Skip to Content

کڵاوەکانتان بدەنە دەم ڕەشەبا.. شیعری: عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

کڵاوەکانتان بدەنە دەم ڕەشەبا.. شیعری: عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

Closed
by تشرینی دووه‌م 20, 2022 General, Poems

بەیانیتان باش نووستووەکان، ئەی خەوخۆشەکانی نێو نوێنی نەهامەتیی
ماندوو لەلەش دەرهێنەرەکانی ژێر کەپری ستەم و زۆر
بێ تاقەتەکانی خۆ لەخۆ زیادەکەیەی پانتایی بوون
وەڕسبووەکانی نێو پارکی نەزانین
بەیانیتان باش ئەی زمان لەدەم دەرهێنراوەکانی مێژوو
ئەی جووڵە لەبەر بڕاوەکانی بازاڕی کڕین و ساغکردنەوەی خەستە و عەقڵ و هۆش
هیچ ڕۆژ نییە خۆرەتاوێک لەڕەنگی قەترانیی نەنرێ و سەمایەک نەیەتە کوشتن
ئاوازێک سەرنەبڕدرێت و برسییەک نەگریەت بۆ نان
کەچی لای ئێوە وەک نەباتان دیبێ و نەباران، باکتان نییە
بەیانیتان باش ئەی بێدەنگە سەرکزەکەی نێو حەشاماتی هاوار و
ئەی زیندەوەرە خۆکوژەکانی نێو دارستانی ژیان و
ئەی فێڵکەرە فێڵ لەخۆکردەکەی یاری و زۆرانبازی نێوان هەق و نێوان ناهەق
ئێوە نابینن چۆلەکەکانی ئومێد چۆن سەربەرەوخوار شەمشەمەکوێرە ئاسا بە تەلی سەرکزییەوە هەڵواسراون
نابینن بەڵینەکانی ژیان وەک شەختەی تەنکی پایزان خرچ دەشکێن و چاویان لە ئاستدا دادەخەن
نابینن ( نا ببوورن ئێوە کوێر و نابینان) ڕووناکی هەراسانی کردوون و هەر خەریکی نزان
تا پەتەکانی ستەم و زنجیرەکانی چەوسانەوە ئەستوورتر بن!
ئێوە چێژ لە ئازاری خۆتان و ئینسانییەتدا دەبینن
دڵخۆش دڵخۆش بە مەرگی یەکتر پێدەکەنن و دەڵێن ئینجا چییە هەموو مردنێکمان لەسەرە و هەر دەمرین
ئێوە دەستتان بە کڵاوەکانتانەوە گرتووە و ترستانە ڕەشەبا هەڵبکا و بیبا
ترستانە کەپری خەمتان تێک نەچێت و باهۆزی شەڕ یەخەی ڕۆژەکانتان نەگرێ
ترستانە هەتا مردن سەر شۆڕ کەن و ئەم سەرشۆڕییەتان لەدەست بچێ
ترستانە سفرەکانتان خاڵی بێ لە نانی زەلیلی و ڕیسوایی
ترستانە شەقی زوڵم کۆتایی بێ و ئازاد بژێن!!
ئەی نەخۆشەکانی نێو بیمارستانی خۆپەرستیی .. ئەی کۆیلەکان
ڕۆژانە تەڵە بۆ ئازادی دەنێنەوە و کاتێ دەیگرێت خۆشحاڵ خۆشحاڵ پێئەکەنن
پێئەکەنن بە سەری بردراوی حورمەت و
بە دڵی دەرهێنراوی شکۆ و شانازی
بە چاوی هەڵکۆڵدراوی ڕاپەڕین و شۆڕش و خەبات
پێمەکەنن..ئیتر درەنگ کەوتوون ببنە سەکۆی قوربانیدان بۆ ژین
بەسەرچووە ئەو ساتانەی خەونتان تێدا دەبینی و
لە گٶ چووە ئەو زمانەی کە بڕیارە شتێک بڵێ
ئێوە لە ڕۆخی خەرەندی هەزار بە هەزاری بوونن
یا ئەوەتا کۆیلەتیتان پیرۆز دەکەن بۆ هەمیشە
یانێش خۆتان ڕائەچڵەکێن و
دەست لەکڵاو بەر ئەدەن و دەیدەنە دەم ڕەشەباوە.

٢٠١٩ – ٢٠٢٠

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish