Skip to Content

ئایین و خوداناسی.. حسین قادر

ئایین و خوداناسی.. حسین قادر

Closed
by ئازار 15, 2025 General, Opinion


پرسیاری مێژوویی مرۆڤایەتی ئەوەیە، خودا کێیە و چۆنە؟ لە ڕاستیدا وەڵامی ئەم پرسیارە، لای بێدینەکان و دژەدینەکان بەبێ وەڵامی ماوەتەوە، زۆر جار وەک کەرەستەیەکیش بەرانبەر موسڵمانان بەکار دەهێنرێت. سەرەتا پێویستە لەوەوە دەست پێ بکەین، لەم جیهانەدا دوو تایبەتمەندیی سەرەکی هەیە، یەکەمیان ئەوەیە کە بەشێکی ماددی (بەرجەستەیی)یە و لە سنووری ئاوەزی مرۆڤدایە، بەڵام دووەمیان بەشێکی شاراوەیە و خودا بە دانایی خۆی لە مرۆڤی شاردووەتەوە، بێگومان شاردنەوەی بەشێک لە نهێنییەکانی گەردوونیش، تەنیا خۆی پێی زانایە و ئامانجەکەی خۆی دەیزانێت.

سەبارەت بە خودا، هەموو مرۆڤێکی هۆشیار ئەوە دەزانێت، کە خودا لە هیچ شتێکی تر ناچێت، واتە هەموو ئەو شتانەی مرۆڤ بینیوییەتی یان بە خەیاڵیدا هاتووە، هیچیان لە خودا ناچن، سنووری عەقڵ و توانای مرۆڤ، ناتوانێت دەرک بە هەندێک شت بکات و وەڵامی پرسیارگەلێک بداتەوە، وەک (دوای مردن بۆ کوێ دەڕۆین؟ خودا و فریشتەکان شێوەیان چۆنە؟ ڕۆژی دوایی چییە؟ بەهەشت و دۆزەخ چۆنن؟) هەموو ئەم پرسە گرنگانە، پێویستان بە هێزێکی لە ڕادەبەدەرە کە ئەویش بریتییە لە (ئایین). هەموو قۆناغەکانی پێگەیشتن و دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی هەر شارستانییەک، لە سەرەتاوە دابونەریتە، دواتر بەکاوەخۆ دەبێتە کولتوور و هونەر، پاشان توێژینەوەی زانستی وەک قۆناغی سێیەم، ڕۆڵێکی کاریگەریی لە بەرەوپێشبردنی ئاستی ڕۆشنبیریی تاکدا هەیە. دوای ئەوەیش، فیکر و فەلسەفە ڕۆڵێکی گرنگ لە ئاراستەکردنی کۆمەڵدا دەگێڕن و خزمەت بە لایەنێکی جیهان و مرۆڤایەتی دەکەن، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە، دەروونی مرۆڤ بەبێ ئایین نائاسوودەیە. چونکە ئایین، کۆتا قۆناغی پەرەسەندنی ڕۆحی مرۆڤایەتییە. ماکوان کەریم کە بانگخوازێکی کوردە، دەڵێت: (کرۆکی فەلسەفە، خۆشویستنی جوانی و حیکمەتە، بەڵام خوێندنەوە و فەلسەفە ئەگەر نەتگەیەنن بە خودا، ئەوە دەتگەیەنن بە هیچ).

لە نەبوونی خودادا یان هەر هێزێکی باڵای تر، کە مانا بە ژیان ببەخشێت، دۆخەکە زیاتر نامۆ و ئاڵۆزتر دەبێت و مرۆڤیش ڕووبەڕووی ژیانێکی نادادپەروەرانە دەبێتەوە. ئایین وەک هەوڵێک بۆ تێگەیشتن لە ماهییەتی بوون و دۆزینەوەی مانای ڕاستەقینەی ژیان سەیر دەکرێت. چونکە بەبێ ئایین، مرۆڤ ڕووبەڕووی نیگەرانیی بوونگەرایی دەبێتەوە، کە بەهۆی هەستی بێمانایی و نامۆبوونی ژیانەوە دروست دەبێت. ئایین هەوڵدەدات لە ڕێگەی پێشکەشکردنی بەها و ئامانجی ژیانەوە، ئەم بۆشاییە دەروونییە پڕ بکاتەوە. پڕکردنەوەی ئەم کەلێنەیش لە ڕێگەی فەرموودەکانی پەیامهێنەوە (د.خ) کە مزگێنی بە چاکەکاران داوە، خودای گەورە لێیان خۆش دەبێت و ژیانی دوای مردنی بۆ مرۆڤ، ڕوون کردووەتەوە.
دوا جار کە دوای مردن، مرۆڤ باج یان پاداشتی کردەوەکانی وەردەگرێتەوە، هێزێکی ڕۆحی مرۆڤی ئیماندارە و نیشانەیەکە بۆ فەراهەمبوونی دادپەروەریی ڕاستەقینە لەپاش مردن.

بیرمەندانی بوونگەرایی، وەکوو نیتشە (١٨٤٤ – ١٩٠٠)، مارتن هایدگەر (١٨٨٩ – ١٩٧٦)، ژان پۆل سارتەر (١٩٠٥ – ١٩٨٠) پێیان وایە کە مرۆڤ فڕێ دراوەتە ناو جیهانێکەوە، ئەم جیهانەیش هیچ مانایەکی پێشوەختەی نییە. مرۆڤ ئازادە لەوەی کە خۆی مانایەک بە ژیانی ببەخشێت، بەڵام ئەم ئازادییە لە هەمان کاتدا بەرپرسیارییەتییەکی گەورەی دەخاتە ئەستۆ، چونکە مرۆڤ خۆی بەرپرسە لە هەڵبژاردنەکانی و ئەو مانایەی کە بۆ خۆی دایدەنێت. بەڵام لە لایەکی ترەوە ئایین، پێشنیاری ئەوە دەکات کە مانای ژیان لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و خودادایە، ئامانجەکەیش بریتییە لە ڕەزامەندیی خودا و بەدەستهێنانی بەهەشت. ئایا بوون بەبێ ئامانج مانای هەیە؟ یان ئایا مرۆڤ خۆی دەتوانێت مانایەک بە ژیانی ببەخشێت؟ لە ڕاستیدا ئەوە ئایینە ئامانج و مانا بە بوونی گەردوون و مرۆڤایەتی دەبەخشێت، چونکە تەنیا لە ڕێگەی ئایینەوە دەگەینە وەڵامی پرسیارە گەورەکانی ژیان (ئێمە کێین؟ لە کوێوە هاتووین؟ بۆ کوێ دەچین؟) چۆن فەلسەفە دەتوانێت یارمەتیی مرۆڤ بدات بۆ تێگەیشتن لە بنەما ئایینییەکان، ئایینیش دەتوانێت وەڵامی بەشێکی گەورەی پرسیارە فەلسەفییەکان بداتەوە. جیاوازی سەرەکیی نێوان خواست (ئیرادە)ـی ئازاد کە چەمکێکی فەلسەفییە و قەدەری ئیلاهی کە چەمکێکی ئایینییە ئەوەیە، یەکەمیان ئەو باوەڕەیە کە مرۆڤ توانای هەڵبژاردنی لەنێوان چەند ڕێگەیەکدا هەیە، ئەو بڕیارانەی دەیدات بە تەواوی لەئەستۆی خۆیەتی. بە واتایەکی تر، کردەوەکانی مرۆڤ پێشوەخت دیاری نەکراون و مرۆڤ دەتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ بڕیار بدات. بەڵام دووەمیان باوەڕێکە کە دەڵێت خودا هەموو شتێکی پێشوەخت زانیوە و دیاری کردووە، لەنێویاندا هەموو کردەوەکانی مرۆڤ. بە واتایەکی تر، هەموو ڕووداوێک بە ویستی خودا ڕوو دەدات و هیچ شتێک لە کۆنتڕۆڵی خودا دەرناچێت.

خودا ئاگاداری خشەی مار و مێرووە، زانایە بە هەموو ئەو شتانەی لەم جیهانەدا ڕوو دەدەن، لە نزیکی هەموو مرۆڤێکەوەیە. جۆن فلۆریۆ (١٥٥٣ – ١٦٢٥) کە ڕۆشنبیرێکی سەردەمی ڕێنێسانس، نووسەر، شارەزای بواری فەرهەنگ، مامۆستای زمانی ئیتاڵی و وەرگێڕیش بووە، گوتوویەتی: (ئەگەر خودا بوونی هەبێت، دەبێت ئەم خودایە، ئاگاداری ورد و دروشتی ئەم گەردوونە بێت، ئاگاداری گەردیلەیەک بێت، ئاگاداری هەڵوەرینی گەڵای دارێک بێت). لە ڕاستیدا قسەی ئەم نووسەرە بەرئاوەزە*، چونکە ئەگەر خودایەک ئاگاداری هەموو جووڵە و کاروبارێکی دروستکراوەکانی نەبێت، ئەوە بێگومان شایەنی پەرستن نییە و بە کەڵکی خودایەتی نایەت. ئەگەر لە قورئانیش بڕوانین بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە خودای گەورە زانست و زانیاری لەسەر هەموو شتێک هەیە. (وَعِندَهُ مَفَاتِحُ الْغَيْبِ لَا يَعْلَمُهَا إِلَّا هُوَ ۚ وَيَعْلَمُ مَا فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ ۚ وَمَا تَسْقُطُ مِن وَرَقَةٍ إِلَّا يَعْلَمُهَا وَلَا حَبَّةٍ فِي ظُلُمَاتِ الْأَرْضِ وَلَا رَطْبٍ وَلَا يَابِسٍ إِلَّا فِي كِتَابٍ مُّبِينٍ. الأنعام ٥٩) کە بە کوردی دەبێتە: (تەنیا ئەو کلیلی نهێنییەکانی لایە کە جگە لە خۆی کەسی تر نایزانێت، ئەو دەزانێت چی لە وشکانی و دەریاکاندا هەیە، هیچ گەڵایەک هەڵناوەرێت، ئیللا ئەو دەزانێت و ئاگادارییەتی، هیچ تۆوێک لە تاریکی زەوی و هیچ تەڕ و وشکییەک نییە، ئیللا لە لەوحی مەحفووزدا تۆمار کراوە. سوورەتی ئەنعام، ئایەتی٥٩).

شێوازێکی عەقڵانە (ئاوەزمەندانە) بۆ ناسینەوەی هەر شتێک ئەوەیە، لە ڕێگەی تایبەتمەندی و سیفەتەکانیەوە بیناسیت و پێی ئاشنا بیت. خودا نەوەد و نۆ ناوی هەیە، هەر یەکێک لەم ناوانە خاسیەتێکی خودای گەورەیە و مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگەی تێگەیشتن لەم ناوانەوە، خودا بناسێت و باوەڕەکەی تۆکمەتر بکات. لەم سۆنگەیەوە، پێغەمبەر (د.خ) لە فەرموودەیەکدا کە ئیمامی بوخاری و موسلیمیش گێڕاوییانەتەوە، فەرموویەتی: (إن لله تسعة وتسعين اسماً، مائة إلا واحداً، من أحصاها دخل الجنة) بە کوردی دەبێتە: (خوا نەوەد و نۆ ناوی هەیە، سەد کەم یەک، هەر کەسێک سەرژمێرییان بکات، دەچێتە بەهەشتەوە). یەکێکی تر لە ڕێگەکانی ناسینی خودای گەورە ئەوەیە، ئەو نامەیەی لە ئاسمانەوە بۆ مرۆڤایەتی ناردووە، بیخوێنیتەوە و لێی تێ بگات. لەو نامەیە (قورئانە)دا خودا ڕێزێکی گەورەی بۆ مرۆڤ داناوە، لە ڕێگەی پەیامیشەوە خۆیی پێ ناساندووە.

ئەگەر ئیمان بوونی نەبێت، ئەوە ئیسلامەتییش هیچ پێگەیەکی نییە. ئیسلام لە پێنج پایە پێک هاتووە، یەکەم: شەهادەت، دووەم: نوێژکردن، سێیەم:زەکات دەرکردن، چوارەم: ڕۆژووگرتن، پێنجەم: حەجکردن. ئەم پێنج پایە ئیسلامی لەسەر بینات دەنرێت، بەڵام زەمینەی ئەم پێنج پایە، ئیمانە. هەرگیز هیچ کەسێک ناتوانێت بەبێ ئیمان، خودا بناسێت. ئیمانیش بڕواهێنانە بە خودا و نهێنییە شاراوەکانی دنیا. ئایەتی سێیەمی سوورەتی بەقەرە، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە چەمکی ئیمانەوە هەیە، چونکە سێ سیفەتی سەرەکیی باوەڕداران دەخاتە ڕوو. (الَّذِينَ يُؤْمِنُونَ بِالْغَيْبِ وَيُقِيمُونَ الصَّلَاةَ وَمِمَّا رَزَقْنَاهُمْ يُنْفِقُونَ، البقرة ٣) بە کوردی دەبێتە: (ئەوانەی باوەڕیان بە شاراوەکان هەیە، نوێژەکانیان بە چاکی ئەنجام دەدەن، لەو ڕزق و ڕۆزییەی کە پێمان بەخشیون، دەبەخشن. سوورەتی بەقەرە، ئایەتی٣).

ئایین ڕێگەیەکە بۆ گەڕان بەدوای خودادا، خوداناسییش هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لەم گەشتە. لەم سەفەرەدا بە ڕاستیی ڕەها ناگەین، بەڵکو گەشتێکی بەردەوامە. فەلسەفەی ئایینیش ئەوەیە، ئیماندار باوەڕی بە نهێنییەکان و شتە شاراوەکانی گەردوون هەبێت. چونکە ئەگەر وانەبێت، ئایین هیچ ئامانجێکی نابێت و گەڕانیش بەبێ هودەیی کۆتایی پێ دێت.

*بەرئاوەز: مەعقول

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress