Skip to Content

دوو ئەستێرەی گەش گەش … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

دوو ئەستێرەی گەش گەش … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 19, 2020 General


چەند خۆشە کە مرۆڤ لە ژیاندا و دوای مردنیشی تایبەتمەندیی و جوانیی و کار و کردەوەکانی ببنە پێناسە بۆی و جێگەی شانازیش بن لە نێو کۆمەڵگەکە یاندا.ئەمە ئەگەر لە دنیا ڕەنگین و ڕازاوەکەی ئەدەبیاتدا بێت ڕوونتر دەردەکەوێت و تیشک و پرشنگی گەشی ھەموو لایەک دەگرێتەوە.کە دەڵێین ئەدەبیات ئەوە زۆر بواری نوسین دەگرێتەوە و لەخۆ دەگرێت،ھەر یەکەشیان کەسانی تایبەتمەند و پسپۆڕ و شارەزا کاری تێدا دەکەن و لەوێوەکار و بەرھەم و بابەتەکانیان بەخەڵک دەناسێنن کە زۆر جار ھەندێکیان وەکو پوورەی ھەنگ خەڵک لێیان کۆدەبێتەوە و چێژی لێوەردەگرن.ھەندێک کەسیش ھەیە زیاتر لە بوارێکی ئەدەبییدا کار دەکات و سەرکەوتوویی خۆی بەبەرھەمەکانییەوە سەلماندووە.لە ئاسمانی ئەدەبیات و مێژووی کوردیدا وەک ئەستێرەی گەش دەردەکەون و دەبنە مایەی سەرنج.لێرەدا دوو ئەستێرەی گەش گەش،دوو مرۆڤی بەتوانا و بەھرەمەند،دوو کەس کە لەلای گشت خەڵکی کوردستان ناسراون و دیارن باس دەکەین،کە ھەردووکیشیان تەنھا پێنج ڕۆژیان بەین بوو کە وەک ئەستێرە کشان و گەیشتنە دوا مەنزڵی ئەبەدیی خۆیان،ئەوانیش مامۆستا (ع.ع شەونم) کە ١٠/١٠/٢٠٢٠ و مامۆستا(عوسمان محەمەد ھەورامی) یە کە ١٥/١٠/٢٠٢٠ کۆچی دواییان کرد و زیانێگی گەورەش لە ئەدەبیاتی کوردی کەوت .


کەمن ئەو مرۆڤانەی کە وەکو ئەمان کۆمەڵێک تایبەتمەندی جوان کۆیان بکاتەوە و تێیدا سەرکەوتوو بن،دوو شاعیر،دوو نوسەر و زمانزان و شارەزا و بەسەلیقە و ورد و بوێر،ھەردووکیان کۆمەڵێک کتێبی بەنرخ و گرنگ و بەسودیان لە چەند بوارێکی جیا جیا دا پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە و تا ھەتایە ناو و ناوبانگیان بە زیندوویی دەمێنێتەوە.ئەوەی یاتر وایلێکردم کە ئەم بابەتە بنوسم ئەوەیەکە ھەردووکیان سوارچاکێکی شارەزا و لێزانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان بوون،خاوەنی چەندین شیعر و ئۆپەرێتی پەروەردەیین،دوو مامۆستا و پەروەردەکاری بەتوانا و خەمخۆر و دڵسۆزی منداڵانی کورد بوون،ھەرچەندە ئەوان بەتەمەن لە من گەورەتر بوون بەڵام وەکو ھاوڕێ وا بووین و زۆر جار پێکەوە گفتوگۆمان دەربارەی ئەدەبیاتی منداڵانی کورد کردووە ، ئەوان دەریایەک بوون لەزانیاری،ئاسمانێک بوون لە ئەستێرەی وشە و نیشتمانێک بوون لە جوانی و وەفا و خۆشەویستی.ئەوان دوو دەنگی زوڵاڵ و دوو گەنجینەی بەبەھا و سەنگینی وشەی کوردی بوون.من بە تەلەفون و دانیشتنیش لەگەڵ ھەردوو ماۆستای ئازیز(ع.ع شەونم )و مامۆستا (عوسمان محەمەد ھەورامی) دا پەیوەندیمان ھەبووە و،کە ئەدەبیاتی منداڵان بە جوانیی و ناسکیی خۆی ئەو شانازییەی پێبەخشیم کە ئەو پەیوەندییەم لەگەڵ ئەو دوو شاعیرەدا دروست بکەم.تا کۆتایی ژیانیشیان ئەو پەیوەندییەمان ھەر بەردەوام بوو.ئەو ماوەیەی پێشوو خەریکی نوسین و ئامادەکردنی بابەتێک بووم بەناونیشانی(دایک لە شیعری منداڵاندا) مامۆستا عوسمان لەڕێی (ماسنجەرەوە) چەند شیعرێکی خۆی بۆ ناردم کە بۆ (دایک و خۆشەویستی دایک) نوسیبووی و زۆر بابەتەکەشمی بەلاوە باشبوو.زۆر گەڕام نێو گۆڤارە تایبەتەکانی منداڵان و ئەو کتێب و نامیلکانەی کە دڵسۆزانی ئەو بوارە بۆ منداڵانی کوردیان نوسیبوو،بۆیە کۆمەڵێکی زۆر شێعرم کۆکردەوە کە بۆ دایک نوسربوون.بەڵام شیعرێکم لەبەر بوو کە نەمدەزانی خاوەنەکەی کێیە،بۆیە منیش پەرۆشی ئەوە بووم کە خاوەنەکەی بدۆزمەوە ،دوای گەڕانی بەناو ھەندێک لەو دیوانانەی کە خاوەنەکانیان شیعریان بۆ منداڵان نوسیوە وەک (زێوەر،بەختیار زێوەر،بێکەس،کاکەی فەلاح،لەتیف ھەڵمەت،ع.ع شەونم…..)بۆم نەدۆزرایەوە بۆیە وام بەباش زانی کە پرسیار بکەم ئەوەبوو تەلەفونم بۆ مامۆستا ع.ع شەونم کرد و دواتریش بۆ مامۆستا عوسمان محەمەد ھەورامی کە ھەردووکیان زیاتر بۆ بێکەس دەچوون بەڵام لە دیوانەکەیدا نەبوو،تا وەڵامەکانیشیان لەیەکەوە نزیک بوون،بەڵام کەسیان دڵنیا نەبوون ،ئەوەبوو دوای ئەوانیش لە زۆر کەسی ترم پرسی کە کەسانی شارەزا و ناسراو بوون لە بواری ئەدەب دا.ھەندێکیان دەیانوت شیعری (ڕەشیدی مەلا عەلی ) یە و بەڵام ھەر ئەوانیش دڵنیا نەبوون . ئەمەش تەواوی شیعرەکەیە و دڵنیاشم کە زۆرتان بیستوتانە دوور نییە لەبەریشتان نە بێت چونکە ساڵانی پێشوو لە پڕۆگرامی خوێندن دا ھەبوو ناوی خاوەنەکەشی ھەر لەسەر نەبووە.بۆیە ئەوەشم باسکردو تەواوی شیعرەکەش دەنوسم، بەڵکو بەبەڵگەوە کەسێک ناوی خاوەنەکەیمان پێ بڵێت.


دایکی شیرینم چـەند خۆشەویستی
بۆ ژیـانی من چـــەندە پێویستی
لەبـەر من بەشــەو ئازار ئەکێشی
نەکوو دەرکــــەوم تاکو دامپۆشێ
بەلایلایەی خــۆش ،ئاوازی شیرین
من ئەکەیتە خـەو دەم بە پێکەنین
لــــە نەخۆشیما ئەگەیتە فریام
چـارەسازمی کـــە وەختێ گریام
بەسەرمـای زستان پارێزگــارمی
بۆ ھــــاوین ئـاوی سازگــارمی
ئەوەندەی کــە تۆ منت خۆشدەوێ
من سـەد ئەوەندە خۆشی تۆم دەوێ

دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو دوو مامۆستا ئازیزەدا ھێندە شیرین و خۆش بوو حەزت دەکرد تەواو نەبێت و گوێیان بۆ بگریت و تینوێتی خۆت بە بارانی وشەکانیان بشکێنیت،کە ئەدووان بە تامەزرۆوە گوێکانم شل دەکرد و پەرۆشی ئەوە بووم کە زیاتر و زۆرتر قسە بکەن،چیت بپرسیایە بەنمونەوە دەھاتنە وەڵام.مامۆستا عوسمان تا ئەم دواییەش دەیتوانی کە بێتە بازاڕ بەڵام بە کەمی ،نەشتەر گەرییەکیان بۆ ئەنجام دابوو ئێمەش کۆمەڵێک لە نوسەر و شاعیران سەردانمان کرد ،زۆری پێخۆشبوو ھەروەھا زۆر قسە و بەسەرھاتی خۆشیشی بۆ گێڕاینەوە من و کاک ئەمین محەمەد و کاک سەردار قادر و مامۆستا ئەحمەد حسێن و مامۆستا عوسمانی ناری زادە و کاک شێخ ڕەوفی شێخ جەمیل بووین.بەڵام دڵمان نەھات داوای لێبکەین کە وێنەیەکی لەگەڵدا بگرین چونکە ئەو لەناو جێدا کەوتبوو.چەند جارێکیش لەگەڵ کاک ئەمین محەمەد و مامۆستا ئەحمەد حسێن و زانیار سەردار قڕگەیی سەردانی مامۆستا ع.ع شەونم) مان کرد.جارێکیش من و کاک ئەمین لەگەڵ مامۆستا حەمەساڵح فەرھادی و جارێکی تریش لەگەڵ کاک ئازا یوسف سەرنوسەری گۆڤاری جۆلانێ و کاک سەرھەنگ غەریب کە لە ھەولێرەوە ھاتبوون سەردانی مامۆستا ع.ع شەونممان کرد. زۆر جاریش ھەرخۆم لەگەڵ کاک بارانی کوڕم دەچووین زۆری پێخۆشبوو باران زۆر بچوک بوو بەڵام شیعری لەبەر بوو بۆی دەوت کە شیعری ئەویشی لەبەر بوو،شیرینی دەدایە..باران وێنەشی دەگرتین..من بەرھەمی خۆم بۆ برد و گۆڤاری(ئاری) یشم بۆ دەبرد کە خۆم سەرپەرشتی دەرکردنیم دەکرد،زۆری پێخۆش بوو،ئەویش کتێبی چاپکراوی خۆی دەکردینە دیاری.ئەو دوو مامۆستا ئازیزە لەو تەمەنەشدا ھەر چالاک و لەکاردا بوون،بەردەوام بوون لە نوسین،ھەردووکیشیان خەتێکی جوانیان پێوە بوو.مایەی خۆشحاڵیمە کە کاتێک ھاوڕێی شاعیرم کاک ئەمین محەمەد خەریکی کۆکردنەوەی دیوانەکەی مامۆستا ع.ع شەونم بوو من زۆر لە شیعرەکانم تایپ کرد ،ھەروەھا جارێکیش کە چووم بۆ سەردانی داوای لێکردم کە چەند شیعرێکی ھەبوو بۆی تایپ بکەم،یەکێک لە شیعرەکانی بۆ سلێمانی بوو کە تازە نوسیبوی.بۆم تایپ کردوو لەسەر سیدییەک بۆم بردەوە،بەڵام بیرم چوو بوو ھەر لەو سیدییەدا چەند شیعرێکی خۆیشمی تیابوو کە ڕایکێشابوو تەلەفونی بۆ کردم و دایەوە دەستم .جێی خۆیەتی لێرەدا باسی ئەوەش بکەن کە ستافی گۆڤاری (گوڵەکان) کە گۆڤارێکی تایبەت بوو بۆ منداڵان ساڵانە گەشتێکیان بۆ نوسەران و شاعیران و ھونەرمەندانی بواری منداڵان ساز دەکرد بەتایبەتی ئەوانەی کە لە گۆڤارەکەدا بەرھەمەکانیان بڵاودەکردەوە بەڵام ئەمساڵ نەمانتوانی ئەو گەشتە بکەین،لەو گەشتانەشدا مامۆستا عوسمان محەمەد ھەورامی لەگەڵ سەرجەم بەشداربوواندا بەگفتوگۆ و بەخشینی زانیارییەکانی سودی پێدەگەیاندین و ھەمیشە بێ ماندوو بوون بە چالاکی لەدەوری خۆی کۆی دەکردینەوە. نوسین دەربارەی ئەم دوو ئەستێرە گەشە درەوشاوەیە تەواو نابێت ،بەڵام گَێڕانەوەی ئەم بیرەوەرییانە خۆشەویستی ئەوان زیاتر دەردەخات و تا ھەتایە لەیادمانا بەنەمری دەمێننەوە.ڕۆحیان شاد و گۆڕیان پڕ نور بێت.

١٦/١٠/٢٠٢٠

Previous
Next
Kurdish