
بەکورتی 30 : پارادۆکس …… دەربازبوون لە مرۆڤی پارادۆکسال پێویستییە.. ئازاد حەمە
پارادۆکس Paradox (ناکۆک لە خودی خۆیدا) چەمکێکی ناڕوون و بێزارکەرە و پێکۆڵیکردنیش( پێداگریی) لەسەر نزیکبوونەوەلێی دەمانبات بەرەو ئەوەی، گشت پارادۆکسێک دۆزێکی خۆی هەیە، کە هەر ئەو دۆزەشە سروشت و ناواخنی دیاریدەکات،بەڵام لەناو پارادۆکسدا خۆدژایەتیەک Contradiction بوونی هەیە، کە پێویستە بدۆزرێتەوە. وێڕای ئەوە، دۆزینەوەی پارادۆکس دانپێداهێنانیشە بە شتێک کە هێشتا نایزانیین.
پارادۆکس لە فەلسەفەدا “ئارگیومێنتێکە، کە لە ڕووکەشدا لۆژیکیی دەردەکەوێت،بەڵام لە ڕووی لۆژیکییەوە دەکرێت ببێتە هۆی دەرەنجامێکی دژبەیەک یان قبوڵنەکراو. بە واتایەکی تر،پارادۆکس هەڵوێستێکە یان لێدوانێکە وەک شتێکی دژ بەیەک دەردەکەوێت، ڕەنگە ڕاستیش بێت یان ڕاستییەکی قووڵتر دەربخات”.
لەوبارەیەوە بە پێویستی دەزانیین، بپرسیین: پاڕادۆکس لوغزێکی هزرییە؟ ئەی لە وتووێژا چۆن دەردەکەوێت و چی دەبێتە هۆی دروستبوونی؟ چۆن مامەڵە لەگەڵ پارادۆکسێکدا بکەین؟ دەربازبوون لە پاڕادۆکس شیاوە؟ گوتەیەکی پارادۆکساڵ لەگەڵ خودی خۆیدا ناتەبا نییە؟ کەسی پارادۆکسال چ جۆرە کەسێکە؟ لە پارادۆکسدا دژایەتییەکیی ڕواڵەتیی بوونی هەیە؟ لەبەرئەوەی بنەمای پارادۆکس زاراوەیەکی ناڕوونە، تێگەیشتنلێی قورسە؟زۆرجار ڕەنگە واپێویستکات پارادۆکسەکە لەناونەبرێت، یان نەتوانرێت لەناوببرێت؟ بەرتەسکبوونەوەی پارادۆکس لە سیاسەتدا راستی ئاشکرادەکات؟ لالەزار پارادۆکسی یەکێتیەکان نییە؟
کەواتە با بزانین پارادۆکس چییە؟پارادۆکس(ناکۆکبوون لەگەڵ خودیخۆدا یاخود دژوێژی) ئەو شتەیە لەتەک خۆیدا ناکۆکە(دژبەیەکە). شێلگیرانەتر بدوێین دەڵێێن: لەبەرئەوە پارادۆکس ناکۆکە چونکە لۆجیکێک لەناوەوەیدا کارناکات و ئەمەش وادەکات لە رووی لۆژیکییەوە پەسەندنەکراوبێت. هەروەها پارادۆکس هانماندەدات زۆرتر، قوڵتر بیربکەینەوە لەوەی تیایین. بۆنموونە لەو راستییەی پێیگەیشتوین، لەوەی بە واقیعی Real دەزانیین.
بەواتایەکی دی، پارادۆکسەکان ڕەنگە وامانلێبکەن،بەو چەمکانەدا بچینەوە، کە گوتومانن یان بەکاریانمانبردوون. “زۆرجاریش پارادۆکسەکان لەسەر ئارگیومێنتە(بەڵگە) لۆژیکییە بەڕواڵەت دروستەکان بنیات دەنرێن، بەڵام لە کۆتاییدا دەبنە هۆی دەرئەنجامێکی نالۆژیکی”.
وێڕای ئەوەی گوترا، لەسەربنەمای تێگەیشتنێکی فەلسەفییانە بۆ پارادۆکس دەڵێێن: پارادۆکس وامانلێدەکات بە گریمانەکانماندا بچینەوە. دەتوانێت دەرفەتی ئەوەشمان بۆدروستبکات، کە لە ناتەباییەکان، لە ڕاستییەکی شاراوە حاڵیبیین. بۆیە لێکۆڵینەوە لە “ناتەباییە لۆژیکییەکان دەمانگەیێننە پارادۆکسەکان”. ئەو شتەی پارادۆکسە کێشەیەکی چارەسەرنەکراوە و خۆشی لە دۆزێکی دوانەییدا دەبینێتەوە: ئەمە یان ئەوە.
مرۆڤی پارادۆکسال کێێە؟ ئەم جۆرە مرۆڤە،کە لە دەورووبەرماندا زۆرن ئەو کەسەیە پۆلێک تایبەتمەندی دژبەیەکی تیا بەرجەستەیە. جۆرە مرۆڤێکی رەفتار و هەڵسوکەوت ناتەبایە، یان رەفتارەکانی چاوەڕواننەکراون و کردەکانیشی لە لۆژیکەوە دوورن. ئەمانە، دەکرێت مرۆڤگەلێکی کارا و هاوکات پاسیڤ بن، دەکرێت سۆزاوی و توندیش بن. کەسی لەم جۆرە ئەوەی لە سەرەتا دەیکات یان دەیڵێیت، ئەوە نییە لە کۆتاییدا دەیکات یان دەیڵێیت، بۆیە تێگەیشتن لە کەسی پارادۆکساڵ قورسە.
سەرباری ئەوە، دەکرێت بگوترێت، کە کەسی پارادۆکسال لەناو کرداری خۆدژایەتیکردندایە self-contradictory و ناڕێکی یاخود ناتەباییش لەخۆدا کۆدەکاتەوە: پارەیەکی زۆر سەرفدەکات و باس لەوەش دەکات، کە داهاتی بەرەو خراپی دەچێت؛ بەردەوام باس لە ئەوین دەکات و ڕقی دونیای لە خانمانە. تەنانەت بەبەڵگەکردنی نەزانیargument from ignorance یش جۆرێکە لە ھەڵەی لۆژیکی یان ھەڵەوێژی، کە لە کەسی دژوێژ(پارادۆکسال)دا لە لوتکەدایە.
بەپێی ئەوەبێت لایسەرەوە گوترا، پارادۆکس بەرەو ئەوەشمان دەبات، کە گوزارەی بەھەڵەبردنی لۆژیکی یا ھەڵەی لۆژیکی یا ھەڵەوێژیش بەهەندوەرگرین. بەھەڵەبردنی لۆژیکی یان ھەڵەوێژی بریتییە لە بەکارھێنانی ئاکامگریی ناتەواو یا ھەڵە لە کاتی بنیاتنانی بەڵگەیەکی لۆژیکیدا. بەڵگەکە دەکرێت لە ڕواڵەتدا بێکەموکوڕی بێت، بەتایبەت ئەگەر هەڵەکە ڕووکەش نەبێت و درک بە بوونی هەڵەکە نەکرێت. ئەم لایەنە چەواشەکاریی لۆژیکییشی پێدەگوترێت. بۆیە پێشتریش هێمامانبۆکرد، کە پارادۆکسەکان شیکارییان دەوێت، توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەش بۆ رووبەرووبوونەوەی پارادۆکس گرنگی خۆی هەیە.
ئاماژە بۆئەوەشدەکەین، کە جیاوازی لەنێوان پارادۆکس و ناکۆکیدا هەیە. لەناو پارادۆکسدا ناکۆکییەک لەنێوان کردن و نەکردنی شتێک بوونی هەیە. ناکۆکیەکەی ناو پارادۆکس جیایە لەوەی دوو شت ناکۆکن. بۆنموونە کاتێک دەڵێین بەفر سپی و رەشە ئەمە ناکۆکییە. چونکە لەیەک کاتدا ناکرێت بەفر سپی و رەشیش بێت. پارادۆکس ئەوەیە، کە سەرەتاکەی شتێکە و دواتری شتێکیترە. بۆنموونە: تا کتێب زۆرتر بخوێنمەوە هەستەکەم هیچ نازانم. ئەمە پارادۆکسە چونکە ناکۆکە. بۆ؟ مرۆڤ،کە زۆرتر کتێب دەخوێنێتەوە ئەوکات بۆیدەردەکەوێت، کە پێشتر چەند نەزانبووە. بەمجۆرە، پارادۆکس وەک ناکۆکیی نییە. پارادۆکس ئامرازێکی لۆژیکییە بۆ دەرخستنی ناکۆکییەکانی ژیان.
هەر تایبەت بە چەمکی پارادۆکس دەکرێت ئاماژە بەوەش بکەین،کە زۆرێک جۆری پارادۆکس هەن (پارادۆکسی کیسەڵەکە، پارادۆکسی مریشک و هێلکەکە، پارادۆکسی درۆ، پارادۆکسی باپیرە، و…..)، لێرەدا یەک نموونە بەهەندوەردەگرین لەسەر پارادۆکس ئەوەش (پارادۆکسی باپیرە) یە کە بەم جۆرەیە: ئەگەر پێش ئەوەی باوکم لەدایک بێت، باپیرەی خۆمم بکوشتایە، ئێستا من لەدایکنەدەبووم.
گۆتا گوتنمان لەمەڕ چەمکی پارادۆکس ئەوەیە، کە دەربازبوون لە پارادۆکس گرنگیی خۆی هەیە و ڕێگەگەلیش هەن بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پارادۆکسێکدا. کەوابێت، دەرفەت رەخسان بۆ هاتنەدەرە، یان دەربازبوون لە پارادۆکس کارێکی لۆژیکییە. دیارە،کە پاڕادۆکس سەرەتا ناڕێک و ناڕوون دەردەکەوێت، دواتر مەرجی لۆژیکی تیابەدیدەکرێت و پارادۆکسبوونی خۆی تێدەپەرێنێت. بۆیە هاتنەدەرەوە لە پارادۆکس یان تێپەراندنی بەکردنی پارادۆکسەکە بە ڕاستییەکی پشتڕاستکراوە،یان دۆزینەوەی چارەسەرێک بەوە لە پارادۆکس دەربازماندەبێت. ئەمە هیچ ئاسان نییە، چونکە تایبەتمەندی پارادۆکس لەوەدایە کە گیریی و پێوەبوونێکی تیایە، کە زۆرێک ناوی دەنێن ناڕوونی و گومڕایی. بۆیە دەربازبوون لە پارادۆکس هاتنەدەرەوەیە لەو ناڕوونی و گومڕایییە.
ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی