Skip to Content

دەربارەی کرۆنا و ئاین و دەسەڵاتی خوا …. د. عەلى زەڵمى

دەربارەی کرۆنا و ئاین و دەسەڵاتی خوا …. د. عەلى زەڵمى

Closed
by ئازار 28, 2020 General, Opinion

ڤایرۆسی کۆرۆنا پەتا و بەڵایەکی جیهانیە ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر سنورەکانی رەگەز و زمان و جوگرافیا و ئاین و کەلتور و نەتەوەو وڵات کاڵبونەوەتەوە لەبەردەم ئەم پەتایەدا، واتە جوگرافیایەک و نەتەوەیەک و ئاینێک نەماوەتەوە تووشی ئەم ڤایرۆسە نەبوببێ، دیارە هەندێک بە خەستی و هەندێکیش بە کەمتر، بەلآم هیچ گەرەنتيةک نیيە ئەوانەی بە سوکی گرتویانە و ئەوانەش بە خراپی بەوشێوەی ئێستا بمێننەوە.

ئەوەندەی من ئاگادار بم لانی کەم ٣٥ تیمی پزشکی پسپۆری زانستی ڤایرۆسناسی لە زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهاندا خەریکی لێکۆڵینەوەی زانستین لەسەر ئەم ڤایرۆسە بۆ دروستکردنی ڤاکسین، وە ئەوەی تائێستاش دەیزانین لەسەر ڤایرۆسەکە چ وەک ناسین و تەشخیس و چ وەک نیشانەکانی و چ وەک خۆپارێزی هەمووی دەزگا پزشکی و زانستیەکان بۆیان فەراهەم کردوین.
لەپاڵ ئەم هەوڵە زانستیە پزشکیانەدا بە دەیان کاراکتەری رۆحی و ئاینی (هەموو ئاینەکان) و سلبێرتی وبیرمەند و چالاکوان هەوڵیانداوە لە لایەنی دەروونیەوە یارمەتی خەڵک بدەن و دڵەراوکێ و نیگەرانیان بڕەوێننەوە.
تائێرە ئەمە راستە بۆ هەموو دونیا و ئەو سەرنجەی سەرەوە کەم تا زۆر لەهەموو جیهاندا بارودۆخەکە ئاوها کەوتوەتەوە. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە لە هەندێ وڵاتانی ئیسلامی و بەتایبەتی لای کورد و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی تر لەم مەسەلەی کۆرۆنایەدا زۆر شت تێکەڵ و پێکەڵ کران و هەندێ بە مەبەست و هەندێ بە نەزانی رێگەیان خۆشکردوە بۆ دروستکردنی جۆرێک لە تێگەیشتنی هەڵە لەناو خەڵکی موسڵماندا ئەویش لە دوورێگەوە: یەکێکیان پەیوەندیدار بە دەسەڵاتی خوا و توڕەبونی خوا لە مرۆڤەکان بەتایبەتی مرۆڤە کافرەکان ( نەک خراپەکارەکان) و ناردنی ئەم ڤایرۆسە بۆیان. دووەمیش برەودان بە جۆرێ لە تێگەیشتن کە زانست شکستی هێناوە لە بەرەم ئایندا ( لەم کۆنتێکستەدا ئاینی ئیسلام) و زانست ناتوانێ چارەسەر بۆ ئەم پەتایە بدۆزێتەوە. ئێمە لێرەدا بەکورتی لەسەر هەردوو کێشەکە دەوەستین و هەڵدەدەین دیبەیتێکی بێلایەن و زانستی بخەینە روو.
جارێ پرسیارەکە ئەوەیە ئایا خوا کاری وای لێدەوەشێتەوە بەڵا بنێرێ بۆ سەر زەوی و تەڕ و وشک پێکەوە بسوتێنيَ، خراپەکار و بێتاوان ببنە قوربانی، ئایا ئەمە پرسیار نیيە لەسەر دادپەروەری خودا کە یەکێکە لە سیفەتەکانی ئەو ( العادل)ە.
پاشان ئەگەر قەرارە خوا مرۆڤی سەرپشک کردووە لەم دونیایەدا و لێپێچینەوە و حسابی هەڵگرتوە بۆ ئەو دونیا ئیتر ئەمە لەپای چی؟ وەک زانای گەورە قازی عەبدولجەبار پیمان دەڵێ تۆڵەسەندنەوە لە عەدالەتی کاملی خوایی ناوەشیتەوە خودا شتێک ناکات پێچەوانەی سیفاتەکانی بێ. خۆی سەرچاوەی ئەم کێشەیە لەوێوەیە کە کاتێ تۆ خودا بچووک دەکیتەوە بۆ تەنها خوای ئاینێک یان مەزهەبێک یاخود گروپێکی تایبەتی لەکاتیکدا ‘خوا’ خوای هەموو ئاین و مەزهەب و ئاینچکۆکەیەکە بگرە خوای ئەوانەشە کە بڕوایان بە خودا نیە. بۆیە ئەو دابەشکاریەی موسڵمان دەیکات لەنێوان بەرەی خودا و شەیتان لە ئەمڕۆدا هیچ نیە جگە لە چەواشەکاری و شەڕی سیاسی و ئایدیۆلۆژی بەناوی خاوەندارێتی خوا و ئاین و مەزهەبەوە. تۆ کە خودات وێنا کرد بەوشێوەی خۆت دەتەوێ ئیدی بێگومان خوایەک بەرهەمدەهێنی لە زهن و مێشکدا کە هەمیشە لایەنی تۆ دەگرێ و دژی ئەوە ، هەمیشە بیانو دەهێنیتەوە کە ئەوی دی ‘بێخوایە’ و شایستەی ئازاردانە.
لەم مەسەلەی کۆرۆنایەدا بۆ نمونە، ئەم بیروبۆچوونە وەک هەموو دیاردە و بەڵاکانی دیکە بە قۆناغ و وردە وردە گەڵاڵە بوو. یەکەمجار وترا ئەمە خودا تۆڵە لەچین دەکاتەوە لەبەرامبەر چەوساندنەوەی موسڵمانانی ئەو وڵاتە. دواتر وترا ئەمە تۆڵەی خودایە لە زاڵمان و جوندی خوایە ، کە هاتە ناو ماڵی موسڵمانان خۆیان ئەوجا ئەمە تاقیکردنەوەی خودایە.. هتد. کەواتە گرنگ نیە لە فاکت و واقعیدا چی دەگوزەرێ و ڤایرۆس چ کاریگەرێکی هەیە گرنگ ئەوەیە تۆ ئەوەی خۆت بڕوات پێیەتی بهێنی واقعی لەگەڵ بگونجێنی نەک بە پێچەوانەوە.
پرسی دووەم بریتیيە لە ململانێی دوانەی زانست و ئاین، دیارە ئێمە لێرەدا ناچینەوە بەو ریشەی مێژوویی ئەم ململانێیە بەڵکو بەکورتی و سادەیی لەسەری دەوستین و چەند پرسیارێک دەکەین.
ئەوەی کە روون و ئاشکرایە زانست بۆڕی ئاینی داوە لەڕووی چارەسەر و نەخۆشیەکانەوە. واتە مرۆڤەکان بە ئایندار و بێ ئاینەوە هەر هەمووی لە رووە پراکتیکیکەوە بۆلای دکتۆرێک و پسپۆریک دەڕۆن کاتێ نەخۆش دەکەون یان کێشەیەکی تەندروستیان هەیە نەک بۆ لای قەشەیەک، حاخامێک، مەلایەک، مەنکێک هتد.. ئیتر ئەگەر ئەمە واقعەکەیە هەقوایە شوێنکەوتوانی ئەم ئاینانە واز لەوە بهێنن کە ئاین و مەزهەبەکەی ئەوان لە زانست باشتر چارەسەری پێیە یان پێ بووە ئەمە هیچ لەو هەقیقەتەی سەرەوە کەم ناکاتەوە کە مرۆڤەکان بەگشتی (بەوانەیشەوە ئەم قسەیە دەکەن) متمانەیان بە زانستی پزشکیە تا هەر جۆرە چارەسەرێکی دیکە.
بۆیە ئەوان ئەگەر بواری پزشکی بەجێ بهێڵن بۆ پسپۆران و بواری ئاکاری چاک و رۆحی بگرنە دەست خزمەت بەئاین و خەڵکی خواش دەکەن.
زۆر بێمانایە مرۆڤگەلێکی موسڵمان لەئەمڕۆدا ( دەڵێم لە ئەمڕۆدا ) خۆیان دەستیان یان هەر نیە یان زۆر کەم و تاکەو تەران لە داهێنانە زانستیەکان و داهێنانە پزشکیەکان دا کەچی هەر شکستێکی زانست بەرامبەر هەر بەڵایەکی سروشتی یا ڤایرۆسێک بۆ مرۆڤایەتی بە سەرکەوتنی خۆیان دەزانن. ئاخر دەیان وڵاتی ئیسلامی رێژەی بودجەی ساڵانەیان بە دەیان تریلۆن دەخەمڵێنرێ بۆ بواری سەربازی و کڕینی چەک ( هەرچەندە هەر بێهێزیشن لەسەر ئاستی جیهان) کەچی بودجەیان بۆ بواری داهینانی زانستی و پزشکی ئەوەندە کەمە ئابڕوبەرە.

تەنانەت بۆ خزمەتگوزاریە سەرەتایەکانیان پشت بەوڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەمەریکا دەبەستن، خۆیان کەمترین حوزوریان نەیە لە کێبڕکێ جیهانیەکان لەمەسەلەی زانست و تەکنەلۆژیا دا. من تێناگەم بۆ دەبێ شکستی زانست لە بواریکدا یان لە شوێنێکدا یەکسەر ببەسترێتەوە بە سەرکەوتنی ئاین، ئەگەر عوقدەی خۆبەکەم زانین نەبێ هیچیتر نیە چونکە خۆ ئاین وەزیفەی زانست ناکات هەریەکەیان کاری خۆی دەکات. نە زانست دەتوانێ جێگەی ئاین بگرێتەوە لەو بوارەی خۆیدا و نە ئاینیش دەبێ بکرێتە بەدیلی زانست.
خۆی هەمان شتیش راستە بۆ ئەوانەی ئیدعای عەلمانیەت دەکەن لە کوردستاندا چونکە ئەوانیش هەر سەرکەوتنێکی زانست بەهی خۆیان دەزانن لەکاتێکدا خۆیان هیچیان نەکردوە لەمڕەوە،( ئەم کێشەی عەلمانی/ئیسلامی کێشیەکی دیکەیە و لێرەدا کاتی ئەوە نیە لەسەری بوەستین). کەواتە قسەکە ئەوەیە هەر لەسەرەتاوە تەسەور و دونیابینیە ئاینییەکە هەڵەیە کە ئاینی تێکەڵی هەموو بوارەکان کردوە و وەک بەدیلی ژیانی مۆدێرن سەیری دەکات.

هەموو ئاینەکان دەتوانن خزمەتی باش بە رەوتی مێژوویی مرۆڤایەتی لە ئێستادا بکەن لەلایەنی رۆحی و ئاکاریەوە بەتایبەتی کە زانست و تەکنەلۆژیا مرۆڤیان زۆر توشی سەرکەشی کردوە و سروشت زیانی پێگەیشتوە. ئەوان دەتوانن لەم رووەوە هاوسەنگی دروست بکەن و بەشێک بن لەم ژیارو شارستانیەتە کە هەموو مرۆڤایەتی تیایدا بەشداربووە لە بونیات نانی بە لەناوچوونیشی هەموان زەرەمەند دەبین. هەروەک چۆن ئێستا کۆڤد١٩ یان کۆرۆنا ڤایرۆس هەڕەشەیە بۆ سەر سەرجەم مرۆڤایەتی بە ئایندار و بێ ئاینەوە و بەبێ گوێدانە هەموو جیاوازیە ئیتنکی و نەتەوەیی و مەزهەبیەکان.

Previous
Next
Kurdish