فەرموودەكانی شیعری بێگەرد … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
1
شاعیر له خۆڕسكییدا خه‌سڵه‌تی یاخیبوونی له‌ناوه‌وه ڕسكاوه و مانا و تۆڕی پێكهاته و یه‌كێتی هه‌سته‌كانیه‌تی، به‌ڵام خەسڵەتی پێشمەرگه‌ی نییە. من قەت قەڵەمم نەكردووه‌ته چەك. شیعر به‌ره‌و قووڵایی ده‌بێته‌وه و وزە و درەوشانەوەی هەموو نووسینێكە، تەواوكەری پڕۆژه ڕۆشنبیرییه‌كان و قه‌واره‌یه‌كی سه‌رتاسه‌رییه.
2
له شیعری بێگه‌رددا شاعیر ده‌بێتە ڕوخسارێكی كارای گەردوونیی، پەیوەندی بە تاكە شوێنێكەوە نامێنێت، دەچێتە ناو هێما و زاراوە و بنەڕەتەكانی تەواوی بوون و جیهان و خەون و چییەتی مرۆڤەوە. توانای بەدیهێنانی خەونی تێدا پەیدادەبێت، خه‌ون و به‌دیهێنانی به‌های ڕۆحیی و گه‌ردوونیی بوون.
3
هه‌موو قوتابخانه شیعرییه‌كان له‌ناوده‌چن، ته‌نیا شیعر خۆی، گه‌وهه‌ری گه‌وهه‌ره‌كان ده‌مێنێته‌وه. كە بیر لە قوتابخانه و ڕێباز و تەوژم و جووڵانەوە جیاجیاكانی شیعر دەكەمەوە. تەوژمی هەستیی و خەونییم لە وانی دی پێ باشترە. لەواندا دەتوانم بچمه سه‌ر پایه‌ی خۆم و خۆم بنیادبنێم و هێز و وره‌یان لێوەرگرم و جۆش بگرم، جۆشگرتن له گۆڕان و داهێنان. هه‌ر كارێك به وردی و وریایی ئه‌نجامی بده‌ی فیداكاریی ده‌وێ و له‌ناوی ده‌درەوشێیته‌وه.
دەنگی دەرەوە ناتوانێت ناوه‌رۆكی ناخ بناسێنێت، یان بتاسێنێت. چەمكی بەختیاریی ئەدەبی لەناخمدا دەخەمڵێنم و به مۆركی هونه‌ریی خۆی له‌گه‌ڵیدا ده‌مێنمه‌وه و ده‌بێته بنیاد، بنیادی جوانی ڕه‌سه‌ن له زه‌ینمدا.
4
لە ئەزموونی مندا ئەمە ڕووینەداوە و نەمویستووه ئەفسانە تێكبشكێنم، بەڵكو ویستوومە له ڕێگای زمانی ئه‌فسانه و جیهانبینی ئه‌فسانه‌ییه‌وه ڕایه‌ڵ و تانوپۆی بۆ ئاستی بەكارهێنانی ڕووداوێكی هاوچەرخ بچنم و بەرزی بكەمەوە و بەكاریبهێنمەوە. ئەفسانە پێویستییەكی ناوكییه وزه‌ی شاراوه‌ی شیعر ئاشكراده‌كات، پاشان بۆ كارامەیی بەكارهێنان پێویستی بە ئاگایییەكی هۆشمەندانەیە، هه‌رچه‌ند ده‌چمه ناو ئه‌زموونه‌وه ئه‌فسانه‌م ڕوون و قووڵتر لا كۆده‌بێته‌وه و هه‌ڵكۆڵینی تێداده‌كه‌م و واقیعی تێدا داده‌ڕێژمه‌وه.
له ده‌قدا ڕووده‌دات بینین جێگۆڕكێ له‌گه‌ڵ وزه‌ی ئه‌فسانه‌یی بكات، یان به‌پێچه‌وانه‌وه. گۆران له ده‌قی: (زه‌نگی په‌ستی)دا، منی به‌جێگۆڕكێكردنی بینین بۆ وزه‌ی ئه‌فسانه و لێدانی ده‌ماری زمان مووتوربه كرد.
هیچ شیعرێكی داهێنراو لە وزەی ئەفسانە خاڵیی نییه. ئه‌م شیعره به نه‌مریی ده‌مێنێته‌وه، ئه‌فسانه وزەی نووسینی بەرزكردبێتەوە تا ئاستی ڕەسەنی و زیندوویی.
5
زمان هۆكاری ده‌ربڕینی شته ناوه‌كی و زه‌ینییه‌كانی شیعره، شیعریش ڕێبازی ژیان و بیركردنه‌وه و ئامانج و چاره‌نووسمه، مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵیدا خۆشه و حه‌زده‌كات له‌به‌ر ڕۆشناییدا ببیندرێت. له ژیاندا له بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعره‌كانم زیاتر هیچم نه‌ویستووه، بوێر و بێباكیش بوویمه ته‌نیا جارێكیش نكوڵیم له ڕاستی و ڕاستگۆیی نه‌كردووه و وه‌ك پارتیزانێك ڕووبه‌ڕوو جه‌نگاوم، قه‌تیش نه‌كه‌وتوومه‌ته ناوبژی و گونجانێك. هه‌میشه له به‌ره‌ی ئێستێتیكادا به وریایییه‌وه وه‌ستاوم و ناپاكییم له‌گه‌ڵ به‌هره و توانای خۆم نه‌كردووه.
شیعر هه‌ژاره و زۆریش به‌هێزه، به مردن ده‌وره‌دراوه. باوكم به هه‌ژاری مرد، دایكیشم. له مندا ده‌ركه‌وتنه‌وه و ماونه‌ته‌وه و تێكه‌ڵ به حاڵه‌تی نووسین و یاده‌وه‌ری نووسین بوون. حاڵه‌تی نووسین هه‌ستكردنه به كرانه‌وه‌ی گه‌ردوون، به سه‌ره‌تای دووه‌می ناوده‌به‌م، شته جوانه‌كانی ماونه‌ته‌وه شیعری بێگه‌رد له دیدێكی ته‌واو ئێستێتیكییه‌وه پاراستوویه‌تی و كردوویه‌تی به مایه‌ی ڕه‌زامه‌ندی و نموونه. ده‌مه‌وێ له ڕێگای هێزی ده‌قه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كی هه‌قیقی دابمه‌زرێنم و له پاراستنی شته جوانه‌كان نزیكببمه‌وه.
6
گۆران و ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د و جه‌لال به‌رزنجی ….. تاد، نوێبه‌خشییان له زه‌ینی مندا شێوه‌پێدا و ناوه‌ندێكیان پێبه‌خشی، ناوه‌ندی نوێبه‌خشیی، له نوێبه‌خشیی ئه‌واندا، نوێبه‌خشیی خۆم كه‌شفكرد و په‌ره‌م پێیدا. ئه‌وه‌ی نووسیومه كاتێك ده‌زانم نوێبه‌خشییه، كه توانیبێتم به پڕی زمانی تێدا دووباره‌بكه‌مه‌وه و بیكه‌م به هه‌وێنی زه‌ینیی. كه توانیم به پڕی زمانی تێدا دووباره بكه‌مه‌وه و كردبێتمه هه‌وێنی زه‌ینیی، ئه‌وجا ده‌زانم نوێبه‌خشییه‌كی بێگه‌رد و هه‌ستكردن به ئازادی بووه، ئازادی منه، واته: نهێنی مه‌وداكانه. نوێبه‌خشیی ئازادییه‌كی شاراوه‌یه، مێشكی نوێبه‌خش، مرۆڤ به به‌هره ئێستێتیكییه‌كانی ده‌دۆزێته‌وه و ده‌ناسێت، كه داهێنه‌ری جیهانبینییه‌كی خۆبینینه و نوێبه‌خشیی له‌ناو دڵی وشیار و پڕ ئاگایدا كاری خۆی كردووه.
7
شیعری من ڕووبار نییه، جۆگه‌یه‌كی باریكه، خاڵیی نییه له خوڕه‌ی پاراو، ئه‌م خوڕه نه‌رمه سه‌رڕێژه له جیلوه‌ی هه‌قیقه‌تی بوون. هه‌قیقه‌ت ونه، پرسیاره، له وه‌ڵام گرینگتره. ده‌نگی مه‌وداكانه له هه‌سته‌كانی شاعیردا ده‌خرۆشێت و گوێمان لێی ده‌بێـت. گومان و دوودڵییه‌ك له نێوان واقیع و خه‌یاڵ، له ڕێگای ڕسته‌ی لێكدراودا پیشانی وه‌رگر ده‌دات، وام بیركردووه‌ته‌وه هه‌ندێك باڵی خه‌یاڵ ده‌چێته ناو واقیع و هه‌ندێ ورده‌كاری واقیعیش وه‌ك خه‌یاڵ ڕه‌شكه‌وپێشكه به بینین ده‌كه‌ن، زه‌ینی وه‌رگر له ڕسته‌ی ساده‌وه به‌ره‌و ڕسته‌ی لێكدراو ده‌به‌ن.
بوونی هه‌موو شته‌كان: ده‌ریا، ڕووبار، كانی، جۆگه‌ی باریك ….. تاد، پیرۆزن. ئاشقانه ده‌ڕوانن و ده‌یانه‌وێ ژیانیان ده‌سكه‌وێت و ساده‌یی شته‌كان بناسن. شیعری بێگه‌رد له كۆتایی خۆیدا گوێڕایه‌ڵ و وابه‌سته نییه، نه به خه‌یاڵ، نه به واقیع، نه به ئه‌فسانه و ئایینه‌كان ….. تاد، جگه له شیعرییه‌تی پڕ.
8
گۆشه‌گیرییه‌كی وشیارییم هه‌ڵبژاردووه. بۆ ئه‌وه‌یه زیاتر له شیعره‌كانم وردببمه‌وه و سه‌رنج نه‌خه‌مه سه‌ر شتی تر، یان ئه‌و شته لابه‌لایانه‌ی شیعر هه‌ڵده‌بزڕكێنن. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵنه‌بزڕكێی ده‌بێ دووربكه‌ویته‌وه و نامۆبیت. (ئه‌حمه‌دی مه‌لا) وه‌ك نموونه‌ی باڵا وه‌رده‌گرم، ئه‌گه‌ر گۆشه‌گیری وشیاریی هه‌ڵنه‌بژاردبووایه و له مۆته‌كه‌كانی ئه‌ده‌ب دوورنه‌كه‌وتبایه‌وه شاكارێكی وه‌ك: (كتێبی شیعر)ی پێشكێش به مێژووی داهێنان نه‌ده‌كرد.
9
شیعر له یه‌كه‌م ڕه‌شنووس و یه‌كه‌م پاكنووسیه‌وه ته‌واوده‌بێت، له هه‌مان كاتیش‌دا قه‌ت ته‌واونابێت، بیركردنه‌وه‌یه‌كه داوای به‌رده‌وامبوون ده‌كات. شیعرێك پێش سی ساڵ نووسیبێتم، هه‌ر جارێك گه‌ڕابمه‌وه سه‌ری گۆڕانێكم تێیدا كردووه. ئه‌م ده‌ستكارییه نه‌بوونی دڵنیایی نییه، هه‌وڵه بۆ گه‌شه‌پێكردنی. ساتی شیعر په‌یوه‌ندی به ده‌روون و زمانه‌وه هه‌یه. ڕێكه‌وتبووه له‌كاتی ڕۆیشتنم له‌سه‌ر شه‌قامدا، ڕیتمی ڕۆیشتن یارمه‌تیداوم بۆ گۆڕینی ڕسته و وێنه، چونكه ئه‌م ساتی شیعرییه بیركردنه‌وه‌ی ڕابردووی زیندووكردوومه‌ته‌وه و گه‌یاندوومیه‌ته‌وه ساتی نووسینی ڕه‌شنووسی یه‌كه‌م. ئه‌م حاڵه‌ته‌ش ڕێخۆشكه‌ر و یارمه‌تیده‌ره بۆ ده‌ستكاریكردن و بهیهكگهیشتنهوهی ئیلهام و ورووژان. لێكۆڵەر ئه‌م كرده‌یه به خراپ لێكده‌ده‌نه‌وه و ده‌ڵێن ڕه‌وتی پێشكه‌وتنی شاعیر ده‌كه‌وێته نادیارییه‌وه.
لێكۆڵەر ده‌توانێت له هه‌ر ده‌ستكارییه‌كدا جۆرێك ببینێت. كامه بینین له میتۆدی ئه‌و نزیكه، میتۆدی خۆی له‌میاندا تاقی بكاته‌وه. شیعر له منداڵدانی كات له‌دایكده‌بێت و ئیدی له ده‌ستكاری به‌رده‌وامیدا گه‌شه‌ده‌كات. شیعر ڕوویه‌كی نه‌زاندراوه.
10
خانه‌واده‌كه‌م وه‌ك هه‌ر خانه‌واده‌یه‌كی چینی هه‌ژاری ناو كۆمه‌ڵگای كوردی، ده‌یانویست كوڕه‌كه‌یان ببێته فه‌رمانبه‌رێكی خاوه‌ن: سایه و مایه و پایه. منیش هه‌موویانم ڕه‌تده‌كرده‌وه، هه‌ڵبژاردن و كۆششم ته‌نیا بۆ ئه‌وه بوو، ببم به شاعیر، شاعیریی له هه‌موو شتێك زیاتر كۆششی ده‌وێت. شاعیریی بوون كه‌سایه‌تییه‌كی په‌تی و پته‌و و مرۆڤبوونه، هه‌وا و هه‌ناسه‌ی پاراوی به ئازادی تێدا هه‌ڵده‌مژم. وابزانم له هه‌ڵبژاردن و كۆششمدا له قوتابخانه‌ی ئه‌شق خوێندم و نیشانه‌م له‌به‌ر ئاوێنه‌ی ویست داناوه. شاعیریی بوون ڕووداوێكه دڵنیایی لێ نه‌سه‌ندوومه‌ته‌وه، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ كه‌سه خه‌ڵقكراوه‌كانی ناو خه‌یاڵی خۆم قسه‌ده‌كه‌م.
ئێستا دوای نیو سه‌ده زیاتر له ته‌مه‌ن، منداڵه‌كانم له‌ڕوومده‌ده‌ن تۆ باوكێكی: بێ‌باك، یان كه‌مته‌رخه‌م، یان ته‌مبه‌ڵ بوویت. ئه‌گینا بۆ نه‌تده‌خوێند، ده‌بووایه بتخوێندبووایه ….. تاد، منیش هه‌میشه دروشمی ژیانم: خوێندن بۆ بڕوانامه و سایه و مایه و پایه نه‌بوو، به‌لامه‌وه‌ش هیچ گرینگ و مه‌به‌ست نه‌بووه، چی له‌وه خوێنده‌وارترم ناكات، چه‌ند نامه‌یه‌كی ماسته‌ر و دكتۆرا له‌باره‌ی بیری منه‌وه نووسراون و لێكۆڵەرانیش هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌باره‌ی ئه‌زموونی شیعریی من كردووه. خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیات ئه‌زموومێكی ئارامبه‌خش و خاڵی سه‌رنجڕاكێشانی من بووه و هه‌ستی به‌رپرسیاریه‌تی لا دروست و به‌هێزكردووم، له ساتی ئه‌م به‌رپرسیاریه‌تییه‌دا ڕوون و به‌ئاگام.
شیعر پایته‌ختی ڕووناكی هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانه. له‌و پایته‌خته به كۆششێكی ته‌واو ئازاد ده‌ژیم، به‌ڵام وه‌ك گه‌ڕان و گه‌شت: ناوچه‌ییه‌كی په‌تیم. له‌ڕووی خۆشگوزه‌رانی و ویستی منداڵه‌كانم، دان به هه‌ڵه‌كانم ده‌نێم و قبووڵیان ده‌كه‌م: بێ‌باك و كه‌مته‌رخه‌م و ته‌مبه‌ڵبووم.
11
شاعیری بێگەرد كەسایه‌تییەكی بەهێز و سەربەخۆیە، شاعیری بوونه، ده‌نگی مه‌وداكانی به‌ده‌ستهێناوه، په‌یبه‌ر و په‌یپێبراوه، به‌رانبه‌ر به سیسته‌می ناڕێك وه‌ستاوه. شیعرەكانی زەینێكی ڕوون و تیژیان داوەتێ و ژیاننامەیەتی، تیزابی به چاوی شمشێری دیموكلیس داكردووه. شیعر بوونەوەرێكە زوو شەڕی خۆی لە پێناو دادپەروەری خۆی دەكات و تۆڵەی وەردەگرێتەوە.
شاعیر به‌ده‌ر له شیعره‌كانی ده‌بێت كه‌سایه‌تی ئه‌ده‌بی خۆشی له‌به‌رچاو بگیرێ و بخوێندرێته‌وه. ئاره‌زوومه‌ندی شیعر هەیە تا ئەوپەڕی چووه‌ته پاڵ ئایدیۆلۆژیایه‌كی سته‌مكار و جه‌للادی چه‌پێنه‌ر، نانی نانی و كاسەهەڵگر و پانیكێشهەڵگر و زه‌لیل و به‌ڵێ قوربانه. به خواستی خۆی بووه‌ته كۆیله‌ی هه‌موو جه‌سته گوێ و ده‌م، دەیەوێت له‌ناو پرسه تایبه‌تییه سیاسییه‌كانیدا شیعریش بنووسێت. لەم حاڵ و بارەدا شیعر ده‌نگێكی تێكشكاو و سه‌رێكی كز و جەستەیەكی بێجووڵەیە. نرخ و به‌ها و مانایەكی نامێنێت، نابێتە تیشكۆی سەرنجی خوێنەر و لێكۆڵەر، وه‌ك شاعیرێكی سه‌ربه‌خۆ بوونی نییه. بە ڕەواش دەزانێت گلەیی توند لە خوێنەر و لێكۆڵەران بكات نایخوێننه‌وه، لە ناوەوەشیدا ئەو هەقیقەتە هەناوی لە دەمی ده‌هێنێتە دەرەوە، كه كەوتووه‌تە خانەی بێزران و بێبایەخ بوون، ئه‌و ده‌ربڕینه ئێسك ناشكێنێت. گرێی مێژووی داهێنان ده‌كاته‌وه.
12
20/3/1984 لە یانەی مامۆستایانی هەولێر، یەكەمجار بە بەزم و ڕەزمی سروودی نەورۆزەوە چوومەسەر مێزی خواردنەوەوه. لەگەڵ: مەحموود زامدار، مستەفا په‌ژار، خالید جووتیار، دكتۆر ئازاد حه‌مه شه‌ریف، بورهان ئیبراهیم یەعقووب. زامدار گوتی: یەكێكی تریشم كردە عەرەقخۆر و ناوی هاته ناو لیسته‌وه، له‌دایكبوونی ڕاسته‌قینه‌ت ئه‌و ڕێكه‌وته‌یه یه‌كه‌م پێكی تێداهه‌ڵده‌ده‌یت و به‌سه‌ر گه‌نجینه‌ی داهێنان و نوێبه‌خشی ده‌كرێیته‌وه.
پێكیان بەرزكردەوە گوتیان: بە میوانداری شاعیری لاو سەباح ڕەنجدەر، منیش ده‌نگی خۆم هه‌ڵێنا و گوتم: لە گەشانەوەی شیعری گرینگ. بۆچوونه‌كه‌ی منیان په‌سه‌ندكرد، هه‌ر پێنجیان پێكه‌كه‌یان دانایه‌وه سه‌ر مێز و دووباره به‌رزیان كرده‌وه. به كۆرس گوتمان: له گه‌شانه‌وه‌ی شیعری گرینگ. دوای هەڵدانی یەكەمین پێك خالید جووتیار گوتی: پێشبینی دەكەم ببێتە شاعیرێكی تەواو داهێنەر. مستەفا پەژاریش بە ڕەشبینیی و بزه‌یه‌كی ته‌وساوییه‌وه گوتی: وه‌ی نایبینی. كتوپڕ لە شوێنی خۆمدا تاسام و برادەران دایانە قریوەی پێكەنین.
دوای بیست و چوار ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر دانیشتنه‌كه‌دا، خالید جووتیار ئه‌زموونی خوێندنه‌وه‌ی خۆی له ژماره (130)ی 5/3/2008، گۆڤاری (ڕامان) به ناونیشانی: (شیعر و تازه‌گه‌ریی و كه‌له‌پوور) نووسیوه و له‌ناو ئاماژه و نیشانه و هێماكاندا، ئاماژه‌ی به به‌دیهێنانی پێشبینییه‌كه‌ی داوه.
دانیپێدادەنێم ئێستا و ئەوسا پەیم پێنەبردووە ئەم دوو بۆچوونە بە كوێ گەیشتوون، بەڵام درۆ باش نییە، هەمیشە خستوومیانەتە دۆخی پرسیار لەخۆكردن و مووچڕكی ترسیان لە جەسته‌مدا هێشتووەتەوە، نموونەی باڵای شیعری بێگەردیشم لەبەرچاوە، هه‌قیقه‌تی ڕۆحی خۆمی تێدا به‌رجه‌سته بكه‌م و شته گرینگ و كاریگه‌ره‌كانی خۆم به ئه‌ویدی ڕابگه‌یه‌نم.
13
له ژماره (68)ی ئه‌یلوولی 1988، گۆڤاری (كاروان)، مسته‌فا ساڵح كه‌ریم چیرۆكێكی به ناونیشانی: (پیرمامه‌ند) بڵاوكرده‌وه. ڕامانی سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه ڕاگواستنی گونده‌كانی كوردستان بوو، چیرۆكه‌كه كاریگه‌رییه‌كی قووڵی له‌سه‌ر باری ده‌روونی مندا هه‌بوو. یه‌كێك بووم له ڕاگواستراوه‌كان و برینی ڕاگواستن له من و بنه‌ماڵه‌كه‌مدا گه‌رمبوو، به‌رده‌وام خوێنی له‌به‌ر ده‌ڕۆیی. غه‌ریب و بێپه‌نا مابووینه‌وه. به ژیانی ڕۆژانه و نان و ئاوی مه‌مره و مه‌ژی ڕازی بووین. به خوێندنه‌وه‌ی، وامزانی گونده‌كانم هه‌مووی به‌ده‌ستهێناوه‌ته‌وه و زه‌وی جیهان هاتووه‌ته‌وه ژێرپێم، به شوێنی مووتوربه كردمه‌وه. له‌وساوه له خۆشحاڵی و چاوه‌ڕوانی ڕێكه‌وتێك بووم، چیرۆكنووس ببینم و له پاداشتی ئه‌م چیرۆكه ده‌ستی ماچ بكه‌م. ئه‌و ده‌ستانه‌ی له خۆشحاڵیی ئه‌ده‌بدا ماچی ده‌كه‌یت، واده‌زانی ده‌ستی خدری زینده‌یه و ئێسكی تێدانییه. من داهێنه‌رانی زمانی خۆم تا ئاستی ئه‌شقی خودایی خۆشده‌وێ. چه‌ندان جار وێنه‌ی داهێنه‌رانی زمانی خۆم له ڕووی ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كاندا ماچكردووه.
له یازدهمین فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ، له 22/11/2011 له حه‌وشه‌ی هۆڵی ته‌وار له سلێمانی، دووراودوور بینیم. شه‌رمم له شكۆی كرد بچمه خزمه‌تی و خۆمی پێ‌بناسێنم و باسی كاریگه‌ری چیرۆكه‌كه‌ی بۆ بكه‌م. بۆ ئێواره‌ی 24/11/2011 دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح میوانانی فێستیڤاڵی له: (یانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی) میوانداری كرد، میوانه‌كان له نهۆمی دووه‌مدا بوون. چیرۆكنووس له نهۆمی یه‌كه‌م له‌به‌رده‌م په‌یژه‌كه پیاسه‌ی ده‌كرد و وه‌ك زاوا ڕێكپۆشبوو. منیش له‌سه‌ر په‌یژه‌ی نهۆمی دووه‌م چاودێری و چاوه‌ڕوانم ده‌كرد سه‌ربكه‌وێت و بوێری و بێشه‌رمی ئه‌وه‌م تێدابێت خۆمی پێ‌بناسێنم و ده‌ستی ماچ بكه‌م.
من له تای چ ته‌رازوویه‌ك گه‌وهه‌ری خۆم ده‌كێشا و چیرۆكنووس له تای چ ته‌رازوویه‌ك تاسه‌ی خۆی ده‌شكاند. له‌پڕ چیرۆكنووس شڵه‌ژا و بۆینباخه‌كه‌ی ڕێكخست بۆ خۆئامادهكردنێك پێیه‌كانی له كاشی خشاند و به په‌له ڕایكرد، ده‌سته‌ودامه‌نی دكتۆر به‌رهه‌م بوو، به ده‌ست له‌سه‌ر سینگ و خۆشدووییه‌كی ناپێویست پێشی كه‌وت، فه‌رموو فه‌رمووی لێ‌كرد تا گه‌یاندی به نهۆمی دووه‌م و ناو میوانه‌كان، له‌سه‌ر مێزی به میكرۆفۆن ئاماده‌كراو یه‌ك كورسی له ته‌نیشتی دانیشت، كه ته‌رازووه‌كه‌م دیت لاسه‌نگ بوو، ئه‌وجا بیرمكرده‌وه خۆم له كوێدا بووه‌ستم و داهاتووی ئه‌ده‌ب بپارێزم. واقیع كتێبێكی كراوه‌یه هه‌ریه‌كه‌مان به جۆرێك ده‌یخوێنینه‌وه و هه‌مووشمان سوودی لێوه‌رده‌گرین.
25/11/2011 فێستیڤاڵ ته‌واوبوو، میوانان هه‌ریه‌ك به‌لایه‌كدا په‌رتبوون. بۆ به‌یانی له شیرینی: (تۆفیقی حه‌ڵواچی) چه‌ند جۆرێك شیرینیم بۆ منداڵه‌كانم كڕی و گه‌ڕامه‌وه هه‌ولێر، به‌درێژایی ڕێگا خوێنی ده‌ماره‌كانم ده‌كوڵا، كه گه‌یشتمه‌وه ماڵه‌وه شیرینیه‌كه‌م دایه ده‌ست منداڵه‌كانم، پێش ئه‌وه‌ی پشوویه‌ك بده‌م، چوومه ناو كتێبخانه‌كه‌م كۆچیرۆكی: (ڕه‌شپۆشێكی جیهانی چواره‌م)م ده‌رهێنا و له پێش ده‌رگای حه‌وشه‌م دانا، به‌ڵكو كه‌سێك له‌گه‌ڵ ده‌ستی خۆیدا هه‌ڵیگرێته‌وه و بیبات، له كاتێكدا زۆر هۆگری چیرۆكه‌كان ببووم و چووبوومه كرۆكیانه‌وه.
14
شیعر جیهاده، مێژوو له خڵت و لیخنیی پاكده‌كاته‌وه. چوومه‌ته به‌ره‌ی جیهاد. دڵنیام كه‌س ناكوژم، به‌ڵام خۆم شه‌هیدده‌بم.
15
ئەو نووسینەی لە ئەدەبدا بە شیعر ناسراوە، گرینگ شێواز و تێگەیشتن لە شێواز و ماك و ڕەگە مێژوویییەكەیەتی، چونكە نوێبەخشیی مەیلێكە بە هیچ شێوەیەك نوێ نییە و یەك سەردەمی نییه، مەیلێكی خۆڕسك و به‌رپرسیاریه‌تییه لە داهێنەردا.
بە شێوەیەكی بەردەوام لە هەموو سەردەمەكاندا دووبارەبووەتەوە و دووباره‌دەبێتەوە و دەبێتە دیاردەی مێژوویی و پەرەسەندنی مێژووی داهێنان، ئەگەر بە دیارده مێژوویییەكانی ئەدەبی خۆماندا بچینەوە و دەستنیشانیان بكەین دەبینین:
بابا تاهیر و نالی و گۆران ….. تاد، هەریەكیان نوێبەخشی سەردەمێكن و شتێك له داهاتوویان هه‌ڵگرتووه، پرسیاری ڕه‌گوڕیشه‌یی و گشتگیرییان كردووه و دیاردەن. مەیلی دووبارەبوونەوه‌ی نوێبەخشین، نهێنی بوونیان لە مەیلی دووبارەبوونەوەی نوێبەخشی و پرسیاری ڕه‌گوڕیشه‌یی و گشتگیری وەرگرتووە، هیچێكیان كانی به‌ر له خۆیان كوێرنه‌كردووه‌ته‌وه و كانی دوای خۆشیان شێلونه‌كردووه، به‌ڵكو ئاوێكی پاراویان بۆ ده‌سته‌به‌ركردووین بۆ خواردنه‌وه و دوا شووشتنمان بشێت و شتێك له داهاتوویان تێدایه. هه‌ر شیعرێك شتێك له داهاتووی تێدانه‌بێت، هیچ مانایه‌كی نابێت.
16
به‌و زمانه ده‌نووسم، هه‌ستی پێده‌كه‌م و پێی ده‌ژیم. بیركردنه‌وه‌یه‌كم، وه‌ك هه‌وڵ و هه‌نگاو له خۆمدا جووڵاندووه، ته‌نیا له‌م ده‌ستپێكه‌دا شیعری هاوچه‌رخ له‌دایكده‌بێت و جۆره هاوده‌مییه‌كی شێواز و په‌نجه‌مۆر دروستده‌بن و هاوسه‌نگ یه‌كتری ڕاده‌گرن.
17
شیعر وه‌ك ناسنامه‌ی دنیا خۆی پێناساندم، ناسنامه‌یه‌كی به‌خته‌وه‌ر. له شاكاردا ناساندنی خۆی دووباره‌ده‌كاته‌وه. بۆ دۆزینه‌وه، ته‌م له‌سه‌ر جیهانێك لاده‌دات، كه ناساندن ئاماژه‌ی بۆده‌كات.
18
لێكۆڵەری ڕاسته‌قینه نووسه‌رێكی داهێنه‌ره، ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به بنچینه‌كانی كاری داهێنانه‌وه هه‌یه، به‌ره‌و به‌های بابه‌ت و ئێستێتیكا ڕێنماییمان ده‌كات. ئه‌میش له سنووری بیركردنه‌وه و دادپه‌روه‌ری و زانینی خۆی به‌رهه‌مێك داده‌هێنێ، به‌رهه‌مه‌كه‌ی له خزمه‌تی به‌رهه‌می یه‌كه‌مدایه. سێبه‌ری یه‌كه‌م نییه، ڕووناكی دووه‌مه. خۆی داهێنه‌ره و به‌رهه‌مه‌كه‌شی داهێنانه. خوێنه‌ری نموونه‌ییش داهێنه‌ره. لێكۆڵەری ڕاسته‌قینه واده‌كات خوێنه‌ری نموونه‌یی ببێته نووسه‌ری دووه‌م، یان لێكۆڵەر ناوه‌نده له نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ردا.
له جێگایه‌ك خوێندوومه‌ته‌وه بۆ هه‌ر نووسینێك دوو نووسه‌ر هه‌یه:
یه‌كه‌م: ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ی داهێناوه.
دووه‌م: خوێنه‌ره‌كه‌یه‌تی، خوێنه‌ری نموونه‌یی.
زۆر به‌وریاییه‌وه گوێ له‌و باسانه ده‌گرم، كه له به‌رهه‌می مندا ده‌بنه باس، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ بیروبۆچوونه‌كانیشیان نه‌بم، په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵیاندا په‌یوه‌ندییه‌كی سروشتی و مرۆڤانه ده‌بێت. لێكۆڵەر هه‌قی هه‌موو بیروبۆچوونێكی هه‌یه، كه له‌ناو ده‌قه‌كه‌دا هه‌ستی پێده‌كات و بیری بۆی ده‌چێت. بیروبۆچوونی له‌باره‌وه ده‌رببڕێت. ڕه‌نگه بیروبۆچوونی نه‌چێته‌وه سه‌ر كرۆك و ماكی بیروبۆچوونی نووسه‌ره‌كه‌ش، ئه‌مه ئه‌وه نییه لێكۆڵەر به كه‌مزان و كه‌مده‌ست و ناتێگه‌یشتوو تاوانبار بكه‌یت.
نموونه: ئه‌دیب نادر، باسێكی به‌جیهانبینییه‌كی پڕ و هه‌ڵگری لێكدانه‌وه‌ی جیاجیا و میتۆدی هه‌مه‌لایه‌نه له‌باره‌ی ئه‌زموونی من به ناونیشانی: (كه خه‌ون ده‌بێته وێنه، كه خه‌ون ده‌بێـته شیعر) نووسیوه. له كتێبی: (گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵی یه‌كه‌م) ساڵی 2014 له ئه‌كادیمیای كوردی چاپكراوه، بڵاوی كردووه‌ته‌وه.
ڕه‌تی ناكه‌مه‌وه، له‌گه‌ڵ به‌شێكی بیروبۆچوونه‌كانیشی یه‌كنایه‌مه‌وه، به‌ڵام لێكۆڵەرێكی ڕاسته‌قینه‌یه و قووڵبووه‌ته‌وه، پێی له‌سه‌ر زه‌وی نووسین قایم و جووته. بیركردنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی ئه‌ده‌بیی خۆی، وه‌ك به‌رپرسیاریه‌تی نووسین و هێزی ئایینده‌بینینی نووسین به‌كارهێناوه، جیهانبینیی و دیدی منیشی ناسیوه. به‌رهه‌مێكی دروستكه‌ری پرسیاری له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كه‌ی مندا خوڵقاندووه، ئه‌گه‌ر بیروڕاكه‌شی وه‌رنه‌گرم، هه‌موو شتێك له‌م وه‌رنه‌گرتنه‌دا كۆتایی نایه‌ت. بێ هیچ گومانێك لێكۆڵەری ڕاسته‌قینه به‌شداری كارای داهێنان ده‌كات، هاریكاری ئه‌وه‌شی ده‌كات به‌رهه‌می داهێنراو به‌رهه‌مبهێنێت و پرسیاره بوونییه‌كانی خۆی بكات.
19
شیعر هه‌وڵده‌دا هه‌وڵێكبێت له ته‌واوی بواره‌كاندا دانپیانانبێ به ژیان، یان ئاشكراكه‌ری ژیانی تایبه‌تی شاعیر، كه ژیانێكی قووڵ و ڕوونه، شیعر خۆی شاعیره‌كه‌یه. ئه‌و ماوه دیاریكراوه‌ی ده‌ژین دانپیانانه به ژیان. مردن كامڵبوونی مرۆڤه. دۆنایدۆن، كه دێت وه‌رتده‌گرێ زاوزێكردنی بوونه. كارتێكردن و كارتێكراوه، دایك و ڕۆڵه‌ی زیندووی بوونن.
شیعری بێگه‌رد به‌خۆی زانیوه و به شێوه‌یه‌كی سروشتی بژێوی ڕه‌وای خۆی، نه‌ك سواڵ له‌م زاوزێكردنه‌ی بوون وه‌رده‌گرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌بی ئێستێتیكی نه‌بووایه مرۆڤایه‌تی لایه‌كی به‌تاڵده‌بوو، یان لایه‌نی كه‌م شتێكی گرینگی كه‌م ده‌بوو، یان هێڵی بیركردنه‌وه‌ی ده‌گۆڕا و هێماكانی زه‌وی زیاتر ئاڵۆزده‌بوون.
له ئێستادا، كه ئه‌زموونی نووسینم سی و پێنج ساڵی جێهێشتووه، نووسین بۆم بووه‌ته ناوچه‌یه‌كی ترسناك و چوونه ناوی ئێجگار سه‌خت و به ئازار بووه. له ڕێكخستنی وشه‌دا و كاریگه‌ریی ده‌نگێك به‌سه‌ر ده‌نگێكی دی‌دا هه‌سته‌كانم ده‌رده‌كه‌ون، ئێستا زۆر هه‌ستیارم به‌رانبه‌ر ده‌ركه‌وتنی هه‌سته‌كانم و ئه‌و وشانه‌ی ڕسته‌یان لێپێكده‌هێنم و ده‌یانكه‌م به وێنه‌ی ئێستێتیكی.
من ته‌نیا له خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ئێستێتیكیدا ده‌دروشێمه‌وه و ڕۆڵه‌ی بچووكی ئه‌ده‌بی ئێستێتیكیم، به ته‌واوی بوون و هه‌سته‌كانمه‌وه په‌یوه‌ستم پێیه‌وه و له خولگه‌كانی ده‌خولێمه‌وه. هه‌ناسه‌یه‌كی ڕوون و قووڵ له نێوان ئه‌زموون و زماندا ڕامده‌گرێ و ده‌یخۆمه‌وه، ناسنامه‌ی بوونی خۆمی لێوه‌رده‌گرم و به ده‌ستمه‌وه‌ی ده‌گرم، ده‌ستم له گۆزه‌ی شه‌رابی خودایی هه‌ڵده‌هێنم و ناوچه‌وانمی پێ ته‌ڕده‌كه‌م.
20
له‌و ته‌مه‌نه‌ی هه‌ستم به مرۆڤبوونی خۆم كردووه، چێژی وشه‌م دۆزییه‌وه و تێیدا مه‌ست و شاگه‌شكه بووم. مه‌نه‌لۆژی ناوه‌كی، واته: مه‌نه‌لۆژی ناخی بیركه‌ره‌وه. له‌ناو شیعردا له جه‌نگ و گه‌شتێكی شادیبه‌خشی بێپایا‌ندام له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نائومێدییدا. جه‌نگ و گه‌شته‌كه‌م له فه‌زای پرسێكی بنه‌ڕه‌تییه، پرسی شیعر. هه‌ر كاتێك به ئومێد و شیعر بگه‌م و باره‌كانی زه‌ین بخه‌مڵێ، جه‌نگ و گه‌شته‌كه‌م كۆتایی دێ. دووباره نه‌خشه‌ی جه‌نگ و گه‌شتێكی دی ده‌كێشمه‌وه. جه‌نگ و گه‌شتی یه‌كه‌م ئاشقبوونم به ئومێد و شیعر بۆ به‌های بزربوون له‌ناو فه‌زایدا، گوێگرتنه‌وه له یه‌كه‌مین مامۆستای زمانی دایك بۆ گه‌رمكردنه‌وه‌ی به‌هره‌ی یه‌كه‌م ئه‌شق و ئاشقبوونم به گه‌شتی شاعیرانی داهێنه‌ر و ئاشنابوون به په‌یامی یه‌كتری و دۆزینه‌وه‌ی خه‌سڵه‌تی ئه‌فسوونی شیعرییه‌ت و خه‌مڵینی زه‌ین.
21
زمان ئاسۆی گه‌ردوونیی هه‌یه و مرۆڤیش له نێوان زمانه هاوبه‌شه‌كان دابه‌شكراوه. شیعر پانتایی زمان تێناپه‌ڕێنێت، به‌ڵكو ده‌یكاته هونه‌ری زمان. له شیعری بێگه‌رددا پرسێكی گرینگ ڕۆڵده‌بینێت، زمان ده‌بێته هونه‌ری زمان، هه‌روه‌ها شیعریش ده‌بێته هونه‌ری زمان. بۆ هه‌ر وشه‌یه‌ك زیاد له مانایه‌ك په‌یداده‌بێت و سروشتییانه هه‌ڵده‌قووڵێت، له زمانی زانست‌دا یاری به مانای وشه ناكرێت، واته: وشه یه‌ك مانای هه‌یه و به‌س. له شیعری بێگه‌رددا زمان به په‌نهانی نامێنێـته‌وه و به لێكدانه‌وه‌كانی ده‌وڵه‌مه‌ندده‌بێت و ده‌بێته ئه‌زموونی شاعیر و ناوه‌ندی مانا، ئه‌زموونی شاعیر و ناوه‌ندی مانا هه‌ر له له‌دایكبوونی مرۆڤی ئاساییه‌وه تا له‌دایكبوونی خوداوه‌نده‌كان درێژده‌بێته‌وه، یان له مردنی مرۆڤی ئاساییه‌وه تا مردنی خوداوه‌نده‌كان، واته: سه‌ره‌تا پرسیار له كۆتایی ده‌كات و كۆتاییش پرسیار له سه‌ره‌تا ده‌كات، وه‌ڵامه‌كان شیعری بێگه‌ردن و سنووره‌كانی ئه‌ندێشه‌ی شاعیر به‌رزده‌كه‌نه‌وه و ده‌ستنیشانی ده‌كه‌ن.
22
له زماندا نهێنییه‌ك هه‌یه، پانتاییه جۆراوجۆره‌كانی بوون گه‌ڵاڵه‌ده‌كات ته‌نیا شیعر ده‌توانێت ده‌ستی بۆ ببا و دوو ئاسۆی كارای تێدا تێكه‌ڵاوبكات.
یه‌كه‌م: ئه‌و ئاسۆیه‌ی ژینگه ده‌یخوڵقێنێت، زمان توانای په‌یپێبردنی هه‌یه.
دووه‌م: ئه‌و ئاسۆیه‌ی شیعر ده‌یخوڵقێنێت، به چه‌شنێكی زمانه‌وانیی، دۆخگۆڕین ده‌كات.
شاعیر نیشته‌جێی هه‌ردوو ئاسۆیه. ئاسۆی یه‌كه‌م به ته‌واوی توانا ماناییه‌كانیه‌وه ئاماده‌یی له ئاسۆی دووه‌مدا هه‌یه. ئاسۆی دووه‌میش به ته‌واوی جیهانبینییه‌وه ئاماده‌یی له ئاسۆی یه‌كه‌مدا هه‌یه. تواناكانی زمان تێیاندا فه‌راهه‌مده‌بێت و درێژه به هێزی زمان و ڕێگاكانی بینینی جیهان ده‌دات و هێما ئافرێنه‌ره‌كان زمان ده‌یانكاته‌وه.
23
شیعر هۆكارێكی سه‌ره‌كییه له بوونی مرۆڤدا. مرۆڤیش خوێنەری كۆی شته‌كانه، كه‌واته: شیعر ئه‌گه‌ر چه‌ند كه‌سانێكی وریا و به‌ئاگا و بژارده بیخوێننه‌وه، ئه‌وه شیعرێكی به خوێنەره. به‌دحاڵیی و خۆهه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنێكی كوشنده له‌ناو به‌شێك له ئێمه‌مانان په‌یڕه‌وده‌كرێت. خۆماتدان له‌ژێر ئه‌م پرسیاره به‌تاڵه‌ی هه‌ر شیعرێك نه‌یتوانی له سه‌رده‌می خۆیدا خوێنەر په‌یدابكات، ئه‌وه شیعره‌كه له ئاستێكدایه و خوێنەریش له ئاستێكی نزمتردان، یان له سه‌رده‌مێكی پێشكه‌وتووتردا خوێنەری ڕۆشنبیرتر په‌یداده‌بن و ده‌بنه خوێنه‌ری ئه‌م چه‌شنه شیعره. ئه‌م جۆره تێڕوانینه هێرشكردنه سه‌ر شیعر و سووكایه‌تیكردنێكه به خوێنه‌ر، ده‌رهاوێشته و كاردانه‌وه و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه، كه خوێنه‌ر به‌لایه‌وه ناون و نایانخوێنێـته‌وه.
ئه‌گه‌ر شیعرێك له سه‌رده‌می نووسینیدا نه‌یتوانی خوێنەری وریا و به‌ئاگا و بژارده بۆ خۆی په‌یدابكات، له هیچ سه‌رده‌مێكی تردا ناخوێندرێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا بڕوام به دیارده‌ی ده‌گمه‌ن و ناوازه و سه‌رپه‌ڕ هه‌یه.
مه‌حوی، گۆران، دیلان ….. تاد، شاعیری به خوێنەرن، ئه‌مانه له ڕوئیا و شیعرییه‌تدا له ورووژان و ڕاكێشانی جادوویی و جاویدانیدان، به خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتن گه‌یشتوون، به‌یه‌كگه‌یشتنی شیعرییه‌ت و خوێنەر، هه‌ستده‌كه‌یت هه‌موو شتێكیان بینیوه، سوودیان له كه‌شوهه‌وا و هێما ئه‌فسانه‌ییه‌كانیش وه‌رگرتووه و نیگه‌رانییه‌كی داهێنه‌رانه‌یان تێدایه . با هه‌ل و بوارێك وه‌ربگرین و بچینه ناو شیعرییه‌تی ئه‌م سێ ده‌قه‌وه:
یه‌كه‌م: ئه‌وی ئه‌مڕۆ به ده‌وری ته‌ختیایه هه‌لهه‌له‌ی مه‌خلووق، مه‌حوی.
دووه‌م: دواسه‌رنج، گۆران.
سێیه‌م: سێبه‌ری په‌رت، دیلان.
له هه‌مان كرده‌شدا ده‌بیندرێت هه‌یه نیو سه‌ده‌یه پیاده‌ی نووسینێك به نیازی شیعر ده‌كات، كه‌چی من وه‌ك خوێنه‌رێكی ناوه‌خن و به‌رده‌وامی شیعری كوردی، ئه‌وه‌م ڕووبه‌ڕوونه‌بووه‌ته‌وه یه‌ك دێڕیشی بووبێته ده‌قێكی: (چێژ)، یان ده‌قێكی: (ڕوئیا)، یان ده‌قێكی: (مه‌عریفی). هه‌ر پانتاییه‌كی سپی كاغه‌ز به نیازی شیعر، به ڕه‌نگێك دابپۆشرێت ئه‌م سێ خاڵه تێیدا ئاماده‌بوونێكی به‌هێز و پڕ جووڵه‌ی نه‌بێت، بێ هیچ چه‌ندوچوونێك له شیعرییه‌ت به‌تاڵه و مێژووی داهێنان فڕێیده‌دات و بانگهێشتی ناكات بۆ بینینی جیهان.
نوێبه‌خشی بناغه‌دار، به‌رده‌وام له ڕه‌گی كۆمه‌ڵگا كارده‌كات، كۆمه‌ڵگاش بوونی خۆی ده‌ناسێت و له ده‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌كان ئاگادارده‌بێت، ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ش ده‌ناسێت كه نوێبه‌خشی ده‌گونجێنێت و چالاكی ده‌كات.
نموونه: شیعری (وه‌ره خوارێ ئه‌ی خواكه‌ی غه‌ریبان له كلكه‌ی هه‌وری ئاڵه‌وه وه‌ره خوارێ)ی ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د. فه‌زایه‌كی زیندووی هه‌یه و تا بڵێی ئێستێتیكییه. نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوولی له ئه‌زموونێكی ئێستێتیكی سێبه‌ردار داڕشتووه و باری ده‌روونیی كۆمه‌ڵگای كوردیی تێدا به‌رجه‌سته‌كردووه.
به خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتنی شیعرییه‌ت و خوێنەر گه‌یشتووه، به‌هره‌ی خۆڕسكی شیعر، بێ زۆرله‌خۆكردن ئافرندوویه‌تی.
بڕواشم وایه ئه‌وانه‌ی ڕوئیا و شیعرییه‌تیان لا دروست نه‌بووبێت ته‌مه‌نی نووحیشیان هه‌بێت نابن به شاعیر. جا گرفت له‌وه‌دا نییه ئه‌م شیعره به خوێنەره، یان نا، به‌و مانا خۆهه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه‌ی له‌ناو ئاستنزم و په‌راوێزه‌كان پڕوپاگه‌نده‌ی كوشنده‌ی بۆ ده‌كرێت. ئه‌وه گرفته‌كه‌یه. ئایه ئه‌م شیعره ڕوئیا و شیعرییه‌ت و بنیاد و شێواز و بیرۆكه و نیشانه هاوچه‌رخه‌كانی تێدایه، یان نا.
من بڕوام به شیعرییه‌ت و ڕوئیا و خوێنەری وریا و به‌ئاگا و بژارده و ئه‌زموونی شاعیر و خۆبوونی هه‌یه.
24
خودایه، كه هێڵه‌كانی ژیانت ڕێكخستووم، ئازادیی نووسین و داهێنانت بۆ فه‌راهه‌م، پرسه‌كانت تاوتوێكردووم. به ته‌واوی بڕوا و قه‌ناعه‌ته‌وه، ڕۆژی پێنج فه‌رز خۆم ڕاسته‌ڕێ ده‌كه‌م و نوێژت بۆ ده‌كه‌م، كه به‌سه‌ر ڕه‌گی دره‌ختی ڕه‌گ گه‌یشتووی ناو ئاوی پاراو بنیادتناوم. حه‌زم له ته‌مه‌ندرێژیی نییه، نیو سه‌ده زیاتره ده‌ژیم. ئه‌وپه‌ڕی ئاواتمه بچمه جیهانی خامۆشانه‌وه، ئه‌و جیهانه‌ی خۆت بانگهێشتیم ده‌كه‌یت، به‌هه‌شت. له‌وێ ئه‌و حۆریانه‌ی له پاداشتی كرده‌وه‌كانم خه‌ڵاتم ده‌كه‌یت، تا پله‌ی شیعرییه‌ت به‌رزیان ده‌كه‌مه‌وه و به‌وپه‌ڕی به‌ڕێزه‌وه ڕه‌تیان ده‌كه‌مه‌وه، داوای دیوانی شاعیره داهێنه‌ره‌كانت لێده‌كه‌م. له‌وێ هه‌موو زمانه‌كانی دنیا ده‌بنه یه‌ك زمان و ده‌یزانم، شیعری هه‌موو زمانه‌كانی پێ ده‌خوێنمه‌وه، ده‌ست له هه‌موو شتێك به‌رده‌ده‌م، مشوورخواردنی: ماڵ و منداڵ و كه‌سوكار و نه‌ته‌وه و مرۆڤایه‌تیشم نامێنێت تا پێیانه‌وه سه‌رقاڵبم و چاودێری بارودۆخ و جیهانیان بكه‌م. خۆم ته‌رخانده‌كه‌م بۆ خوێندنه‌وه‌ی شیعری بێگه‌رد، له شه‌ڕی چاودێری مرۆڤه هه‌ڵبزڕكاو و ناخ گه‌چراوه‌كانیش ڕزگارده‌بم.
ئه‌و یه‌كڕووییه‌ی، كه خه‌سڵه‌تی بنه‌ڕه‌تی مرۆڤی ئاشقه، خۆت هه‌ر له له‌دایكبوونمه‌وه ڕژاندووه‌ته هه‌سته‌كانمه‌وه، سوپاست ده‌كه‌م.
ئه‌ی خودا: من تۆم خۆشده‌وێ، قه‌تیش لێت نه‌ترساوم و لێشت نا‌ترسێم، كه گوێڕایه‌ڵتم: نه له‌پێناو پاداشتی به‌هه‌شته، نه له ترسی سزای دۆزه‌خه. ته‌نیا له خۆشه‌ویستی خۆته‌وه‌یه و به‌س.
كه له دنیادا بوونێكی بچكۆله‌م هه‌یه قه‌رزاری شیعرم، ناوه‌ندی ژیانی منه و له‌و له‌دایكبووم. ئه‌ستێره‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ ده‌بینم له هه‌موو شوێنێكدا به‌سه‌رمدا داده‌بارن. له‌سه‌ر زه‌مین ده‌بنه قه‌ڵا پاڵیان پێوه‌ده‌ده‌م. گولله‌ی دووكه‌ڵی مرۆڤه هه‌ڵبزڕكاو و ناخ گه‌چراوه‌كانیش وه‌ك فسی پێش ته‌نگاوبوون وایه.
25
هه‌ر ده‌قێكی جوانی شیعرییم خوێندبێته‌وه، توانایه‌ك له هێڵی به‌رزبوونه‌وه‌ی ناخمدا په‌یداده‌بێت، كه توانای دۆزینه‌وه و داڕشتنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی ژیانمی هه‌یه. قه‌ت ئاواتم نه‌خواستووه من نووسیبوومایه، زۆر به ڕاشكاوییه‌وه ناخی خۆم ڕاده‌گه‌یه‌نم: هه‌موو ده‌قێكی جوانی شیعریی به هی خۆم ده‌زانم، ده‌چمه ناو كه‌ژاوه‌ی شانازییانه‌وه و بۆنی خه‌می یه‌كه‌م و هه‌سته‌كانیان ده‌كه‌م، ده‌ریام تێدا بزرده‌بێت.
26
شیعری بێگه‌رد هه‌ڵوێستێكی ئێستێتیكییه. نابێت تێیبگه‌یت. ده‌بێ هه‌ست بكه‌یت له هێزی یه‌كه‌مدا شتێك هه‌یه. ئه‌و شیعره‌ی له‌پێناو گه‌یاندن، واته: هێزی دووه‌م ده‌نووسرێت، شیعری بێگه‌رد نییه، واته: هه‌ستیار و بێ‌دار نییه، گێڕانه‌وه، یان هه‌واڵه.
27
مێشكی من چڵكن نه‌بووه به‌و دروشمه باوانه‌ی ناو ڕۆشنبیری ئێمه، داهێنه‌ر له شێوه‌ی تێڕوانینی داهێنانیه‌وه كار له ژیان ده‌كات و ئێستێتیكا له مه‌ودای جیاجیادا له زه‌ینی وه‌رگر مشتوماڵ ده‌كات و خاڵ و هێڵ و هێمای ده‌داتێ، كه ناوكی جیهانبینی شیعره.
هه‌ست له شیعردا كه‌رسته‌ی پێكهاته و هێڵه هاوبه‌شه‌كان ده‌سته‌به‌ر و گه‌ڵاڵه‌ده‌كات، بیری خه‌مڵیویش له زه‌مینه‌یه‌كی گونجاو‌دا، واته: بنیادێكی خه‌مڵیو سروشتی ناوه‌وه ڕێكده‌خات و خودی ئه‌زموون پێیده‌گه‌یه‌نێت.
دره‌وشانه‌وه له ده‌قدا ڕه‌نگه ئه‌وه‌بێت وێنه‌یه‌ك ده‌بێته ناوه‌ند و لووتكه‌ی ده‌قه‌كه، خوێنه‌ر له ئاستیدا ته‌واو بێده‌نگ ده‌بێت. ئه‌و بێده‌نگبوونه ئه‌وه‌یه ده‌ستی به قووڵاییه‌كانی دره‌وشانه‌وه گه‌یشتووه. دره‌وشانه‌وه بۆ شیعرییه‌ت زمانی پێوه‌ر و پێوه‌رێكی كامڵه.
له‌و ماوه‌یه‌دا، وه‌ختێكی تایبه‌تی خۆم بۆ: (كۆی به‌رهه‌مه شیعرییه‌كان)ی ڕه‌فیق سابیر ته‌رخانكرد، چاپه‌مه‌نی مانگ ساڵی 2016 له 793 لاپه‌ڕه‌دا چاپی كردووه، هه‌روه‌ها: (ڕوانین له بوولێڵدا)، 22 چاوپێكه‌وتنی جیاجیایه‌تی، هه‌مان چاپه‌مه‌نی ساڵی 2015 له 304 لاپه‌ڕه‌دا چاپیكردووه، هه‌روه‌ها: (ئه‌ویننامه) دوا كۆشیعریه‌تی. هه‌مان چاپه‌مه‌نی له 98 لاپه‌ڕه‌دا چاپی كردووه، له‌م به‌رهه‌مه‌یدا ئاستێكی گۆڕان و وه‌رچه‌رخانی ڕیشه‌یی له بیری ئێستێتیكی، ڕۆڵ ده‌گێڕێ و ڕۆڵی ئاشكراده‌بێت.
له خوێندنه‌وه‌ی كۆی به‌رهه‌مه‌كاندا دیدگایه‌كی تایبه‌ت و دیاریكراوی له‌باره‌ی ژیان و ڕووداوه‌كانی كوردستان پێشكێشكردووه. به‌و تێگه‌یشتنه‌ی بۆ شیعرم هه‌یه، ده‌توانم ئه‌م بۆچوونه‌م به‌ڕاست بزانم، ڕه‌فیق سابیر شاعیرێكه، كه‌متر هه‌ستییه و زیاتر فیكریی و سیاسییه، به‌ڵام له ئاراسته فیكرییه‌كه‌یدا ڕایه‌ڵ و تانوپۆ و هارمۆنی و پێكه‌وه گونجانێكی لۆژیكێك كارپێدهكات بۆ ئه‌وه‌ی ئاراسته‌ی ئاسۆیه‌ك بۆ ئێستێتیكا و وتنی بنه‌ڕه‌تی ده‌سته‌به‌ربكات، كه شیعری بێگه‌رد له بوونی خۆیدا قبووڵی ئاراسته‌ی ئاسۆیه‌ك و فیكری كراوه ده‌كات، به‌ڵام قبووڵی ئایدیۆلۆژیای داخراو ناكات.
ئه‌و دره‌وشانه‌وه‌ی ئاماژه‌م بۆی كرد، ده‌توانم ده‌قی: (ئاوێته‌بوون) له كۆشیعری ئه‌ویننامه‌ی بۆ ده‌ستنیشان بكه‌م، هه‌روه‌ها له دوا كۆشیعریدا 29 هایكۆی نووسیوه، له ماوه‌یه‌كی پێوانه‌ییدا، هایكۆ به شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو، وه‌ك دیارده‌یه‌كی لاساییكردنه‌وه هاته ناو شیعری كوردییه‌وه. شێوازی هایكۆ مه‌ودایه‌كی كورت و وتنێكی بنه‌ڕه‌تییه، دۆخگۆڕینی تێدا ڕوونادات، ده‌نگێك ده‌نگێكی دی وه‌رگرێته‌وه و هه‌سته‌كان جێگۆڕكێ بكه‌ن، ئاوازی جێگۆڕكێی ده‌نگه‌كان له فۆرمی وشه و چڕیدا ڕێكبخرێنه‌وه. هونه‌ریترین هایكۆ له شیعری كوردیدا، كه به هونه‌ری هایكۆ نووسرابێت: (ڕه‌فیق سابیر) نووسیویه‌تی و پرسی هونه‌ری تێدا دروستكردووه.
28
شیعری بێگه‌رد ده‌بێ خۆی خوێنه‌ری خۆی دروستبكات و مرۆڤی هاوچه‌رخی تێدابژی. له بوونی مرۆڤی هاوچه‌رخیشدا توابێته‌وه. له‌م باروبواره‌دا ژیانێك له‌دایكده‌بێت و ژیانێكی تر ده‌ژیێنێت، واته: ژیانی یه‌كه‌م بوونه و ژیانی دووه‌م به‌شێك له بوونه، كه مرۆڤی هاوچه‌رخ تێیدا هۆگر و ئاماده‌یه و كه‌رسته و پێودانگی تایبه‌تی بۆ خوێندنه‌وه هه‌یه، خۆی به‌ره‌و ئه‌و جۆره شیعره ڕێنوێنی ده‌كات.
من له شیعرمدا هه‌وڵ بۆ ژیانی دووه‌م ده‌ده‌م. مرۆڤی تێدا بكه‌مه مرۆڤی هاوچه‌رخ و پێناسه‌ی كات و شوێنی كردبێت له توانایدا مابێته‌وه. خه‌سڵه‌ته سه‌ره‌كییه‌كان، كه دانایی سروشتی مرۆڤه گورزێكی له زه‌ینیدا وه‌شاندبێت، خۆی ئهزموونبكات. پاش جێگیركردنی وه‌شاندنه‌كه. بچێته ناو پرسی كرده‌یه‌كی كتوپڕه‌وه و له ئامانج نزیك ببێته‌وه و په‌یوه‌ندییه ناوه‌كییه‌كان، له ده‌ركه‌وتنی زماندا ته‌واو دیاری نه‌كا و مه‌وداكان له به‌هره‌یه‌كی باڵادا بزربكات.
29
شیعری بێگه‌رد دادوه‌ری ئه‌م جیهانه‌یه، له‌پێناو زمان و ئێستێتیكادا ده‌نووسرێت. فیكری سیاسی به‌ناو هه‌سته‌كانیدا ده‌با و شه‌پۆلیان پێده‌دا، به‌ڵام ئایدیۆلۆژیا تێكه‌ڵ دیدی ئه‌ده‌بی ناكات و نابێته وته‌بێژی سیاسی. ده‌زانێت چۆن ئه‌م كارامهیییه ئه‌مه‌كدار بكات، ڕۆح و هه‌رچی شتێك له ڕۆح بچێت ترپه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بیركردنه‌وه بكه‌نه په‌یژه و نۆته بۆ دروستكردنی وێنه و ده‌ركه‌وته‌كان و پاراستنی ناسنامه‌ی شاكاری ئه‌ده‌بی.
30
به شیری دایكم و شیری شیعر به‌خێو و په‌روه‌رده‌كراوم. له هه‌موو كات و شوێنێكدا ئاماده‌یی هه‌یه و سێبوورییه بۆم. ناتوانم له فه‌زای ده‌رچم، له ناخمدا پێی ده‌ژیم. بوێری ئه‌وه‌ی تێدا تاوداوم پرسیار له‌باره‌ی ده‌ركه‌وتنی جیاوازییه‌كان بكه‌م و هاوكێشه‌یه‌كی ته‌واوی له‌گه‌ڵدا دروستبكه‌م.
شیعر خۆی، واقیعێكی زۆر تایبه‌ته، به‌یانێكه ته‌واونه‌بوو. بێده‌نگیی له ناخمدا كۆده‌كاته‌وه و سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌مین په‌رێشانییه‌كانمه، هه‌موو پرس و باسه‌كان ده‌كاته هی من. ژیانی شیعرییم، ژیانی تایبه‌تی داگیركردووم، كردوویه‌تی به وێنه‌یه‌كی كراوه و پیشانی ده‌دا و ده‌یپارێزێت. كه‌مێك نامۆیی و تۆزێك دڵه‌ڕاوكێ و هه‌ژانی ترسیشی تێدایه. له‌وساوه‌ی تێكه‌ڵی بوویمه و سه‌رم له‌ناو هه‌ناویدا گه‌رمكردووه، له ناوه‌وه‌م بۆ چركه‌یه‌ك، چركه‌یه‌كی كه‌مخایه‌نیش بێت له هه‌ست و تێڕامانی نووسین دوورنه‌كه‌وتوومه‌ته‌وه.
شیعرێك، كه تازه نووسیبێتم، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌سێكی دیكه نووسیبێتی، ئه‌وه وێناده‌كه‌م له‌سه‌ر شانۆ و له‌به‌رده‌م میكرۆفۆندابم بۆ خۆم و ئه‌و بێده‌نگییه‌ی له ناخمدا كۆبووه‌ته‌وه، ده‌یخوێنمه‌وه. بێده‌نگییه كۆبووهوهكه ده‌كه‌م به سه‌كۆیه‌ك و خۆمی تێدا دووباره ده‌كه‌مه‌وه. بێئه‌وه‌ی به خۆم بزانم سه‌رمه‌ستانه وه‌ك شه‌یدایییه‌كی گه‌ردوونیی بزرده‌بم و خۆمی لێ ئازادده‌كه‌م، ئینجا شیعرێكی نه‌نووسراو سه‌رقاڵم ده‌كاته‌وه. قووڵی و به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌ك، له هه‌ست و تێڕامان دروستده‌كه‌م بۆ گۆڕینی فۆرم و مانا له نێوان شیعره نووسراوه‌كه، كه تازه خۆم لێی ئازادكردووه. شیعره نه‌نووسراوه‌كه، كه هۆگری بوویمه و به پڕی خۆم بۆی ئاماده‌كردووه، شوێنێكی له هه‌ست و تێڕامان پێ بده‌م، كه هه‌ست و تێڕامانی نووسین سه‌رقاڵم ده‌كات. ده‌كه‌ومه بارێكی بینین و هه‌ستكردنێكی ناخییه‌وه، كۆمه‌ڵێك ئه‌ستێره له ئاوێكی نزیك و ناسراودا بۆم زریوه‌یانه و پرسیاری تێڕامان و هه‌ستم لێده‌كه‌ن. دڵخۆشی و جوانییه‌كی تایبه‌تم ده‌ده‌نێ، دڵخۆشی و جوانییه تایبه‌ته‌كان وه‌ڵامی پرسیاری زریوه‌ی ئه‌ستێره‌كان ده‌ده‌نه‌وه. تین و تاوێكم بۆ زمان تێدا مشتوماڵ ده‌كات. له زمانه‌وه‌ش تین و تاوی خۆشه‌ویستیم پێده‌گات و خۆی پێبه‌خشیوم و خۆمی پێده‌به‌خشمه‌وه. جێگۆڕكێ ده‌كه‌ین، ئه‌و ده‌بێته من و منیش ده‌بمه ئه‌و، وه‌ك دوو هێڵ لێكتێناپه‌ڕین، ده‌گه‌ینه یه‌ك. به بارێكی دی دۆنایدۆن ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر وزه‌یه‌كی نه‌بیندراویش نه‌بێت قه‌ت ناتوانم ده‌ست بۆ نووسین ببه‌م و خۆمی تێدا نوێبكه‌مه‌وه و ده‌ستپێبكه‌م، بجووڵێم و شێوه‌ی تایبه‌ت وه‌ربگرم. ئه‌و ڕووداوانه‌ی كاریگه‌رییان خستووه‌ته دۆخ و ده‌روونی من له ده‌ركه‌وتن و نواندندا هه‌موویان له‌ناو ژیانی شیعریمدا ده‌ناسرێنه‌وه و كه‌سایه‌تی خۆیان هه‌یه. له به‌كاربردندا بوونه‌ته سروشتی وشه و سروشتی وشه‌یییان ده‌ناسرێته‌وه.
شیعر ئه‌زموونێكی تایبه‌ته، كه‌سی تایبه‌تیش ده‌ینووسێت، تایبه‌تمه‌ندبوون ئه‌شقی ڕاسته‌قینه و په‌یوه‌ندییه ڕۆحییه‌كان و تێگه‌یشتنه زمانه‌وانییه‌كانمان له جه‌سته‌ی شیعری بێگه‌رددا به‌رجه‌سته‌ده‌كات.
تشرینی دووه‌می 2019 هه‌ولێر