 
	شیینکردن یاخود ڕشانەوە !! … زاهیر باهیر
کەسانێکی زۆر لە ناوەوەی گۆڕان و دەرەوەشی بە کۆچی دوایی نەوشیروان، زۆر خەمبار بوون. هەمیشە هەر وابووە ئەوەندەی کورد بە سۆز ( عاتیفە) قسە دەکات چارەکێکی ئەوە بە هۆش و بیرکردنەوەوە قسە ناکات ، ئەمە جگە لەوەی پیاهەڵدانی کۆچکردوان و بە شان و باڵ هەڵدانیانا و گەیاندنیان بە کەشکەلانی فەلەك زیاتر کولتورمانە، لەوەی بڕوا و باوەڕ پێبوونمان، بێت . هەر ئەو کوڵتورەشە کە ڕەرخنەگرتن ، لە هەڵسوکەوتی “سەرکردەو ڕابەر و سەرۆك” و ڕێڕەوەکەیان، کاتێك کە دەمرن قەبوڵ ناکرێت. ئەم ڕەخنانەش لە لایەن بەرانبەرەکانییەوە ، بە هەر هۆکارێك بن، هەرس ناکرێن و دەئاخنرێنە خانەی تەهیوین و تەحقیر و تەخوین و ڕێز نەگرتن لە کوڵتور و مرۆڤانی کۆچکردوو . ئەمانەمان لەم ڕۆژانەدا لە لایەن گەلێك کەسەوە بینی تەنانەت هەندێك برادەر ڕووبەڕووی هەڕەشەش لە لایەن ” کوڕانی گەلەوە ” لە فەیسبوکدا، کە دیارە کۆمەڵێكن لە گۆڕان ، بوونەوە.
ئەم جۆرە ئیرهابی فکرییە لە لایەن ئەو دەستەیەوە و لەلایەن دەستەی نوسەرانیی ڕؤشنبیریش گەر لای ئەوان  پاساوەکەی  هەرچی بێت ، لای خەڵکانی وەکو من نەك هەر قەبوڵ نییە،  بەڵکو هیچ کەسی دیکەش  نابێت قەبوڵی بکات .
کەسانی ڕؤشبیری لیبراڵ کە هەم خۆیان بە ڕۆشنبیر و بە پسپۆر لە زمانناسی   و زمانزانی  و هەمیش بزنسمان، دەزانن،  کە هێڵنجدەدات و دەڕشێتەوە دژ بە کۆمۆنیستەکان و یەخەی ئەنارکیستەکانیشی گرتۆتەوە.  ئەم ڕؤشنبیرە  ڕێگای بەخۆی داوە و ئەوەی  ناشیرینە وتویەتی .
 ئاخر ناکرێت کە تۆ پێگەیەکی فکریت نەبێت ، هەڵوێستێکی عەمەلیت نەبێت ، تۆ لەو پەڕی لایەنگیریی نەوشیروان موستیەفا و گۆڕانەوە ببیتە ڕەخنەگریان و دواتریش لە دوای مردنی نەوشیروان ببیتە دۆستایان و ئاوا بڕشێیتەوە بەرانبەر هەرکەسێك کە ڕەخنەی لە ڕابوردوو و ئێستاو ئایندەی نەوشیروان و گۆڕان گرتبێت!!!.
  ئاخر کاکی نوسەر تۆیەك نەتوانیت یەك بڕگە، تەنها یەك بڕگە ، بنوسیت  و ئەوەندە کۆڵەواربیت لە زمانا، بێ ئەوەی  چەندەها وشەی عەرەبی  و ئینگلیزی تێکەڵاو نەکەیت!! هاوکاتیش  تۆ خۆت بە پسپۆڕ لە زمانی کوردیدا بزانیت!!.
 ئاخر تۆیەك کە لە ماوەیەکی کەمدا خاوەنی 3 هەڵوێستی جیا  بیت ، چۆن دەتوانیت خۆت بە توێژەرەوە و شیکەرەوەی بارودۆخی کوردستان بزانیت!!، با نەك هەر ماستەر بکەیت لە هەر بوارێکدا، تەنانەت ، با پڕۆفیسۆریش بێت [ کورد زۆر پڕؤفیسۆر بە گرنگ دەزانێت ] . ئاخر مەگەر گێلە خوێنەر باوەڕ بەوە بهێنن کە تۆ لە بواری زمان و بواریی توێژینەوەی سیاسی و بارودۆخی کۆمەڵاییەتیدا شارەزایت هەیە .
ئاخر تۆیەك لە پۆستێکدا دەستخۆشی لە قەتڵ و عامکەرانی قەسابخانەکەی پشتئاشان و قەڕناقان ، بکەیت ، کەچی لەولاوە بۆ کوردانی باشور و باکور و ڕۆژاو فرمێسك هەڵڕێژیت و بپاڕێیتەوە و دژایەتی دیکتاتۆرییەت و فاشیەت بکەیت!!، دیسانەوە مەگەر هەر گێلە نوسەر و گێلە خوێنەوارەکان باوەڕت پێبکەن تۆ وەك کابرایەکی دیمۆکراتی و دۆستی دادوەریی کۆمەڵایەتیی بناسن و  ئەو وتارانەشی کە دەیاننوسیت ، لە متمانە و قەناعەتتەوە ، لێت وەرگرن  !! 
تۆیەك کە وەکو من هیچ نیت ، کەچی بەو پەڕی مەغروریی و ڕازییبوون لە خۆوە، هەڕەشە لە برادەرەکانی فەیسبوکت دەکەیت کە گەر ئاوا بن ….. تۆ ‘ ئەنفرێندیان ‘ دەکەیت [ تەنانەت لەمەشدا نەتتوانیوە بە کوردی بنوسیت ]  وەکو ئەوەی برادەرایەتیی و هاوەڵگرتنی فەیسبووك بە پارە ڕابگیرێت ، کە تۆ برادەرەکانت لە برادەرایەتی خست ئیتر ، موچەکانیان لای تۆوە دەبڕێت!!
  تۆ ڕەنگە لە بزنسەکەتا سەرکەوتو بیت ، چونکە دەزانین بزنس و دەوڵەمەندبوونیی لەسەر چ بناخەیەك دروست دەکرێت، بەڵام لەم سیانەی  دیکەیانا : توێژینەوە و زمانناسی و مرۆڤدۆستی  ، بەداخەوەم کە دەڵێم  سەرکەوتوو نیت .                                                                                                              
 زاهیر باهیر- لەندەن
  30/05/2017  


 
			 
			 
			