Skip to Content

درامای رەباب هەوڵێکی هونەری جوان بۆ پیشاندانی تراژیدیای کوردە فەیلییەکان … ئەردەڵان عەبدوڵڵا

درامای رەباب هەوڵێکی هونەری جوان بۆ پیشاندانی تراژیدیای کوردە فەیلییەکان … ئەردەڵان عەبدوڵڵا

Closed
by حوزه‌یران 6, 2020 General, Literature


هەمیشە زمانی هونەر لە هەموو زمانەکانی تر، کاریگەرتر و ئاسانترە، لەهەمانکاتیشدا دەتوانێت بچێتە هەموو ماڵێکەوەو کار لە هەست و نەستیان بکات. تراژیدیای کوردە فەیلییەکان یەکێکی ترە لە تاوانە دڕندەو نامرۆییەکانی رژێمی فاشیستی بەعسی سەدامی، سەرو ملیۆنێک هاوڵاتی کورد، بە بڕیارێکی نامرۆڤانەی سەرۆک، لە شەو و رۆژێکدا لە ماڵ و حالی خۆیان دەردەکرێن و دەست بەسەر سەرەوت و سامانیشیاندا دەگیرێت و مامەڵەی تاوانباری جەنگیان بۆ دەکرێت، ئەمەش لەکاتێدا ئەم خەڵکانە بچووکترین تاوانیان بەرامبەر بەم رژێمە نەکردووە، تاکە تاوانیان ئەوەیە کە کوردن و سەر بە مەزهەبی شیعەن، ئەمەش لە دیدی فاشیستە بەعسییەکانەوە گەورەترین تاوان بوو.
بەداخەوە ئێمەی کورد زۆر کەم هەوڵمانداوە کە ئەم تاوانە گەورەیەی بەعس بە جیهان بناسێنین، نەک ئەوە تەنانەت نەوەی نوێش زانیاری لە بارەی کێشەی کوردە فەیلییەکانییەوە نییە، ئەمەش دووبارە هەڵەیەکی گەورەی پارتە کوردییەکان و حکومەتی هەرێمە کە نەیتوانییوە چ لەرێگەی سیستەمی پەروەردە و چ لە رێگای کتێب و چالاکی رۆشنبیرییەوە، نەوەی نوێ بە تاوانەکانی رژێمی سەدامیان ئاشنا بکات، هەرئەمەش وایکردووە کە بەداخەوە بەشێکی نەوەی نوێ، نەک دژی رژێمی بەعس بن، بەڵکە هەندێکیشیان جۆرە سۆزێکیشیان بۆی هەیە.
لەماوەی پێشوودا بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە کەناڵە کوردیی و عەرەبییەکانیش کۆمەڵێک درامایان پەخش کرد، یەکێک لەو درامایانە کە هەر لە سەرەتاوە سەیرم کرد و مایەی سەرنج بوو لام، زنجیرە درامای ” رەباب” بوو، کە کەناڵی کوردسات پەخشی دەکرد و کاری دۆبلاژی بۆ کرد بوو.

تراژدیای کوردە فەیلییەکان

زۆر نەتەوە لە رێگەی درامای تەلەڤزیۆنی یان فیلمەوە هەوڵیانداوە باسی مێژوو یان تراژیدیاکانی خۆیان بکەن، خەڵکێکی زۆر لە رێگەی فیلمی ستالینگرادەوە ئاشنایی پاڵەوانێتی و قارەمانی گەلی رووسیا بوون لەکاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا. خەڵکێکی زۆر لە رێگەی فیلمی عومەر موختار کە لە نواندنی ئەکتەری بەناوبانگی ئەمریکی “ئەنتۆنی کوین”بوو، ئاشنایەتیان بە خەباتی رەوای گەلی لیبیا پەیدا کردووە. جوولەکەکان لەرێگەی فیلمەوە توانییان جیهان بە تراژیدیاکانیان ئاشنا بکەن، لە هەمانکاتیشدا دڵڕەقیی و نامرۆڤی رژیمی هیتلەریشیان پیشانی جیهان داوە. بەداخەوە ئێمەی کورد لەمەدا دواکەوتووین و نەمانتوانییوە هونەرە جوانەکان بۆ ناسینی خۆمان بەکاربهێنین.
درامای رەباب باسی تراژیایدی کوردە فەیلییەکان، بەراستی ئەم درامایە بەشێوەیەکی هەقیقی باسی رووداوەکانی ژیانی خەڵکی بێتاوانی کوردە فەیلییەکان دەکات، کە چۆن بەبێئەوەی بزانن بۆچی و لەبەر چی، رژێم لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەریان دەکات و ڕەوانەی سنووری ئێرانیان دەکات. بەراستی ئەم درامایە زۆر بە جوانی توانییویەتی مەبەستی سەرەکی دراماکە بگەیەنێتە دیدی بینەران، لەهەمانکاتیشدا دڕندەیی رژێمی بەعس پیشان بدات.

دڕندەیی رژێمی بەعسی فاشیستی

خاڵێکی گرنگی تر بەلای منەوە پیشاندانی رووی هەقیقی رژێمی بەعسی سەدامی بوو، بەداخەوە بەهۆی خراپی سیستەمی حوکمڕانی ئێستای کوردیی و چالاکی بەردەوامی بەعسییەکان، خەریکە دووبارە رووی قێزەون و خوێناوی بەعس لای نەوەی نوێ جوان دەکەن. ئەم درامایە هەوڵیداوە رووی هەقیقی رژێمی بەعس پیشان بددات، کە ڕژێمێکە لەسەر بنەمای ترس و تۆقاندن و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، دیکتاتۆری، گەندەڵی، ناهەقی و ستەمکاری دامەرزاوە. لە رێگەی ئەم درامایەوە، ئێمە زیندان و لێدان و تاوان و ئەشكنەجەدان و ستەمکاری دەبین. هەروەها بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو ڕژێمە چەندە دوژمنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی و دادپەروەری بووە. هەروەها چۆن سڵی نەکردۆتەوە لە ئەتکردنی شەرەف و نامووسی خەڵکیش. بەداخەوە ئێستا بەهۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵییەوە، خەڵکانێک وا هەست دەکەن، کە لە رژێمی بەعسیدا گەندەڵی نەبووە، بەڵام لە راستیدا لە سایەی رژێمی بەعسیشدا گەندەڵی زۆر هەبوو، بەڵام کەس نەیدەوێرا باسی لێوە بکات چونکە ئازادی نەبوو.

کورد و کوردستان

خاڵێکی جوان و سەرنجراكێشی تریش کەمایەی خۆشحاڵیم بوو،لەم درامایەدا وێنەیەکی جوانی خەڵکی کورد و خاکی کوردستانی پیشانی بینەرانی داوە، ئەمەش گرنگە بەتایبەتی بۆ بینەری عەرەبی چونکە ماوەیەکی زۆر رژێمی بەعس کاری لەسەر ناشیرینکردنی کورد کردووە، هەروەها بەداخیشەوە هەڵەکانی حکومەتی هەرێم و هەندێک پارتی کوردی، وێنەی کوردی لای عەرەبی عیراقی ناشیرین کردبوو. بەڵام لەم درامایەدا ئێمە وێنەیەکی جوان و باشی کورد دەبینین. باسی رۆحی هاوکاریی و گیانفیدایی و میواندۆستی کورد دەکات، چۆن کوردەکان هەوڵی رزگارکردنی ئەو خەڵکانە دەدەن کە لە دەستی رژێمی بەعس دەکرد، کوردستان لێرە دەبێتە پەناگەیەک بۆیان.
لە لایەکی ترەوە ئەم درامایە وێنەیەکی جوانی پێشمەرگەی پیشانداوە و وەکو خەڵکانی خەباتگێڕ پیشان دراون، ئەمەش شتێکی زۆرباش و گرنگە. لە کاتێکدا دراما تورکییەکان ماوەی چەندین ساڵە کار لەسەر ئەوە دەکەن، کە خەباتی گەلی کورد بە تیرۆریست پیشانی خەڵکی بددەن.
بەگشتیش وێنەی کورد لە دراما تورکییەکان زۆر ناشیرین کراوە، لە هەمووشی ناخۆشتر کەناڵە تیڤییەکانی لای خۆشمان سەرەیان بۆ ئەم دراما قێزەونانە گرتووە کە سووکایەتی بە کورد دەکەن.

درامایەکی تەواو خۆماڵی

لەم درامایەدا کۆمەڵێک ئەکتەری بەناوبانگ و بەتوانای عیراقی دەوریان تێدا گێڕاوەو هەمووشیان لەرووی نمایش و توانای هونەرییەوە، زۆر سەرکەوتووبون، بەتایبەتی ژنە ئەکتەری بەناوبانگی عیراقی ” ئاسیا کەمال” هەروەها لە رووی سیناریۆشەوە، زۆر بەهێز بوو، کە لە لایەن سیناریست و هونەرمەندی عیراقی ” باسل شبیب” نووسراوە. نووسەر هەوڵیداوە تاڕادەیەکی باش، باسی ژیانی کۆمەڵگەی عیراقی لەسایەی ڕژێمی بەعس بکات.
لەلایەکی ترەوە لەم درامایەدا تاقمی دەرهێنان و مۆنتاژ و تەنانەت موزیک و گۆرانیشەوە هەمووی عیراقیی بوون. ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ درامای عیراقی.
ئێمە سەدان بگرە هەزاران حکایەتی هەمەجۆرمان هەیە و هەروەها کۆمەڵێک ئەکتەری باش و سیانریستی باشمان هەیە، ئیتر چ پێویست دەکات هانا بۆ شتی دەرەکی بەرین.
لە هەمووشی گرنگتر لەم درامایەدا کۆمەڵێک ئەکتەری بەتوانای کوردیش تێیدا بەشدارن، لە ڕووی نمایش و توانای هونەرییەوە زۆر سەرکەوتووبون، ئەمەش مایەی خۆشحاڵییە.

دوا قسە

بەدڵنیایەوە ئەم درامایە جارێکی تر کۆمەڵگەی عیراقی بە ڕژێمی سەدامی بەعسی لەناوچوو ئاشنا کردەوە، بەداخەوە کێشە زۆرەکانی عیراق، خەریکە دووبارە ڕژێمی بەعس لای خەڵکی شیرین دەکاتەوەو تاوانە زۆرەکانی خەریکی لەبەرچاوی خەڵکی دەسڕێتەوە.
هەرچەندە ئەم درامایە ساڵی 2013 بەرهەم هاتووە، بەڵام بەداخەوە ئەمساڵ کراوەتە کوردی، لەکاتێکدا دەبوایە زۆر زووتر ئەم درامایە لە کەناڵە کوردییەکاندا پەخش بکرایە، بەڵام لەبەرئەوەی بەشیکی زۆری کەناڵە کوردییەکان خەریکی پەخشکردنی درامای تورکین، دەرفەتیان بۆ درامای ناوخۆیی نەماوە.
لەلایەکی ترەوە هیوادارم ئەم درامایە هانی ئەکتەر و نووسەر و کەناڵە کوردییەکان بدات، تاوەکو درامای زیاتر لەبارەی تراژیدیای کوردە فەیلییەکان و کارەساتەکانی تر بکەن، کە ڕژیمی بەعس بەسەر گەلی کوردا هێناویەتی. لەهەمانکاتیشدا داواکارم لە وەزارەتی رۆشنبیری، ڕێزلێنان و دەستخۆشییەک لە ستافی ئەم درامایە بکات، چونکە ئەمە لە ڕووی مەعنەوییەوە هانی هونەرمەندانی عیراق دەدات، کە لە مجۆرە کارانە بکەن.
لە کۆتاییدا دووبارە دەستخۆشی لە تەواوی ستافی ئەم درامایە دەکەم و هیوای کاری باشتریان بۆ دەخوازم. هەروەها وەرگێران و پەخشکردنی ئەم درامایەش لەکەناڵی کوردسات، مایەی دەستخۆشی لێکردنەوەو هیوادارم هەمیشە لەمجۆرە درامایەن پەخش بکەن.

Previous
Next
Kurdish