Skip to Content

چەند سەرنجێک دەربارەی رەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵاندا.. عەلی حەمەڕەشید

چەند سەرنجێک دەربارەی رەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵاندا.. عەلی حەمەڕەشید

Closed
by تشرینی دووه‌م 30, 2023 General, Kids Literature

رەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵانی کوردیدا ناونیشانی کتێبێکی رەخنەیی نوێی نووسەر و لێکۆڵەر مامۆستا (فازیل شەوڕۆ)یە، کتێبەکە لە دوو توێی (120) لاپەڕەی نیو ئەیفۆڕدایە و لەچاپخانەی (پاندا) بە تیراژی 500 دانە چاپکراوە.
ئەم کتێبە بە شێوەیەکی جوان و زانستی و بەسەلیقەیەکی وردەوە باسی ژینگەی منداڵ و شیعر و ژینگە و پەیوەندی نێوان شاعیر و ژینگە و بونیاتنانی ژینگە لەڕووی دەروونیی و هزری و هونەری و پەروەردەیی و…هتدەوە دەکات، کە وەک خۆی باسی دەکات ئەم تەوەرانە بە ناونیشانی بونیات لە کتێبەکەدا باسکراون، هەر هەموویان یەک ئامانجیان هەیە ئەویش گەیشتنە بە جوانترین و شکۆدارترین بونیاتی ژینگەیی بەمەبەستی مرۆڤدۆستی و ژینگەدۆستی. هەروەها باسکردن و خستنەڕووی بیروبۆچوونی خۆی دەربارەیان بەشێوەیەکی زانستی و لێکدانەوەیەکی دروست. ئەم کتێبە کارێکی نوێیە لە بواری رەخنەی ئەدەبی منداڵاندا و بە تایبەتیش ژینگەی منداڵان کە مامۆستا فازیل لە سەرەتای کتێبەکەیدا دەنووسێت:(ئێمە هەر یەک ژینگەمان هەیە، بەڵام منداڵ دوو ژینگەی هەیە، ژینگەی کاتیی، یان ژینگەی سەردەمی منداڵیی و ژینگەی ئایندە کە راستەوخۆ درێژە پێدەری ئەو ژینگەیەیە کە لەسەردەمی منداڵیی پارێزگاری لێکردووە! واتا ژینگە هەمیشەییەکەی، کەواتە ژینگە هەمیشەییەکە، بەرهەمی هۆشیاریی و کار و ئەرک و خزمەتی ژینگەکەی سەردەمی منداڵییە، جوانیی یەکەمیان لە جوانیی دووەمیاندا دەردەکەوێ و تەڵخی و وێرانەییشیان بەهەمان شێوە).ئەوەی زیاتر سەرنجی راکێشام لەم کتێبەدا هەندێک زانیاریی نوێ و کەم بەکارهاتووی خستۆتەڕوو دەربارەی بونیاتنانی ژینگەی تایبەت بە منداڵ لە رێگەی شیعرەوە کە مایەی دەستخۆشییە. هەوڵ و ماندوو بوونی مامۆستا بەرز دەنرخێنین لەم کارەدا. مامۆستا فازیل شەوڕۆ خاوەنی کۆمەڵێک کتێب و لێکۆڵینەوەی گرنگە و دەستبردنیشی بۆ ئەم کارە نوێیەش بە بڕوای ئێمە زیاتر هەستکردنێتی بە گرنگی ئەدەبیاتی منداڵان بە گشتیی و کاریگەرییەکانی لەسەر منداڵ و بە تایبەتیش گرنگیدان بە ژینگە وەک رەنگڕێژییەک لەو شیعرانەی کە بۆ منداڵان نووسراون. مامۆستا شەوڕۆ لە تەوەری (بونیاتنانی ژینگەی فەرهەنگی)دا باسی گرنگی زمان دەکات و دەڵێ زمان ئاڵۆزترین داهێنانی مرۆڤە بە درێژایی مێژوو، دەزانین کە ئەزموونی شیعریی بە بێ زمان نییە، لەو روانگەیەشەوە گرنگییەکی زیاتری بەم تەوەرە داوە و بە نمونەوە باسی فەرهەنگی زاراوە رووەکییەکان، ئاژەڵییەکان، ئاو وشوێن، جوگرافیا و شتە سروشتییەکان، پێکهاتەکانی زەوی و روناکیی و وزە و سیستەمی ژینگەیی و مرۆڤ و…هتد کردووە. کە ئەو تەوەرەیە پێویستی بەو گرنگی پێدانە هەبووە .
مامۆستا وەک پێشتر باسمان کرد لە نۆ بواری گرنگدا بە نموونەوە باسی بونیاتنانی ژینگەی بۆ منداڵ کردووە، مامۆستا بۆ هەر یەکێک لەوانە هاتووە نموونەی لەشیعری شاعیران ئەوانەی کە بۆ منداڵیان نووسیوە هێناوەتەوە، بەڵام باشتر دەبوو هەوڵی بدایە کە نموونەی زیاتری بۆ هەر یەکێکیان بنووسیایە تا بابەتەکە باشتر و جوانتر بگەیشتایە خوێنەر و مادام کتێبەکەش بۆ هەموو خوێنەرێکی کوردە مامۆستا شیعری کرمانجیشی بە نموونە هێناوەتەوە، دەبوایە شیعری زیاتری شاعیرانی بوارەکەی بە نموونە بهێنایەتەوە نەک چەند نموونەیەک لای یەک شاعیر، چونکە کۆمەڵێک شاعیری دڵسۆز و خەمخۆرمان هەن کە بۆ منداڵان دەنووسن و جێگە دەستیان دیارە. ئێمە پێمان باشبوو کە ناونیشانی کتێبەکە ناونیشانێکی روونتر بوایە. لەگەڵ ئەوەشدا ماندووبوونێکی زۆری پێوە دیارە و دوای گەڕانێکی زۆر بە نێو ئەو شیعرانەی کە بۆ منداڵان نووسراون، مامۆستا ئەوانەی هەڵبژاردووە کە بۆ ئەو مەبەستەی کە دەیەوێت بەکاری هێناون. ئەم کتێبە وەک مامۆستا خۆی باسیکردووە، دەکرێ بکرێتە سەرچاوە بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی بەرفراونتر، تەنانەت بکرێتە بابەتی خوێندکارانی خوێندنی باڵا لە قۆناغەکانی ماستەر و دکتۆرا لە بواری ئەدەبی منداڵاندا، هەروەها وەک خۆی دەنووسێت ئاگادارکردنەوەی شاعیران و نووسەرانی ئەو مژار و بوارە، لە رەهەند و بایەخ و رووبەر و سەنگ قیمەتی ژینگە، رەنگبێ بۆ ئەوان ئەزمونبەخشێکی نوێ بێ، بەتایبەتی ئەگەر بێشەرم و شکۆ،لایەنە لاوازەکانی دەقەکان لەم رووەوە دەستنیشان بکرێن لە رووە پرشنگدارەکانیان رۆشناییان بخرێتە سەر چونکە وەک مامۆستا دەڵێت ژینگە پانتاییەکی فراوانی لە شیعری منداڵاندا داگیر کردووە، هەر ئەمەش وایکردووە کە مامۆستا دەست بۆ ئەو کارە گرنگە ببات و کتێبێک تەرخان بکات بەو بوارە و بەشێوەیەکی رەخنە ئامێز باسی بکات و کتێبخانەی کوردیی پێ دەوڵەمەند بکات.
مامۆستا لە بەرکوڵی کتێبەکەیدا باسی ئەوەی کردووە کە کۆنترین کتێبی چاپکراو بۆ منداڵانی کورد، کتێبی (نووبەهارا بچووکان)ی شاعیری مەزن (ئەحمەدی خانی)یە کە ساڵی 1682 دا چاپکراوە، بەڵام وەک کاک ئەمین محەمەد لە کتێبی (دیداری ئەدەبی منداڵان)دا کە چەند توێژینەوەیەکی ئەدەبیی و رەخنەیی لەخۆ گرتووە و یەکێتیی نووسەرانی کورد لقی سلێمانی ساڵی 2022 چاپی کردووە. باسی کردووە ئەوەی خانی مەزن فەرهەنگ بووە و ناچێتە خانەی کتێبی ئەدەبی منداڵانەوە، هەروەها کاتێکیش پێناسەی ئەدەبی منداڵان دەکەین ئەم ژانرانە دەگرێتەوە، شیعر و چیرۆک و شانۆیی و رۆمان و ئۆپەرێت. فەرهەنگی تێدا نییە و ناتوانین بە کتێبی نووسراو بۆ منداڵان دایبنێن، راستە فەرهەنگێکی گرنگ و بەسوودە، بەڵام بۆ منداڵان نا. دەبووایە مامۆستا وەک سەرەتای کتێبی چاپکراو بۆ منداڵان ئەو فەرهەنگەی نەنووسیایە. هەروەها مامۆستا لە چەند شوێنێکی کتێبەکەیدا ناوی ئەنجومەنی ئەدەبی منداڵانی هێناوە کە من وەک نووسەر و شاعیرێکی بواری ئەدەبی منداڵان کە ساڵانێکە لەو بوارەدا کاردەکەم و لە نووسینەکانم و دیدارەکانیشمدا باسی گرنگی دروستبوونی ئەنجومەنێکی لەو شێوەیەم کردووە، بەڵام من ئاگاداری هیچ ئەنجومەنێک نیم بەو ناوەوە دروست بووبێت بەس هەوڵ هەبوو، چونکە دروستبوون و دامەزراندنی ئەنجومەنێکی لەو شێوەیە کە نوێنەری گشت نووسەر و شاعیران و وەرگێڕەکانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان بێت پێویستە هەمووان بەشداربن و ئاگاداربن و بەهەڵبژاردن بێت و پەیڕەو و پڕۆگرام و یاسا و رێسای خۆی هەبێت نەک ناوێک و بەس.

Previous
Next
Kurdish