Skip to Content

خوێندنەوەیەك بۆ ئەنجامی ریفراندۆمەكەی كوردستان … عەلی مەحمود محەمەد

خوێندنەوەیەك بۆ ئەنجامی ریفراندۆمەكەی كوردستان … عەلی مەحمود محەمەد

Closed
by ئه‌یلول 28, 2017 General

چەند رۆژێكە كەناڵەكانی راگەیاندن, هەر یەكەی بە ئاوازو نەغمەیەك شیكردنەوەی نا زانستی بۆ ئەنجامەكانی ریفراندۆمەكەی كوردستان دەكەن,كاتێك ئاوازی بەرژەوەندی سیاسی بەسەر شیكاریەكاندا زاڵ دەبێت هیچ نرخێكی زانستی نابێت , جەماوەریش لە كۆتادا بێزار دەبێت لەم هەموو ستایش و رەخنەی بێ بنەمایانە.
خەڵكی كوردستان لە مێژووی تێكۆشانی سیاسی و سەربازی بۆ مافە نەتەوایەتییەكانی لە 11ی ئەیلولی 1961 ەوە بۆ 25ی ئەیلولی 2017 , كە 20454 رۆژە, تەنها رۆژێكی بۆ راپرسی ریفراندۆم دانا “هەرچەندە من راپەڕینی چەكداری 11ی ئەیلولی 1961 دەستپێكەكەی بە یاخی بوونی دژ بە شۆڕشی دەرەبەگەكان دەزانم بە هاوكاری دەستی دەرەكی كۆنەپەرستی”, ئەمەش دەبێتە قۆناغێكی تازە لە تێكۆشانی گەلی كورد بۆ مافە نەتەوایەتیەكانی, لە دەرگایەكی مۆدێرنەوە دەیباتە ناو پرۆسەیەكی تازەوە.

لە بیرمان نەچێت ویستی نەتەوایەتی بۆ سەربەخۆیی جیایە لە ویستی عەدالەتخوازان بۆ دادپەروەری و ئازادی و یەكسانی. نابێت زۆر چاوەڕوانی گەورەمان لەو هێزانە هەبێت لە گەیشتن بە مافە نەتەوایەتیەكان ئەركەكانی كۆتایی دێت و دەبێتە ئەرك و بار گرانی بەسەر گەلەوە.
گەلی كوردستان دو شەممە گەورەكەی خۆیان پاش بەشداریكردنی كەركوك سەركەوتوانە ئەنجامدا, لە بیرمان نەچێت ریفراندۆم بێ كەركوك تورێكی قوڕاوی ناهێناو شكستێكی گەورەشی تۆمار دەكرد, ئەو یەكشەمەیەی قاسم سلێمانی تێكشكێنرا لە كەركوك ریفراندۆم سەركەوت,كەركوكیەكان و هاووڵاتیانی ناوچە دابڕاوەكان بێ بانگەشە سندوقەكانیان پڕ كرد.

سەركەوتن و شكستی ریفراندۆمەكە لە كەركوكەوە بوو, دوای ریفراندۆمیش هەنگاوەكان دواتر بە سانایی لە تەڵەی كەركوك رزگاری نابێت.كوردستان لە كاتی ریفراندۆم بەسەر چەند بەرەیەك دابەش بوون, تەنانەت حیزبەكانیش لەناو خۆیان بەسەر بەرەی جیاجیا دابەش بوون, ئەم دابەشكارییە لەو ناوچانەی وەك هەڵەبجە و سەید سادق و سلێمانی و راپەڕین زیاتر رەنگی دایەوە لە ناوچەكانی دی, ئەمەش نیشانەی فرەیی و زیندویی چالاكی سیاسییە لەو دەڤەرانە, دیاردەیەكی سروشتی جیهانیشە.
پارت و لایەنە سیاسییەكان بە پێی ناوچەكان قورسایی سیاسییان دەگۆڕێت.

لە ریفراندۆمەكەی كوردستان بەرەی بەڵێ زۆرترین دەنگی هێنایەوە, زۆرینەی پارتە سیاسییەكانی كوردستان و پارتە كەمینەكانی نزیك لە دەسەڵات و بەشێك لە عەشایەرە عەرەبییەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم پشتیوانیان لێی كرد, لە كۆی 4581255 دەنگی بەشدار بوو لە ریفراندۆمەكە توانی 2,861471 دەنگ بهێنێتەوە, كە دەكاتە 92,73%ی دەنگەكان, وەلێ ئەم ژمارەیە دەكاتە 62,46%ی كۆی دەنگدەرانی كوردستان, هەرچەندە لیستی بەشداربووانی ریفراندۆمەكە كۆن بوو, تازە نەكراوەتەوە, ژمارەی مردووان و چون بۆ دەرەوەی وڵاتی زۆری تێدایە,دەبوایا تازە بكرابایەتەوە لە قازانجی پرۆسەكە, بۆ ئەوەی ئامارەكان دروستتر دەركەوتوایە, ئەوانەی ناتوانن بەهۆی مردن و سەفەرەوە بەشداری دەنگدان بكەن دەربكرابایان لە لیستەكان .

هەرچی بەرەی نەخێرە, كە خۆی لە پارتی بەرەی توركمانی و حەركەی ئاشوری و هەندێك عەشیرەتی عەرەبی و بەشێك زۆر لە بنكەی دەنگدەری گۆڕان و بەرەی نەخێر و دڵشكاوانی ئێزیدی و كاكەیی و كریستان و ناڕازیانی خۆرسكی دەسەڵاتی كوردی دەبینییەوە, ئەم بەرەیە توانیان بە هەموویانەوە 224,468 دەنگ بهێننەوە, كە دەكاتە 7,27%ی دەنگەكان, وە 4,8997%ی كۆی دەنگی دەنگدەرانی كوردستان .هاوكات لە ریفراندۆمەكە كۆی گشتی 1,275,330 كەس پشكداری راپرسییەكەیان نەكردووە, ئیتر ئەمانە زۆر هۆكار هەیە بۆ بەشداری نەكردنیان, بەشێكیان ناڕازی پاسیفن, بەشێكیان لە نەتەوەو پێكهاتەكان دین وەك لیستی وەركا و بەرەی توركمانی …., بەشێكی تریان سەفەریان كردووە, چ ئەوانەی تازە رۆیشتوونە, یان ئەوانەی هاتنەوەو بەهۆی خراپی باری ئابورییەوە جارێكی دیە رۆیشتنەوە , یاخود هەندێك بەهۆی نەخۆشیی و كۆچی دواییدواییەوە…. نەیان توانی بەشداری بكەن”چونكە لیستەكە كۆنە ” ئەم ژمارەیە 27,84%ی دانیشتوانی ئەو ناوچانەن كە راپرسییان تێدا كراوە, بۆ پرسێكی گرنگی وەك سەربەخۆیی ژمارەكە زۆرە.لە لایەكی ترەوە 219991 دەنگی سوتاویشمان هەیە, كە كۆمسیۆن كەوتۆتە ناو هەڵەوە ئەم دەنگانەی بە سێ بەش بڵاو كردۆتەوەكە لە ئەنجامی ریفراندۆم و هەڵبژاردنە جیهانییەكان هەموو پێكەوە دەژمێردرێت.

بە پێی ئامارەكەی كۆمسیۆن لەو ژمارەیە دەنگی دور خراوە 170611 دەنگە, ئەمەش ژمارەیەكی زۆرەو پێویستی بە رونكردنەوەی زیاتر هەیە لە بارەیەوە, هەرچی دوو بەشەكەی ترە بریتین لە دەنگی پوچەڵكراوەو دەنگی سپی ” دەنگی سپی 9368 دەنگ و دەنگی پوچەڵی بەكار هاتوو 40011 دەنگ, سەرجەم دەكاتە 49379 دەنگ”, ئەمانە ناڕازی چالاكن لە هەمبەر هەردوو بەرەی بەڵێ و نەخێر, بەهەر هۆكارێك بێت نەچونەتە هیچ یەك لەو دو بەرەیەوەو نەیاریشیانن و دەنگی خۆیان وەك ناڕەزایەتییەك سوتاندووە.لە كۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین, ریفراندۆم كرا و خەڵكیش ئاهەنگی خۆیان بە شێوازێك دەربڕی كە رۆژی 26ی مانگ ئاهەنگی سەربەخۆیی بگێڕن, ئێستا لیژنەی باڵای ریفراندۆم چی لە ئەنجامەكانی ریفراندۆم دەكەن؟, كەی بڕیارە گەورەكە دەدەن, پێش ئەوەی كاغەزی ئەو دەنگانەی بە خوێن بەڵێی دا, تۆزیان لەسەر رەفتەكان لێ بنیشێت؟.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress