Skip to Content

چۆن، لەهجەی موکریانیی بەسەر لەهجەی سلێمانییدا، سەپێنرا؟… کامیار سابیر

چۆن، لەهجەی موکریانیی بەسەر لەهجەی سلێمانییدا، سەپێنرا؟… کامیار سابیر

Closed
by April 8, 2022 General, Opinion, زمان

لە زمانناسییدا، پرەنسیپێکی زمانیی( لغوي) گشتگییر هەیە کە “هیچ زمان و دایەلێکتێک لەوی تر باشتر یان خراپتر نییە”، هاوکات، پرەنسیپێکی زمانەوانیی تر هەیە کە لەهجەکان لە نێوان، زاراوەی باڵا و نزمدا پۆلێن ئەکات و ئەمە شتێکی زۆر ئاساییە و نابێ دڵی خەڵکی هیچ ناوچەیەک ئازار بدات و خەفەتی عەشایەرییانەی بە نان و پیوازی( پیاز) موکریانەوە، پێوە بخورێت. لێرەشەوە، زمان و زاراوەی زاڵ، دێنە کایەوە، ئەمەش پێوەندیی بە پرۆسێسێکی سیاسیی-کۆمەڵایەتیی-کولتووریی- زمانیی و مێژووییەوە هەیە. گەلی کورد، چییتر خاوەنی یەک زمانی یەکگرتوو و گشتگییر نییە، بەڵکو زۆربەی ئەوانەی دە ساڵ لەمەوبەر پێمانئەگوتن زاراوە کوردییەکان( کرمانجیی سەروو، ناوەڕاست، خواروو، هەورامیی، زازاکیی…تاد)، ئێستا زۆربەیان ( تەنیا ناوەڕاست و خواروو، زۆر بە باشیی تێکەڵبوونە) بەرەو قۆناغی ستاندەربوون ئەچن و هیچ هێزێکی سیاسیی و نوخبەیەکی ئەکادیمیی و رۆشنبییریی، ناتوانن پێشیان پێبگرن و هەر لەهجەیەک لە جیۆگرافیا سیاسییەکەی خۆیدا، بەرەو قۆناغی ستاندەربوون ئەڕوات.

ئەمەش ئەو حەقیقەتە زمانیی و سیاسییە بەیان ئەکات کە گەلی کورد( بووینە بە گەلانی کورد)، وەکو گەلانی تورک- باکگراوند و فارس باکگراوند( یان دروستتر زمانە ئێرانییەکان، بە کوردییشەوە) بەرەو کۆمەڵێ زمانی جیاواز و سەربەخۆ، ئەڕۆن و گەڕانەوەیان بۆ نییە. ئەکرا سەردەمانێک لە کوردستانی عێراقدا، زمانێکی ستاندەرد و ئۆفیشەڵی نووسیین، جێکەوت بکرێ، بەڵام بەهۆی حەنیینی ئایدیۆلۆژیای زمانیی و زاڵبوونی مێنتاڵیتیی ناوچەگەریی و بەرژەوەندیی حیزبیی و بنەماڵییەوە، هەروەها بەهۆی نەبوونی نوخبەیەکی زمانەوانیی کە بەرچاوەگێڕی سیاسییە فاشیلەکانی شاخ نەبووبن، دەسەڵاتی کوردیی بە گشتیی و پارتیی( قۆرغکاری دەسەڵاتی کوردیی) بە تایبەتیی، ئەمەیان نەکرد و هیچ گرووپ و نوخبە و سیاسیی و حیزبێکیش نەیانتوانی، فشار بۆ پارتیی بهێنن کە ئەو بڕیارە سیاسییە- زمانییە، بۆ دۆخی کوردستانی عێراق، بدات.

ئێثنۆنیمی(ناوی نەژادیی- Ethnonym) تورکیی و زمانیی بۆ گەلانی تورک باکگراوند( تورک، تورکمان، ئاذەریی، ئۆزبەکیی، قیرقزیی، تەتەریی، ئۆغوریی، سالاریی، کازاخیی، یاقوتیی…سەری هار و مار ئەگرێتەوە)، وێڕای نزیکایەتیی زۆریان لەگەڵ زمانەکانی گرووپی مەنگۆلییەکان، هەموویان، سەرومڕ زمانی جودا و سەربەخۆن. هاوکات دۆخی زمانە لەیەک نزیکەکان کە نزیکی زمانەکانی گەلانی کورد باکگراوند( واقیعی سیاسیی وا ئەڵێت)، بن، زمانی گەلانی فارس باکگراوندە ( فارسیی ئێران، دەریی ئەفغانستان، طاجیکیی طاجیکستان و”تات Tat “ی روسیا و ئاذەربایجان، یان دروستتر بگوترێ لە داغستان….تاد)، هەموویان سەربەخۆن و بە زمانی ستاندەردی جودا جێکەوت بوونە. وێڕای ئەوەی نووسیین و ئاخافتنیان زۆر زۆر نزیکن، هەندێجار وەکو زاراوەی سلێمانیی و هەولێر، یان وەکو زاراوەی سنە و سەقز، لێکەوە نزیکن، بەڵام بە تەواویی بوونە بە زمانی ستاندەرد و جودا و بەناوی جودایشەوە، ناسراون. بە واتایەکی تر، سەردەمێک ئەکرا زمانێکی ستاندەردی نووسیین لای کەم لە پارچەیەکی کوردستاندا( کوردستانی عێراق)، لە رێگەی بڕیاری سیاسییەوە و بە توێشووی ئەکادیمیایەکی زمانیی، جێکەوت بکرایە، بەڵام بە قەولی فارسیی ئەو سەردەمە “گوزەشت”. هەر ئێستا، ئەوەی لە رێگەی ئێثنیکییەوە بە کورد ناسراوە، زمانی کرمانجیی، سۆرانیی( چەمکی سۆرانیی، بە رەشۆکیی و بە هەڵە جێکەوت بووە کە کرمانجیی ناوەڕاست و تا رادەیەکیش خواروو، ئەگرێتەوە)، هەورامیی و زازاکیی، بە تەواویی پرۆسێسی ستاندەربوونی خۆیان جێکەوت کردووە و هەر هەوڵێكیش بۆ چێکردنی یەک زمانی کوردیی، وەکو خورافەیەکی سیاسیی و زمانیی، وەکو شیعری کوردیی بۆ ئەیلییەنەکانی فەضا، ئەبێ سەیر بکرێت. هاوکات، نە دایگڵۆسیای diglossia زمان و نە خورافەی جووت-ستاندەردیی، یان خەراباتی فرە ستاندەردیی، چارەسەری دۆخی ئاڵۆزی زمانە کوردییەکان( چییتر لەهجە نەماون) و گەلانی کورد-نەژاد، ناکات! بە داخەوە بەمشێوەیەیە، بەڵام واقیعی سیاسیی و جەبری زمانیی و رۆڵی بچووکبوونەوەی زمانی کوردیی، ئەو حەقیقەتانەن کە ئەبێ ببیینرێن.

لە ناو کرمانجیی ناوەڕاست و خواروودا( لێکەوە نزیکن) لە سنەوە بۆ مەهاباد و ورمێ، لەو دیو خانەقیینەوە( کرماشان و ئیلام) بە گەرمیان و کەرکوکدا بۆ جیۆگرافیای زمانیی هەولێرو باڵەکایەتیی، تا پیرانشار و نەغەدە، سەنتەری شاری سلێمانیی و دەوروبەری، بە ستاندەردی زمانیی و زمانناسیی، بە باڵاتریین زاراوەی نووسیین، دێتە ئەژمارد کردن. دیارە لە حەفتاکانی چەرخی رابردووەوە، سلێمانیی و هەولێر، بەراورد بە کەرکوک، بوونە بە شاری گەورە، بەڵام تێکەڵییەکی گەورەی کولتووریی و سیاسیی و زمانیی، ناوچەکانی سلێمانیی و کەرکوک و گەرمیانی بە درێژایی چەندیین صەدە بەیەکەوە بەستووەتەوە. ئەم زمانە خۆبەخۆ ستاندەرد و باڵایەی سلێمانیی، بەراورد بە لەهجەی نزمی موکریانیی، جیاوازییەکی گەورەی مەعریفیی و رۆشنبییریی و مێژوویی هەیە.

سلێمانیی( لەگەڵ ناوچەکانی کەرکوکدا) خاوەنی نوخبە هەرە گەورەکانی کوردن کە تێکستی دانسقەیان، بۆ سەردەمەکانی خۆیان هەبووە، لە نالیی و سالم و کوردییەوە، بۆ مەحویی، حەمدیی، پیرەمێرد و گۆران، بۆ مەلا کەریمی مودەڕیس، قانع و شێرکۆ بێکەس، لە کاتێکدا، موکریان، باشتریین نوخبەکانی لۆکاڵیی و کەم سەوادن، یان ئەوەندە کەمن، کارییگەریی ئەدەبیی، زمانیی و کولتوورییان بەراورد بە سلێمانیی، زۆر سنووردارە، بە تایبەتیی، پیاوێکی زمانزان( نەک زمانناس) ی وەکو هەژار موکریانیی، بۆچی ئەبێ، لەهجە و ئاخافتن و هەژموونی کولتووریی ناوچەکەی ئەو( موکریان) کە مونەظیری سیاسیی بارزانیی بووە، بکرێ بە زمانی ستاندەری نووسیین و بەسەر کولتووری زمانیی و زمانی باڵای سلێمانییدا، بسەپێنرێت؟ بەشێک لە هۆکاری ئەمانە بە کورتیی لە خوارەوە، ئاماژەیان پێئەدرێت.

سەیری ئەدەبییاتی نوخبەکانی سلێمانیی و دەوروبەری بکەن، لە نووسیین و ئاخافتندا، فرمان بە “ئە” “ئەنووسرێ” نەک بە “دە” (دەنووسرێ)، بۆ نموونە، ئەخەوم، ئەڕۆم، ئەچن، ئەبەن، نەک دەخەوم، دەڕۆم، دەبەن…تاد، هۆکاری ئەم ئەفسانە زمانییە(linguistic myth ) لە کوێوە، سەرچاوەی گرتووە کە “دەترسن” لە “ئەترسن”، گوایە ستاندەردترە؟ خەڵکی سلێمانیی ( بە تایبەتییش ئەو پشتێنەیەی لە بانەوە بۆ پێنجوێن، بۆ هەڵەبجە و شارەوزوور، بۆ گەرمیان و بازیان و سورداش و شارباژێڕ، تێکەڵ ئەبنەوە) لە رووی کولتووریی و زمانییەوە لە هەموو ناوچەکانی تری کوردستانی عێراق( بگرە لەسەرتاسەری پارچەکانی کوردستاندا) زۆر باڵادەستترن، ئەی بۆچی تەسلیمی ئەدەبییاتی ناوچەی موکریان بوونە؟ بە تایبەتییش هەژار موکریانیی، تەبەنیی سیاسیی لەهجەکەی خۆی کردووە لە ئەدەبییاتی سیاسیی کوردستانی عێراقدا، هەژارێک تەنانەت وەکو شەرییکی قەتڵوعامی نەیارەکانی بارزانیی، شەرعییەتی داوە بەو تێرۆرانەی دژی کوردەکانی ئێران( لە چەشنی سولەیمانی موعینیی) کراوە. هەژار موکریانیی، ئەدییب، شاعیر، نووسەر، زمانزان و موهەڕیجی سیاسییەکان بووە، بەڵام لە دوور و نزیکەوە، پێوەندیی بە زمانناسیی کولتووریی، بە مەعریفەی زمانیی و مەغزا فیکریی و فەلسەفییەکانی زمانناسییەوە، نەبووە و نابێت.

ئەوانەی هەژاریان پێ غۆلی زمانی کوردییە، بەشی زۆریان ئەوانەن لە کوردیی بترازێ زمانێکی تر نازانن، وێڕای ئەوەی شارەزایی زمانناسیی و مەعریفەی سیاسییان لەسەر زمانناسیی نییە، یان زۆر سنووردار و لۆکاڵییە. بە دڵنیاییەوە، لە زۆر رەهەندی زمان و شیعردا، هێمن موکریانی زۆر لە هەژار باڵاتر و بەسەلیقەتر بووە، بەڵام هەژار لە رووی سیاسییەوە، بە بەرنامە، تەوظیف کراوە. راستە ئەم بابەتە( واتە دەڕۆم یان ئەڕۆم)، مێژووەکەی زۆر لە ئەدەبییاتی هەژار موکریانیی کۆنترە و تۆفیق وەهبیی بەگ بۆ کۆتایی ١٨٠٠ ەکان ئەیگێڕێتەوە، بەڵام گومانی تێدا نییە، هەر بەهۆی کولتوور و زمانی ناوچەی موکریانەوە بووە! هاوکات، ئەمەیان زۆر گرنگ نییە کە بە ” دە” بێت یان بە “ئە”، نیشانەی باڵاتر و ستاندەردتربوون بێت! بەڵام گرنگ و بنەڕەتییە کە ئەبێت یەکێکیان دروستتر بێت و ئەوەی تریان لاوەکیی بێت.

نموونەیەکی تر، ئەم حەقیقەتە لە وەرچەرخانی ئەدەبییات و نووسیینی کوردییدا، بەیان ئەکات. تەواوی ئەو ناوچانەی دەوروبەری سلێمانیی، تەواوی سنە و گەرمیان و کەرکوک، بە هەولێر، دەشتی هەولێر و باڵەکایەتییشەوە، لە ناو ئەدەبییاتی نوخبەکانی ئەو ناوچانەدا، وشەی( جوێن=دژوێن=جوون=جمێن)، تەنانەت بە بادینییش”چفین” هاتووە، لەسەروو هەموویشیانەوە، ئەدەبییاتی نالیی، سالم، قانع، پیرەمێرد و بە تایبەتییش، مەحویی کە پرێستیژتریین مونەوەری سلێمانییە، کەچیی ئێستا نەک بەشێک لە سلێمانییەکان، جوێن بە جنێو ئەنووسن، تەنانەت کەسێکی وەکو مەریوان قانع( برا و ئامۆزاکانی نا)، دەستبەرداری ئەدەبییاتەکەی باپییری بووە و دوای ئەدەبییاتی ناوچەی موکریان کەوتووە! بەشێک لە هەولێرییەکان و کەرکوکییەکان و سنەییەکانیش، دوای ئەم هەژموونە موکریانییە کەوتوونە. ئەمە لە زمانناسییدا پێیئەگوترێ ( language Shifting)، بە واتایەکی تر، جەڕیینی زمانیی، رەنگە بە عەرەبیی و فارسییەکە دروستتر بێت کە تەغییری زمانیی پێئەگوترێت. ئەمە بۆ زگ( سک)یش هەمان میثۆدی زمانیی دروستە، چونکە پێش حەفتاکان، زۆریینەی ئەدەبییاتی سلێمانیی، زگیان( لە زگماکەوە) بەکارهێناوە، بەڵام ٥٠ ساڵێکە بێت، لە ژێر هەژموونی کولتووری زمانیی موکریاندا، بۆ سک، جەڕاندوویانە.

رۆژێک لە نووسەرێکی هەولێرییم پرسی، ئەرێ ئوستاذ، خێرە تۆ جوێن بە جنێو ئەنووسیت؟ رێکوڕەوان گوتی، هەندێ لە برادەرە سلێمانییەکانم و بە تایبەتتریش ئەو سلێمانییانەی لە سلێمانییەوە دوای پارتیی کەوتوون و لێرە نیشتەجێبوونە، وای ئەنووسن و منیش دوای ئەوان کەوتووم! پێموایە ئەگەر لاسایی سلێمانییەکان بکەیتەوە ئەوە زمانی کوردیی بە باشیی ئەزانیت! ئەمە رێک بۆ سلێمانییەکانیش هەروایە، پێیانوایە ئەگەر دوای رێنووسی ناوچەکانی موکریان بکەون، ئەوە زمانیی کوردیی، بە پرێستیژیی و بە ستاندەردیی! ئەزانن. ئەگەر سەیری ئەدەبییات و نووسیینی تەواوی نووسەرانی سلێمانیی بکەیت تا سەرەتای حەفتاکان، هەموویان ( بە موطڵەقیی)، “جوێن”یان نووسییوە، بەڵام لەگەڵ ئاشبەتاڵی جەلالییەکەدا و گەڕانەوەیان بۆ صەفی پرۆکسییە ئیقلییمەکە( شۆڕشەکەی بارزانیی) و دواتریش ئاشبەتاڵی ئەوان، وەکو لە باری سیاسیی و عەسکەرییەوە شکست بوو، لەباری کولتورییشەوە، کەوتنە ژێر ئەدەبییاتی سیاسیی حیزبەکەی بارزانیی و مونەظیرە موکریانییەکەیەوە و لە بری جوێن، جنێو ئەنووسن.

لە هەمووی کۆمیدییتر ئەوەیە، کاتێ هەژار هاتووەتە کوردستانی عێراق، خۆی کەوتووەتە ژێر هەژموونی ئەدەبییاتی “کورد”ی عێراقەوە، بە تایبەتییش ئەدەبییاتی ناوچەکان و نوخبەکانی سلێمانیی، بۆ نموونە لە ( چێشتی مجێوردا) وێڕای ئەوەی درەنگ نووسییویەتی و لە دوای ئاشبەتاڵ و گەڕانەوەی بۆ ئێران، کۆی کردووەتەوە، خودی هەژار موکریانیی، “جوێن”ی بەکارهێناوە. نەک وەکو هەڵەی چاپ، بەڵکو دەیانجار “جوێن”ی لەبری جنێو، بەکارهێناوە! ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە هەژار، جوێنی بە ستاندەرد داناوە و جنێوی بە لۆکاڵیی ئەژمارد کردووە، کەچیی ئێستا نوخبەکانی سلێمانیی، جنێوی موکریان بەکار ئەهێنن و ئۆرثۆگرافیی تێکستەکانی مەحویی، نالیی، قانع و گۆرانیان بەلاوە، ناوە.

بە واتایەکی تر، لە رووی سیاسییەوە، تۆ چەند دژی سیاسەتەکانی پارتیی و ماڵباتی بارزانیی بیت، بەڵام لە رێگەی دەستی سێ و چوارەوە( لە رێگەی هەژار موکریانییەوە بۆ ئەدەبییاتی موکریان) تۆ کەوتوویتەتە ژێر هەژموونی کولتووریی ئەوانەوە. ئەوە بۆ جوێن وابووبێت، بۆ بەرامبەریش وابووە کە موکریانییەکان بە بەرانبەر! ئەینووسن. لە کاتێکدا لە مەغزای زمانەوانیی بە ثیۆرییەکەی ڤینگشتاین( ثیۆریی وێنەگرتن یان وێنەکردنی زمان= picture theory of language ) یاخود هەندێجار بە ثیۆریی وێنەگرتنی مانای ئیستیدلالیی دێت، ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە لە زمانناسییدا، دوای بۆرە زمانزانێکی وەکو موکریانیی بکەویت. بۆ نموونە ئەوەی لە رووی لۆژیک و فەلسەفەی تەحلیلیی زمانەوە، پێیئەگوترێ” رستەی ئەتۆمیی atomic sentence” ناکرێ فۆرۆمەڵە بکرێتەوە و پێتوابێت زمانی ئاسایی و کولتووریی خەڵک، ئەتوانیت بجەڕێنیت.

جوێن لە وێنەگرتن و ئیتیمۆڵۆژیای زمانییەوە، لە دژ-وێن ەوە هاتووە، وێنەی بەرامبەر بە نێگەتیڤ نیشان ئەدەیت و رەسمێکی خراپی لەسەر دروست ئەکەیت. لە کاتێکدا، جنێو، ئەگەر دابنێین لە دژ-نێوەوە، جارێ پێش هەموو شتێ، “نێو” فرەیزێکە بۆ ناوەندێک، گۆڕەپانێک یان کایەیەک بەکاردێت و زۆر لۆکاڵییە بەراورد بە ناو، ئەگەر نێو لە بری ناو بە لەهجە وەربگرین، ئەوە دەلیلی موثبەتە کە لەهجەی موکریانیی، لەهجەیەکی زمانیی نزمە. ئەی بۆ ئەبێ، ئەدەبی باڵای سلێمانیی، بۆ بەختیار عەلیی و نووسەرەکانی سلێمانیی ( لە حەفتاکان بە دواوە) دوای لەهجەیەکی نزمی وەکو لەهجەی موکریانیی بکەون؟ ئەگەر لە رووی سیاسیی و کولتوورییەوە، غەزوی مەغز و مێنتاڵیتییان نەکرابێت!

ئەم هەموو شێرو رێوییە زمانییەی سەرەوەم، بۆ ئەم سێ نموونەیەی خوارەوە، هێنایەوە.

1- بەختیار عەلیی، نوێتریین کتێبی لە رەهەند، بڵاو ئەبێتەوە بە ناوی”گووتاری مانەوە”! وەرە بە وردیی سەرنج بدە، وێڕای ئەوەی لە باری فۆنەتیکی زمانییەوە، قسەیەکی زۆر قۆڕ و بێ مانا دەرئەچێ کە گوتار بکەیت بە گووتار، یان وەکو گەنجێکی وردەکار لە زمانناسییدا “رابەڕ حەسەن”، ئەڵێ لە باری فۆنەتیکییەوە، بڕگەی یەکەم”گو” هێزی لەسەر نییە، بەڵکو هێز لە بەشی دووەمدایە کە”تار”ە. تەنانەت، هەر بۆ حەیثییەتی زمانیی، شتێکی جوان نییە، چەمک یان ناوی “گوو” کە بە پێی زانستی فۆنۆڵۆجی لە زمانناسییدا، نە فۆنیمە و نە مۆرفیمە( phoneme & morpheme) بەڵکو رەپوڕاست، ناوێکی دیاری کوردییە بۆ پیسایی مرۆڤ بەکار ئەهێنرێت. لە ئەدەبییاتی شەعبییدا، کەسێک ئەگەر زۆر دێز و قێز و چەوت بێت، پێیئەگوترێ گوو-تاڵ، بە لە هجەی هەولێریی ئەبێتە “گووتار”، تۆ بێیت گوتار( وتار-دیسکۆرس-خِطاب) بە چاولێکاریی هەندێ نووسەری شیوعیی دێریین کە رێچکەی هەژار موکریانییان گرتووە و بە نزیکەیی وەکو نەخۆشیی زمانیی، هەموو واوێک بە دوو واو ئەنووسن( لە چەشنی کەرکوک، خواکوڕک، گوتن، گوشراو، گوڵزار…تاد، هەموویان سەقەت ئەکەن)؟

لە کاتێکدا، بۆ گرفتی دوو یای کە زۆرجار وشەکە بە تەواویی ماناکەی ئەگۆڕێت، لای ئەو لە زۆربەی رۆمانەکانیدا گرنگییان پێنادات. بۆ نموونە لە باشتریین رۆمانەکانی، رۆمانی “داگییرکردنی تاریکیی”، ئەبووایە تاریکیی بە دوو یای بنووسیایە، بەڵام بە یەک یای( تاریکی= تاریکیت) نووسییوە؟ هۆکار چییە کە زمانی باڵای سلێمانیی، زمانی نوخبەکان و پرێستیژی سیاسیی، بەو شێوەیە زەلیل و ریسوا بکەیت؟ و دوای قوتابخانەی موکریانیی-بارزانیی و فشەخانەی پارەخۆرە بێ تێکستە ناو زل و بێناوەڕۆکەکانی وەکو( ئەکادیمیای کوردیی) بکەویت؟

لە زمانناسییدا ئەکرێ نووسەرێک، زمانناسێک یان کەسێک لە بواری فیکریی و زمانییدا کار بکات، وشەیەکی نوێ دابهێنێ وەکو نیۆڵۆجیستێک( لە neologism ەوە ) بناسێنرێ، بەڵام ئەگەر گووتار، چەمکێکی نوێ بێت و نیۆلۆجییانە داهێنرابێت و مۆتیڤەکەیان لە ئەدەبییاتە سیاسییەکەی بارزانیی-موکریانیی و شیوعییە دێریینەکانەوە وەرگرتبێت( نەخۆشیی دوو واو)، ئەوە ئەبێ ئەو مێنتاڵیتییە چاولێکاریی و جاهیلانەیە، بە قەولی گەرمیانییەکان، گووباران بکرێت. ئەم کەوتنە ژێر کولتوورییەوە کە ئەنثرۆپۆلۆجیستی زمانیی و کولتووریی ئێدوارد تەیلەر** بە تەصویری envisaged کولتووریی ئاماژەی پێئەدات، پێیوایە کە زمان و وێنەکردنی( نەک وێناکردن) کولتووریی دیدی مرۆڤەکان، ئەخاتە قۆناغێکەوە، لە رێگەی زمانێکی باڵاترەوە، ئەیەوێ جێگە بۆ خۆی بدۆزێتەوە و خۆی مانیفێست بکاتەوە.

ئەم بۆچوونەی تەیلەر، چاولێکاریی هەولێرییەکان بۆ سلێمانییەکان، سلێمانییەکانیش بۆ لەهجەی نزمی موکریانیی، نەک هەر خۆیان مانیفێست ناکەنەوە، بەڵکو لە رووی ئایدیۆلۆژیای زمانییەوە، خۆیان بارزانییزە و موکریانییزە ئەکەن. لێرەدا مەبەست ئەوەیە، جیۆگرافیای دەسەڵاتی پارتیی، بە تایبەتییش لە رێگەی هەندێ شیوعیی دێریینەوە کە خەریکی ئەدەب و زمانن، سوودێکی زۆر لە کولتوور و ئەدەبییاتی هەژار موکریانیی وەرئەگرێت و ئەیەوێت بە بەرنامە، بیسەپێنێت بەسەر ئەدەبییاتی باڵادەستی نوخبە دێریینەکانی سلێمانییدا.

2- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ساڵی ١٩٧٥ دامەزراوە، بە عەرەبیی و بە دەستنووسی شەخصیی جەلال تاڵەبانیی، پاش پرسوڕاکردن، بۆ ناوەڕۆکی بەیانە عەرەبییەکە( الاتحاد الوطني الکردستاني-لماذا) بە دەیان نووسەر و شاعیر و زمانناسی “عەرەب”ی عێراق و سوریا و لوبنان، بە تایبەتییش پرسکردن بە غۆل و فیلەتەنی ئەدەبی عێراقیی ( محەمەد جەواهیریی)، چەمکی الکردستاني، بە درێژایی مێژووی یەکێتیی لە ئەدەبییاتە عەرەبییەکەیدا جێکەوت بووە. ئەمە بەدەر لەوەی لەو رۆژەوەی چەمکی کردستان( بە عەرەبیی، بە فارسیی، بە ئاذەریی، بە تورکمانیی و بە تورکیی کۆن تا سەردەمی کەمالیزم) هەر کردستان بووە و مێژووەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ نزیک بە نۆ صەد(٩٠٠) ساڵ لەمەوبەر کە “کردستان” بە عەرەبیی، فارسیی و تورکیی، بۆ یەکەم جار لە ئەدەبییاتی نووسییندا بەکارهێنراوە.

چەندیین صەدە دواتر، خانیی و دواتریش نالیی و ئەوان بە ” کوردستان” کردوویانەتە ناو ئەدەبییاتی کوردییەوە، کەچیی ئێستا هەندێ گەلحۆی سیاسیی و هەندێ عەوامی ئەکادیمیی، دووبارە بە چاولێکەریی ئەدەبییاتە موکریانییەکەی پارتیی، بە عەرەبیی و فارسیی ( کوردستان) ئەنووسن؟ لە کاتێکدا، هەر ئەمانە، نوطقیان لێوە نایەت کە بە بە زمانی تورکیی بە کورد ئەگوترێ کورت( Kürt) ، ئەمە شەرم و خەجاڵەتیی نییە و سووکایەتیی نییە بە کورد، ئەمە مۆدیفای زمانی تورکییە و بە موردایش ئەڵێن ( مورات)، بەڵام پاڵنەرە ئایدیۆلۆژیی و حیقدە نەتەوەیی و راسیستییەکە بۆ لە زمانی فارسیی و لە عەرەبیی هەیە، بەڵام لە تورکیی نییە؟ هۆکارە سیاسیی، فیکریی و مێژووییەکەی پێوەندیی بە ناسیۆنالیزمی نەژادیی-کوردایەتییەوە هەیە، وێڕای جەهلێکی غەڵیظ لە زمانناسییدا، رەگێکی پڕ لە حیقدی طائیفیی سوننیی-عوثمانییشی تێدایە.

لە کێشەی نێوان، هاوسەرۆکانی یەکێتییدا( لاهور و بافڵ)، ئەمە بە ئاشکرا دەرکەوتەوە. کاتێ بافڵ بڕیاری دەرکردنی لاهوری دا، ئارم و تێکستی ئامادەکراو letterhead یان ئەوەی پێیئەگوترێ، لۆگۆی رەسمیی یەکێتیی بە عەرەبییەکەی نووسراوە الاتحاد الوطني الکوردستاني، لە کاتێکدا ئەمە تەحریفکردنی ناوی رەسمیی یەکێتییە کە تاڵەبانیی، یەکەم کەس بووە بە قەڵەمی خۆی، دایڕشتووە.

لە بەرامبەریشدا، لاهور بە لۆگۆی رەسمیی! یەکێتییەوە، ئیدانەی ئەو دەرکردنەی کرد و بە کارێکی نا حیزبیی و دژە پێڕەوی حیزبیی، نیشانی دا، چەمکی الکردستاني بە “ضەممە” نووسییوە نەک بە واوی درێژ( الکوردستاني)، جا پرسیارەکە لێرەدایە، کاتێ لاهوریش کە قائیدی یەکەمی یەکێتیی بوو، زۆربەی بەیانەکانی یەکێتیی بەو لۆگۆیەوە دەرئەچوو کە لەسەردەمی دوای تاڵەبانیی و باڵادەستبوونی کۆسرەت و مەلا بەختیارەوە، مونەظیرە سیاسیی و فیکریی و زمانییەکانی پارتیی، غەزوی ئەدەبییاتی یەکێتییان کرد و کەم تا زۆر جێکەوتیان کردبوو. ئەی بۆچی لاهور لەم بەیانەی ئەخیریدا، لە لۆگۆکەدا، کوردستانی بە عەرەبیی بە “الکردستاني” نووسییبوو؟ ئایا لە باری فیکریی و زمانیی و سیاسییەوە، ئەوەندە خەڵکی وردەکاری بەدەورەوەیە کە بیانەوێ خۆیان لە هەژموونی کولتوورییەکەی پارتیی دوور بخەنەوە، یان هەر بە رێککەوت بووە؟

3- حەمەی مەلا کەریمی مودەڕیس، نووسەرێکی باش و شارەزا بوو، خزمەتێکی زۆری بە ئەدەبی کوردیی کردووە، بەڵام قەطعەن، پرسیاری ئەوەت لە خۆت کردووە، بۆچی ئەم پیاوە، تەحریفی رێنووسی تەواوی مونەوەرەکانی ناوچەی سلێمانیی کردووە( ئەوانەی لە لایەن حەمەی مەلا کەریمەوە، نووسیینەکانیان بیراز کراوە) و لەسەر ئەدەبییاتی هەژار موکریانیی و نووسەرە شیوعییە دێریینەکانی ناو دەسگاکانی راگەیاندنی پارتیی، زمانی نالیی و سالم و کوردیی و مەحویی…تاد سەقەت کردووە؟ هەر بەوەوە نەوەستاوە، بەڵکو سەرلەبەری ئۆرثۆگرافی( قەواعیدی ئیملائیی)ی نووسیینەکانی ئەو مونەوەرانەی بە هەڵە نووسییوە و کەوتووەتە ناو خورافەی زمانی پەتیی کوردیی و فشقییاتی پاککردنەوەی زمانیی لە زمانە بێگانەکان و تەواوی ئەو حەرفە عەرەبیی و ئارامییانەی( ض، ط، ص،ث، ظ…تاد) لە نووسیینە ئۆریجناڵ و دەستنووسەکانی ئەواندا یان لە چاپەکانی تا هەشتاکان و نەوەدەکانی ئەواندا هەبوونە، تەزویری کردوونە و بە ئەدەبییاتی نا مۆدێرن و نزمی موکریانیی، دایڕشتوونەتەوە؟

سەرەنجام، ئەم شەرعییەتە زمانییە (linguistic legitimation ) کە زمانێک یان لەهجەیەکی تر زاڵ ئەکات بەسەر ئەم و ئەودا، لە دیدی “بۆردیۆ”ەوە لەوێوە سەرچاوە ئەگرێ کە موئەسەسەیەکی سیاسیی یان دەسەڵات، بۆ ئەجێندای ئایدیۆلۆژیی و خووی زمانیی ( attitude ) ئەوەی مەبەستیەتی، مەقبولییەتی پێئەدا و دواتریش شەرعییەت لە مەقبولییەتەکە و لە دیفاکتۆ سیاسییەکەوە وەرئەگرێ بۆ سەپاندنی ئەجێندا سیاسیی و زمانییەکانی خۆی. ئەمە لە کاتێکدایە، زمانی نووسیین و ئەدەبییاتی مونەوەرەکانی سلێمانیی، زمانێکی باڵایە لە دەرکی موتەبادیلدا(mutually intelligible )، هاوکات لە دیدی سۆسیۆزمانییەوە ئەکرێ بگوترێ زمانێکە لە بناغە نوخبەوییەکەیەوە، درێژ ئەبێتەوە و بەردەوامیی زمانیی continuum و ویقاری کولتووریی لە گەردن و باڵای کرمانجیی ناوەڕاست و خواروو، ناوە.
بۆردیۆ، بۆچوونی ئەوەیە کە” ئاخێوەرانی زمانێک کە شەرعییەتی چالاکیی زمانەکەی خۆیان لە دەست ئەدەن، بە حوکمی دیفاکتۆ لەسەر شانۆی کۆمەڵایەتیی دوور ئەخرێتەوە، یان ئەبێ بێدەنگیی هەڵبژێرێت” (Bourdieu, 1991, p. 55). لە دۆخی ئەوەی کە زمانی سلێمانیی، شەرعییەتی خۆی لەدەستداوە و تەبەنیی لەهجەی موکریانیی ئەکات، مەریوان و بەختیار و رەهەندییەکانی تر، خووی نووسەرانی موکریانیی ئەگرن و شوێنیان ئەکەون، بەشێکی پێوەندیی بە نەقصی مەعریفیی و زمانیی نوخبە و سیاسییەکانی ئەم سەردەمەوە هەیە و بەشێکیشی پێوەندیی بە خۆبەکەمزانییەوە هەیە بەرامبەر ئەزبەنییەکانی بارزانیی( لێرەدا موکریانیی) و بە ماستەرمایندی خۆیانی ئەزانن. ئەمە لە کاتێکدایە، کەسی وەکو شێرکۆ بێکەس کە دواهەمیین و مەزنتریین شاعیری کوردە لە ناوبانگ و ویقار و شۆهرەتدا، بە تایبەتییش لە داهێنانی باڵاتریین وێنەی شیعریی و خوڵقاندنی پرێستیژی پەنهانییدا ( covert prestige) ، دەقەکانی بە زاراوەی زاڵی سلێمانیی نووسییوە و کەم تا زۆر توخنی ئەدەبییاتی نزمی موکریانیی نەکەوتووە.

لە کاتێکدا، شێرکۆ بە دەیان قەد ، لە باڵای شیعریی و تێکستی جوان و ئاوێزانکردنیان لەگەڵ زماندا، بەسەر موکریانییدا ئەشکێتەوە، نەک هەر حیسابی بۆ وڕێنە زمانییەکانی موکریانیی نەکردووە، بەڵکو تەحەدای کردووە، کەچیی خووی ئایدیۆلۆژیی سلێمانییە رەهەندییەکان، بەلای موکریانییدا ئەگوزەرێ، لە کاتێکدا لە هەموو دەقە پرێستیژەکانی شێرکۆ بێکەسدا نایدۆزیتەوە کە فرمانەکانی بە دە ( دەڕۆن، دەشێوێنن) نووسیبێت، بەڵکو هەموویانی بە ئە ( ئەڕۆن، ئەشێوێنن، ئەدەن…تاد) نووسییوە، هەروەکو نوخبەکانی پێش شێرکۆیش وایان نووسییوە. بۆ خۆم تا چەند ساڵ لەمەوبەر بە “دە” ئەمنووسی، بەڵام کاتێ لە مێژووی گەشەی زمانیی -کرمانجیی ناوەڕاست وردبوومەوە و بابەتی پێوەندییداری زمانناسییم خوێندەوە، وازم لەو خورافە زمانییە( the language myth) هێنا.

کۆتایی ئەم نووسیینە بەوە دائەخەم کە لای من زمانی کوردیی یان هەر زمانێکی تر، قودسییەتی سیاسیی نییە، حەزم ئەکرد زمانەکانمان( زمانە کوردییەکان) بیانتوانیایە تەعبییر لە ئازار و دەربڕیینە سیاسییەکانمان، بە جیهانی دەرەوە بگەیەنن، بەڵام بە داخەوە، هەر کوردێک ئەگەر لای کەم یەکێک لەم سێ زمانە ( عەرەبیی، فارسیی یان تورکیی) یاخود زمانێکی جیهانیی نەزانێ، ئەوە نە لە مەغزای سیاسیی زمان ئەگات، نە لە جیهانی دەوروبەر ئەگات و نە ئەشتوانێ ئیدامە بە پاراستنی زمانەکەی بدات، بە دۆخێکی لەو چەشنەیشەوە، جگە لە وڕێنەی زمانیی بە شێوەیەکی لۆکاڵیی، شتێکی تر بەرهەم ناهێنرێت. لەسەر ئەرضی واقیعیش، زۆربەی ئەوانەی تێئەگەن لەم دۆخە سۆسیۆسیاسییەی زمانی کوردیی و ئیمکانییاتی ماددییان هەیە، منداڵەکانیان فێری زمانێکی تر ئەکەن.
لە بەرامبەریشدا، نوخبەکانی کورد و شاری سلێمانیی، خەریکە تەواو تەسلیمی ئەو ئەمری واقیعە ببن کە کاتی خۆی بارزانیی بە تۆبزیی و بە عەنتەرییات، هەژار موکریانیی کرد بە موقتەدا و بە مەرجەعی هەموو رۆشنبییران و کایەی رۆشنبییریی کورد لە کوردستانی عێراقدا، هەر دوای ئەوەی بارزانیی و بەعث، رێککەوتنی ئاداریان کرد، لە بەغداد کرا بە سەرپەرشتیار و مامۆستای یەکێتیی نووسەرانی کورد و لە یەکەمیین هەنگاویشدا، بە فەرمانی بارزانیی نێردرا بۆ رێکخستنی کاروبارەکانی یەکێتیی نووسەرانی کورد( کوردستانی عێراق) کە تازە لە بەغداد، دامەزرابوو، بە سەرۆکی دەستەی بەڕێوەریش، تەعیین کرا. ئەو هەژارەی جگە لە شیعر و وەرگێڕان و هەندێ سەجعی زمانزانیی، مەعدەنە سیاسییە هەزییلەکەی ئەم جۆرە شیعرانەی خوارەوە بووە.

بارزانیی، پاڵەوانی کورد
هیوای پییر و جەوانی کورد
خەبەریان پێداین تۆ مردووی
بە دیمەن لەبەرچاو ونبووی
من دەزانم تۆ نامری
تۆ لە مردن بەهێزتری

Anthropological Essays presented to Edward Burnett Tylor. Oxford at the Clarendon Press. 1907. **

Bourdieu, P. (1991). Language and symbolic power. Cambridge, UK: Polity.

کامیار سابیر

Previous
Next