
ئاركۆلۆژیای زمانی ماركس له‌ئه‌ده‌به‌وه بۆگوتاری سیاسی … سمکۆ محەمەد
كه‌رتی چواره‌م …
گه‌شه‌سه‌ندنی زمان وه‌ك به‌شێكی گرنگ له‌پێداویستیه‌كانی رۆژانه و پێناسه‌كردنی شته‌كانی ده‌وروبه‌ر و خۆجیاكردنه‌وه‌ی مرۆڤ له‌كائینه‌كانی تر، هه‌روه‌ها له‌نێو ئینسانیش زمان وه‌كو كارێكته‌رێك له‌به‌رامبه‌ر ئه‌ویدیكه، له‌نێو گوتاری سیاسی و فه‌رهه‌نگی ده‌ورێكی كاریگه‌ر ده‌بینێت، وه‌ختێك زمان هه‌م بكه‌رێكی تۆڕ ئاسایه و ناكرێ رێسای بۆ دابنرێت، هه‌روه‌ها پرسیاركهرێكه له‌شته‌كان، كه‌واته نهێنی ئه‌م بكه‌ره له‌دونیایه‌كه‌وه بۆ دونیایه‌كی تر جیاوازی هه‌یه، چونكه بیروڕایه‌ك هه‌یه كه‌گوایه زمان خۆی توانایه‌كی ناوه‌كی نییه و بگره ئه‌وه ئینسانه ده‌یكات بهبكهرێك له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی، له‌شوێنێكی تردا ژیل دۆڵۆز پێیوایه كه‌زمان ته‌نها دال ده‌خوڵقێنێ لهتێكستدا، ئه‌وه روه‌كه‌ی تری زمانه كه كرده‌ی زمانه و مه‌دلول بۆ شته‌كان دیاری ده‌كات، هه‌موو ئه‌و موناقه‌شانه‌ی كه‌له‌باره‌ی زمانه‌وه كراوه تائێستا، جگه لهبونیادگهراكان، ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه‌زمان مرۆڤ دروست ناكات، به‌ڵكو ئه‌وه زه‌روره‌ته به‌زمان له‌نێو ئاخاوتندا ناو و هێما له‌شته‌كان ده‌نێت و ده‌یبه‌خشێت و مرۆڤ له‌مرۆڤێكی دیكه‌ی ره‌ش پێست و سپی پێست و سوور پێست و هتد جودادهكاتهوه، به‌نێو فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌تیشدا ئه‌وه چینه‌كانن زمان ده‌خه‌نه نێو گۆڕانه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه، ده‌نا زمان هه‌ر ئه‌و بكهرهیه كه‌بۆ زه‌روره‌ت كاری ئینسان مه‌یسه‌ر ده‌كات.
ئێمه لێره‌دا نامانه‌وی ته‌نها باس له‌زمان بكه‌ین ئه‌وه‌كو ئه‌وه‌ی بونیادگه‌ر و پاش بونیادگه‌ره‌كان قسه‌ی لێده‌كه‌ن ته‌نها بۆ ئه‌ده‌ب كه‌ڵك وه‌ربگرین، به‌ڵكو ده‌مه‌وی قسه له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌م كه‌زمان له‌لای ماركس بۆچی به‌هایه‌كی جیاوازی هه‌یه بۆ گه‌یاندن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و گه‌یاندنه‌ی كه‌له‌رێگه‌ی گوتاره‌وه خۆی نمایش ده‌كات و دواتر له‌به‌رامبه‌ر دژه‌كه‌ی كه‌ناوی ناوه سه‌رمایه‌داری، ده‌چێته سه‌ر زاری خه‌ڵك و هۆشیار ده‌بنه‌وه و ده‌چێته سه‌ر زاری كرێكار كه‌ئه‌و چینه‌یه له‌په‌راوێزی فه‌لسه‌فه نماینده‌ی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات، ئه‌م موناقه‌شه‌یه بۆ ئه‌وه ده‌كرێ تاكو چیتر دوگمایانه و ئیدیۆلۆژیانه‌ی وشك ته‌ماشای میتۆدی ماركسی نه‌كرێت بۆ ژیان، یان بۆ زمان ته‌نانه‌ت له‌نێو ئه‌ده‌بیشدا.
بۆئه‌وه‌ی پێشه‌كیه‌ك بده‌ین به‌ده‌سته‌وه ده‌بێ باس له‌هۆكاره‌كانی پشت زمان واته میتازمان بكه‌ین، به‌له‌به‌ر چاوگرتنی روداو و كاره‌ساته سروشتی و مرۆیه‌كان كه‌له‌مێژوودا هه‌زاره‌ها چیرۆكی لێ به‌رهه‌مهاتووه, زمان وه‌زیفه‌یه‌كی تری وه‌رگرت, ئه‌ویش به‌دیكۆمێنت كردنی شته‌كانه, هه‌ر ئه‌وكاتیش بۆته به‌شێك لهبهئاگا هێنانه‌وه‌ی مرۆڤ له‌جۆره‌كانی ترس, له‌ته‌ك ئه‌مانه‌شدا جیاكردنه‌وه‌ی هۆز و نه‌ته‌وه‌كان و سنوور دانان بۆ تایبه‌تمه‌ندی كولتوره‌كان, ئه‌م داتایانه كارێكی وه‌های كردووه كه‌مرۆڤ له‌ڕێگای زمانه‌وه بۆ رێكخستنی كۆمه‌ڵگه, خۆی له‌كائینه‌كانی تر جیا بكاته‌وه‌و هونه‌ری ئاخاوتنی كردووه به‌یه‌كێك له‌ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانی كاری خۆی، ئه‌م هۆكارانه مانایه‌كی دیكه‌ی به‌و زمانه‌دا كه‌پێشتر به‌یه‌ك فۆرشم كاری پێكراو به‌یه‌ك شێوه خۆی به‌رهه‌مده‌هێنایه‌وه له‌نێو هه‌موو كایه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و سیاسی و ته‌نانه‌ت ئابوریش.
به‌رله‌وه‌ی گوتاری سیاسی هارمۆنیا و ئیلهام له‌ده‌قه ئاینیه‌كانه‌وه وه‌ربگرێ, ئاین وه‌كو تێكست خۆی جیاكردۆته له‌و رێكخراوه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی كهجیهانێكیتر بۆ خه‌یاڵ خوڵقاندووه كه‌به‌شێكی كرداری توندوتیژییه و جاری وه‌هاش هه‌یه له‌رێگه‌ی زمانه‌وه ئه‌و توندوتیژییه‌ی به‌رهه‌مهاتووه كه‌ئه‌مه روویه‌كی كۆمه‌ڵناسانه‌یه بۆ زمان، ئه‌گه‌ر له‌مه‌ش بترازێین و له‌رێگه‌ی زمانه‌وه جوانیناسی وه‌ربگرین كه‌لایه‌نێكی تری زمانه و دژ بهتوندوتیژییه، پێشتر ئیستاتیكا له‌ئه‌ده‌بدا زمانی راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی هه‌بوو, هه‌رله‌و كایهیهشهوه ته‌عبیر له‌شته‌كان و په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌كرا, ئه‌وه‌ی كه‌له‌زمانی نادیاری هونه‌ریه‌وه ده‌ڕازێنرێته‌وه, میتافۆڕی زمانی ئه‌ده‌به كهماشینێكه بۆبه‌رهه‌مهێنان و ئاشكراكردنی دیارده سروشتیه‌كانی كۆمه‌ڵگه و ده‌سه‌ڵات, ئه‌وه‌یه كهلهدواین ئامانجی گوتاری نادیاردا, گوتارێك له‌ناواخنی زانستێك بۆ لێكۆڵینه‌وه و لۆژیك به‌رهه‌مدێنێ, ئه‌مه‌ش وه‌كو ئه‌وه وایه دكتۆرێك له‌ژێر پێسته‌وه وه‌زیفه‌ی خانه‌كانی خوێنمان بۆ ئاشكرا بكات.
هه‌ڵبه‌ت سیمای میتافۆره زمانه‌وانیه‌كان, گریمانه‌ی پێش دیاری كردنی دال و مه‌دلوله كه‌له‌فه‌لسه‌فه‌ی ئیدیالیزمیدا كه‌لێنێك ده‌دۆزێته‌وه, كه‌لێنێك كه‌په‌یوه‌ندی له‌نێوان چه‌مكه‌كاندا دروست ده‌كات, ئه‌و پرسیارانه‌ش وه‌ڵام ده‌داته‌وه كه‌له‌زمانی ناراسته‌وخۆدا شه‌رمن دێنه به‌رچاو.
زمانێك بۆ گشت .. زمانێك بۆ ده‌سته
زمانی ئه‌ده‌ب هاوارێكی ئه‌فسانه‌ییه, زمانی سیاسیش گوتارێكی واقیعیه, هونه‌ر له‌م رسته‌یه‌دا له‌وه‌دایه كه‌ئه‌وه‌ی له‌زمانی ئه‌ده‌بیاتدا ده‌بینرێت, زمانی هێماكانه و زمانێكی سانسۆر كراوه, سانسۆرێك كهمۆڕاڵ له‌ڕێگه‌ی هونه‌ره‌وه مه‌ترسی خستۆته هه‌ناوی ده‌قه‌وه, ئه‌مه‌ش هه‌ندێ جار مرۆڤ به‌خواستی خۆی پێكیدێنێ, هه‌ندێ جاریش ده‌سه‌ڵاته دیار و نادیاره‌كان كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن, شتێك كه‌له‌ناوه‌وه هه‌یه لێڵ و ناڕۆشنه, ئه‌وه‌ش كه‌له‌زمانی ئاخاوتنی گوتاردا هه‌یه, رۆشنتر و راسته‌وخۆتر ده‌بینرێت, به‌ومانایه‌ی كه‌زمانی ئه‌ده‌ب, زمانی ده‌گمه‌نه و حه‌تمی نیه, زمانێكی بێ هێزه به‌رانبه‌ر ئهودیاردانهی كه‌یارمه‌تی هیچ ده‌ره‌تانێك ناده‌ن به‌كراوه‌یی, به‌ڵام زمانی سیاسه‌ت زمانێكی حه‌تمی و به‌هێزه و داواكاریه‌كان رۆشنتر ده‌خاته روو, هه‌ر ئه‌وه‌ی له‌گوته‌ی پڕ له‌حیكمه‌تی كارمه‌ندانی ده‌وڵه‌ت, گوتاری كاتی هه‌ڵبژاردن, گوتاری نێو په‌رله‌مان و كارێكتارهه سیاسیه‌كان و بازرگانه‌كان و هتد, زۆرێكی تری له‌م بابه‌ته‌دا هه‌یه, ده‌شێ كاریگه‌ری راسته‌وخۆ و ئاشكرایان هه‌بووبێت, ئه‌گه‌ر ناوه‌ڕۆكێكی فكری دیاریكراو و هه‌مه‌لایه‌نه‌یان نه‌بێت, ناچنه خانه‌ی بنه‌مای باسی مێژووی كرده‌ی سیاسیه‌وه كه‌زمان ده‌ورو نه‌قشی تێدا هه‌یه.
بۆئه‌وه‌ی به‌راوردێك له‌نێوان زمانی ئه‌ده‌بیات و زمانێك بۆ گوتاری سیاسی بكه‌ین, بۆچوونی مۆریس بلانشۆ وه‌رده‌گرین به‌سیفه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌م كاریگه‌ری ئیستاتیكای له‌نێو كاریگه‌ری گوتاری سیاسی‌دا دۆزیوه‌ته‌وه و هه‌میش له‌نێو گوتاری هونه‌ریدا “مۆریس بلانشۆ پێی وایه زمانی نوسین به‌نده به‌گۆڕینه‌وه, ته‌نانه‌ت بیرمه‌نده موحافیزكارهكانیش كه‌ئه‌ركیان له‌به‌رگریكردن له‌سیستمی سه‌قامگرتوو و شێوه باوه‌كانی ژیان و كار ده‌زانن, نیازیان وایه له‌رێی توێژینه‌وه و نوسینه‌وه بۆچوونی كه‌سانی تر به‌لای خۆیاندا رابكێشن” 1 هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ش كهدووفاقیهتی زمان له‌فره ماناییدا ده‌ربخه‌ین, ده‌وتوانین نمونه‌یه‌ك وه‌ربگرین, ئه‌وه‌ی كه‌ئه‌گه‌ر له‌ئه‌ده‌بیاتدا سێ‌و, یان سندوقێك له‌سیاقی رسته‌یه‌كدا زیاتر لهمانایهكمان پێبدات, ئه‌وا له‌گوتاری سیاسی‌دا یه‌ك مانای راسته‌وخۆی هه‌یه, چونكه سێ‌و تاكو نه‌خورێ نازانین تامی چیه, سندوقیش تاكو سه‌ری هه‌ڵنه‌ده‌ینه‌وه نازانین به‌تاڵه یان چ شتێكی تێدایه, ئه‌م نمونه‌یه پشتگیری له‌زمانی بێ شه‌رم و راسته‌خۆ ده‌كاته‌وه, به‌رامبه‌ر به‌زمانی شه‌رمن و ناراسته‌وخۆ كهلهئهدهبیاتدا مه‌وجووده و سیفه‌تێكی دیكه‌ی زمانه له‌نێو ئیستاتیكادا.
له‌راستیدا زمانی گشت له‌گه‌ڵ زمانی ده‌سته، ته‌نها له‌شێوه‌ی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی نییه، به‌ڵكو له‌شێوه‌ی ئاراستهكردنیشێتی له‌كایه‌كانی فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌تدا، بۆ نمونه ده‌سته كه‌مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ زماندا ده‌كات، واته مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گشت ده‌كات، به‌ڵام له‌فه‌رهه‌نگدا ئه‌مه مهدلولیكی تری هه‌یه، ئه‌ویش خۆبهرههمهێنانهوهیهتی له‌نێو تێكست و هیچی تر، به‌وپێیه‌ی كه‌فه‌رهه‌نگ و كردیه‌كی تاكیه و له‌جیاتی گشت بیر ناكاته‌وه و مانا بۆ شته‌كان دابنێت، به‌ڵام له‌زمانی گشت‌دا هه‌ر هه‌مان زمانه كه گشت ده‌توانێ جارێكی تر گشت بخاته به‌رده‌م لێپرسینه‌وه و خۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه، ئه‌ویش له‌ره‌نگدانه‌وه‌ی زمانی ئاراستهكردندایه، مه‌به‌ستم له‌ئاراسته‌كردن ئه‌وه‌یه كه‌سیاسه‌ت شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵایه‌تیه، وه‌كو سۆسیۆلۆژیهكان ده‌ڵێن، هه‌ر ئه‌مه‌یه جیاوازی نێوان گشت و ده‌سته كه زۆرجار جیاوازی ده‌خاته نێو گوتاریشه‌وه. ئه‌ندێشه‌ی ماركس و تێروانینه‌كانی ئه‌و سه‌باره‌ت بهگهشسهندنی كۆمه‌ڵه‌كان و به‌تایبه‌ت ره‌خنه‌كانی له‌سه‌رمایه‌داری كاریگه‌ری له‌سه‌ر دیدیگای به‌شێكی زۆر له‌سه‌ر ئه‌ندێشه‌ی دوای خۆی دانا له‌رۆژئاوا و دواتریش گه‌یشتنی فكره‌كه به رۆژههڵاـ هه‌مان كاریگه‌ری زیاتریشی هه‌بوو، چونكه چه‌وساندنه‌وه چینایهتیهكه له‌لایه‌ك و نه‌بوونی زمانێك بۆ ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر به‌چه‌مكه سیاسیه‌كان كهبازاڕیان پێوه‌ده‌كرا ته‌كانێكی گه‌وره‌ی دا، گه‌وره‌ترین كه‌سێك كه‌دامه‌زرێنه‌ری ره‌وتی فكری ماركس بوو، ئا‌نتۆنیۆ گرامشی بوو كه‌دوو ده‌یه‌ی ته‌مه‌نی خۆی له‌زیندان مۆسۆلۆنیدا برده‌سه‌ر، ئه‌و له‌نێو كایه‌ی رۆشنبیری رۆژئاوا و هه‌ڵویستی رۆشنبیر بوو، له‌نێو ئه‌ده‌ب و هونه‌ریشدا (جۆرج لۆكاچ) بوو، ئیدی چۆنیه‌تی گۆڕانكارییه كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و ئه‌ده‌بیه‌كان، به‌ری ئه‌و گوتارهگرت كهپشتبهستوو بوو بهدیموكراسیهتی بۆرژوازی و قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وكات، ئیدی ده‌وڵه‌ت هه‌موو هه‌وڵی ئه‌وه‌بوو كه‌له‌نێو ئه‌ندێشه‌دا قه‌ڵه‌مڕه‌وی زیاتر بكات، له‌وچوارچێوه‌یه‌دا داموده‌زگاكانی بهئیدیۆلۆژیاكرد، بۆیه هه‌ریه‌ك لهگرامشی و جۆرج لۆكاچ بڕوایان وابوو كه‌كاریگه‌ری ئه‌و زمانه‌ی ماركس هێشتا ده‌توانرێت به‌رهه‌مبهێنرێته‌وه و له‌رێگه‌ی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی جیاجیاوه كه‌له‌هه‌مووی گرینگتر توخمه‌كانی ژیانی رۆژانه‌یه بگۆڕدرێت و رێگه نه‌درێت ده‌وڵه‌ت كۆنتڕۆڵی بكات، ته‌نانه‌ت كاریگه‌ری له‌سه‌ر میتۆدی خوێندنی زانكۆكانیش دانا، ئیدی پێشبڕكێ له‌م میانه‌یه‌وه ده‌ستپێكرد و هه‌ركه‌سێكیش ئه‌و پێشبڕكێیه‌ی برده‌وه، ئه‌وا لانیكه‌م سهرشهمقی كۆمه‌ڵی دیكه‌ی پێده‌كرێ و ئاراسته جێكهوتهكهی ده‌وڵه‌ت له‌نێو داموده‌زگاكانی وه‌خۆی نامێنێ.
سیاسه‌ت له‌زمانی تاكه‌وه بۆ زمانی كۆ
تائێستا ئینترۆپۆلۆژیای زمانه‌وانی و خودی ئینترۆپۆلۆژیستهكانیش, نه‌یانتوانیوه نه‌ته‌وه‌یه‌ك یان گروپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی سابا له‌هه‌ر شوێنێكی ئه‌م دونیایه بێت به‌نمونه وه‌ربگرن و بیسه‌لمێنن یه‌كه‌مین داهێنه‌ری زمان بوونه و ئه‌سڵی زمان جێگا‌و رێگایه‌كی دیاری كراوی هه‌بێت, به‌شێك له‌په‌یوه‌ندیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان, ئاڵوگۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و دهركهوتهكانیهتی له‌ته‌كنیك و شێوه فراماسیۆنی كۆمه‌ڵایه‌تیدایه كه‌تان و پۆی سترۆكتۆرهكان روونی ده‌كه‌نه‌وه, ئه‌و به‌شه مهعنهویهش له‌به‌شه‌كانی تری سه‌رخانی كۆمه‌ڵگه‌دا رووبه‌رێكی فراوان داگیر ده‌كات. ئه‌وه‌ش كهلهزماندا ئاماده‌یه به‌رمه‌بنای كێبه‌ركێی چینه‌كان و گروپه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بووه له‌مێژوودا, یه‌كه‌مین هۆكاریش بۆجیاوازی زمانه‌كان, ئه‌وه‌بووه كه‌مرۆڤ له‌دوای جێهێشتنی شوێنێك بۆ شوێنێكی تر گه‌شه‌ی به‌خۆیه‌وه بینیوه, هه‌ر ئه‌وكات گروپێك یان بنه‌ماڵه‌یه‌ك رێكه‌وتوون له‌سه‌ر شێوه‌یه‌ك له‌ئاخاوتن و پێناسه‌یه‌ك بۆشتهكان كهلهڕهوتی كاركردندا كه‌ڵكیان لێوه‌رگرتوون بۆبڕیار و ئاكامه‌كانی. به‌مه‌ش بیركردنه‌وه ماهیه‌تی شته‌كانی به‌رهه‌مهێناوه, ده‌شێ مێژووی بیری سیاسی وه‌ك مێژووی بیر ته‌ماشا بكرێت, به‌ڵام له‌چوارچێوه‌یه‌كی تایبه‌تدا له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ت و تاكه‌كه‌س, ره‌وایی و ده‌ستور, ئازادی و یه‌كسانی, كه‌په‌یوه‌ندیه‌كی پته‌ویان به‌بیروڕای گشتی و بۆچونی ئاینی و گه‌شه‌كردنی فه‌لسه‌فی و زانستیانه‌وه هه‌یه.
سروشتی ده‌وڵه‌ت په‌یوه‌ندیه‌كی گرنگی له‌گه‌ڵ بیری سیاسی‌دا هه‌یه, له‌سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م ئه‌م په‌یوه‌ندیه به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی گه‌یشته لوتكه, بهرلهوكاته ئه‌م بیرانه له‌گه‌ڵ جیهانبینی دینهكی گشتیدا گونجێندرابوون, ئه‌لێره‌وه تێده‌گه‌ین كه‌زمان له‌نێو بیری سیاسی و گه‌شه‌ی فه‌لسه‌فه‌دا چ شتێكی جێهێشتووه, له‌سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه زانایانی بیری لاهوتی, له‌كه‌شوهه‌وایه‌كی وه‌هادا زمانی ئه‌ده‌بیان به‌سه‌ر ته‌واوی كایه‌كانی تردا زاڵ كردبوو, دواتر له‌گه‌ڵ هاتنی رێنیسانسدا ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه‌یه مشت و ماڵ كرا و فه‌لسه‌فه‌ی عه‌قلانی هاته ئاراوه, ئه‌مه‌ش تائه‌و جێگایه بڕی ده‌كرد كه‌ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ته‌نها ده‌ربڕین بوو, به‌ڵام نه‌یده‌توانی گوتارێك بێت بۆرزگاركردنی ئینسان له‌ملكه‌چ بوون بۆهۆكاره ئابوری و كولتوریه جێكه‌وته‌كان, جگه له‌و چاكسازییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی كه‌ته‌نها بۆ به‌رگرتن بوو له‌هه‌ر جۆره شۆڕشێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و شكستپێهێنانی سیستمی سه‌رمایه‌داری.
ئه‌گه‌رچی پێشتریش هونه‌ر بۆ هونه‌ر ده‌وری هه‌بووه, به‌ڵام موناقه‌شه‌ی بیرمه‌ندانی پێش ماركس ئه‌و رێگه‌یه‌یان خۆش كرد كهلهمیتۆدی هونه‌ر بۆهونهرهوه بگۆڕدرێت بۆهونه‌ر بۆ ویژدان و هارمۆنی كردنی پێداویستی و هه‌ڵوێست, ئه‌وه‌ی كه‌زیاتر كاریگه‌ری خسته سه‌ر زهنیه‌تی ماركس و ئه‌نگڵس, بایه‌خدان بوو به‌ئه‌ده‌ب و نوسینه‌كانی باڵزاك, هه‌روه‌ك به‌ئاشكرا ئه‌نگڵس ده‌ڵێ ” ئه‌وه‌نده‌ی شت لهباڵزاكهوه فێربووم, به‌تایبه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی له‌كه‌ڵ پاڵه‌وانی رۆمانه‌كانی، ئه‌وه‌نده له‌مێژووی ئابوری و خه‌ڵكی پسپۆره‌وه فێر نه‌بووم” 2 ماركس به‌نیاز بوو له‌دوای ته‌واوكردنی ده‌قی سه‌رمایه, خوێندنه‌وه بۆ نوسینه‌كانی باڵزاك بكات, چونكه ئه‌وانه‌ی كهلهپهنا باڵزاك خه‌ریكی ئه‌ده‌ب بوون, به‌شان شه‌وكه‌تی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ڵیان ده‌دا و به‌ئه‌نقه‌ست ده‌سه‌ڵاتی پاڵه‌وانی نێو رۆمانه‌كانیان راده‌ست ده‌كرد, نه‌ك وه‌كو هونهركارییهكهی باڵزاك فره‌ده‌نگی و واقیعیه‌ت و توانای پاڵه‌وان بكاته وێنه‌یه‌ك بۆ ژیانی ئاسایی، بۆیه به‌هاتنی بالزاك ئه‌م ته‌رزه له‌نوسین شه‌رم گرتی و پاشكۆیه‌تی پێ به‌خشرا, ته‌واوی چیرۆكه‌كانی په‌نجه بۆ ئه‌و هه‌قیقه‌تانه راده‌كێشن كه‌بایه‌خیان به‌سه‌رمایه ده‌دا و په‌رده‌یان له‌سه‌ر هه‌ڵده‌ماڵی, ئیتر رۆمانی ساخته و لاوه‌كی مۆدێلی به‌سه‌رچوو, زمان له‌نێو ئه‌ده‌بدا بوو به‌جێگای داخوازیه‌كانی مرۆڤ و یه‌كێك له‌ئامرازه‌كانی گه‌یاندن و گوتاری سیاسی له‌لایه‌ك، هه‌روه‌ها چێژێك بۆ پێچه‌وانه كردنه‌وه‌ی ژیان و ده‌رچوون له‌واقیعی تاڵ.
“گوتاری سیاسی نیازی به‌جۆرێك له‌پێشخستن هه‌یه كه‌له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی زانستی بێت, وه‌ك چۆن سیستمی ده‌وڵه‌ت نیازی به‌ژێرخان هه‌یه, به‌ڵام ئه‌مانه نابنه وه‌ڵامێكی راسته‌وخۆ تاكو بپرسین ئایا ئه‌م رووداوانه‌ی كهلهبهردهستاندان و چیرۆكێكن بۆگێڕانه‌وه, تێبینی لێكراوه, په‌سه‌نده یان نا؟ به‌ڵكو ده‌بێت ژێرخان زانیاری له‌گه‌ڵدا نرخێنرابێت و هاوكاری گوتاری سیاسی بكات.” 3(رێگوزه‌ری بیری سیاسی, ستیڤن ئێرك لیدمان. وه‌رگیڕانی له‌سویدیه‌وه, ئاسۆس كه‌مال1997 ل 12
نوسینه سه‌ره‌تاییه‌كانی ماركس بابه‌تی رۆژنامه‌وانی بوون, به‌شێك له‌و نوسینانه, ناڕه‌زایه‌تی بوو له‌یاسا چاودێره‌كان, هه‌روه‌ك ده‌ڵێ” چاودێری كردن وه‌كو كۆیله‌یه‌تی وایه و هیچ پاكانه‌یه‌كی ناوێ” . دواتر قه‌ناعه‌تێكی بۆدروست بوو كهبهرههمهێنانی مه‌عریفه هاوكارێكی كاریگه‌ره لهئاڵوگۆری جهاندا, به‌ڵام ئه‌م ئاڵوگۆڕه چۆن مومكین ده‌بێت, وه‌ختێك ئیدیۆلۆژیهتی فه‌لسه‌فه‌ی ئایدیایی كهواقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی داده‌پۆشێ, پێویستی به‌ئاشكرا كردن و ره‌خنه‌كردن هه‌یه, وه‌كاری ئێمه ئه‌وه‌یه ئینسان له‌و ئیدیۆلۆژیا دۆگما و وه‌همیانه رزگار بكه‌ین, وه‌ختێك ده‌بینین ترادیسیۆن ره‌گوڕیشه‌ی لهفهلسهفهدایه، وه‌ختێك ده‌بینین ئایین بۆ مانه‌وه‌ی خۆی ده‌بێت بهئیدیۆلۆژیایهك كه‌مرۆڤ ناچار بكات ببێته كارێكته‌رێك و به‌رگری له‌و وه‌همه بكات كهلهتێكستهوه بۆته به‌شێك له‌ژیان، له‌زمانی ئیلاهیه‌وه بۆته زمانی مرۆڤ و هتد، هه‌روه‌ها ریگه‌ش نه‌دراوه ئه‌و كه‌سانه‌ی واقیعبینن و ته‌واو تێگه‌یشتوون لهئیدۆلۆژیاو شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی له‌ماناكانی دیكه‌ی ژیاندا، هه‌روه‌ها رێگه‌نه‌دراوه به‌ئازادی و به‌راسته‌وخۆ موناقه‌شه‌ی ئه‌و بابه‌ته بكرێ، بۆئه‌وه‌ی ته‌واوی كۆمه‌ڵگه له‌و تێگه‌یشتنه وه‌همیه بگه‌ن و ئه‌لته‌رناتیڤی ژیان به‌هه‌ند وه‌ربگرن، بۆیه زۆرجار له‌به‌ر هه‌لومه‌رجی ناله‌باری سیاسی, ماركس ناچار بووه به‌زمانێكی ره‌مزی و ته‌نز ئامێز بنوسێ, تاكو سه‌رچاوه‌ی زانیاریه‌كان بپارێزێ، هه‌روه‌ك چۆن كه‌سێكی وه‌كو سوكراتیش له‌سه‌ر وه‌ختی خۆیدا به‌زمانێكی ته‌نزی قسه‌ی ده‌كرد و وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ده‌دایه‌وه.
مانیفێستێك بۆحیزب.. زمانێك بۆ سیاسه‌ت
تارماییه‌ك له‌ئه‌وروپا دێت و ده‌چێ تارمایی كۆمۆنیزم, هه‌موو هێزه‌كانی ئه‌وروپای كۆن پاپا و تزارا رادیكاڵه فه‌ره‌نسیه‌كان پۆلیسی نهێنی ئه‌ڵه‌مان بۆ دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌م تارماییه لهپهیمانێكی موقه‌دده‌سدا پێكهاتوون ” مانیفێستی حیزبی كۆمۆنیست. ئه‌مه رسته‌ی یه‌كه‌می مانیفێستی پارتی كۆمۆنیزمه كه‌ماركس و ئه‌نگلس دایانڕشت, به‌رله‌وه‌ی پرس له‌تارمایی ماركس بكه‌ینه‌وه سه‌باره‌ت به‌بانگه‌وازێك بۆ كۆمۆنیزم و ترسی ده‌سه‌ڵات له‌و بانگه‌وازه, باسێكی كورت ده‌رباره‌ی بیروبۆچونی هه‌ندێك بیرمه‌ندی ئه‌م سه‌ده‌یه وه‌رده‌گرین, دوای تێپه‌ڕبوونی 150 ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونی ئه‌م بانگه‌وازه ئێمه له‌به‌رده‌م دوو بۆچوونی دژ بهیهكین، یه‌كێكیان باس له‌مانی به‌های ئه‌و بانگه‌وازه ده‌كات كه‌سه‌ره‌نجام به‌مه‌رگی سیستمی سه‌رمایه‌داری ته‌واو ده‌بێ و پێی وایه كه‌مادام دوو چین له‌وێدا به‌یان كراوه و هه‌ر ئه‌م دوو چینه له‌ململانێدان و دژیه‌كن كه‌له‌نێوان هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و په‌یوه‌ندیه‌كانی به‌رهه‌مهێنانه و دواجار حیسابێك بۆ چینه‌كه‌ی مام ناوه‌ند نه‌كراوه كه‌هه‌ر ئه‌وان به‌شێكن له‌جوڵه‌ی ژیان به‌ڵام ناچنه نێو مێژووه‌وه، بۆچونه‌كه‌ی تریش كه‌به‌رگری لێده‌كات، پێی وایه ماركس سنوورێكی بۆ پاوانخوازی سه‌رماداری دانا كه‌چاكسازی له‌سیستمی ژیان و سعات كار و مافی كرێكار و زه‌مانه‌ت و نه‌مانی باب مه‌زنی و كویلایه‌تی هه‌موویان به‌رهه‌می مانیفێستن.
ئێمه سه‌ره‌تا بۆچوونه دژهكه وه‌رده‌گرین، ریمۆن ئاڕون بۆچوون كه‌سێك وه‌رده‌گرێت به‌ناوی ئهكسلۆس و پێیی وایه ماركس فه‌یله‌سوف نیه و ته‌نها كۆمه‌ڵناسێكی شاره‌زایه و به‌پێچه‌وانه‌وه فه‌یله‌سوفی نامۆبون نییه و هیچی تر، به‌ڵام پاشان له‌باره‌ی مانیسفێستهوه ئارۆن ده‌ڵێ” مانیفێستی كۆمۆنیزم ده‌قێكی نازانستییه و نوسراوێكی ریكلامیه به‌ڵام ئه‌نگڵس و ماركس فكره زانستیه‌كانی خۆیان له‌و مانیفێسته ده‌خه‌نه ڕوو، هه‌روه‌ها فكری سه‌لمێنراوی ماركس ته‌نها دروستكردنی دووبه‌ری جه‌نگه له‌نێوان سه‌رمایه‌دار و كرێكار، وه‌ختێك باس له‌ئێمه و ئه‌وان ده‌كات ئێمه وه‌كو مرۆڤایه‌تی له‌ناوده‌بات هێشتا پێناسه‌ی ئه‌وان نادیاره، ئه‌م خهڵسهتهی تێدایه له‌لایه‌نێكه‌وه دوژمناكاری چه‌وسێنه‌ران و چه‌وساوه‌كان و له‌لایه‌نی دیكه‌شه‌وه ئینتیما بۆ دروستكردنی ته‌نها دوو مه‌یدانی شه‌ڕ له‌دوو جه‌مسه‌ری دژیهكدا هه‌یه” هه‌روه‌ها وه‌كو ریمون ئارۆن باسدهكات، دوو شێوه له‌دژبه‌ری ده‌ستنیشانكاری سه‌رمایه‌داری له‌نوسراوه زانستیه‌كانی ماركس و له‌كتێبی مانیفێستی كۆمۆنیستدا ده‌بینرێن، شێوازی یه‌كه‌م ناكۆكی نێوان هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنانه له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندیه‌كانی به‌رهه‌مهێناندا، بۆرژوازی به‌رده‌وام ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی بهرهێزتر دروستده‌كات، به‌ڵام په‌یوه‌ندیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان واته په‌یوه‌ندی خاوه‌ندارێتی و شێوه‌ی دابه‌شكردنی داهات به‌هه‌مئاهه‌نگی هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنان ناگۆڕێن، سیستمی سه‌رمایه‌داری ده‌توانێ زۆرتر له‌پێشوو رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنان به‌رزبكاته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ زۆربوونی سامانیش دیسان هه‌ژاری توشی به‌شێكی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵگا ده‌بێته‌وه، كه‌واته ئه‌م دژیه‌كه له‌ئاكامدا قه‌یرانی شۆڕشی لێده‌كه‌وێته‌وه كهموچهوهرگرهكانن، ئه‌وانه‌ن كه‌ماركس وه‌كو چینی ناوه‌ندی حیسابی بۆ نه‌كردوون له‌و مێژووه حه‌تمیه‌ی دیاری كردووه كهمهرگی سه‌رمایه‌دارییه”. قۆناغه بنه‌ماییه‌كانی هزر له‌كۆمه‌ڵناسیدا.
به‌رگی یه‌كه‌م. ریمۆن ئارۆن. وه‌رگێڕانی بۆ كوردی. عه‌بدولڵا ره‌سوڵی. ل 240. بۆچوونه‌كه‌ی تر كه جۆن كاسیدیه به‌رگری له‌ماركس ده‌كات پێی وایه فه‌لسه‌فیه و ئه‌وه‌ی كه‌ئێستا هه‌یه سهرمایهدارهكهی سه‌رده‌می ماركس نییه و خۆشگوزه‌رانیه‌كی هێناوه كه‌به‌رهه‌می ئه‌و ترسه‌یه له‌مانیفێستدا هه‌یه. (جۆن كاسیدی) كهبیرمهندێكی شاره‌زایه له‌سیستمی سه‌رمایه‌داری و یه‌كێك لهتوێژهرهوهكانی سۆسیالیزمه و له‌زانكۆی (وڵ ستریت) و به‌رپرسی دانانی ستراتیژیه‌كانی سه‌رمایه‌گوزاریه, سه‌باره‌ت به‌پرسی ئه‌وه‌ی ئایا مانیفێست ئه‌رزشێكی سیاسی ماوه و قابیلی خوێندنه‌وه‌یه یان نا؟ ده‌ڵێت” قه‌ناعه‌ت به‌قسه‌كانی ماركس ده‌كه‌م كه‌راستی گوتووه” له‌شوێنێكی تردا ده‌ڵێت” یه‌كێك له‌وانه گرنگه‌كانی ماركس ئه‌وه‌یه كه‌ره‌وتی سه‌رمایه به‌ره‌و لای پاوانخوازی ده‌چێت, ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی هاتنه‌دی رێسایه‌كی سیستماتیكی دژوار, ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش دواتر به‌بۆچوونێكی ریفۆرمخوازانه له‌لایه‌ن كه‌سانی وه‌ك (تیۆدۆر رۆزۆلفت و فرانكلین رۆزۆلرت) سه‌لمێنران” له‌شوێنێكی تردا قسه له‌سه‌ر زمانی سیاسیانه‌ی ماركس ده‌كات وه‌ك پێناسه‌یه‌ك بۆ شیركه‌ت و ماشینێك كهلهسهردهمێكی تردا به‌رچاو ده‌كه‌ون ده‌ڵێت” شه‌پۆلی گه‌وره‌ی گارخانه و داروسازی و پیشه‌سازی و ئه‌سله‌حه سازی, په‌یوه‌ندی جۆراو جۆریان پێكه‌وه هه‌یه كهلهكۆمهڵگهكانیشدا ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی مادی ئه‌و سه‌رده‌مه مێژووییه‌ی ده‌بێت كهپێشبینیهكانی وه‌دی هات” سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌به‌شێك له‌بیرمه‌ندانی ئێستا هه‌مان زمانی ماركس به‌كاردێنن به‌ڵام وشكترهو پێیان ئه‌غزه ناوی ماركس بێنن ده‌ڵێت” به‌جیهانی بوونی سه‌رمایه لهوئاوازانهیه كهوێردی سه‌ر زمانی هه‌موو كه‌سێكه, به‌ڵام ناوهێنانی ماركس بۆكه‌سێكی وه‌كی (دانی رودێك) كهئوستادی زانكۆكانی ئامریكایه بۆداهاتووی پیشه‌كه‌ی قازانجی نیه” له‌كۆتاییدا جۆن كاسیدی ده‌ڵێت ” هه‌تا سیستمی سه‌رمایه‌دار بمێنێت ماركس هه‌ر به‌زیندووی ده‌مێنێته‌وه”, كه‌وابوو ماركس زیندووه به‌پێی ئه‌م بۆچوونه‌ی جۆن كاسیدی.
ئیستا دێمه‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كهبایهخدان به‌زمانی ماركس له‌دیدی بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌گه‌رایی چ گرنگیه‌كی هه‌بووه و بۆچی به‌رواوردی ده‌كات له‌گه‌ڵ زمانێك كه شكسپیر له‌ئه‌ده‌بدا به‌كاریده‌هێنێت.
موناقه‌شه‌كردنی پرسی ئه‌و زمانه‌ی كه‌ماركس بۆ فه‌لسه‌فه‌و بیركردنه‌وه به‌كاری هێناوه, پرسێكه له‌لای ژاك درێدا له‌میانه‌ی ته‌ماهی كردنی زمانی فكر و ئه‌ده‌به‌وه هاوسه‌نگیه‌ك دروست ده‌كات, ئه‌و هه‌وڵده‌دات تارمایی ده‌قی هاملێتی شكسپیر له‌گه‌ڵ تارمایی ماركس به‌راورد بكات و بڕوای به‌زمانی راسته‌وخۆ نیه, تا ده‌گاته هه‌ڵگرتنی سنووری نێوان بیركردنه‌وه‌و فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌ب, درێدا لهتێزهكهیدا كهبۆههڵوهشانهوهی ده‌ق موناقشه‌ی ده‌كات, پاشان په‌یوه‌ندی له‌نێوان حیكایه‌تی تارمایی هاملێت و تارمایی بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی گرێده‌دات, ئه‌و یه‌كه‌مین پرسیاری له‌وێوه ده‌ستپێده‌كات و ده‌ڵێ” بۆچی تارمایی له‌لای ماركس به(كۆ) هاتووه؟ ئایا له‌كه‌سێك زیاتر ئاماده‌یه؟ ئایا ئه‌و تارماییه لهگهلێكهوه هاتووه”5. دواتر موناقه‌شه‌ی زمانی سیاسی ده‌كات به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ زمانێك كه‌ته‌نها بۆ ئه‌ده‌به و كهشكسپیر لههاملێتدا وه‌كی سیمبۆل به‌كاری هێناوه, لێره تارمایی وه‌كو باوكێكی رزكاركهر هاتووه, به‌هه‌مان شێوه‌ش تارماییه‌كه‌ی ماركس بانگه‌واز كردنه بۆبزوتنهوهیهكی رزگاركه‌ری مرۆڤ له‌ده‌ستی چه‌وساندنه‌وه و جیاوازیه چینایه‌تیه‌كان, له‌مباره‌یه‌وه فلادیمیر ئیلیچ لینین ده‌ڵێ” هه‌ر وشه‌یه‌ك بۆخۆی گشتی كردنێكه كه‌به‌یارمه‌تی زمان و فه‌رهه‌نگ كۆكراوه‌ته‌وه, ئیتر نه‌سل به نه‌سل كه‌وتۆته ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌موان و بیركردنه‌وه و لۆژیكی دابین كردووه”.
له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا درێدا كه‌له‌كتێبی هه‌ڵوێسته‌كاندا له‌ساڵی 1981 ئه‌نجامدراوه و موناقه‌شه‌ی پێداویستی سیاسی و په‌یوه‌ندی نێوان ماركسیزم و پێكهاته شكێنی ده‌خاته روو, ده‌ڵێ” ده‌بێ كه‌ڵك له‌زمانی ماركس وه‌ربگرین, تاكو به‌باشی كه‌ڵه‌كه‌بوونی میتافیزیكی بناسین كه‌له‌مێژوودا له‌سه‌ر یه‌ك هه‌ڵچنراون” له‌كتێبی تارماییه‌كانی ماركسیشدا ده‌ڵێ”ده‌بێ به‌تێڕوانینێكی فه‌لسه‌فیه‌وه ته‌ماشای فكری ماركس بكه‌ین” به‌بڕوای ئه‌و ئینته‌رناسیونالی نوێ, نه‌خاوه‌ن ئۆرگانی سیاسیه و نه‌خاوه‌ن حیزبه, به‌ڵكو پڕۆسه‌یه‌كی ئه‌ده‌بیه له‌نێو ئازار‌و مه‌ینه‌تیه‌كانی خه‌ڵكدا له‌دایك بووه, بۆئه‌مه‌ش وه‌ڵامی ئه‌ركه گرینگه‌كانی كاری ئێمه‌ی رۆشنبیره له‌نێو ئه‌و فهلسهیهدا, ماركسی ره‌سه‌ن و ماركسی ناڕه‌سه‌ن له‌یه‌كتر جیا بكه‌ینه‌وه و كامیان له‌مێژوودا بهێڵینه‌وه و كامیان بخه‌ینه نێو زبڵدانه‌وه, له‌سه‌رووی هه‌موشیه‌وه پێویستمان به‌و وشانه‌یه كهلهزمان و ئه‌ندێشه‌كانی ماركسدا دژ به‌نایه‌كسانی و سته‌مه” ئه‌م گشتی كردنی فه‌رهه‌نگ و زمانه له‌تێڕوانینی فه‌یله‌سوف و بیرمه‌ندانی پاش ماركس, هه‌وڵێكه بۆ تێگه‌یشتن له‌و لۆژیكه‌ی ماركس كهلهخهیاڵی ئینساندا هه‌یه بۆله‌ناوبردنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سیاسیه‌ی جێگیربووه.
زمان له‌سروشته‌وه بۆ مه‌به‌ست
به‌گشتی مرۆڤ جگه‌له‌زمانی ده‌روونی, خاوه‌نی دوو جۆر له‌زمانه, (زمانی سروشتی و زمانی ده‌ستكرد). زمانی سروشتی ئه‌و زمانه‌یه كهلهرێگایهوه رۆژانه دیالۆگ ده‌كه‌ین و له‌یه‌كتر تێده‌گه‌ین, زمانی ده‌ستكردیش ئه‌و زمانه‌یه كهلهچهند كۆڵه‌كه و نیشانه‌یه‌كدا و به‌مه‌به‌ستێكی تایبه‌ت دروستمان كردوون و گه‌شه‌ی كردووه, بۆنمونه (زمانی سیمبول) واته سیمۆلۆژیا ( ئاماژه) كهلهماتماتیكدا نازناوی (شیمی) یان (كۆدی) لێنراوه و له‌هونه‌ری شانۆییشدا كاری پێده‌كرێت, ئه‌و زمانه ناڕاستهوخۆیهیه كه‌به‌شێوه‌یه‌كی تر ئاراسته ده‌كرێت, لێره‌وه تێده‌گه‌ین كه‌زمان له‌نێو سیستمدا كردارێكه له‌به‌رئه‌نجامی خوێندنهوهگهریه و پشت به‌بایه‌خی خودی هۆشیار ده‌به‌ستێت, به‌رای سۆسێر (پراكتیك) له‌زماندا واته كۆنتڕۆڵی ژینگه‌یه و جێگرهوهكهشی ئه‌و شتانه‌یه كه‌ئاماژه‌ی بۆده‌كرێت, له‌لایه‌كی تره‌وه پێی وایه سیمۆلۆژیا به‌شێكه له‌كۆمه‌ڵناسی و درێداش دواتر ئه‌م بۆچوونه پشتڕاست ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێ” په‌یوه‌ندی به‌هوشیاریه‌وه هه‌یه” (6)
دیالیكتیكێك كه‌ماركس له‌زمانی سیاسه‌تدا كه‌ڵكی لێوه‌رگرتووه, فه‌لسه‌فه‌یه‌كه له‌گه‌ڵ هه‌موو كولتوره‌كاندا ته‌ماهی ده‌كات, به‌ومانایه‌ی كهگوتاری یه‌كگرتنی كرێكاران له‌هه‌موو دونیا, گوتارێكه به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی مه‌زهه‌ب و ئیتنیك و ترادیشنه‌كان ده‌گاته بیری هه‌ركه‌سێكی ئه‌م سه‌رزه‌مینه, چونكی ئه‌و سیستمه‌ی كه‌كه‌وته به‌ر ره‌خنه‌ی ماركس, به‌ئاشكرا چینه‌كانی له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتردا راگرتبوو, به‌ئاشكرا چینه‌كان له‌به‌رامبه‌ر كێبهركێدان, هه‌ڵبه‌ت تاكۆتایی هاتن به‌و سیستمه‌ش جیاوازی چینه‌كان هه‌رده‌مێنێت, كه‌وابوو زمانێك كه‌ماركس له‌رووی سیاسیه‌وه پێشكه‌شی كردووه, له‌واقیعی ژیانی رۆژانه‌ی كرێكاردا تێگه‌یشتنی ئاسانتره له‌وه‌ی كه‌به‌زمانی فه‌لسه‌فه توێژینه‌وه, له‌سه‌ر گۆڕینی ژیانێكی باشتر بكرێت و كۆمه‌ڵگه ئۆرگانیزه بكرێت, به‌پراكتیك كردنی گوتاری یه‌كگرتن, نه‌هێشتنی جه‌هه‌نم و هێنانه ئارای به‌هه‌شتێكه كه‌ئینسان له‌رێگه‌ی قودره‌تی خۆیه‌وه ده‌توانێت ژیانی تێدا بكات, هه‌ر شۆڕشێك له‌مێژووی كۆمه‌ڵگه‌ی به‌شه‌ریدا بووه, زمان به‌شێك بووه لهئیشكالیاتهكانی, نه‌گه‌یشتنی فه‌لسه‌فه‌ی لاهووتی له‌رێگه‌ی ئاینه‌كانه‌وه, به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان نه‌گه‌یشتنی زمانی ده‌قه‌كان بووه.
رۆژنامه… تریبۆنێك بۆگه‌یاندنی گوتار
به‌رله‌وه‌ی ماركس ده‌ست بۆ كاری رۆژنامه‌وانی به‌رێت, خه‌ریكی نوسینه‌وه‌ی كتێبی (خانه‌واده‌ی پیرۆز) بوو, پاشان بوو به‌كارێكی هاوبه‌ش له‌گه‌ل ئه‌نگڵس دا كه‌وه‌ڵامی هێگڵیه لاوه‌كان بوو, دواجار كه‌بیر له‌وه ده‌كاته‌وه له‌رێگای رۆژنامه‌وه وه‌كو كایه‌كی گرنگ بۆ بڵاو كردنه‌وه و گه‌یاندنی گوتاری سیاسی و فه‌رهه‌نگی و موناقه‌شه فه‌لسه‌فیه‌كان و ئاشنا كردنی كریكار به‌بزووتنه‌وه‌یه‌كی چالاك و دژ به‌سیستمی سه‌رمایه‌داری, دواتر له‌رێگای رۆژنامه‌ی (پێشكه‌وتنی) فه‌ره‌نسیه‌وه كهلهپاریس ده‌رده‌چوو بۆچوونه‌كانی بڵاوده‌كرده‌وه, ئه‌وه‌بوو پۆلیسی ئه‌و وڵاته رێگه‌یان لهبڵاكردنهوهی نوسینه‌كانی گرت و ناچار كرا به‌ره‌و برۆكسل سه‌رهه‌ڵبگرێ, له‌وێش به‌هه‌مان شێوه له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه رێگه‌ی لێده‌گیرێ نوسینه سیاسیه‌كانی بڵاوبكاته‌وه, دواجار ناچار ده‌بن له‌گه‌ڵ ئه‌نگڵسدا, به‌یانێك به‌ناوی مانیفێست ده‌ربكه‌ن, وه‌ك یه‌كه‌مین به‌یان بۆدانانی حیزبی كۆمۆنیست هه‌روه‌ك پێشتر باسمان لێوه كرد.
ئه‌گه‌رچی ماركس به‌رده‌وام له‌ژێر چاودێری پۆلیسدا بوو, دواجار ناچار ده‌بێ رۆژنامه‌ی (new rainsh ziytong ) ده‌ربكات و ببێته سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌كه, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لهورۆژنامهیهدا بیربڕوای سیاسی دژ به‌ده‌وڵه‌ت بڵاوده‌كرایه‌وه, له‌ساڵی 1849 به‌بیانووی ئه‌وه‌ی كه كرێكاران هانده‌دات و رۆژنامه‌یه‌كی تهحریزیه رۆژنامه‌كه داده‌خرێت, دواتر وه‌كو گۆڤارێكی مانگانه‌ی سیاسی ئابووری ده‌ریده‌كرد, هه‌ڵبه‌ت ماركس رۆژنامه‌ی ته‌نها بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی بیر‌و بۆچوونی سیاسی و به‌تایبه‌تی كۆمۆنیستی نه‌بوو, به‌ڵكو به‌شێكی كاره‌كه‌یان بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و دیكۆمێنته نهێنیانه بوو كهلهدادگای پڕۆسیهكاندا هه‌بوو, ئه‌وه‌بوو حكومه‌ت ناچار بوو نامیلكه‌یه‌ك به‌ناوی نهێنی دادگایی كردنی كۆمۆنیسته‌كان له‌شاری كۆڵن بڵاوبكاته‌وه, پاشان له‌ساڵی 1855به‌ناچار له‌رۆژنامه‌ی (new odrzaytong ) نوسینه‌كانی بڵاو ده‌كرده‌وه, له‌ساڵی 1859 له‌گه‌ڵ ئه‌نگڵسدا رۆژنامه‌ی (گه‌ل) یان ده‌رده‌كرد, له‌ساڵی 1862 له‌رۆژنامه‌ی (پرێس) ده‌ینووسی كهرۆژنامهیهكی زیاتر هوونه‌ری بوو, له‌ساڵی 1865 له‌رۆژنامه‌ی (سۆسیالیستی دیموكراتی) بۆچوونه‌كانی ده‌نووسی.
هه‌ڵبه‌ت ناوهێنانی ئه‌و رۆژنامانه‌ی كه‌ماركس كاری تێدا كردوون و نوسینی بڵاوكردۆته‌وه, ئه‌وه‌نده گرنگ نین, به‌قه‌د ئه‌وه‌ی گرنگیهكهی له‌وه‌دایه كه‌ئه‌و رۆژنامه‌ی وه‌ك تریبۆنێك به‌كارده‌هێنا بۆ گوتاری سیاسی و كێبه‌ركێی حكومه‌تی پڕوسیا و سیستمی سه‌رمایه‌داری, به‌مه‌ش توانی كاریگه‌ری راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر خوێنه‌ر و چینی كرێكارانه‌وه هه‌بێ و پشتگیری له‌قسه‌كانی بكه‌ن.
————————
سه‌رچاوه‌كان
1: گۆڤاری سه‌رده‌م ژماره 14 فایلێك له‌سه‌ر ماركس
2: ده‌سنووسه فهلسهیهكانی ماركس . له‌سایتی ماركسیزم وه‌رگیراوه
3: (رێگوزه‌ری بیری سیاسی, ستیڤن ئێرك لیدمان. وه‌رگیڕانی له‌سویدیه‌وه, ئاسۆس كه‌مال1997 ل 12
4: رۆژنامه‌ی رێگای كوردستان ژماره (712) 11/11/2006 .
5: كتێبی (اگیاف ماركس) جاك دریدا ترجمه نز عیاشی. ل23
6: علم اللغه. دی سۆسێر