Skip to Content

شتێ وەک چیرۆک.. نەوزاد بەندی

شتێ وەک چیرۆک.. نەوزاد بەندی

Closed
by ته‌مموز 7, 2024 General, Literature

نا ..نا ..
پێویست بە ڕۆمان ناکا .. ژیانی تێکڕای خەڵکی ئێرە ئەتوانیت بە لاپەڕەیەک باس بکەیت ..ژیانیان شوێنی تێدا نییە ، چونکە شوێن بە خۆیان ناگرن .. پاڵەوان و ڕوداویشی تێدا نییە ، تەنها ڕوداوێکی تیایە ئەویش کەناڵێکی سەتەلایتە .. ئێ ڕۆمان ئەبێ شوێن و کات و ڕوداو و پاڵەوانی تێدا بێ ..واتا لێرە تەنها کات هەیە ، مانەوەی کاتیش لەبەر ئەوەیە دەسەڵاتیان بەسەر خولانەوەی زەوی و خۆردا نییە ، ئەگینا ڕۆژیان ئەکرد بە دوو سەعات یان بە چل سەعات ..هەرچەندە لە ڕووی خزمەتگوزاری و شتەکانی ترەوە ، دەستکاری کاتیشیان کردووە ، بۆ نمونە فەرمانبەران پەنجا ڕۆژ جارێک موچە وەردەگرن .. هەندێ جار نەوەد ڕۆژ جارێک ، وەک مژدە و دەسکەوتێک موچەیان بەسەردا دابەش ئەکەن ، یان هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی لە جیاتی چوار ساڵ جارێک ، ئەبێتە شەش ساڵ یان هەشت ساڵ و زیاتریش .. ئەو کاتە درێژ ئەکەنەوە ، لەمسەر و لەوسەرەوە ڕایئەکێشن .. کەواتە ئەتوانیت بڵێیت لێرە کاتیش بوونێکی ئاسایی نییە .. ئیتر ڕۆمانی چی ؟ .. نەوەڵا ، ئەتوانیت بە کەمتر لە لاپەڕەیەک چیرۆکی ژیانی زیاتر لە شەش ملیۆن کەس بنوسیتەوە .. یان ڕاستتر ئەتوانین بڵێین چیرۆک نییە ، ناساندنی پارچەیەکی دابڕاو لە مرۆڤایەتییە .. یاخود مرۆڤگەلێکی ناوچاڵێک ، کە سەدان ساڵ پێش ئێستا باپیرە هەرە گەورەکانیان ، لە کاتی شەڕە تێڵای نێوانیاندا ، کەوتونەتە ناوچاڵەکەوە .. لەگەڵ ئەوەی شوێنەواری تێڵایەکی زۆر بە سەر و گوێلاکیانەوە دیار بووە ، بەڵام نەمردوون و .. لەناو چاڵەکەدا زاوزێیان کردووە و زۆر بوون .. ئیتر وەرە پێناسەی ئەمە بکە ، شەش ملیۆن کەس لەناو چاڵێکدا ، ئەژین و زاوزێ ئەکەن و .. هەندێکیشیان جار و بار لە چاڵەکە دێنە دەرەوە ، ئەڕۆن بۆ تورکیا و ئێران و حەج و عەمرە و دوایی دێنەوە ، فڵق بۆ ناو چاڵەکە .. دیسان دێنەوە دەرەوە و .. ئەڕۆنەوە بۆ تورکیا و ئێران و حەج و عەمرە ..بە جۆرێک تیایاندایه دوانزە جار چووە بۆ تورکیا ..بیست و یەک جار چووە بۆ ئێران .. هەژدە عەمرەی کردووە .. هێشتا تێریان لە تورکیا و ئێران و عەمرە نەخواردووە .. بە جۆرێکیش لە جۆرەکان ئەوانەی لە تورکیا تێریان نەخواردووە ، ڕقیان لەوانەیە کە له ئێران تێریان نەخواردووە ، هەردووکیشیان پێکەوە یان جیا بە جیا ڕقیان لەوانەیە کە تێر لە عەمرە ناخۆن .. عەمرەکارەکانیش گاڵتەیان بە عەقڵی ئەوانە دێت کە له گەشتی تورکیا و ئێران تێر ناخۆن .. بەڵام ئەم ڕقە ، تەنها ڕقە ، واتا گەشە ناکات بۆ شەڕی دەستە و یەخە ، چونکە فێربوونی شەڕ بە هەموو جۆرێک قەدەغەیە .. بەو جۆرە هەر سێکیان وەک یەک وان ، واتا حەزیان به کۆشک و ڤێلا و باخ و مارسیدسی مایباخە .. هەرسێکیان لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و لە بەرامبەر نەوتێکی زۆردا ، مانگانە نۆ کیلۆ ئارد وەرئەگرن ..حەزیشیان لەوەیە مناڵەکانیان ، هەر لە قۆناغی دایەنگاوە فێری زمانی بێگانە بن و قەت نەمرن ..لە ژیانی خۆیان زۆر ڕازین و زەڕەیەک لە خاکی ناو ئەو چاڵە ناگۆڕنەوە بە قەسری قەیسەریی ..
ئیتر ئەمە کەی ئەوە ئەهێنێ ڕۆمانی تیا خەرج بکەیت ؟
لەوەیش سەیرتر بەردەوام تەنی نەناسراو دێت و ناوچاڵەکە بۆردومان ئەکا ، ئەم بۆردومانکردنە ڕوداو نییە ، چونکە ڕوداو یەکجاره ، بەڵام ئەم بۆردومانە وەک باران و بەفر وان ، واتا دیاردەیەکی سروشتیی زۆر ئاسایین و هیچ کەسێک بێزار ناکا ..چەند کەسێک ئەمرن و بریندار ئەبن ، ئەوانەیش بێ گومان ئەجەلیان هاتووە و کەس ناتوانێ دەستکاریی مەسەلەی تەمەن بکات ، کە تەواو بوو ، ئەبێ تەواو بێ .. هەر بۆیه ئەو تەنە نەناسراوانەی ئاسمان وەک قەزا و قەدەر و ..تەنانەت وەک ڕزق و ڕۆزیش تەماشا ئەکرێن ، وەک چۆن بارانەکەی قبوڵ ئەکرێ ، ئەبێ بارووتەکەیشی قبوڵ بکرێ ..
ئیتر بەبێ ڕوداو ، ڕۆمانی چی بنوسرێ ؟ خۆ هەرچەندە تیایشیاندایە دەیان ڕۆمانی نوسیوە ..ڕۆمانی وا کە نزیکەی هێندەی بلۆکێکی دەیی ئەبێ ، خەڵکێکی زۆریش خوێندویاننەتەوە و لە هیچیشیان تێنەگەیشتوون و .. جارێکی تریش خوێندویاننەتەوە .. لەگەڵ ئەوەی دیسان هیچیان لێ حاڵی نەبووە ، بەڵام چێژێکی زۆریان پێگەیشتووە و .. کۆمەڵێکی تریان قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە و بۆ زمانە زیندووەکانی جیهانیان وەرگێڕراون ..بۆ ئەوەی ئەوروپیەکانیش بیانخوێننەوە و هیچیشیان لێ تێنەگەن و چێژێکی زۆری لێ ببینن ..بەڵام سەیر لەوەدایە ئەو ڕۆمانانەیان وەرنەگێڕراوەتە سەر زاری تورکی و فارسی و عەرەبی ، هەرچەندە زۆرینەیان یان هەموویان لە گەشتی تورکیا و ئێران و سعودیه تێر ناخۆن ..ئەمەیش بۆ خۆی پرسیارێکی لای یەکێکیان دروست کرد کە پاشان گرتیان و شوێن بزریان کرد .. پرسیارەکەی ئەوەبوو ، ئایا ئێوە کە تێر لە تورکیا و ئێران و سعودییە ناخۆن ، بۆچی ڕێگا نادەن ڕۆمانەکانمان بکرێنە فارسی و تورکی و عەرەبی تاکو ئەوانیش تێر لە ڕۆمانەکانمان نەخۆن ؟
پرسیارێکی جوان بوو ، بەڵام وەک بڵێی زۆر جوان نەبوو .. به واتایەکی تر ئەبوو ئەو خاوەن پرسیارەیان نەگرتایە و شوێن بزریان نەکردایە ، وەڵامێکی سادەیان بدایەتەوە ، چونکە ئاشکرایه تورکیا و ئێران و سعودیە ، وڵاتانێک نین کە بە ڕۆمانەکانی ناو چاڵێک هەڵبخڵەتێن ..ئەوان خۆیشیان گاڵتەیان بە ڕۆمان دێت .. ڕۆماننووسەکانیان یان لە زینداندان یان لە ئەوروپا پەناهاندەن ..ئیتر ڕۆمانی ئێمەی چی ؟ ئەوان خەریکی بازرگانی و ئاڵ و وێڵن ..واتا ئەوان هێشتا لە نەوت و غاز و ڕابواردن تێریان نەخواردووە ، ئیتر ڕۆمانەکانی ناو چاڵی چی ؟! وەڵا برا من خانەی بڵاو کردنەوە ئەزانم ، پڕ دوو سێ لۆری ڕۆمان و چیرۆکیان کردووە بەو دیوا و ..وەک زەماوەندی کوڕە کەچەڵە حەوت شەو و حەوت ڕۆژ گێڕاویانە ، کەس نەیوتووە کەرتان به چەند .. ئینجا وەرە دوو سێ لۆری ڕۆمان و چیرۆک بکەرەوە بەمدیوا ..
ئاخر بۆیه من پێشتان کەوتم و ..وتم پێویست بە ڕۆمان نوسین ناکا .. تۆ کات و شوێن و ڕوداو و پاڵەوانت نییە ، ئیتر ڕۆمانی چی ؟ بەڵام ئەوروپییەکان حەزیان لە شتی سەیرە ، بۆ نمونە نەک هەر ڕۆمان ، سەلکە ترخێنەیەک ببەرە ئەوێ ، هەموو لە دەوری کۆئەبنەوە وا ئەزانن چەناگەی دیناسۆرێکە و .. دەیان لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی لەسەر دەکەن .. یان سمێڵی عەزیز وەیسی .. شمشاڵەکەی قالە مەڕە ..یان گۆرانییەک وەک لورە لور ، تۆمار بکە ، هەموو ئەوروپا لەچوار دەوری کۆ ئەبنەوە .. چونکە ئەوان لە نەوت و گاز تێر بوون .. لە قۆناغی دوای قڕقێنە و خۆکێشانەوەدان ، بۆ نمونە حەز ئەکەن بزانن سمێڵی عەزیز وەیسی لە چەند داو پێکهاتووە ..هەر بەو جۆرەیش ڕۆمانەکانمان کە خۆمان نازانین باسی چی دەکەن ، لای ئەوروپییەکان ئەبنە جێی بایەخ ..ئەوان وەک ڕۆمان تەماشای ناکەن ، بەڵکو وەک پارچەیەکی پێش ملیۆنێک ساڵ تەماشای ئەکەن و چێژی لێ ئەبینن .. تیایدا بۆ دەسخەت و بەردە دەسکەلاکانی دەستی نیاندەرتاڵ و کڕۆمانیۆم ئەگەڕێن .. واتا ئەوان وەک شتێکی سەیر ئەیخوێننەوە ، ڕۆمانێک لەناو چاڵدا نووسرا بێ ، شتێکە جێی بایەخە .. وەک ئەوە وایه بڵێی مردوویەک لەناو گۆڕدا پڕ یەک تاوە هێلکە و ڕۆنی دروستکردووە ، لێرەدا ئەوروپیەکان حەزیان لە هێلکە و ڕۆنەکە نییە ، لەگەڵ ئەوەیشدا هەموو لە چواردەوری کۆ دەبنەوە ..وەک چۆن لە دەوری فیلمی ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان کۆبوونەوە ، ئەوان وەک ڕووداوێکی هات و چۆ ، یان بومەلەرزەیەک تەماشایان ئەکرد ، کە چۆن مناڵگەلێک ئەو هەموو کۆڵە له خۆیان دەنێن و بەناو بەفرا ، شاخەکان ئەبڕن ..شتی وا لە ئەلیادە و ئۆدیسەیشدا ڕووی نەداوە ، بەڵام ئێمە واماندەزانی ئەوان بۆ هونەری ئێمە دەڕوانن ، لە کاتێکدا هەر زوو ئەو فیلمە له یاد چوو ، چونکە بومەلەرزە و لافاو تەنها له کاتی ڕوودانیدا خەڵک لە دەوری کۆ ئەبنەوە ، دوای ئەوە هەر کەسێک ئەڕوا به لای ئیشی خۆیەوە ..ئەمە دووبارە کردنەوەی ئەوێ ، واتا ئەوروپییەک کە بە دیار فیلمێکی یەڵماز گیونایەوە دادەنیشێ وەک ئەوە نییە بە دیار فیلمێکی تۆم هانکسەوە دانیشێ ، لەوەی یەکەمدا تەماشای شتێکی سەرسوڕهێنەر ئەکا وەک کەوتنە خوارەوەی نەیزەکێک ..بەڵام لەوەی دووەمدا ، هونەری سینەما و ڕوناکی و فلاشباک و شتەکانی تری فیلم تەماشا ئەکا ..
واتا ئەو مناڵەی تەشتە گوڵە بەڕۆژەکەی ڕژاوە و خەڵک له دەوری کۆبوونەتەوە ، وەک کۆبوونەوەی ئەو خەڵکە نین لە تەماشاکردنی فیلمی کچە شقارتە فرۆشەکەی ئەندەرسندا ، هەردووکیشیان خەڵکێکی ئەوروپیی دەورەی داون ، بەڵام یەکەمیان نەگبەتییە و هونەر نییە ..لە کاتێکدا ئەوەی دووەمیان چیرۆکێکی هونەریی پڕ له فەنتازیایە ..
هەرچەندە ئێمە وا دەزانین لەبەر تامی هێلکە و ڕۆنەکە ، ئەوروپییەکان کۆ بوونەتەوە .. چونکە گەر ئەو مردووەی لەناو گۆڕەکەیدا هێلکە و ڕۆنەکەی ساز کردووە ، نیشانی تورک و فارس و سعودییەکان بدەین ، هەر تەماشایشی ناکەن .. ئێ ئەوان هێشتا تێریان لە نەوت و گاز نەخواردووە ، ئیتر هێلکە و ڕۆنی چی بخۆن ؟ خۆیشمان بە هەمان شێوە کاتێ تێرمان لە گەشتی عەمرە و تورکیا و ئێران نەخواردووە ، ئامادە نین بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن مردوویەک پڕ تاوەیەک هێلکە و ڕۆنی دروستکردووە ..
هەر بەو شێوەیە ئەوروپیەکە کاتێ بە زاری هەڵپچڕاوەوە ڕۆمانەکانمان ئەخوێنێتەوە ، هی ئەوە نییە کە هونەرێکی بەرزی ڕۆماننوسین ئەخوێنێتەوە ، بەڵکو هی ئەوەیە کە چۆن لەناو چاڵدا خەڵک فێری خوێندەواریی بوون و ئەتوانن شت بنووسن ..
بەڵام ئەوانەی لای ئێمە لەوە تێ ناگەن .. ئەیانەوێ بڵێن ئێمەیش ڕۆمانمان هەیه ..ئێمەیش شتین .. کەچی له پڕ ڕوماننوس مەعنا لەناو چاڵەکەدا نامێنێ ، ئەڕۆن بۆ ووڵاتە ئەوروپییەکان ، داوای مافی پەناهاندەیی ئەکەن ، ئیتر کابرای ئەوروپیی نازانێ بڵێ چی ..یان ڕاستتر ناتوانێ تێی بگەیەنێ کە ئەو ڕۆماننوس نییە ، بەڵکو ئەو کەلەپورناسه و ..شتی زۆر کۆن و سەرسوڕهێنەری نیشان داون ..ئا لێرەدا ئیتر کۆبوونەوە ڕوودەدات .. کۆبوونەوەی لاپەڕەیەکی زۆر ، کە چەندەها جار ئەخوێنرێنەوە ، بێ ئەوەی هیچی لێ حاڵی ببن ، بەڵام چێژی لێ ئەبینن .. واتا شتی وا لە مێژوودا ڕووی نەداوە تۆ له پاریس دانیشی و ..ڕۆمان لەسەر سابونکەران بنوسیت ..یان لە بەرلین ، سۆشیاڵ و ڕۆمان و داهێنان پێکەوە بکەیت بە کۆکتێل ، لە چاڵەکەیشدا دوور بە دوور ، موچەی لیوا ڕوکنت بۆ ببەستن ..بۆ ئەوەی نهێنییەکان نەبەیتە دەرەوە ، یان هیچ نەبێ به شکۆدارییەوە باس لە چاڵەکە بکەیت .. لە کاتێکدا ئەوروپییەکانیش بەرە بەرە بێزار ئەبن .. واتا گەڕان به ناو مۆزەخانەدا ، چەند خولەکێک خۆشە و ئەبێ ئیتر بە جێی بێڵیت …
ئیتر ڕۆمانی چی ؟
ویستم بە خێرایی باسی دووان بکەم ، کە سەرەتا ویستیان کۆمپانیایەکی گەورەی شیرەمەنیی دامەزرێنن ، کە ئاستەنگی کارەبا و باج و پشک پشکێنە یەخەی گرتن ، بڕیاریان دا جارێ دەرهەق بە زروف و زەمانە ، پاشەکشە بکەن و لەماڵی یەکێکیان پەنیری مەڕ بەرهەم بهێنن ، دوای ئەوە کە بۆیان دەرکەوت ناتوانن کێبڕکێ لەگەڵ بازاڕدا بکەن ، بڕیاریان دا ڕۆژانی هەینی لە سەڕقەبران بازاڕی بۆ پەیدا بکەن ، چونکە بە ڕۆژانی هەینیدا خەڵکێکی زۆر دێنە سەردانی گۆڕستان .. لەوێدا پۆلیس ڕێگرییان لێ دەکا و ..ئەمانیش مکوڕن لەسەر فرۆشتنی سەلکە پەنیرەکان ، ئیتر یەکێکیان ئەکوژرێ و ئەوەی تریشیان بە یاسای خراپ ساغکردنەوەی پەنیر دەست بەسەر ئەکرێ ..

نەوزاد بەندی

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress