Skip to Content

سەرمایەداریی ناوێکی تری پیاوسالارییە.. مۆنۆلۆگی دوازدە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

سەرمایەداریی ناوێکی تری پیاوسالارییە.. مۆنۆلۆگی دوازدە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ته‌مموز 3, 2024 General, Opinion

مۆنۆلۆگی دوازدە لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

من: جارێک پرسیاریان لێکردم لە بارەی مێژووی خۆشەویستی، بەلامەوە پرسیارێکی گەورە و تا راددەیەکیش بێ مانا بوو، نامەوێت خۆشەویستی بخەمە ناو مێژووەوە بەڵکو لە دەرەوەی مێژوو دەیھێڵمەوە، ئەو شتەی بکەوێتە ناو بازنەی کاتەوە، کۆتایی ھەیە وەک چۆن سەرەتای ھەیە. پێناسە میتافیزیکییەکان بۆ خودا ئەوەیە زاتێکە لە دەرەوەی شوێن و کات، ھەر توخمێک لە دەرەوەی کات بێت بە واتای ئەوەشە خودێکی نەمرە، ھەر بۆیە ھەوڵمداوە خودا بە خۆشەویستی یان خۆشەویستی بە خودا پێناسە بکەم، ئەمە روانگەی “ئۆشۆ”شە، بەڵام ئەوەی من دەمەوێت سروشتێکی خودایی ببەخشمە خۆشەویستی، بۆ ئەوەیە بیسەلمێنم خۆشەویستی نەمرە و قابیلی ئەوە نییە بخرێتە ناو چێوەی کاتەوە.
خۆم: مرۆڤی عاشق بەدەستی خۆی مێژوو دەنووسێتەوە، نەک مێژوو بینوسێتەوە، لە “گیرفانی پاڵتۆی” ھیچ کەسەوە نەھاتۆتە دەرەوە، بەڵکو کەسانی تر لە کۆشکی ئەمەوە سەر دەردەھێنن، مرۆڤی عاشق کوێرە و سەرسام نییە بە ھیچ کەسێک جگە لە مەعشوق، کە دەیەوێت لە پرۆسەیەکدا لەگەڵیدا بچێتە دۆخی یەکبوونەوە. دەکرێت بڵێین عاشقەکان ئەوانەن تا چڵەپۆپە ئازادییان بەدەستھێناوە، ھەڵەش نییە ئەگەر بشڵێین رۆحێکی کۆیلە و کۆنترۆڵکراویان ھەیە! چون ھەموو ھەوڵێکیان بۆ راگرتنی دڵی مەعشووقەکانە. مرۆڤ لە کردەی خۆشەویستیدا لە یەک کاتدا ھەم جوانی دادەھێنێت ھەم جوانیش دەیترسێنێت، ئاخر عاشقبوون رەوشێکی دەروونی ترسناکە، بەو پێیەی لەو پرۆسەیەدا مرۆڤبوونی خۆی بەرەو بوونەوەرێکی سەرتر جێدەھێڵێت، بەرەو شتێکی بەرزتر لە ئینسان ھەنگاو ھەڵدەگرێت، دەبێتە خودا!. بەدیتنی خۆم سوپەر مرۆڤەکەی نیتچە “ئەوەی گەیشتۆتە دوای پلەی ئازادیی و رەھابوون” بەجۆرێک لە جۆرەکان عاشقەکانن، ئەمە بێ نکۆڵیکردن لەو دیمەنەی ھەردەم عاشقەکان بەرامبەر واقیع، پاسیڤ و دەستەمۆن، بەڵام ئازادیی یان با بڵێین بەختەوەرییەکی دەروونیان بەدەستھێناوە.
من: ئەوەی بۆ من لە ھەر بابەتێکی زیاتر جێی بایەخە، خۆشەویستییە بە مانا ئەبستراکتەکەی. ھەمیشە تێکۆشاوم لە پێناو دۆزینەوەی نوێترین میتافۆر بۆ باسکردن لەم چەمکە، ویستوومە بە دیالێکتیکێک قسە بکەم ھەرگیز بەو فۆرمە گوزارشت لە ناوەڕۆکی خۆشەویستی نەکرابێت، زمانی من بۆ پەسندانی خۆشەویستی جیاوازە لەو رستە کلاسیکی و سواوانەی ھەمیشە ساکارانە لە ستایشی خۆشەویستیدا دەردەبڕدرێن، خۆشەویستی وەک سزا یان بەختەوەریی نابینم، خۆشەویستی وەک فاکتۆر بۆ نەمریی و گوزارشتکردن لە مرۆڤبوون چاو لێدەکەم، لە ھەموو شتێکدا و لە ھەموو شوێنێکدا، لە سەرەتا و کۆتاییدا خۆشەویستی دەبینم، وەک وتم خۆشەویستی ئەبستراکت ستراتیجی ژیانمە.
خۆم: کەواتە تۆ دەتەوێت بڵێیت، خۆشەویستی کردەیەکە لە چەشنی مۆمیاکردن، ھەڵماندەگرێت و دەمانپارێزێت بۆ مێژوویەکی ئێجگار دوور و درێژ. لەگەڵ ئەوەشدا خۆشەویستی ھەمیشە رەھەندێکی رۆحیی و ھەستەکی قووڵی ھەیە، کەچی ئەوەی جێگەی تێبینییە تۆ ھەوڵت بۆ ئەوەیە خۆشەویستی رەھەندی جەستەیش بگرێتەوە. زۆربەی جار غەریزە بکوژی خۆشەویستییە، نەک زۆر جار بەڵکو ھەموو کات.
من: قسەکانی خۆمم بیرە، پوکانەوەی مێشکم رووداوێکی بایۆلۆجییە، بەڵام گەشەکردنی بیر و گۆڕانکاریی ئەندێشە و پەرەسەندنەکانی ناو مێشکم دیاردەیەکی فیکریی. ھیچ کات خۆشەویستی لەسەر رەتکردنەوەی لەمس و ئاوێتەبوونی جەستەکان رانەوەستاوە، ئەمە دیدێکە بارگاوییە بە سۆفیزمێکی کوێرانە و بەرتەسک، خۆشەویستی لە رێی جەستەوە مانا پەیدا دەکات، وەک چۆن نیشانەکانی لەسەر رووخسار و بە جەستەوە دەردەکەون، ھەروەک شیعرەکەی “ژاک پریڤێر” ئاماژەی بۆ دەکات “تەنانەت ئەگەر تۆش بە چاوێکی جوانەوە نەیبینی.. دیمەنەکە ناشرین نییە.. ئەمە چاوی تۆیە لەوانەیە خراپ ببینێت”.
خۆم: پێداگریی لەسەر خستنە ناوەوەی پەیوەندیی جەستەیی بۆ ناو بازنە رۆحییەکەی خۆشەویستی، ھەمیشە ویستێکی نێرانەی لە پشتە ئەگەر نەڵێم ویستێکی غەریزیی پیاوانە. زۆرجار نێرینە دوای مەست و حەیرانبوونی لە پەیوەندیی جەستەیی دنیای خۆشەویستی ژن جێدەھێڵێت، لە راستیدا جیھانێکی شێواو و رووخاو وەک شوێنەواری جەنگێکی ناڕەوا جێدەمێنێت، ئەمە تراوما راستەقینەکەی ژنە لە تێکەڵاوکردنی جەستە لەگەڵ خۆشەویستی.
من: ئێمە ناتوانین دوو دەستەواژە بە جیا بەکاربھێنین “جەستە و خۆشەویستی” لە سۆنگەی ئەوەی خۆشەویستی پەیوەندیی جەستەیش لە خۆ دەگرێت. ئەو کێشەی تۆ باسی دەکەیت، تەنیا دیوە فۆرمالیستییەکەی بابەتەکەیە، چون بەم پێوەرە سێکس دەبێتە دیاردەیەکی بایۆلۆژیی ناچاریی نەک سەرچاوەی شادیی، ئەم دیدە دەکرێت فاشیزمیشی لەسەر بینا بکرێت، فاشیزم لە دوا رەھەندیدا بریتییە لە مەرگپەروەریی و قێز لە ئیرۆسییەت. جیا لەمە لە خەیاڵدانی پاتریارکی یان ئەو دیدە خێڵەکییەی بیرکردنەوەی ئێمە ئاڕاستە دەکات، ھەموو کات لە سێکسدا نێرینە وەک سوبێکت وێنا دەکات، لە بەرامبەردا وەک ئۆبێکت لەویتری مێینە دەڕوانێت، ئەم تێڕوانینە ژەھراوییە وای لە ژنی ئێمە کردووە نەک لە سێکس بترسێت، بەڵکو لە ھەر پێکگەیشتنێکی غەریزیدا ھەست بە دۆڕان و گوناھباریی بکات. خۆشەویستی ئەم ھاوکێشە لاسەنگە ھاوسەنگ دەکاتەوە، کە دواجار سێکس کردەیەکی ھاوبەشی نێوان ھەردوو رەگەزە و ھەردوولا وەک یەک سوبێکتن. “ئێمە لێرەدا گریمانە لەسەر پەیوەندیی سێکسی نێوان ھەردوو رەگەزی مرۆڤایەتی دەکەین”.
خۆم: مادام وایە با زیاتر خاڵ بخەینە سەر پیتەکان. پیاو “نێر”ی ئێمە ھەمیشە بۆ پەیوەندیی جەستەیی بیانووی خۆشەویستی پێیە، تەنانەت شیعری عاشقانەی نوخبەکەش بۆ دروستکردنی ژنێکە بە دڵی پیاو، ئەمەش بە ناوی ئازادییەوە بەسەر بیرکردنەوەی ژناندا دەسەپێنرێت، بە واتایەکی تر تێڕوانینی نوخبەش بۆ بەرھەمھێنانی ژنێکە تەنھا جەستەی ئازاد بێت و شێوەی جلەکانی وەک کچانی فۆتۆ مۆدێل بێت، ئەمەش تەنیا ئارایشتێکی عەقڵی پیاوسالارییە.
من: دەستت خستە سەر برینە مەترسیدارەکە. دیدی زاڵ ئەوەیە ئازادیی مێینە لە بە کاڵاکردندا دەبینێتەوە، ئەمە تەنیا بەرھەمی عەقڵی کۆنسەرڤاتیزمی رۆژھەڵاتی نییە، ئەمە نۆرمێکە سیستمی کاپیتالیزم برەوی پێدەدات، کۆمپانیا و فابریکەکان لە پشتی ئەم دیاردەیەوەن، جەستەی ژن وەک ماتریاڵێک بۆ بزنس و ریکلام بەکاردەھێنن. ئەوەش راستە ھۆشی دەستەبژێری رووناکبیریی ئێمە “کورد” لە ناو ھەمان گووتاری نێرسالاریی سەرمایەدارییدا دەخولێتەوە، تەنانەت شیعر کە زمانی ھەستێکی رووتە بۆتە بەشێک لەو پرۆسەی بە کاڵاکردنە. ئەمە قسەیەکی “ئەدۆنیس”م لە بارەی “نزار قەبانی” وەبیر دەھێنێتەوە وەختێک وتی “لەو بڕوایەدام قەبانی شاعیرێکی گەورەیە، بەڵام سەیرکردنی بۆ ئافرەت بە پەسەند دانانێم، چوونکە رواڵەتیانە یارمەتی ئافرەت دەدات بۆ ئەوەی لە کۆت و بەندەکان خۆی رزگار بکات، وای لێکردووە بە پێی ئارەزووەکانی ئەو بایەخ بە جەستەی خۆی بدات، بەڵام خۆی لە قەرەی رەگوریشە قووڵەکانی مەسەلەی ئازادبوون نەداوە”.
خۆم: دیدی پیاوسالاریی سادیزمە و بەرخوردەکانیشی بۆ ژن دۆزەخە، مارکیز دی ساد “ئەوەی نەخۆشی سادیزم بە ناوی ئەوەوە ناونراوە” لە نامەیەکدا بۆ ھاوسەرەکەی دەنووسێت “ئۆرگازمی راستەقینە لە مەرگدایە”. دروست ئەمە دیدی پیاوسالارییە بۆ ژن، ھەموو ئۆرگازمی پیاوانەی خۆی لە مەرگی رۆح و دەروونی مێینەدا دەبینێتەوە. من ھەمان بۆچوونی “کالیکس”م ھەیە کە ئالان بادیۆ بیرمان دەخاتەوە و بەپێی روانگەی ئەو مرۆڤی شاد “happy man” کەسێکی ستەمکارە و بە میکانیزمی توندوتیژیی زاڵ دەبێت بەسەر ئەویتردا. لە راستیدا پیاوی شاد “لە زمانە ئەوروپییەکاندا دەستەواژەی پیاو بۆ مرۆڤ بە کاردێت” ئەوەیە بە ھۆکاری توندوتیژیی مێینە رام و کەوی بکات. بۆیە ئەم مرۆڤە شادە نەک نازانێ خۆشەویستی چییە، بەڵکو پەیوەندییە جەستەییەکانیشی لەگەڵ ژن جۆرێکە لە لاقەکردن.
من: سەرمایەداریی ناوێکی تری پیاوسالارییە. ئەگەرچی بە رواڵەت وا دەردەکەوێت ئەم سیستمە تەکانێکی بە ئازادیی و دەستەبەری مافی مرۆڤ داوە، کەچی لە راستیدا ئەم تەنیا دیوی دەرەوەی ئەم باوەڕە ھەڵەیەیە، فوکۆ لە کتێبی “دیسپلین و سزادان”دا بە روونیی تیشک دەخاتە سەر ئەم پرسە، ئەو بەوردی ئەو ھێڵە درامییەی ستەمکاریی دەدۆزێتەوە کە لەسەردەمی دێرینەوە درێژ بۆتەوە بۆ سەردەمی سەرمایەداریی “مودێرنە”. ئەو لەوێدا پێیوایە ئەوەی گۆڕاوە تەنیا شێوازە ئاشکراکەی سزادان و کۆنترۆڵکردنە، ئەگەرنا لە سەردەمی مودێرندا ئەم داپڵۆسین و جڵەوکردنە بە شێوەی شاراوە و بێ ویژدانانەتر بوونی ھەیە، ئەویش پێش ھەر شتێک دەست بەسەرداگرتنی بیر و ھۆشە لە رێی کارگە و قوتابخانە و دامەزراوە سەربازییەکان و دەسەڵاتی ماسمیدیاوە، بە دیتنی فوکۆ ئەمانە جێگەی زیندانە نەریتییەکانی “چاخی کلاسیکی”یان گرتۆتەوە. کەواتە خودی سەرمایەداریی سروشتێکی دڕندەی ھەیە، لەسەر باڵادەستیی چین و توێژەکان بینا کراوە، لەم نێوەندەدا مێینە چەندان جار چەوساوەترە، ئەمە دووپاتکردنەوەی قسەکەی “ئەنگلس” نییە بەڵکو فاکتێکی روونە، ئەو مافەی سەرمایەداریی بە مێینە داوە تەنھا مافی بە کاڵابوونە.
خۆم: کرۆکی قسەکردنمان لە بارەی خۆشەویستییەوە بوو، بەڵام خۆشەویستی لەنێوان مرۆڤەکاندا دەکرێت، مرۆڤیش مەحکومە بە جۆری بیرکردنەوە و ژینگە کۆمەڵایەتییەکەی. جارێک ئەریستۆ وتی “لە ناو ھەموو زیندەوەران تەنیا مرۆڤ دەتوانێت پێبکەنێت”، بیر لەوە دەکەمەوە تەنیا مرۆڤیشە دەتوانێت خۆشەویستی بکات، تەنیا مرۆڤیشە دەتوانێت بگریێ و ببێتە ھۆکاری گریاندنی مرۆڤی تر. بۆ ئەوەی خۆشەویستی بگەڕێتەوە ناو دڵی ئینسان، دەبێت جارێکی تر دەستکاریی دنیا بکەین، ھیچ نەبێت لانیکەم وەک “ئۆرھان پامۆک” بوێر بین و بڵێین “بیر لەوە دەکەمەوە، لە چاوی ژنانەوە باسی دنیا بکەم”. سەیرکردنی دنیا لە چاوی ژنەوە لانیکەم کۆمەکمان دەکات بۆ راستکردنەوەی ئەم جیھانە لنگەوقوچەی ھەنووکە کە ھیچ خۆشەویستییەکی تێدا نەماوە.
من: منیش پێموایە بۆ ئەوەی خۆشەویستی بگەڕێتەوە بۆ ناو ژیانمان، پێویستە ماڵی ئەندێشەمان لە نێرسالاریی پاک بکەینەوە، ئەوەی من دەتوانم بە دڵنیاییەوە پێت بڵێم ئەمەیە: ھیچ پیاوسالارێک ناتوانێت خۆشەویستی بکات.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی

٩-١٢-٢٠١٨
کاتژمێر: یانزە و دە خولەکی پێش نیوەڕۆ
نەخۆشخانەی بیلەفێلد میتە

Previous
Next
Kurdish