابزانم کەس دان بەبەرامبەرەکەی نانێ، چەند گوناحن کاتێک دەبینم ئەو خەڵکە ئاوارە دەبن، بەو سەرمایە دەبینم منداڵەکانیان لەژێر خیوەتدا دەلەرزن، رۆژئاوایی کوردستانیش بەو شێوەیە، هەردەم لەژێر بۆمبارانن، نازانم بۆ هەرجی شتێکی لەدەست بێ دوژمنی کوردە، کەچی کورد هیچ کاتێک دوژمنایەتی هیچ میللەتێک ناکات، هەردەم داوای ئاشتی و برایەتی دەکات، بەڵام وەڵامی داگیرکەرانی کوردستان تەنیا شەڕ و بۆمبارانکردنە.
ئەو کاتانەی بۆ گەشت دەڕۆیشتم، ئینجا چ لەناوەوەی کوردستان بێ، یان دەرەوەی دایکم پێیدەگوت: ئەوجا نەچی مەلەوانی بکەی، ئەدی گوێت لێ نییە، رۆژانە چەند کەس لەو زێ و رووبارانە دەخنکێن، نازانم ئەتوو مەلەوانی یان نا، بەڵام دەزانم ئاو و ئاگر ئامانیان نییە.
کاتێک لەناو ئۆتۆمبیل بەرەو سەیران و گەشت دەڕۆیشتم، دوای نیو سەعات، یان سەعاتێک دایکم تەلەفۆنی دەکرد و دەیگوت :برادەرەکانت ئەوانەی زانکۆن یان ئەوانەی گەڕەکن.
منیش دەمگوت: چەند کەسێکین، برادەرەکانی زانکۆن، پێکەوە لەزانکۆین.
دایکم: ئێ باشە، سەلامیان لێ بکە، بەڵام ئاگاتان لێ نزیک ئاو مەکەون و مەلەوانی مەکەن.
تا دەگەیشتمە شوێنی مەبەست دایکم چەند جارێک تەلەفۆنی دەکرد، ئەو کاتانەی گەشتم دەکرد بۆ دەرەوەی وڵات، بیزانیبایە ئینتەرنێتم هەیە، تەلەفۆنی دەکرد و دەیگوت: کوڕم ئاگات لەخۆ بێ، پیاوی خراپ زۆرە، نزیکی ئەوانە مەبۆوە، یان لەو دەریایانە مەلە مەکە، دەڵێن دەریا شەپۆڵی زۆر بەهێزە، هەموو شتێک هەڵدەلوشێ.
دایکم زۆر جار باسی ئەو کەسانەی دەکرد، کە لەدەریاکاندا دەخنکێن، بەتایبەتی ئەوانەی لەدەریای ئیجەدا دەبنە خۆراکی ماسی و نەهەنگەکان.
دایکم: دیارە بەشێکیان بۆ ژیانێکی خۆشتر کۆچیانکردووە و دەیانەوێ بچنە ئەورووپا، بەشێکیشیان لێرە بێ ئێشە و دەیەوێ لەو ئەورووپایە کارێکی دەستکەوێ، کەچی لەناو ئەو بەلەمە شڕ و وڕانە، بەلەمەکانیان تێکدەشکێ و ژیانیان لەناو ئەو دەریایانە کۆتایی دێ و دەخنکێن. ئاخ چ ئازارێکی گەورە بۆ دایک و باوک و خوشک و براکانیان جێ دەهێڵن، دەزانی چ کارەساتێکی گەورەیە تۆ بەدەستی خۆت بڕۆیت دواتر لەبەردەم دواتر ببی بەخۆراکی دەریا و کەس نەزانێ تەرمەکەت لەکوێیە، ئەمە دەبێتە حەسرەتێکی گەورە لەدڵی دایکان.
دایکم هەردەم دەیگوت: دڵم خورپە خورپێ دێ، کاتێک بەلەمی کوچبەران لەنێوەندی دەریادا لەتەلەفزێۆن دەبینم، بەڕاستی کارەساتە کاتێک ئەو رۆڵانەم بەبەرچاوی خۆمان دەبینین، بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەڕۆن.
زۆر جار دەمبینی دایکم، لەلایەک دادەنیشت، بێ ئەوەی هیچ قسەیەک بکات، لەدەوروبەر رادەما و سەیری هەمووانی دەکرد، دواتڕ کاتێک بانگمان دەکرد، دایە…دایە، ئەویش وەک ئەوەی خەیاڵی بۆ دوور رۆیشتبێ یەکسەر رادەچڵەکی و دەیگوت: چ بووە بۆ بانگم دەکەن.
یەکێک لەخوشکەکانم دەیگوت:دایە خۆ نەخۆش نیت…بۆ وا واکزی.
دایکم :نە نەخۆشم نە کزم، بیرم لەو چەندین ساڵەی رابردوو دەکردەوە، کە چۆن بەو هەموو نەهامەتییە ئێوە گەورە بوون، سوپاس بۆ خوا ئێستا هەمووتان خوێندنی تەواو کرد…
بەپێکەنینەوە دەیگوت : حەزم لێ کوڕی نۆبەرە ببێتە مەلا، لەخانەوادەی ئێمە پێشتر هەتا ئەو دوایەش مەلایەکمان هەبوو، شارەزایی دین و شەریعەت بوو، بەڵام هیچکام لەکوڕەکان نەبوون بەمەلا.
کاتێک باسی سەردەمی منداڵی ئێمەشی دەکرد، پێدەکەنی و دەیگوت: کوڕی گەورەمان ئەوەندە خۆشدەویست،زۆر نازمان دابوویێ، بۆیە ئەویش زۆر چەتوون بوو، تا تەمەنی دە ساڵیش هەر کێشە و گرفتی بۆمان دەنایەوە، چونکە لە دەرەوە و قوتابخانە بەئارەزووی خۆی نەبوو، بۆیە زۆربەی رۆژەکان شەڕی دەکرد، یان لەمنداڵی خەڵکی دابوو یان منداڵی خەڵک باشیان لێدەدا، بەڵام کوڕ و کچەکانی دیکەی دوای ئەو زۆر باشبوون، شەڕیان لەگەڵ کەس نەدەنایەوە، ئەوان زیاتر حەزیان لەماڵەوە بوو، هاوڕێیان هەبوو، بەڵام زیاتر منداڵانی گەڕەک بوون کاتێک جوونە قوتابخانە و تەواوکردنی هەر ئەوانە هاوڕێیان بوون.
هاوکات دایکم دەربارەی گەڕەکەمان هەردەم دەیگوت: نازانم ئێمە هەستمان وایە، کە خەڵکی پێشتر کەسانی باشتر بوون، یان پەیوەندی بەوەوە بوو، خەڵکی گەڕەک بەگشتی هەژار بوون، هەموو لایەک یارمەتی یەکتری دەدا، بەبێ ئەوەی کەس منەت بەسەر ئەوی دیکەدا بکات.
ژیانی منداڵیمان راستە خۆشبوو، بەڵام زۆرجار دەبووە سەر ئێشە بۆ باوانمان، بۆیە هەموو کات بیر لەوە دەکەمەوە، لەگەڕەکدا شەڕی دوو منداڵ دەبووە کێشەیەکی گەورە لەنێوان دوو خێراندا، ئەوەی لەلام سەیرە ئێستاشی لەگەڵدا بێ، خێزان و خانەوادەکان زۆر بەکەمی بیر لەوە دەکەنەوە تا بڵێن ئەوانە منداڵن.
باشبوو لەگەڕەکی ئێمە هەموو وەک خزم و ناسیاری لێهاتبوو، بەڵام لەگەڕەکانی دیکە شەڕی دوو منداڵ دەبوو بەشەڕی دوو خێڵ و هۆز، زۆر جار چەندین کەس دەکوژرا، لەمباڕەیەوە دایکم قسەی خۆی هەبوو: منداڵی کەمزان، دایک و باوکی کەمزان دەبێتە کێشەیەکی گەورە، وەک ئەوەی شەڕی گەورەی لێ دێ، کلاشیکۆف و چەکی دیکە بەهۆی کێشەیەکی بچووکی نێوان دوو منداڵ، گەڕەک و شارێک هەراسان دەکات.
هیچ کاتێک وەک دایک، کەسێکی دیکە بەهانای منداڵەکانی نایەت.
دایکم: کاتێک منداڵ بووم، دایکم هەردەم لەدەورم بوو، ئەو کات ئێمە لەگوند بووین، راستە هەمووی خزم و کەسی یەکتر بووین، بەڵام هەردەم کاتێک رامدەکرد بەرەو گرد و جیا و زێ لەدوام دەهات، ئەوەندە دڵی لەلام بوو، نەوەک شتێکم لێ بێ، کاتێک دەچوومە سەر زێ لەگەڵم دەهات.
دایکم هەموو کات لەگەڵ خۆێدا دەیبردینە نێو زێ، تا فێری مەلەوانی بم، هەردەمیش باوکم پێی دەیگوت: ئاگات لێ شەمام، ئاو ئامانی نیێە، وەکچۆن ئاگریش بەو شێوەیە ئامانی نییە، بۆیە دەڵێم زێ و ئامانی نییە، چونکە لەوانەیە،لەناکاو زیاد بکات، لەگەڵ گێژلووکەی ئەو ئاوە بتانبات.

رەسووڵ بەختیار

Previous
Next
Kurdish