Skip to Content

هەرێمى کەرستان … چیرۆکى تەنزئامێز / نوسینى/ م.ڕاستى ڕەسوڵ

هەرێمى کەرستان … چیرۆکى تەنزئامێز / نوسینى/ م.ڕاستى ڕەسوڵ

Closed
by ئاب 20, 2020 General, Literature

شارەکەمان (کەرشا) دەکەوێتە سەر سنور، بۆیە ئەم ناوەی لێنراوە، چونکە خەڵکەکەی هەر لە کۆنەوە کەریان زۆر خۆش ویستووە، کەرەکان بە دانیشتوانی ڕەسەنی ئەم شارە هەژمار دەکرێن، و ژمارەی مرۆڤە ڕاستەقینەکانی شار بەراوورد بە ژمارەی کەرەکان دەیان جار کەمترە !!، شارەکەمان بە بەخێوکردنی کەر و دروست کردنی کورتانی ڕەنگاوڕەنگ و سەرپاڵوو بە ناوبانگە، هەر ماڵێک ئەگەر سێ چوار کەری نەبێت، بەماڵ هەژمار ناکرێت !!، پیرەمێردەکانى شارەکەمان چیرۆکێکیان هەیە لەسەر دروستبوونی شارەکەمان، گوایە لە سەردەمێکی هەرە کۆندا کۆمەڵێک کەر شوێنی ئەم مەملەکەتەیان دۆزیوەتەوە، هەروەکو چۆن (کریستۆفەر کۆڵۆمبس) ئەمریکای دۆزیەوە، ئەم گوێدرێژانەش لە لەوەڕ گەڕاون، و گەیشتونەتە مێرگێک، پڕ لە گیای سەوز و لەوەڕ بووە، و ئاوێکی سازگاری لێ بووە، هەمان شوێنی ئێستای ئێمە، لێرە ماونەتەوە و لەوەڕاون، و شەوانەش لە ئەشکەوت و شاخەکانی ناوچەکە خۆیان حەشار داوە لە ترسی دڕندەکان، هەر لەو ساتەوە تا ئێستا، درێژەیان بە ژیان داوە لێرە، هەر لەبەر ئەمەشە کەرەکان لە دانیشتوانی شارەکە زیاترن، کەر لای ئێمە لە ئەسپ و ئۆتۆمبیلی گرانبەها بەنرخترە، لە دەروازەی شارەکەمان پەیکەری کەرێکی ڕەش دروستکراوە، لووشکە دەهاوێژێت، و گوێچکەکانی قووت کردونەتەوە.
لەهەمان کاتدا شارەکەمان تا بڵێی شاخاوی و سەختە لە لاى باکورى، پڕیەتی لە داربەڕوو و دارقەزوان و گێوژ و تاوک و گوێز و چوالە و قەیسی و سێو و هەڵوژە و چەندین درەختی تر، شارێکە پڕە لە جوانی و دیمەنی سەیر و سەمەرە، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیەکەی سەدان ساڵە دانیشتوانەکەی سەرقاڵی کاری قاچاخچێتین، بەهۆی ئەم کەرە ڕەسەنانەوە.
کەرەکانی شارەکەمان هێندە لێهاتوو و جەستە گەورە و زەبەلاحن، تا حەوت قاڕە ناوبانگیان ڕۆیشتووە، لە لایەکى تریشەوە ماکەر وەکو گیانلەبەرێکی پیرۆز سەیر دەکرێت، بە دایکی پیرۆز ناوی دەبەن !!، تەنانەت هەندێک جار پڕوپاگەندە بۆ شیرەکەی دەکەن، گوایە دەرمانە بۆ زۆر نەخۆشی، ئەوەی قاپێک شیری ماکەری هەبێت، وەکو ئەوە وایە کوپێکی پڕ لە زێڕی هەبێت، لەوەش خۆشتر ئەوەیە لە کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمان و شارەوانیەکان حیزبەکان لە پایتەختەوە بە هەموو سەرکردایەتیەوە دێن لێرە پڕوپاگەندە دەکەن، حیزبی وا هەیە بەڵێن بە خەڵکەکە دەدات ئەگەر خەڵک دەنگی پێبدەن و دەربچن، ئەوا حیزب بۆ هەر ماڵێک لەم شارە دوو جاشکە کەر دابین دەکات، سەرەڕای ئەوەی حیزبەکە ئالیک و جۆی یەک ساڵیشیان پێدەدات، تەنانەت لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا حیزبی (نەزاهەت) بەڵێنی بە دەنگدەرانی دا ئەگەر ئەوان دەربچن، کەرەکانیان بۆ ناڵ دەکات!! لەوەش سەیرتر ئەوەبوو حیزبی (کەرپارێزان) لەم دوایانەدا دامەزرا، بەڵێنی بە خەڵک دا مووچەی مانگانە بە کەرەکانیان بدەن، زۆرینەی ئەندامانی سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی هی شارەکەی ئێمە بوون، تەنانەت هەر لە شارەکەی ئێمە پێنج ئەندامیان چوونە پەرلەمان لە کۆی هەشت کورسی شارەکە، چاوڕوان دەکرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەرۆکی حکومەت و زۆرینەی وەزیرەکان هی ئەوان بن!!.
سەرۆکی شارەوانی یەکێک لەو بەرپرسانەیە کە هەمیشە پشکی هەیە لە کڕین و فرۆشتنی کەرەکان، و ئەو قاچاخچێتی و بازرگانیەی کە بە کەرەکانەوە دەکرێت، و حیزبەکەی (حیزبی گەشەپێدان) زۆر داکۆکی لە ئەرکی کەرەکان و مافەکانیان دەکات، هەروەها بەڕێوەبەری تەندروستی و پۆلیس و هاتووچۆش لە حیزبی (خۆشگوزەران) ین، ئەوانیش نەک هەر داکۆکی لە کەرەکان دەکەن، بەڵکو پێیان وایە خۆشگوزەرانی لە سەر دەستی کەرەکان دێتە کایەوە، تەنانەت باوەڕیان بەو فەلسەفەیە هەیە کە دەڵێت :- ((خوای گەورە هەر دوای مرۆڤ کەری دروستکردووە !!))، هەرچی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیشن لەگەڵ ئەوەن دەبێت کەرەکان فراکسیۆنی سەربەخۆیان هەبێت لە پەرلەمان، و دەبێت هەموو کەرێک ساڵانە چوار فەردە جۆی بۆ بکڕدرێت، ئەگینا خاوەنەکەی دەبێت سزا بدرێت، و کەرەکەی لێ بسەندرێتەوە، تەنانەت ئەمە بووە بە مادەیەکى سەرەکى لە دەستورى ووڵاتمان !!!.
هەرچی دادوەرەکانیشن هەر باسیان ناکرێت، هێندە دژی پێشێل کردنی مافی گوێدرێژەکانن، تەنانەت ئەگەر کەسێک سەرپێچی بکات، بێ سێ و دوو ڕاپێچی دادگای دەکەن، و حوکمی دەدەن، لەم ساڵانەی دوایدا کەسێکیان خستە زیندان، کە سواری کەرەکەی بوو بوو، و نەقیزەی لە کەرەکە وەشاندبوو، کەرەکە بریندار نەبوو بوو، کەچی دواتر پۆلیس دەستگیری کرد، و دادگاش سزای دا، ساڵێک و حەوت مانگ خرایە زیندانەوە بە تۆمەتى ئازاردانى کەرەکەى، و دە هەزار دیناری زێڕیشیان غەرامە کرد، و بۆ کەرەکە جۆیان پێ کڕی، بە کورتی کەر لە گەڵ فەلسەفەی ژیانی ئێمە تێکەڵ بووە، هێندە ئاوێزان بووە، بە هیچ شتێک لێک جیا ناکرێينەوە !!.

سەرۆکی شارەوانی بە هۆی ئەوەی چەندین کەر و پیاوی قاچاخچی زۆری هەیە کاری بۆ دەکەن، و سەرمایەگوزاری لە ناو کەر و مرۆڤەکاندا دەکات !! زۆر دەوڵەمەند بووە، پێگەیەکی سیاسی و دارایی و کارگێڕیشی هەیە لە شارەکە، بەهۆی کەر و مرۆڤە گەمژەکان، و تەنانەت حیزبەکان پێشبڕکێ دەکەن بۆ ئەوەی بەلای خۆیدا پەلکێشی بکەن، خوا هەڵناگرێت لە کۆتایدا ئەو بە هۆی نەخشە ستراتیژیەکانی بووە فریادڕەسی هەژاران و کەرە ماندووەکان لە سەرتاپای ووڵات، و ئابوری ووڵاتی بووژاندەوە، بەڵام هەریەک لە بەڕێوەبەری پۆلیس و پەروەردە، تەنانەت بەڕێوەبەری گومرگیش دژیەتی، چونکە ئەوان نەیانتوانیوە وەکو ئەو کەر و خەڵک بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان، و سەرمایەگوزاری لە کەر و مرۆڤە داماوەکان و بەرووبوومەکانیاندا بکەن، ئەگەر سەرۆکی شارەوانی بڵێ گەچ سپیە، ئەوان هەموویان بەیەکەوە بەکۆرس دەڵێن نەخێر گەچ ڕەشە !!، لەم دوایانەشدا بڕیارێکی زۆر سەیری دا، بە بڕیارێکی فەرمی حکومی پارکی شاری گۆڕی بە گۆڕەپان و پارکی گوێدرێژەکان، ناڕەزایەتیەکی زۆر درووستبوو، و شار خرۆشا، هەر ئەو ڕۆژە هەموو سەرۆک و بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکانی تر داوایان لەسەر بەرزکردەوە بۆ پایتەخت، بەڵام دەسەڵاتدارانی پایتەختیش پشتیوانی سەرۆکی شارەوانی کرد، بەهۆی پێگە بەهێزەکەی، و ناردنی چەندین جاشولکەیەک بۆ بەرپرسانی پایتەخت وەکو بەرتیل، بەڕێوەبەری پۆلیس شکایەتی لای ئەنجومەنی باڵای دادوەری ووڵات کرد، سکاڵاکەی بەم شێوەیە نوسرابوو:-
بەناوی خوای گەورە
سڵاو بۆ ئەنجومەنی باڵای دادوەری ووڵات……
بەڕێزان وەکو دەزانن سەرۆکی شارەوانی چەندین ساڵە بڕیاری هەڵە دەردەکات، و دیزاینی شاری گۆڕیووە، و ئێستاش بڕیاری گۆڕینی پارکی شاریدا بۆ گۆڕەپانی گوێدرێژەکان، و دەتوانن شاری ئێمە بە کەرخانە ناوببەن، ئەم پیاوە مەترسی لە سەر دیمەنی سروشتی جوانی شار دروستکردووە، و ئەوەندەی گرنگی بە کەر دەدات، ئەوەندە گرنگی بە ماڵ و منداڵەکەى خۆى نادات، گوێش بە شارەکەی نادات !!، تکا دەکەین سەرۆکی شارەوانی سزا بدەن و بیگۆڕن.
دادوەرانی بەڕێز……ئێستا لە ناو ئەم پارکە لە جیاتی جریوە جریووی چۆلەکە و بولبول، زەڕە زەڕی کەرەکان گوێت کەڕ دەکات، بە بەردەوامی شەڕە کەرە، گوێدرێژەکان گیا و گوڵ و فریز و گەڵای دارەکانیان هەموو خوارد، تەنانەت کەرەکان لە ناو ئەو پارکە دەگەوزن، و تەپو تۆز بەری ئاسمانی گرتووە، دەڵێی ڕۆژی حەشرە، شارەکەمان سیمای شاری لەدەست داوە، لە هەمووی خراپتر ئەوەیە بۆنی میز و تەرسە کەر سەرت کاس دەکا، و دۆخی ئەمنی شارەکەشمان لە مەترسیدایە، چونکە هەموو دەم ئەم گوێدرێژانە بە کۆرس جووتە و لووشکە دەهاوێژن، سەر و گوێلاکی یەکتری بریندار دەکەن، و گاز لە یەکتری دەگرن، ئاژاوەیان ناوەتەوە، و منداڵەکانمان لاسایی یان دەکەنەوە، تەنانەت چەند منداڵێک لەم ڕۆژانەى ڕابردوو گازیان لە ملى یەکترى گرتبوو، و یەکتریان بریندار کردبوو لە لاسایى کەرەکان، و ئەم کەرانە مێش و مەگەزێکی زۆریان بەناو شاردا بڵاو کردۆتەوە، کە بۆ نەخۆشیە گوازراوەکان مەترسی زۆری هەیە، بۆن و بەرامەیەکی پیسیان بەناو شاردا بڵاوکردۆتەوە، و منداڵانی شارەکەشمان لەوێ کۆدەبنەوە، و تەماشای ئەم دیمەنانە دەکەن، جاری وایە منداڵەکان دەرگای پارکەکە دەکەنەوە و کەرەکان بەرەڵای ناوبازاڕ دەکەن، و بە کۆمەڵ دەچنە سەر پشتی کەرەکان، هەر شەقامێک و کۆڵانێکی دەیبینی چەندین کەری لێ دەسوڕێتەوە و دەگەوزێت، و چەند منداڵێک بە دوایانەوەیە، و زۆرێک لەم منداڵانەش وازیان لە خوێندن هێناوە، بە هۆى بڕیارى سەرۆکى شارەوانى، و لە جیاتى خوێندن بە دواى کەرەکان دەکەون، کەرەکانیش تەرس لە شار بڵاو دەکەنەوە، تەنانەت ڕێگای ئۆتۆمبیلەکان دەگیرێ، و زۆرینەی جار لەناو جادەکان شەڕەکەر ڕوودەدات، شەڕە جووتەیەکە لە ناو شەقام و کۆڵانەکان، هەر دەڵێی جەنگی جیهانیە!!!.
بەڕێزان ……سەرۆکی شارەوانی بۆ بەرژەوەندی خۆی ئەم بڕیارەی داوە، تکا دەکەم چارەسەرێکی ئەم دۆخە بکەن، با کەرەکان بۆ مەبەستی ڕاستەقینەی خۆیان بەکاربێن، و نمایشیان پێ نەکرێت وەکو بوکەڵە.
براتان/بەڕێوەبەری پۆلیس
کاتێک بەرپرسانی حکومەت و دەدوەرانی باڵا لە پایتەخت ئەو نامەیەی بەڕێوەبەری پۆلیسیان بینی زۆر پێکەنین، و خستیانە تەنەکەی خۆڵەوە !!!.
لە مانگی ڕابردوو کۆنگرەی ژینگە پارێزی لە شارەکەمان بەڕێووە چوو، بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی شارەکەمان کە ئەویش دژی سەرۆکی شارەوانیە، ووتارێکی تەلەفزیۆنی دوور و درێژی بۆ دانیشتوانی شارەکە دا، هێرشێکی زۆری کردە سەر سەرۆکی شارەوانی و بە دواکەووتوو و تێکدەری ژینگە ناوی برد، لە ووتارەکەیدا زۆر بەتوندی پەنجەی شایەتمانی دەستی ڕاستی ڕادەوەشاند، تەنانەت گووتی:-

  • سەرۆکی شارەوانی زۆر زیانبەخشە، وەکو میکڕۆب و ڤایرۆس وایە بۆ شارەکەمان، تەنانەت تاکو ئێستا کەس بەقەد ئەو زیانی بۆ ژینگە نەبووە، ئەو پیاوێکی بازرگانە، بازرگانی بە کەر و مرۆڤەکانەوە دەکات، بۆیە پێوستە سزا بدرێت !!!.
    هەر ڕۆژی دواتر سەرۆکی شارەوانی ئەو هۆڵەی داخست کە ئەوان کۆنگرەیان تێدا ئەنجام دابوو، و ناچار گەڕانەوە بۆ پایتەخت و لەوێ کۆنگرەکەیان درێژە پێدا !!.
    لە هەمووی سەیرتر ئەوەبوو کاتێک سەرۆکی شارەوانی بڕیاری گۆڕینی پارکی شارەکەی دا بۆ گۆڕەپانی گوێدرێژەکان، بە قازانجی دانیشتوانی شارەکەمان تەواو بوو، خەڵکی لەسەرتاسەری ووڵات بۆ گەشتوگوزار ڕوویان لە شارەکەی ئێمە کرد، تەنانەت هوتێل و شوێنی حەوانەوە دەست نەدەکەوت، خەڵک دەهاتن تەماشای شەڕەکەرەکەی پارکەکەیان دەکرد، و تا ئێوارە بۆ خۆیان پێدەکەنین و دەکەوتنە سەر پشت، و ڕایاندەبوارد لەبەرامبەر دیمەنی کەرەکان، تاکو وای لێهات زۆبەیان شەو لەسەر شەقامەکان دەخەوتن بە هۆی نەمانی هوتێل، لە ناو مقەبا و کارتۆن ڕادەکشان، پارەیەکی زۆر ڕژایە شارەکەمان، داهاتی تاکەکەس (10) بۆ (١٥) ئەوەندەی پێشووتر زیادی کرد، و خەڵکی وازیان لە کاری قاچاخچێتی هێنا، و نرخی هەر کەرێک چەندین قات زیادی کرد، و ناڵبەند و کورتاندروو هەموو شاریان داپۆشی، و چەندین پارکی تر بۆ کەرە بەڕەڵاکانی تر کرانەوە، کە لە دەوروبەری شار بوون، وای لێهات گەشتیار لە ووڵاتانی ترەوە دەهاتن بۆ شارەکەی ئێمە، سەرۆکی حکومەت و وەزیر و گزیر کەوتنە زەوی کڕین لە شارەکەمان، و نرخی زەوی فڕی، ئەو زەویانەی بێکەڵک بوون، نرخیان سەد بەرابەر چووە سەر، چەندین هوتێل و شاری یاری و پارکی گوێدرێژ و سوپەر مارکێتی گەورە کرانەوە، لەسەر هەموو تابلۆکانیان وێنەی کەریان لەسەر بوو، بەجۆرێک کەرەکان هەموو بارلێنان و ماندوکردنێکیان حەرامکرا، هێندە بەنرخ بوون تەنانەت کەرەکانی شارەکەی ئێمە بوونە فریاد ڕەسی ووڵاتەکەمان، و ئابوری ووڵاتەکەمان زۆر بەهێز بوو، دینارێکی زێڕمان سەدان دۆلاری دەکرد، تا گەیشتینە ئاستێک ساڵانە چەندین ملیۆن گەشتیار لە دەرەوەی ووڵات سەردانی شارەکەی ئێمەی دەکرد، و تێر تێر پێمان پێدەکەنین، و کەیف و سەفایان دەکرد، و دڵخۆش دەبوون بە جووتە و زەڕە زەڕى کەرەکانمان، دواتریش دەگەڕانەوە ووڵاتی خۆیان و ئێمەش لە بەرامبەر شادمانیەکەیان پارەمان لێوەردەگرتن، کەرى زیاترمان پێدەکڕین !!.
    سەرۆکی شارەوانی ئێمە ناوبانگێکی زۆری دەرکرد، وەکو ڕزگارکەری نیشتیمانی و پاڵەوانی شادەماری ئابوری ووڵات لێی دەڕوانرا، هێنایانە ئاستی کەرە هەرە بەنرخەکان، چەندین دیاری پێبەخشرا لەسەر ئاستی بەرز، یەکێک لەو دیاریانە کەرێکى زێڕ بوو، تەنانەت پەرلەمان بە هۆی ئەو کارە باشانەی ئەنجامی دا بوو، بە دەنگدان بڕیاریان دا بیکەن بە پارێزگاری پایتەخت، لەسەر پێشنیاری سەرۆکی حکومەت، گوایە ئەزموونەکانی ئێرە بۆ پایتەخت بگوازێتەوە، سەرۆکی شارەوانی و پارێزگاری ئێستای پایتەخت، پایتەختیشی بەدەردی شارەکەی ئێمە برد !!، هەمووی کردە پارکی پڕ لە کەر و گوێدرێژ، تاکو وای لێهات ساڵانە بە دەیان ملیار دیناری زێڕمان وەکو داهاتی ووڵات دەستدەکەوت بە هۆی پارکی گوێدرێژەکان، یەدەگى دراومان گەیشتە سەدان هەزار دۆلار، و هەزاران تەن زێڕ، سەرۆکی حکومەت بڕیاری دا گوێدرێژ لە دەرەوە هاوردە بکات، بەهۆی کەمبوونەوەیان لە ووڵات، و بڕیاریاندا پارکی زیاتر بکەنەوە، بە پێی دواین سەرژمێری کەرەکانی ووڵاتی ئێمە سەدا هەشتای ژمارەی دانیشتوان ووڵاتەکەمان پێکدێنن !!، دوای ئەوەی سەرۆکی شارەوانی کە کرا بە پارێزگاری پایتەخت، زۆری نەبرد کرا بە وەزیری دارایش، لە هەمان کاتدا وەزارەتی پلاندانانیشی بە وەکالەت بەڕێوە دەبرد، جار جاریش پلانى بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا دادەنا.
    ئیتر کەر لە ووڵاتی ئێمە نەک هەر گرنگی زیاتری پێدرا، بەڵکو بەشێکی زۆری خەڵکی ووڵاتەکەشمان خانووی نوێیان بۆ کەرەکان دابین کرد، ئێستا دووای بوژانەوەی ئابووری ووڵاتەکەمان بەهۆی گوێدرێژەکان، ژیانی گوێدرێژەکان لە هی ئێمە خۆشترە، ئاخوڕ و تەویلەی ئۆتۆماتیکی، ئالیک و جۆی کوالیتی بەرز، ساردی و گەرمی مەرکەزی، و مووچەی مفت، و هێنانی مەعشوق بۆ تەویلەکەیان، و چارەسەری پزیشکی بەخۆڕایی، و گەشتی ئەوروپا لەسەر حسابی میللەت، و چەندین دەسکەوتی تر، کە ئێمەی مرۆڤ بەسەدان ساڵی تریش هەوڵی بۆ بدەین، ناتوانین ئەمانە بەدەست بێنین !!.
    سەرۆکی حکومەتیش بڕیارێکی گرنگ و مێژوویى لە کۆشکی سەرۆکایەتی حکومەت دەرکرد، بڕیارەکە بەم شێوەیە بوو:-
    لە بەرواری ٢٠/٣/١٨٢٤ بڕیار درا :-
    ١- هەر گوێدرێژێک دەبێت مانگانە بڕی ١٠٠ دیناری زێڕی بۆ خەرج بکرێت، وەزارەتی دارایی پێویستە ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ ئەم بڕیارە لە بەروارى دەرچوونى ئەم بڕیارەوە، و ئەم بڕە پارەیەش بە پێی زیادبوونی داهاتی ووڵات زیاتر دەبێت بۆ ئاگاداریتان، واتە هەر کەرێک بڕە پارەکەى زیاتر دەبێت ئەگەر بوودجەى ووڵات پارەى زیاترى هاتە سەر.
    ٢- هەر گوێدرێژێک دەبێت خاوەنی پاسپۆرتی خۆی بێت، و هەر ووڵاتێکی بیەوێت بۆ لەوەڕ دەتوانێت سەردانی بکات، و مەسروفی گەشتەکەشی لە هەردوو سەر حکومەت لە ئەستۆی دەگرێت.
    ٣- لەم بەروارەوە نابێت گوێدرێژ هیچ کارێکی تری پێ ئەنجام بدرێت، جگە لە شەڕەکەر و گەوزین و زەڕەزەڕ لە ناو پارکەکانی تایبەت بە کەرەکان، لە هەمان کاتدا دەبێت لە ڕێوڕەسمێکی جەماوەریدا کورتانی هەموو کەرەکانی ووڵات بسوتێنرێت، تاکو چیتر کاری قورسیان پێ ئەنجام نەدرێت.
    ٤- بە پێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە، لەم بەروارەی سەرەوە ناوی ووڵاتەکەمان گۆڕی بۆ (مەملەکەت و هەرێمى کەرستان) و لە هەموو دامودەزگاکان هەمان ناو بەکاردێت.
    ٥- لە هەموو دامودەزگاکانی حکومەت پێویستە ئەم بڕیارانەی سەرەوە کاری پێبکرێت، و کارئاسانی بۆ ئەو گوێدرێژانە بکەن کە سەردانتان دەکەن، بە پێچەوانەوە خۆتان بەرپرسیار دەبن !!!.
    ئیتر بۆ پێشەوە بەرەو ئابوریەکی بەهێز و سەربەخۆ…..
    ‌ ‌
    ‌ دڵسۆزتان/ سەرۆکی حکومەت

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish