Skip to Content

رێگا.. کورتە چیرۆک: ستیڤان شەمزینی

رێگا.. کورتە چیرۆک: ستیڤان شەمزینی

Closed
by شوبات 6, 2024 General, Literature

وێستگەی پاسەکە جمەی دێت، نیوەڕۆیەکی گەرم و شێدارە، ھێندەی نەماوە خۆر باوەش بە زەویدا بکات، شەقامە قیرتاوە پڕ چاڵەکەش قرچەقرچی دێت وەک ھەناوی دایکێکی جەرگسووتاو. سەرنشینە دابەزیوەکان سەر لە بڕیاری شۆفێری پاسەکە دەرناکەن، بۆچی ھەموویان دابەزاند و خۆی بەرەو دواوە گەڕایەوە؟!، ئەمە روون نەبوو بۆ ھیچ یەکێک لەوانەی لە پاسەکە دابەزیبوون. ھەموو سەرنشینەکان لە چاوەڕوانیی ھاتنی پاسێکی تردا بوون، زۆربەی سەرنشینەکان سکیان لە برسا قۆڕەی دەھات و گەرماکەش ھێندەی تر تینوو و شەکەتی کردبوون. زیاتر لە کاتژمێرێک تێپەڕی و ھەتاو ھەمووانی سوور کردەوە، ھیچ پاسێک دیار نەبوو، تەنانەت شەقامەکە ھیچ ئۆتۆمبیلێکی تری پێدا تێنەدەپەڕی!. کپییەکی سامناک باڵی بەسەر وێستگەکەدا کێشا بوو، جار جار یەکێک لە سەرنشینەکان بۆڵەیەکی لێوە دەھات و شوێنەکەی جێدەھێشت، ئیتر بە پێ دەکەوتە رۆشتن. یاغر یاغر وێستگەکە چۆڵ بوو، بە تەنیا ئەو سێ ھاوڕێ مێرمنداڵە مانەوە، بە دزیی کەسوکارەوە بڕیاریاندا بوو، سەفەر بکەن بۆ جوگرافیایەکی تر.
کاتێک لە نێو پاسەکەدا بوون، مێرمنداڵی یەکەم کە تۆزێک باڵای لەوانیتر بەرزتر بوو، بە دەم فیکەلێدان و ھەستێکی تێکەڵاو لە ترس و شادیی، دەتریقایەوە دەیگووت ھەر گەیشتینە ئەوێ، وا و وا دەکەین. مێرمنداڵی دووەم چاوەکانی وەک ئەستێرەی شەوێکی تاریک دەدرەوشانەوە، کەمێکیش گۆشتن و خەپەتۆڵە بوو، سەری رادەوەشاند و بە دەنگێکی بەرز دەیگووت بێگومان، ھەر دەبێت دوا ئاواتمان لەسەر ئەو جوگرافیایە بێتە دی. مێرمنداڵی سێیەم بە درێژایی رێگای ناو پاسەکە، سەری نابوو بە پەنجەرەکەی تەنیشتییەوە، وا دەبینرا دوودڵ و پەشیمان بێت، لە دنیای دەرەوەی دەڕوانی، وەک ئەوەی بڵێت نامەوێت ئێرە بە ھیچ جێگەیەکی گریمانەکراو بگۆڕمەوە. بە بێدەنگی و بە دەم ھەناسەی قووڵەوە لە ئەشکەوتی داڵغەدا نغرۆ ببوو، دوو مێرمنداڵەکەی تر بە لاچاو و گاڵتەپێکردنەوە لێیان دەڕوانی، مێرمنداڵی یەکەم پێی گووت ئەگەر بڕیاری تەواوەتیت نەداوە، ئێستا بگەڕێیتەوە لە سزای ماڵەوە قووتار دەبیت!. مێردمنداڵی دووەم قسەکە لە دەمی ئەویان وەردەگرێتەوە و لە مێشێک دەڕوانێت لەسەر کوشنەکە و دەڵێت: ئەگەر لە خۆت رانابینی پێویستی نەدەکرد تا ئێرەش بێیت، پێموایە زۆریش ھاتوویت. مێرمنداڵی سێیەم بێ ئەوەی متەق بکات، وەک ئەوەی گوێی لە ھیچ نەبووبێت، بەردەوامە لەسەر بێدەنگی و خەیاڵکردنی خۆی.
ئێستا بە تەنیا ئەوان لە وێستگەکەدا ماونەتەوە، مێرمنداڵی یەکەم و سێیەم بڕیار دەدەن، بگەڕێنەوە بۆ وێستگەی پێشوو، ھەرچی مێرمنداڵی دووەمە سوورە لەسەر مانەوە لە وێستگەکەدا، دوای مشتومڕێکی زۆری نێوانیان، دوو مێرمنداڵەکەی تر، مێرمنداڵی دووەم جێدەھێڵن، ئەویش بە دەم جوینی بنێشتی سەھمەوە چاوەڕوانی پاسێکی تر دەکات. مێرمنداڵی یەکەم و سێیەم پێکەوە دەکەونە رێ، ھەنگاوەکانیان خێراتر دەکەن پێش ئەوەی فێنکایی عەسر دابێت و جموجۆڵی خەڵکی شار دەستپێبکاتەوە، ئەویش نەکا کەسوکاریان بە ماڵ جێھشتنیان بزانن. گیانیان شەڵاڵی ئارەقاو دەبێت، گۆرەوییەکانیان لەناو پێڵاوەکانیاندا دەڵێی کەوتووەتە چۆمێکەوە. رێگەکە تا دێت خۆی درێژ دەکاتەوە، بە چەشنێک حەوسەڵەیان لەبەر دەبڕێت، بنی پێیان تلۆقە دەکات، بە حاڵەحاڵ دەتوانن بگەنەوە بە وێستگەی پێشتر، کاتێک دەگەن بیابانێکی کشومات دەبینن، سەریان سووڕ دەمێنێت چۆنە ھیچ گەشتیارێک لێرە چاوەڕێ نییە! مێرمنداڵی یەکەم ھاوار دەکات، ئای خودایە ئەوە چییە دەڵێی ئەمە شارە جنۆکەیە و بیسملایان لێ کراوە. ئەویتر بە ھەمان شێوازی خۆی کڕە، ورتەی لێوە نایەت، تەنیا چاو دەگێڕێت. مێرمنداڵی یەکەم دەچێتە بەردەمی و بە قۆشمەچێتییەکەی خۆی پێی دەڵێت: بڕۆ بۆ ماڵەوە میکانۆکانت بھێنە، ئێرە ھیچ دوکانێکی لێ نییە.
لە ناکاو ھەردووکیان چاویان دەچەقێت بە کاغەزێکی چرچی سەر دیوارێک کە بە خەتێکی ناخۆش و درشت، ئاگادارینامەیەکی لەسەر نووسراوە: (چیتر ھیچ پاس و ئۆتۆمبیلێک لێرەوە تێناپەڕێت). بۆ یەکەمجار مێرمنداڵی سێیەم قسە دەکات و دەڵێت: ئەمە مەحاڵە، بەڵام ھەر دەمەوێت بگەمە ئەو شوێنەی ئاواتەکانم پێوە گرێداوە. مێرمنداڵی دووەم بە واق وڕماویی و دەنگێکی کزۆڵەی لێ دەردەچێت (دەبوو پاسێک بھاتبایە و لە وێستگەی دواتر بە ھاوڕێکەمان بگەیشتیانەتەوە). چەند خولەکێک بێدەنگی باڵ بەسەریاندا دەکێشێت، پێشھاتە چاوەڕواننەکراوەکە ھەردووکیان یەکسان کرد لە بێ زمانیدا. (دەبێت بەردەوام بین لە رۆشتن، ئامانجەکەمان گرنگترە لە ھەر شتێکی تر). مێرمنداڵی سێیەم ئەمەی گووت و ھەستایە سەر پێ، مێرمنداڵی یەکەمی لە زمان کەوتوو ھیچی نەگووت. تەنیا فرمێسک بە چاویدا ھاتە خوارەوە!. (ئەم فرمێسکە چییە؟ ئەمە یەکەم وێستگەی گەشتەکەیە، ئەی چۆن بەرگەی وێستگەکانی تر دەگریت؟). مێرمنداڵی سێیەم بێ ئەوەی رووبکاتە ھاوڕێیەکی ئەمەی گووت. ئەویتریان دەستەکانی دەلەرزین و بەردەوام فرمێسکەکانی وەک ئاوی کانی ھەڵدەەقووڵان. (من دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە!). مێرمنداڵی دووەم وای گووت و لەگەڵیدا قەیتانی پێڵاوەکانی شل کردەوە و بە ئاڕاستەی ماڵەوە کەوتە ھەنگاونان. مێرمنداڵی سێیەم چووە بەردەمی و پێی گووت: (ھاوڕێی نیوەی رێگە مەبە). ھاوڕێکەی ھەستی بە شەرم و دڵشکان کرد، دەستی خستە سەر شانی و گووتی: (ئەوەی بە بێدەنگی رێگە دەبڕێت، لەوە باشتر دەگاتە جێ کە ھاتوھاوار دەکات), ئەم قسانە لە وتەی مێرمنداڵێک زیاتر بوون، وەک دەگووترێت رستە جوانەکان لە ھەلومەرجە جوانەکاندا لە دایک نابن، رەنگە ئەمەش بەشێک بێت لەو راستییە. مێرمنداڵی یەکەم و سێیەم بە دوو ئاڕاستەی پێچەوانە یەکتریان جێھێشت.
کەس نازانێت مێرمنداڵی سێیەم بە چ رێگەیەکی دژوار یان ئاسان، بە تەنیا خۆی گەیاندە ئەو جێگەیەی بڕیار بوو بە سێقۆڵی پێی بگەن. ھەندێک دەڵێن بە دوو ساڵ و بە قوورسترین شێوە گەیشتووە، ھەندێک دەڵێن ھیچ کات نەگەیشتووە، بەشێکی تر دەڵێن بە چەقەنەیەک گەیشتووە. ئەمە ئەو حکایاتەن لە دوای مێرمنداڵی سێیەمەوە دەماودەم دەگێڕدرێنەوە. دوو دەیە و نیو ئەم ئەفسانە و مەتەڵە ھەڵنەھاتووە جێگەی باسی دۆست و ئاشنایان بوو، سروشتی خەڵکیش وایە حەزیان بە حکایەت دروستکردنە. دیارنەمانەکە زۆری خایاند و چیرۆکەکەش کۆن بوو، لەو دەمەی خەریکبوو ھەموو شتێک لە بیر دەچووەوە، پیاوێکی کەڵەگەتی چاوڕەشی ئەسمەر، لە شارەکەدا سەر دەردەھێنێت. کەس نازانێت کێیە و لە کوێ ھاتووە، بە چ مەبەستێک ھاتووە یان نێردراوە؟. (ئەم دووکەڵە ئاگرەکەی دیار نییە، نەک ئاگرێکی بێ دووکەڵ بێت). ئەمە تێڕوانینی ئەو رۆژنامەنووسە بوو لە بارەیەوە، سەروسەکوتی لە دەغیلە دەچوو. زۆرێک دەڵێن سیخوڕێکی مەترسیدارە، بەو ھۆیەی لەگەڵ گەیشتنی بە ئێرە بە لێکۆڵەرەوەی پۆلیسی نشینگەی گووتبوو: (ئێوە وشەکان دەخوێننەوە، من پشتی وشەکان). بەشێکی تر دەڵێن سەرمایەدارێکی نیمچە شێتە، چوونکە لەم رۆژانەدا لە بەردەم یەکێک لە قاوەخانەکەدا گووتبووی: (پێم دەڵێن تۆ بوونەوەرێکی سەیر و سەمەرەیت، راستییەکەش ئەوەیە دەبێت سەیر بم). زۆرێکی دیکەش دەڵێن کابرایەکی فشەکەری قەشمەرە.
مێژوویەک تێپەڕیوە، مێرمنداڵی سێیەم، ئێستا پیاوێکی تێکسمڕاوە و لاجەنگەکانیشی سپی بوون، ھیچ کات ئەو دوو ھاوڕێیەی تری لە بیر نەکردووە، بەڵام ھیچ کاتیش ئاگای لە ھەواڵیان نەبووە و خۆیشی نەیویستووە ھەیبێت. لە وەرزی پشکوتن و رۆژێکی فێنکدا کە دموزی تێیدا دەچێتە ژوانی ئینەننا، بڕیار دەدات ھاوڕێکانی بدۆزێتەوە. کەس نازانێت چۆن و بە کوێدا ھاتەوە و لە کوێش دەمێنێتەوە؟. نھۆ مێرمنداڵی سێیەم، نووسەرێکی بەناوبانگە، گەرەکیەتی ئەو بەسەرھاتەی خۆی بکاتە رۆمان. سەرەتا دەیەوێت بڕوات بۆ ئەو وێستگەیەی ھاوڕێی دووەمی تێدا جێھێشت، ھەرچی کۆشا نەیتوانی وێستگەکە بدۆزێتەوە، ھیچ شتێک لە پێشوو نەدەچوو، تەلاری بەرز، ھوتێلی چوار ئەستێرە، نێرگەلەخانە و قاوەخانە، چەند دوکانێکی لوکس و مۆڵێکی گەورە و پارکێکی بچووک لەو دەوروبەرە دروستکرابوون، ھیچ کات ناتوانێت شوێنەواری شەقامەکە بدۆزێتەوە، ناچارە پرسیار بکات، لە ھەرچ کەسێک دەپرسێت، بە گوومان و سەرسووڕمانەوە وەک شوێنەوارناسێکی تازە شێتبوو لێی دەڕوانن و وەڵامێکی چنگ ناکەوێت، چوونکە زۆربەیان تازە لاون. لە یەکێک لە کافتریاکاندا دادەنیشێت و بەدەم خواردنەوەی کافێ لاتەیەکەوە ماندووێتی دەحەسێتەوە، پێش ئەوەی بچێتە تەوالێتەکە، کتوپڕ چاوی دەچێتە سەر چەند تابلۆیەکی تێکەڵاوی کۆن و نوێ کە بە قەد دیوارەکەوە ھەڵواسراون، ھەر یەکەیان لە رێگەی وێنەیەکی کۆن و نوێوە چیرۆکی ئەم شوێنە دەگێڕننەوە، ئەمە تاکە دەرفەت بوو بتوانێت وێستگەکە بدۆزێتەوە، بە خێرایی بۆ لای تابلۆکان کشا و سێیەم تابلۆ وێستگەکەی بەدیکرد لە ژێرەوشیدا وێنە تازەکەی بینی کە کراوە بە پارکێکی مامناوەند. بە زوویی خۆی کۆکردەوە بەرەو دەرەوە چوو، تەنانەت بیری چوو پارەی قاوەکە بدات. بەدەم ھەنگاوەکانییەوە بیری لەوە دەکردەوە تۆ بڵێی چ گوڵێک ببینیت لە شوێن پێی خۆی و ھاوڕێکانیدا، سەرنجی زۆی ناو پارکەکەی دا، ھەموو شتێک ئاسایی بوو، جگە لە دیمەنی ئەو پیاوە ریش ھاتووە مەستەی رەنگی ریشی رەساسی بوو کە ھەر ھاتوچۆی دەکرد و ھەمیشە سەیری لای سەرەوەی پارکەکەی دەکرد، وەک ئەوەی چاوەڕێی کەسێک بێت، وردە وردە لێی نزیک کەوتەوە، لە سیمایدا نەدەکرا بە ھیچ کەسێک لەوانە بچێت بە درێژایی تەمەن ناسیبوونی، شتێک بەرەو دێوانەکە پاڵی پێوە دەنێت، بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت دەگاتە بەردەم دێوانەکە، کەمێک چاو دەبڕنە یەکتر و دێوانەکە بە دەنگێکی ناسکی منداڵانە داوای سیگارێکی لێ دەکات بە مەرجێک چەرخی پێ بێت، ئەمیش بە خۆشحاڵییەوە سیگارێکی پێشکەش دەکات و چەرخەکەی بۆ رادەگرێت دایبگرسینێت. موچڕکێکی سارد سەرتاپای لەشی دادەپۆشێت، وەختێک چاوی دەکەوێتە سەر پەنجە زیادەکەی، نایەوێت بڕوا بە چاوەکانی بکات و خێرا پارکەکە جێدەھێڵێت.
دەگاتەوە شوێنی حەوانەوەکەی، وەک بروسکە خۆی دەکات بە ژووری ھوتێلەکەیدا، خۆی دەخزێنێتە ژێر چەرچەف و دواتر لە پەنجەرەی ژووری سێ سەد و سێی نھۆمی سێیەمەوە سەیری دەرەوە دەکات، کێچ کەوتووەتە کەوڵی و دەچێتە باڵکۆنەکە و سیگار بە سیگار دادەگیرسێنێت، ئەم دڵگەرمیی و بێزارییە ھەمووی نیو رۆژ دەخایەنێت. پاش ئەوە دەستدەکات بە نووسینی لاپەڕەیەکی نوێی رۆمانەکە، یەکەم دێڕی ئەمڕۆ دەنووسێت: (لە کولتووری ئێمەدا سپی رەنگێکی پۆزەتیڤ بووە یەک جار نەبێت کە لە پەندێکی پێشیناناندا بەرجەستە بووە: دەست و پێ سپی). تێناگات باسی خۆی دەکات یان چی؟ ئەم دێڕە رەش دەکاتەوە. بیرەیەکی سارد لە ساردکەرەوە دەردەھێنێت و دوو قوومی لەسەر یەکی لێدەدات و ئەمجارە بیچمی ناشرینی، دادوەرێکی بیر دەکەوێتەوە، رۆژی پێشوو لە گەراجی ئۆتۆمبیلەکاندا دەستی لە ھاوسەرەکەی بەرز کردبووە و جنێوی پێ دابوو، ئەمیش پێی گوتبوو: (ئاژەڵەکان تۆیان بینیبوو بۆیە پاشگەزبوونەوە لەوەی ببنە خاوەن زمان). دەیەوێت پانتاییەک بۆ ئەم قسەیەی بکاتەوە لەو رۆمانەی مژۆڵی نووسینییەتی. زۆر ناخایەنێت خەیاڵی دەڕواتە بۆ لای دێوانە شەش پەنجەکە، (نا، نا، ناکرێت ئەو بێت) ئەمەی گووت و بینی نا بە شووشە بیرەکەوە چۆڕبڕی کرد. ھەوڵیدەدا بڕوا بە خۆی بھێنێت ھەرگیز نەیبینیوە، ھەرچی دەکرد، نەدەکرا نکۆڵی لە بینینی خۆی بکات، جارێکی تر ویستی رووبەڕووی ئەوە بێتەوە چاوەکانی بینیوویان، لاپەڕەیەکی تازەی ھێنایە بەردەستی و لەسەری نووسی: (چاوم ھیچ نابینێت، واتە زۆر بە زەقی راستییەکان دەبینم، بەڵام فەرامۆشیان دەکەم وەک ئەوەی نەیانبینم). بەدەم نووسینی ئەم دێڕە پرخەی بەرزبووەوە.
ساتێک بێدار دەبێتەوە، تاریکی و کپیی شەوەکەی لە ئامێز گرتووە، سەیری کاتژمێرەکەی دەستی دەکات یانزە و سی و سێ خولەکە، ھەست بە سەرئێشە و ئازارێک دەکات لە ئەژنۆکانیدا. دووبارە دەگەڕێتەوە لای نوستالژیاکانی و خولیای دۆزینەوەی ھاوڕێی یەکەم تەواو مێشکی دادەپۆشێت. وەک پێشتر لە دەفتەری تێبینییەکانیدا ھێمای بۆ کردبوو ئامانجی بینینەوەی دواین جێگەی بیرەوەرییەکانێتی نەک دۆزینەوەی ھاوڕێکانی، ھەر لە ناو ئەو دەفتەرە بچووکەدا نووسیبووی: (گەمژەکان زوو یەکتر دەدۆزنەوە، بەڵام ئاوەزمەندەکان نا). لە لاپەڕەیەکی پاشتردا ئەم دوو دێڕەی بە خەتێکی تۆخ یادداشت کردبوو (مەرج نییە پەشیمانی سەر بە رابردوو بێت، ھەندێک پەشیمانی ھەیە سەر بە داھاتووە، بیرۆکەیەکت ھەیە و دەتەوێت بیخەیتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام پێش ئەوەی پراکتیکی بکەیت بە ھەر ھۆکارێک بێت لێی پەشیمان دەبیتەوە). بەدەم بیرکردنەوە لە رابردوو وەنەوزی دێت و جارێکی تر خەو دەچێتەوە چاوەکانی. لەگەڵ یەکەم کارگوزاری ھوتێلەکەدا بە خەبەر ھات، دوای دوش و دەم و ددان شتن، رۆیشت بۆ بەرچایی خواردنی بەیانیان، کەرتێک سەموونی بۆر و پارچەیەک پەنیر و چەند بۆڵە ترێیەکی خستە سەر قاپەکەی، لە کەنارێکەوە دانیشت، لە ناکاو کۆمەڵێک پیاوی قات لەبەری ورگن خۆیان کرد بە ژووردا، سەری سوڕما لەوەی نانی بەیانی و قاتی فەرمی؟ وەک بڵێی لە پرێس کۆنفرانسدا بن!. ئەمە بیرۆکەیەکی تری پێ بەخشی و دێڕێکی تری دەستکەوت بۆ رۆمانەکەی: (ژیان وای لێھاتووە کەس بە ھیچ جوان نابێت، کەسیش بە ھیچ ناشرین نابێت، ئەوەی پێوەرە تەنیا سامانە).
دوای خواردنی نانی بەیانی، عەوداڵبوون بۆ دۆزینەوەی ھاوڕێی یەکەمی مەست و شەیدای کردبوو، ئارەزوویەکی سەیر پاڵی پێوە دەنا وەک ئەو ئارەزووەی ئارکۆلۆژیستەکان بۆ گەڕان بەدووی شوێنەوارە دێرینەکان ھەیە، بەرەو گەراجی ئۆتۆمبیل راگرتن کەوتە ڕێ، ئەم رێگەیە وەک چاوەڕوانیی پاسەکە درێژ بووەوە. یەکەم سلفی لە ماشێنەکەیدا، دۆزینەوەی ھاوڕێی یەکەمی بەھۆی ناوی گەڕەکەکەیانەوە قورس نەبوو، ئەرکە زەحمەتەکە بەرگەگرتنی بینینی بوو. بەدەم شۆفێرییەکردنەوە چەندان سیناریۆی بۆ ئێستای ھاوڕێکەی لە خەیاڵیدا داڕشت، لە خراپترین ئەگەرەوە بۆ باشترین ئەگەری لەبەرچاو گرت. بەدەم خەیاڵاتەوە گەیشتە گەڕەکەکە، بەڵام جگە لە ئاپارتمانی بەرز و ھەوربڕ ھیچی تری نەبینی، بە نائومێدیی بە ناو باڵەخانەکاندا پێچ و دەورانی دەکرد، لە پڕێکدا ماڵێکی کۆنی ئەو سەردەمەی خۆی ھاتە پێش چاوی، سەرەتا واتێگەیشت چاوی رەشکەوپێشکە دەکات، دواتر دڵنیابووەوە ئەوەی بینیوویەتی راستییە. لەبەردەم ماڵەکەدا دارتوویەکی زڕ ھەبوو، یەکڕاست خەریکبوو لە ھۆش خۆی بچێت، ئەو دیمەنەی بیر ھاتەوە وەک مەیمونێک چۆن بەم دارەدا ھەڵقوون و داقوونی بوو. ئۆتۆمبیلەکەی راگرت. کوڕێکی گەنج لەبەردەم ماڵەکەدا وەستابوو، لە بیستەکانی تەمەنیدا بوو، (ناکرێت ئەمە خۆی بێت)، وا دیار بوو کوڕەکە چاوەڕوانی شتێک بکات، بە خێرایی خۆی پێگەیاند و پرسیاری ماڵی ھاوڕێی یەکەمی کرد و گووتی: من بە دوای ماڵی فلان کەسدا دەگەڕێم، چاوەکانی ھەر یەک لە رەنگێک بوون، یەکێکیان کەسک و ئەویتریان شین و کاتی خۆی… کوڕەکە قسەکەی پێ دەبڕێت و دەڵێت: بەڵێ ئەوە ماڵی ئەوە و من کوڕە گەورەکەی ئەوم. ئەوە باوکمە لە ھەیوانەکەوە نەخشە بۆ سەفەرێکی دێرین دادەنێت کە تا ئێستا سەری نەگرتووە، مێرمنداڵی سێیەم لە شوێنی خۆی سڕ دەبێت، سەیرێکی ھەیوانەکە دەکات پیرەمێردێکی ردێن سپی دەبینێت، ئاوڕ بۆ کوڕەکە دەداتەوە، دەبینێت خۆی ھەڵداوەتە ناو پاسێکەوە!، کاتێک پاسەکە بە لایدا تێدەپەڕێت دەبینێت، سێ مێرمنداڵ لە کوشنی دواوە دانیشتوون، یەکێکیان سەری بە پەنجەرەکەوە نووساندووە.


سوێد- ڤێسترۆس
بەھاری ٢٠١٥

تێبینی: ئەم چیرۆکە لە ژمارە (٣١٥)ی گۆڤاری (رامان) لە رۆژی ٥-١-٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە

Previous
Next
Kurdish