Skip to Content

سەرەتای دواین گۆرانییە غەمگینەکان.. شیعر: ستیڤان شەمزینی

سەرەتای دواین گۆرانییە غەمگینەکان.. شیعر: ستیڤان شەمزینی

Closed
by كانونی دووه‌م 7, 2024 General, Poems

کێردی رەتکردنەوەت چەند تیژ بێت
دەلاقەی برینەکانم چەند فراوان بن
ھیچ ھۆیەک نابینم
بۆ دەستبەردان لە تۆ و
پەشیمانبوونەوە
لە ھەنگوینی ئەو خەونانەی
لە دەرگای شەوە تاڵەکانم دەدەن
ئەو وشانەت چەند سارد بن
وەک زەمین لەرزە ھێورییم بھەژنێنن
خەیاڵ لەسەرمدا وردوخاش بکەن
پێکەنینم لە قەفەزی گریاندا
بە بارمتە بگرن
مانگەشەوم بگوازنەوە
دەربەندی تاریکی
ھێشتا ھۆیەیەک نابینم
بۆ دەستبەردان لە تۆ و
پەشیمانبوونەوە لە خلیسکانم
بۆ نێو قەدەری ئەسمەری ژنێتی تۆ
چەند بتەوێ دەروازەی باوەشت
بە وەسوەسەیەکی شێت دابخەیت
ھەناسەکانم نەیەنە ناو مێینەییت
گۆرانییەکانم لە گوێیەکانتا نەزریکێنن
توخنی خولیا سەرەڕۆکانم نەکەویت
ھێشتا ھۆیەک نابینم
بۆ دەستبەردان لە تۆ و
پەشیمانبوونەوە
لە ئاگری ئەو ئەوینەی لە خوێنمدایە
چەند ھەورەکانی ئارەزووم بتۆرێنیت
بۆ دڵڕاگرتنی ئەستێرەیەکی دوور
بارینم بکەوێتە وەرزێکی ناوەخت
کۆشێکی سپی نەمگرێتە خۆی
ترس بە قامچی بەربێتە لاسکی گیانم
ھێشتا ھۆیەک نابینم
بۆ دەستبەردان لە تۆ و
پەشیمانبوونەوە
لە کۆرپەی ئەو عەشقەی
لە ئەزەلەوە بە زگی شیعر ھەڵمگرتووە
چەند دیواری ئەستوور
لە بەردەم سەربەستیی ھەڵچووم ھەڵبچنیت
تیری خەیاڵیشم نەتوانێت بگاتە دڵت
لەودیو دیوارەکانتەوە
خۆمم بیر بچێتەوە
درز بکەوێتە کریستاڵی چاوەڕوانیمەوە
ھێشتا ھۆیەک نابینم
بۆ دەستبەردان لە تۆ و
پەشیمانبوونەوە لە نووری ئەو مۆمەی
لە ئەشکەوتی تەنھاییدا
خۆی پێناساندم
چەند بتەوێ کەعبەی خۆشەویستیم
بە وەھمی گوومانەکانت بڕوخێنێت
لە تاودا لەسەر بەرماڵی ئیبلیس
نوێژ بکەم
لەو خودایە بپاڕێمەوە
نەفرەتی لێکردووم
دەستی ئەو رۆژانە ماچ بکەم نەھاتوون
ھێشتا ھۆیەک نابینم
بۆ دەستبەردان لە تۆ و
پەشیمانبوونەوە لەو گوریسە ئەستوورەی
خۆمم بە بە چارەنووسی تۆوە پێ بەستەوە
چەند بێباک و خوێنساردانە ویستەکانم
بدەیت بەدەم چەمی خەواڵووی فەرامۆشییەوە
ساوای ئاواتەکانم مەراق بیبات
زیخی یاخیبوونم ژێر ئاو بکەوێت
ملوانکەی شەوێکی رۆمانسی بپچڕێت
ھەزاران پرسیاری وەڵامنەدراوەی
تێدا گۆڕ بزر ببێت
ھێشتا ھۆیەک نابینم
بۆ دەستبەردان لە تۆ و
پەشیمانبوونەوە
لە روانی ئەو نەمامە رووخۆشەی
لە حەوشەی مێشکمدا
رۆژ بە رۆژ باڵا دەکات
چەند بتەوێ
وەک کەلوپەلێکی کۆن کۆم بکەیتەوە
بۆ ئەوەی فڕێم بدەیتە کەلاوەی کارەساتەوە
خەفەت پرچی رەشی چارەنووسم دابھێنێت
یادەوەریی وەک گیتارێکی نامۆ بمژەنێت
مەینەتی، بوخچەی ماچەکانم
پەرش و بڵاو بکاتەوە
ھێشتا ھۆیەک نابینم
بۆ دەستبەردان لە تۆ و
پەشیمانبوونەوە
لەو دەنگە دلێرەی لە ناوەوەمدا
جارێک بە گووڵ
جارێکی تر بە شاژن ناوت دەھێنێت

Previous
Next
Kurdish