Skip to Content

دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق و شەڕێکی نەبڕاوە!..  کامل احمد

دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق و شەڕێکی نەبڕاوە!.. کامل احمد

Closed
by تشرینی دووه‌م 5, 2021 General, Opinion

سەرەنجام هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق، بەپێی نەخشەی ئەمریکا و هێزە بورژوازییە هاوپەیمانەکانی و وڵاتانی هاوپەیمانی لە ناوچەکەدا، لە کاتی خۆیدا ئەنجام درا وێڕای هەوڵدان لە لایەن هەندێک لایەنی شیعی یەوە بۆ دواخستنی لە ترسی لە دەستدانی هاوسەنگی هێزیان و دەسەڵاتیان. هاوکات پرۆسەی هەژمارکردنی دەنگەکانیش تەواو بوو وە ئەوەی نیشان دا کە لەم کێبەرکێ و شەڕەدا لە نێوان ئێران و ئەمریکا دا، کە عێراق گۆڕەپانەکەیەتی، تا ئێستا ئەمریکا براوەیەکی ڕانەگەیەندراوە. ڕانەگەیەندراوە چونکە لایەنی براوە لە هەڵبژاردنەکاندا تەیاری سەدری و ئەو لایەنانەن کە زیاتر لە سەر لایەنی ئەمریکی هەژماردەکرێن لە ئێستادا. باشترین بەڵگەش ئەوەیە لایەنەکانی سەر بە ئێران کە دیارترینیان هاوپەیمانی فەتحە هەم لە هەوڵی ئەوەدابوون کە هەڵبژاردن نەکرێت و هەم لە ئێستاشدا بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕازینین و خەریکی ئاستەنگی پێکهێنانن بۆ ڕاگەیەندنی ئەنجامە کۆتاییەکان و پێکهێنانی حکومەت. ئەگەرچی هەمووشیان لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەم حکومەتە دەبێت هاوپەیمانیەتی بێت و کێکەکە لە نێوان پێکهاتە کوردی و سوننی و شیعیەکاندا بەشبکرێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە کام لەم لایەنانە بە پێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەشی شێر لەم کێکە دەبات.

ئەمەی لە عێراقدا ڕوویداوە و ڕوو دەدات بە پێی بنەما پووچەکانی دیموکراسی بورژوازیش هەڵبژاردن نیە و شەڕێکە لە نێوان ئەم لایەنە دژ بە یەکانەدا کە دەیانەوێت لە باری یاساییشەوە فۆرمێک بەم شەڕە نەبڕاوەیە بدەن. لە ئێستادا شکڵدان بەم پڕۆسەیە شکستی هێناوە و خودی پڕۆسەکە وەستاوە، وێڕای سەرکەوتنی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. ئەم پڕۆسەیە دوور نیە چەند مانگی تر بخایەنێت، وە یان هەر بە ئێجگاری لەبارببرێت و تەنانەت حکومەتیش پێکنەیەت و هەڵبژاردنی تر بکرێت چونکە تەرازووی هێز لە نێوان لایەنە دژ بە یەکەکاندا زۆر بە خێرایی ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت لە وابەست بە کێشەکانی ناوچەکەوە. یەکلاکردنەوەی ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە پەیوەندی هەیە بە هەموو بارودۆخی ناوچەکەوە چونکە لە ئێستادا یەکێکە لە پایە سەرەکیەکانی بوونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە ڕێگای هاوپەیمانە ناوچەییەکانیەوە. ئەم شەڕە نەبڕاوەیە پەیوەندی بە کێشەی ئەتۆمی نێوان ئەمریکا و ئێران و چۆنیەتی چوونە پێشەوەی دانووستانەکان و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتووگۆوە هەیە کە تا ئێستا لەم مەیدانەدا ئێران سەرکەوتووە و وەڵام بە ئەمریکا ناداتەوە، پەیوەندی بە نفوزی ئێرانەوە هەیە لە ناوچەکەدا لە ڕێگای حزب اللە لوبنان و حوسیەکانی یەمەنەوە. پەیوەندی بەو هەوڵانەوە هەیە کە کازمی و چەندین ڕەوەندی سەر بە ئەمریکا لە هەوڵی هێنانەوەی عێراقن بۆ ناو کۆمەڵگای عەرەبی و ڕووماڵکردنی عێراق و کۆکردنەوەی جارێکی تر لەژێر بەیداخی نەتەوەییدا و هەوڵەکانی لوتکەی بەغدا پێش هەڵبژاردنەکان یەکێک بوو لەم هەوڵانە. ئەم کێشمەکێشانە وا پێدەچێت کە بارودۆخی شیعەکان دوولەتبکات و ئاسۆی ناسیۆنالیستی زاڵبکات، بەڵام زمانەی ئامانی خۆیان لە فەتوا و ڕاگەیاندنی سیستانیدا دۆزییەوە کە جارێکی دیکە دەڵێت ڕێک بکەون کە ئەمەش هەم هێزەکانی شیعە کۆدەکاتەوە وە هەم بە ناچار بەشێک دەبێت لە سیاسەتی ئێران لەم هەلومەرجەدا. بەو ڕادەیەی ئەم کێشانە هەڵکشان و داکشانیان بەسەردا دێت و ڕووداوەکان لە بارودۆخێکی ڕاگوزەردا دەچنە پێشەوە و ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت، بەو ڕادەیش لەسەر کۆی چوونە پێشەوەی ئەم پڕۆسەیە و ڕاوحکردنی لە جێی خۆیدا کاریگەری دادەنێت. ئەمەش نیشانەیەکی ئاشکرای ئەو کێشمەکێشە جیهانیەیە کە لە نێوان دوو گەورە زلهێزی جیهاندا، چین و ئەمریکا، بەڕێوەدەچێت بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانیان و بردنە بەرەوەی شەڕەکانیان لە ڕێگای هاوپەیمانە ناوچەیی و ناوخۆییەکانیانەوە.

براوە و دۆڕاوی ئەم هەڵبژاردنە کە زۆرترین کورسیەکانی پەرلەمانی بە دەستهێناوە، تەیاری سەدرە. سەدر هاوکات براوە و دۆڕاویشە. براوەیە بەوەی کە زۆرترین کورسیەکانی بەدەستهێناوە و بانگەشەی پاکوبێگەردی هەڵبژاردنەکان دەکات و پێی دێتە سەر حوکم و لە پاڵپشتی ئەمریکاش بەهرەمەندە و لە ئێستادا وەک هێزێکی ناو بازنەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بازی دەکات، وێڕای مۆلەقەبوونی ئەم هێزە و بەیناوبەینکردنیشی. هاوکات دۆڕاوە چونکە ناچارە ڕیککەوتن بکات لە گەڵ بەرەی تەنسیقی شیعەکان بەپێی ڕینماییەکانی سیستانی.

ئەو هێزانەشی بەسەر شانی خۆپیشاندانەکانی تشرینی عێراقدا هاتوونەتە سەر و هەر لە ناوەندی تەحریر و خێمە هەڵدانەکانیانەوە وەک بەشێک لە کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوەکانیان لە لایەن ئەمریکا و هێزە بورژوازییە ناوخۆییەکانی سەر بە ئەمریکا پشتیوانی دەکرێن. ئەمڕۆش وا دەردەکەوێت بەهەمان شێوەی کاتی ناڕەزایەتیەکانی تەحریر لە پشتی سەدر بن.
هێزە ناسیۆنالیستیە کوردیەکانیش ئەجێندایان ڕۆشنە کە زیاتر سەر بە لایەنی ئەمریکین و ئەمریکا وەک پێگەیەکی ئامنی خۆی سەیری کوردستان دەکات و ئەوانیش وەک هێزی گوێڕایەڵی خۆی سەیردەکات وێڕای ڕەنگدانەوەی بەشێک لەم کێشمەکێشە جیهانی و ناوچەییانەش لە نێوان بەشێک لەو هێزانەدا.

ئەمە ئەو وێنەیەیە کە ئێستا عێراقی تیادا ڕاوەستاوە و دەیانەوێت لە ڕێی ئەم هەڵبژاردنەوە شەرعیەتی یاسایی بە کۆمپانیا بازرگانیەکانیان بدەن بۆ کەڵەککردنی سەرمایەی زیاتر و بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا و هێشتنەوەی کۆەمڵگا لە ژێر ڕادەی هەژاری و ژیانی کولەمەرگیەوە. پڕۆلیتاریای عێراق پێویستی بە هوشیاری و ڕێکخراوبوونی زیاترە تا لە ڕاهێنانێکی چینایەتیدا بتوانێت وەک هێزێکی چینایەتی لە مەیدانی ململانێێ سیاسیدا دەرکەوێت.

کامل احمد
kamil.ahmed.f@gmail.com
04.11.2021

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish