Skip to Content

عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی و نوێگەری لە هۆنراوە بۆ منداڵان دا.. ئەرسەلان حەسەن

عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی و نوێگەری لە هۆنراوە بۆ منداڵان دا.. ئەرسەلان حەسەن

Closed
by كانونی دووه‌م 7, 2024 General, Literature

لەم ڕۆژانەدا هاوڕێم (عەلی حەمە ڕەشید بەرزنجی) شاعیر و نووسەری بواری منداڵان دەستنووسی کتێبی (وانەی پڕ لەخۆشەویستی) بە پی دی ئێف بۆ ناردم، کە کتێبێکی ئامادەی چاپە و هۆنراوەیە بۆ منداڵان و کاتی خۆی بڕیار بووە خانەی سمۆرە بۆی چاپ بکەن و مژدەی دیزاین و تەواوبوونی وێنەکانییان پێداوە، بەڵام چانس یاوەری نابێت و وەستاندنی کارەکانی خانەی سمۆرە و دواجار داخستنی، بەلەمی هیواو خۆزگەکانی ئاوەژوو دەکاتەوە.
دوای ئەوەی کتێبەکەم بەوردی خوێندەوە ئەو بیرۆکەیە بەخەیاڵمدا هات کە ئەمجۆرە هۆنراوە نووسینەی مامۆستا عەلی شێوازی نووسینییان تازەیە و دەکرێت بڵێین وەرچەرخانی لەو شێوازە باوەی نووسینە کردووە کە زۆربەی شاعیران و نووسەرانی ئەم بوارە پێی دەنووسن، بێگومان هەر شاعیرێک یان نووسەرێک بگرە لە هەر بوارێکدا بنووسێت، هەمیشە هەوڵ دەدات و ئارەزوو دەکات داهێنان و نوێگەری لەبوارەکەیدا بکات و شتی نوێ و تازە بنووسێت یان بە شێوازێک بنووسێت، پێشتر پێی نەنووسرابێت یان ئەگەر نووسرابێت کەمتر.
(عەلی حەمە ڕەشید بەرزنجی) ش، ناوێکی دیار و درەوشاوەی بواری ئەدەبیاتی منداڵانە و خۆی لەقەرەی زۆربەی بوارەکانی نووسین بۆ منداڵان داوە و سەرکەوتووش بووە کە ئەمە نەک هەر قسەی منە، بەڵکو ڕای زۆربەی ئەو هەڤاڵانەیە لەو بوارەدا دەیانناسم. شاعیر هەمیشە خۆزگە و خولیای بووە شتێک بنووسێت ئەگەر زۆر نوێش نەبێت، تا ڕادەیەک نوێ بێت و چێژ و خۆشیی زیاتر بەمنداڵان بدات، چونکە نووسین بۆ منداڵی ئەم سەردەمە هەستیارترە لە منداڵانی پێشوو یان ڕابردوو، چونکە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و بوونی باخچەیەکی منداڵانی زۆر و کردنەوەی خولی بەردەوام، منداڵانی بەئاگاتر و وریاتر و چاوکراوەتر کردووە.
لێرەدا دەمەوێت باسی چەند نموونەیەک لەو هۆنراوانە بکەم کە بە نوێگەری و گۆڕانکاریی لە بواری نووسینی هۆنراوە بۆ منداڵانیان دەزانم، یان ئەم شێوازە نووسینە لە هۆنراوەی شاعیراندا کەمتر بەرچاو دەکەوێت.
هەمیشە پێگەی مامۆستا لە کۆمەڵی کوردەواری تایبەت بووە و کۆمەڵگا بەچاوێکی پڕ لەڕێز و خۆشەویستی و پیرۆزەوە لە مامۆستای ڕوانیوە و ئەوەش وایکردووە لە سەر قووتابی ڕەنگبداتەوە و لەکاتی خوێندنیدا ڕێز لە مامۆستا بگرێت و بەچاوی باوک یان دایک تەماشای بکات، بەڵام نکۆڵی لەوەش ناکرێت هەندێک مامۆستا لای قووتابییان لە هەندێکی دیکە خۆشەویستترن و ڕیشەشی لە هەڵس و کەوتی مامۆستا لەگەڵ قووتابییەکانیدایە، کە دەکرێت لە هۆنراوەی (وانەی پڕ لە خۆشەویستی)دا بەدی بکەین، شاعیر لەم هۆنراوەیەدا دەڵێت:
وانەی پڕ لە خۆشەویستی
کە زەنگ لێی دا
بە ھێمنی
چووینەوە پۆل
بۆ وانەی نوێ
کە مامۆستا (کاروان)یش ھات
بۆ وانەکەی
ھەموو گیانمان بوو بوو بە گوێ
چونکە ئەومان
زۆر خۆشدەویست
ھەڵس و کەوتی لەگەڵماندا
بە چەشنێک بوو
وەکو ھاوڕێ
زیاد لە پێویست
چیرۆک و ھۆنراوەی خۆشمان
لە وانەکەی ئەودا دەبیست
پێکەنین و قسەی خۆشی
بانگکردنی ئێمە بە گوڵ
وای لێکردین
خۆشمان بوێت
بە ھەست و دڵ
ھەر شتێکیشی باس دەکرد
وەرمان دەگرت بە ئاسانی
چونکە ئێمە
بە حەزێکی پڕ تاسەوە
گوێمان دەگرت
بۆ سەرنج و وتەکانی
هەروەها لە هۆنراوەیەکی دیکەدا کە باسی خۆشەویستیی مامۆستا دەکات، پێماندەڵێت هێمنی و ئارامی مامۆستا دوو پاڵنەرن بۆ قووتابی تا مامۆستای زۆر خۆش بووێت و قووتابی لەوە بگات کە مامۆستا مرۆڤێکی دڵسۆزی بوارەکەیەتی و هەوڵ و تێکۆشەنەکانی لەم بوارەدا ماندوونەناسی کردووە و بۆ بڵاوکردنەوەی زانست و زانیاری و بەئاگاهێنانەوەی کۆمەڵگاکەی شەو و ڕۆژ کۆڵ نەدات. ئەوەتا شاعیر لە هۆنراوەی (کێم خۆشدەوێت؟)دا دەڵێت:
کێم خۆشدەوێ ؟
من حەز دەکەم
ھەموو رۆژێک
(بیرکاری) و (زانست)مان ھەبێت
دەزانن بۆ؟
چونکە مامۆستا (رێبوار) و
مامۆستا (تارا) ڕووخۆشن
ئای کە ھێمن و لە سەر خۆن
ھەرگیز لێمان تووڕە نابن
بە خەندەوە لەگەڵ ئێمەی
بچووک دەدوێن
بۆیە ئێمەش وەکو چاومان
خۆشمان دەوێن
دەمێکە زانیومانە و پێمان گووتراوە خوێندنەوە خۆراکی مێشک و وەرزشی مێشکە و هۆکاری زۆر بوونی عەقڵ و زیاتر ڕۆشنبیرکردنی مرۆڤ و هەتوانی زامەکانیەتی. خوێندنەوە سوودی بۆ مرۆڤ زۆرە و زۆربەی گرێ و گۆڵ و ئەستەنگەکانی بەردەم مرۆڤ ناهێڵێت و شەختە و بەستەڵەکەکانی دەتووێنێتەوە. خۆ ئەگەر خوێندنەوەش بۆ منداڵ چ خۆی بخوێنێتەوە یان بۆی بخوێننەوە، بەدروستی و بە پێی ڕێنیشاندەرێکی باش بێت، ئەوە گومانی تێدا نییە سوودی بۆ گەشەکردنی توانستی منداڵ زۆرە و منداڵ بۆ کۆشش لە وانەکانیدا چالاکتر دەکات و گرینگی و بایەخی خۆیشی بۆ دواڕۆژی دەبێت. شاعیر لە هۆنراوەی (لە هۆڵی خوێندنەوەدا) دەڵێت:
لە ھۆڵی خوێندنەوەدا
دوێنێ لەگەڵ (شەنگە)ی ھاوڕێم
چووین بۆ ھۆڵی خوێندنەوە
لە دوای کەمێک حەوانەوە
یەکی گۆڤارێکمان وەرگرت
ئای چەند خۆش بوو
بە ھێمنی خوێندمانەوە
ئەوەی سەرنجی ڕاکێشاین
پۆلێک منداڵی وەک خۆمان
بۆ خوێندنەوە ھاتبوون
بێ دەنگ و جوان دانیشتبوون
لەگەڵ شەنگە
گۆڤارەکانمان خوێندەوە
لەو (تیانووسە)ی کە پێمان بوو
ھەندێک زانیاریمان نووسی
چونکە مامۆستا (کامەران)
بەو شێوە فێری کردبووین
کە تەواو بووین
ھەردوو بەرەو لای بەرپرسی
ھۆڵەکە چووین
تا گۆڤارەکان دابنێین
دوو گۆڤاری تر وەرگرین
کە چوینە لای
زۆر بە نەرمی
پرسی ئێوە ناوتان چی یە؟
من وتم ئەمە (شەنگە)یە و
منیش (ھێلین)
وتی ئەوە یەکەمجارە بۆ ئێرە دێن
(شەنگە) و (ھێلین)؟
وتمان بەڵێ
وتی گوڵە جوانەکانم
بە بینین و بە ناسینتان شادمانم
ئێمەش وتمان
سوپاس بۆ ئەو ھەستە جوانەت
بەڕاستی دڵسۆزی ئێمەی
تۆ کەسێکی ڕۆشنبیر و
ھەست ناسکی
تۆ خۆشەویست و بێ وێنەی
ئەویش وتی، ڕۆڵەکانم
خوێندنەوە ڕێگەیەکە پیرۆز و چاک
ھەر کەس ئەو ڕێگەیە بگرێت
ھیوای گەشە و پاشەڕۆژ ڕوون
بۆ خزمەتی بابە و دایە و
بۆ نیشتمان و گەل و خاک
یاری و منداڵ دوانەیەکن بەئەستەم مرۆڤ دەتوانێت لێکیانجیابکاتەوە، چونکە منداڵ وزەیەکی زۆری هەیە و بۆ خەرجکردنی وزەکەی پێویستی بەجوڵەی زۆرە، دیارە یاریش هەر وەک دەزانین بێ جوڵە نابێت و پێویستە دایک و باوکان و تەنانەت مامۆستاکانیش بزانن منداڵ پێویستییەکی زۆری بەیارییە و یاریش کاریگەری لە سەر منداڵ زۆرە، چونکە ئەوەی دەمانەوێت ڕاستەوخۆ بەمنداڵی بڵێین، لە کاتی یاریکردندا لەگەڵ هاوڕێکانی فێریان دەبێت، بە یاسا و ڕێسای یارییەکانیشەوە. کەوایە نابێت ڕیگرییان بین لە یاریکردن، بەڵکو هەلی زیاترییان بۆ بڕەخسێنین تا بەخولیا و ئاواتەکانیان بگەن. هەر بۆیە گرینگی و بایەخی یاری لای شاعیر وایکردووە بیر لەوە بکاتەوە ڕۆژێک بۆ یاری تەرخان بکات و وەک هەموو ڕۆژەکانی ساڵ، ناوی بنێت ڕۆژی یاری:
ڕۆژی یـــاری
ڕۆژێک لەگەڵ
(ڕۆزیا) و (لاڤین)
بۆ یاریی ماڵە باجێنە
ھەر یەکە و شتێکمان ھێنا و
لێی دانیشتین
یەکی بوکێکیشمان پێبوو
ئەوی من ناوی (دەشنێ) بوو
قژیشی زەردێکی کاڵ و
چاوی لە چاوی خۆم دەچوو
لە باوەشمدا دامنابوو
گۆرانیی خۆشم بۆ دەوت
بە ئارەزوو
کەچی بووکەکانی ئەوان
بە بەردەوامی دەگریان
وتم چییە؟ چی ڕوویداوە؟
ئەم بووکانە بۆچی دەگرین؟
لەم کاتەدا بووکەکەی من
بە دڵخۆشی و بە پێکەنین
وتی (لێوان)
(ڕۆزیا) و (لاڤین)
گۆرانی بۆ بووکەکانیان
ناڵێن وەک تۆ
بیانکە باوەشت ئەمڕۆ
چی گۆرانیی
خۆش دەزانی
بۆیان بڵێ
تا دەتوانی
منیش بووکە جوانەکانی
(ڕۆزیا) و (لاڤین)م ھەڵگرت و
لەگەڵ دەشنێ
بوون بە ھاوڕێ
لە باوەشما دامنان ھەر سێک
ئیتر کەوتمە گۆرانی
بۆ بووکەکان زۆر بەجوانی
ئەوانیش کەوتنە سەما
پێدەکەنین، ھەڵدەپەڕین
فرمێسک و گریانیان نەما
بووکی ڕۆزیام ناو نا (دمدم)
بووکەکەی لاڤینیش (نمنم)
دمدم و نمنم و دەشنێ
ئەوانیش بووبوون بە ھاوڕێ
ھەر وەکو ئێمە دڵخۆش بوون
زۆر جوان دەھاتن و دەچوون
ئەو ڕۆژە بە شادمانی
بەیەکەوە یاریمان کرد
کاتێکی خۆشمان بەسەر برد
من دڵنیام
ھەرگیز لە یاد ناچێتەوە
ڕۆژ بە ڕۆژ نوێ دەبێتەوە
هەروەها شاعیر لە هۆنراوەیەکی دیکەی (یاری) دا، کە ئەمەش جارێکی دیکە سەلماندنی گرینگی و بایەخی یارییە لای شاعیر، کە دەڵێت:
یــــــــاری
ھەینی لەگەڵ ھاوڕێکانم
یاریی دوو گۆڵیمان دەکرد
لە گۆڕەپان
ھێندەم زانی
ئاکۆ ھات و
بێ ئەوەی داوای یارمەتی
بکات لێمان
یەکسەر ھاتە گۆڕەپان و
خۆیشی گەیاندە تۆپەکە و
ھێرشی برد
بەئاسانی گۆڵێکی کرد
ئیتر یارییـــەکەمان وەستان
ھەر دوو لامان
(ئاکۆ)ش ڕای کرد
بەچەپڵەوە کەوتە ھاوار
چونکە گۆڵێکی کردبوو
وەک پاڵەوان
نەیدەزانی یاسای یاری
لە نێوان دوو تیپدا چۆنە
لە گۆڕەپان
بانگمان کرد ھاتە پێشەوە
کە تێگەیشت ھەڵە بووە
لە کارەکەی
گۆڵەکەی ئەو
تۆمار ناکرێت بۆ تیپەکەی
چووە دەرێ و
داوای لێبووردنیشی کرد
دانیشت و بە پە شیمانی
دەیڕوانییە
چۆنیەتی یاریکردنی
ھاوڕێکانی
خەیاڵ لای منداڵ گرینگی خۆی هەیە و بێگومان خەیاڵی منداڵ بەرین و فراوانە و زۆرجار دەبیستین کە منداڵ لەگەڵ یاریکردندا لەبەرخۆیەوە ورتە ورتێک دەکات. ئەو نووسینانەش بەستێنی خەیاڵی منداڵ فراوانتر دەکەن و زیاتر سەرنجی ڕادەکێشن و حەز و ئارەزووشی بۆ خوێندنەوە و گوێگرتن زیاتر دەوروژێنن، کە زیاتر لایان لە خەیاڵکردنەوە کردووەتەوە.
شاعیر لە هۆنراوەی (وێنەی بەلەمێک)دا هاتووە بە شێوەیەکی نوێ وەک چیرۆکە شیعر و بەمیوزیکی تایبەت بەخۆیەوە وێنەی بەلەمێکی ئەوەندە جوان بە هەموو پێداویستییەکانییەوە کێشاوە و هاوکاتیش وێنەیەکی ڕەنگاوڕەنگ لای منداڵ دەکێشێت، دەڵێت:
وێنەی بەلەمێک
ویستم وێنەی
دەریایەکی
پڕ لە وردە ماسی و بەلەم
لە دەفتەری وێنەکەمدا
دروست بکەم
ھەرچی بۆیەی
ڕەنگا و ڕەنگم ھەبوو ھێنام
زۆر بە جوانی ئەو وێنەیەی
مەبەستم بوو
یەکسەر کێشام
بەلەمێکیان
ھێندە جوان بوو بەلامەوە
ھەر بە خەیاڵ سواری بووم و
ھەتا توانیم سوڕامەوە
ئای گەشتێکی چەندە خۆشبوو
ھێندە گەڕام
ئاگام لێ بوو
ماسی دەیویست بێت بەھاوڕێ و
بگاتە لام
یاریم دەکرد لەگەڵیاندا
لەو ناو ئاوە
ھێندەم زانی
با ھەڵی کرد بەلەمەکەم
ھەڵگەڕاوە
ئەگەر لە کۆتایی هۆنراوەکە ڕابمێنین و بەوردی سەرنجی لێ بدەین، دەبینین منداڵەکە دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر تا وێنای بەلەمێکی ئەوەندە جوانی کێشاوە و پاش گەشتێکی خۆش با لەنکاو هەڵ دەکات و بەلەمەکە قڵپ دەکاتەوە، کە لێرەدا هەم منداڵەکە نائومێد و غەمگین و خەمبار دەبێت و هەم ڕەنج بەخەساری ئەو هەموو هەوڵ و کۆششە دەبێت. بەڕای من وا باشتر بوو گووتبای: (لەگەڵ خۆی بردەوە ماڵ).
گەر گەڕانێک بەنێو هۆنراوەی شاعیراندا بکەین، چ ئەو هۆنراوانە بۆ گەوران یان چ منداڵان نووسرابن، زۆربەی ناوی هۆنراوەکان وەکویەکن یان دووپات دەبنەوە، کە دەتوانین لێرەدا ئاماژە بە هەندێکییان بکەین وەک (نیشتمان، کوردستان، دایک، بووکە شووشە، یاری، تۆپ، سەعات…هتد).
شاعیر عەلی حەمەڕەشید بەرزنجیش لەم شاعیرانە بەدەر نییە و ئەویش لە هەمان ژینگەدا دەژی، بۆیە بۆ ئەو و هەموو ئەوانەش لەم بوارەدا دەنووسن ئاساییە بۆ هەمان شت بنووسن، بەڵام لێرەدا دەتوانین بڵێین ئەو هاتووە بە شێوازێکی نوێ و جیاواز هۆنراوەکەی نووسیوە و لە هۆنراوەی (فڕین بۆ ئامێزی دایە) دا ئەوەتا دەڵێت:
فڕین بۆ ئامێزی دایە
بۆ ئاسـمـانم دەڕوانی
لێوانلێو بوو لە جوانی

بە ڕۆژ خۆر لە ئاسمان بوو
شەویش مانگ و ئەسـتێرە
ھــــەواڵیان بۆ دەناردم
بۆچــــی نایەی بۆ ئێرە

ســــوار فڕۆکەی ھەور بووم
دڵخۆش بۆ ئەو گەشتە چووم

کەوتینە ڕێ پێکــــەوە
ھەوری جوان بە پێکەنین
وتی گوڵەکەی ھــاوڕێم
لە مـــاڵی کێ دابەزین ؟

جا منیش لە خۆشیانا
لە ناوەندی ئاسمانا

بۆ ئەمــلاولام دەڕوانـی
زۆر حەزم لە فــڕین بوو
لەو پەڕی خۆشیدا بووم
ھەر قاقا و پێکەنین بوو

یەک یەک ئەستێرەی نەخشین
پێشــــــوازی لێ ئەکردین

لە ماڵێکیان دابــــەزین
خۆشترین ماڵ بوو لە لام
کاتێ چـــــاوم کردەوە
لە ئامێزی دایکمــــدام
ئێستا هەموومان، بە گەورە و بچووکەوە دەزانین ١/٦ی هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانی منداڵانە و ساڵانە لەم ڕۆژەدا بۆنە و ئاهەنگ و پێشەنگا و کۆنسرێت و چەندین چالاکی جیا جیا بۆ منداڵان ساز دەکرێت. شاعیر ئاوڕ لەم ڕۆژە دەداتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمڕۆژە لای منداڵ چەندە ڕۆژێکی گرینگ و بەنرخە و چەندە منداڵ بەم ڕۆژە شاد و خەنییە. هاتووە بەمشێوازە هۆنراوەیەک بۆ ئەم ڕۆژە مەزنە لای منداڵ و گەورەکان، دەنووسێت:
ڕۆژی جیھانیی منداڵان
وتم دایە
سبەی جەژنە
یەکی شەشە
ڕۆژی جیھانیی منداڵە
لە زۆر شوێنی کوردستاندا
پیشانگایە
ئاھەنگی گۆرانیی خۆش و
مۆسیقایە
دەبێت بچین
زۆر حەز دەکەم
لە ئاھەنگێک ئامادە بین
جەژنی ئێمەی منداڵانە
دەبێت ھەموو لەو یادە بین
دایکم وتی
ئەی نەمان وت
سبەی دەچین
بۆ ماڵی پوورە وەنەوشە
بۆ لای (ئەژی) و
(سۆما) و (ئەڤین)
وتم دایە
ئەوسا نەمزانی پێت بڵێم
چونکە ئێستا
بە تەلەفون
(شەن) ی ھاوڕێم
ئەم ھەواڵە خۆشەی دا پێم
تو خوا دایە
بە تەلەفون
بە پوورە وەنەوشە دەڵێین
ببورن کە ناتوانین بێین
سەردانەکە
بۆ ڕۆژێکی تر ھەڵدەگرین
بۆ ئەم جەژنە
دەبێت بچین
ھەر ئەمەم وت
خێرا زەنگی
تەلەفونەکەمان لێیدا
ھەڵم گرت و
وتم ھەلەو کێیە؟ فەرموو !
چەندە لام خۆش بوو، پوورم بوو
وتی ڕەنیا
بڵێ دایە
پوورم دەڵێت
سبەی لە ماڵەوە نابین
یەکی شەشە
بۆ ئاھەنگ و فێستیڤاڵی
ڕۆژی جەژنی منداڵ دەچین
با سەردانەکە دوا بخەن
پێی بڵێ گلەیی نەکەن
منیش وتم
گلەیی چی ؟!
پوورە وەنەوش
پێش تۆ ئێمەش
ھەر باسی ئەوەمان دەکرد
دەمانویست کە
بە تەلەفون
پێتان بڵێین
ناتوانین بێین
چونکە ئێمەش سبەی دەچین
بۆ سەیری ئەو فیستیڤاڵە
دڵنیام خەڵکی دەزانن
یەکی شەشی
ھەموو ساڵێک
ڕۆژی جیھانیی منداڵە
لەگەڵ پەروەردە و فێرکردندا، مامۆستا ئەرکێکی دیکەی دەکەوێتە سەرشان کە هاوشانی ئەمانەی گووتمان دەبێت منداڵ بە بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەکان ئاشنا و خاک و نیشتمان لای منداڵ خۆشەویست بکات، کە دڵنیام ئەوە نیەت و بەرنامەی هەموو مامۆستایەکی دڵسۆز و بە ئەمەکە. شاعیر بە شێوازێکی نوێ و تازە و سەردەمییانە لە هۆنراوەی (وانە) دا، ئەم ڕاستییەمان بۆ باس دەکات:
وانە
ھەر ھاتینە قوتابخانە
مامۆستاکان فێریان کردین
ڕۆڵەی کوردین
نیشتمانمان کوردستانە
بیلبیلەی چاوی ھەمووانە
فێریان کردین خۆشەویستی
ئەم خاکە بەرز و پیرۆزە
خوێنی دڵە، تینی گیانە
ئێمەش ھەر زوو، بەڵێنمان دا
بە کۆششی بێ وچانمان
ھێز و توانامان بەگەڕخەین
بۆ خزمەتی کوردستانمان
لە کۆتاییدا، دەمەوێت بڵێم شاعیر عەلی حەمە ڕەشید بەرزنجی سەرجەم ئەم شیعرانەی بەزمانێکی کوردی جوان و ڕەوان و پارا و نووسیووە و بەشکیش نیم منداڵ دەتوانێت بەئاسانی و بە بێ هەست کردن بە هەناسە سواری و ماندوو بوون ئەم شیعران ئەزبەر بکات و منیش، هیوادارم لەم نووسینەدا توانیبێتم لایەک لە هۆنراوە تازە و نوێگەرییەکانی شاعیر عەلی حەمە ڕەشید بەرزنجی کردبێتەوە و هیوای بەردەوامی و داهێنان و زیاتر خزمەتکردن بەدنیای منداڵانی بۆ بخوازم و خزمەتێکیشم بە ئەدەبی منداڵان و دنیا جوانەکەی منداڵان کردبێت.

شاعیر، عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish