پێش خانەنشین بوون بە چوار ڕۆژ.. نەوزاد بەندی
مرۆڤ بە گشتی هەوڵ ئەدات نەهێڵێت خەڵکانێک کە ئەیانناسێت، خەم بخۆن .. ڕاوڕێوی دنیایان بۆ دێنێتەوە لە پێناوی وشککردنی فرمێسکەکانیان و کپکردنەوەی ئەو زریانی خەمەی تێی کەوتوون ..
بەڕای من ئەوە هەڵەیە .. هەڵەیە وا لە کەسێک بکەین خەم نەخوات .. وەک ئەوە وایە کەسێک خواردنێکی خراپی خواردبێ و نەهێڵین بڕشێتەوە.. ئێ ئەگەر نەڕشێتەوە، توشی ژەهراویبوون ئەبێ ..
مرۆڤ هەندێ کات، مافی خۆیەتی خەم بخوات ..یان ڕاستتر سەرەتاییترین مافی مرۆڤ ئەوەیە مافی خەمخواردنی هەبێت.
تەنانەت پێغەمبەران لە هەندێ بارودۆخی ناسکی ژیانیاندا خەمیان خواردووە، یوسف لەناو بیر و زیندانەکەیدا، یونس لەناو سکی نەهەنگەکەدا، ئەیوب لەکاتی نەخۆشییەکەیدا، ئیبراهیم کاتێ هاجەری لە بیابان بەجێهێشت، موسا کاتێ بە ڕێکەوت پیاوێکی بە مشتەکۆڵەیەک کوشت، موحەمەد کاتێ ناچارکرا شاری مەککە بەجێ بهێڵێت، سڵاو و دروودی خوا لەسەر هەموویان بێ، ئیتر ئەبێ ئێمە چۆن خۆمان لە خەم حەشار بدەین ؟؟
کچە چیرۆکنوسی ئەمەریکیی، هێلین کیللەر، کە نابیست و نابینابوو، ساڵی 1933 چیرۆکێکی نوسی بە ناونیشانی ( ئەگەر سێ ڕۆژ بیناییم بۆ بگەڕێتەوە، چی دەکەم ؟ )
لە ڕاستیدا ئەو دۆخە و تایتڵی چیرۆکەکە خەم ئامێزن، ئێوەیش سەرپشکن لەوەی خەمی لەگەڵدا بخۆن یان پێی پێبکەنن، یان خۆتانی لێ نەبان بکەن ..
بە کورتیی هێلین لەو چیرۆکەیدا ئەڵێ ئەگەر بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ڕۆشنایی چاوەکانم بۆ بگەڕێتەوە، ڕۆژی یەکەم ئەچم بۆ بینینی مامۆستا و خزم و هاوڕێکانم بە تایبەت مامۆستا ئان سۆلیڤان کە زۆر دڵسۆز بوو بۆم .
ڕۆژی دووەمیش ئەچم بۆ بینینی شانۆ و سینەما و مۆزەخانە و هەموو دامەزراوە هونەری و کولتوورییەکان.
ڕۆژی سێیەمیش تایبەت دەکەم بە بینینی خەڵک و ژیان و ..خەم و شادییەکانیان.
هێلین کیللەر خەو بە گەڕانەوەی تەنها سێ ڕۆژی چاوەکانییەوە ئەبینێ و یەک دنیا پڕۆژەی گەورەیش بۆ ئەو ڕۆژە دادەڕێژێت .. پڕۆژەی بینین و بەسەرکردنەوەی ئەو هەموو کەس و شوێنانە ..لێرەدا ئەیەوێ بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پێمان بڵێ تەنها نیعمەتی بینین بەسە بۆ ئەوەی گەورەترین چێژ و بەختەوەریی بەسەرتاندا بڕژێ ..ئەیەوێ پێمان بڵێ ئێوە لە لوتکەی شادیی و خۆشگوزەرانیدان کە هەستی بینین و بیستنتان هەیە ..ئەم پەیامەی هێلین کیللەر، هاوارێکی هێندە بێدەنگە، ڕەنگە هیچ کەسێ گوێی لێ نەبووبێ، وەک هاواری خنکاوێک ..سووتاوێک .. یان ونبوویەکی ناو دەریا و بیابان ..هاوارێکە ڕەنگە بڵێم له لوتکەی خەم و تراژیدیادا پۆڵێن بکرێ و تەنها هاوخەمەکانی لێی تێ بگەن.
منیش لە ژیانی فەرمانبەریمدا، تەنها چوار ڕۆژم ماوە..چوار ڕۆژی تر خانەنشین ئەکرێم.. ڕاستە ئەم حاڵەتە زۆر سروشتییە و یاسایە نەک سزا ..ڕێزلێنانە نەک دەرکردن، بەڵام لێرەدا من باس لە ڕووە یاسایی و ڕۆتینییەکەی ناکەم، تەنها باس لە لایەنە دەروونیی و کومەڵایەتییەکەی ئەکەم.. ئەبێ مرۆڤێک، نەک بەردێک، کاتێ لە مرۆڤەکان و ناوەندی کارەکەی، نەک لە چیایاکان، جیا دەبێتەوە، لایەنی دەروونیی و کۆمەڵایەتیی چی بەسەر بێت؟ .. ئەو پرسیارە وەڵامی زۆرە، چونکە ئاستی ڕۆشنبیریی و دەروونیی و هەستکردنیش زۆرن ..بەڵام من هەست ئەکەم دۆخێکی قورسە، چونکە تۆ ڕێگایەک وازلێدێنیت کە بە درێژایی 30 ساڵ و زیاتر ، ڕۆژانە پێیدا ڕۆیشتویت و گەڕاویتەتەوە ..خەڵکێک ئەبێ بەجێ بهێڵیت کە 30ساڵ و زیاتر ڕۆژانە بەیانی باش و تەوقەت لەگەڵدا کردوون و قسە و باس و هەواڵ و نوکتە و خەم و خۆشیت لەگەڵیاندا بەش کردووە تۆ جێگایەک ئەبێ چۆڵ بکەیت کە بە چاو نوقاندنیشەوە ئەتوانیت بیدۆزیتەوە..لە پڕێکا هەموو ئەو شتانە کۆتاییان بێ، ئەمە ئاسایی نییە و زەبرێکت بە جۆرێ لە جۆرەکان لێ دەدا.
بە تایبەت لە کۆمەڵگا و ووڵاتێکی وەک ئەوەی لای خۆماندا، کە هەموو کەسەکان بە دەزوولەیەکی باریکەوە بە ژیانەوە خۆیان هەڵواسیوە .. پڵتۆک لە هەر یەکێک بدەیت، دەست ئەکات بە گریان.. جاران تەنها مناڵ ئەگریا، ئێستا تەنها گەورە ئەگری، چونکە مناڵ ئەوەندە سەرقاڵی مۆبایل و ئەنتەرنێت بووە، نەک خاوەنی چاو و فرمێسکەکانی نییە، تەنانەت گەدە و خەو و خواردنیشی لە دەستچووە و ناتوانێ بە ڕێوەیان ببات.
ئێ ..
چوار ڕۆژم ماوە ..پێم ووتن هیچ کۆبوونەوە و ڕێزلێنان وئاهەنگێ قبوڵ ناکەم، چونکە ئەو شتانە بارودۆخەکە ناخۆشتر و دڵەکان تەنگتر ئەکەن ..
با چوار ڕۆژی ئاسایی بێ ..یان ڕاستتر هەوڵ ئەدەم و دان بەخۆمدا ئەگرم، کە ئەو چوار ڕۆژە بە ئاسایی تێپەڕێنم..
وەک هێلین کیللەر، ڕۆژی یەکەم بیر لەو ڕۆژە ئەکەمەوە باوکم دەستی گرتم و بردمی بۆ قوتابخانەی ئەیوبی لە گەڕەکی چوارباخ، ناونوسی کردم، ووتی ئیتر تۆ قوتابیت ..ئەو ترس و شکۆ و حەپەسانەی لەگەڵ چوونە ناو پۆلدا هەستم پێکردن، تا ئێستایش لە کۆڵم نەبوونەتەوە، ئێستایش بۆنی تەباشیر ئەمترسێنێ، تەختە ڕەش ئەملەرزێنێ و تف لە قوڕگمدا وشک ئەکا .. تا ئەمڕۆیش تەختە سڕ لە مەدالیای ئازایەتیی چێژ بەخشترە کاتێ شەرەفی سڕینەوەی تەختە ڕەشەکەیان پێ دەبەخشیم ..بەڵام داخم ناچێ ناوی مامۆستاکانم نایەتەوە یاد ..تەنها و تەنها ناوی مامۆستاکانی سرودم لە یادە..ئەوەیش گەورەیی هونەر لە ژیان و بیرەوەریی و ویژدانی مرۆڤەکاندا دەردەخات ..مامۆستا فەرید و مامۆستا ولیەم یوحەنا و مامۆستا نامدار …ئەوانەم هەمیشه و هەتا ماوم لە ناخمدا هەڵکۆڵراون.
ڕۆژی دووەم بیر لەو سێ زوڵمە زانستییە دەکەمەوە کە لێم کرا، یەکەمیان کاتێ لە زانکۆی موسڵ یەکەمی گروپەکەم بووم، لە قۆناغی چوارەم و کۆتاییدا، مامۆستای سەقافەی قەومییان لێ ڕاسپاردم ( ئەمجەد ئەسعەد ناوێ بوو ) کە ئەگەر خوێندنی باڵام ئەوێ، ئەبێ بچمە ڕیزەکانی حیزبی بەعسەوە، من بێ چەند و چوون، ووتم ناتوانم بچمە هیچ حیزبێکەوە، چونکە سروشتی من بێ لایەنییە .. ئیتر ئەوە بوو نمرەیەکی زۆریان لێ شکاندم، وایان لێکردم ببمە پێنجەمی گروپەکەمان..لەو سەردەمەیشدا ( ساڵانی هەشتاکانی سەدەی بیست) تەنها یەکەمەکان دوای ٤٥ ڕۆژ سەربازیی، ئەگەڕانەوە بۆ زانکۆ بۆ تەواو کردنی خوێندنی باڵا ..بەو جۆرە لە خوێندنی باڵا بێبەش کرام و نزیکەی سێ ساڵ و نیو سەرباز بووم.
زوڵمی زانستی دووەم، دوای ڕاپەڕین، هاوینی 1992 ڕێکخراوی فڕانس لیبرتی ئاگاداری کردمەوە پەیمانگەی کورد لە پاریس، کورسیەکی خوێندنی باڵای لە وڵاتی چیکۆسلۆڤاکیا بۆ دابین کردووم، چونکە هێشتا نمرەی زانکۆم بەرزترین بوو لە کوردستاندا، نزیکەی نۆ مانگ پێش ئەو بەروارە لە هەڵەبجەی شەهید، بڕوانامە و ناسنامەکانمان پێشکەش بە لیژنەیەکی سەر بە ڕێکخراوی دانیال میتیران کرد بوو.. کاتێ چووین بۆ تورکیا، لە باڵوێزخانەی چیکۆسلۆڤاکیا لە ئەنقەرە، شەقامی غازی عوسمان پاشا، لەو شەش کەسە، ناوی دوو کەسی تێدا نەبوو، یەکێک لەو دوو نەگبەتە من بووم، چوار کەسە بەختەوەرەکە، ڤیزەیان وەرگرت و بەجێیان هێشتین.. من و ئەو برادەرەیش بیست ڕۆژ لە ئەنقەرە لە نێوان باڵوێزخانەی چیکۆسلۆڤاکیا و فەڕەنسا و نوسینگەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هات و چونمان کرد، لە ڕاستیدا پەیمانگای کورد لە پاریس ئەدرێسی نوسینگەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە ئەنقەره پێداین بۆ چاوساغیی و ڕێنیشاندانمان کە ئەو کاتە سەفین دزەیی بەڕێوەبەریی نوسینگەکە بوو ..
دوای بیست ڕۆژ من و برادەرەکەم بە نائومێدیی گەڕاینەوە بۆ هەرێمی کوردستان.. دوای پێنج مانگ، برادەرەکەم کە کوڕی وەزیرێکی یەکەم کابینەی حوکمەتی هەرێمی کوردستان بوو، ڤیزەکەی گەیشت و هەڵفڕی بۆ چیکۆسلۆڤاکیا، لە کاتێکدا پەیمانی پێدا بووم لە ڕێی حوکمەت و ڕێکخراوە بیانییەکانەوە هەوڵ بۆ ساغکردنەوەی سکۆلەرشیپی هەردووکمان بدات ..!! ئەو فڕینەی فڕی، هەتا ئەمڕۆیش نەمبینیەوە! ئەوەیە هاوڕێی تەنگانە..!
زوڵمی زانستی سێیەم، کاتێ زانکۆی سلێمانی نۆژەن کرایەوە و کۆلێژەکانی ئاوەدانکرایەوە، من و پەیمان ناوێک بەرزترین کۆنمرەمان لە بایۆلۆجیدا هەبوو بۆ خوێندنی باڵا، کەچی نە من وەگیرام و نە ئەو ..بە پێچەوانەوە، بە قبول خاس چەندین هاوڕێی خۆمان لە خوێندنی باڵا قبوڵ کران، کە هیچ ئاستێکی زانستی و هیچ نمرەیەکی وایان نەبوو، یان هەر لە بنچینەدا چوار ساڵی زانکۆیان بە شەش ، حەوت ساڵ بڕی بوو..
ئێ ..
ڕۆژی سێیەمیش بیر لەو ڕۆژە ئەکەمەوە کە دامەزرام .. مانگی کانونی دووەمی ساڵی 1994 بوو، لە هەولێر بووم..لە وەزارەتی تەندروستی، ئەو کاتە کەمال شاکری ڕەحمەتی وەزیر بوو.. چوومە لای بەڕێوەبەری گشتی وەزارەت، کاک ناسر کارەکانی بۆ جێبەجێ کردم ..شەوێک لە هەولێر مامەوە، بە ڕێکەوت لە ئوتێل، بوومە هاوڕێ و هاوژووری دکتۆر تەها قەرەداغی، ئەویش بۆ کاری دامەزراندن ڕێی کەوتبووە هەولێر ..شەوێکی خۆش بوو ..
بۆ سبەینێ بڕیاری دامەزراندنم وەرگرت و گەڕامەوە بۆ سلێمانی، لە تاقیگەی نەخۆشخانەی مناڵان، هۆبەی بەکتریۆلۆجی دەست بەکار بووم..
ئێ ..
ڕۆژی چوارەم بیر لە هیچ ناکەمەوە ..ئەڕۆم بۆ بەشی خانەنشین بوون لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سلێمانی ..
ئیتر ئەم ژوور و .. ئەو ژوور و .. ئەم هۆبە و .. ئەو هۆبە و ..ئەو فەرمانگەی گەنجینە و ..ئەم هۆبەی ئەستۆپاکیی و ..ئەو ڕاژەی دارایی و .. ئەم فەرمانگەی خانەنشینیی و ..ئەگەڕێم و موڕاجەعەیان ئەکەمەوە، بەو جۆرە ئەوەندە سەرقاڵ ئەبم وەک ئەوەی هەر فەرمانبەریش نەبووبم .. وەک ئەوەی هەر بە خانەنشینیی لە دایک بووبم، ئا بەو جۆرە .
نەوزاد بەندی

