Skip to Content

فلاشباک..12.. ستیڤان شەمزینی

فلاشباک..12.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئه‌یلول 11, 2021 General


لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

ستیڤان شەمزینی
بەشی دوازدە

ئەمڕۆ، بیرم پێ ناکرێتەوە، ئەڵێی مۆتەکە دەستی خستۆتە بینەقاقای هزرم. ژیان لەوە بێهودەتر بووە کە پێشتر پێشبینی بۆ ئەکرا. کوردستان ئاسۆی تاریک و لێڵە. مەبەستم لەوەیە وێنای جەلاد لە کۆمەڵگەکەمان لە دشداشەلەبەر و عەگالبەسەرەوە گۆڕاوە بۆ کەتافیلەبەر و ئەدیداس لە پێ. وا ئەزانم دوێنێ بوو کاتێ تفەنگچییەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی لە راپەڕینی 1991دا، چی شۆفڵ و ئۆتۆمبیلەکانی دەوڵەت بوو، چی سیمی کارەبا بوو، چی عامودی سەرشەقامەکان بوو، گسکیان لێدا بۆ دیوی ئێران. خەڵکەکەش لەسەر کەلتوری فەرهود پەروەردە بووە، ئەوەشم بیرە چۆن کارگەری جگەرەیان تاڵانکرد! کەم کەسم بینی وەک باوکم، چوونکە تەنیا فەرماندەی پێشمەرگە بوو، دژی فەرهود راوەستا، بەڵام نەیتوانی پێش بە فەرهودچییەکان بگرێ لە کاتی تاڵانکردنی کارگەی جگەرەی سلێمانی. تەنانەت بە چاوی خۆم فرمێسکی باوکمم بینی کاتێ بەرمیلە هێلمی کارگەکەیان ئەڕشت بۆ بەرمیلە بەتاڵەکەی، لە کاتێکدا نرخی یەک بەرمیلی بۆش شەش دینار بوو، بەڵام ئەو هێلمەی گەمژەکان ئەیانڕشت بایی هەزاران دینار بوو!!!.
زاکیرەم ئەو دیمەنەی بۆ ئەبەد بیر ناچێتەوە. چۆن کوڕی سەرۆک عەشیرەتێک ویستی شۆڤڵێکی شارەوانی سلێمانی ئاودیوی ئێران بکا، باوکم بەخۆی و پێشمەرگەکانییەوە لە نزیک دوکان شۆڤڵەکەی لە دەست چەتەکان رزگار کرد، دوایی هێنایانە ئۆردوگای پیرەمەگرون، لەوێ چەتەکان ویستیان سوڵح لەگەڵ باوکم بکەن، بەرانبەر بە 40 هەزار دینار، بەڵام باوکم زۆر لە پارە بەرزتر و ویژدان پاکتر بوو، داواکەیانی رەتکردەوە و شۆڤڵەکەی تەسلیمی کاک “نەورۆز”ی سەرۆکی شارەوانی سلێمانی کردەوە. لەو ماوەیەی شۆڤڵەکە لە بارەگای باوکم ئەپارێزرا، تایەیەکی تەقیبوو، کاک “شێخ سەلام”ی پێدارە لەسەر گیرفانی خۆی تایەیەکی بۆ کڕیبووە. ئەم ئەو زەمانە بوو ئەندازیار “حەمەسەعید” لەلایەن چەتەکانەوە شەهید کرا، کە هەوڵی دابوو، پێشگیریی لە دزینی کەلوپەلی دەوڵەت بکا.
وەنەبێ ئەمە تەنیا فەرهەنگی چەکدارەکانی بەرەی کوردستانی بووبێ، بەڵکو فەرهەنگی کۆمەڵایەتی خەڵکیشە، جارێکی تر باوکم و تیمەکەی، ئامێری نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانیان لە ماڵێکدا دەست بەسەرا گرت، پاش ئەوەی رادەستی لیژنەی تەنسیقی بەرەی کوردستانیان کرد، کە بارەگاکەی لە بینای “نادی المهندسین” بوو، بەرپرسە باڵاکانی بەرە، بەدەستی خۆیان ئاودیوی ئێرانیان کرد. ئیتر چۆن و بە چی دڵخۆش بین تا بڵێین ئاسۆمان روونە؟. هەر ئەڵێن تۆ رەشبینی، ئاخر چۆن رەشبین نابم؟ کە ئەم ترادیسیۆنە ترسناکە بیرکردنەوەی خەڵک و حزبەکان بێ؟. چۆن رەشبین نابم حزبەکانی کوردایەتی پلاتفۆرمی سیاسییان شڕەخۆریی و برسیکردنی ئەو مێگەلە بێ هۆشکراوە بێ؟. چۆن رەشبین نابینم کاتێک دیمەنەکەمان بینی هەولێر چۆن کرایە گرۆزنی؟ لە رانیە دوو ساڵ بەر لە ئێستا سەرایڤۆیەکی تر دووبارە بووە؟.
ئێستا شیعرێک مێشکی وەک کرم خواردووم، کە ناوێرم بڵاوی بکەمەوە:
کاتێ مناڵێکی برسی ئەگری بۆ لەتێ نان
نە دیکتاتۆرەکان گوێیان لێیە نە ئاسمان
ئەوانەی ئەیانووت کوردستان یان نەمان
وەک جەردە هەموو وڵاتیان خستە گیرفان

1-8-1998

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 42-45 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە

Previous
Next
Kurdish