بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گـومڕا-56-.. شەماڵ بارەوانی
بەشی(٥٦).
با ئەو تازە فەقێیانە، فێندەمێنتالیست و توندڕۆ دەرنەچن!
نموونەکی تری خۆش هەیە بۆتانی بگێڕمەوە، هەر لەو حوجرەی مزگەوتی حاجی بەدرییە، بە حوکمی ئەوەی من دەیان جۆر ڕۆژنامە و گۆڤارم دەخوێندەوە، کاکە یوسفەک هەبوو، خەڵکی گەڕەک بوو و ئەهلی مزگەوت و جەماعەت بوو. پیاوێکی زۆر هێمن و بەڕێزبوو، لە فەرمانگەیەک فەرمانبەر بوو، هەفتانە هەموو ئەو گۆڤار و ڕۆژنامانەی کە بۆیان دەهات، دواترئەو بۆمنی دەهێنان. خۆشم هەر گۆڤار و ڕۆژنامەیەکی ترم لەبازاڕ بەرچاو کەوتبوایە، دەمکڕین.
لە نموونەی: گوڵان، هاوڵاتی، ئاوێنە، هەولێر پۆست، برایەتی، لڤین، باس نیوز، وشە، چرپە، هۆنیا، میدیا…تاد.
من هەمان شێوەی موتاڵای کتێب، زۆرم حەز لە خوێندنەوەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانیش دەکرد. هەرچی هەواڵی هونەری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بوایە، دەمخوێندەوە. دواتر دەمانکردن بە خوانی نانخواردن.
جا هەندەک فەقێمان لەگەڵ بوون، تازە فەقێبوون، من و فەقێیەکی تریش لە کۆلێژی شەریعەبووین، کە ئێستا مەلایە، لە دەڤەری ئاکرێ و ئەو ناوە.
دەمانگوت: با ئەو تازەفەقێیانە، مێشک وشک و فێندەمێنتالیست و داخراو و توندڕۆ دەرنەچن، هەرچی وێنەی ژنە هونەرمەند و گۆرانیبێژ و ئەکتەری تورکی و عەرەبی و بیانی بوو، وێنەی هەرچی ژنە وەرزشوانە جیهانییەکانی سەر ڕۆژنامە و گۆڤارەکان هەبوو، کە بە قەناعەتی ئەوکاتی ئێمە، وێنەی نیمچە سێکسی و وروژێنەر بوون، دەمانکردن بە خوان، دەمانگوت با فەقێکان لەکاتی نانخواردن بەرچاویان بکەوێت و بە دڵی خۆیان سەیری کەن و کاریگەرییان لەسەر دروست بکات.
هاهاها ئینجا دەمان دا قاقا. چەندین جار ئەوکارەمان لە حوجره، دووبارەکردەوە.