Skip to Content

کورشی مەزن(کەبیر) و “مافی مرۆڤ” لە سەردەمی کۆیلایەتیدا!.. حەمید تەقوایی وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر

کورشی مەزن(کەبیر) و “مافی مرۆڤ” لە سەردەمی کۆیلایەتیدا!.. حەمید تەقوایی وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر

Closed
by ئه‌یلول 18, 2022 General, Opinion

حەمید تەقوایی: ئەوەی کۆڕەش کردوویەتی و نەیکردووە، باسێکی کراوەیە بۆ مشتومڕ. دەتوانین بڵێین کۆڕەش کەسێکی زۆر گەورەیە چونکە کاتێک هێرشی کردە سەر شوێنێک، بە زۆر ئاینی کەسی نەگۆڕیوە! من دەڵێم بۆ چی لەبنەڕەتدا هەر هێرشی کردوە؟!

ئایا لەگەڵ ئەوەدایت کە کورش ئیمپراتۆر بووە؟ ئێمە دەڵێین ئیمپراتۆریەتی هەخامەنشنی، ئێستا بۆ دەبێ ئیمپراتۆرێک هەرچەندە میهرەبان و بەخشندە و باش بێت – ئەگەر بووبێتیش لە چوارچێوەی سەردەمی خۆیدا بووە – بۆچی ئەبێت مۆدێلی من بێت؟ چەند هەزار ساڵ بەسەر ئەو سەردەمەدا تێپەڕیوە؟ 2600 ساڵ. ئایا دەتوانرێت مۆدێلی مرۆڤی ئەمڕۆ هەمان مۆدێلی دوو هەزار و ٦٠٠ ساڵ پێش ئێستا بێت؟ ئایا هەر ئەمە خۆی گێڕانەوەی کۆمەڵگا نیە بۆ دواوە؟ مۆدێلی ئێمە دەبێ سەری لە جیهانی پیشەسازی 100 ساڵ لەمەوبەرەوە بێنێتە دەرەوە. پێوەرە مرۆییەکانی ئەمڕۆ لەم کۆمەڵگایانەی ڕۆژئاوادا، بۆ نموونە هەر لەم سویدە، ئەوەیە کە دەبێ سەگەکە لە سەر شەقام و کۆڵانەکاندا بگەڕێنیت، ئەگینا پۆلیس دەتگرێت؛ ئینجا پێوەری ئێمە کوڕشی گەورەیە؟!

ئایا ستانداردی ئێمە دەتوانێت ئیمپراتۆرێک بێت کە لە سەردەمی کۆیلایەتیدا وڵاتێکی کردوەتەوە و گوایە خەڵکێکی کەمتری کوشتووە – چونکە بەهەر حاڵ لە جەنگدا دەبێت کەسێک بکوژیت بۆ ئەوەی وڵاتێک داگیر بکەیت، وەک ئەوە نییە هەموو وڵاتان چاوەڕێی “کۆریشی گەورە” بووبن بۆ ئەوەی بێت و… ڕزگاریان بکات، ئاخر دەبوو شەڕ بکات و داگیر بکات، و بە بێگانەیەک بۆ خەڵکی وڵاتی داگیرکراو دادەنرا – و بێگانەیەکی میهرەبان بوو!؟ نموونەی جەنگیزخان – کە هاوڕێیەک لە پرسیارەکەیدا وروژاندی – زۆر سەرنجڕاکێشە. پاڵەوانە نەتەوەییەکانی وڵاتێک بکوژانی خەڵکی وڵاتانی دیکەن، وەک جەنگیزخان. جەنگیزخان لە مەنگۆلیا دەپەرسترێت، بەڵام هەموو جیهان بە بکوژ و بەربەری دەیناسن. نادر شا ئەفشار یەکێکە لە “پاشا گەورەکانی ئێمە”یە، بڕۆ بزانە لە هیندستان چی لەسەری دەڵێن. بەپێچەوانەوەیە، بەدڵنیاییەوە مەحمود ئەفغان لە ئەفغانستان زۆر بەناوبانگە، بەڵام ئێمە بە تف و نەفرەت باسی دەکەین. عومەر پاڵەوانی عەرەبە بەڵام لە ئێران ئێمە عومەر-کوژران* بەڕێ دەخەین.

کێشەکە ناسیۆنالیزمە. ناسیۆنالیزم پرسەکە لە چوارچێوەی نەتەوەییدا وەردەگرێت. ئەوە نییە بێ گوێدانە ئەوەی ئێمە ئێرانین، هەموو مێژوومان گەڕاین و کورۆشییەکمان دۆزیەوە، کە زۆر باشە! کەواتە بۆچی ناچین بودا هەڵبژێرین؟ چینیەکان ئەو کارە دەکەن، ئێمە نایکەین چونکە چینی نین! من دەمەوێت بڵێم کورشی گەورەدا پەیوەندییەک هەیە، هەندێک کاریگەری لاوەکی هەیە، وەک ئەوە نییە کە ئەبستراکتەکەی مێژووم خوێندبێتەوە، بینیم ئیمپراتۆریەتێک هەبووە بە ناوی کوروشی مەزن کە زۆر میهرەبان بوو و ڕێزی لە مافی مرۆڤ دەگرت! نەخێر کۆڕەش کەبیر ئێرانییە و ئێمەش ئێرانین. نازانم بۆچی دەبێت کۆڕەش کەبیر نوێنەرایەتی خەڵکی بەنگلادیش بکات! ئێرانیبوون لەلایەن کۆڕەش کەبیرەوە بەئێوە فرۆشراوە، شوناس و نەتەوەی ئێرانیتان بەرجەستە بووەتەوە. بڕۆ مێژووی ئەو وڵاتانە بخوێنەوە کە کورشی مەزن داگیری کردوون، دەڵێ کورش هێزێکی داگیرکەرە، هەرچەند میهرەبان بێت، بەڵام لە کۆتاییدا زلهێزێکی بێگانە بوو کە شکستی پێهێناین. ئایا دەڵێین عومەر چ کەسێکی میهرەبان بوو یان نەبوو؟! بەڵام هات و ئێرانی گرت.
من دەڵێم لەگەڵ کۆڕەش کەبیر شتێکی ترت پێ دەفرۆشن، تەنانەت ئەگەر لە ئێوەش قبوڵ بکەم کە ئەو تابلۆیەی کۆڕەش کەبیر نوسیویەتی زۆر لەبارەی مافی مرۆڤەوەیە، پێش هەموو شتێک ئێوە کەم لوتفیەکی زۆرتان بەرانبەر بە مافی مرۆڤ نیشانداوە، وە دووەم: کۆرەش کەبیرت زۆر گەورە کردووە.! ئەگەر مافەکانی مرۆڤی ئەمڕۆ لەخۆ نەگرێت کە چۆن ژینگە بپارێزیت و چۆن نابێت دارستانەکان وێران بکەیت و چۆن ڕێز لە مافی ئاژەڵە ماڵیەکەت بگریت، ئەوا ئەو مافە مرۆڤانە مافی مرۆڤ نین. مافی ژیان، مافی ژیانکردن بەشێکە لە مافی مرۆڤی نەوەی ئەمڕۆ، ئایا من ڕەوانەی کۆڕەش کەبیر دەکەیتەوە؟ باشە تەنها بۆ ئەوەی بڵێم هونەر هی ئێرانییەکانە و تەواو! ئەگەر بمەوێت سەیر بکەم ئایا لە مێژوودا کەسایەتی کەم هەیە؟ چی لە ڤۆڵتێردا هەیە؟ چی لە ڕابسپیردا هەیە؟ ئێستا من ناڵێم مارکس، تۆ دەڵێی هی کۆمۆنیستەکانە. گەورەکانی شۆڕشی گەورەی فەرەنسا، پەنجەی بچوکیان بەهای ١٠٠ کورشی گەورەی هەیە، گرنگی کورشی گەورە ئەوەیە کە ئەو ئیمپراتۆر بووە؟ کە بە لاوازی دادەنرێت! ئەوان ئیمپراتۆر نەبوون، شۆڕشگێڕ بوون کە هەروەها کوژران! …..میرابۆ! یەکێک لە وتارەکانی میرابۆ بەهای دەیان تابلۆی کۆڕەش کەبیرە! هونەری دروست نەکردووە، هی سەردەمی شۆڕشی پیشەسازی و سەردەمی ئەمڕۆیە. مافی مرۆڤ و ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگا بە تێگەیشتنی مرۆڤایەتی لە سەدەی بیست و یەکدا پێناسە دەکرێت، بۆچی من دەبەن بۆ قووڵایی مێژوو؟ من چ پەیوەندییەکم بە کۆڕەش کەبیرەوە هەیە، بۆ کۆڕەش کەبیر دەتەوێت ماست و خەیارەکەی ناسیۆنالیزمی تێبکەیت، ئەگینا ئەم چڵەوکەبابە هەندێک شتی تری لە تەنیشتی دەبێت: ماست و ژاژک، رەیحانە، نان و دۆیەک، کە هەمووی ئەمانە خۆماڵی و نەتەوەیی ئێرانین ئیتر، وەک ئەوە نییە کە ئێمە کوڕشێکی گەورەی ئەبستراکتمان هەبێت.

وەک ئەوە وایە جارێک کەسێک قسەی لەگەڵ من دەکرد، ئەو یەکێک بوو لە موسڵمانە دووی خوردادیەکان، بابەتەکەش لەسەر ئایین بوو. وتم دین بە زۆر و بۆماوەییە. کەس دینەکەی هەڵنابژێرێت. وتی نەخێر من خۆم دینەکەم هەڵبژارد، پرسیم دینەکەت چییە؟ وتی شیعەی دوانزە ئیمامی. پرسیم ئاینی دایک و باوکت چییە؟ وتی شیعەی دوانزە ئیمامی، بەڵام من چووم هەڵمبژارد. پرسیم، ئایا ئەوە مانای ئەوەیە تۆ چووی و هەزاران ئایینت خوێندەوە، لێکۆڵینەوەت کرد و دواجار هاتیتە سەر ئایینی دایک و باوکت و هەڵتبژارد؟! چ ڕێکەوتێکە! وەک ئەوە وایە ٦ جار لەسەر یەک جووت ٦ لەسەر یەک بەدەست بهێنیت، ئەگەرەکە وەک یەکە! بۆ نموونە ئایا ئایینی بودا باشتر نەبوو؟ ئایا هەمان ئایین کە لە کۆمەڵگای ئێوە و دایک و باوکتدا هەیە باش بوو؟ من دەڵێم، تۆ گاڵتە دەکەیت، من چوومە دیراسەی مێژوو و پاڵەوانێکی مافی مرۆڤم دۆزیەوە، ئەو کێیە؟ کورشی گەورە! بەڕێزان باشە ئێمەش ئێرانین، بەختمان هەبوو! ئایا عەرەب دەچێت و دەگەڕێتەوە و بە کوێرەوەرییەکی گەورە کۆتایی دێت؟ یان ئەوروپی؟ یان هیندی یان میسری؟ ئایا لە میسر فیرعەونێکی ئەخلاقی نادۆزیتەوە؟ بە دڵنیاییەوە بۆی دەردەکەوێت کە زۆرێک لەو خەڵکەی نەکوشتووە کە دیلیان کردووە، مافی منداڵبوونی بە کۆیلەکانی داوە.

ئازیزان، ئێرانیبوون بەشێکە لە چیرۆکەکە، پەنجە خستنە سەر ڕەگەزی ئێرانی و پێشوەختەی ئێرانی و ئێرانیبوون بەشێکە لەم چیرۆکە، کە “هونەر لای ئێمەی ئێرانییە و بەس” بەشێکە لەم چیرۆکە. گاڵتە مەکە، ئەگینا ئەگەر بتەوێت بچیت بەناو کتێبەکانی مێژوودا بگەڕێیت و توخمە مێژووییەکان تێیدا بدۆزیتەوە، من دەڵێم بودا، کێ دەڵێت بودا لە کورشی گەورە خراپترە؟ من دەڵێم حەمورابی، عێراقییەکان دەڵێن حەمورابی! من دەڵێم نێڵسن ماندێلا…- ئەگەر بتەوێت لەناو دەسەڵاتدارەکاندا بدۆزیتەوە- لەبنەڕەتدا ئەو پێداگریە چییە کە دەبێت ئیمپراتۆر بێت و تاجی لەسەر دابنرێت؟ چونکە بەزۆری فەرمانڕەواکان پێش ئەوەی ببنە فەرمانڕەوا ستەمیان دەکرد. ئیمپراتۆر گاڵتە نییە! ئیمپراتۆر کە بە دابەشکردنی نان و حەلوا نەبووە تە ئیمپراتۆر، ڕکابەرەکانی کوشت و لێیدان، وڵاتانی دراوسێی دا گیرکرد و شاکەی تەنیشتی لە دەسەڵات لابرد، شەڕی دەستپێکرد، لەشکرکێشی کرد و ئەو سەربازانە کۆیلە و کۆڵبەر بوون، کە کۆمەڵ کۆمەڵ بە بەسەرەنێزەو تیر کوژران. ڕەنگە ئەوە لە مێژووی خۆیدا و لە سەردەمی خۆیدا جێگەی تێگەیشتن بێت، بەڵام تکایە مەیکەن بە مۆدێلی مرۆڤی سەدەی بیست و یەک.
من کە تەنانەت دەڵێم شۆڕشگێڕە گەورەکانی فەرەنسا لە ڕابردودان، تۆ من ڕەوانەی بۆ لای کۆڕەش کەبیر دەکەیت؟ ئەگەر بمەوێت مارکس زیندو بکەمەوە، دەبێت ئەمڕۆیی بکەمەوە، مارکس هیچی لەبارەی ژینگەوە نەوتووە، ئەو لەدواوەیە. سەیری کێ بەرکێکانی دونیای ئەمڕۆ بکە، سەیری پرسە جیهانیەکانی دونیای ئەمڕۆ بکە، دەبێت بچیت دارستانەکانی بەرازیل ڕزگار بکەیت، نابێت ڕێگە بدەیت نەوەی باڵندە و ئاسک و ورچی جەمسەری نەمێنێت چونکە ئیکۆلۆژیا تێکچووە، دەبێت بڕۆن و چارەسەری کێشەی چینی ئۆزۆن بکەیت، دەبێت بڕۆی بۆشایی نێوان ملیاردێرەکانی وەک ڕۆکفێلەر و بیل گەیتس لەگەڵ هەژاری لە نیویۆرک چارەسەر بکەیت، کۆڕەش کەبیر؟ گاڵتە دەکەیت ئیتر؟ تکایە کۆڕەش کەبیر لە کەیسی ئێراندا بخەرە سەر ڕەفە. ئێمە لە مێژوودا لێی دەکۆڵینەوە، دەڵێین میهرەبان بوو، زۆری نەکوشت، کەمی کوشت، تەنانەت یەکەم مافی مرۆڤی نووسی! بەڵام ناتوانرێت لە سەردەمی کۆیلایەتیدا یەکەم بەیاننامەی مافی مرۆڤ بنووسرێت. ئەوان بە هیچ شێوەیەک مرۆڤ قبوڵ ناکەن، کۆیلەکان بە پێی بیرکردنەوەی ئەو قۆناغە مرۆڤ نین، لە سەرووی ئەوەشەوە دەڵێی میهرەبان بە لەگەڵیان وەک چۆن لەگەڵ سەگدا میهرەبانیت، ئایا ئەمە بەسەر مافی مرۆڤدا هاتووە؟ ئایا ئەمە پاشەکشە نییە؟ باشە وەک هەموو کەسێک لە سەردەمی خۆیدا، کورشی گەورە بڕوای بە کۆیلە هەبوو، ئێستا کۆیلەکانی ئازاد کردووە یان بە باشی مامەڵەی لەگەڵدا کردووە، بەڵام سیستەمی ئەو سەردەمە سیستەمێکی کۆیلایەتی و ئیمپراتۆریەت بووە، ئایا کورشی گەورە دیموکرات بووە؟ کەواتە بۆچی ئەو ئیمپراتۆر بوو؟ پەرلەمان لەکوێیە؟ ئێوە دیموکراسی پەرلەمانیتان ناوێت، بۆ ئەمەتان دزەپێکرد؟ پەرلەمان کوێر بوو؟ یان شورایی ئیمپراتۆریەتەکەی بەڕێوەبردووە؟ ئەو پاشا بوو، پاشاش فەرمانی خۆیەتی. یاسا لە سەردەمی کوروشی گەورەدا هیچ مانایەکی نییە. من دەمەوێت بڵێم کێشەکە بۆ کوڕش نییە، هی ئەو سەردەمەیە، ناتوانم مۆدێلی خۆم لە سەردەمی کۆیلایەتیەوە بهێنم. هەر بۆیە دەڵێم ئەم نوسخەیەی کۆڕەش کەبیر بەشێکی جەوهەری ئێرانییە.

لەوانەیە بڵێی ناسیۆنالیزم زۆر باشە، بەڵام بەڕای من بەهیچ شێوەیەک باش نییە. بناغەی ناسیۆنالیزم واتە کاتێک بەرژەوەندیەکانت لەگەڵ بەرژەوەندی دراوسێی تەنیشتەوە بەریەک دەکەون، بەرژەوەندیەکانت گرنگترە لەوەی کێ مافی هەیە و کێ ڕاستە. ناسیۆنالیزم واتای ئەمەیە! ناسیۆنالیزم واتا لە یەک ڕۆژدا دەچێت و بە بۆمبێک لە هێرۆشیما دەدات و سەدان هەزار کەس دەکوژێت و تا دەیان نەوەی داهاتوو بە کوێر و ئیفلیج بەجێی دەهێڵێت و دواتر دەڵێت سەرکەوتنی میللەتی ئەمریکی! ناسیۆنالیزم واتای ئەمەیە! لەم کۆمەڵگا شارستانییە ئەمریکییەدا. تا تەنها چەند ساڵێک لەمەوبەر بە حکومەتی ژاپۆنیان وت کە پێویستە داوای لێبوردنمان لێ بکەن بۆ “پیرڵ هاربەر”، ئەو خۆی چوو و دوو شاری کردە دۆزەخ بۆ سەدان هەزار کەس، بەڵام ئەو دەڵێت کە پێویستە بێیت و داوای لێبوردن لە منبکەیت، بۆ؟ چونکە من ئەمریکیم، چونکە یەک ئەمریکی یەکسانە بە هەزار غەیرە ئەمریکی! ئەو چووەتە بەغدا و سەدان هەزار کەسی کوشت، خەمی ئەو ئەوەیە کە نابێت تەرمی سەربازە ئەمریکییەکان لەژێر ئاڵای ئەمریکادا بگەڕێندرێنەوە، چونکە کۆمەڵگەی ئەمریکی کاتێک ناڕەزایەتیەکانیان دەجێتە سەرەوە کە ئەریکاییەک بمرێت ئەوان گرنگی بە مردنی ژنان و منداڵ و پیر و گەنجی عێراقی نادەن. ناسیۆنالیزم واتای ئەمەیە. ئەمە ژەهرە. “ئێرانی، ئەگەر نەمرین، سەردەکەوین، ئەگەرنا، هەزاران عەرەبی چەقەڵخۆر بکوژن، ئەم چەقەڵخۆرانە زوڵمیان لێکردووین، دەبێت لەناوببرێن، بەهیچ شێوەیەک مرۆڤ نین، کۆڕشی گەورەیان نییە”. تارمایی، ئێمە کوروشێکی گەورەمان هەیە، ئێمەک کە کوڕشێکی گەورەمان هەیە ئێمە لە عەرەب و تورک و مەغۆل باڵاترین. ناسیۆنالیزم واتە ئەم دۆستانە.

ناتوانرێت حسابێکی باش بۆ ناسیۆنالیزم بکرێت. کەس ناتوانێت لاشەخۆرێک وەک نیشانەی ئاشتی بەکاربهێنێت، نیشانەی ئاشتی زۆرترین کات دەبێت کۆتر بێت. ناتوانی ئیمپراتۆریەتێکی سەردەمی کۆیلایەتی وەک کۆترێکی مافی مرۆڤ بفرۆشیت. من ئەم کاڵایە ناکڕم. من دەمەوێت کۆترێک بێت، بەڵام کاریگەری لاوەکی و شتی دەرەوەی هەیە کە ئەو کەسەی پێی وایە هونەر هی ئێرانییە و بەسە بۆ ئێستا، هەروەها ئەو ەشی هەیە کە یەکەم مافی مرۆڤیان لە خاکی پاکی ئێراندا نووسیوە ، و ئەمەش ئەبێتە بەشێکە لە دەمارگیریەکەی ، بۆیە بڕۆ، عەرەبە چەقەڵخۆرەکە بکوژە، بۆ ئەمجارە بۆچی؟ چونکە کورشی مەزن ئێرانییەکی گەورە بووە! چونکە من بۆ یەکەم جار مافی مرۆڤم دۆزیەوە! من ئێرانیم! ڕوون نییە ئێمە چ پەیوەندییەکمان بە کورشی گەورەوە هەیە، مەغۆلەکان هاتن، تاتارەکان هاتن، عەرەب هاتن، ڕەگەزمان گۆڕاوە، خوێنمان گۆڕاوە، بەڵام ئێمە هێشتا نەوەی کورشی گەورەین! نەخێر! زۆربەمان نەوەی عومەر و جەنگیزخان و مەحمودی ئەفغانین هەتا نەوەی کوروشی کەبیر! ئەم پێداگرییە چییە؟! ئەم ڕەگەز و خوێن و باوباپیرانە لە کوێوە هاتوون؟ کام باوباپیران؟ بە تایبەت مێژووی ئێران کە بە بڕوای ئەلئەحمەد فانووسێکە لەسەر سەری خێوەتی هێزە داگیرکەرەکان. ئایا دەزانی چەند عەرەب و تورک و مەغۆل لە خوێنی ئێمەدا هەیە؟ کورشی گەورە چی ترە؟ کورشی گەورە خۆی دەرئەنجامی چ ڕەگەزێک بوو؟ ئەوە ڕوون نیە. کەواتە واز لەم پێوەرانە بێنن و تکایە وەک خودی “ئازادی” داوای ئازادی بکەن. داوای یەکسانی بکە وەک “یەکسانی” خۆی. بۆ دەبێ خۆمان لە گەڵای ئاڵا و یەکپارچەیی خاک و تارمایی گەورەدا بپێچینەوە. بڵێ ئازادیم دەوێت، بڵێ ژن و پیاو یەکسان بن، مرۆڤ مرۆڤ مرۆڤ بێت، تەنانەت مەڕ سەربڕینی ئیسلامیش قەدەغەیە، چونکە ئەشکەنجەدانی ئاژەڵە. کورشی گەورە وتی؟ نەخێر من دەڵێم عەقڵم لە هەموویان زیاترە، ڕەنگە لە سەردەمی خۆیاندا زۆر پێشکەوتنخواز بووبن، باش بووبن بۆیان، ئەگەر بمەوێت لە سەردەمی خۆمدا پێشکەوتنخواز بم، پێویست ناکات بگەڕێمەوە بۆ کۆڕەش کەبیر ٢٦٠٠ ساڵ لەمەوبەر. کۆڕەش ئەگەر کەسێکی گەورە بوو باسی سەردەمی خۆی کرد. ئەگەر دەتەوێت ببیتە ئاڵاهەڵگری خەڵکی ئەمڕۆ، ئەوە قسە لەبارەی سەردەمی خۆتەوە بکە.

——————————————————-


*عومەر کوژران:ڕۆژێک لە ئیران هەبوە بەناوی عمر کشی یان عمر کشان ئاهەنگیان گێڕاوە بە بۆنەی کوژرانی عومەری کوڕی خەتاب وئەم ڕۆژە لەسەردەمی سەفەویەکاندا بروی پیدراوە ودواتر لەلایەن خومەینیەوە قەدەغەکراوە.لە ویکی پیدیای فارسیەوە وەرگیراوە.وەرگێڕ
١٦\٩\٢٠٢٢

Previous
Next
Kurdish