Skip to Content

لە ئێران دۆخەکە ناگەڕێتەوە دواوە و سەرکەوتن نزیکە!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

لە ئێران دۆخەکە ناگەڕێتەوە دواوە و سەرکەوتن نزیکە!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 20, 2022 General, Opinion


چاوخشانێک بەسەر رەوتی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان لە ئێران و ئاسۆکان!

رەمزی پێشکەوتنی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی خەڵکی ئێران بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن، لەوەدایە کە هەرگیز دۆخەکە ناگەڕێتەوە بۆ دواوە و دوای ڕووخاندنی دیکتاتۆری ئایینی، حکوومەتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دێموکراتیک جێگەی ئەم دەسەڵاتە دەگرێتەوە.
بەم پێوەرە کاتێک سەیری ڕاپەڕینە سەرانسەرییەکەی ئێران دەکەین، دەبینین ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران ئەمجارە چۆتە دۆخێکی نوێوە. پانتایی جوگرافیای راپەڕین و چەند هێندەبوونی توڕەیی و ڕق و قینی شۆڕشگێڕانەی خەڵک بەرامبەر بە دەسەڵات، پێی ناوەتە دواقۆناغی کۆتایی ئەم ڕژێمە دیکتاتۆرە و ئاسۆی رووخاندنی حکومەتی زۆر نزیک کردۆتەوە. ئەوەش وەک ڕاستییەک لە کۆدەنگی ڕای گشتی لە ئێران و جیهاندا.
وێنە و گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکراوەکانی ئەم ڕاپەڕینە سەلمێنەرە بۆ بینەر، کە ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەیە کە نەک تەنیا ئێران، بەڵکو ناوچەکە و جیهانیش دەهەژێنێت. چونکە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران ناوەندی هەڕەشەی سەرەکی بووە بۆ سەرە ئاشتی و ئاسایشی ئەم ناوچەیە لە جیهان و، مانەوەی ئەم دەسەڵاتە تیرۆریستی و ناشارستانییەتە چارەنووسی گەلانی خستووەتە بەر هەڕەشەیەکی جددییەوە. ئێستا دۆخەکە لەبار و ئامادەیە بۆ بەرپارکردنی شۆڕشێکی نوێ و پێویستە دواهەنگاو بخرێتە سەر قوڕگی گەورە دیکتاتۆری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێستا پرسیارەکە لەوەدایە کە ئایا ئەم ڕاپەڕینە، ڕێکخراوە؟ ئایا سەرکردایەتییەکی لێهاتوو و ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە؟!
تایبەتمەندی ڕاپەڕینی هەنۆکەیی!
خەڵکی ئێران لە ڕاپەڕینی جەماوەری ساڵی 2017 دا سیناریۆی ئاخوندپەسند و باڵباڵێنی “پارێزگاران” و “ڕیفۆرمخوازان”یان بۆ هەتاهەتایە پووچەڵ کردەوە. لە هەنگاوی دواتردا و لە مانگی خەزەڵوەری 2019، ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان بەشێک لە توڕەیی خەڵکیان بەرامبەر بە دەسەڵات نیشان دا و (ئەڕتەشی هەژاران) لە ژێر رێنوێنیی (شانەکانی شۆڕش)ی سەر بە موقاومەتی ئێران توانی ئەم پیلانەی دەسەڵات، (کە ویستبووی بە هێنانەکایەی درووشمی لادەرانە و بە تایبەتی سیناریۆی “ڕەزا شا رۆحت شاد” ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بە لاڕێدا بەرێت و بەم شێوەیە دەنگی خەڵک کە راپەڕین کپ بکات و وا دەربخات کە گوایا نەیارانی حکومەتی ئێران، پاشماوەکانی رێژیمی پێشوون)، پووچەڵ بکەنەوە.
راپەڕینکاران و لاوانی ئێرانی لە سەرتاسەری وڵات ئەم پیلانگێڕییەیان پووچەڵ کردەوە و بە دروشمی “نا بۆ رژێمی پاشایەتی و نا بە رژێمی ئاخوندی (واتا خامنەئی)” و “مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر” رچەشکێنیی ئایندەیان کرد. کە هەڵبەت خامنەئی لەوە زیاتری بۆ نەمایەوە هێڵی ئینتەرنێت ببڕێت و فەرمانی “ئاگر بە ئیختیار” بۆ هێزەکانی دەربکات و زیاتر لە (1500) کەس لە لاوانی ئێرانی کوشتار بکرێت و دەیان هەزار کەسیتریش بێ سەر و شوێن بکرێن.
بەڵام ئەو خەڵکەی بڕیاری داوە بۆ گەیشتن بە ئازادی، بە کوشتن و هەڕەشەکران نەوەستێت و بە دروشمی “دەکرێت و دەبێ” لە هەموو ئێراندا درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان بدەن، نەکشانەوە و هەر وەک لە راپەڕێنە جەماوەرییەکەی ئێستادا دەبینین، خەڵک لە دهۆلی “ڕوخاندنی دەسەڵاتی ئایینی” دەکوتن و رایانگەیاندووە بە کەمتر لە روخاندنی ئەم دەسەڵاتە رازی نابن!
هەرچەند دەبێ هەموو ئەمرازێک بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی بەکار بهێنرێت، بەڵام دروشمی “چالاکی مەدەنی بۆ رووخاندنی دیکتاتۆر لە ئێران” کردارێک نییە خەڵک بەدڵی بێت و گونجاوی دۆخەکە بیت. لایەنگرانی درووشمی چالاکی مەدەنی یان تێگەیشتنێکی راست و دروستیان لە سەر کۆمەڵگای ئێرانی نییە و بەلاڕێدا چوون، یان هێشتا چاویان بڕیوەتە دەسەڵات شتێکیان بداتێ!. درووشمی “چالاکی مەدەنی” لە ئێران، وەک یاریکردنی تۆپی پێیە لە سەر گۆڕەپانی لایەنی بەرانبەر واتا دەسەڵات و، ئەنجامەکەی ڕاستەوخۆ دەچێتە گیرفانی دیکتاتۆری دەسەڵاتدارەوە. بە تایبەت کە سەرچاوەی توندوتیژی هەر لە سەرەتاوە، خودی دەسەڵاتی دیکتاتۆر بووە!
دەرئەنجامی ئەم تێفکرین و روانینە ئەوەیە کە لایەنگرانی درووشمی چالاکیی مەدەنی، بە پێچەوانەی لۆژیکی پێشکەوتن و شکاندنی بنبەست و بەرخۆدان، کە مەرجی پێشکەوتنە بە ئاراستەیەکی دروستدا، هەنگاونانە بە دوای رووداوەکاندا. نەک ئەوەی لە دژی دیکتاتۆر ڕاپەڕی و “مێژوو” دروست بکەیت و باجی ئازادی بە تەواوی بدەیت!
ئەوەی لە ڕاپەڕینی ئەم دواییەدا سەرنجی هەمووانی بۆ لای خۆی راکێشا، ڕێکخستن و بەربڵاوبوون و پەرەسەندنی ڕاپەڕین و بەرەنگاربوونەوەکانی خەڵکە بەرانبەر بە دەسەڵاتی ئێران. خەڵک لە سەرانسەری ئێران، بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزمون و دەسکەوتەکانی قۆناغەکانی پێشووی ڕاپەڕین، تیۆری چالاکی مەدەنییان رەت کردۆتەوە وەک هەنگاوێکی ئێکسپایر و لە هەر شوێنێک بە دەرفەتیان زانیبێت، دەستیان وەشاندووە لە هێزەکانی حکوومەت. هەربۆیە کاتی رووخاندنی ئەم رژێمە نزیک بۆتەوە و راپەڕین بەرەو پێشەوە ملی ناوە. ئەمیلیانا زاپاتا، پێشەنگی شۆڕشی مەکزیک جوانی وتبوو کە: (گەر داد نەبێت بۆ گەل، رێگە مەدە ئارامی بۆ دەسەڵات بێت).
بڵاوبوونەوەی ئەو وێنانەی کە تەنیا بەشێک لە ڕاپەڕینی سەرتاسەری خەڵکی ئێران نیشان دەدەن، شوێندانەر بووە لە سەر ئێران و جیهان. ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ٢ی رەزبەری ١٤٠١ نووسی: “ئەمە بەرفراوانترین و چڕترین و سەرسەختترین و بوێرانەترین خۆپیشاندانە کە تا ئێستا لە ئێران رووی داوە”.
دیمەنگەلێک کە تیایدا خەڵک و لاوانی شۆڕشگێڕ، بە تایبەتی ژنانی ئازا کە هێزە سەرکوتکەرە چەکدارەکانی ڕژیم راو دەنێن. کەناڵی سی ئێن ئێن لە رۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ وتی: “سەرەڕای سەرکوتکردن، ژنانمان لە شەقامەکانی تاراندا بینیوە کە هاتنە دەرەوە و بەرەنگاری هێزەکانی حکومەت بوونەوە”. هەروەها ئەو ژنانەی کە دروشمی “مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر”یان دەوتەوە. واشنتۆن تایمز لە رۆژی 31ی خەرمانانی 1401 نووسی: “خۆپیشاندانەکان ئەوە نیشان دەدەن کە خەڵکی ئێران چیتر ترسیان نەماوە”. ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشێتدپرێس نووسی: دوایین خۆپێشاندانەکان دەریدەخەن کە خەڵک ترسیان نەماوە. ئاژانسی فەرەنسپرێس لە رۆژی ٦ی رەزبەری ١٤٠١ بڵاوی کردەوە: “بۆ دوانزەهەمین شەو لەسەر یەک، خەڵکی ئێران بە سەرکردایەتی ژنان خۆپیشاندانەکانیان ئەنجامدا”.
هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی راپەڕین و پەلاماردان بۆ سەر هێزە سەرکوتکەر و دۆڕاوەکانی حکومەت، دەسەڵاتدارانی حکومەت و میدیاکانیان، پەنجەی تۆمەت بەرەو دوژمنی سەرەکیی دەسەڵات، واتە موجاهیدینی خەلق ڕادەکێشن و بە شێوازی جیاواز تووڕەیی خۆیان نیشان دەدەن. ئاخوند ئەحمەد خاتەمی لە نوێژی هەینی تاران باسی لە “ڕووداوە گرینگەکان” کرد کە “لەم ڕۆژانەدا دژ بە حکومەت ڕوویانداوە” و هۆشداریدا لەوەی “هێڵی سووری پاراستنی دەسەڵات” لە ژێر مەترسیدایە.
شاره‌زایانی حكوومه‌تیش تۆقاون و ده‌ڵێن ئه‌م “راپەڕینانە بێوێنه‌ن و له‌ هیچ قۆناغێكدا به‌م شێوه‌ نه‌بووه‌” و نایشارنه‌وه‌ كه‌ ئامانجی راپه‌ڕینەکان، رووخاندنی حکومەتە!

کۆتایی

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish