میشێل ئۆنفرێ: كەرەنتینی فەیلەسوفێكی چێژخواز(هێدۆنیست)… ئازاد حەمە .. بەشی چواردەهەم
“”بەردەوام وتومە كە بەدبەختی مرۆڤەكان لەوێوە دەستپێدەكات كە نازانن چۆن لە ژوورێكدا بمێننەوە””
(پاسكال)
ئاماژە: لێرەوە پەیتا پەیتا گفتوگۆیەك سەبارەت بە زاری فەلسەفی بیرمەندێكی فرە وروژێنەر ،كە پێیوایە پەتاكە تەنیا پزیشكی نییە بەڵكو مێتافۆریشە، وەگەڕدەخەین و بەهۆشیەوە كۆششدەكەین لەوە حاڵیبین چۆن دیدی فەلسەفی لە ساتەوەختی تەنگژەكانا ڕەوتی خۆی دەدۆزێتەوە یان ڕەوت وەردەگرێت. ئەو ڕەوتانە بە گفتوگۆی فەلسەفی فەیلەسوفەكەوە گرێدراوە، لەسەر ئەوەش وەستاوە چی لە هزری فەیلەسوفدا سەبارەت بە تەنگژەكان دەڕسكێت. بەم چەشنە لەم بەشە لە فەیلەسوفێكەوە دەستپێدەكەین لە شرۆڤەكارییە فەلسەفییەكانیدا تەقەلایەك بۆ نووسینەوەی”مێژووی بەختەوەری” و هەوەسویستی بەدیدەكرێت. نووسینەوەی ئەم جۆرە مێژووە داوامانلێدەكات بەو بیریارانە ئاشنابین بەشداریان لە بنیادنانی كۆماری بەختەوەری و شادیویستی لە فەلسەفەدا كردوە، كە ئەوەش لە سەرێكی دییەوە بۆ دروستكردنی بەختەوەری و شادی بووە لای مرۆڤەكان.
مەنزڵگای شرۆڤەكردنی ئەم جارەمان وەستانە بە دیار خەزێنەی هزری میشێل ئۆنفرێ (Michel Onfray) وە، كە دەخوازێت مێژوویەكی فەلسەفییانەی دژەئامێز بنووسێتەوە، كە ئامادەبوونێكی زۆری لە سۆسیال میدیای فەرەنسی هەیە و بایەخیش بە فەیلەسوفە لەبیركراوەكانی ئەوروپا دەدات ( بیرمەندە ستۆیست و ئێپیكۆریەكانی شارستانی رۆمانی). بەدڵنیایشەوە لە میانەی تێكست و دەمەتەقێ هزرییەكانیەوە بەوە دەگەین كە ئەم فەیلەسوفە ناپاریسیە، كە لە باكوری فەرەنسا لە هەرێمی نۆرماندی هاتۆتەدونیاوە ئەنتی نیولیبرال و سۆسیالیستێكی پرۆدۆن (Proudhon) ی سەرچڵئامێزی ئێپیكۆرییە (تاموەرگر لە ژیان). ناوبراو یەكێكیشە لە فەیلەسوفەكانی قۆناغی پاش پاش تازەگەری. بەو واتایەی لەتەك زۆرێك لە تێزەكانی بیرمەندە پاش تازەگەرەكان یەكناگرێتەوە و لە زۆر لاشەوە فەلسەفەكەی یەخسیری دەستی هێدۆنیزمە (چێژخوازی) و پتر لەسەر میراتی فەلسەفیی رۆمانی ، بابلێین ئێپیكۆری و ڕواقییەكان- ستۆیستەکان- ، كاردەكات .
لەڕێگای تێخوێندنەوەكانی ئۆنفرێوە بەو تێڕامانانە دەگەین لە هەنووكەدا شارستانی ئەوروپای زوڵمێك لە فەلسەفەی هەوەسباسی و شادویستی ئێپیكۆر و رۆمانی دەكات، ئەمەش زیانێكی زۆر نەك هەر لە میراتی فەلسەفی ئێپیكۆر یان رۆمانی دەدات، بەڵكو پێش هەموو شتێك زیان لەو میراتە فەلسەفییەش دەدات لە ئایندەدا چرۆدەكات و لە ساتەوەختێكی وەك هەنووكەدا، كە گشت مرۆڤایەتی بە پەتایەكی سامناكی نادیارەوە گلاوە، مرۆڤەكان ناكارن بەپێی پێویست بە گەوهەری ئەو جۆرە فەلسەفانە ئاشنابن. تەنانەت ئۆنفرێ لە هەندێك شوێن لە قسە و نووسینەكانی ڕووبەڕووی فەلسەفەی فەرەنسیش دەبێتەوە. ڕاستە كۆششی ئەوە دەكات فەلسەفەی فەرەنسی لەناو قەفەسی فەلسەفەی یۆنانی بهێنێتە دەرێ(ئەمە زۆرجار سپۆنڤیل و لوک فێریش دەیکەن) ،وەلێ دواتر دەیخاتەوە ناو قەفەسێكی تری فەلسەفییەوە كە قەفەسی فەلسەفەی رۆمانییە. ئۆنفرێ دژایەتی ئەو نەریتە فەلسەفییە ئیدیالیستیە دەكات (بۆنموونە ئەفلاتون) بەردەوامی خۆی لە بیری فەلسەفی ڕۆژئاوا دا هەیە. بۆچوونەكانیشی لە ئێستایا تایبەت بە پەتاكە لەتەك بۆچوونە فەلسەفییە هێدۆنیستیەكانی یەكانگیر دەكات. نووسینەكانی دەمی كۆرۆنای ئەم بیرمەندە نۆرماندییە پووختەی زاری دڵی خۆیین. لەسەر ئەو ڕاستییانە بەئاگاماندەهێنن ئاماژەن لەسەر ئەوەی شارستانی ئەوروپا كەوتۆتە دۆزێكەوە مردو دەژمێرێت. هەر لەبەر ئەوە گاڵتە بەو ئەوروپا زەبەلاحە دەكات توانای دروستكردنی ژمارەیەكی پێویست لە دەمامكی نییە تا هاوڵاتیان لە ڤایرۆس بپارێزێت. بەسەرسامییەوە دەڵێت ئەمە چ ئەوروپایەكە پێویستییە تەندروستییەكانی پێدابیناكرێت!
سەرەنجام، ئەم بەشە نووسینە و بەشی دواتریش (بەشی پانزەهەم) بۆ گفتوگۆی ڕوانگەی فەلسەفیی ئۆنفرێ نییە لەناو فەلسەفەی هاوچەرخی فەرەنسی یان ئەوروپای، بەڵكو بۆ تێگەیشتنە لە چۆنیەتی وێنابوونی ئەم پەتایە لە هزری فەلسەفی و سیاسی ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییە. سەرەتا زۆر بە پووختی تەقەلادەكەین بڕێك ئاوڕ لە بنەما فەلسەفییەكانی بیركردنەوەی ئۆنفرێ بدەینەوە، لەوێندەرێ تاوێك لەسەر ئەو شەپۆلە فەلسەفییانەش دەوەستین كاریگەری فرەیان بەسەر ئەم بیركردنەوەیەوە داناوە و لەڕێگاشیانەوە ئەو هیوا فەلسەفییانە دەهێنینەگۆ خۆیان لەسەر بیركردنەوەكان هەڵچنیوە. هاوتەریب لەتەك ئەوە هێدی هێدی لەلایەك دێینەسەر تەماشاكردنی ئۆنفرێ بۆ پەتای كۆرۆنا ،كە زەمینەی بۆ تەنگژەیەكی بێزاركەری جیهانی ڕەخساندووە، لەلایەكی دی چۆنیەتی خۆ كەرەنتینكردنی فەیلەسوفێك دەكەینە خواستی بنەڕەتی وتنەكانمان.
فەلسەفە بۆ هەمووان، دروشمی میشێل ئۆنفرێ
فەلسەفە هونەری بوونە گوزارەی ئۆنفرێیە، لێ ئەمە واشناكات ناوبراو فەلسەفە دژوار و ئەستەمئامێز نیشاندات. گەلێك جار بە چەشنێك دێتەگۆ كە فەلسەفە بۆ هەمووانە و بە تاقمێكەوە تایبەت نییە. فەلسەفە بۆ هەمووانە دروشمە فەلسەفییە ناسراوەكەی ئۆنفرێیە كە لە زۆر بۆنە و وانە فەلسەفییەكانیدا بە گوێی گوێگرانیدا دەیچرپێنێت. بەپێی ئەم بیریارە خواستخوازە مەرجە فەلسەفە ساناكرێت تا هەموو لێیحاڵیبن و نەشكرێت بە ئامرازێك بە دەست دەستەبژێرێكەوە. بۆ ئەو مەبەستە “زانكۆیەكی گشتیUniversité Populaire” ، لەگەڵ چەند هاوكارێكی ڕوناكبیری خۆی دامەزراندووە كە وانەی بێ بەرامبەری تیادەڵێنەوە لە بواری : فێمینیزم، بیركاری، فیلم، سیاسەت، دەروونناسی، جوانناسی، هونەر، ڕەوشت و..هتد. ئەم زانكۆیە بۆ هەموو تەمەنەكان و ئەوانە دامەزراوە لە زانكۆكانی دەوڵەت وەرناگیرێن. واشیبۆدەچین ئەم بیرمەندە ئێستا لە میدیای فەرەنسی بە كەسێكی فرەگفتوگۆكەر هەژماردەكرێت و شێوازی نووسینی فەلسەفیشی شێوازێكی شاعیرانەیە و كەمتر بەڵگە بۆ وتنەكانی دەهێنێتەوە و بۆچوونەكانی زۆرتر لە فۆڕمێكی ناشیكاریدا جێدەكاتەوە. ئۆنفرێ هەر لە سەرەتای نووسینیەوە كۆششی ئەوەی كردووە تۆوی فەلسەفەی ڕۆمانی كۆن، نەك فەلسەفەی یۆنانی كۆن، لە وتاری فەلسەفیی خۆی و هاوچەرخی فەرەنسی بچێنێت. شان و شەوكەتی نووسینەكانی خەریكن لەناو وتاری فەلسەفی و سیاسی تازەی فەرەنسی دەردەكەون و بناغە بۆ گفتوگۆی رادیكال و ڕووقایم دادەنێن. هەنگاوە هزرییەكانیشی لەم ساڵانەی دوایدا گفتوگۆی زۆری بەدوای خۆی ڕاكێشا و كاریگەری سێ بیرمەندە ئەڵمانیە دیارەكەشی (ماركس، نیچە و فرۆید – ئەگەرچی ڕەخنەی تووندی فرۆید دەکات) پێوەدیارە. لە تێكستە فەلسەفییەكانیدا گوشارێكی هزری زۆر لەسەر خوێنەرانی خۆی دادەنێت تا هەڵگری بیرۆكەكانی بن و گەلێك گومان و داناییش بەگوێیانا دەچرپێنێت.
لە شەڕی فەلسەفەش لەتەك شیكاریدەروونی دا ،ساڵانێك پێش ئێستا، ئەو تێگەیشتنەی لەسەر شیكاریدەروونی فەرەنسی دركاند كە فەرەنسیەكان (یان ڕۆژئاواییەكان) پێویستیان بە دامەزراندنی شیكاریەكی دەروونییە بەبێ فرۆید، کە ئەوە دەکارێت خزمەتێكی زۆرتر بە شیكاریدەروونی ڕۆژئاوایی بكات. بێگومان دورخستنەوەی شیكاریدەروونی لە فرۆید، ئەمە گفتوگۆی زۆری لەناو پاریسیە فرۆیدخوازەكان دروستكرد و ئۆنفرێ لە پەرتووكی””ئاوابوونی بتێك””یش فرۆیدیزم و شیكاریدەروونی دەكاتە وڕێنەیەك كە بەرۆكی شارستانی ڕۆژئاوایان گرتووە. شیكاریدەروونی فرۆید بە شتێكی ناچیزە و بێ فەڕ دەناسێنێت و پێشیوایە چارەسەری تاكە نەخۆشێكیشی نەكردووە. بۆ ئەم بیریارە فەرەنسیە داماڵینی شیكاریدەروونی لە فرۆید كاتی هاتووە و ڕۆژئاواش پێویستی بە جۆرێكی تر لە شیكاریدەروونییە.
بە ئێپیكۆریبوون لە دەمی كۆرۆنادا چاترین دەرمانە
1- ئێپیكۆرخوازی میشێل ئۆنفرێ
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا قسەكردن لە مەرگ، ئازار و جەستە بوونە بابەتی فەلسەفە بەگشتی و فەلسەفەی پزیشكی بەتایبەت. فەیلەسوفەكان كەم تا زۆر بەرگری لەش و ڕووبەڕووبوونەوەی مەرگیان خستە ناو داڕشتنی زمانەوانی جیاجیاوە. بەشێك لەو فەیلەسوفانە لەپێش هەموویانەوە میشێل ئۆنفرێ ،هەروەك پیشەی پێشووی، لە لێدوانە تەلەفزیۆنیەكانیدا بۆچوونەكانی تایبەت بە پەتاكە لەتەك بۆچوونە فەلسەفییە ئێپیكۆرییەكانیا یەكانگیركرد.
بزووتنەوەی فەلسەفی ئێپیكۆریزم (Epicureanism)، كە لە ئێستای فەلسەفەی فەرەنسی بەتایبەت و ڕۆژئاوا بەگشتی كەوتۆتەوە بەر مشتومڕ، بۆ ئێپیكۆر (Epicurus) ،ئەم بیرمەندە یۆنانییە گەورەیە، دەگەڕێتەوە كە ئەفسوس لەبەر فەوتانی زۆرترین شاكارە ناوازەكانی مرۆڤایەتی بە تەواوی نەیتوانیوە بە فەلسەفەكەی ئاشنا بێت. ئۆنفرێ كە بۆچوونە فەلسەفییەكانی لە گەوهەری ئەم بزووتنەوەیە هەڵدەكێشێت لێرە و لە سنوری ئەم بابەتە، دەشێت والە خوێنەر بكەین پەی بەو هاوتاییە بەرێت لە هەناوی ئەم بزووتنەوەیەدا ڕاپەنهانە: دڵنیایی و نەبوونی ئازار. دڵنیایی لە خودی خۆیدا ئازادی و ئاشتیش لە خۆ دەگرێت. هەرچی نەبوونی ئازاریشە بەدووربوون لە ترس، ترس لە مەرگ، دێتەدی. چۆن دڵنیایی بەدەستبهێنین؟ گومانیناوێت كە بە دەستبەرداربوون لە ترس و لە ئازار بە دڵنیایی دەگەین. بەپێی ئەم فەلسەفەیە بەدی ئازارە و باشەش بەختەوەرییە. چێژ دەچێتە خانەی باشەوە. چێژ ئامانجی ژیانێكی بەختەوەرانە و خۆشیهێنەرە. هەركە چێژ بەدەستهات ئازار وندەبێت. جەستە هەست بە ئامادەبوونی چێژ دەكات، بە بوونی چێژ جەستە لە ئازار دووردەكەوێتەوە. هەر چێژیشە ڕێگاخۆشكەری داناییە. ئەوی وترا پێماندەڵێت گەوهەری فەلسەفەی ڕەوشتی ئێپیكۆرانە لە چێژ و دڵنیایی پێكدێت. چێژ دروستکەری دڵنیاییە. بۆئەوەی ئەم گەوهەرە، كە چێژ بناغەدانەریەتی، بێتەسازان پێویستی بە چوار لایەنە: نەترسان لە مەرگ، نەترسان لە خواوەند، بەدەستهێنانی بەختەوەری، خۆدەربازكردن لە ئازار. ئەڵبەتە هەڵپەنەكردن بۆ پارە و پلەوپایە، بایەخدان بە هاوڕێیەتی و چێژوەرگرتن لە ژیان بەشێكیتری”فەلسەفەی ڕەوشتیی چێژ”ی ناوبراو پێكدێنن. هەرچی مەرگە نەمانی جەستە و ڕۆح دەگەیێنێت. وێرای ئەوە، گۆشەگیری، تەنیایی، بێدەنگی و ئارامی لەو تایبەتمەندییانەن ئۆنفرێ خواستیاندەكات و بەشێكیش لە كولتووری (ئێپیكۆر) ی و (ستۆیست)ی لەخۆ دەگرن.
لێرەوە ئەوە دووپاتدەكەینەوە كە دیدە فەلسەفییە ئێپیكۆریەكان لە هزری ئۆنفرێ دا لەگەڵ كاتا شكڵی گەورە دەگرن و تەنگژە دەروونی و تەندروستیەكانی ڕۆژئاواش وادەكەن بۆچونەكانی ئێپیكۆر بۆ چێژ، مەرگ، شادی و ئازار لە زاری ئۆنفرێ (و ئێپیكۆرخوازەكانی دی) باڵاكەن، بەڵام ئۆنفرێ هەر لەسەر فەلسەفەی ئێپیكۆر كارناكات، بایەخێكی زۆر بە فەیلەسوفە ستۆیستەكانیش (فەلسەفەی ڕواقیەكان Stoicism) دەدات. ئەمەش لەبەرئەوەی ئەو فەیلەسوفانە لە كارەكانیانا لێهاتوو بوونە لە بێ بایەخكردنی سێ شت: مەرگ، پیریی و تەنیایی. هاوكات داناشبوونە لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی، ڕاڕایی و ترس، هەوڵ بۆ بێماناكردنی پارە و دەسەڵات، لەبڕی ئەوانە گرنگیانداوە بە: خۆشی، شادی، چێژوەرگرتن لە ژیان و..هتد.
2- هێدۆنیستی (چێژخوازی یان شادیویستی) میشێل ئۆنفرێ
لێرە وا باشترە تیشك بخەینەسەر ئەوەی ئۆنفرێ لەناو فەلسەفەی هاوچەرخی فەرەنسی وەك لێكۆڵەڕێك لە بواری فەلسەفەی هێدۆنیزم (Hedonism) ،كە ڕێبازێكی چێژخوازی یان شادیویستییە ،ناوێكی دیارە. ئەم فەلسەفەیە كە بە خۆشادكردن و ئەویتر شادكردن، خۆئازارنەدان و ئەویتر ئازارنەدانەوە سەرگەرمە پێویستیەكی هزری و ڕۆحی مرۆڤی سەردەمە. لەم دیدەوە ڕێبازی چێژگەرای و شادیخوازی لە زۆر شتی ڕۆژانە خۆی بەرجەستە دەكات تا دەروونئارامی و ناخشادی بۆ كەساكان دێنێت: سەما، چێشتلێنان، شەرابخواردنەوە، خوێندنەوە، گوێگرتن لە موزیك، بینینی فیلم یان كاركردن لەسەر هونەری وێنەكێشان و زۆرشتی تر. ئامانجی سەرەكی ئەم ڕێبازە فەلسەفییە خۆشژیانە كە ئەوەش بوونباشی دەگەیێنێت و لەو سەریشەوە تەندروستی دەبەخشێت. ئەمەش بۆ ئەم چركەساتە پەتایاویە زێدە مانادارە.
ڕیشەی فەلسەفەی هێدۆنیزم ئەوەیە كە خۆشی (یان بەختەوەری) دەتوانێت مانایەكی زۆر بە ژیانی مرۆڤ بدات. بۆیە فەلسەفەی هێدۆنیستی لە دیدی ئۆنفرێ بۆ خۆشیدانە بە خودی خۆ و بە ئەویتریش، ئەمەش بەبێ ئازاردانی خودی خۆ و ئەویتر دێتەدی. ئەو چێژەی یان خۆشیەی ئۆنفرێ باسیدەكات چێژێكی ماتریالیستیە و لە كۆمەڵگەیەك دەكرێت ئیشی خۆی بكات دادپەروەری تیایدا زاڵە. لێرە قسە لە هێدۆنیزم (چێژگەرای) ێكی بەرپرسیارئامێزانەدەكرێت كە لەتەك ڕەوشت یەکدەگرێتەوە. ئەمە بەو مانایەش دێت، ئەو هیچگەراییە (نیهلیزم) ڕەوشتییە ڕەتكرێتەوە دەرێتەپاڵ هێدۆنیزم. بیریشماننەچێت، ئۆنفرێ لەڕێگای ئێپیكۆر و لۆكرێتۆس (Leucrece) ەوە خەیاڵمان بەریندەكات و كۆی پرسیارە ڕەوشتیەكان تایبەت بە باشە و خراپە لەوەدا پووختدەكاتەوە کە: دەشێت كەسی ئەتەیست (مولحید، بێئیمان) ڕەوشتی بێت؟ ئەدی دەكرێت باوەڕت بە یەزدان نەبێت و باشەش بكەیت؟ بەواتایەکی تر، بێئیمانەكان ڕەوشتیان هەیە؟
لای ئۆنفرێ “باخچەی ئپێیكۆر” ڕووبەڕووی “كۆماری ئەفلاتون” دەبێتەوە. باخچەیەك كە هەموو كەس لە خۆدەگرێت (كۆیلە، بێگانە، خاوەنپێداویستی تایبەت، ژن، مناڵ، غەریب). زۆرجاریش زوڵمێك لە واتای باخچەی ئپێیكۆر دەكرێت كە گوایە شوێنی بەڕەڵایی و ڕابواردن بووە. باخچەیەكی لەم جۆرە لە دەمی خۆیدا شوێنی گفتوگۆی هزری بووە، كاتەكان لەوێدا بە جۆرێكی فەلسەفی و نەشئەبازانە بەسەربراون و خودی باخچەکەش بەشێكبووە لە بزووتنەوەیەكی فەلسەفی ئەو دەمە. بەپێی ئەم بزووتنەوەیە بە خۆشی و بەختەوەری گەیشتن جۆرێكە لە دانای و هاندەری بیركردنەوەشە.
لێرە وا چاترە سەرنج بخەینەسەر ئەوەی، لەپاش دەركەوتنی مەسیحیەت و سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئاین و سیاسەت، فەلسەفەی ئێپیكۆریزم شێوێنرا و لەو بەینەشا زیانێكی فەلسەفیی زۆر بەر بیرۆکەکانی كەوت. بۆیە ئۆنفرێ نیازی سەرلەنوێ گوڵبژێركردن و سازدانی پاكسازیە لەناو مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا و “زۆرتریش كار بۆ وەلاوەنانی ئەو نەریتە فەلسەفیە ئاینی و ئیدیالیستیە دەكات لە (ئەفلاتون و ئاگوستینۆس و كانت) ەوە هاتووە. ئەمەش دۆزێكی هزری ئەوتۆ بۆ ئۆنفرێ دروستدەكات کە هیواخوازبێت فەلسەفەی ڕۆژئاوا بەرەو ئەو نەریتە ماتریالیستیە یۆنانیە بەرێت کە لە چەند هزرێکەوە (دیمۆكرێتس، ئێپیكۆر، فەلسەفەی ڕۆشنگەری، بەتایبەت ئێنسكلۆپیدیە فەڕەنسیەكان و ئوتیلیتاریستە-سوودگەرا- ئینگلیزەكان) سەرچاوەبگرێت”. هەموو ئەم لایەنانەش لە لایەن ئۆنفرێوە لەم ساتەوەختی پەتای كۆرۆنایەدا بە زۆر شێوازی جیا بەرباسدەخرێت و نەخۆشی و پەتا و مردن تێكەڵ بە گفتوگۆ هێدۆنیستیەكان دەكات. مەبەستی ئێمە ئەوەیە، بەكاربردنی خۆشی و چێژ دژ بە ئازار و ڕاڕایی، دژ بە ترس لە مەرگ لە ساتەوەختی پەتای كۆرۆنادا گرنگی خۆی هەیە. پەتاكە دژە چێژ و شادیە، ئاماژەشە لەسەر ئازارچەشتن و مەرگ. بۆیە ئێمەی مرۆڤی سەردەم پێویستمان بە گۆڕینی تێگەیشتنە بۆ ئازار و مەرگ ئەمەش لەڕێگای بایەخدان بە خۆشەویستی و هاوڕێیەتیەوە.
كەرەنتینی فەیلەسوفێك
فەرەنسا لە 11 /03 /2020 چووە ناو خۆ كەرەنتینكردن. ئۆنفرێ ڕۆژێك پێش ئەو بەروارە لە هەرێمی مارتینیك (Martinique) كاتە بەهارییەكانی بەسەردەبرد. ئێوارەی پێش بەرواری ناوبراو گورج بۆ شوێنی ژیانی لە ناوچەی نۆرماندی لە باكووری فەرەنسا گەڕایەوە. ئیدی لەو كاتەوە چركەساتەكانی كەرەنتینی ئەم فەیلەسوفە دەستپێدەكات: لە كاتی كەرەنتینەكە چی بكەین؟ چۆن كاتەكان بەسەربەرین؟ چی بخوێنینەوە؟ چ جۆرە فەلسەفە و كاری چ فەیلەسوفێك بە هەندوەربگرین؟ لەگەڵ كێ بین، خۆمان یان ئەویتریشمان لەگەڵدا بێت،؟
لەگەڵ دەستپێكی كەرەنتین ئۆنفرێ هەر زوو لەوە حاڵیدەبێت كەرەنتین و ژیانی ئاسایی ڕۆژانە لێكدیجیاوازن. واتا و مانای ئازادی ژیانی كاتی كەرەنتین و ژیانی ڕۆژانی ئاسایی لەیەكتر جیادەكاتەوە. كەرەنتین لە ئەوانیتر داتدەبڕێت و دەتکاتە هاودەمی خۆت. هاوڕێیەتی، میوانی، پیاسە، تەوقە، سەردانی شوێنی كولتووری و زۆر چالاكیتر دەوەستێت. هەموو ئەمانە لەلایەك ئەوەش لەلایەك كە كەرەنتین فەیلەسوف تۆقێنەر نییە و هەلیشدەرەخسێنێت بۆ لەتەک خودی خۆبوون دا.
هاوتەریب لەگەڵ ئەوانەی لای سەرەوە باسكرا لە لێدوانێك ئۆنفرێ بەم جۆرە گوزارە لە كەرەنتین دەكات: گەر پرسیارەكە بە ئێستاوە تایبەت بێت و بۆ بیركردنەوەش بێت لە كۆرۆناڤایرۆس باشترە بۆ خوێندنەوەی نیچە بگەڕێینەوە، بەتایبەت شێوازی نیچە لە جێنالۆجی (بنەچەناسی). وەكیتریش فەلسەفە چالاككەرەوەی بنەماکانی ئاوەزگەراییە كە فەیلەسوفە ئەتۆمی، ماتریالیستی و ئێپیكۆریەكان لە سەردەمە كۆنەكانا بونیادیانناوە. ئۆنفرێ پێی باشە خوێنەر لە ساتەوەختی پەتای كۆرۆنا و ئەو كەرەنتینەی هاتەسازان بۆ فەلسەفەی رۆمانی كۆن بگەڕێتەوە، كە بناغەی بۆ داناییەكی پراكتیكی بووناویئاسا سازاندووە. لە ئەم ئێستادا فەیلەسوفە ئپێیكۆری و ستۆیستیەكان (پلیتارك، سیسرۆن، سێنیكا Seneca the Younger، ئێپیكتێت، ماركۆس ئۆرێلیۆس Marcus Aurelius ،لوكرێس) شایانی خوێندنەوەن و بەزیادیشەوە مانا بە دەمی هەنووكەمان دەبەخشن. بەواتایەكیتر، ئەو تێكستە فەلسەفیانەی ئۆنفرێ بەلایەوە گرنگە مرۆڤ لەكاتی كەرەنتین بیخوێنێتەوە تێكستە فەلسەفییە رۆمانیەكانە. باشە بۆ نووسینی فەیلەسوفە رۆمانیەكان نەك یۆنانیەكان؟ پێیوایە یۆنانیەكان ئەڤینداری واتا و ئایدیا، خاوێنی ئایدیالیستی و گەشتی مێتافیزیكی بوونە. بەم چەشنە یۆنانیەكان فەلسەفە بۆ فەیلەسوفەكان دروستدەكەن، هەرچی فەیلەسوفە رۆمانەكانە بە مێتافیزیك و بوونناسی (ئۆنتۆلۆژی) پێدەكەنن و ڕقیشیان لە سەفسەتە و ڕەوانبێژییە كە هەموو ئەمانە یاریكردنن بە وشە. هاوكات لە تێزەكانیشیانا بایەخیان بە هاوڕێیەتی، ئەڤینداری، ڕووبەڕووبونەوەی ئازار، پیری و مەرگ داوە. فەیلەسوفە رۆمانەكان بەبۆچوونی ئۆنفرێ نەك تەنیا لە كاتی كۆرۆناڤایرۆس بگرە لە گشت كاتەكانا شایانی خوێندنەوەن. ئۆنفرێ ئامۆژگاری ئەوەشمان دەكات كە لە كاتی كەرەنتین فیلمەكانی جاك تاتی (Jacques Tati) ببینین و كارە فەلسەفییەكانی میشێل دێ مۆنتاین (Michel de Montaigne) یش بخوێنینەوە، بۆ هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتیش خوێندنەوەی “”هەقایەتەكانی لافۆنتێن Les Fables de La Fontaine “” بەپێویست دەزانێت.
لە ساتەوەختی كەرەنتین زۆرێك دووچاری بێزاری بوون. بەپێی ئۆنفرێ لەبەرئەوەی کە پەرتووك هەیە بێزاری هەرگیز بوونی نییە. ئەو دەمەی خوێندنەوە دەستپێدەكات غەمباری ونە. هەستی غەمباری لەتەك پەرتووك یەكناگرێتەوە. پەرتووك سەرچاوەی هاتنەدەرەوەیە لە گشت غەمباری و تەنگەتاوییەک. بێزاری ئەو كاتە دەردەکەوێت كە تەنیا لەتەك خۆتا مامەڵە بكەیت. ئەمەش ناشێت ڕووبدات كاتێک جیهانێكی بەرین لە دەرەوەی خودی خۆتا بوونی هەیە. بەم چەشنە بێت ئەزموونكردنی كەرەنتین بۆ ئەوانەی لە بۆشاییدا دەژین خورپەیەكی ڕاستەقینەیە. نەك هەر ئەوە بگرە كەرەنتین مەجبووریشماندەكات بۆماوەیەك پێكەوەبین یان لەگەڵ كەسانێك لە شوێنێكی بچووك و تەسك دا بژین. ئەمەش بەپێی كەرەنتینی كەسەكان جیاوازە. شوێنی كەرەنتینی دەوڵەمەندەكان لە شوێنی كەرەنتینی هەژارەكان ناچێت. كەواتە ڕووبەر لە كاتی كەرەنتین مانای خۆی هەیە. ڕووبەری شوێنی خۆكەرەنتینكردنەكان كاردانەوەی لەسەر چۆنیەتی بەسەربردنی كاتەكانی دەمی كەرنتین هەیە. بۆیە ئۆنفرێ لە لێدوانێك كەرەنتین بە ئەزموونێكی كەسی لەقەڵەمدەدات. ئەمە وادەكات واحاڵیبین كەرەنتین لەسەر ئەوە دەوەستێت لە كوێ دەژین. شوێنەكە گەورەیە یان بچووك، دەڤەری هەژارانە یان دەوڵەمەندان، ماڵە یان شوقە. دواتر لەگەڵ كێ دەژین و شوێنەكە چەند شیاوە بۆ فەلسەفەكردن و بیركردنەوە.
جێی ئاماژەیە، لە لێدوانێك لە ئۆنفرێ دەپرسن لە كۆرۆناڤایرۆس دەترسن؟ ئۆنفرێ دەڵێت دوو جاران لە مەرگ نزیكبوومەتەوە. جارێكیان لە 1988 كە دووچاری جەڵتەی دڵ بووم و جاری دووەمیش ساڵانێك لەمەوبەر كە جەڵتەی دەماغ لێیدام. بۆیە گەر كۆرۆناڤایرۆس بمگرێت كاتەكەم تەواودەبێت. لەبارەی ئەوەش كە كۆرۆناڤایرۆس دەكارێت وابكات مرۆڤەكان ڕۆحی خۆیان دووبارە بدۆزنەوە؟ لەم ڕوەوە ڕاشكاوانە بیركردنەوەمان بەرەو ئەو سەیرکردنە دەبات كە كۆرۆناڤایرۆس خەونی ئەوروپایەكانی ئاشكراكرد. ئەوەی ئاشکراکرد کە دەسەڵاتەكانی ئەوروپا نەیانتوانی بەپێی پێویست مرۆڤەكان بپارێزن. خۆویستی پاریسیەكانیش بۆ دووركەوتنەوە لە پاریس و چوونیان بۆ ناوچە دوورەكان، تا لە پەتاكە بە دووربن، ئەوەی نیشاندا پاریس خۆی لە شارەكانی تر جیادەكاتەوە و هەبووەكانیش جیاوازتر كاتەكانی ماوەی كەرەنتین بەسەردەبەن تا ئەوانیتر. هەر ئەم پەتایە شتیتریشی بۆ ئاشكراكردین: ڕێكەوتنی نێوان ژورنالیستەكان و دەسەڵات بۆ پەردەپۆشكردنی پەتاكە، هەوڵی زاناكان بۆ كەمكردنەوەی گەورەیی پەتاكە، ئەمەو دەبەنگی ڕوناكبیرەكان لەوەدا بوو ئەوەنەی بایەخیان بە شڵەژانی خەڵك دەدا بایەخیان بە خودی پەتاكە نەدەدا. تەنانەت ئەوەش كە هەوڵی بێبەهاكردنی پرۆفیسۆر ڕاوول (Raoult) درا. لەكاتێكا ئەم پیاوە زانایەكی گەورەیە و پێش پەتاكەش خاوەنی پرۆژەی زانستی خۆی بووە، لێ لوتبەرزی پاریسیەكان هەوڵەكانی ڕاوولی وەك خۆی نەخستەڕوو. ڕەنگە لەبەر ئەوەش بووبێت كە ناوبراو خەڵكی باشووری فەرەنسایە (مارسێلیا) نەك پاریس.
لێرەوە دەشێت بوترێت كە كەرەنتین قووتابخانەی ژیانە. ئەڵبەتە كەرەنتینی فەیلەسوفێك ، ئۆنفرێ وتەنی، پۆزەتیڤە چونكە كاری فەیلەسوف تەنیایی و گۆشەگیرییە نەك هاتووچۆ. گەر كەرەنتین مانایەكی نوێ بە ژیان بدات و وامانیشلێبكات بیر لە بەدیەكانی خۆمان و لە لەدەستچوو و لە لەبیرچووەكان بكەینەوە ئەوە بە بێ ڕاڕایی دەكارین بڵێین: كەرەنتین فێربوون و هەڵگرتنەوەی ئەزموون و تێژیانێكی نوێیە.
وێرای ئەوە، بەپێیئەوەی ئۆنفرێ لە هەرێمی نۆرماندی فەرنسی دەژیت و ئەم هەرێمەش ناوچەیەكی باكووری ئاووهەواسازگار، سروشتئامێز و ژینگەتەندروستە كەرەنتینەكەی وزەبەخش بووە و پێشیوانییە وەك شاریەكان، بۆنموونە پاریسیەكان، بەسەریبردبێت ،كە زۆربەیان لە شوقە دەژین و ژیانیان لە ژیانی كەروێشكی ناو قەفەس دەچێت. هەر لەبەرئەوە كەرەنتین بۆ پاریسیەكان بە سەخت دەزانێت.
كەرەنتینی هەژارەكان و دەوڵەمەندەكان
ئۆنفرێ لە زۆربەی هەڤپەیڤینەكانی دا كەرەنتین وەك دیاردەیەكی ململانێی چینایەتی دەبینێت. مەبەستی ئەم فەیلەسوفە لەم جۆرە سەیرکردنە بۆ کەرەنتین ئەوەیە، كەرەنتینی هەژارەكان لە كەرەنتینی دەوڵەمەندەكان ناچێت. كەرەنتینیش بە هەلێك دەزانێت كە وا لە مرۆڤەكان دەکات بۆ خودی خۆیان بگەڕێنەوە. كەرەنتین بۆ بەشێك، بەتایبەت هەژارەكان، ئەوانەی شوێنی شایستەیان نییە، بە قەفەسی ئاژەڵان دەشوبهێنێت. ئەمانە لەبەر بێ جێگای و خراپی ڕووبەری نیشتەجێبوونیان لە بازنەیەكدا بەدەوری خۆیانا دەخولێنەوە. ئەو دۆزەی كەرەنتین دروستیدەكات وا لە مرۆڤ دەكات پێویستی بەوە بێت ڕووبەڕووی خودی خۆی ببێتەوە و ئەم خودەش لەتەک مناڵ و هاوسەر(پارتنێر) ئاوێتەبکات. گازندەی كەرەنتین دەكات کە مرۆڤ كاتی بۆ خودی خۆی زۆر بەدەستەوە نییە، هەمیشە كەسێك یان كەسانێك لەدەوروخولین. واتە كاتی كەرەنتین تەنیا نیت و کەمتریش لەگەڵ خودی خۆتی. دەوڵەمەندەكان تایبەتتر كاتی كەرەنتین بەسەر دەبەن و هەرهەموو لە شوقەیەك زیاتریان هەیە و لە گەڕەكی قەشەنگتریش دەژین و دەشتوانن كاتەكانیان لە خانووە گوندییەكانیان، لە ناوچەی نۆرماندی و هەرێمی باسك و دوورگەكان، بەسەر بەرن. ئەم تێگەیشتنە ئۆنفرێییە ئەوەمان پێدەڵێت كەرەنتین دەچێتە ژێر سایەی یاسای ململانێی چینایەتییەوە.
ئۆنفرێ گوماندەكات هەموو بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی تەنگژەكە ببینەوە. خودی كەرەنتینیش بە یەكێك لە ئاماژەكانی ململانێی چینایەتی دەزانێت. دەوڵەمەندەكان شوقەی باشیان لەناو جەرگەی شار هەیە و هاوكاتیش ماڵیان لە خۆشترین گوندەكانی باکووری فەرەنسا هەیە. هەرچی هەژارەكانە لە ناوچە پەراوێزەكان لە شوقەی بەرتەسك دەژین و توانای ئەوەشیان نییە ماڵیان لە گوندەكان هەبێت. هەر ئەوانەی لە شوقەی باشی ناوجەرگەی شار دەژین دەتوانن سێ ژەمە خواردنی فرێش بخۆن و لەو بەقاڵانەش دەیكڕن لەو گەڕەكانە بەردەوام شتی فرێش دەفرۆشن. هەرچی هەژارەكانە خەریكی خواردنی ماكەرۆنە و قوتوون. لێرە ئۆنفرێ ناڕاستەوخۆ باس لە جیاوازی سێستەمی خواردنی هەژاران و دەوڵەمەندانیش دەکات.
ئەو كەسانەی حەز بە خوێندنەوە و گوێگرتن لە موزیك و بینینی فیلم دەكەن لەخۆگونجان لەگەڵ كەرەنتین لەوانیتر بەتواناترن. بەپێی سۆسیۆلۆژیای پیێر بۆردیۆ(Bourdieu ) ش بێت خاوەن شوقە جوانەكانی ناوەندی شار خواردنی تازەی گرانبەها دەخۆن و دەشتوانن لە خانووە لادێیەكانیان بە خۆشی بحەسێنەوە و لەوێش سەرلەنوێ رۆمانی”” لە گەڕان بەدوای كاتی بەسەرچوو”” ی مارسێل پرۆست (Proust) بخوێننەوە، ئەمە پەرتووكە خۆشەویستەكەی ئەو بۆرجوازیانەیە خۆیان بە ئەریستۆكراتی دەزانن، یان بۆ دەهەمین جار خەریكی بینینی فیلمەكانی گۆدارن (Jean-Luc Godard) و ..هتد. بەم تەنزە ئۆنفرێ گاڵتە بە ژیانی ڕوناكبیری دەوڵەمەندەكان دەكات. كەچی هەژاران لەكاتی كەرەنتینەكە، بەبۆچوونی ئەم فەیلەسوفە، ژیانێكی فرەسەخت، داخراو و سست دەژین.
———————————————
پەراوێز: تێكڕای لێدوان و نووسینەكانی میشێل ئۆنفرێ كە لەم نووسینە كەڵكی لێوەرگیراوە لەم دوو ئەدرێسەوە وەرگیراون:
http://michel-onfray.over-blog.com/2020/04/michel-onfray-le-professeur-webtv-8.4.2020.html
https://michelonfray.com/
هەروەها لێدوان لەگەڵ رۆژنامەی مەغریبیhttps://lactu24.com/ بەناوی
Notre monde vient de vivre la révélation que nous vivons dans une fin de civilisation
و لێدوانێك لە لۆپوان (Le Point) لە 22/03/2020 بەناوی (L’Europe est devenue le nouveau tiers-monde) ( ئەوروپا بووەتە جیهانێكی سێهەمی نوێ)