Skip to Content

ئایا نەورۆز ڕۆژێکە لە ڕابردوو و بۆی دەگەڕێینەوە، یان ڕۆژێکە لە ئێستادا و دەمانەوێت تێیبپەڕێنین؟

ئایا نەورۆز ڕۆژێکە لە ڕابردوو و بۆی دەگەڕێینەوە، یان ڕۆژێکە لە ئێستادا و دەمانەوێت تێیبپەڕێنین؟

Closed
by ئازار 19, 2023 dengekan, General, Opinion


 کاتێ بە وردی سەرنج لە فیکر و ئەدەبی خۆمان دەدەین، ئەوا هەست بە نەبوونی چەمکی (تێپەڕاندن) دەکەین، لە بەرانبەردا (گەڕانەوە بۆ ڕابردوو) ئەو هەستە ساکارەیە بەسەر تێگەیشتنماندا زاڵە.

گەڕانەوەی کورد بۆ ڕابردوو گەڕانەوەیەک نییە بە مەبەستی بینینی ئەو ڕەگەزانەی توانای گۆڕانکارییان هەیە، بەڵکو جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی هێشتا لەو زەمەنە دانەبڕاوە، بگرە پێوەندیی پتەوی لەگەڵیدا ماوە. بە مانایەکی دیکە گەڕانەوەیەکە بارگاوی بە سۆزێکی قووڵ بۆ ئەو ڕابردووەی دەتوانێت دڵنیاییی پێ بدات، بۆیە نەک ویستی تێپەڕاندنی نییە، بەڵکو وەک زەمەنێکی پیرۆزیش لەو ڕابردووە دەڕوانێت. بەم شێوەیە نەورۆز ڕۆژێکە بۆ ئەوەی تاکەکان تێیدا هەست بکەن هێشتا هەم بەشێکی دانەبڕاوی ئەوانەی دیکەن و هەم توانیویانە ڕابردوو بپارێزن.

بەرزبوونەوەی سروود و گۆرانی لە بڵندگۆی ماڵەکان، هەڵپەڕکێی کچان و کوڕان بە جلی ڕەنگاوڕەنگ لە دەشت و قەدپاڵی شاخان، هەڵچوونی دووکەڵ بۆ ئاسمان و ئامادەکردنی خۆراکی جۆراوجۆر ئەگەر لە ڕواڵەتدا مانای خۆشی و شادی بێت، ئەوا لە ڕووی سیمبوڵییەوە مانای ئەوە دەگەیەنێت تاک لەو ڕۆژەدا زیاتر هەست بە دڵنیایی دەکات، کاتێ دەبینێت لە زۆربە دەچێت و لە گرووپە گەورەکان دانەبڕاوە.

 کەی نەورزۆ دەبێتە ڕۆژێک، کە مانای ڕۆژێکی نوێ بگەیەنێت، نەوەک بۆ ڕابردوومان بگەڕێنێتەوە؟

 ئایا نەورۆز خۆی هەڵگری مانایە، یان ماناکانی خۆی لە شێوازی تێڕوانینی مرۆڤەوە وەردەگرێت؟ ئێمە چ تێڕوانینێکمان بۆ نەورۆز هەبووە؟

 هێشتا مرۆڤی ئێمە وا لە نەورۆز دەڕوانێت خۆی هەڵگری مانایە، نەوەک وا بزانێت ئەوە مرۆڤ خۆیەتی مانای پێ دەدات و دەشتوانێت بەردەوام ئەو مانایە نوێ بکاتەوە. کەی نەورۆز دەبێتە ڕۆژێک هێندەی جەژنێکی گشتی بێت، هێندەیش ببێتە ڕۆژێکی تایبەت بە هەر تاکێک، بەو مانایەی هەر تاکێک لەسەر شێوازی خۆی نەورۆز بکات.

ئایا لە نەورۆزێکەوە بۆ نەورۆزێکی دیکە ئێمە جیاوازیمان لە ئاسەتەکانی مەعریفەدا دەرخستووە؟ ئایا لە نەورۆزێکەوە بۆ نەورۆزێکی دیکە ئێمە گۆڕانێکمان بەسەردا هاتووە؟ ئایا لە نەورۆزێکەوە بۆ نەورۆزێکی دیکە چیی نوێمان خستووەتە سەر ئەم دنیایەی خۆمان و هیی ئەوانەی دیکەوە؟ ئایا بەبێ تێپەڕاندن و دروستکردنی ئاییندە دەشێت ڕابردوو هەبێت، تاکو یادی بکەینەوە؟ گوناهی نەورۆز نییە ئێمە هەموو ساڵێک بە هەمان شێوە یادی دەکەینەوە، بەڵکو گوناهی تێگەیشتنی خۆمانە، کە هێزی دابڕان و تێپەڕاندنی نییە. ئیدی بەو هیوایەی نەورۆزی ئەمساڵ لە هیی پار و هیی ساڵی داهاتوو لەوەی ئەمساڵ جیاواز تر بێت. هیوادارم نەورۆزەکانی داهاتوومان لە یەکتر نەچن.

نەورۆزتان پیرۆز…

دەنگەکان

+ ئەم نووسینە لە نەورۆزی ٢٠١٥ی شاری تۆرۆنتۆ خوێندراوەتەوە..

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish