Skip to Content

زیكه‌زیك … فه‌رمان احمد

زیكه‌زیك … فه‌رمان احمد

Closed
by كانونی دووه‌م 31, 2017 Books, General, Literature

لەوەتەی ڕۆمان وەک ژانرێکی ئەدەبی سەری هەڵداوە، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر جێگەی خۆی قایم کردووەو ئیدی وەکی یەکێک لە باڵاترین ژانرە ئەدەبییەکان، بووەتە کەناڵێکی زیندووی گوزارشتکردن لە خەمە مرۆییەکانی سەردەم(1)، بۆیە لێرەشەوە ڕۆمان وەک ژانرێکی ئەدەبیی زیندوو، بەردەوام لێکۆڵینەوەو ڕانانیشی بەدووی خۆیدا هێناوه‌ بۆ دەرخستنی لایەنە ئیستاتیکیەکانی یان ڕەخنە یاخود قسەکردن لەسەر پەیامەکەی.

لە دیدی ئورهان پامووکیشەوە ڕۆمانەکان ژیانی دووەمن(2)، لە هەر کۆمەڵگایەکەوە بێن واقیعی (ڕەنگ و ڕووخسارو کەس و جەنجاڵییەکان و عەقڵیەت )ی ئەو کۆمەڵگایە وێنا ئەکه‌ن .ڕۆمانی زیکزیکە کە نووسه‌ری ئێرانی ئەحمەدی غوڵامی بنووسێتی و مەریوان هەڵەبجەی کردوویەتی بەکوردی ،ڕۆمانێکی قەبارە بچووكه‌‌و لە توێی نەوەد ڕووپەلدا، ململانێی نه‌وه‌كان،یان چیرۆكی عیشقه‌ناكامه‌كانمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌و پێمان ئێژێت کە عەقڵیەتی دەسەڵاتداری لەو كۆمه‌ڵگایه‌ی كه‌ ڕۆمانه‌كه‌ی لێوه‌ هاتووه‌، ئاوێنەی عەقڵیەتی تاکەکانێتی واتە عەقڵیه‌تێكی (کۆنەپارێزی و بابسالاری)، کە لە هەوڵی ئەوەدایە تاك له‌ جڤاتدا بتوێنێته‌وه‌و تۆ بكات به‌ خۆی و چ بکەی و چ نەکەی ئەوانی دی بۆتی دیاری بکەن، بەردەوامیش ئەیەوێت شوناسی تاکگەرایت له‌تاك بسێنێتەوە، و ئازادییەکانت سنورداربکات و نەهێڵێت خۆت بیت بەجۆرێک کە ئەبێت هەمووان ئەوەبن کە سیستەم ئەیەوێت لێیان، واته‌ به‌هه‌مان نه‌زمی هه‌ڵپه‌ڕكێكه‌ هه‌ڵپه‌ڕن و له‌ ڕیزه‌كه‌ ده‌رنه‌چن. دەنا دواجار سیستەم ڕێگەی خۆی هەیە بۆ توانەوەی تاک لە چڤات و كپكردنی ده‌نگی ئه‌و زیكه‌زیكانه‌ی ئێره‌وئه‌وێ كه‌ لێ ناگه‌ڕین به‌ ئه‌رخه‌یان بنووێ و خه‌وی نه‌زڕێ، خودی مرۆڤیش کە ئەو سیستەمەی دروست کردوە شارەزاترین و بەد ترین دوژمنی خۆیەتی، کە چۆن سزاگەلێکی وەکی ژووری انفرادی ئەخوڵقێنێ و وادەکات تاکی یاخی لە سایەیدا ڕۆژێ گوێیەک ڕۆژێ پەنجەیەک هتد … هەڵوەرێنێ و خۆی بخواتەوە.
لە ڕۆمانەکەوە :((ڤانکوخ گوێی لێکردبووەوە بۆئەوەی بیخوات، بەڵام بەنەوشە دەیگوت ئەم قسە هەلەق و بەلەقانە چییە لەتاوعیشقەکەی وایکرد)).

لە هونەری ڕۆماننووسیندا، دەسپێک هەم بۆ خوێنەر هەمیش بۆ نووسەر زێدەتر جێی بایەخە. بەشێوەیەک ئەبێت ئەو چەند دێڕەی سەرەتا وا بکات خوێنه‌ر بە تاسوقەوە تا کۆتایی لەگەڵ ڕۆمانەکە بچێت و دەرخەری چەقی ڕۆمانەکەش بێت.هەربۆیەشە سەروەختی نووسین، نووسەرانیش زۆر بۆیان گرنگەو دڵیان لە مشتیانەو نیگەرانن لەوەی کە لە کوێوەو بەچی دەست پێ بکەن. بنووس لە زیکزیکەدا بەم په‌ره‌گرافه‌ سەرنج ڕاکێشەی كه‌ لێره‌وبه‌دواوه‌ دێ دەست پێ دەکات کە خوێنەر کەمەندکێشی نێو دنیای ڕۆمانەکە دەکات و چاوی خوێنەر هەر کە دەچێتە سەر ئەم دێڕانە بایەخ و جوانی ڕۆمانەکە هەست پێ ئەکا.((کۆتایی هەرشتێک واتە مەرگ و مەرگیش شتێکە تا کەسێک ئەزموونی نەکات، تێیناگات و کاتێکیش کە ئەزموونی کرد ئیدی ئەزموون کردنی بۆ خۆی و کەسانی تریش سوودی نیە، باوکم مەرگی بە خراپترین شێوە ئەزموون کرد. لەسەر محاجەرەی هۆڵی فوتساڵەکە دانیشتبوو تۆپێک بەر سەری کەوت، سەری بەر دیوارەکە کەوت و کەوتە سەر زەوی و مرد)).
ئەم پەرەگرافە بە جۆرێک جێی خۆی گرتووە، زیادەگۆیی نییە ئەگەر بڵێین هەموو ڕۆمانەکەیە یاخود هەموو ڕۆمانەکە لەمەدا کۆبوەتەوە.لە باسی مەرگی باوکیدا گێڕەرەوە کە بابەک ڕەزایی کارەکتەری سەرەکییە مەرگی باوکی تەنزاندووە، پوچی و بێ مەعنایی ژیان و لاوازی مرۆڤ لەبەرامبەر مەرگدا باڵی بەسەر ئاسمانی ڕۆمانەکەدا کێشاوە.

ئەز نازانم بۆ ئەم دواییانە هەرچی ڕۆمانێکی ئێرانی ئەخوێنمەوە تەمی ڕەش ئاسمانەکەی گرتوەو لە مەرگ یا هەڵوەرینی خەونەکان ئەدوێ.وەک لە پەرەگرافی یەکەمدا باوکی گێڕەرەوە، مەرگ کۆتایی بە خەونەکانی ئەهێنیت و ناهێڵێ ئەوەی ئەیەوێ کە ئەنجامی یارییەکەیە بی بینێت و چەند دێڕێک دواتر و لە هەمان پەرەگراف خودی گێڕەرەوەش دوای باسکردنی مەرگی گاڵتەجارانەی باوکی، مەرگی خۆیشی ڕادەگەیەنێ،هایتە ئێژێ(( بێزار بووم لە تۆپ و دواجاریش تۆپێک دای لە ناوەڕاستی خەونەکانم.کاتێک ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی خولی نۆیەمی سەرۆک کۆمارییان ڕاگەیاند……..وەک بڵێیت هەموو شتێک وێران بوو )).

ڕۆمانەکە کە لەسەر سێ هێڵی سەرەکی دەچێت ئەو سێ هێڵە سەرەکیەش لە دەرەوەی واقیع نین چیرۆکەکانی لە واقیعەوە سەرچاوەی گرتوە. یەکێکی دیکەش لە چیرۆکەکانی نێو ڕۆمانەکە کە باسکردنە لە چیرۆکی خۆشەویستیی بابەکی گێڕەرەوە، هەر ئاوێتەکراو گرێدراوی باس و چیرۆکەکانی تری نێو ڕۆمانەکەیەو بە هەمان شێوە ئاکامه‌كه‌ی هەڵوەرێن و نائومێدییە، دوای ئەوەی لەگەڵ بەنەوشە لەسەر کاری ڕۆژنامەوانی دەگیرێت و دەخرێتە زیندان .

ئەگەر تۆزێ بێینە دەر لەو باسە، پانزە شانزە ساڵێک ئەبێ( زیکزیکەم) نەژنەوتگە ، بۆ من گەڕانەوەیەکی جوان و بیرهێنانەوەیەکی چێژ بەخش بو، بە منداڵی لە نێو دڕکوداڵەکاندا گوێمان ڕائەدێرا تا دەنگی زیکەزیکی ئەو مێشولە ببیستین و لە بۆسەدابوین تا بیگرین و لە نێو دەستمان حەپسی کەین، تا بەتەنێ بۆ ئێمە بخوێنێ، بەس نەمان ئەزانی لە سروشتی خۆی دایماڵی ڕەنگە درەقەتی ئەوە نەیە لە نێو دەستاندا بێ و بمرێ، بۆیە دواجار باڵێ یا کلکێ یا گوێیەکی لێ ئەبووەوەو ئەمرد، ئێمە چێژمان لە گرتنی ئەو چشتە جیاوازە وەرئەگرت ئاخر ئەو بەتاریکی شەودا کە هەناسەی ئەدا ڕوناکییەک بە پاشیەوە دادەگیرسا و ئێمەش بە دووی ئەکەوتین تا خامۆشمان ئەکرد، ئەو وەخت پێیان ئەگوت گۆهەسارە،هەتا زێدەتر بیر لە تایبه‌تمه‌ندی ئەو مێشولەیە بکەینەوە، چاکتر بۆمان دەردەکەوێ ئەو ڕۆمانە لە چی ئەدوێ و بۆ بەوناوەوەیە.

خوڵاسە ڕۆمانەکە ئەگەر چی کلک و گوێ کراوە و سانسۆرکراوە لێ کەوی نەکراوەو پەیامەکەشی گمنەبووە.ئەمەش دیالۆگێکی تری نێو ڕۆمانەکەیە دوای ئەوەی بابەک ئەچێتە بەره‌کانی جەنگ لەگەڵ فەرماندەکەی ئاشنایەتی پەیدا دەکات، کە مامۆستا بوە و دورخراوەتەوە بۆ بەرەکانی جەنگ.
((وتی “تۆ تا ئێستە کەرێتیت کردوە
وتم “نەخێر قوربان
وتی:کەواتە دەیکەی،دەزانی چی
وتم”چی قوربان
وتی :تۆش لەو کەسانەی کەرێتی لەگەڵ ئازادیدا تێکەڵ دەکەی)).

سوپاس بۆ کاک مەریوان هەڵەبجەیی وەرگێڕانێکی جوانی بۆ ڕۆمانەکە کردوە.

————————————————-

په‌راوێزه‌كان:

(1)بنیاتی ڕووداو- ئاری عوسمان خه‌یات
(2)ڕۆماننووسی ساده‌و هی بیركه‌ره‌وه‌ – ئورهان پامووك

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish