ئاى میللەتێکى چەندە سەیرین!.. ستیڤان شەمزینی
*سەرهەنگ (موعەمەر قەزافى) لە هەندێ وڕێنەدا دەڵێت: کوردەکان مافى دەوڵەتیان هەیە، بەبێ ئەوەى بە کردەوە هیچ نیشان بدات، لە دەسپێکدا کتێبە بێ سەرو بەرەکەیمان کرد بە کوردیى (کتێبى سەوز)، گۆڕەپانێکى گەورەش لە شارەکەماندا (سلێمانى) ناو دەنێیین (گۆڕەپانى براى سەرکردە موعەمەر قەزافى)، هەندێک کوردى بێ ئاوەزیش دەمێک دەیکەنە سوارچاکى هۆزى هەمەوەند و دەمێکى تر پیاوماقووڵى جافى میکایەڵى. کەچى تاکە گەنجێکى بیست ساڵانى شارى سلێمانى نییە ژەنەراڵ شەریف پاشای کوڕى شارەکەى خۆى بناسێ!، چون ناوى ئەم زاتە و بنەماڵەکەى (خەندان) لە کولەکەى تەڕیشدا نییە، کەناڵەکانى تەلەفزیۆنیش لەبەر بەرنامەى بێ لەزەت ماوەیان نییە بۆ یادکردنەوەى ئەم سەرکردە و دیپلۆماتکارە گەورەیەى کورد.
*خەڵکانێکى خڵەفاو هاتوون بەشان و شکۆى (مێجەرسۆن)دا هەڵدەدەن و پێیانوایە سۆن بە خاترى کورددۆستى رۆژنامەى (تێگەیشتنى راستى) دەرکردووە، هەندێکى تر دەڵێن پایەدار (مێجەر نۆئێل) خەمخۆرى کوردان بوو، بەعزێکى تر (ئەدمۆنز) لە قازى محەمەد بە کوردپەروەرتر دادەنێن. ئاخر ئەمانە کە ئەفسەرى داگیرکەرى بەریتانیی بووبن ئیدى هەر کارێکیان کردبێ لەبەر خاترى چاوى کاڵى کورد نەبووە، بەڵکو بۆ خۆڵکردنە چاو بووە. مادام سۆن و نوئێل و سێر کۆکس بە کورد و مامۆستاى کوردایەتى دەرچوون، دوور نییە دواى سەدەیەکى تر نەوەکانمان پەیکەر بۆ عەلی کیمیاى و کاکل ئاغا و نزار خەزرەجى و عەبدوڵڵا عەباس دروست نەکەن.
*هەندێک گومڕا دەڵێن شێخ مەحمودى حەفید لە کاتى تەوقەکردن لەگەڵ ئەفسەرە ئینگلیزەکاندا فەقیانەکەى لە دەستییەوە ئاڵاندووە تا گڵاو نەبێ، چوونکە ئەوان کریستیان بوون. من پێرێ لە پاسێکدا گوێم لەم قسەیە بوو کە پێموایە زۆر دەمێکە باوى نەماوە، بەڵام سەیر لەوەدا بوو برادەرێکى نووسەر دواى نۆشینى نیو قاپ شەراب هەمان شتى وت، ئێستا کاتى خۆیەتى بپرسین ئەگەر شێخى نەمر ئینگلیزى ئەهلى کیتابى بە گڵاو لە قەڵەم دابێت، ئەى چیداوە لەوەى نامە بۆ شوورەوى بێ ئاین و (لینین)ى کۆمۆنیست بنووسێ؟ ئایا ئەو هەڤاڵانە ناوى تەواوەتى سەرجەم شالیارەکانى دەوڵەتەکەى شێخ دەزانن؟ ئەگەر بیزانن یان نا کێشە نییە، بەڵام با تۆزێک خۆیان ماندوو بکەن و شتێک لە بارەى وەزیرى خەزنە و دارایى زانیاریى پەیدا بکەن و بزانن کێ بوو؟ کەریمى عەلەکەى کریستیانى خەڵکى سلێمانى بوو. ئایا دەکرێ شێخ لەلایەک مەسیحى بە گڵاو بزانێت و لەلایەکى تر مەسیحى بکاتە وەزیرى خۆى؟ ئەمە ئەگەر عەقڵى سەیرى کوردیى نەبێ کێ سەر لەم گێژەنە دەردەکات؟.
*جاران و ئێستاشى لەسەر بێت هەندێ حزب، یەکێک بە بیانووى چەپ و پێشکەوتووخوازیى و ئەویتریان بە پاساوى مرۆڤدۆستى و ئاینیى، لە خاڵە هەرە سەرەتاییەکانى پەیڕەو و پڕۆگرامى پارتەکانیاندا دەیانووسى: بەڵێ بۆ دەوڵەتى سەربەخۆى فەلەستین، نا بۆ داگیرکەرى سەهیۆنى و ئیمپریالیزم!. کەچى هەر دەگەڕانەوە بۆ وڵاتەکەى خۆیان داواى ئۆتۆنۆمییان دەکرد، سەیرى ئەم قوڕمساخییە تۆ ئازادیى بە خۆت رەوا نابینى کەچى بۆ خەڵکى ترى داوا بکەیت! دەى تو خوا ئەمەش سەیرییەکى ترى میللەتى ئێمە نییە؟. بۆیە زۆر جار ئەم رستەیەی خۆم دووبارە دەکەمەوە: کورد پێویستی بە دەوڵەت نییە!!، ئاخر کورد خۆی پێ بچووکە بیکە بە خاوەنی ئیمپراتۆریایەکی مەزنی وەک ئەو ئیمپراتۆریایانەی مێژوو ناتوانێت لە یادیان بکات، دەیکاتە قوربانی خەونی بچووکی خۆی، خەونێک قاچێکی لە ناو گرێی دەروونیی و خۆ بەکەمزانین و قاچەکەی تری لە زەلکاوی خەیاڵدانە قەزەمەکەی ناوچەگەرییدایە.
*جەواهیرى لە شیعرێکیدا دەڵێت: دڵم بۆ کوردستان …. لەسەر کڵاوەکەشى نوسیبوو کوردستان. بەبڕواى من ئەمە هەڵوێستێکى جوامێرانەى ئەو شاعیرە بوو، بۆیە نەنگى نییە ئەگەر ئێمەش ئەومان خۆش بوێ، هەنووکە لە هەردوو شارى سلێمانى و هەولێر دوو پەیکەرى برۆنزى بە حیمایەوە بۆ دانراوە، سەیر بکە کەم چیرۆکنووس و شاعیرى نەوەى پێشوو هەیە، شیعرێک یان چیرۆکێکیان بۆ فەلەستین نەنووسیبێ و پشکدار نەبووبن لە دەوڵەمەندکردنى ئەدەبى مقاوەمەدا. ئەم نووسەرانەى ئێمە نەک لە فەلەستین پەیکەریان بۆ دروست نەکراوە، بەڵکو عەرەب هەر بێزیشى نەهاتووە بەرهەمەکانیان بۆ سەر زمانى عەرەبى وەربگێڕێ، هێشتاش ئێمە خۆمان بە قەرزارى عەرەب و هەڵوێستى هەندێک لە رۆشنبیرەکانیان دەزانین. ناهەقمە ئەگەر رووى دەمم بکەمە هەموو کوردێک و بڵێم ئایا بە راستى ئێمە میللەتێکى سەیر نین؟.
*سەرەتاى شەستەکان و شۆڕشى ئەیلول، ژەنەراڵ مستەفا بارزانى کاتێک بڕیاری دا ئاگربەست رابگەیەنێت بۆ دانوستان لەگەڵ رژێمى ئەوکاتى عێراق، باڵى مەکتەبى سیاسیى (جەلالی) کردیانە دەنگە دەنگ و هاتوهاوار لێى، گوایە ئەمە پلانى ژێر بە ژێرى زایۆنیزمە و مەلا مستەفا کوردى فرۆشتووە بە سێو و پرتەقاڵ. کەچى ماوەیەکى زۆرى نەبرد، خۆیان بوونە جاشى هەمان ئەو رژێمە و بە چەک و تانک و تۆپى بەعس نیشتمانى خۆیان کردە سوتماک، شاخ و چەم و دۆڵى کوردستانیان وەک دەندوکى کەو سوور دەکردەوە، هێشتا پێیان عەیب نەبوو. زۆر جاریش گوێم لەوە دەبێت، دەڵێن نابێ بوترێ جەلالی یان باڵى مەکتەب سیاسیى دەبێ بوترێ باڵى مۆدێرنى دژ بە باڵى پارێزگار. ئاى میللەتێکى چەندە سەیرین، بە تێپەڕبوونى مێژوو خیانەتەکان نەک هەر کاڵ دەبنەوە، بەڵکو دەگۆڕێن بۆ خزمەت و وڵاتپارێزیى، لەوانەیە سەدەیەکى تر شێخ چۆپى و تەحسین شاوەیس و قالە فەرەج و ئەرشەد زێباریش بە خەباتگێڕ لە کتێبى مێژووى خوێندنگەکاندا ناویان تۆمار بکرێت!.
*لارییم لە خەباتى رێبەرى مەزن مەلا مستەفا بارزانى نییە، کەچى ئەو سەرەڕاى ئەوەى لە وڵاتەکەى خۆیدا ئەسپەردە کرابوو (شارى شنۆ)، بەڵام سەرکردایەتى پارتى بڕیاری دا تەرمەکەى لە پاڵ تەرمی (ئیدریس بارزانى)دا بگەڕێنێتەوە بۆ زێدى لە دایکبوون (گوندى بارزان). لە کاتى ئەم هاتنەوەیەشدا جەماوەر خرۆشا و بە تاسەوە پێشوازیى لە تەرمەکانیان کرا، بەلاى منەوە ئەمە شتێکى ئاسایى بوو خۆ ئەگەر تەرمەکەشى لە شنۆ بمایاتەوە هەر ئاسایى بوو، چوونکە شارێکى کوردییە و مەلا مستەفاش بە گشتیى شۆڕشگێڕى هەر چوار پارچەکەى کوردستان بووە، بەشدارییکردنى ئەو لە کۆمارى دیموکراتى کوردستاندا بە رێبەریى قازى محەمەد بەڵگەیەکە بۆ ئەو قسەیە. بەڵام ئایا سەرکردایەتى کورد بۆ ئەقڵى بەوە ناشکێ چنگێ خۆڵ و لم لە بیابانەکانى سعودیەوە هەڵبگرێ و ناوى لێبنێ رۆفاتى پیرۆزى شێخ عوبەیدوڵڵاى نەهری “شەمزینی” و بێگەڕێنێتەوە بۆ وڵات و لە یەکێک لە چیاکانى کوردستان وەک هێمایەکى خەبات دایبنێت؟ ئایا کامیان گرنگە ئێسک و پروسکى سەرکردەیەک لە خاکى عەرەب رزگار بکەین یان تەرمى سەرکردەیەک لە شارێکەوە بۆ شارێکى دى کوردستان وەگوێزینەوە؟ ئایا ئێمە میللەتێکى سەیرو غەریب نین، ئەوەندە دڵڕەقین لەگەڵ دڵسۆزانى وڵاتەکەماندا؟.
*مام جەلال پیاوێکى سیاسیی و سەرکردەیەکى ناسراوە، کە هەڵیانبژارد بۆ سەرکۆماریى عێراق نەک کورد، بەڵکو زۆرێک لە بیانییەکانیش بە لایەقترین و شایستەترین کەسیان زانى بۆ ئەو پۆستە. بەڵام ئەگەر مام جەلال دە ئەوەندەى تر شایستە تر بوایە بۆ بەڕێوەبردنى ئەو پۆستە، بە دەنگ و سەنگى میللەتى کورد نەبوایە پێى نەدەخستە کۆشکى کۆمارییەوە. ساتێک مام جەلال بووە سەرکۆمار شایى و لۆغانى لە سلێمانییەوە بۆ بنى دنیا درێژ بۆیەوە و وەک رۆژى 7-3-1991 زەماوەندمان گێڕا، کاتێک کەناڵێکى عەرەبى چاوپێکەوتنى لەگەڵ سازدا و پێیان وت دەیانەوێ وەک کابرایەکى خۆش مەشرەب و نوکتەباز، چەند نوکتەیەکیان بۆ بگێڕێتەوە، کەچى ئەو دە پانزە نوکتەى لەسەر کورد گێڕایەوە و هەموو جارێکیش دەیووت (جاء الکردی….) جا مام جەلال لەو ئاستە بەرزەدا و بە دەنگى کورد چوو بێتە ئەو پلەو پایەیەوە، ئاوها گاڵتە بە گەل و نەتەوەکەى بکات، بۆچى دەبێ دوودڵ بین لەوەى بڵێین ئێمە میللەتێکى سەیرین، هەر ئەم سەیرێتییە وایکردووە لە مێژوودا نەبینە هیچ.
*رۆژى 24-12-2006 لە فێستیڤاڵى پەنجا ساڵەى کۆچى دوایى شێخ مەحموددا (د.ئەفراسیاو هەورامى) کۆڕێکى نایابى بەڵگەنامەیى لەسەر پەیوەندیى شێخ مەحمود و تورکەکان و روس پێشکەش کرد بە تایبەتى لە رێی ئەو بەڵگەنامانەى لە سۆڤێت دەستى وى کەوتبوون. د.ئەفراسیاو باسى ئەوەیکرد دروشمى کرێکاران و گەلانى بندەستى دنیا یەکگرنى لینین و یارمەتیدانى گەلانى ژێر دەستى جیهان لەلایەن شورەوى تەنیا قسەى رووت بوون و لە بوارى کرداریدا خێرێکى بۆ کورد تیا نەبووە. کەچى خوێنەوارێکى چەپى مارکسى کە بە شەخسیى زۆرم خۆشدەوێ زۆر بە توندیى لە جێى خۆى بەرزبووەوە و بەدحاڵیانە وتى: هاوڕێ لینین (وەک ئەوەى نان و پیازى لەگەڵ خواردبێت) قەت پشتى لە چەوساوەکان نەکردووە و شورەوى بێ بەڵێن نەبووە، بەڵکو هەلومەرجى زاتى و عەینیى لەبار نەبووە تا یارمەتى راستەوخۆى خەباتى گەلی کورد بدەن. بیر دەکەمەوە، ئەم هاوڕێیە نە باڵیۆزى روسیایە و نە ئەندامى سەرکردایەتى حزبى بەڵشەویک و نە نوێنەرى (هاوڕێ لینین) یان (هاوڕێ ستالین)!، ئیتر ئەم داکۆکییە کوێرانەیە چییە لە سۆڤێتى گۆڕ بە گۆڕ؟ لینین زیندوو بکەرەوە دان بەوەدا دەنێ کەمتەرخەم بووە لەو رووەوە. کەچى کوردە کۆمۆنیستەکان هێشتا مکوڕن لەسەر ئەوەى داکۆکى لەو هەڵە و بێباکییە گەورەیە بکەن سۆڤێت دژى گەلەکەیان هەیبووە، ئایا لەمەشیاندا قسەکەى من راست نەبوو کە دەڵێم ئێمە میللەتێکى سەیرین؟!.
*ئێمەیلێکم بۆ هاتبوو، لەبەر پاشگرى (شەمزینى) دواى ناوەکەم لەبرى خۆم یەک ملیۆن جنیۆى ناشیرینى بە شێخ عوبەیدوڵڵاى نەهرى (شەمزینى) دابوو، ئەوى بە خائین و فیوداڵێکى بێ عەقڵ لە قەڵەم دابوو، پێم سەیر نییە کەسێکى ئاسایى بە تاوانى یەک تاکە کەسى شەمزینى هەموو شەمزینییەکان بە تایبەتى ناسراوترینیان دەسوتێنێ، چوونکە تازە بە تازە هەردوو مێژوونووسە زیتەڵەکەمان (د.کەمال مەزهەر- د.فوئاد حەمە خورشید) دەڵێن: داواى لێبوردن لە هۆزى سەربەرزى هەمەوەند دەکەین کە بە خائین لە قەڵەممان دابوون!! ئاخۆ کێ بە ئێوەى وتووە بە تاوانێک (موشیرى حەمەى سڵێمان) بەر لە هەشتا و ئەوەندە ساڵ کردوویەتى یەک هۆزى گەورە تۆمەتبار و گوناهبار بکەن بە منداڵى سەر بێشکەشیانەوە؟!. جا ئەگەر مێژوونووسەکانمان بەم تەسکبینى و بێ ئەقڵییەوە مامەڵە لە تەک رووداوە مێژووییەکاندا بکەن و بیرى لێبکەنەوە، لێم مەگرن لە جیاتى یەک تاکە جار یەک ملیۆن دەفعە بڵێم ئاى چەندە میللەتێکى سەیر و سەرسوڕهێنەرین!.
*مێژوونووسێکى ئەکادیمیی (د.فوئاد حەمە خورشید) لە دۆزینەوەیەکى نوێدا و لە تاقیگەى مێشکیدا تازە بە تازە بۆى دەرکەوتووە (موشیرى حەمەى سڵێمان) خائین نەبووە!! بە دەلیلى ئەوەى لە جەنگێکدا بە باشى رێنوێنى هێزەکانى بەریتانیاى نەکردووە، بەڵام وى لە بیرى چووە (موشیر) چاوساغ و جاشى سوپاى ئینگلیز بووە و چۆتە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگەى کورد و دەستى گرتوون بۆ قوڵایى شاخەکان و ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى خەباتگێڕانى کورد. ئەگەر تازەترین دیکۆمێنت و لێکۆڵینەوە ئەوەمان بۆ بسەلمێنێ (موشیر) خائین نییە، کەواتە دەبێ چاوێک بە بیرکاریشدا بخشێنینەوە، چوونکە دەبێ گومان لەوەش بکەین یەک زائید یەک یەکسان بێت بە دوو، دەبێ لەولاشەوە جێگەیەک بۆ شێخ مەحمود بکەینەوە و پێناسەى بکەین چییە؟. ئایا ئەگەر (موشیر) خائین نەبووبێ کەواتە شێخ مەحمود چی بووە؟ بێ شک شێخ یان موشیر یەکێکیان خائینن، گەر بە قسەى ئەو دکتۆرە بەڕێزە بێ شێخ خائینە نەک موشیر!. مادام هێڵەکانى نەتەوایەتی و وڵاتپارێزیی لەگەڵ خیانەت تێکەڵاو بوون و بە ئاستەم دەتوانین لێکیان جودا بکەینەوە، کەواتە ئێمە میللەتێکى لاژک و گەمژەین و ناهەقم مەگرن ئەم کەڕەتەش بڵێم ئێمە میللەتێکى زۆر سەیرین!!.
*میللەتی کورد میللەتێکی مەرگدۆستە و تا دوا ئەندازە رقی لە هەموو ژیاندۆستییەکە، میللەتێکە جەنگی هەرە گەورەی لەگەڵ ژیانە، ئێوە سەیری بکەن ئەم میللەتە بەرگەی سەدان ساڵی شەڕ و کوشتن و ماڵوێرانیی و خوێنڕشتن دەگرێت، بەڵام بەرگەی بینینی دیمەنی ماچێک ناگرێت لە شوێنێکی گشتیی یان لەسەر شاشەی تیڤی، ئەگەر مێژووی سیاسیی کورد تاریکترین لاپەڕە بێت لە شەڕ و جەنگەکانی یەکتر سڕینەوە، ئەوا مێژووی کۆمەڵایەتیمان پڕیەتی لەو جەنگانەی جوانی و هونەری ژیاندۆستیی سەرکوت دەکەن، لەم سۆنگەوە دەتوانم بڵێم مێژووی کۆمەڵایەتی ئێمە بریتییە لە مێژووی چەپاندنی سێکسیی و قەمعی جوانی و ئیرۆتیک و هەرەس پێهێنانی هەر تامەزرۆییەک بۆ بیناکردنی ژیان. بۆیە ناهەقم مەگرن وەختێک دەڵێم بە راستی میللەتێکی زۆر سەیرین!.
*سۆفۆکلیس، وتوویەتى (سەیرەکانى دنیا زۆرن، بەڵام لە هەموویان سەیرتر ئادەمیزادە)، بەڵام ئەگەر سۆفۆکلیس نوکە لە ژیاندا بمابایە و لە نزیکەوە و تا سەر مۆخ کوردى بناسیبا، رستەکەى بەم جۆرە تەواو دەکرد “سەیرەکانى دنیا زۆرن، بەڵام لە هەموویان سەیرتر ئادەمیزادە، سەیرترین ئادەمیزادیش مرۆڤی کوردە”.
ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆڵم
- وێنەکە وێنەی هەڵمەتە سەربازێکانی کەمالیستەکانی تورکیایە، بۆ جینۆسایدکردنی کوردی کوردستانی باکور لە سەرەتاکانی سەدەی بیست.(دەنگەکان)
*لە ژمارە (35)ی رۆژنامەی (نێوەند) لە رۆژی 18-1-2007 بڵاوبووەتەوە. بەڵام دوای 14 ساڵ و 4 مانگ ناوەڕۆکەکەی بۆ ئەمڕۆش دەست دەدات.