Skip to Content

چەمکی گۆڕین و گواستنەوە … رابەر عبدولحەمید

چەمکی گۆڕین و گواستنەوە … رابەر عبدولحەمید

Closed
by حوزه‌یران 27, 2020 General, Opinion

(گۆڕین) لای فرۆید واتا نەخۆشەکە دەرونشیکار لەجێی یەکێک لەو کەسێتیانە دادەنێت کە لە منداڵیدا کاریگەرییەکی زۆریان لەسەری هەبووە ، وەک باوک یان دایک.
بەم پێیە کاردانەوەی بەرامبەر دەروونشیکارەکە وەکو کاردانەوەی بەرامبەر کەسێک نییە کە رووبەڕوو یان لە پشتییەوە وەستاوە ، نەخۆشەکە دەروونشیکار بە کەسێکی دی ئەبینێت (دایک، باوک بابەگەورە یان دایەگەورە) وە چاوەرێشە رۆڵی هەمان کەسێتی ببینێت.
چەمکی( گۆرین) بایەخێکی فراوانتری لە بەکارهێنانی تیۆری دەروونناسیدا هەیە، گۆرین یەکێکە لە باوترین هۆیەکانی (هەڵە و ناکۆکی) ی مرۆڤ بەرامبەر بە راستی ، گۆرین وامانلێدەکات دونیا لە پشت چاویلکەی خواست و ترسەکانی خۆمانەوە ببینین لە ئەنجامدا راستییەکان لەگەڵ خەیاڵ و هەڵەی هەستیدا تێکەڵ بکەین ، ئێمە خەڵکی وەک خۆیان نابینین بەڵکو بەگوێرەی خواست و ویستی خۆمان دەیانبینین، ئەو تێڕوانینەی هەمانە بۆ کەسێک بەگوێرەی ئەوەیە کە لێیان چاوەرێ ئەکەین و کاردانەوەی ئێمە بەرامبەر کەسێتییە راستەقینەکە نییە بەڵکو بەرامبەر ئەو وێنەیەیە کە ئێمە دەربارەی ئەو لە زەین و خەیاڵی خۆماندا خوڵقاندومانە.
بۆ نموونە دووکەس بهێننە بەرچاوتان کە یەکترییان خۆشدەوێت، عاشقی جوانیەکان و خووە بەرزەکان و سیفاتەکانی یەکتر و شەیدای یەکترن ، ئەمانە ئەبنە هۆی ئەوەی بۆ یەک ببن و بچنە ژیانی ژن و مێردایەتییەوە ، بەڵام هەمووی شەش مانگ دوای ئەوە هەردووکیان تێئەگەن کە ئەو کەسە نین کە عاشقی یەکتر بوون و وابیر دەکەنەوە هاوسەرەکەیان کەسێکی تری لێدەرچووە، ئەو دووانە عاشقێکی رووکەشی هەڵخەڵەتێنەر و گۆڕاو بوون، لە بەرامبەرەکەیاندا ئەو شتەیان ئەبینی کە لە بنەرەتدا ئەیانویست بیبینن : باشی، زیرەکی، هاوڕێیەتی و راستگۆیی…
لەوانەشە هەمان سیفاتەکانی دایک و باوکیان بووبێ و بێئاگابوون لەوەی گرفتاری خەیاڵ و هەڵەی هەستی بوون، لەوە بەدوا گیروگرفتەکان بەدەر ئەکەون و هەردووکیان هەست بە بێزاری ئەکەن، چونکە هاوسەرەکانیان بە گەمەی دەست ئارەزووەکانیان ئەبینن ، بەڵام ئەسڵی مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەوان خۆیان فریوو داوە ، بە تەنها وەهم و خەیاڵەکانی خۆیان دیوە نەک راستییەکان هەربۆیە ئەگەر خەڵکی لە (گۆڕین) بگەن هەرگیز شتی وا روونادات.
هەمان دیاردە لە دونیای سیاسیشدا بەدی ئەکرێت، ئەو جۆش و خرۆشەی خەڵک بهێنەرە پێش چاوت کە بەرامبەر سەرکردەیەکی سیاسی پیشانی ئەدەن، (ئەمەش نەک لە کوردستان بەڵکو لە هەموو دونیادا روودەدات) ئەو سەرکردانەی ئەشێت خراپبن یاخود باش، بەڵام مەسەلەی سەرەکی باش و خراپی سەرکردەکە نییە بەڵکو ئەوەیە کە زۆربەی خەڵک چاوەرێی ئەوەن و پێویستیان بەوەیە کەسێک بێت و رابەرییان بکات، کەسێک کە نیازی پاک بێت، ئەگەر کەسێک کە دەزانێت چۆن رۆڵی رابەرێک ببینێت و بێتە مەیدانەوە، خەڵک ئارەزوو و خواستەکانیان (دەگوێزنەوە) بۆ ئەو و یەقینیان لا دروست ئەبێت کە ئەو فریادڕەس و ڕزگارکەریانە، گەرچی لە راستیدا ئەو سەرکردەیە کاولکار و شەڕانگێزبێ و ببێتە مایەی کۆسپ و کارەسات بۆ میللەت و وڵات ، تەنانەت سەرکردە بچوکەکانیش لەم بۆچوونانەی خەڵک سوود وەردەگرن ، ئەو سیاسەتمەدارانەی کە بە وریایی و ئاگاییەوە سوودیان لەو مەیلەی خەڵک بۆ (گواستنەوە) لە پێناوی گەیشتن بە سەرکەوتنی گەورەدا بینیوە ڕواڵەت و رەفتاری پەسەندیان لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن ئەو خەڵکە فریوو ئەدا کە دەنگیان بۆ ئەدەن ، چونکە ئەو قسانە ئەکەن کە میللەت پێی خۆشە، منداڵان ماچ ئەکەن، ئەبنە مایەی بەهێزکردنی هەڵەی هەستی و وەهمی بینەران و وا بیردەکەنەوە ئەگەر کەسێک بەو شێوەیە بێت کەواتە ناکرێت مرۆڤێکی خراپ بێت.
ئەگەر خەڵکی باشتر لە( گواستنەوە) بگەن و بزانن چۆن هیوا و خۆزگەکانیان ڕەگێکی درۆ بەو شتانە ئەدات کە دەیبینن، ئەگەر چاودێرێکی بێلایەنبن و ئەگەر دیدێکی رەخنەییان هەبێت هیچ یەکێک لەو شتانە روونادات کە باسمان کردن، ئەگەر ئێمە بتوانین پەردەی وەهم و هەڵەی هەستی وەلا بنێین، ئەوکاتە خۆشەویستیمان و ژیانی ژن و مێردایەتیمان و باردۆخی سیاسیمان لە کارەسات و بەد بەختی خاڵی دەبێت و چیدیکە نابینە نێچیری دەست ناکۆکی نێوان راستییەکان و وەهم…

@Rabar N Abdulhamed

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish