Skip to Content

چەمكە بكوژەكانی تاك … ئەرسەلان مەحمود

چەمكە بكوژەكانی تاك … ئەرسەلان مەحمود

Closed
by كانونی دووه‌م 31, 2017 General, Opinion

-1-
لەنێوان چەمك و چەكە بكوژەكاندا، جیاوازییەك ئەگەر هەبێ‌، لەشێوازی كوشتنەكەدایە، ئەگەر نا لەواقیعدا هەڵگری یەك ئامانجن، ئەویش تێكدانی ژینگەو مرۆڤ كوشتنە. زۆرن ئەو چەك و چەمكە كۆكوژو ڕستكراوانەی ملیۆنەها مرۆڤ لەژێریاندا، بوونەتە قوربانی و قەرەبروت.
“بەرژەوەندی گشتـ”ی، وەك یەكێك لەم چەك و دەستەواژە بكوژانەی مرۆڤ وەك تاك و، میحوەری ئەم باسەی ئەمجارەی ئێمە بەدیاریكراوی، هەرچەندە دوراییە مێژوییەكەی لەئەدەبیاتی سیاسیدا، دەگەڕێتەوە سەردەمی سەرڵهدانی دەوڵەت نەتەوە، بەڵام تا ئێستایش بازاڕو هەژمونگەرایی خۆی، تایبەت لەناو گەلانی خۆرهەڵات و میللەتانی لەمەڕ خۆماندا، نەك هەر لەدەست نەداوە، تا دێ‌ بەڕمێنتر دەبێت.

هەستیار نەبوونی تاك، لەهەمبەر هێزە بكوژە شاراوەییەكەی ئەم چەمكە، ڕاستییەكەی نامۆیی نیە لەبەرگوێكەوتندا، بەڵكە ناهۆشمەندییە لەپژانە واتاگەرییەكەیدا.
بەدڵنیاییەوە، زۆر وتنەوەی ئەم چەمكە لەوتاردانی سیاسیەكان و بانگەوازی دەستەجەمعیگەراییدا، وایكردوە كەسێك نەمابێ‌ دورو نزیك ئاشنای ئەو چەمكە نەبووبێت، بەڵام لەواتا_ناوەرۆكدا، وەها هەستیاری و هۆشمەندییەك نا ڕون و زۆریش سیحراوی و تەمومژاوییە. ئەمە تۆمەتباركردنێك نیە بێمروەتانەو نائاگایانە، فەرموو با بەیەكەوە ئەمە ڕونیبكەینەوە:

ئێستا وا ئەژمار بكەو بهێنە پێش چاوی خۆت، بەیەكەوە گفتووگۆمانە: تۆ وەك تاكێك، ئایا هەرگیز پرسیاری ئەوەت لەخۆتكردوە ئاخۆ خودی “بەرژەوەندی” چیەو لەچیدایە؟ ئایا دەزانی مەبەست لە”گشت”و، “گشتاندنی بەرژەوەندی”، پاڵنەرەكە چیەو بۆچیە؟ باشە هەرگیز دەردەشەی ئەوەتكردوە لەخۆتدا، ئاخۆ ئەوەی دەبێت دەستنیشانی”بەرژەوەندی”و سیاغەی”بەرژەوەندیـ”یەكان بكات، وەك ماف، وەك ئەرك، ئەو شتە، یا ئەو كەسە دەبێت كێبێت؟ یەكە پێكهێنەرە بنەڕەتیەكەی كۆمەڵگەی مرۆیی،” بەمانا مەدەنی و مۆڕاڵەكەی ” كێیە؟ مرۆڤە وەك تاك، یا یەكە دەستە جەمعییەكە؟ یا بەنمونە كاتێك دەگوترێت: سازانی نیشتمانی لەبەرژەوەندی گشتیدایە. بەهای ئەو سازانە لەچیدایە؟ لەسازشكاری یەكە دەستە جەمعییەكاندا بەخاتری ماف و ئازادییەكانی تاك یا لەسەر لەماف و ئازادییەكانی تاك بەخاتری یەكە دەستە جەمعییەكە؟ هەر بەڕاست بێدەنگبوونی تاك لەهەمبەر پرسە چارەنووسسازەكاندا، سازشكردنی لەسەر ماف و ئازادییە فەردییەكان، لەبەرژەوەندی گشتیدایە؟ یا بەپێچەوانەوە، بەرژەوەندییە گشتییەكە لەدەنگ و هاتنە سەر هەست و جوڵانی تاكدایە؟

راستیەكەی، پێگەو رۆڵە بنەڕەتییەكەی تاك لەبەرژەوەندی گشتیدا، ونە. چونكە ئەوەی ئەو بەرژەوەندییە گشتیە سیاغەو دیاریدەكات، لەبنەمادا تاك نیە، لەبوعدە كۆمەڵایەتییەكەدا یەكە دەستەجەمییەكەو، لەڕوانینە سیاسیەكەیشدا حكومەت یا دەوڵەتە. كاتێك دەگوترێت” بەرژەوەندی گشت” واتا تاكەكانی كۆمەڵگە، دەبێ یەك ئاڕاستەو، یەك میكانیزم و، یەك ئامانجیان هەبێت، بەدیهێنەری ئەو ئامانجەیش، تەنهاو تەنها ” یەكە دەستەجەمعیەكە یا دەوڵەت & حكومەت”ـە، بەڵام ئایا وەها بڕیاردانێك بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ تاك، دروستە؟ ئەمە بەڕەهاییەوە زەوتكردنی ماف و ئازادی تاك نیە؟ ئایا دەوڵەت و حكومەت لەبنەمادا، یانی مرۆڤ؟ ئایا مافی وەها ڕەها لەخاوەندارێتیكردندا، زەوتكردنی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی تاك نییە وەك یەكە پێكهێنەرەكەی كۆمەڵگە لەبنەڕەتدا؟ مەگەر دواجار هەر هیچ نەبێت تەتەڵەی تایتڵەكە، لەهەڵسەنگاندنی بەرژەوەندییەكان و بەهای ئەو بەرژەوەندییە گشتیانەدا، ماف و ئەركی تاك نیە؟
لەفەلسەفەی ئازادیخوازیدا، تەنها تاكەكان مافی ئەوەیان هەیە، بەرژەوەندی و ئامانجەكانیان، دەستنیشانبكەن و، چۆنیەتی دەستەبەركردنیشیان هەڵبژێرن، نەك بەناوی بەرژەوەندی گشتیەوە، دەسەڵات” بەمانا كۆمەڵایەتی و سیاسیەكەی” ئەم چەمكە وەك ئامرازێك بەكار بەرێت تا لەو ڕێگەیەوە ئەو ماف و ئازادییە لەتاك بستێنێت.

مێژوی كورد، تایبەتیش لەم دو دەیەی ڕابردویدا، بەدیاریكراویش لەم بەشە ڕزگاركراوەیدا، تەژییە لەوەها گشتاندن و خەساندنی ماف و ئازادی تاكەكانی، تەنانەت هەر كەسێك دەرچووبێ‌ لەوەها بانگەوازو تەبلیغاتێك، بەدژە كوردو، دژە نەتەوەو، دژە نیشتمان و، خیانەتكارو، بەرژەوەندیگەراو، خۆپەسندو، خۆبەزۆرزان و، سەدەها لەناوو ناتۆرەی تری پڕوو پووچ، ئەژمارو پێناسەو تۆمەتبارو لەقەڵەم دراوە!

ئێمە پارلمانمان هەیە، بەڵام بەناوی بەرژەوەندی گشتییەوە، پەك دەخرێت، حكومەتمان هەیە، بەڵام بەناوی بەرژەوەندی گشتییەوە ئەتك دەكرێت، دامەزراوەی دادوەریمان هەیە، ماچێك بەلادان لەئاداب و بەرژەوەندییە گشتیەكە ئەژمار دەكات، بەڵام بێدەنگبوونی خۆیی و بێدەنگكردنی تاك لەبەرامبەر فەرهوتكردنی سەرخان و ژێرخانی نیشتمانی و بەهەدەردانی سەرمایی مرۆیی، لەبەرژەوەندی گشتیدا دەبینێت!

ئەگەرچی هەڵبژاردنی پاڕلمان، هەڵبژاردنی بەرژەوەندی گشتینیە، لەڕاستیدا ئەوە هەڵبژاردنی دامەزراوەی یاسادانان و چاودێرییە، دامەزراندنی حكومەت، دامەزراندنی دامەزراوەی بڕیادانی بەرژەوەندی گشتینیە، لەبنەمادا ئەوە دامەزراندنی ئامرازی جێبەجێكردنە، مافی ئەوەیان نیە لەبری تاك سیاغەی بەرژەوەندی بكەن و بەناوی بەرژەوەندی گشتییەوە بڕیار بدەن، بەرژەوەندی گشتی ڕای گشتی دەبێ سیاغەی بكاو بیكاتە بژاردەو بەربژێری خۆی.

هەڵگرساندنی جەنگەكان، پشتكردنە میللەتكەت و ڕوكردنە بێگانەكان، زەوتكردنی ئازادییە فەردییەكان، لەكوێی بەرژەوەندیە گشتیەكاندان؟ بەشینەوەی فەلسەفەی مشەخۆری و شڕە خۆری، لەهەڵبژاردن بێبەها تر كردنی دەنگدەر، بەحزبیكردنی كۆمەڵگەی مرۆیی، تاك ڕەهەندگەرایی لەبڕیاردان و دەركردنی ڕاسپاردە هەستیارەكاندا، بەحەوت پشت ناچنەوە سەر ئەو چەمكە ڕستكراوەو فڕیان بەسەر بەرژەوەندییە گشتییەكانەوە نیە، بەرژەوەندی گشت مافێكە مەدەنی و فەردی.

هەموو ئەو هێزو دەسەڵاتە حكومی و هەمەكیانەی بەناوی بەرژەوەندی گشتییەوە بانگەوازو بریار ئەدەن، لەبنەمادا شمولی و دژی بەرژەوەندی گشتین، ئەمە دەبێ‌ بەیاسا ڕێكبخرێت، لەوەیش بەولاوە دەبێ‌ لەچوارچێوەی دەستورو سیستمێكدا ئەوپەڕی دیمۆكراس، نووسرابێ‌ و، پەسەندكرابێ‌ و جێگر كرابێت.
—–
تێبینی: ئەگەر ژیان بوار بدا، زنجیرە وتارێكى ترمان سەبارەت بە” چەمكە بكوژەكان ” بڵاودەكەینەوە.

Previous
Next
Kurdish