Skip to Content

فلاشباک-24- لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە.. ستیڤان شەمزینی

فلاشباک-24- لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by تشرینی دووه‌م 5, 2021 General, Opinion


بەشی بیست و چوار

دوێنێ شەو، لەگەڵ “محەمەد عومەر عوسمان” تووشی دۆخێکی ناخۆش بووینەوە. ئاسایشەکانی شار وەک گورگ پەلاماریان داین. دوێنێ کاتژمێر چواری عەسر لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێدا، لەگەڵ “حەمە عومەر” لە چایخانەی سەهۆڵەکە یەکمان بینی. من سەرخۆش و ئەویش تەواو مەست. بڕیارماندا بە مەی خواردنەوەی زیاتر، ژیلەمۆی خەمەکانمان بگەشێنینەوە. “حەمە عومەر” رەخنەی زۆری لە حکوومەت و حزبی فەرمانڕەوا گرت، بەڵام نەک کەس پشتگیریی قسەکانی نەکرد، تەنانەت هاوڕێکانمان لێمان دوور دەکەوتنەوە و جاسووسە چاو مۆنەکانیش بە مۆڕەوە سەیریان دەکردین.
بە دەم پیاسە و جگەرە خواردنەوە ملی رێگامان گرتە بەر، بەو نیەتەی بچین بۆ “نادی مۆزەفین”. لە تەنیشت بەنزینخانەی عەقاری، حەمە عومەر، تووڕەییەکەی گەیشتە ئاسمان، خۆی کرد بە کۆگای “ئاشوور” و سڵاوێکی لە “ئەدمۆن” کرد و چارەکێک ویسکی لێکڕی. هەر بەدەم رێگاوە ئەو چارەکە ویسکییەی خواردەوە. بەم شێوەیە گەیشتینە بەردەم باخی گشتیی. لەو کاتەدا کە حەمە عومەر شووشەی چارەکە ویسکییەکەی فڕێدایە تەنەکەیەکی خۆڵەوە و بە دەنگێکی بڵند دەستی کرد بە رەخنەگرتن لە بەرپرسانی سیاسیی، یەکێک لە ئاسایش و پاسەوانەکانی هۆتێل سلێمانی پاڵاس، جنێوێکی ناشرینی دا. ئێمەش چووینە بەردەمی و حەمە عومەر وتی بڕۆ جنێو بدە بەو کەسەی لە ژوورەوە کەیف و سەما دەکات و تۆی لێرە لەم بەر سەرمایە داناوە.
لەو کاتەدا پاسەوانەکە تووڕە بوو، کردی بە هاوار هاوار. پاسەوانەکانی دیکە بە میل راکێشان هاتنە پێشەوە و زیاتر لە 10 تفەنگی رزیو رووی تێکردین. حەمە عومەر هاواری کرد دەی ئازابن وەرن وەک بەکر عەلی شەهیدم بکەن. یەکێکیان لوولەی تفەنگەکەی لە ژێر گۆی مەمکم گیر کردبوو، وتی ئەمشەو من تۆ ئەتۆپێنم کۆمۆنیستی بێ رەوشت. منیش وتم خەڵک کوشتن لای ئەوەی هیچ رەوشتێکی نییە ئاو و دۆ خواردنەوەیە. لەناکاو دەنگێک لەو بەر شەقامەکەوە هاواری کرد، نەکەن، نەکەن، هیچ نەکەن، پاسەوانەکان ئاوڕیان دایەوە و کەمێک کشانەوە. کابرا هاتە ئەمبەرەوە و کۆی پاسەوانەکان سڵاوی سەربازیان بۆ کرد، بە هەستکردن بە شەرمەوە وتی من داوای لێبوردن دەکەم بۆ ئەو رەفتارە ناشرینەی پاسەوانەکان. بەزۆر پەلکێشی ناو هۆتێلەکەی کردین، ئێمەش نەماندەویست بچین، چوونکە پێمانوابوو پیلانێکە و لە ژوورەوە حەسیر مەیدانمان پێ دەکەن.
چووینە ژوورەوە، هەندێک لە بەرپرسەکانی شار و حکوومەت بە ڕوویەکی گەشەوە هاتنە پێشوازیمان، بەڵام ئێمە رەتمان کردەوە دەعوەتیان قبوڵ بکەین. تەنیا ئەوە نەبێ چووینە کافتریاکە و وا بزانم بە هەردووکمان لە ماوەی 2 سەعات کە لەوێ ماینەوە 12 قاوەمان خواردەوە، بە راستی شەوێکی سەیر بوو، چوونکە لە کۆتایدا بە ئۆتۆمبیلی ئاسایشەکان بردیانینەوە بۆ ماڵەوە، کاتێک گەیشتمە بەر دەرگای ماڵی خۆمان و یەکێک لە دراوسێ یەکێتییەکانم منی بینی لە پێشی ئۆتۆمبیلی ئاسایشەوە وەک ئەفسەرێک دێمە بەرچاو و دابەزیم، تووشی واق وڕمان بوو، ئەم بەیانییەش چووم بۆ نانەواخانە ئەو زۆر گۆڕابوو، سڵاوەکەی گەرم ببوو لەگەڵم، پێیوایە من ئاسایشی نهێنیم، ئای دنیا ئەمە چییە دەڵێی لەناو چیرۆکێکی عەزیز نەسین خۆم دەبینمەوە.
شاملۆ وتەنی دنیایەکی سەیرە گوڵم، ئێمە هاوڕێکانی خۆمان لە وتنی وشە توندەکان لێمان هەڵدێن و ناوێرن پارەی چایەکمان بۆ واسڵ بکەن. کەچی ئەو دەسەڵات و حزبە میلیتانتەی رەخنەی لێدەگرین رێزمان لێ دەگرێ و بانگی سفرە و خوانی شاهانەمان دەکات. ناڵێم بەو رەفتارەیان دەسەڵاتم لا جوان دەبێت، بەڵام خەریکە بگەمە ئاستێک بڵێم رەوشتی زۆرێک لەوانەی خۆیان بە هاوڕێمان دەزانن گەلێک نزمترە لە پاسەوانەکانی دەسەڵات.

2-1-2000
ستیڤان شەمزینی

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 82-85 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە

Previous
Next
Kurdish