Skip to Content

فلاشباک-39- ستیڤان شەمزینی

فلاشباک-39- ستیڤان شەمزینی

Closed
by شوبات 21, 2022 General

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

بەشی سی و نۆ

لەوانەیە رۆژێک بێت، دەست لە نووسین هەڵگرم، هەرچەند زیاتر بۆ خودی خۆم ئەنووسم، وەک فلوبێر ئەڵێ “نووسین بە ئەندازەی جگەرەکێشان زاتییە”. بەڵام هیچ کات ناتوانم دەست لە بەڵای خوێندنەوە هەڵگرم. خوێندنەوە کوشندەیە و جارێک لە نامەیەکدا بۆ هاوڕێیەک نووسیبووم “هەرچی نووسینی دنیا هەیە گەمەکردنە لەگەڵ وەهم، کتێبەکان هەبن یان نا مرۆڤ لە دڕندایەتی خۆی ناکەوێ، ئیدی سوودی چییە نووسین؟”. کەڕەتێکی تریش بە “ئاسۆ”ی نزیکترین هاوڕێم وت “خراپترین خوو، کتێب خوێندنەوەیە چوونکە ئاشنامان دەکات بە جیهانێک کە هیچ پەیوەندییەکی بەو جیهانەوە نییە تێیدا دەژین، ئاشنامان دەکات بەجۆرە مرۆڤێک کە لەم سەرزەمینەدا بوونی نییە، ئەمەش رای منە و تۆش هەرچی دەڵێی بیڵێ”.

رۆژانە لاپەڕە رەش ئەکەمەوە، بە راراییەوە دوو سێ جار ئەیخوێنمەوە و پاشتر ئەیدڕێنم، ئەم بەیانییەش ئەلبومی وێنەکان و چەندان نووسینی خۆم پێش ئەوەی بڵاوبکرێنەوە سووتاند. جاری وا هەیە مرۆ نازانێ چ کارێکی شێتانە ئەکات، بەڵام کۆمەڵگەی ئێمە نووسین بە ساوایی ئەخنکێنێ، ئاخر ئەو کۆمەڵگەیەی نەفرەت لە کتێب بکا و نووسەرەکانیش بە ئاسانی تیایدا لە رووی مەعنەویی و بەرجەستەوە تیرۆر بکرێن ئەمیش بێدەنگ بێ، ئیدی کۆمەڵگەیەکە لەبارە بۆ ستەمکاریی و چەوساندنەوە، کۆمەڵگەیەکیشە خۆی زەمینە ئامادە ئەکا تاکو جەلاد فەرمانڕەوایی بکا. کۆمەڵگەیەکمان هەیە کە ناتوانیت خەونیشی تێدا ببینیت، چوونکە داری هەموو ئومێدێک زڕە، هەر فڕینێک یەکسانە بە مەرگ، هەزار بیرۆکەت هەبێ، هەزار داهێنانت هەبێ، کۆمەڵگە و سیاسەت زۆر دڵڕەقانە وشکت ئەکاتەوە، ناهەقم نییە لە ژوورەکەی خۆمدا ئەم دێڕەی خۆمم وەک پۆستەرێک هەڵواسیوە “کەس نییە ئازارەکانم حنجە بکات، کەس نییە لە خەمەکانم تێبگات”.

هەر ئەمڕۆش بیرم لە ئەشقێکی بابردوو ئەکردەوە، چەند سەختە دابڕان بۆ ئاشقێک لەو کاتەی مەست مەستە بە ئەوینێکی قووڵ؟! هەربۆیە ئەلبوومی وێنەکان و شیعرەکانم کرد بە خۆراکی ئاگر. رەنگە ئەوە من بم لە گۆڕانی زەمەن تێنەگەم، یان دانی پێدانەنێم، بەڵام زەمەن زۆر گۆڕاوە، ئەشێ هەرواش بووبێ من هەڵە تێگەیشتبم. ئای لەو رۆژەش کە دەستم لەناو دەستی یار بوو لە گەڕەکی رعایە، وتی شیعرێکی خۆتم بۆ بڵێ بەڵام بەرهەمی ئەم چرکەیە بێت کە پێکەوەین، منیش بۆ قسەکردن خراپم، وتم قەڵەمێکم بدەرێ و لەسەر بەرگی رۆمانەکەی “بەختیار عەلی” ئەمەم بۆ نووسی:

هەر کات بیرت کردم دڵ و شیعرەکانم لەلاتن

بۆنی هەناسە و گەرمی رۆحی منیان پێوە بکە

هەر کات بیرم کردی لە شیعرێکی نوێدا

هەست بە ئەوین و لوتکەی جوانی خۆت بکە

زۆر سەرسام بوو، ئێستا شیعرەکانم تەنها لای ئەون دڵیشم لە تراویلکە، بیری ئەکەم و لەم شیعرەدا بۆنی ئەکەم:

حەزم ئەکرد بمتوانتیبا زەمەن بگێڕمەوە دواوە

ئەوسا لە بری ئازاری دڵ

تۆوی ماچم لەسەر لێوت ئەڕواند

***

ئامێزت بکەرەوە

بە خەرمانێک وشەی گەرمەوە

بە باوەشێک ماچی تەڕەوە

بە دڵێکی پڕ ئازار و هەلا هەلاوە

بەرەو قووڵایی چارەنووست بەڕێوەم

***

وای لە من. چەند جار ئەقڵم ئامۆژگاریی دڵی کردم، ئەگەر بۆ یەکجاریش بە قسەی ئەقڵم بکردایە حاڵم بەم رۆژە نەدەگەیشت. دڵم هەمیشە رایکێشاوم بۆ ناو گەمە دۆڕاوەکانی عەشق و ئەقڵیشم هەمیشە هۆشداریی داوە پێم. تاکو ئێستاش بۆ یەکجار بە قسەی ئەقڵمم نەکردووە و دڵ هەمیشە دۆزەخی عەشقی بۆ داخستووم. ئێستا پێویستم بە پشووە، چەرخێکی سپڵە تێکەوتووین، سەدەی بیست و یەک سەدەی کوژانەوەی هەموو رووناکییەکە. ئەوەش ئەزانم کە خودا منی بۆ ئازارچەشتن ئافراندووە، بیۆگرافیای من تەنیا زنجیرەیەک ئازاری پێکەوە بەستراوە.

چ زەمانێکە

وا لە خونچە دەکەن دڕک دەربدات

وا لە بێدەنگی دەکەن هاوار بکات

وا لە خەندە دەکەن ئەسرین دەربدات

ئای لەم چەرخە!!!!

1-9-2001

—————–

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 134-138 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە.

Previous
Next
Kurdish