دەوڵەتانی ناوچەکە کامیان لەویتریان باشترە؟ … تاهیر حاجی حەسەن
هیچ یەک لەدەوڵەتەکانی ناوچەکە دەوڵەت گەلێک نین کەلەخزمەت و بەرژەوەندی چینە بەرهەمێنەرو هەژار کراوەکەدا بن،بەڵکو بەکۆ دەوڵەت گەلێکی تاسەر ئێسقان دیکتاتۆر و چەوسێنەر و کۆنەپارێز و لەدواجاردا وەک وەکیلێکی زلهێزانی سەرمایەداری لەمەیداندان بۆ دژایەتی کردنی چینە زۆرەکەی کۆمەڵگە کەلەچینی کرێکارو جوتیارەوە بیگرە تادەگات بەتوێژی کرێ وەرگرەکان پێک دێن.
هیچ نوزیەکی ئازادی و دیموکراسیەتی ڕاستەقینە لەنێو ئەو دەوڵەتانەدا نیە لەباشترینیانەوە جانازانم بڵێم دەوڵەتەکەی سیسی باشترینیانە یان کام یەکی تریان کەبڵێین لەو دەوڵەتەدا ترس و تۆقاندن لەپلەی یەکەمدا نەبێت، تا دەگات بەدەوڵەتەکەی ڕۆحانی و موشەڕەف و کابرای ئەفغانی و ئەوی تورک و ئەوی کەنداوی عەرەبی.
جائەو دەوڵەتەیش کەلەژێر ناوی خواستی ڕەوای گەلی کوردا بانگەشەی بۆ دەکرێت،گەر دروستیان کرد،ئەوا هاوشانی دەوڵەتدارانی ناوچەکە دەبێت و لەڕوی یاساییەوە دەبێتە پارزەرێکی باشی پاراستنی کۆڵەکەکانی ئەم سیستەمە دڕندەیەی کەشەریکاتە زەبەلاحەکانی وڵاتانی سەرمایەداری ڕابەرایەتی لێ دەکەن، بەڕاستەوخۆیش چەوساندنەوەی چینایەتی درێژە پێدەدات و قورستریشی دەکاتەوە لەمەی ئێستایش کەبونی هەیە.
بۆیە دەوڵەتەکەی بارزانیش بۆ بەرژەوەندی و خواستە ڕەواکانی چین و توێژە بەرهەمهێنەرو زەحمەت کێشەکان نابێت،بەڵکو لەبەرژەوندی چینە مشەخۆرە بۆرژوا قەومیەکەو ئەو شەریکاتانەدا دەبێت کەدەیانەوێت دەست بگرن بەسەر کۆی سەرزەمین و ژێر زەمینی ئەو گەلەدا کەناوی گەلی کوردە. ئیتر وەهمی نەتەوەو ژێر دەستەیی هیچ نیە بێجگە لەخورافاتێکی وەک خورافاتی ئاینی و مەزهەبی.
تاهیر حاجی حەسەن
23/09/2017