ڕابەری پرچ.. سەردار جاف
پاییز کە پرچی خۆی دەڕنێ
لەچکی تۆ
بەدەم ڕەشەبای تۆزەوە
بە مەندیلی ڕەش و سپی گرێدەدا
تاڵ تاڵ پرچت
دەبنە بەردی نێو لەپم و
گەواڵە ھەوری ڕەش و پیس، رادەماڵێ و
حیجابی زوڵم و زۆرداری فڕێدەدا
……. ……. ……..
کاتێ کە گڵ
لە ئامێزی خۆیت دەنێ
دەبییە باران، دادەبارێی
دەبییە رابەر ھەڵمەت دەبەی
دەبییە،خۆر و پرشینگ دەدەی
دەبییە سەنگەرێکی تۆکمە و دانامرکێی
دەبییە کڵپەی گڕ و ئاگر
کە شاڵاوی تۆکمەت دەبەی
……. …… ……….
بانێژەی لەچکت دەرخە
پرچە پەلکە زێڕینەکەت، بوونە ھێما
بوونە شۆڕەبی وڵاتێ
بە سەر ئاو و چیمەنی سەوزی ڕێڕەوان دادێنەوە
ھەر تاڵێکیان ئاڵایەکە لە ڕابوونا
گەرووی شۆڕشی ژنانە
لە ھەڵمەتی پرچ بڕینا
بۆ سەر شەقام ، بۆ ژینا و ژین و ئازادی
سروودی دەمی ڕاپەڕین دەڵێنەوە
…….. …….. ……..
بۆ ھەموو کچی نیشتیمان
با پەتی سێدارە ھەڵدەن
دەرگای حەوشە کڵۆم بدەن
بسکی سپی لە ناندینا بھۆننەوە
جەور و ستەم بە سەریانا ببارێنن
ئەو رەقیبە زۆردارەت لە خەرەندی ھەڵدێرێکا خزاندووە
کاروانی تۆ بەڕێوەیە
شەوانە چراغی کەسکە و
رابوونی شاران ھەڵدەچێ
کچە ژیناکەی سەقزم
تاران و پایتەختی دونیای ھەژاندووە
…….. …… ……..
رابەری پرچ
لەرینەوەی پرچی پڕ بۆن
گڕکانێکە
زایەڵەی کۆرپەی ڕەیحانەی تێدا کپ بوو
دەنگی میلاد،و ھاوڕێیان، وا ڕایەڵەی پەڕینەوەن
گرمە و ڕەنگی بۆمب و دووکەڵ
نوقڵانەی شۆڕشی نوێن
فڵچەی ناسراوی جانلۆکا
درۆن و رۆکێتی شەرمن
وەک حەزیایەک لە ھەناوی ھانیای نەخشان
بانگی ئازادی ھەڵدەدا
پرشنگی ئەو ئاسۆیەمان
رەنگینە بە جەستە و بە،خوێن
..،……..
ژوان دەگرم …. ژوانی ھەقیقی و راستی
دێمە وڵات
بە بێدەنگی و بە مانگرتن
لە گەڵ رابوون و بەرخودان
شەرارەی دەنگی بوێرە
لە شەقام و توولە ڕێوە
لەوێ دەنگی خرمژنی حیلەی ئەسپە
لێرەیش شۆڕشی ژنان و لەچک ھەڵدان
……
موروی شینی ملوانکەکەت
پرژا بە ناو خوێن و پرچا
ھەموو قژی، پرچبڕاوانی نیشتیمان
بە چارۆگەی قردێلەکەت پەنگ دراون
ژنان تەنھا بوونە ھێمای راپەڕین و
سەراپا وڵات گڕ درا
ڕۆح بەخشینی خۆڕاییە، بە خوێنی تۆ بە ئازادی
تەنھا پیاوی عەمامەدار نۆکەری زێڕ و دراوم
ئەڵمانیا
٢٢⁄٩⁄بۆ ٣⁄ ١٠⁄٢٠٢٢