
ناسینی بوونی شیعر و خۆ ده‌ستنیشانكردن (مانیفێستی شیعری) … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
بۆ عه‌بدۆڵڵا تاهیر به‌رزنجی، یه‌كه‌م كه‌س بوو، هه‌ستی به گرینگی، یان ناگرینگی ئه‌م مانیفێسته كرد.
1
به‌رپرسیارییه‌تیی شاعیری ڕاسته‌قینه ئه‌وه‌یه، شیعری بێگه‌رد بگه‌یه‌نێته كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی. له كۆتایی حه‌فتایه‌كاندا، بووم به خوێنه‌رێكی تامه‌زرۆی شیعر، شیعرپه‌روه‌ریش به شێوازێكی سه‌رسوڕهێنه‌ر له ژیانمدا ده‌ركه‌وت و په‌ره‌ی سه‌ند، هیچم نه‌ده‌بینی جگه له‌و جوانییانه‌ی له‌ناو شیعردا ده‌كرانه‌وه و جووڵه‌دار بوون، ته‌نانه‌ت له ڕۆیشتنی ناو شه‌قام و دانیشتنی ناو پۆل و له‌سه‌ر خوانی خێزانیشدا، شیعر وڕێنه‌ی چێژداری پێ ده‌كردم. ژیانی من، قه‌ره‌باڵغ نه‌بوو به پله و پایه‌ی فه‌رمانبه‌ری و باڵه‌خانه و خانووی گه‌وره و ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و ….. تاد، ته‌نیا به شیعر قه‌ره‌باڵغ بوو، باس و بابه‌تی سه‌ره‌كیم له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم و ژیان، شیعر بوو به‌س، واش تێده‌گه‌یشتم ئه‌گه‌ر دوو دوژمنی ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوشته‌ی سه‌رسه‌ختی یه‌كتری له‌ناو كرانه‌وه‌ی شیعریدا گفتوگۆ بكه‌ن، ده‌ماری گرژیان خاو ده‌بێته‌وه، تا ڕاده‌ی پاكبوونه‌وه، یه‌كترییان خۆش ده‌وێت و پشت ده‌ده‌نه یه‌ك.
بنچینه‌ی ئه‌م خۆشه‌ویستی و پشتدانه یه‌كترییه‌ش ئه‌فسوونی شیعره، له‌پاڵ ئه‌م بڕواهێنانه كه‌ڵكه‌ڵه‌ی شیعرنووسین ناخی به توندی ڕاته‌كاندم.
بڕواهێنان جوانترین و به‌هێزترین شیعرییه‌تی تێدایه، بانگی وشه‌شم هاته به‌رگوێ، بمهێنه ناو ژیان.
هێزم تێدایه خه‌ونه نه‌بڕاوه‌كانت به ئومێد و ناوه‌ند بگه‌یه‌نم، ئه‌م بانگكردنی وشه‌یه، به یه‌كه‌مین و گرینگ‌ترین هۆكار و په‌یام ده‌زانم.
دوای ئه‌م ناخ ڕاته‌كاندنه، ناوه ناوه ده‌قی شیعریم ده‌نووسی و بوێرانه بڵاوم ده‌كردنه‌وه، به‌ته‌واوی بار و بواری بیركردنه‌وه‌ش به‌دوای كه‌شوهه‌وای سه‌ربه‌خۆ وێڵ بووم و به هێڵی ئه‌فسوونیدا ڕۆیشتم تا به ئێستاكه گه‌یشتووم، له‌ناو به‌هه‌شتی نووسین له پانتایی خه‌وندا كار ده‌كه‌م.
خه‌ون كاریگه‌ری بوون به شیعری تێدا به‌هێزه، جیهانبینیی منی لێوه ڕوون بووه‌ته‌وه و بووه‌ته په‌یوه‌ستێكی پته‌و له‌گه‌ڵ پرسیاره‌كانی ژیان.
مرۆڤ، ئێستای له نه‌ماندایه، ڕابردوو و داهاتووی هه‌یه، شیعرێك له‌سه‌ر بنه‌ما و جیهانبینیی ڕوون بنیاد نه‌ندرابێت، نه به كه‌ڵكی ئه‌مڕۆ دێت، نه هیچ سه‌رده‌مێكی دیكه‌یش وه‌ك ده‌قی پته‌و و په‌تیی ئه‌ده‌بی قبووڵی ده‌كات.
ڕابردوو به‌شی هه‌ره گه‌وره‌ی ژیانی نووسه‌ر پێكده‌هێنێ و پێكهاته‌ی ده‌قیشه، چونكه ئێستا، كه خه‌ریكی كار و كرده‌ی نووسینی، دوای قاوه خواردنه‌وه‌یه‌ك چركه‌ی كار و كرده‌ی نووسینه‌كه‌ت ده‌بێته ڕابردوویه‌كی زیندوو، كه‌واته: ئه‌و كاته‌ی كار و كرده‌كه‌ی تێدا ئه‌نجام ده‌ده‌یت ئێستایه، به‌شی هه‌ره گه‌وره‌ی پێكهاته‌كه‌ی ڕابردووه. ئاینده ته‌نیا له‌ناو ده‌قدا ده‌بیندرێت و ئه‌ندێشه‌یه‌كی تێكه‌ڵ به فه‌نتازیا به‌گه‌ڕ ده‌خات. ئه‌و ئه‌ندێشه تێكه‌ڵ به فه‌نتازیایه بیرۆكه و خاڵی تێڕوانینه. ژیانبینی به ئاینده‌بینییه‌وه ته‌واو ده‌بێ و به‌بێ ئاینده‌بینی ناته‌واوه. كرۆك و دیوی نهێنیی ژیان، ئاینده‌یه. ئاینده‌ش خاڵی تێڕوانین و له هه‌موو به‌شه‌كانی دیكه چالاكتره، چونكه به‌رده‌وام هه‌وڵی بۆ ده‌درێت و هه‌ستی قووڵاییی ژیانبینی سه‌ر ده‌خات. ئه‌م هه‌وڵ و ده‌ربڕینه‌ش مایه‌ی داهێنانی ئه‌ده‌بین.
تایبه‌تكاریی من ئه‌وه‌یه، شیعرم گه‌ڕانده‌وه بۆ خه‌ون. خه‌ونیش پاكییه‌تی ژیان ڕاده‌گرێت. هه‌موو ده‌قه‌كانیشم، ده‌قی بیركردنه‌وه‌یی و درێژن، ئاسۆ و دووریی ئه‌فسانه‌یییان تێدا سه‌ربه‌خۆ و گونجاوه بۆ پڕ نهێنی و ئه‌زموونكردنیان، به شێوازی ههمهجۆر كارم له‌ناو كردوون، تا ئه‌و شوێنه‌ی ده‌قه‌كه ده‌خوازێت خۆی به‌كۆتایی بگه‌یه‌نێت له‌گه‌ڵیدا ته‌با ده‌بم و ده‌ڕۆم.
زمانی بێده‌نگكراوم له ده‌قه‌كاندا به ده‌نگ هێناوه‌ته‌وه، به ئاسانیش ده‌تواندرێت هێڵه جیاكاره‌كان له‌م به‌ده‌نگهێنانه‌وه‌یه‌دا ده‌ستنیشان بكرێت.
شیعر ناوه‌نده، هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌بی به‌ره‌و ناوخۆی به‌كێش ده‌كات و چاره‌نووسی ڕاسته‌قینه‌یان به ڕوونی ده‌داته ده‌ست، له ژیانی شیعریدا سوودی گێڕانه‌وه و ته‌وژمی هۆش و گفتوگۆ له هونه‌ری ڕۆمان و په‌خشان و شانۆنامه و ئۆپێرا و ئۆپه‌رێت و سینه‌ما و چیرۆك ….. تاد، وه‌رده‌گرم. له ڕه‌گه‌زی خۆیان ده‌ریانده‌هێنم و هێزی كرانه‌وه و جووڵاندنیان پێده‌ده‌م، پته‌وتر و كاریگه‌رتر و سه‌یرتر و به‌پیتتریان ده‌كه‌م، له ئاماده‌كردنیان بۆ دامه‌زراندنی ده‌قی شیعری. ده‌قیش خوێنده‌وارانی دڵنیا ده‌كات له چێژ وه‌رگرتنی شیعرییه‌ت و خواست، چاوه‌ڕوانییان ده‌هێنێته دی.
من به‌رپرسیارییه‌تی ده‌نووسم، له‌باره‌ی به‌رپرسیارییه‌تییه‌وه نانووسم.
2
یه‌ك له دڵه‌ڕاوكێی من ئه‌وه‌یه، شاعیرێك، یان گرووپێك كارێكی نایابیان به‌رهه‌م هێنابێت، هه‌وڵ ده‌ده‌م باش له چۆنیه‌تی و ڕه‌گی هه‌قیقه‌تی سه‌ركه‌وتنی كاره‌كه‌یان بگه‌م.
له ڕووی هیچ ڕه‌گه‌زێكی ئه‌ده‌بی حه‌زم نه‌كردووه وه‌ك كه‌س بم، كه‌سیشم له‌به‌رچاو نه‌گرتووه، هاوڕێی هه‌موو ئه‌و شاعیرانه‌م، كه پێش من پرۆژه‌ی داهێنانیان هه‌بووه، ئه‌وانه‌ی هاوچه‌رخن، ئه‌وانی دوای منیش دێن و ده‌بن به شاعیری خاوه‌ن پرۆژه.
خۆم له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو نه‌وه‌یه‌كدا ده‌بینم، ته‌نانه‌ت له هه‌ندێ شیعردا سه‌ر به شیعری له پێشتری خۆشم نیم، سه‌ر به ئه‌زموون و ئه‌فسانه‌ی ئه‌و شیعره‌م، كه دوا شیعرمه و له نووسینیدام، زه‌مینه‌ی ئه‌فسانه‌یی پێش ئه‌وه‌ی له هیچ ڕه‌گه‌زێكی ئه‌ده‌بیدا كاری پێكرابێ و هه‌بووبێت له شیعردا كاری پێكراوه و هه‌بووه.
ناچمه ناو هیچ گرووپێكی ئه‌ده‌بی، خۆشم به هیچ گرووپێك نه‌زانیوه، له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌ده‌ب و داهێنان كاری تاكه كه‌سییه، چوونه ناو بازنه‌ی گرووپ، ده‌ركردن و چه‌واشه‌كردنی ئه‌م تاكه كه‌سییه‌یه له بازنه‌ی ئه‌ده‌ب و داهێناندا.
خانه‌خانه‌یی و قۆناخبهندكردن، هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یه، شیعر ته‌نیا به گه‌یشتن به باری ده‌روونڕۆشنی پێوانه ده‌كرێت، ئه‌مه بۆچوون و بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك خودی وریایه، ده‌ق قسه‌یان بۆ ده‌كات و ده‌ق قسه‌شیان پێده‌كات.
بێ‌وچان له‌گه‌ڵ خۆمدا له جه‌نگی بێ ئاماندام بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌م به باری ده‌روونڕۆشنی تا به‌سه‌ر ته‌مه‌ن و كاتدا زاڵبم، خۆشم به ته‌لیسمی لێڵیی ساخته‌وه هه‌ڵنه‌واسیوه، هه‌وڵم داوه ئاست و ئاراسته‌كانی توانا و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بم.
له‌مڕۆدا بزواندن و پێشبینیكردنی ئاینده ده‌رده‌كه‌وێت، له جیهانی خۆمدا ئارامی دروست ده‌كه‌م و بارێك ده‌هێنمه به‌ر زه‌ین و تێیدا نیشته‌جێ ده‌بم و ده‌نووسم، په‌یوه‌ندیشم له‌گه‌ڵ سۆراخكارانی به‌رهه‌ممدا به‌رده‌وام و پته‌وه، ناشزانم تا كوێ بڕ ده‌كه‌م، به‌ڵام خۆم له‌وه دڵنیا كردووه‌ته‌وه له شیعره‌وه به‌ره‌و ژیان و ئاینده ده‌ڕۆم.
له‌سه‌ر هه‌موو ئاست و ئاراسته‌كانی ژیان لایه‌نگیری گۆڕان و جێگیرنه‌بوونم، شیعری كوردی له كلاسیكه‌وه تا به ئه‌مڕۆی گه‌یشتووه له‌باری وه‌ستاو نه‌ماوه‌ته‌وه، بگره قۆناخ به قۆناخی بڕیوه، ئه‌گه‌ر گۆڕانی ڕیشه‌یی و داڕشتنی قووڵیشی په‌یدا نه‌كردبێت، ئه‌وه بۆچوونی هاوچه‌رخ و ڕه‌سه‌نی له ئاست شارستانییه‌تی وڵاته‌كه‌یدا، هێندێك ناوكی بنه‌مای دۆزیوه‌ته‌وه. كاری زمان و شێواز و شیعرییه‌تی قۆناخه‌كه‌ی له‌سه‌ردا كردووه.
چه‌ند قۆناخێكی دانپێداندراوی شیعری كوردی له ئارادان و لێتۆژینه‌وه‌یان له‌باره‌وه ده‌نووسرێ، به‌ڵام قۆناخه‌كان قۆناخی دره‌وشاوه نین، بگره هه‌ر یه‌ك له قۆناخه‌كان ده‌نگێكی دره‌وشاوه نوێنه‌رایه‌تی قۆناخه‌كه‌ی كردووه.
ڕه‌خنه‌ی كوردی، نه‌هاتووه ته‌واوی قۆناخێك به ئاستی ده‌نگه‌كان وه‌ربگرێ و خوێندنه‌وه‌یه‌كی وشیاری بۆ بكات، گرینگییه‌تی سه‌ربه‌خۆیی و هاوبه‌شی كاركردنیان و بنه‌ما دۆزراوه‌كانی قۆناخه‌كه ده‌ربخات.
بگره یه‌كه یه‌كه نوێنه‌ره به‌هێز و دره‌وشاوه‌كانی وه‌رگرتوون، ئه‌م یه‌ك یه‌ك وه‌رگرتنه‌ش وای كردووه قۆناخه‌كان كاركردنی هاوبه‌شیان به نه‌دۆزراوه‌یی بمێنێته‌وه.
من ژیان ده‌نووسم، له‌باره‌ی ژیانه‌وه نانووسم.
3
هه‌ست ده‌كه‌م، ژیان له دۆخگۆڕیندا جۆره به‌رزی و نزمییه‌كی ناڕێكی تێدایه، ده‌مه‌وێ له‌م دۆخگۆڕین و به‌رزی و نزمییه ناڕێكه‌دا ڕزگارم ببێت، له‌ناو شیعری په‌تیدا بژیم و مانایه‌ك به ژیان و دادپه‌روه‌ری بده‌م، شاعیر ئه‌گه‌ر خۆی خسته خزمه‌ت ده‌سه‌ڵات و سیستمی دیكتاتۆریی سیاسییه‌وه، هاوپه‌یمانی بوو، بێگومان ڕۆڵ و ئاماده‌یی گه‌شه‌كردن و په‌ره‌سه‌ندنی جیاكاری له به‌ین ده‌چێت، ناتوانێ توانای به‌هێزی داهێنان ڕابگه‌یه‌نێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دوور له هێزی شه‌ڕخوازی، جۆرێك باوه‌ڕی سیاسی هه‌بێ بۆ تێگه‌یشتن له هۆكاره‌كانی ڕوودان، چالاكییه‌كی هۆشمه‌ندییه لێیه‌وه كاریگه‌ریی خۆی به‌دی بهێنێ و تێڕوانینه‌كانی نیشان بدات و بیانچه‌سپێنێت. چركه‌ساتی نووسین، چركه‌ساتی تێكۆشانی گیانییه.
شیعری داهێنراو، وشه‌كانی جه‌نگاوه‌ری سه‌ربه‌خۆییخواز و سه‌رله‌شكری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ن دژی دیكتاتۆریه‌تی به زه‌بری هێز خۆسه‌پێنه‌ر، كه هه‌ستم بۆ خۆشییه‌كانی ژیان جۆشا، ژیان زۆر به ئاڵۆزی و گرانی خۆی پیشاندام، له‌م كاردانه‌وه‌یه‌دا ده‌مه‌وێ له ڕێگای شیعره‌وه ئاڵۆزی و سه‌ختییه‌كانی ژیان به‌تاڵ بكه‌مه‌وه، ژیان بهێنمه ناو زمان و نووسین، بۆیه ئاوا هۆگری شیعر بوویمه، هه‌موو ژیانی لێ سه‌ندووم.
بۆ ئه‌م داوایه له ژیان. شیعر پێویستییه، له چركه‌ساتی چاوه‌ڕواننه‌كراو و نه‌بیندراو و خه‌ونئامێزدا، بار و كه‌شێكی پیرۆز سه‌ر تا پێم داده‌گرێ و ده‌ڵێت: خودی به‌رپرسیار به‌رانبه‌ر بزواندن، په‌یامی شیعر به‌رز بكه‌ره‌وه.
شیعر حه‌وشه و ماڵی خودایه، گوناهی هه‌موومانی لێ پاك ده‌بێته‌وه و تێیدا ده‌بین به فریشته و خوداوه‌ند.
شیعر ئامانجی به‌خته‌وه‌ری و جێگای هه‌موو هیوا و خۆشادمانكردنێكه بۆ من، له ڕێگایه‌وه ده‌تواندرێت په‌یوه‌ندی به جیهانی فریشته و خوداوه‌ندانه‌وه ببه‌ستی، هه‌روه‌ها خه‌ونه‌كانت كۆ ده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ریش زانیارییه‌كی گشتیت له‌باره‌ی كه‌ره‌سته و ئامرازه‌كانه‌وه نه‌بێت، ناتوانی هه‌ڵگری خه‌ونه‌كانت بیت.
من خه‌ون ده‌نووسم، له‌باره‌ی خه‌ونه‌وه نانووسم.
4
بێ به‌هره‌كان، به چالاكی و پڕ به‌رهه‌میم جۆرێك شڵه‌ژاوییان كه‌وتووه‌تێ و نائاسووده و سه‌غڵه‌تن، به‌ئاشكرا و ژێراوژێر له پلان و پیلاندانانن ده‌مبه‌ستم بكه‌ن و بمچه‌وسێننه‌وه، یان ئه‌و ڕووناكییه‌ی لێمه‌وه دروست بووه، ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كاتیش بێت، بیكوژێننه‌وه، یان بیشارنه‌وه، ئه‌گه‌رنا بیشێوێنن و گومانی بخه‌نه سه‌ر.
له‌م دژایه‌تیكردنه‌دا هه‌ست به هیچ زیانێك ناكه‌م، بایی ئه‌وه‌نده گوێیان لێ ڕاده‌گرم بزانم چی ده‌ڵێن، ئاست و ئاراسته‌كانیان چین، هێنده كاتیان ناده‌مێ بیریان لێ بكه‌مه‌وه، گیانی له‌خۆبوردن و بێبایه‌خكردنی دوژمنه‌كانم له‌مندا به‌هێزه، ئه‌مه‌ش له ڕێگای گیانپه‌روه‌رده‌كردنێكی به‌رده‌وام و دۆزینه‌وه و خۆناسینه‌وه پێی گه‌یشتووم.
شیعر بۆ من په‌یامی ڕاچڵه‌كاندن و ئه‌و ئاگره‌یه قه‌ت ڕووی له خامۆشی نییه، ته‌واو بڕوام پێی هێناوه و ئه‌مه‌كدارم بۆی، دوژمنه‌كانم له‌ناوه‌وه‌یاندا له ئاست ئه‌م ئه‌مه‌كدارییه‌ی من داته‌پیون، خۆیان به گوڕنه‌ته‌ڵه و چه‌وساوه‌ی ده‌قه‌كانم ده‌بینن، منیش له شه‌ڕه بێفه‌ڕه‌كان خۆم پاراستووه و فه‌رامۆشیان ده‌كه‌م.
له گرده‌نشینی ده‌روونی ئامانجدارم، خه‌ریكی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌و شته پیرۆزه ده‌بم، كه بڕوام پێ هێناوه، بڕواهێنان جوانترین و به‌هێزترین شیعرییه‌تی تێدایه، هه‌لومه‌رج و ئارامیی ته‌واوم بۆ دابین ده‌بێت وه‌ك منداڵێك خه‌ون ده‌بینم، ژیان له‌ناو خه‌وندا مشتوماڵ بكه‌م.
شاعیری ڕاسته‌قینه هه‌موو كات وه‌ك منداڵێك هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات، هه‌ركاتێك ڕێگای دا ئه‌و منداڵییه‌ی ناوه‌وه‌ی وه‌ك گه‌وره‌یه‌ك فه‌رمانی پێ‌بدا و هه‌ڵیسووڕێنێت، ئه‌وه له‌م چركه‌یه‌دا جاڕی به‌تاڵبوونی خۆی ده‌دا، چونكه گه‌وره له هه‌ڵسوكه‌وتیدا تاكتیك به‌ڕێوه‌ی ده‌بات و تاكتیكیش به‌ڕێوه ده‌بات، داهێنه‌ریش پاكی و یه‌كڕوویی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی، پاكی و یهكڕووییش ته‌نیا له منداڵییه‌تیدا ده‌ست ده‌كه‌وێت، له پاكی و یه‌كڕووییدا ده‌گه‌یت به ده‌روونڕۆشنیی خودایی.
په‌ره به خه‌ونبینین ده‌ده‌م، خه‌ون له ده‌ربڕیندا بنه‌ڕه‌تی واقیع ون ناكات، ملكه‌چی ده‌سه‌ڵاتیش نابێ، به‌رهه‌مهێنه‌ری ترپه و ئاوازی نوێیه بۆ ده‌ربڕین لێ‌كردن و به‌ڕێوه‌چوونی واقیع له‌ناو ده‌قی فه‌نتازیادا.
من پاكی ده‌نووسم، له‌باره‌ی پاكییه‌وه نانووسم.
5
شاعیری دامه‌زرێنه‌ری گه‌وره‌مه‌ند به ڕه‌خنه لێگرتنی نابه‌جێش بڕوای به دامه‌زرێنه‌ری و گه‌وره‌مه‌ندی خۆی له‌ق نابێت، پته‌وتر و كاریگه‌رتر و په‌تیتر ده‌بێته هێمای ڕوونبوونه‌وه‌ی زمان و نووسین. مێژووی له‌ناو داده‌مه‌زرێ، ئه‌و بڕوا پته‌وتربوون و كاریگه‌رییه و په‌تییه‌شی هێزی ڕزگاركه‌ر و ڕزگاركردنی ده‌قه له پاشماوه جێماوه‌كان و پاشخاپه‌رۆكه‌كانی زمان و نووسین.
من ڕزگاركردن ده‌نووسم، له‌باره‌ی ڕزگاركردنه‌وه نانووسم.
6
هیچ وشه‌یه‌ك له ژیان و مردن كۆنتر نییه، وشه‌ش له‌سه‌ر كۆنی و نوێیی نه‌كه‌وتووه، بگره له‌سه‌ر تێگه‌یشتنی نووسه‌ر كه‌وتووه چۆن به‌كاری ده‌هێنێ و ئاست و ئاراسته و ئاسۆی لێ ده‌دۆزێته‌وه.
نه‌مویستووه جیهانی كۆن بڕووخێنم و جیهانی نوێ بنیاد بنێم، تێكۆشاوم له‌ناو جیهانی كۆندا جیهانی دیكه بدۆزمه‌وه و بیكه‌م به نموونه‌ی ڕوونی و خاوێنیی به‌هه‌شتی تا هه‌تایه.
شاعیر ده‌توانێ كه‌ڵك له ته‌واوی وزه سروشتییه‌كان وه‌ربگرێ بۆ بنیاد و پێكهاته‌ی شیعری.
شیعر، به په‌یوه‌ندییه‌كی پێ‌داگر و زیندووی ژیان ده‌زانم، هێندێك كاری سه‌ره‌تاییم ساده بوون، كه له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كاندا به ناوه‌ندی ڕۆشنبیری كوردیم ناساندوون، به شایسته‌ی ئه‌وه‌یان نازانم له كتێبێكدا بیانهێنمه‌وه ناو جیهانی زمان و نووسین، دووباره پیشانیان بده‌مه‌وه، یان جۆره یه‌كترناسینێك بوون له‌گه‌ڵ خه‌یاڵی به پیتی شیعر و هه‌ڵڕشتنی مانادا. كاركردن له‌پێناو مانادا له‌ناو ڕه‌گه‌زه شیعرییه‌كاندا ڕه‌گه‌زێكی بنچینه‌یی نییه.
وه‌ك ده‌سپێك و زه‌مینه له هێندێكیاندا جیهانبینیی شیعریم سه‌ره‌تایییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به هه‌موو هێز و توانای ده‌ربڕینم له ته‌واوی ژیان و بوونم ڕوانیوه، ئه‌و ڕوانینانه‌ی لێیانه‌وه ده‌گه‌ی به قووڵایی ئومێده په‌یامداره ڕاسته‌قینه‌كان.
هه‌وڵم داوه ئه‌وه‌ی له گیان و ناخی من جێگیر بووه، بیگوازمه‌وه بۆ گیان و ناخی كۆی ئاده‌میزاده‌كان به‌و حیكمه‌ته‌ی شیعر پاكییه‌تی ژیان ڕاده‌گرێت.
من دۆزینه‌وه ده‌نووسم، له‌باره‌ی دۆزینه‌وه نانووسم.
7
پێشبینی له بیری مندا به‌هێزه، زۆر جاران شه‌و خه‌ونم بینیوه بۆ به‌یانی، یان له ماوه‌یه‌كی كورتدا ڕووداوی خه‌ونه‌كه به واقیعی هاتووه‌ته ناو ژیانم و بووه‌ته ڕووداوێكی بیندراو.
شیعر ده‌كه‌م به ژیان، شیعریش ده‌وری ئه‌م چه‌تره ده‌بینێ هه‌موو چالاكییه‌كانمی له سێبه‌ردا یاداشت ده‌كه‌م.
شیعر وه‌ك خه‌ون وایه، ئه‌گه‌ر نه‌یبینم هه‌ست ده‌كه‌م وه‌ك مرۆڤ ته‌واو بوویمه و شوێن و ئه‌ركم له ژیاندا نه‌ماوه.
ترپه و خورپه‌یه‌كی شاراوه‌ی ناخه، دێت و ده‌ستم ده‌گرێ، ده‌مباته ناو ژیانێكی جوان و به‌هه‌شتی تا هه‌تایه، له‌م گه‌شته جوانه‌شدا به نه‌رمه گۆرانی گوتنه‌وه، شته هه‌ره جوانه‌كان ده‌كه‌م به هاوڕێی گیانی به گیانیی خۆم و ده‌یانهێنمه‌وه ناو ماڵی هه‌میشه دڵخۆش و فه‌رامۆشبه‌خشی زمان و نووسین.
من پێشبینی ده‌نووسم، له‌باره‌ی پێشبینییه‌وه نانووسم.
8
شاعیر له شیعره‌وه هه‌ستیاری خۆی ده‌گه‌یه‌نێ، شاعیری داهێنه‌ریش كه‌لله‌سه‌ر و چاوی ڕوونی میلله‌ته، له هه‌ر شیعرێكیشدا ڕاستییه‌ك له كه‌لله‌سه‌ر و چاوڕوونیدا ده‌دۆزێته‌وه.
كۆمه‌ڵێك ده‌قی په‌تیم نووسیوه له پانتایی خه‌ون بوونه‌ته شێواز و به‌رگری له مانای جوان ده‌كه‌ن، پێناسه‌ی ئه‌ده‌بیی منیان پێكهێناوه، به ئه‌ده‌بیاتبوونی خه‌ونم لێیانه‌وه ناساندووه، تا ڕاده‌یه‌كی به‌رچاویش سه‌ر به گۆبه‌ندبوونه و له‌رزه‌یه‌كی نوێبه‌خشیان خستووه‌ته‌وه، به‌هۆی خۆ دامه‌زراندن و گورج هاتنه پێشه‌وه و بڕوا به‌خۆبوونم له به‌رده‌وامیی به‌خشیندا كاردانه‌وه و به‌دگۆیی و ئیره‌یی و نیازخراپی و دڵڕه‌شی و كه‌مسه‌ری و ناكه‌سبه‌چه‌یی دوژمنه گوڕنه‌ته‌ڵه‌كانم گه‌یشت به پله‌یه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ی زۆر ناشارستانیم لێ بكه‌ن.
له ده‌قه‌كانمدا سه‌رچاوه ئێستێتیكییه‌كانی ژیان له هه‌موو شتێك به‌رزترن، په‌یوه‌ندیشم له‌گه‌ڵ شوێندا، په‌یوه‌ندییه‌كی گیانییه، یه‌كه‌م خه‌یاڵگه‌ی به‌پیتمه هه‌موو یاده‌وه‌رییه‌كانم له شوێنێكدا خه‌وتوون، كه چاو بواری نییه كۆیان بكاته‌وه و بیانگرێت، مه‌گه‌ر له ڕێگای خه‌ونبینینه‌وه به ئاگایان بهێنمه‌وه و ئاوی چاوی تیشكهاوێژم بده‌م، بیانخه‌مه ناو چالاكییه هه‌ستی و خه‌ونییه‌كانم.
ئه‌گه‌ر ڕۆژێك به هه‌ست، ده‌ستی نیانی هه‌تاوی شوێن له خه‌و به ئاگام نه‌هێنێت، وا ده‌زانم ئه‌و شه‌وه چالاكیی هه‌ستی و خه‌ونی تێدا نه‌بووه.
شوێن له ده‌قدا خه‌یاڵ و ڕوانین و خه‌ونی شاعیر دایده‌مه‌زرێنێ، جیاكاره له‌و زه‌وییه‌ی ڕۆژانه به‌سه‌ریدا گوزه‌ر ده‌كه‌یت. جیهانی خه‌ونیش به‌لای منه‌وه سه‌رنجڕاكێشترین جیهانی شیعرییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باسی ژیانی ته‌واو داماڵدراو له فرت و فێڵ و به‌دگۆیی و ئیره‌یی و نیازخراپی و دڵڕه‌شی و كه‌مسه‌ری و ناكه‌سبه‌چه‌یی و ته‌واو ئازاد به گشتگیری ده‌كات.
من شوێن ده‌نووسم، له‌باره‌ی شوێنه‌وه نانووسم.
9
ژیانی ڕاسته‌قینه، ئه‌و شته‌یه، كه ده‌سه‌ڵات و سیستمی دیكتاتۆریی سیاسی لێی سه‌ندووین، ئه‌م لێسه‌ندنه‌وه‌یه‌ش له ده‌سه‌ڵات و سیستمی دیكتاتۆریی سیاسی ته‌نیا له ڕێگای خه‌ونه‌وه ده‌بێت، كه‌واته: ژیانی ڕاسته‌قینه ته‌نیا له خه‌وندا هی خۆمانه، ئازادیی ته‌واوی لێ وه‌رده‌گیرێت.
شێوازی خه‌ونیم په‌یڕه‌و كردووه، له ده‌قی خه‌ونیدا ده‌تواندرێت خودی شاعیر بناسرێ و ڕه‌نگه‌كانی ببیندرێن.
خه‌ون، یاخیبوونی به جه‌رگانه و ده‌نگی ناڕهزایییه له‌كار و ڕووداوه نابه‌جێیه‌كانی ده‌سه‌ڵات و سیستمی دیكتاتۆریی سیاسی.
له خه‌وندا شاعیر پرسیار ئاراسته‌ی ژیان و كۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵات ده‌كات، له ڕێگای ئه‌م پرسیاركردنهشهوه ده‌گات به دۆزینه‌وه‌ی گه‌وهه‌ری مرۆڤ.
جووڵه‌ی به‌هێزی ناوه‌وه‌ی شیعر له توانایدایه ڕاسته‌وخۆ كار بكاته سه‌ر ژیان و بیگۆڕێت.
خه‌ونی نایاب ده‌بێته زمان و شێواز و بابه‌تی نایاب، ده‌قه‌كانم ده‌قی خه‌ونین، خه‌ونیش وه‌ك گیان و هانده‌ر، هه‌میشه تێكه‌ڵ به شیعرییه‌تی ده‌قم ده‌بێت و هه‌ستی شكۆمه‌ندی له مندا ڕسكاندووه و ده‌ڕسكێنێ.
ڕوانینه‌كانم ده‌خه‌مه ناو بازنه‌ی خه‌ونه‌وه، خه‌ونه به‌رجه‌سته‌كراوه‌كانیش پێویستییان به‌وه‌یه دووباره بیانهێنیته‌وه ناو ژیان تا ڕۆڵ و كار و چالاكیی خۆیان ببینن و پته‌وتر هاوبه‌شی له گۆڕان بكه‌ن.
له بواری خه‌ونبینیندا پشت به چاودێری و سه‌رگه‌رمیی خۆم ده‌به‌ستم له پێكهاته‌ی ده‌قیشدا خه‌ون ڕۆڵی بنچینه‌یی ده‌بینێت، ئاماده‌بوونی به‌رده‌وامیشی له ژیانی كه‌سایه‌تیمدا به‌دیار كه‌وتووه.
خه‌ون هه‌ڵوێست و بۆچوونی ڕوونه به‌رانبه‌ر به دیمه‌نی شڵه‌ژاو و دیكتاتۆریه‌تی ژیان.
من پرسیار ده‌نووسم، له‌باره‌ی پرسیاره‌وه نانووسم.
10
نووسین كاتی هه‌ستیاریی ته‌مه‌نه، له دره‌وشانه‌وه‌ی شیعریی دۆنایدۆنی كه‌شوهه‌وای ئازادیی بیركردنه‌وه و خه‌ونبینین ده‌بم، خه‌یاڵ و خه‌ون و چه‌مكی سه‌رله‌نوێ ژیانه‌وه له پله‌یه‌كی ئه‌فسوونیدا یارمه‌تیده‌رمن بۆ كێشانی ئه‌و شتانه‌ی كه چاوم نه‌یدیبوون.
له‌ناو شیعردا ده‌جووڵێم و بارودۆخی گیانیم ئارام ده‌بێت، سه‌یری ته‌واوی جیهان ده‌كه‌م، له‌م سه‌یركردنه‌مدا هیچ ده‌سه‌ڵاتدارێك بوونی نییه، ته‌نیا ئه‌و خودایه نه‌بێت، كه په‌یوه‌ندیم پێوه‌ی به‌هێزه و هه‌ڵسووڕێنه‌ری گیانیمه، ئامۆژگارییه ئاسمانییه‌كان هه‌میشه له‌بیرمدان و فه‌رامۆشیان ناكه‌م، هه‌ستی ئایینیم به‌رجه‌سته‌كردووه. نه‌ك بابه‌تی ئایینی، تا سنووری ڕه‌وا له نووسه‌ره گه‌وره‌كان نزیك ده‌بمه‌وه و به‌هره و سرووشیان لێ وه‌رده‌گرم، به‌ڵام ناچمه ناو ئه‌و بازنه‌یه‌ی تایبه‌ته به جیهانبینی و بڕوای ئه‌وان. خودی ساده و ساكار ژیاوی مته‌سه‌ووف و سروشتخواز و خه‌ونبین وه‌ك بوونێكی گشتی ته‌ماشای ده‌وروبه‌ر ده‌كه‌ن و له‌ناو جوانییه‌كاندا ده‌توێنه‌وه. له‌م توانه‌وه دڵئاگایییه‌دا هه‌ست به شته‌كان ده‌كه‌ن و ده‌گه‌ن به خود و غوربه‌تی ناخ و گیانی باڵا، له ڕێگای ئه‌م گه‌یشتنه‌شه‌وه شاد ده‌بن به دوایین پله‌ی ده‌روونڕۆشنی و شینایی سه‌ره‌تا و بێگه‌ردكردنه‌وه‌ی تا هه‌تایه‌ی هه‌موو شته‌كان.
من بێگه‌ردی ده‌نووسم، له‌باره‌ی بێگه‌ردییه‌وه نانووسم.
11
له ده‌قی خه‌ونیدا ده‌سته‌واژه له ئازادكردنی مانا و بنیادی ڕسته‌دا هه‌میشه له سنووربه‌زاندندایه.
ده‌قی خه‌ونی ده‌ستكه‌وتێكه له ئه‌وپه‌ڕی زمان و جیهانبینیی ڕوون، ده‌ربڕینه خه‌ونییه‌كان په‌نجه‌مۆری له‌سه‌ر داناون، شێوازی ههمهجۆر له ده‌قی درێژدا به‌كار ده‌هێندرێ، جۆرێك له ده‌ستكرد و دروستكردنی تێدا ڕه‌وایه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پشت نابه‌ستێت به چركه‌ی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك، بگره زنجیره ته‌قینه‌وه‌ی یه‌ك له‌دوای یه‌ك و جووڵاندنی ڕابردوو و تێڕامانی له مێژینه‌ن له كه‌شی نووسین ده‌گه‌ڕێیته‌وه سه‌ریان و جیهانبینی تێدا ده‌جۆشێت.
گونجاندن و لێك نزیككردنه‌وه‌ی شێوازی شیعری ئازاد و شێوازی په‌خشانه‌شیعر ئاست بۆ سنووربه‌زاندنه‌كان ده‌دۆزێـته‌وه. ماناكان له هه‌ناوی زمانه‌وه ده‌رپه‌ڕیون، وێنه ڕاسته‌قینه‌كان له هه‌ست ده‌چن، هه‌ندێ جار خۆیان ئاشكرا ده‌كه‌ن، هه‌ندێ جاری دیكه‌یش ون ده‌بن.
له‌م ونبوونه‌دا ژیان یه‌كپارچه ده‌بێته گومان، له‌و گومانه‌شدا شیعرییه‌ت ده‌بێته خوداوه‌ندی سه‌رزه‌مینێكی لێوان‌لێو له ڕازی نوێبه‌خش و جیهان به باشی و چێژ وه‌رگرتنه‌وه ده‌بینێت.
من گومان ده‌نووسم، له‌باره‌ی گومانه‌وه نانووسم.
12
كه‌له‌پوور بازنه‌یه‌كی نیمچه داخراوه، داهێـنه‌ر هه‌میشه پانتایییه‌كی ڕوون و ئاماژه‌یه‌كی گرینگی تێدا ده‌كاته‌وه بۆ پرسیار، پرسیار دروستكردن له ده‌قدا، په‌یوه‌ندییه‌كانی شاعیره به زمان و هه‌سته‌كانی ژیانه‌وه.
ده‌قی خه‌مڵیو له ئه‌زموونی مرۆڤی وریا له ئاست چاره‌نووسدا، خۆی له‌و بیر و مانایانه داده‌ماڵێت، كه له‌ناو ده‌قدا یه‌قین دروست ده‌كه‌ن، دڵه‌ڕاوكێ و گومان ده‌ستمایه‌ی ده‌قی ئاستدار و خه‌ونین.
كه‌له‌پوور ئه‌گه‌ر پانتایییه‌كی ڕوون و ئاماژه‌یه‌كی گرینگی تێدا نه‌كرابێته‌وه بۆ پرسیار، یانی ڕابردوو، ڕابردووش وه‌ستاوه و یه‌قینی تێدا زاڵه، به هه‌موو توانامه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌م كه‌له‌پوور وه‌ك ڕابردوو وه‌رنه‌گرم، مه‌به‌ستمه بیكه‌م به خه‌ڵكی جیهانی ئه‌مڕۆ، خه‌ڵكی جیهانی ئه‌مڕۆ بم، ئه‌مڕۆ شتێكی ته‌واو بیندراو و زاندراو و وتراو نییه. ئاینده بێئامانترین سه‌رچاوه‌ی نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێی ئه‌مڕۆیه، ئه‌و ئه‌مڕۆیه‌ی ئاینده تێیدا كه‌ره‌سته‌یه‌كی خاوه، ملكه‌چی توانایه‌كانمان نییه.
من ئاماژه ده‌نووسم، له‌باره‌ی ئاماژه‌وه نانووسم.
13
نووسینی واقیعی بیندراو لێكه‌وتنه‌وه‌ی زه‌ینی ئارام و خۆشنوودییه، به‌ڵام ده‌قی خه‌ونی، لێكه‌وتنه‌وه‌ی زه‌ینی شڵه‌ژاوه. زه‌ینی ئارام حه‌ز به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و نووسینه ده‌كات، زه‌ینی ئارام نووسیویه‌تی، زه‌ینی شڵه‌ژاویش حه‌ز به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و نووسینه ده‌كات، زه‌ینی شڵه‌ژاو نووسیویه‌تی.
له ده‌قی خه‌ونیدا هه‌ست ده‌دۆزرێـته‌وه، هه‌ستیش زه‌مینه‌یه‌كی له‌باره بۆ به‌رهه‌مهێنانی شیعرییه‌ت، خه‌ون كرده‌یه‌كی هه‌ستییه له‌وه‌ی كرده‌یه‌كی عه‌قڵی بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا بنچینه‌ی خه‌ون هه‌ست و واقیعه، به‌ڵام واقیع به‌و شێوازه نا، كه ده‌بیندرێت، واقیع به‌و شێوازه‌ی هه‌ست له ده‌قی په‌تیدا ئاماده‌ی ده‌كات، له‌م بار و كه‌شه‌دا خه‌ون هێزی خه‌یاڵ له نووسیندا به‌رز ده‌كاته‌وه و كار له‌سه‌ر لایه‌نه شاراوه‌كانی چاره‌نووسی مرۆڤ ده‌كات.
من شاراوه ده‌نووسم، له‌باره‌ی شاراوه‌وه نانووسم.
14
ژیان له هه‌موو دنیادا، جۆرێك چوونیه‌كی تێدایه، ده‌گونجێ شاعیر نه‌ریتی هه‌موو دنیا له ده‌قدا بكات به هی خۆی، وه‌ك بیر و ماناش له شیعردا نیمچه نزیكییه‌ك له نێوان نه‌ته‌وه‌كاندا ئه‌گه‌ر هه‌بێت ڕه‌وایه، به‌ڵام شیعرییه‌ت له زمانی نه‌ته‌وایه‌تیدایه. مانای وێنه‌ی شیعری له ترپه و ئاوازدا كۆ ده‌بێته‌وه و له ئه‌وپه‌ڕی زماندا ده‌ڕسكێ، شیعر ته‌نیا له زمانی خۆیدا شیعره، له هیچ زمانێكی تردا شیعر نییه. واته: له وه‌رگێڕاندا ناوێكی تر وه‌رده‌گرێت. ئه‌ده‌بێكی جوانه، به‌ڵام شیعر نییه. له‌به‌ر هۆیه‌كی بنچینه‌یی، چونكه هه‌ستی زمان و هه‌ستی شێواز و هه‌ستی فۆرم له وه‌رگێڕاندا له بنیادی یه‌كه‌مه‌وه ناگوازرێنه‌وه بنیادی دووه‌م، ئه‌گه‌ر شیعریش ئه‌م سێ هه‌سته‌ی تێدا به‌هێز نه‌بوو، شیعر نییه په‌یوه‌ندییه‌كی شیعرییه.
زمان هه‌ڵگری بیر و ڕاكانی نه‌ته‌وه‌یه، شاعیریش له ڕێگای زمانه‌وه جوانییه‌كانی نه‌ته‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نێت، نووسین به زمانی نه‌ته‌وه ئینتیمای نووسه‌ره بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی، به‌كارهێنانی زمان ده‌بێته ناوه‌ند و سه‌ربه‌خۆیی داهێنان و ئینتیمابوون وه‌رده‌گرێت، زمانی دره‌وشاوه و جووڵه‌دار له ده‌قدا یانی گه‌شه‌سه‌ندوو و داهێندراو و دره‌وشاوه و ڕسكاو.
دۆزینه‌وه له ڕێگای خوێندنه‌وه‌وه، به به‌هره‌مه‌ندی نووسه‌ر وه‌رده‌گیرێ، من كه له دایك بووم و هاتمه ناو قسه‌كردن، وشه‌ی مردنم نه‌ده‌ناسی و نه‌مده‌زانی واتای چی ده‌دات، له خوێندنه‌وه‌دا گه‌یشتم به كرۆكی واتایی و ئاسۆكانیم ناسی و به‌هره‌م لێ وه‌رگرت، چوومه ناخی وشه‌كه و وشه‌كه‌ش هاته ناو ناخی من و بووین به هاوتای یه‌كتری.
ئه‌و به چاوی منی ڕوانی و منیش به چاوی ئه‌و جوانییه‌كانی ژیانم بژارد، دواتر له‌گه‌ڵ بینینی مه‌رگی باوكم گونجاندم و هێنامه ناو زمان و نووسین.
وشه‌ی دایه و بابه گه‌شترین و به‌هێزترین شیعرییه‌تیان تێدایه، واتایه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی به‌رده‌وامین، ژیان به ئه‌مانه‌وه خۆشحاڵ و په‌یوه‌سته، له‌وێوه ده‌ست پێده‌كات. واته: له شیعر خۆیه‌وه، ژیان خۆی جووڵێنه‌ری خودی شیعره.
من ناسین ده‌نووسم، له‌باره‌ی ناسینه‌وه نانووسم.
15
ئه‌ركی شاعیر ئه‌وه‌یه گۆڕان له ڕوانین و نه‌ریتی باوی كۆمه‌ڵگا دروست بكات. واته: شۆڕشگێڕبێ له ڕوانین و گۆڕینی چێژ بۆ جوانی. كه جوانیشی خۆشه‌ویست كرد له‌ناو كۆمه‌ڵگادا، واته: ته‌واوی ژیانی خۆشه‌ویست و په‌سند كردووه.
شۆڕشگێڕیش به‌شێكه له ژیانی په‌سندكراو، به‌ڵام بیری توندوتیژیی ناڕه‌وا، یان سیستمی دیكتاتۆریی سیاسی له ده‌قی شیعریدا هۆی خنكێنه‌ری فه‌زا و هونه‌ری په‌تییه.
بیری توندوتیژیی سیاسی شیعری هه‌ڵچووندار به‌رهه‌م دێنێت، هه‌ڵچوونیش گرینگی به‌هۆیه‌كانی لێكدانه‌وه‌ی توندوتیژی و زه‌بروزه‌نگ نادات، بگره ده‌یانخاته ڕوو. قسه‌مان له هه‌ڵچوونی گیانی نییه، كه سووتان دروست ده‌كات و دهبیـَته به‌رهه‌مهێنه‌ری شیعری ڕۆمانسیی هه‌ستی و ده‌روونڕۆشنیی ته‌سه‌وف.
شیعری تێڕامان، به‌رهه‌می بارودۆخی ئارامه، كه جوانی تێدا خه‌مڵێندراوه.
شیعری هه‌ڵچووندار، به‌رهه‌می بارودۆخی شڵه‌ژاوه، كه جوانی تێدا بزر كراوه.
شیعری هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كیش به هه‌ڵچوونداری ناگا به غوربه‌تی ناخ و گیانی باڵای خۆی و مه‌زنایه‌تی وه‌رناگرێت.
من تێڕامان ده‌نووسم، له‌باره‌ی تێڕامانه‌وه نانووسم.
16
هیچ ئاستێكی جیاكار له نێوان هه‌قیقه‌تی گه‌وره و داهێنراوی گه‌وره‌دا نابیندرێت، هه‌میشه نووسراوی داهێندراو له باسكردن و ڕووداوی بیندراو و بیستراو به‌هێزتر و كاریگه‌رتره.
به‌شێك له به‌شه كاریگه‌ره‌كانی ئه‌ده‌ب، ڕه‌خنه‌یه، ڕه‌خنه‌ش له كرۆكدا هۆیه‌كه بۆ گه‌یشتن به ئاكامی بیری پێگه‌یشتووی ده‌ق و خستنه ڕووی پێكهاته زیندووه‌كانی به‌رزی شێواز، هه‌روه‌ها ناوه‌ندی كاركردنی دۆزینه‌وه‌ی داهێنانیشه، ئه‌و بۆچوونانه‌ی له بیر و شێوازی ده‌قه‌كه‌دا به‌ده‌ستیان ده‌هێنێت، ئاراسته‌ی ده‌قه‌كه‌یان ده‌كاته‌وه و گوتاری خۆی داده‌مه‌زرێنێ، ئه‌و ڕه‌خنه‌گره‌ی توانی گوتاری ته‌ریبی خۆی له‌گه‌ڵ كاره ئه‌ده‌بییه داهێندراوه‌كاندا دابمه‌زرێنێت، ده‌روونێكی بێگه‌رد و ئاشقه.
ڕه‌خنه، ده‌ق به ناسنامه‌ی كراوه‌ی ڕوون له‌سه‌ر بهرزایییهكی دۆزراوه‌ی ناوه‌ند ڕاده‌گرێت و پرۆژه‌ی دامه‌زراندنی پێشنیاز ده‌كات، پێویسته ده‌روونی بێگه‌رد و ئاشق به‌جێی بهێنێ و كاری له‌باره‌وه بكات، نه‌ك ده‌روونی لێخن و نه‌خۆش.
ده‌روونی بێگه‌رد و ئاشق، بینینی ڕه‌خنه‌یی تێیدا ئاشكرایه، سۆراخكه‌ری نووسین یارمه‌تی ده‌دا و ئامانجه بۆ ئاشناكردنی.
ده‌روونی لێخن و نه‌خۆش، بینینی ڕه‌خنه‌یی تێیدا بزره، سۆراخكه‌ری نووسین چه‌واشه ده‌كات و هۆیه بۆ به‌لاڕێدا بردنی.
من پێكهاته ده‌نووسم، له‌باره‌ی پێكهاته‌وه نانووسم.
17
خۆمم وه‌ك خودێكی بیركه‌ره‌وه له‌ناو خه‌یاڵ و فه‌نتازیای ده‌قه‌كانمدا، هه‌موو بنه‌ماكانی ئه‌م خۆده‌ربڕینه‌شم له جووڵه‌ی ده‌قه‌كانی خۆمدا دۆزیوه‌ته‌وه. دیتنی منی بۆ شیعر به‌ڕوونی تێدا ده‌بیندرێت، شێوازی گێڕانه‌وه‌ی خه‌ونم وه‌ك بنیاد و جووڵێنه‌ری نووسین وه‌رگرتووه، زمانیش وه‌ك دامه‌زرێنه‌ر و به‌شێكی زیندووی ده‌قی ئاستدار و خه‌ونی.
هونه‌ری كۆلاژ و هه‌ڵڕشتن و به‌دوایه‌كداهێنانی وێنه‌ی جۆراو جۆر، یان هێنانه‌وه‌ی وێنه له‌دوای وێنه ده‌بێـته هۆی ئارامی و ئاگری زیندووی گیانی و زه‌ینیی خوێنه‌ر.
جۆرێك په‌رتی و بایه‌خنه‌دان به یه‌كێتی بابه‌تم وه‌ك ڕه‌گه‌زی كتوپڕی په‌یڕه‌و كردووه، ئه‌م هونه‌ره‌ش له شیعری كلاسیكی كوردییه‌وه فێربووم، له‌شیعری كلاسیكی یه‌كێتی بابه‌ت نییه، بگره یه‌كێتی دێڕِ هه‌یه، من ئه‌م یه‌كێتی دێڕه‌م گۆڕیوه بۆ یه‌كێتی وێنه، لێچوون و له‌وچووشم گۆڕیوه بۆ هێما و ئاماژه، هه‌روه‌ها مۆسیقا و ترپه و ئاواز له شیعری كلاسیكیدا له كێش و سه‌روا و بڕگه‌وه ده‌بینرێت، لای من جووڵه‌ی وشه تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر ده‌بن. مۆسیقا و ترپه و ئاواز پێكده‌هێنن.
من ڕه‌گه‌زی كتوپڕی ده‌نووسم، له‌باره‌ی ڕه‌گه‌زی كتوپڕییه‌وه نانووسم.
18
سه‌رنجدانی هیچ شتێك بۆ به‌هره‌مه‌ند له سوودوه‌رگرتن بێبه‌ش نییه، هه‌ر شاعیرێكیش له ژیانی ڕۆژانه‌یدا زۆربڵێ بوو، زوو سه‌رنجه‌كانی ده‌ربڕی نه‌یهێشت باره‌كانی بگه‌ن به باری تێڕامان و ناخ ڕوونبوونه‌وه و جیهانبینی و به‌هره خه‌مڵاندن، دركاندنی. بێگومان كاره‌كه‌ی وه‌ك نووسراوی ئاسایی پڕه، به‌ڵام وه‌ك نووسراوی داهێندراو به‌تاڵه، چونكه نووسراوی داهێندراو ته‌نیا به تێڕامان و ناخ و ڕوونبوونه‌وه و جیهانبینی و به‌هره خه‌مڵاندن، مه‌زنایه‌تی وه‌رده‌گرێت. شته بیندراو و هه‌ستپێكراوه به‌سووده‌كان پێش ئه‌وه‌ی له نووسین جێگایان بكاته‌وه به‌سه‌ر قسه‌كردن دابه‌شیان ده‌كات. له‌م باره‌دا به‌هۆی قسه‌كردنه‌وه هۆشیارمهندیی نووسین له‌ده‌ست ده‌دات، یان به‌رده‌وام به‌په‌له قسه بۆ دیارده سروشتییه‌كان هه‌ڵده‌ڕێژێت، كه شیعر بێده‌نگییه‌كی خودایییه، ناهێڵێت ئه‌م بێده‌نگییه خودایییه ئه‌م به قسه بێنێ، یان به ئاماژه و نه‌رم نادوێت، بگره به ته‌واوی هێزی ده‌می به‌ڕه‌ڵڵا ده‌كات و باره‌كانی بێده‌ستمایه‌ی نووسراوی داهێندراو به‌تاڵ ده‌بن.
من بێده‌نگی ده‌نووسم، له‌باره‌ی بێده‌نگییه‌وه نانووسم.
19
كتێبخانه كه‌سایه‌تی نووسه‌ره، من وه‌ك بارستایییهك هێنده به‌فری كتێبم له‌سه‌ر كه‌وتوون، به‌هره‌ی ئه‌و كتێبانه‌م چۆڕاوه‌ته هۆشیاری و كه‌لله‌سه‌ر، تا وه‌ك كانییه‌ك له‌ژێر گرانایی ئه‌م به‌فره‌دا، كه هانده‌ری گیانه ده‌ربووم و جۆگه‌له‌م هاوێشت.
له دژوارترین كاتدا، كه زه‌بر و زه‌نگی واقیع و ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می دیكتاتۆری سیاسی ویژدانم ده‌ڕه‌نجێنن. وه‌ك منداڵێكی هه‌ست به شاڵاوی تۆقێنه‌ركردوو، كتێبخانه‌كه‌م به دڵنیاترین قه‌ڵای پارێزگاركار ده‌زانم، له‌ناویدا ئاهی پشتیوانی و به‌رگریم پێدا دێت و پشووی ویژدانم خۆش ده‌بێت، هه‌ست ده‌كه‌م پارێزراوم، هه‌روه‌ها وه‌فادارترین و جێی بڕواترین ئه‌نوا، ئه‌نوای خه‌ونه، هه‌ر فه‌رامۆشی ئه‌و ئه‌نوایه بوو، هه‌ڵیبژاردم بۆ نووسین.
خه‌ون له چاره‌نووس ده‌پرسێت، بۆ ئه‌وه خه‌ون ده‌بینم ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پرسیاره گرینگه ببمه‌وه سه‌رسامی چییه، یان من كێم، یان كه‌سه‌كانی ناو به‌هه‌شت و دۆزه‌خ خۆشی و ئازاره‌كانیان چین.
پتر له هه‌ر كتێبێك قه‌رزاری خه‌ونبینینی خۆمم، خه‌ونبینینیشم تاكه به‌شێوازی كۆ، هه‌میشه له نووسیندا من كاتی نووسینم، نووسین كاتی من نییه، كه كاتێكی زۆر بزر و تایبه‌ت و هه‌ستیاره، به‌رده‌وام خه‌ونه‌كانم دێنه ناو چركه‌كانی نووسین، فریشته‌ی په‌یامگه‌یه‌نه‌ر هاوڕوانین و هاونووسین و هاوخه‌ونبینینم ده‌بێت و ڕێنوێنی ڕژانی گیانم ده‌كات.
دوای ته‌واوبوونی یه‌كه‌مین ڕه‌شنووسیش بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ ڕاده‌مێنم و بیر ده‌كه‌مه‌وه بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك پشوو ده‌ده‌م، دواتر ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ڕه‌شنووسه‌كه و پاكی ده‌كه‌مه‌وه، ناونیشانی بۆ داده‌نێم، ناونیشان وه‌ك ڕووناكییه‌كی تیژ تێپه‌ڕه بۆ ڕۆشنكردنه‌وه‌ی پانتایی و بنیاد و جووڵه‌كانی ناوه‌رۆك و ناساندنی ده‌ق، چونكه به‌هۆی ناونیشانه‌وه نووسین و بینینی نووسه‌ر پێشكێش ده‌كرێت، واتا و كرۆكی ده‌قه‌كه دێته به‌ر بیر و خه‌یاڵی خوێنه‌ر.
من چاره‌نووس ده‌نووسم، له‌باره‌ی چاره‌نووسه‌وه نانووسم.
20
كۆمه‌ڵێك حیكمه‌ت و گیانی په‌تی و بیر و مه‌ودای ئێستێتیكیم له كه‌له‌پوور و ڕۆشنبیریی كوردی بۆ ماوه‌ته‌وه، نموونه: له حه‌یراندا خاڵبه‌ندی په‌یڕه‌و نه‌كراوه، سه‌ربه‌ند و ناوبه‌ند و كرانه‌وه‌ی دوابه‌ند هه‌یه. به گوێگرتن و هۆشیارییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی ترپه و ئاواز هه‌ستی خاڵبه‌ندی لای حه‌یرانناس دروست ده‌بێت، هه‌روه‌ها له شیعری میللیی كوردی و شیعری كلاسیكی خاڵبه‌ندی په‌یڕه‌و نه‌كراوه، په‌یڕه‌و نه‌كردنی خاڵبه‌ندی لای من نه‌زانین نییه، بگره وه‌ك مه‌به‌ست و هونه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ هه‌ستی سه‌ره‌تایی كوردی و ڕه‌سه‌نایه‌تیی كه‌له‌پوور.
له سپێتی كاغه‌ز و دابه‌شكردنی وێنه‌دا هه‌ست و نیشانه‌كانی خاڵبه‌ندی له ئاسته‌كانی ده‌ربڕین له خه‌یاڵ و زه‌ینی خوێنه‌ری خود وریا ده‌ستنیشان ده‌كه‌م.
نموونه: ڕسته‌ی بۆ كوێ ده‌چیت. ئه‌م ڕسته‌یه ئه‌گه‌ر نیشانه‌ی پرسیار، یان سه‌رسوڕمانم بۆ دانا. ئه‌وه بێگومان ڕسته‌كه ده‌ستنیشان ده‌كه‌م. پرسیاره، یان سه‌رسوڕمان. ئه‌گه‌ریش هیچ نیشانه‌یه‌كم بۆ دانه‌نا و به كراوه‌یی هێشتمه‌وه له‌م بار و بواره‌دا ڕسته‌كه ده‌بێته ڕسته‌یه‌كی ئاستدار و دۆخگۆڕ و زه‌ینی.
من زه‌ین ده‌نووسم، له‌باره‌ی زه‌ینه‌وه نانووسم.
21
تێگه‌یشتن و تێنه‌گه‌یشتن هیچ له ئاره‌زووی من ناگۆڕێ بۆ ئه‌ده‌ب، له هێڵه گشتییه‌كانی هونه‌ری خودایی و سامانی ژیان و ڕه‌گه‌زه‌كانی شێوه‌كاری ….. تاد، خه‌یاڵ ئاماده ده‌كه‌م، له‌سه‌ر هه‌ر شه‌ش هه‌ست كاری پێده‌كه‌م و ده‌یخه‌مڵێنم. شێوه‌كاری به‌شێك نییه له سامانی جوانی، بگره خاوه‌نی سامانی جوانییه، شێوازیشی ناوه‌ندی سرووش و ئاماژه وه‌رگرتنه بۆ ته‌واوی هونه‌ره جوانه‌كان. هێڵ و خاڵ و بۆشایی و سێبه‌ر و ڕووناكی و دووری و نزیكی و گونجاندنی ڕه‌نگه‌كان له به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیی مندا دیار و نادیار ئه‌دگاریان دره‌وشاوه‌یه و به‌كاربردراون.
شیعریش گه‌یشتووه به چڕبوونه‌وه له ڕۆشنایی و سه‌داسه‌د كردارێكی به‌رهه‌مهاتووی جوانییه، جاروبار ڕووبه‌ڕووی ئه‌م باره بوومه‌ته‌وه له‌كاتی گه‌رمه‌ی نووسیندا مه‌به‌ست و نیازه‌كان دژوار ده‌بن، ڕوون و ئاشكرا دۆخی نووسین وه‌رناگرن، داده‌مێنم، سكێچ ده‌كێشم به سرووش و ئاماژه وه‌رگرتن له سكێچه‌كان ده‌گه‌ڕێمه‌وه دۆخ و باری سه‌ره‌تایی نووسین. مه‌به‌ست و نیازه‌كان به ڕوونی و ئاشكرا ده‌دوێنم و شێوازێك بۆ ئه‌وپه‌ڕی زمان و ئامرازه‌كانی ده‌ربڕین پێشنیاز ده‌كه‌م.
من جوانی ده‌نووسم، له‌باره‌ی جوانییه‌وه نانووسم.
22
له تاكیدا نووسه‌ر له هه‌قیقه‌تی ژیان ده‌پرسێت و سه‌ربه‌خۆیه، سه‌ربه‌ستی ته‌واوی له جۆری بیركردنه‌وه و خۆ ده‌ربڕیندا ده‌ستكه‌وتووه، ویژدانی له‌بڕیاری گوتن و هێزی شێوازدا ئاسووده‌یه، سه‌رچاوه‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ئازادی و ئازایییهی خۆی به خۆی داوه، پرسیویه‌تی: من بیركه‌ره‌وه‌یه‌كم، شوێنم له ژیاندا چییه. نابم به داماوی هیچ شێواز و گرووپێك، سه‌رده‌می گرووپ و قوتابخانه شیعرییه‌كانیش به‌سه‌رچوون، ئێستا سه‌رده‌می شاعیری تاكه.
من سه‌رچاوه ده‌نووسم، له‌باره‌ی سه‌رچاوه‌وه نانووسم.
23
شاعیری ئه‌زمووندار كار له‌ناو مانای ئاماده‌كراو ناكات، ئاماژه‌كان ده‌جووڵێنێ تا ئاستی په‌رجوو دروستكردنیش ساده ده‌بێته‌وه، له ساده‌بوونه‌وه‌یدا ده‌گات به‌خۆ ده‌ربڕین و چێژی بوون، ته‌نیا مرۆڤه هه‌ستیاره‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا بایه‌خ به شیعر و دره‌وشانه‌وه‌ی گیانی ده‌ده‌ن، هه‌ستیاره‌كان خاوه‌نی ده‌روونێكی ڕه‌نگاو ڕه‌نگی ئاشتی ویستن.
ده‌ڵێی به‌نده‌یه‌كی خودایی و سووتاوێكی پاكبووه‌وه‌م له هه‌موو شته‌كاندا، خه‌ونی ساده ده‌بینم، سروشتی كه‌سایه‌تیم وا هه‌ڵكه‌وتووه له دانیشتن‌دا كه‌م بدوێم، گوێ بۆ گفتوگۆی ده‌وروبه‌ر ڕابگرم، بێ ئه‌وه‌ی خۆم ئه‌و بێده‌نگییه‌م وه‌ك پلان بۆ ژیانم نه‌خشه‌ڕێژ كردبێت، خۆی له‌گه‌ڵ قۆناخه‌كانی ژیانم هاتووه و له‌دایكبوون و خودا به‌خشیویانه.
بێده‌نگی و كه‌مدوویی بووه‌ته به‌شێكی سه‌ره‌كی له ژیانم. زۆر گرفتیشی بۆ ناومه‌ته‌وه، چاوناسی وام لێ ڕاست هاتووه. دوور، زۆر دوور له‌وه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵمدا هه‌بێت و تێكه‌ڵ به كه‌سایه‌تیم بووبێت، ته‌نیا به‌هۆی ئه‌م كهمدوویییهوه ڕقی ئه‌ستووری لێم هه‌ڵگرتووه و قسه‌ی له‌باره‌مه‌وه هه‌ڵبزڕكاندووه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ بار و بوارێكی بۆ هه‌قیقه‌تیش هێشتبێته‌وه.
وا هه‌ست ده‌كه‌م له بێده‌نگیدا به كرۆكی بوون ده‌گه‌م، یان بوون نهێنییه‌كانی خۆیم بۆ ده‌دركێنێ، خه‌ونیش به ئامرازێك ده‌زانم بۆ باش حاڵی‌بوون له هه‌قیقه‌ت و واقیع.
من كرۆك ده‌نووسم، له‌باره‌ی كرۆكه‌وه نانووسم.
24
شیعری نه‌وه‌ی پێشه من هه‌رچییه‌ك بووبن، به‌ڕێزه‌وه له كتێبخانه‌كه‌مدا پاراستوومن، كه زۆرینه‌شیان یه‌كبینی و یه‌ك هه‌ستپێكردن و واقیعی هه‌ڵچووندارن، به‌لای منه‌وه جێگای مانه‌وه‌ن، وه‌ك نووسین و به‌رهه‌می نه‌ته‌وه شیاوی به گه‌وره‌یی ته‌ماشاكردنن، ئه‌گه‌رچی له بیری مندا كاریگه‌رییه‌كی وایان جێ نه‌هێشتووه و نه‌بوونه‌ته ناوه‌ند و مایه‌ی سوودبه‌خشین و جووڵاندنی یادگه تا به‌رده‌وام وه‌ك خه‌یاڵی جوانی گه‌شتی گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ لایان دووباره بكه‌نه‌وه.
ئه‌وان شیعریان ستوونی بینی، یان به ئاست و ئاراسته‌ی به‌رزبوونه‌وه، یان به ئاست و ئاراسته‌ی نزمبوونه‌وه، بۆ جیاكاربوون و خۆتازه‌كردنه‌وه به لێزیادبوونی ستوونی و ئاسۆیی و بازنه‌یی بینیم، به یه‌كه‌م بینین و هه‌ستپێكردنێكی ته‌نك كه‌شی نووسینم بۆ ناڕه‌خسێ و ناچمه ناوی.
بینین و هه‌ستپێكردن له‌گه‌ڵ فه‌نتازیا و خه‌ون ده‌خه‌مڵێنم، دواتر وه‌ك ئه‌زموونێك له هه‌ناوی گشتی سه‌ر هه‌ڵده‌دا و ده‌بێت به بوونێكی خاوه‌ن قه‌باره‌ی شیاو، ته‌بایی و گونجاندن و هێز ده‌به‌خشێـته كاره‌كانی دیكه‌م.
من كه‌ش ده‌نووسم، له‌باره‌ی كه‌شه‌وه نانووسم.
25
شاعیرانی كلاسیكی كوردی، به تێگه‌یشتنی ڕاسته‌قینه‌ی شیعر، ڕوونتر و داهێنه‌رانه‌تر له شاعیرانی ئێستا بایه‌خیان به ئه‌وپه‌ڕی زمان، ئێستێتیكای زمان داوه، ته‌ماشای هۆگربوونیان به ئه‌وپه‌ڕی زمان و ئێستێتیكای زمانه‌وه بكه، گه‌یشتوون به ئاستی ده‌روونڕۆشنی و تێگه‌یشتنی ڕۆڵی زمان له ده‌قی ئه‌ده‌بیدا.
زمانی كه‌م وێنه و ده‌سه‌ڵاتداری شیعری كلاسیكی منی به‌كێشی ناوچه‌قی زه‌مینه‌ی به پیت و هه‌وایه‌كی نوێ كرد، ئه‌زموونی خۆی له ئاماده‌بوونێكی ڕۆشن و سروشتی و پڕ ڕه‌نگتر پێ تاقی كردمه‌وه.
كرۆكی ژیان و مردن به نه‌دۆزراوه‌یی ماوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها زمانی شیعری كلاسیكی كوردیش.
زمان له شیعری كلاسیكیدا ئاست و ئاراسته‌ی له‌باری وه‌رگرتووه به ته‌واوی لایه‌نگیریم، شاعیری هاوچه‌رخ له‌ناو زمانی شیعری كلاسیكی قاڵ نه‌بووبێته‌وه، ببڕای ببڕ ناگاته هیچ سه‌ركه‌وتن و پێشكێشكردنێكی هۆشمه‌ندانه‌ی زمانه‌وه.
ده‌مه‌وێ له وشیاریی نووسیندا، كه ده‌ربڕین له خه‌م و هونه‌ر و ده‌روونی كوردی ده‌كات، زمانێكی نزیك له شیعری كلاسیكیی ڕیشه‌دار و فره ئاسۆیی، ئه‌گه‌ر بتوانم دابهێنم، یان به‌كاربهێنم. وه‌ك شێواز نا، وه‌ك گیان و زمان و سرووش و پرسیاره گه‌ردوونی و چاره‌نووسسازه‌كان. ده‌چمه ناو كلاسیك و خاڵی ده‌رچوون ده‌دۆزمه‌وه. واته: ئه‌وپه‌ڕی زمان و خه‌یاڵی بینین.
له ده‌قی خه‌ونیدا زمان ڕسته ده‌كاته‌وه و كه‌شوهه‌وای ته‌سه‌وف داده‌كشێنێته ناوه‌وه‌ی تاك و مانا چه‌سپاوه‌كان ڕاده‌كێشێته ئاقاری گۆڕان و بارگاوییان ده‌كات بۆ جووڵاندن.
ئه‌مه‌ش به لووتكه گه‌یشتنی شیعرییه‌ت و جێبه‌جێكردنی ڕاسپارده‌ی جوانی و به پیتكردنی ڕێڕه‌وه‌كه‌یه‌تی. جوانییه‌كان قه‌واره‌یه‌كن بۆ ئازادكردنی مرۆڤ و ئه‌ندێشه‌ی ئه‌فسانه‌یی و نووسینی ئازاد.
له ده‌قی خه‌ونیدا مانا هه‌مه‌چه‌شنه‌یه، خه‌یاڵ په‌رێشان ناكات و بانگه‌وازه بۆ خوڵقاندنی جوانییه هه‌میشه‌یییه‌كان و به‌ڕێز ڕاگرتنی به‌ها تا ههتایییهكانی ژیان.
من ئه‌فسانه ده‌نووسم، له‌باره‌ی ئه‌فسانه‌وه نانووسم.
26
من سه‌ر به هیچ ئایدۆلۆژیایه‌ك نیم و لایه‌نگری هیچ حزبێكیش نابم. به نان و ئاوی، ویست و خۆبوونی خۆم ده‌ژیم، ئه‌م خۆڕاگه‌یاندنه دڵی شێری ده‌وێ، شیعری بێگه‌رد دڵی شێره. داهێنه‌ری ڕاسته‌قینه له سروشتی خۆیدا كه‌سێكی یاخی و دژه ده‌سه‌ڵاته. من شیعری بێگه‌رد به‌رهه‌م ده‌هێنم، شیعری بێگه‌ردیش پشت به نوێبه‌خشی كۆمه‌ڵگا ده‌به‌ستێت. كۆمه‌ڵگا له نوێبوونه‌وه‌یدا دڵی شێر ده‌دۆزێته‌وه و ده‌یبه‌خشێته داهێنه‌ری ڕاسته‌قینه.
نووسه‌ری ئایدۆلۆژیست به‌وه تاوانبارم ده‌كه‌ن، كه دوورم له كێشه و مه‌سه‌له كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه، منیش به‌هه‌موو ئاست و ئاراسته‌یه‌ك خۆم پاراستووه له فریوی ئایدۆلۆژیا و هه‌راسانكردنی ئه‌م جۆره تاوانباركردنه. ئه‌ده‌ب به گیانی په‌تی و جوانی ده‌زانم، خۆ به‌دوورگرتنیش له ئایدۆلۆژیا به هه‌قیقه‌تی ئه‌ده‌ب، له ڕێگای هه‌قیقه‌تی ئه‌ده‌بیشدا بیر له جیهان ده‌كه‌مه‌وه. گرفته‌كانی له خاڵێكدا كۆ ده‌كه‌مه‌وه ئه‌میش خاڵی هێزی نووسین و دره‌وشانه‌وه‌ی خه‌ونییه. ئه‌و چه‌مكه‌ی مه‌به‌ستیشمه بیگه‌یه‌نم په‌راوێزی ناكه‌م، بێ دوودڵی وه‌ك بهرزایییهك پیشانی ده‌ده‌م و ده‌ریده‌بڕم. ویستوومه خه‌ون بكه‌مه كه‌سایه‌تی چالاك و ڕووبه‌ڕووی ژیانی بكه‌مه‌وه، دره‌وشانه‌وه‌ی خه‌ونبینین له كوێوه دێت، من به‌بێ خه‌ونبینین له نووسیندا هیچم پێ ناكرێ و هیچ به هیچ ناكه‌م، هه‌میشه به‌دوای ناوه‌ندی دره‌وشانه‌وه‌ی نووسین وێڵ و ماندووم، ئه‌ی خودایه من مرۆڤێكی به باوه‌ڕم، بمگه‌یه‌نه ده‌روونڕۆشنی نووسین، په‌یامبه‌ره‌كانیش مرۆڤی به باوه‌ڕ و گه‌وره‌ترین خه‌ونبین بوونه.
من گیانی په‌تی ده‌نووسم، له‌باره‌ی گیانی په‌تییه‌وه نانووسم.
27
ئه‌ده‌ب به سه‌رجه‌م شته‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا پێوه‌ندداره، به‌وانه‌وه بوونێكی دره‌وشاوه‌یه، ناتوانێ له‌ناو دواكه‌وتوویی كۆمه‌ڵگا ده‌رپه‌ڕێ و خۆی وه‌ك ده‌قی شارستانیی ئه‌زمووندار پیشان بدات، له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگا گه‌شه ده‌كات و ئه‌زموونی هاوتای شارستانی به‌ده‌ست ده‌هێنێ، په‌یوه‌ندییه جێگیره‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه، په‌یوه‌ندیی نوێ داده‌مه‌زرێنێ بۆ به‌ڕێوه‌چوون.
توانای گۆڕان له ژیان ئاسان نییه، هه‌روه‌ها گۆڕان له ئه‌ده‌بدا چه‌ند باره گرانتر و دژوارتر، داهێنه‌ری سه‌یر و سه‌رسوڕهێنه‌ر، كه ده‌گه‌نه دوایین پله‌ی داهێنان و ده‌روونڕۆشنی. بابه‌ت و هونه‌ره‌كه‌یان ته‌واو خۆماڵی و وه‌رگیراوی ناو ژیانی گه‌رم و قووڵایی بیركردنه‌وه‌ن، بۆیه وه‌ك ده‌قی سه‌رسامكه‌ر خوێنه‌ر قبووڵیان ده‌كات و به ئه‌زموونی به‌رده‌وامی خۆی ده‌زانێ، له چاوگ و سه‌رچاوه‌ی كولتووری پڕ جموجووڵی كۆمه‌ڵگا نیشانه‌كانی هونه‌ر و جوانی پێكاوه، كولتووریش هه‌میشه شۆڕشگێڕه، به‌رده‌وامیش له‌گه‌ڵ بوون و په‌ره‌سه‌ندن كه‌ره‌سته‌كانی به‌ڕێوه‌چوون به‌رهه‌مدار ده‌بێت.
بابه‌تی ئه‌ده‌بی هه‌رچه‌نده خۆماڵی و له‌ناو جه‌رگه‌ی ژیاندا هه‌ڵبژێردراو بێت و هونه‌ری تێدا بدۆزێته‌وه ده‌رگای به جیهانبوونی فراوانتر به ڕوودا ده‌كرێته‌وه، به قه‌ناعه‌تتریش وه‌رده‌گیرێ.
من گۆڕان ده‌نووسم، له‌باره‌ی گۆڕانه‌وه نانووسم.
28
ته‌واوی ژیانم خستووه‌ته خزمه‌ت شیعره‌وه، هه‌ر بۆ شیعریش ژیانم ده‌وێ، به‌هۆی ئه‌م خۆ ته‌رخانكردنه‌شه‌وه زۆر گێچه‌ڵم پێ كراوه، له‌مه‌شدا خودا یارم بووه و دڵشادم به‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی گێچه‌ڵیان پێ كردووم هه‌ر هه‌موویان ئه‌وانه‌ن، كه له په‌راوێزی ئه‌ده‌بدا كارمه‌ندن، یان خوێنه‌ری ته‌مبه‌ڵن.
داهێنه‌رم زۆر له‌به‌ر چاون، له ژووری كتێبخانه و نووسینمدا وێنه‌ی هێندێكیانم هه‌ڵواسیون، له خه‌مه نیشتووه‌كانی سه‌ر ده‌موچاویان ورد ده‌بمه‌وه سرووش و خه‌ون و خه‌یاڵ و وشه‌یان لێ ده‌دۆزمه‌وه و له شیعردا به‌كاریان ده‌هێنمه‌وه.
نه‌شمویستووه ببم به كه‌س، بگره ویستوومه به‌و ڕێگایانه‌دا بڕۆم، كه ئه‌وانه‌ی له‌به‌رچاوم گرتوون پێی گه‌یشتوون به شیعرییه‌تی په‌تی و ده‌روونڕۆشنی.
من ده‌روونڕۆشنی ده‌نووسم، له‌باره‌ی ده‌روونڕۆشنییه‌وه نانووسم.
29
ڕه‌خنه‌ی بنیادنه‌ری كوردی نا، بگره په‌راوێزه‌كانی ڕۆشنبیریی كوردین، تۆپه‌ڵێك قسه‌ی له هیچه و په‌لاماری بێ‌مانا و بێ بنه‌مان، ده‌نا یه‌كێك له‌م په‌لامارده‌ره هه‌ڵبزڕكاوانه ئه‌و هه‌قیقه‌تبین و بوێرییه‌ی لا دروست ده‌بوو ڕووبه‌ڕووی ده‌قێكم ببێته‌وه و گومان بخاته تانوپۆ و ڕایه‌ڵی بوونی، لێكدانه‌وه‌كانی بڕوا به به‌رانبه‌ره‌كه‌ی بهێنێ بنیادی به‌رهه‌مهاتووی شڵه‌ژاوه.
من بۆ خۆم زۆر ڕێزم له داهێنه‌رانی پێشه خۆم گرتووه، به‌رده‌وامیش ده‌بم، بڕواشم به‌وه هه‌یه ململانێ له ئه‌ده‌بدا ناتگه‌یه‌نێته هیچ و ڕه‌وایی تێدا نییه، بگره خودناسی و به‌رده‌وامبوون و سووربوون و نیازپاكی ده‌تگه‌یه‌نێته ئه‌نجامێكی سه‌رنجڕاكێش، ئه‌وه‌ی تا ئێستا من پێمزانیبێ و ئاگاداری بم له مێژووی شیعری كوردیدا، هیچ شاعیرێك به‌قه‌د من تووشی شه‌ڕ و گێچه‌ڵ و قسه‌ی له هیچه و ده‌مهه‌ڵبه‌ست و په‌لاماردان نه‌هاتووه، به‌ڵام هه‌قیقه‌تبین به‌سه‌ر ئاژاوه و بێتوانایی په‌راوێزه‌كان ڕه‌ت ده‌بێت و خۆی ده‌سه‌پێنێ و ده‌دره‌وشێته‌وه.
هه‌ڵبزڕكاوه به‌سه‌رچووه‌كان په‌لاماری ناشارستانی ئه‌زموونی پته‌وی جواننووسه‌كان ده‌ده‌ن، خۆ مێشووله‌ش ته‌نیا له‌ناو نێرگزه‌جاڕدا ده‌نگێكی نه‌شازی لێوه دێ، به خه‌یاڵی به‌تاڵی بوونێكی كاتی بۆ خۆی دروست ده‌كات، ده‌شبیندرێ په‌لامارده‌ره هه‌ڵبزڕكاوه‌كان ده‌كه‌ون و وه‌جاخكوێر ده‌مێننه‌وه، ده‌قی پته‌ویش وه‌ك شمشێری هه‌ڵكێشراو دێته ناو ژیان و تێكه‌ڵ به جووڵانه‌وه كاریگه‌ره‌كان ده‌بێت، دواتریش ده‌بێته هێمای مه‌زنی و دره‌وشاوه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، ڕه‌خنه‌گرانی بنیادنه‌ر ڕووبه‌ڕووی ئه‌م په‌لامارده‌ره به‌سه‌رچووانه بوونه‌ته‌وه، ناچاری شه‌ڕ و گێچه‌ڵیش كراون له‌پێناو پارێزگاریكردن له ئه‌ده‌بی په‌تیدا.
به‌سه‌ر پلان و پیلانی دوژمنان و په‌لامارده‌ره هه‌ڵبزڕكاوه‌كان سه‌ر ده‌كه‌وم، به هه‌وڵ و كۆششی له دڵه‌وه‌م بۆ شیعر به سزای داهێنانیان ده‌گه‌یه‌نم. به بینینی داهێنان قه‌ڵه‌می ده‌ست و پێیان ده‌شكێ.
ڕه‌خنه دوو باوه‌ڕی نییه له‌گه‌ڵ ده‌قه، یان له‌گه‌ڵی نییه، یه‌ك باوه‌ڕی به تینی هه‌یه ئه‌میش كاركردن و بڕواهێنانه له‌ناو ده‌ق.
ڕه‌خنه‌ی خۆ نیشانده‌ر و مه‌به‌ستی ده‌ره‌كی و قسه‌ی له هیچه و په‌لاماری بێ مانا و بێ بنه‌ما، جێگا و متمانه‌ی له‌ناو ڕۆشنبیری په‌تیدا نییه، به‌تاڵكردنی ڕق و كینه و بێتوانایی و كه‌مسه‌ری و ئیره‌یی و خۆخه‌ڵه‌تاندن و ویژدان كوێرییه.
هیچ نیازێكی هاوبه‌ش و ئاماژه‌یه‌كی گرینگیش له نێوان قسه‌ی له هیچه و په‌لاماری بێ مانا و بێ بنه‌ما و ده‌قی ئه‌ده‌بی په‌تیدا نییه.
هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌ك گیانی به ئه‌ده‌ب و هه‌قیقه‌تبینین و پاكی و جوانی داگیرسابێت، به هیچ جۆرێك ده‌رگای ئاژاوه و ناشیرینی و دووڕوویی ناخاته سه‌ر پشت، هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كیش بۆچوونی ئاژاوه‌چێتی له ده‌رووندا ڕوابێت، هێشتان به ئه‌قڵی پاشكۆیی و دارده‌ستی و دڵڕاگرتنی ئه‌م و ئه‌و به‌ڕێوه ده‌چێت.
بۆ شیعرییه‌ت تێده‌كۆشم و نایه‌مه سه‌نگه‌ری قسه‌ی له هیچه و په‌لاماری بێ مانا و بێ بنه‌ما، قه‌ڵه‌می لێ ناجووڵێنم، به‌كارێكی بێهووده‌شی ده‌زانم، جه‌نگان له‌گه‌ڵ جێماو و په‌راوێز و بێبار و لێخنبیر و قۆپیه‌چی و خه‌مه‌گڕووی ئه‌ده‌بی و پاشخاپه‌رۆك و ویژدان كوێران.
من تانوپۆ ده‌نووسم، له‌باره‌ی تانوپۆوه نانووسم.
30
ببڕای ببڕ بیرم بۆ ئه‌وه نه‌چووه بڵێم له‌م كردار و به‌كاربردنه یه‌كه‌م كه‌سم، یان ئه‌م هونه‌ره له ڕوانینی منه‌وه خوڵقاوه، پێشڕه‌و و هێمای ئه‌و ڕووداو و دیارده‌یه‌م، ئه‌م جۆره خه‌یاڵكردنانه، به نه‌خۆشی كوشنده و گران و له‌ناوبه‌ر ده‌زانم، بگره هه‌موو خاڵه‌كانی گۆڕانكاری له دره‌وشانه‌وه‌ی شیعرییه‌ت ده‌بینم و به‌س. شاعیری خاوه‌ن دیدگای ڕوون و به‌هێز و جوانداڕێژه‌ر به‌ئاماژه و ڕۆشنایی هیچ بڕیار و مه‌رجێكی سه‌پێندراو نانووسێت، ئه‌ركی ده‌وڵه‌ته ئیش بۆ كتێبی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و هزری و ئایینی و زانستی و په‌روه‌رده‌یی و یاسایی و سه‌ربازی و مێژوویی و فه‌لسه‌فی ….. تاد، بكات و به تیراژی زۆر بڵاویان بكاته‌وه، كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنیش بخاته خزمه‌تیان.
ئه‌ركی شاعیر یه‌ك شته، په‌یوه‌ندییه‌كانی مرۆڤ و ژیان و جیهان بدۆزێته‌وه، ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه‌ش جوان بنووسێت و بیگه‌یه‌نێت، ڕاده‌ی ئاگاداركردنه‌وه‌ی هێزی وشه‌ی كاریگه‌ریی و شوێن جێ بهێڵێت له‌سه‌ر هه‌ست و ئاراسته‌ی ئێستێتیكای كۆمه‌ڵگاوه. پرسیاره كاریگه‌ره‌كان بكات و ئاماده‌بوونی تاقانه‌ی خۆی بپارێزێ.
ژیان به‌رگه‌ی مانه‌وه‌ی گرتووه و ده‌گرێت، شیعریش نه‌گه‌ڕێـته‌وه بۆ منداڵدانی ڕۆشنبیریی په‌تی و به‌سووڕی سروشتی تێ نه‌په‌ڕێت ده‌بێته لاساییكه‌ره‌وه‌یه‌كی یه‌كجار بێ بایه‌خ، یان كه‌ناڵی ڕاگه‌یاندنی پڕوپاگه‌نده‌ی پووكاوه.
هه‌رچی هۆی به‌خته‌وه‌ری هه‌یه، ده‌سه‌ڵات و سیستمی دیكتاتۆری سیاسی له مرۆڤی ده‌روونڕۆشنیان داگیركردووه. مرۆڤی ده‌روونڕۆشنیش ئه‌م له‌ده‌ستچوونه‌ی له خه‌وندا به‌ده‌ست ده‌هێنێته‌وه.
پێویسته ئێمه خه‌ون به‌جۆرێك له‌ناو ده‌قی ئه‌ده‌بیدا به‌كار بهێنین په‌یاموه‌رگر بڕوای پێ بهێنن و لێمان وه‌رگرن، توانای بیركردنه‌وه و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له ناخدا دروست بكه‌ین.
له پێناوی به‌جوانی ڕاگرتن و هێشتنه‌وه‌ی به‌های شته‌كاندا، شاعیر به دادپه‌روه‌رێكی دانا ده‌زانم، پێویسته له‌م دۆخه‌شدا بژی و بمێنێته‌وه، مه‌شقی مه‌یدانخوازیی شایسته بكات.
شوێنی ڕاسته‌قینه‌ش بدا به شیعری په‌تی و بێگه‌رد، كه خه‌ون و جوانی و مانا و ناڕهزایییه له كرداره ناجۆره‌كان، ده‌نگ هه‌ڵبڕینه له بێده‌نگییه گشتییه‌كان، جوانییه‌كیش ڕه‌ت ده‌كاته‌وه مانای تێدا ئاوه‌ژوو كرابێته‌وه.
من به‌ها ده‌نووسم، له‌باره‌ی به‌هاوه نانووسم.
31
هه‌موو بوونه‌وه‌رێك خاكێكی خۆگونجاندنی خودی هه‌یه، بۆشی هه‌یه بۆ خۆگونجاندنی له‌م خاكه‌یدا تایبه‌تكارییه‌كانی خۆی بپارێزێت.
من تایبه‌تكاری ده‌نووسم، له‌باره‌ی تایبه‌تكارییه‌وه نانووسم.
32
په‌یامی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌ده‌ب ده‌سه‌ڵاتی ده‌قی خه‌ونی به‌هێز ده‌كات و ده‌یكات به ڕه‌گه‌زێكی گرینگی پرسیاركردن له ژیانی جوان، كه بوونی مرۆڤ پرسیارێكی كاریگه‌ره له‌ناوكی بوون ده‌كرێت.
مه‌سه‌له‌ی گیانی و جوانی له هونه‌ره‌كانی نووسیندا هه‌میشه خه‌بات و جۆشی ژیانی كه‌سی جوانیبینه، له ده‌قی خه‌ونیدا ژیان به‌های پێكهاته‌ی جوانی وه‌رده‌گرێت.
شیعری بیركردنه‌وه‌ی پڕ له جووڵه‌ی هاوتا به جوانی، ڕوانین و دره‌وشانه‌وه‌ی له گیان و خه‌ونه‌وه داڕژاوه، كه جووڵه و مانا و به‌هاكان له گه‌ردوون و ژیان و مرۆڤ به چه‌ند ئاست و ئاراسته‌یه‌ك وه‌رده‌گرێت، فره پاڵه‌وانییه‌تی له‌یه‌ك پاڵه‌وانیدا ئاماده ده‌كات، ده‌یهێنێته ناو ململانێ و جه‌نگی توندوتیژی هه‌میشه‌یی، تا خودی شاعیر ده‌رباز بێت له تاكییه‌وه بۆ ناو ڕۆشنایییه پڕ ته‌لیسمه‌كانی هاوتابوون، یان حه‌ز و ئاره‌زووی ڕوو له زیادبوون و چاوه نه‌سره‌وتووه‌كانی به‌رده‌وام له گۆشه له‌بیركراوه‌كاندا داگیرساوه، خودی شاعیری خاوه‌ن ڕوانین و جیهانبینی به‌هۆی بارستی كاغه‌زه‌وه هه‌ست پێده‌كرێت و وه‌ك ژیانی جوان ده‌بیندرێت.
له ده‌قی خه‌ونیدا شیعر نه بۆ ئاینده ده‌چێ، نه بۆ ڕابردوو، بگره هه‌موو كاته‌كان ڕووگه‌نمان بۆ دۆزینه‌وه. بێگومان هه‌ر شاعیرێك بیه‌وێت به‌و شێواز و ئاست و ئاراسته‌یه بنووسێت، پێویسته ئه‌وه له‌به‌ر چاو بگرێت، كه قووڵبینییه‌كه‌ی له ئاست كێشه هه‌بووه‌كانی ئه‌و ڕۆژگاره‌دا بێت، كه ده‌بێته خوڵقێنه‌ری باره ناهه‌مواره‌كان، یان باره جوانه‌كان.
له‌باری یه‌كه‌مدا ناهه‌مواری ده‌بێته مایه‌ی هه‌ڵچوون و توندوتیژیی نووسین.
له‌باری دووه‌مدا جوانی ده‌بێته مایه‌ی ئارامیی بیركردنه‌وه و خوڵقاندنی نووسین.
ئه‌وه‌ی پێویستی به قسه لێ نه‌كردنه، ئه‌مڕۆی شارستانی و ڕووناكبیری له هه‌موو بار و دۆخه‌كانی پێشتردا سه‌رسوڕهێنه‌رتره، شارستانییه‌ت و ته‌كنه‌لۆژیا بیری جوانی ناشێوێنێت، به پێچه‌وانه‌وه گه‌شه‌پێده‌ری بیری جوانی و مۆتیڤ و وێنه و خه‌یاڵ و گفتوگۆ و به‌خته‌وه‌ریی خه‌ونه.
له ده‌قی خه‌ونیشدا یه‌كگرتنه‌وه‌ی گشتی به‌شه جیا جیاكان ده‌دۆزرێته‌وه. ململانێی ڕوانین شڵه‌ژاو و بارمردوو، له‌گه‌ڵ ڕوانین ڕوون و بار زیندووی نوێزاده‌ی دۆزه‌ره‌وه له گفتوگۆی له یه‌كنه‌گه‌یشتنن. له ده‌قی خه‌ونیدا، له جه‌نگی توندوتیژی له‌گه‌ڵ خۆتدا، ده‌توانیت خۆت ڕه‌ت بكه‌یت، ئه‌و شێواز و ئاراسته باوه‌ی پێت نووسیوه، فڕێی بده‌یته پشت نووسینه‌كانی له پێشترت، به شێواز و ئاراسته‌یه‌كی ته‌واو جیاكار و نوێبه‌خش بێیته ئاخاوتن و گۆڕانێك له ڕابردووی خۆت به‌رهه‌م بهێنیت، به‌ڵام ئه‌و گۆڕانه چۆن به‌رپا ده‌بێت، كام هۆ و شێوازی ده‌ربڕین فڕێی داونه‌ته‌وه له نه‌ناسراوییه‌وه بۆ ناسراوی، له دۆخی وه‌ستاو بۆ دۆخی پڕ بزاوت.
له نووسینی ئه‌ده‌بی ڕاسته‌قینه‌دا پێویسته به ته‌نیا جوانی ببیندرێت.
شیعری سه‌رده‌مێك له‌مه‌وپێشی كوردی ڕۆمانسییانه بیری له گه‌ردوون و ژیان و مرۆڤ كردووه‌ته‌وه، له ناوه‌رۆكدا له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی واقیعی ساده و ساكاردا زۆر گه‌رم و گوڕ و هه‌ڵچووندار بوون، كه‌چی له شیعرییه‌تی زمان و مۆركی شێوازدا به پێچه‌وانه‌وه ساردوسڕ بوون، نه‌یانتوانی مۆركی شێواز و شیعرییه‌تی زمان ئاوێته‌ی زه‌ین بكه‌ن و بیكه‌نه‌وه، بیركردنه‌وه‌كانیان به‌شێوازی خه‌ونی بخه‌نه ناو نووسینه‌كانیان، كه گه‌وره‌ترین هۆش ئه‌مه بوو بۆ ئه‌وه‌ی نووسینه‌كانیان وه‌ك نووسینی داخراو بمێننه‌وه، نه‌گه‌ن به ئاستی ده‌قی فره ئاست و ئاراسته‌یی.
وشه له شیعره‌كاندا یه‌ك ئاسۆی دراوه‌تێ، ئه‌میش ئاسۆی ڕووكه‌ش و یه‌ك مانایی وشه‌كه‌یه، له ساكارترین شێوازدا جێیان هێشتووه، ئاماژه ستوونی داده‌به‌زێت، به‌هه‌مان شێوازی ستوونیش دێته ناو بوونی یه‌ك ئاسۆی نووسین.
ئاسۆی فه‌نتازی و ده‌ستوه‌شاندنی داهێنانی بلیمه‌تی تێدا هه‌ڵبزڕكاو و گه‌شه‌نه‌كردووه. واته: وه‌ك چێژ به‌كاربردراون نه‌ك وه‌ك دۆزینه‌وه، ڕه‌نگه هۆكارێك، یان یه‌ك له هۆكاره‌كان ئه‌وه بێت، كه واتا و هێزی وشه‌یان ون كردووه، نه‌یانتوانیوه كه‌ڵكی باش و داهێنه‌رانه له ئه‌زموون و مۆركه زمانییه‌كانی قۆناخی شیعری كلاسیكی وه‌ربگرن.
ده‌قی خه‌ونی له منداڵدانی مێژووی مردوو له دایك نابێت، هه‌ست به‌وه ده‌كرێت سه‌ختی و دژواری سروشت و زه‌برو زه‌نگ، نووسه‌ر ده‌ترسێنێت، هه‌میشه هه‌وڵی جووڵاندنه‌وه‌ی دیمه‌نه پڕ كێشمه‌كێشمه‌كان ده‌دات، باره به پیته‌كان به وریایی و زیندوویی وه‌رده‌گرێت به زمانێكی ته‌واو ئه‌فسوون و جادوویی دابڕاو له زمانی كاره‌كانی پێشووی خۆی ناخی پێشكێش ده‌كات، وه‌ك خودێكی هۆشمه‌ند و سه‌رچڵ ئه‌م و ئه‌و له بیركردنه‌وه‌كانی خۆی ده‌سڕێته‌وه، شته زیندووه‌كانی جیهان له ده‌قدا ده‌كات به هی خۆی، خوێنه‌ریش بازنه‌یی ده‌یخوێنێـته‌وه و ستوونی له ئه‌زموونی خه‌ونه‌كه نزیك ده‌بێته‌وه. پاشان ده‌چێته ناو كه‌شوهه‌وا و لێكدانه‌وه‌ی ئاسۆیی، چونكه ده‌قی خه‌ونی له خولانه‌وه‌ی به‌رده‌وامدایه، شیعرییه‌تی زمانیش ڕۆڵێكی ئێجگار گه‌وره و سه‌ره‌كی ده‌بینێت له پێكهاته‌ی وێنه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ر. كه هه‌موو هه‌بووه‌كانی زه‌مینی قۆزتبێته‌وه و ئاسۆكانی نادیاریشی دووچاری ڕاوه‌شاندن كردبێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی تاكی له‌جیاتی كۆ به‌كارهێناوه.
من ناوكی بوون ده‌نووسم، له‌باره‌ی ناوكی بوونه‌وه نانووسم.
33
شیعر له ژیان و بینینی كورددا ڕۆڵ و ئاماده‌یی و كاریگه‌ریی خۆی سه‌لماندووه و خاوه‌نی شوێنی ناوه‌نده، له‌به‌ر ئه‌مه‌شه وه‌ك دیارده‌یه‌كی پێویست و دامه‌زرێنه‌ر ته‌ماشای ده‌كرێت، ئه‌م ته‌ماشاكردنه‌ش وای كردووه له چالاكییه‌كانی بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردیدا، شیعر پێشه‌نگی وه‌ربگرێت و زۆرینه‌ی شته‌كانی له‌سه‌ر دابمه‌زرێندرێت، ئه‌م دامه‌زراندنه‌ش ده‌گوازێته‌وه ناو ژیانی شیعر، شیعریش پرۆژه‌یه‌كه له‌مێژه به‌رده‌وامه، ئه‌م هه‌وڵانه‌ی له‌مه‌ودواش ده‌درێن، تێكه‌ڵ به‌و هه‌وڵانه ده‌بن، كه لهمهوپێش پرسیار بوون و له ژیان كراون، به‌رده‌وامیش پرۆژه‌ی شیعری پرسیاری ترسناك و ورووژێنه‌ر له ژیاندا ده‌كات و مه‌رگ له ژیاندا ئاماده ده‌كات.
مه‌رگیش ترسناك و سه‌ره‌كیترین هۆیه بۆ دڵه‌ڕاوكێی داهێنان، ئاماده‌كردنی ئه‌م مه‌رگه‌ش هێزی شیعره بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گرفته‌كانی ژیان و مان.
ژیان و بوون چییه. پرسیارێكه و چه‌ندان بیرمه‌ندی دووچاری به‌دواداچوون و سه‌رگه‌ردانی كردووه، ئه‌گه‌رچی له ڕێگای ئه‌م پرسیاركردنه‌وه گه‌لێك به‌رهه‌می سوودبه‌خشیان خستووه‌ته‌وه، به‌ڵام گه‌وهه‌ری پرسیاره‌كه پڕ سرووش و خه‌یاڵ و تێڕامان و خه‌ون و سه‌رسامییه، هه‌ر بیرمه‌ندێك شێواز و ئاستێكی بۆ داناوه، له بهرزایییهكهوه وه‌ڵامه‌كه‌ی ده‌بینێ، ئه‌و پرسیارانه‌ی له ده‌قدا له ژیان كراون، له زه‌ینی خوێنه‌ردا جێگیر ده‌بن، دواتر ئه‌م پرسیاره ده‌بێـته هۆ و ئامانجی پرسیاركردن لای خوێنه‌ر و نزیكایه‌تییه‌ك دروست ده‌كه‌ن له نێوان نووسه‌ری پرسیاركه‌ر و خوێنه‌ری پرسیارلێكراو و پرسیاركه‌ر، كه بوونی مرۆڤ پرسیارێكی كاریگه‌ره له‌ناوكی بوون ده‌كرێت.
له ده‌قی خه‌ونیدا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ست و وێنه ده‌دۆزرێنه‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كانیش له‌سه‌ر بنچینه‌ی خه‌وندا دامه‌زراون، واته: ئه‌و وێنانه‌ی له ده‌قی خه‌ونیدا دروست كراون، زیاتر ئه‌و وێنانه‌ن، كه له ژیانی سه‌خت و یاخیی ڕۆژانه‌ماندا ئاماده‌یییان وه‌ك شتێكی دوور هه‌یه و به‌رهه‌ست نین، خه‌ون بوونی نییه له‌ناوه‌وه‌ی خۆت نه‌بێت، هه‌روه‌ها شیعریش.
من سرووش ده‌نووسم، له‌باره‌ی سرووشه‌وه نانووسم.
34
نوێبه‌خشی بار و بوار و كار و كرده‌ی خوڵقاندنه، به‌رده‌وام له زه‌مینه‌ی به بڕوادا گه‌شه ده‌كات و كه‌ره‌سته‌كانی ده‌گۆڕێت به مه‌به‌ستی جیهانبینی و دۆزینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان باره‌كانی هه‌ست و بیركردنه‌وه و خه‌ون، خودی هۆشمه‌ندیش هه‌موو جووڵانه‌وه‌یه‌ك له‌م گۆشه ڕووناكه‌وه ده‌بینێ و هه‌وڵ ده‌دا بیخه‌مڵێنێ، به‌ڵام به چ هێز و ئه‌فسوون و جادوویه‌ك ئه‌م بینینانه ده‌گۆڕێت بۆ ده‌قێكی ئه‌ده‌بی و هاوچه‌رخی و ڕه‌سه‌نایه‌تی تێدا ده‌پارێزێت، ئه‌مه خاڵی كاركردن و به‌جێهێنانی داهێنانه، له هیچ بار و بوارێكیش چه‌مكی نوێبه‌خشی نابێته واقیعێكی دانپێدانراو به‌بێ ئاكارێكی بیری و فه‌لسه‌فی و كولتووریی ڕوون.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا به من وایه بۆ شیعر زاراوه‌ی شیعرییه‌ت په‌سند و گونجاو و پڕ هێما و سرووشتره، چونكه ناتواندرێ بڕوا به‌وه بهێندرێ شاعیری نوێبه‌خش تا قووڵایی مانا و فه‌زا و ڕاچڵه‌كاندنی وشه له بابه‌ت و مۆركه زمانییه‌كانی خۆیدا شۆڕشگێڕ نه‌بێ و جه‌نگی توندوتیژی ڕانه‌گه‌یاندبێ به‌رانبه‌ر ئه‌وانه‌ی له زمان و نووسین و داهێنان گلاون، به‌ره‌و ڕووبه‌رێكی سامناك مل ده‌نێن، یان ناتوانن له‌ناو گه‌رمایی گیان، گه‌وهه‌ری خۆبوونیی بدۆزنه‌وه، كه خۆبوونی سه‌روه‌ری شیعرییه‌ته، ئه‌گه‌رچی نوێبه‌خشی ئه‌نجامێكی دیاریكراوی نییه، به‌رده‌وامیش گیروگرفت ده‌نێـته‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌كانی ده‌ربڕین ده‌گۆڕدرێن و فه‌نتازیای هه‌مه‌جۆری لێ ده‌خوڵقێندرێت، به‌مه‌یشه‌وه نوێبه‌خشی ساده‌ترین مافی مرۆڤه، كه تۆ له ماڵه‌وه ده‌رده‌چیت بۆ سه‌ر كار به‌شدارییه‌كی ڕاسته‌وخۆیه له كار و كرده‌ی نوێبه‌خشی، كه له كار ده‌گه‌ڕێیته‌وه بۆ ماڵه‌وه خۆ ئاماده ده‌كه‌ی بۆ پیاسه، یان سه‌ردانی پێشانگایه‌ك، یان ئاودان و بژاركردنی باخچه‌كه‌ت، یان بینینی شانۆگه‌رییه‌ك ….. تاد، به‌شدارییه‌كی دیكه‌یه له كار و كرده‌كه‌دا، چونكه هیچ یه‌كێكیان سه‌داسه‌د به شێوازێكی نه‌گۆڕ خۆیان دووباره ناكه‌نه‌وه، بوونی تۆ وه‌ك مرۆڤێك په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی به جووڵانه‌وه و گه‌شه‌ی ئه‌مڕۆوه هه‌یه، تۆ تاكێكی له نوێبه‌خشی، نوێبه‌خشیش به گۆڕان له بنیادی هه‌موو كۆمه‌ڵگا وه‌ك ڕووداوێك ڕوو ده‌دات و ده‌چه‌سپێت. قه‌واره‌یه‌كی دانپێداندراو بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، هه‌ریه‌ك له شاعیرانیش به ئه‌زموون و شێواز و قه‌باره‌ی جیای خۆی ڕۆڵی تێدا وه‌رده‌گرێت.
نوێبه‌خش له كاتی خۆ هاتنه‌به‌ر چاو و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خودی بوێریی خۆی مه‌رگی به‌دواوه‌یه، یان شێتبوون، به‌و واتایه‌ی ڕاوی خۆی و سه‌رجه‌م بوون ده‌نێت، له‌م پێشبڕكێیه‌دا پێویسته قووڵبین و شێواز ڕاچڵه‌كێنه‌ر بێت و بوێریی ئه‌وه بكات، ئه‌م بڕیاره خودییه بدات، هه‌ر هه‌موو شاعیرێك به‌و نیازه ده‌نووسێت كاره‌كه‌ی بگه‌یه‌نێته ئاستی ده‌ق، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕوانین و جیهانبینییان تێدا نه‌بێ و ژانێك خاڵی ده‌رچوونی نه‌بووبێت، هێزی ئه‌وه‌ی تێدا په‌یدا نابێت كاره‌كه‌ی بگه‌یه‌نێته ئاستی ده‌ق، گلاوه به‌رانبه‌ر مه‌رگ و سڕینه‌وه.
بوێری ئه‌وه‌ی تێدا ئاماده نابێت جه‌نگی توندوتیژی خۆی ڕابگه‌یه‌نێ، ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌بێكیش هێزی به‌رگری به‌رانبه‌ر مه‌رگ و سڕینه‌وه‌ی تێدا په‌یدا نه‌بووبێت، ناسنامه‌ی بوون به ده‌قی به‌رناكه‌وێت، بوون به ده‌قیش له دۆخگۆڕین و جیهانبینییه‌وه ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت، له ده‌ره‌وه‌ی دۆخگۆڕین و جیهانبینی هه‌ر هه‌وڵێك له‌م باره‌یه‌وه به‌رچاو بكه‌وێ هه‌وڵێكی ناكامڵ و زڕ و به‌تاڵه.
په‌راوێز بۆ شیعركردن، یان شیعر نووسین به مه‌به‌ستی لێكدانه‌وه‌ی وشه‌كان، له‌م كاروكرده‌یه‌شدا ناوه‌رۆكه‌كه ڕوون بكه‌یته‌وه و ڕاسته‌وخۆ بیره‌كه‌ی بگه‌یه‌نی، یه‌كه‌م نیشانه‌یه شاعیر ڕوانین و جیهانبینی توانای ئه‌وه‌ی نییه مانا و هێزی وشه له‌ناو شیعره‌كه‌دا ڕاچڵهكێنێ و ئاسۆیه‌ك بداته ڕاچڵهكاندنهكه، كه‌واته: وشه‌كه وه‌ك بارستێكی بێ گیان و مردوو له جه‌سته‌ی شیعره‌كه‌دا باره، هیچ ده‌ور و كردارێك له گه‌شه‌كردنی جه‌سته‌ی شیعره‌كه‌دا نابینێت.
شیعری له‌م جۆره، هه‌وڵدانیشی وه‌ك ده‌قی یه‌ك ئاست و بێ دووری و یه‌ك ئاراسته ده‌مێنێته‌وه، نابێته ده‌قی ئاستداری فره ده‌نگ و فره په‌یوه‌ندی، له‌وانه‌یه كۆمه‌ڵێك شاعیر له سه‌رده‌مێكدا كاربكه‌ن، ته‌نیا تاكێكیان هێز و ئه‌فسوون و جادووی ئه‌وه‌ی تێدا بێت ده‌ق بكاته بوونێكی دیار و بیدره‌وشێنێته‌وه، جووڵه‌كانی ڕابردوو بكاته پاڵنه‌رێكی سوودبه‌خش بۆ به‌ئاگایی بیركردنه‌وه، ئه‌گینا ئه‌وانه‌ی دی په‌یوه‌ندییان به جووڵه‌كانی ڕابردوو وه‌ك ڕابردوو هه‌یه، له ئاماده‌كردنی ئێستای نوێبه‌خشدا ده‌ست و پێ سپین.
بلیمه‌ته‌كانی قۆناخی شیعری كلاسیكی ڕوانین و جیهانبینیی خۆیان پێشكێش كرد و بڕوایی ئه‌ده‌بی ڕاسته‌قینه‌یان وه‌رگرت، كه‌چی چه‌ندان وه‌چه دوای ئه‌وان هاتن و تێپه‌ڕین، قه‌واره‌یه‌كیان ده‌سته‌به‌ر نه‌كرد، له هه‌مان كاتدا ئه‌وان هه‌روه‌ك ده‌ق و خاوه‌ن قه‌واره ماونه‌ته‌وه و جه‌نگی توندوتیژیی خۆیان به‌رانبه‌ر مه‌رگ و سڕینه‌وه ڕاگه‌یاندووه.
به‌رده‌وامیش وه‌ك ده‌قی ئاستدار و فره ده‌نگ و فره په‌یوه‌ندی خۆیان پێشكێش ده‌كه‌نه‌وه، هاوچه‌رخی هه‌موو ئه‌وانه‌ن، كه له پرۆژه‌ی گه‌وره‌ی ده‌قی شیعری هاوبه‌شن و ژانیان تێدا گه‌رمه، به‌ده‌قبوونیش په‌یوه‌ندی به ئه‌زموونی ژیان و چركه‌ساتی مه‌ستیی نووسه‌ره‌وه هه‌یه، ده‌قی ئاستدار و فره ده‌نگ و فره په‌یوه‌ندی زیاتر له پانتایی زمان كاره‌كانی به‌جێ هێناوه و جووڵه و بیری زمان بیری ده‌قه‌كه ڕاده‌گه‌یه‌نن، بۆ نموونه: شاعیرێك توانیویه‌تی ته‌نیا یه‌ك به‌رهه‌م بگه‌یه‌نێته ده‌قێكی ئه‌ده‌بی ئاستدار و فره ده‌نگ و فره په‌یوه‌ندی.
به‌و پێوه‌ره‌ی هه‌ر شیعرێك توانی بگاته ئاستی ده‌قێكی ئه‌ده‌بی ئاستدار و فره ده‌نگ و فره په‌یوه‌ندی به‌بێ هیچ گریمانه‌یه‌ك، ده‌قێكی نوێبه‌خشه، ڕه‌نگه هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌بێ له‌م ده‌قه‌دا ئه‌زموونی ژیان له چركه‌ساتی سۆفییانه و مه‌ستی گهیاندبێتییه ڕژانی گیان و ڕاچڵه‌كاندن و دره‌وشانه‌وه‌ی زمان و نووسین.
من خۆبوونی ده‌نووسم، له‌باره‌ی خۆبوونییه‌وه نانووسم.
35
له چالاكیی جووڵه‌داری شیعری كوردیدا، ئه‌م جۆره شیعره‌ی له‌پێناو هاوسه‌نگكردنی شیعر و شۆڕشدا نووسراون، ته‌نیا بۆی كرا ترپه و ئاواز بگۆڕێ و جووڵه و ئاگایی بۆ چه‌ند هێمایه‌كی دیاریكراو ده‌سته‌به‌ر بكات، به‌ڵام بۆی نه‌كرا ئه‌م هێمایانه به قۆناخی گه‌شه‌پێدان و گه‌یاندن به بنه‌ڕه‌تی گۆڕان بگه‌یه‌نێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ند شاعیرێكی دواتر، كه ویستی هێزی جوانی ده‌ربڕین و دلێریی داهێنانیان له هه‌ڵچوونی شاعیرانه‌یان هێزدارتر بوو، بۆیان كرا هێماكانی ئه‌م جۆره شیعره‌ی له پێناو هاوسه‌نگكردنی شیعر‌و جوانی نووسراون، به قۆناخی جووڵه و نیمچه گۆڕانێك بگه‌یه‌نن، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م توندوتیژییه شۆڕشگێڕییه‌ی شیعر هاوسه‌نگكردن به شۆڕش نیشته‌وه، جۆرێك تێڕامان و خه‌ونبینین بوو به بنه‌مای هونه‌ری، پرۆژه‌ی نوێبه‌خشی قه‌واره‌یه‌كی بۆ كاركردنی خۆی دیاری كرد.
خودی هۆشمه‌ند كه‌رسته‌كان به سه‌نگایی ژیان ده‌پێوێ، ژیانیش به گرانایی شیعر، ده‌قه‌كان توانای پێشنیاز و پرسیاركردنیان له بنیادیاندا هه‌ڵگرت، بۆیان كرا خاڵی جیابوونه‌وه‌ی ته‌واو هه‌ڵده‌نه ناو پانتایی بار و بواره‌كانی ژیان.
ده‌قێك توانیبێتی دوێنێ ڕابچڵهكێنێ، كه‌واته: بوونی قه‌واره‌یه‌كی هه‌ستپێكراو و به‌رچاوی هه‌یه، بوونی ئه‌م جۆره ده‌قه‌ش تێڕامان و خه‌ون خاڵی هێنانه بوونیه‌تی، ڕوونتر له پانتایی نوێبه‌خشی سه‌لماوه، هێماپێكراوه‌كانی پڕ كراوه به جووڵه‌ی نوێبه‌خشی، هێما له كاركه‌وتووه‌كان داده‌پۆشێ، هێمای سڕ و مه‌ییو و له كاركه‌وتوو ناتوانێت له ئێستای پڕ جووڵه‌دا ئاخاوتنی كاریگه‌ری هه‌بێت.
نوێبه‌خشی به‌رده‌وامی وه‌جاخی ڕوونی ئاده‌مه، ئه‌و میوه‌یه‌ی ئاده‌م خواردی نوێبه‌خشی بوو، نوێبه‌خشی پرسیارێكه نوێبه‌خش له‌خۆی كردووه، ئایه ده‌توانێت له‌ناو كۆمه‌ڵگای سه‌ره‌تایی و دواكه‌وتوودا له هه‌موو ئاسته‌كاندا شكانێكی هه‌بێت، ئه‌م شكانه ویستی خودی هۆشمه‌ند و ئازا ده‌سه‌پێنێ و خۆبوونیی داده‌مه‌زرێنێ. داهێنان بڕیارێكی خودی كه‌سی ئازا و هۆشمه‌نده، هه‌ر كاتێك نووسه‌ر بوێریی ئه‌وه‌ی كرد ئه‌م بڕیاره خودییه بدا، دره‌وشانه‌وه و داهێنان و گۆڕان به‌رپا ده‌كات.
من ڕاچڵه‌كان ده‌نووسم، له‌باره‌ی ڕاچڵه‌كانه‌وه نانووسم.
36
كار و كرده‌ی داهێنان له خودی شیعردا كه‌شوهه‌وای ئه‌مڕۆیه به‌لێزیادبوونی كه‌شوهه‌وای خه‌ونی، ئه‌مڕۆش له خه‌ونی سبه‌ی ئاماده‌یی هه‌یه و هۆ و یارمه‌تیده‌ره، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ داهێنان بێت هه‌موو ڕۆژ و ڕۆژگاره‌كان ڕاده‌كێشێته ناو خۆی، داهێنه‌ر له‌كاتی كار و كرده‌ی نووسیندا ناكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژ و ڕۆژگار، له‌و ڕۆژ و ڕۆژگاره‌دا ده‌بێته بوونێكی سه‌ربه‌خۆ، كه بوونی ئه‌می نووسه‌ر قه‌ره‌باڵغ و بارگاوی و دڵبه‌رز و جووڵه‌داره، به‌ڵام كه له‌كار و كرده‌ی نووسین بووه‌وه، نووسینه‌كه بوونێكی سه‌ربه‌خۆی وه‌رگرت، ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژ و ڕۆژگار. هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌سڕێنه‌وه كاتێك دروست ده‌بێت، ده‌بێـته كاتی داهێنان و خه‌ونبینین و دره‌وشانه‌وه.
من دره‌وشانه‌وه ده‌نووسم، له‌باره‌ی دره‌وشانه‌وه نانووسم.
37
ده‌قی شیعری له‌ناو پرسیاركردن ئاماده‌ی له‌دایكبوون ده‌بێت، هه‌ر له‌ناو پرسیاركردنیشدا شیعرییه‌تی خۆی له هه‌قیقه‌تی شته‌كاندا وه‌رده‌گرێت.
پرسیار زانسته گشتییه‌كانی بوونه، بوونی خه‌ون و سروشت و كۆمه‌ڵگا.
شاعیریش وه‌ك تاكێكی هه‌میشه خه‌ونبین و چاونه‌سره‌وتوو و گوێ زرینگاوه و خه‌یاڵ گه‌رمی هه‌ستكه‌ر به گرفته‌كانی ململانێ له‌ناو كۆمه‌ڵگادا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات. ده‌چێته ناو ئاژاوه و هێمنیی كۆمه‌ڵگا و كاریگه‌ری جێ ده‌هێڵێ، پێوه‌ری بۆ ئه‌و شتانه لا دروست ده‌بێ، كه ده‌یانبینێت، یان ده‌یانبیستێ، یان خه‌ونیان پێوه ده‌بینێ.
ئه‌م بینین و بیستن و خه‌ونبینینه‌ش له ده‌ره‌وه‌یه‌تی. له‌ناوه‌وه‌ی خۆیدا ئاماده‌یان ده‌كاته‌وه و ڕۆڵێكی دیكه‌یان پێ ده‌سپێرێ، ده‌یانكاته بابه‌تی جوانی و شیعر به‌هۆی ده‌سته‌واژه‌ی سه‌خت و یاخی و ئامانجی زمان شیعرییه‌تیان پێده‌دا، كه‌واته: خودی شاعیر سه‌رچاوه‌ی بابه‌ته به‌هۆی ئامانجی زمان و خه‌ونبینین.
جیهانی بیركردنه‌وه و پرسیاركردن ئه‌و خوده‌یه، كه بڕیار له‌سه‌ر شته بیستراو و بیندراو و خه‌ونی و خه‌یاڵییه‌كان ده‌دا و به‌هێز و گوڕ ده‌یانجووڵێنێ، تا به‌هۆی ئامانجی زمان بیانكات به بابه‌تی جوانی و شیعر، له ئاسۆ بینییه‌ك كاریان پێ بكاته‌وه، كه داهێنان و له‌دایكبوون و ده‌روونڕۆشنی و شیعرییه‌ته، له‌دایكبوونه‌وه‌كه‌ش باوه‌ڕ بهێنێ به هه‌قیقه‌تی ئه‌فسوون و جادوویی و له گه‌شتی ڕوانین نزیكی بكاته‌وه، بیخاته ئاستی تێڕامان، له‌سه‌ر زمانی كه‌سایه‌تییه له‌دایكبووه‌كه‌ی ده‌ق بدوێت، پاشان به بڕیاری شیعری هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی سروشت و بوون و كۆمه‌ڵگا و جوانی ده‌ربڕێ، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ناوه‌وه‌ی شاعیر له شێواز و ئاراسته‌دا، ئه‌و په‌یوه‌ندییه به هات و پڕ هاواره هێما ده‌یگه‌یه‌نێ، فراوانكردنی جه‌نگی هه‌سته له به‌بیرهێنانه‌وه‌ی یادگارییه‌كان و ئاماده‌كردنی یادگاری ڕابردووه له‌ده‌ستچووه‌كانی له ئێستای به‌رهه‌ست و ئاماده بۆ هه‌موو جووڵه‌یه‌ك.
له قۆناخی سست و سڕ، دۆخگۆڕینی بۆ قۆناخی گه‌شه و جووڵه‌كردن.
له قۆناخی له‌ده‌ستچوون و بیرچوونه‌وه، دۆخگۆڕینی بۆ قۆناخی ده‌سته‌به‌ركردن و بیرهاتنه‌وه.
دۆخگۆڕین به‌ها و به‌خششی خودی هۆشمه‌نده، به‌و پێوه‌ره‌ی چركه به ده‌قكراوه‌كان خه‌مڵیوی خودی هۆشمه‌ندن، له‌م خه‌مڵینه‌شدا گه‌شتی هه‌میشه‌یی پاڵه‌وان ڕۆڵی كاریگه‌ر ده‌گێڕێت به‌ره‌و قووڵایی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، زۆر جاریش قووڵایی په‌یوه‌ندییه‌كان قووڵایییه‌كی خنكێنه‌ره، یان ڕزگاركه‌ره.
من دۆخگۆڕین ده‌نووسم، له‌باره‌ی دۆخگۆڕینه‌وه نانووسم.
38
هه‌ر كار و كرده‌یه‌كی هونه‌ری له ڕوانین و جیهانبینیی خودی هۆشمه‌نده‌وه بكرێـت ئاراسته‌كه‌ی له ئه‌زموون و ژیانی ڕۆشنبیریی نووسه‌ری چالاكه‌وه ئاستی وه‌رگرتووه، هاوارێكی هێمن و بڕواهێـنه‌ر و قه‌ناعه‌تپێكه‌ر. به‌بڕوا به‌خۆبوونه‌وه‌ش خۆی پێشكێش ده‌كات و ده‌ڵێت: ئه‌مه شێواز و ئاراسته سه‌ربه‌خۆیه‌كانی منه له ئاراسته‌ی زمان و مۆركی شێواز و كار و كرده‌ی چوونه ناو جه‌رگه‌ی ژیان و خه‌ون. دوای كارلێكردن و مانه‌وه، ژیان و خه‌ون هه‌ڵیداونه‌ته‌وه سه‌ر ڕووبه‌ری سپیی كاغه‌ز، دۆستایه‌تی، یان ململانێ له نێوان ده‌ق و خوێنه‌ری قووڵبین و داهێنه‌ر به‌رپا بكه‌ن. زمانی پاراوی نووسین جیاكاره له زمانی ئاخاوتنی كۆمه‌ڵگا، زمانی خه‌ونیش جیاكاره له‌گه‌ڵ زمانی گفتوگۆی واقیعی به‌ئاگای ڕۆژانه‌دا. ئه‌گه‌رچی هه‌ست به گه‌رمیی هه‌ناسه‌ی واقیعی ڕۆژانه‌ش ده‌كرێت له‌ناو خه‌ون، له هیچ داهێندراوێكی گه‌وره‌شدا نووسه‌ر په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ واقیعدا كۆتایی پێ نه‌هێناوه.
له‌ناو هه‌موو مۆركه هونه‌رییه‌كانی له ڕوانین و جیهانبینیی خودی هۆشمه‌نده‌وه به ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌ندرێن، فه‌زا و ئاكارێكی هزری له‌پشتییه‌وه نوێبه‌خشی و ڕه‌سه‌نایه‌تی ده‌پارێزێت، خاڵی ده‌ستپێكردنیشی له ڕوانین و جیهانبینییه‌وه ئاراسته‌كراوه، به‌ڵام با به مۆركی شێوازی به‌تاڵ فریو نه‌خۆین، ڕێزی شێوازێك بگرین بزانێت خوێنه‌ر به چی ئاراسته‌یه‌ك و بۆ كوێ ده‌بات. مۆركی شێواز ئاراسته‌كانی ڕوونی زمان له ڕوانین و جیهانبینی و ئه‌زموونه‌وه وه‌رگیراو بێـت، ڕێزگرتنه له خوێنه‌ر، به‌هۆی ئه‌م ڕێزگرتنه‌ش خوێنه‌ری قووڵبین پێشینه‌یه‌كی ده‌ست ده‌كه‌وێ، ده‌توانێ ببێته هاوڕا و نزیكی كه‌سایه‌تی ناو ده‌قه‌كه، یان نا.
ئاڵۆزكردنی ڕسته‌ی شیعری بێ قووڵبینیی ڕوانین و جیهانبینی، ته‌نیا سه‌ر لێشێواندنی شاعیری له‌پشته‌وه ده‌بیندرێ و چیتر نا، ئه‌وه‌ی له زه‌ینه‌وه هه‌ستی پێ ده‌كه‌ی بینووسیت كه‌شوهه‌وایه‌ك به‌رهه‌م دێ، كه جێگای هه‌موومانی تێدا ده‌بێته‌وه. ئاستداری و شیعرییه‌تی زمان، كه ڕابردووی ئه‌ده‌بی كوردی لێی بێبه‌ش نییه، گه‌وره‌ترین ئاستداری و شیعرییه‌تی زمان له قۆناخی شیعری كلاسیكی ئه‌نجام دراون.
شیعر نه ئه‌ركه، نه ئامانجه، نه هۆیه، كاركردن و چالاكییه له‌ناو ئه‌وپه‌ڕی زماندا، به‌هه‌موو دوورییه‌كانیه‌وه ئه‌وكاته‌ش زمان له ده‌قدا ده‌گاته لووتكه هارمۆنییه‌تی كۆمه‌ڵێك وشه سه‌مفۆنیایه‌ك پێكده‌هێنن و هه‌ستێك ده‌به‌خشن، مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێته دوایین پله‌ی مه‌ستی و ته‌سه‌وف و فه‌نتازیای نووسین. گه‌ردوون هێزێكی نادیاری هه‌ڵگرتووه، له كاتی خه‌ونبینین و سرووشدا ده‌یدات به شاعیری نوێبه‌خش.
من فه‌نتازیا ده‌نووسم، له‌باره‌ی فه‌نتازیاوه نانووسم.
39
نووسه‌ر به‌درێژی و ستوونی و ئاسۆیی و بازنه‌یی، گفتوگۆی له دڵه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ژیان به‌مانا گشتگیرییه‌كه‌ی، به‌رده‌وامه. مه‌رگیش وه‌ك ده‌رخستنی جوانكاریی ده‌ق له‌و شێوازه‌ی، كه ده‌ینووسێ ته‌ماشا ده‌كات. كه‌واته: نووسین پێویستییه‌كی زه‌ینی و جووڵانه‌وه‌ی چالاك و ئومێده. كه ده‌نووسیت هه‌ست به ئومێد و به‌رگری ده‌كه‌یت. ئه‌و هێزه له گیانتدا ده‌گه‌ڕێ و ئاماژه‌پێكردن و پشتیوانه بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ململانێدا. وه‌ك بوونێك تێكه‌ڵ به چركه‌كانی بیركردنه‌وه‌ت ده‌بێته‌وه. چركه‌ی ئه‌و بیركردنه‌وانه‌ی هه‌ستت كردووه، گفتوگۆت له‌گه‌ڵ ژیان به‌مانا گشتگیرییه‌كه‌ی به‌رده‌وامه. چییه‌تی نووسین و ده‌سه‌ڵاتی وشه دواندن و گفتوگۆیه له‌گه‌ڵ ژیاندا.
نووسه‌ری ئاگردز، نیمچه خواوه‌ندێكی پڕ نادیارییه له شێوازی گونجاوی ده‌قه‌كانیدا. ژیان به مانا گشتگیرییه‌كه‌ی به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه. پێویستییه جوانییه‌كانی به‌لێزیادبوونی خه‌یاڵپه‌روه‌ری نواندووه، كه واقیع به شێواز و ئاراسته و كه‌شوهه‌وا و ڕێكخستنێكی دیكه نواندوویه‌تی.
له هه‌مان ئاست و ئاسۆكاندا واقیع به ئاستداری ده‌بینێت. به لێزیادبوونی واقیعی گیانی و هێزی فه‌نتازی به‌سه‌ر ڕسته نووسراوه‌كاندا، كه له پانتایی كاغه‌زی نووسراودا ده‌بن به واقیع و جیهانی نووسین داده‌مه‌زرێنێت.
مانا و فه‌زای ئه‌و نووسینه‌ی، كه له‌سه‌ر پانتایی كاغه‌ز ده‌بێته واقیع پێویسته له ڕێگای ئاسۆكانی زمانه‌وه ئاست و ئاراسته‌كانی بدۆزرێته‌وه، نووسین، كه داخوازییه‌كی شیاوه ته‌نیا ڕۆشنایی و دره‌وشانه‌وه‌كانی زمان وه‌ك جووڵه و بزاوت تێیدا ده‌سه‌ڵاته. كه‌سایه‌تی دوور و نزیكی ئه‌فسانه‌ش ده‌بێته گیانمایه و تانوپۆی له كامڵترین شێوازی ساكاریدا.
داهێنه‌ر پێویسته ڕووبه‌ڕووی سیستمی دیكتاتۆری سیاسی ببێته‌وه و به توندی دژایه‌تی بكات. مه‌رجیش نییه به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌ی، ته‌نانه‌ت ئه‌و وڵاته‌ی كه میلله‌ت ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هه‌ڵبژاردووه و پێی ڕازییه، مولته‌زیم بێت. بگره پێویسته له‌پێناو شیعرییه‌ت و دامه‌زراندنی جیهانی نووسینی خۆی، كه ئومێد و به‌رگرییه مولته‌زیم بێت، كه گه‌وهه‌ری داهێنانیشی خسته ناو كتێبخانه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌وه. ده‌بێته مه‌زنترین هێمای دره‌وشاوه و مولته‌زیمترین كه‌سایه‌تیی وڵاته‌كه‌ی.
داهێنان یانی ڕه‌سه‌نی و شارستانییه‌ت و ههمیشهییترین ئیلتیزام و نوێنه‌رایه‌تی. ئه‌وانه‌ی به داهێنانه‌وه مولته‌زیم نین، زیاتر كارمه‌ندی ڕۆشنبیری و هۆكارێكی یارمه‌تیده‌رن. به‌رپرسیارییه‌تی شاعیری ڕاسته‌قینه ئه‌وه‌یه، شیعری بێگه‌رد بگه‌یه‌نێته كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی.
ڕۆشنبیری كوردی زیاتر ڕۆشنبیرییه‌كی شیعرییه. ته‌نیا شیعریشی ڕۆشنبیرییه‌كی به ئه‌زموونه و خاوه‌نی شوێنی ناوه‌نده.
قۆناخی شیعری كلاسیكی تا ئێستاش تاقانه‌ی ڕۆشنبیری كوردییه.
چه‌قی نه‌بیندراوی ده‌قی پڕ شیعرییه‌ت، هه‌م ده‌توانێت جیهانی خود و خه‌یاڵ و خه‌ون و منداڵییه‌تی شاعیر بنوێنێت. هه‌م په‌یوه‌ست به‌واقیعی كراوه‌ش بێت، چونكه خود و خه‌یاڵ و خه‌ون و منداڵییه‌تی به‌شێك له سه‌رچاوه‌یان واقیعه. واقیعی قووڵ به‌مانا گشتگیرییه‌كه‌ی. پێچه‌وانه‌ی واقیعی ڕووكه‌ش و ڕووتی سڕ. واته: ناتوانێت له سه‌رچاوه هه‌ڵبێت. كه‌واته: واقیعی قووڵ ناوه‌ندێكی فراوانه بۆ ده‌ربڕینكردن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته ده‌مامكه ئایدیۆلۆژییه‌كان دابماڵدرێن. نیازه‌كانی سیاسه‌ت و مێژوو وه‌ك تاكتیك و تۆمار له جه‌سته‌ی شیعری په‌تی فڕێ بدرێنه ده‌ره‌وه، به‌ڵام ماك و بیری سیاسی و هێمای مێژوویی، ئه‌گه‌ر له جه‌سته‌ی شیعردا ڕوون خۆی بنوێنێ، خه‌ون بۆ هه‌میشه ڕابه‌رایه‌تی بكات. چالاكی شاعیره له‌و په‌رستگایه‌دا خه‌ڵوه‌تكێش بێت، كه وێرد و سرووتی جوانی و خه‌ون ده‌سته‌ڵاتیه‌تی.
له شیعردا خۆم ده‌كه‌م به واقیع و سه‌رله‌نوێ پێكیده‌هێنمه‌وه. واته: واقیعی ناو نووسین، یان ئه‌و واقیعه‌ی نووسین پێشنیازی ده‌كات، په‌یڕه‌وكردنی چۆنیه‌تی واقیع له‌م باره‌دا ده‌ناسرێت، یان پێناسه ده‌كرێت بۆ ناسین.
پێویسته ئه‌وه به هه‌قیقه‌ت بزانین، شیعر گیانی ئێشكگری هه‌موو نووسینه‌كانی دیكه‌یه. ڕه‌گه‌ز و جه‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیی گرینگه له پێكهاته‌ی ئه‌ده‌بی نووسراودا. كتێبی پیرۆزی پێغه‌مبه‌ران هه‌موویان شێوازی شیعر و شیعرییه‌تیان تێدا لێوانلێوه. ته‌نانه‌ت بۆ بڵاوكردنه‌وه و قه‌ناعه‌ت پێكردن و جۆری قسه‌كردن و تێگه‌یشتنیان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگادا، فه‌نتازیا و شیعرییه‌تی وه‌ك هێزێكی قه‌ناعه‌ت پێكردن تێدا به‌كار بردراوه.
به‌م تێگه‌یشتنه شیعر فه‌نتازیای نووسینه‌كانی دیكه‌یه، كه‌چی به‌ده‌ستی چه‌ند ئاگر لێ هه‌ڵبزڕكاوێك خه‌ریكه ده‌بێته هونه‌رێكی مردوو. ئه‌و ئاگر لێ هه‌ڵبزڕكاوانه هه‌وڵ ده‌ده‌ن ده‌قی نوێبه‌خش بنووسن. نوێبه‌خشی بنیادی به‌شێكی بچووكی ده‌قه‌كه‌یه. له‌پڕ هه‌ست ده‌كه‌یت بنیاده‌كه له بنیادی نوێبه‌خشی بۆ بنیادی واقیعی ڕووكه‌ش و به‌ستووی سڕ و شڵه‌ژاو ده‌گۆڕدرێت و بنیاده نوێبهخشییهكه به ناكامڵی جێ ده‌مێنێ و ته‌واو ناكرێت. ئه‌م ته‌واو نه‌كردنه ڕه‌گه‌زی كتوپڕی نییه، بگره ونبوونی ڕوانین و جیهانبینیی شاعیره، ئه‌گه‌ر شاعیر جیهانبینیی به‌هێز و خه‌یاڵی گه‌رم پاڵنه‌ری گیانی بێت، ده‌توانێت كه‌سایه‌تی ده‌قه‌كه‌ی وا ڕابهێنێ قسه‌كانی واقیع له خه‌ون بكات. بنیاده‌كه‌شی وه‌ك بنیادی به‌هێز و پته‌وی خه‌ونی ڕابگرێت.
ڕۆشنبیریی كوردی زیاتر ڕۆِشنبیرییهكی شیعرییه، ته‌نیا شیعریشی ڕۆشنبیرییه‌كی به‌ئه‌زموونه و خاوه‌نی شوێنی ناوه‌نده.
قۆناخی شیعری كلاسیكی تائێستاش تاقانه‌ی ڕۆشنبیری كوردییه.
من دامه‌زراندن ده‌نووسم، له‌باره‌ی دامه‌زراندنه‌وه نانووسم.
40
جیهان له ڕوانین و جیهانبینینی داهێنه‌ردا هه‌میشه ناته‌واوه، ناوه‌ندی بیركردنه‌وه‌ی داهێنه‌ر، خه‌ونی ئه‌م ناته‌واوییه‌یه ده‌یبینێت. خه‌ونه‌كه ده‌كاته سه‌رچاوه‌یه‌كی پاراو و ڕووبه‌ر و پانتایی ته‌واوكه‌ری ئاینده، كه دڵنیاشه به هیچ جۆرێك ناگات به ئاینده. ئه‌م نه‌گه‌یشتنه هۆ و یارمه‌تیده‌ره بۆ بینینی خه‌ون و به‌رده‌وامی به‌رهه‌مهێنانی ده‌قی خه‌ونی. ته‌نیا له خه‌ونیشدا ده‌توانێت ده‌سه‌ڵاتی سیستمی دیكتاتۆری سیاسی تێكبشكێنێ و په‌یوه‌ندییه په‌رتبووه‌كان به‌شێوازێكی ئێستێتیكی دروست بكاته‌وه، ژیان به‌مانا زیندووه‌كانیه‌وه وه‌ك پرته‌قاڵێكی به‌داره‌وه‌ی به‌باران شۆراوه ببینێ. ئازادی ته‌واو و گیانی یاخیبوون و دووربینین و بیستن و ئاماژه‌ی له‌ناو خه‌وندا ئێجگار به‌هێزه و ڕووداوه‌كان ئاراسته ده‌كات.
ساتی نووسینه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی خه‌ون. پرۆژه‌ی به‌رده‌وامییه له نێوان دووریی بیر و هه‌ست، به یارمه‌تی خه‌ونبینین و ئه‌زموونی ڕه‌سه‌نی خودی هۆشمه‌ند. خه‌ون و زمان له شیعردا دوو دیارده و ڕه‌گه‌زی بنچینه‌یین. من له ڕێگای زمانه‌وه بیر ده‌كه‌مه‌وه. هه‌ر له ڕێگای زمانه‌وه‌ش شیعر ده‌نووسم، ده‌شمه‌وێ هه‌موو ژیان به‌هۆی خه‌ونبینین بكه‌م به شیعر و شیعرییه‌تی پێبده‌م. ده‌قی شیعری له پانتایی زماندا كار ده‌كات، نه‌ك له پانتایی بابه‌تدا، كه‌چی له شیعری كوردیدا ڕابردوو وه‌ك كه‌له‌پوورێكی تۆماركراو مڵۆزمه و هه‌میشه له‌ناو ده‌قه‌كاندا بابه‌ته. ئێستاش به مڵۆزمی ڕابردوو ترسێندراوه. شاعیره‌كان له ساتی نووسینی ده‌قدا بوێرنین، نه‌وێراون، یان نه‌یانتوانیوه ڕابردوو وه‌ك بوونێكی كارپێكراو بهێننه ناو ئاخاوتن. به‌ته‌نیا لایه‌ن و به‌شه گه‌ش و دره‌وشاوه‌كه‌یان پێشكێش كردووه بۆ ئه‌وه‌ی ڕابردوو وه‌ك ژیانی كۆمه‌ڵگای كوردی بێته پێشه‌وه، پێویسته وه‌ك گشتێكی سه‌ربه‌خۆ بپێورێ و قه‌واره‌ی بۆ دابندرێ، تا له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و بوونی شارستانی و بنیادی شێواز په‌ره‌ی پێبدرێت.
ئاخاوتنی ئێستا كراوه‌یه، ده‌چێته ناو ئاخاوتنی نادیاری ئاینده‌وه. ده‌قی خه‌ونی ڕزگارمان ده‌كات له ئیشكردن له‌ناو مێژوو و واقیعی ده‌سه‌ڵاتدار و تۆقێنه‌ردا، یان تووشبوونی هه‌ڵه‌ی مێژوویی، له په‌راوێزی مێژوو دێته ده‌ره‌وه، ده‌چێته ناو خه‌ون، كه هه‌قیقه‌تی زمان و نووسینه، كه‌چی له‌وه‌ش دڵنیانین دیوانی شیعری كوردی ده‌قی خه‌ونی تێدایه، یان نا.
له ده‌قی خه‌ونیدا هه‌قیقه‌تی ژیان و كه‌سایه‌تی نووسه‌ر ئاماده و ئارام و زاڵه. ده‌قی ئاسایی ڕێسا و زانستی ناو كتێبه‌كان ده‌توانێت هه‌ڵیسه‌نگێنێت، به‌ڵام ده‌قی خه‌ونی به‌ته‌نیا ناخ و قووڵایی گیان هه‌ڵیده‌سه‌نگێنێ. خوێنه‌ر بۆ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر ده‌قێكی ئه‌ده‌بی چوارچێوه‌یه‌كی زه‌ینی هه‌یه. ئه‌م چوارچێوه‌یه‌شی به‌پێی باری ده‌روونی به‌رده‌وام له فراوانبوون و بچووكبوونه‌وه‌دایه.
ساتی نووسینه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی خه‌ون چالاكییه‌كی زمانه‌وانی و وشیارییه‌كی ڕه‌سه‌ن و ڕوونبوونه‌وه‌ی ڕوانین و جیهانبینییه له‌ناو ڕووداوه‌كانی كولتوور و كۆمه‌ڵگا و خه‌ونبینیدا. له ئاستێكی گشتگیری سه‌یری ساتی نووسینه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی خه‌ون بكه‌یت، سه‌یركردنێكی دامه‌زرێنه‌ره. تا نووسراوه به‌رهه‌مهاتووه‌كه بچێته ناو كۆمه‌ڵگا و شوێن نیشانه وه‌ربگرێت، وه‌ك ڕووداوێكی به ئه‌نجام له‌ناوه‌وه‌ی ڕووداوی كۆمه‌ڵگادا كاریگه‌ری و جووڵانه‌وه‌ی ئاشكرا به‌ده‌سته‌وه بدات. بچێته ناو بیر و بیركردنه‌وه‌ی ڕۆشنبیری كۆمه‌ڵگای كوردی و ئاسۆی هاوچه‌رخی و ڕه‌سه‌نایه‌تی به‌سه‌ردا بكرێته‌وه، كه ئاسۆی هاوچه‌رخی و ڕه‌سه‌نایه‌تی به‌سه‌ردا كرایه‌وه به‌های ڕاسته‌قینه وه‌رده‌گرێت. له چێژی میللی دوور ده‌كه‌وێته‌وه و ده‌چێته ناوه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب، ناوه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیش چێژی ده‌سته‌بژێری كۆمه‌ڵگایه.
هه‌ر ئه‌ده‌بێكی نووسراویش نه‌یتوانی بچێته ناوه‌وه‌ی ده‌سته‌بژێری كۆمه‌ڵگاوه، پێویسته گومان له زه‌مینه و مه‌به‌ست و ئاست و ئاراسته‌كانی بكرێت. ڕه‌گه‌زی سه‌ره‌كی له‌ناو ڕۆشنبیری و كولتووری كوردی هه‌بووه، كه‌چی نه‌توانراوه بۆ ساتی نووسینه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی خه‌ون كاری پێبكرێت، به‌سوود وه‌رگرتن، خه‌ونبینین بهێنێته پێشه‌وه. نموونه: خۆدواندن و دواندن و گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕابردوو له ڕێگای بیرهاتنه‌وه‌ی كتوپڕ و هونه‌ری په‌خشانه‌شیعر، ئه‌م ڕه‌گه‌زانه له حه‌یران و لاوك و به‌یته خۆماڵییه‌كاندا به‌زه‌قییه‌وه دێنه ناو زه‌ینمانه‌وه، كه‌چی له نووسینی شیعری كوردی، ئه‌م ڕه‌گه‌زانه‌مان له ڕۆشنبیری و كولتووری بێگانه‌وه وه‌رگرتووه. نه‌مانتوانیوه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ماك و ڕه‌گی ڕۆشنبیری و كولتووری خۆماڵیمان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وانه بنچینه‌ن، ده‌بووایه له‌وانه‌وه بكهوتبووینایه ڕێ و هه‌نگاو هه‌ڵگری خۆمانبین.
وڕێنه‌كردن به‌ناوی نووسینه‌وه له‌ناو ئه‌ده‌بی كوردی ده‌ركه‌وتووه، له‌هه‌مان كاتیش‌دا گومانی لێ ده‌كرێت، چونكه به‌پێوه‌ر و ڕێسا و بنه‌مای ناو كتێبان به‌ڕێوه ده‌چێت. به‌تاڵه له سه‌رچاوه‌ی كوردی و ئاسۆ و ئاستداریی زمان.
به‌م جۆره كاركردن ڕوخساری نووسینی كوردی ڕاسته‌قینه‌ی له‌كه‌دار و ئاوڵاوی كردووه، ئاسانه لاساییكردنه‌وه‌ی بلیمه‌تانی بێگانه، ئاخۆ چه‌ند له گه‌وره‌یی ئه‌وان به‌ر منی كورد ده‌كه‌وێت. خۆ بوونی منی كورد له‌م شێوازه نووسینه له چیدایه.
ڕه‌نگه ئێمه له بیناسازی و دیمه‌نی شه‌قام و باخچه گشتییه‌كان ….. تاد، نوێ ببینه‌وه، به‌ڵام له گیان و خه‌ونبینین نوێ نابینه‌وه، چونكه له گیان گه‌مارۆی ئایینمان له‌سه‌ره. ته‌نیا له ئایینیشدا بینین جێگیر و نه‌گۆڕه و كڵێشه به‌ندی وه‌رگرتووه.
ده‌قی خه‌ونی له كۆمه‌ڵێك هێما و هێماپێكراوی زمان و ڕوانین و جیهانبینین پێكهاتووه، هه‌میشه گیان له پله‌یه‌كی ئه‌فسوون و جادووییدا یارمه‌تیده‌ریه‌تی بۆ چركه‌ساتی نووسین و چوونه ناو گیانی مانا زیندووهكان، له ئازادكردنی شێواز و مۆركه زمانییه‌كاندا. هه‌م له وێنه و هه‌م له ماناشدا پشت به ڕه‌گه‌زی كتوپڕی و جیاكاری ده‌به‌ستم.
ده‌قی خه‌ونی له بنیادی گشتیی ڕسته‌كانیدا سنوور ده‌به‌زێنێ، ده‌ستكه‌وتێكه به‌هۆی لێكدانی پیت و دروستبوونی وشه و ڕسته‌دا، باره‌كان ده‌كرێنه هه‌ست و ده‌خرێنه ڕوو. ئه‌و پرسیاره‌مان ڕووبه‌ڕوو ده‌كه‌نه‌وه، نهێنی و ئه‌فسوونی مرۆڤبوونمان چییه.
باره‌كانی ده‌قی خه‌ونی هاوسه‌نگییه‌ك له نێوان هێما و هێماپێكراو دروست ده‌كات، ئه‌م دروستبوونه‌ش كاكڵه‌ی ئه‌زموون و سه‌رچاوه‌ی كار و كرده‌ی دامه‌زراندنی ده‌قی خه‌ونییه له ده‌ستنیشانكردنی جۆر و ئاستی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان هێما و هێماپێكراو.
ده‌قی ئاسایی له‌سه‌ر ئه‌م ڕێسایه دامه‌زراوه: نووسه‌ر، ده‌ق، خوێنه‌ر، كات، شوێن. ئه‌مانه ئاماژه‌ن بۆ سنووربه‌ندكردن و یه‌ك دووریی زمانی ده‌ق، زمانی ده‌قی سنووربهندكراویش ناتوانێت هه‌موو هه‌ست و خۆزگه و چالاكییه‌كانی مرۆڤ له‌خۆ بگرێت، یان له‌خۆی نزیك بكاته‌وه، كه بوونی مرۆڤ پرسیارێكی كاریگه‌ره له ناوكی بوون ده‌كرێت.
من زمان ده‌نووسم، له‌باره‌ی زمانه‌وه نانووسم