قوتابخانەی ئازادی.. ئامادەکردنی شەماڵ بارەوانی
قوتابخانەی ئازادی، ڕۆمانێکی نووسەری ژاپۆنی(شیشی بۆنرۆکۆ)یه.
نووسەر لە ساڵی١٨٨٣ لە دایکبووە و لە ساڵی١٩٦٩ کۆچی دوایی کردووە. ڕۆمانەکە لە دووتوێی کتێبێکی قەبارە(٣٠٥)لاپەڕەیی و ١٨بەش پێکهاتووە. شیشی بۆنرۆکۆ، بەرهەمەئەدەبییەکانی لەژێر ناوی خوازراوی(ئیواتا تویو)بڵاودەکردەوە و لە دنیای ئەدەبدا بەو ناوەوە ناسراوە. قوتابخانەی ئازادی، پڕفرۆشترین ڕۆمانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردووبوو.
خوێنەر لە ڕێگای ئەو شاکارە ئاشنای کولتووری ژاپۆن و سروشتی ژیانی تاکی ژاپۆنی له ژاپۆن دەبێت و چینەکانی ئەو کۆمەڵگەیە دەناسێت و گەشتێکی شەقامەکانی تۆکیۆی پایتەخت دەکات و هەموو ئەو شتانە دەبینێت کە تێیدا ڕوو دەدەن. بە تایبەتی دوای ئەو تراژیدیا و شکستەی ژاپۆن، کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە تووشی بوو.
بیرۆکەی سەرەکی قوتابخانەی ئازادی، باسکردنە لە ئازادی، لە ڕێگەی ئەو ئازادییەی داگیرکەران دەیانەوێت لە ڕێگای دەستوورێکی نوێ کە لەساڵی١٩٤٧ بۆ ژاپۆن دەینووسن و دەریدەکەن. پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە(ئییۆسۆکی)یە. کاتێک ئەوەی ژنەخۆسەپێنەرەکەی(کۆماکۆ) پێی دەڵێت لە ماڵەوە بڕۆ دەرەوە. دوای ئەوەی هەواڵی ژنەکەی دەدات دوای زیاتر لە نۆ ساڵ دەستبەرداری کارەکەی بووە و لە دەزگای هەواڵی تۆکیۆ، ئیدی دەڕوات و ماڵەوە جێ دێڵێت و دەیەوێت لە دەست کۆتوبەندی ژنەکەی و کارکردن و هەوڵدان بۆ پارەبەدەستهێنان ڕزگاری بێت. ئەو، گەشتی گەڕان بە دوای ئازادی و دۆزینەوەی جیهان و پەنهانەکان و نەزانراوەکانی دەست پێدەکات. گەشتێکی کۆمێدی و پڕ لە سەرکێشی. ئەو گەشت و دوورکەوتنەوەیەی دواتر گۆڕانکاری لە کەسایەتی کۆماکۆی هاوسەری دروست دەکات و وای لێ دەکات تامەزرۆی گەڕانەوە و دیداری ئیۆسۆکی بکات و تۆمارێکی نوێ لە مێنتەڵێنتی کۆماکۆ لە بارەی چەمکی ئازادی دەکاتەوە. دوای دوورکەوتنەوەی هاوسەرەکەی، دەکەوێتە حاڵەتێکی سەختی دەروونی و هەست بە تەنیاییەکی زۆر دەکات و تاسە و بیری ئیۆسۆکی و بیری گەڕانەوە، هەموو بیر و خەیاڵی داگیر دەکات و سەرەڕای ئەوەی چەند پیاوێکی تری وەک تکابوی و هیمنی و هیچی لە کاتی غیابی هاوسەرەکەی لە دەوری کۆ دەبنەوە و دەیانەوێ دڵی بەدەست بێنن. ئەو، تەنیایی و دووری و بیرکردنی هاوسەرەکەی وای لێ دەکات بڕوات و بە دوایدا بگەڕێت تاکو بیدۆزێتەوە.
بۆ ئەو مەبەستە سەردانی شاری ئەویس و ماڵی هنیدا سۆتۆمۆی خاڵ و جیکۆی خاڵۆژنەی و هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی ئییۆسۆکی دەکات و سۆراخ و هەواڵی هاوسەرەکەی دەپرسێت.
لەپاڵ چیرۆکی ئیۆسۆکی و کۆماکۆی هاوسەری، کەسایەتی تر و چیرۆکی تر دەبن بە تەواوکەری بەسەرهاتەکانی ڕۆمانی قوتابخانەی ئازادی.
لە بەشێکی تری قوتابخانەی ئازادی، نووسەر باس لەو گۆڕانکارییانە دەکات کە شکستی ژاپۆن لە جەنگ لەسەر کولتوور و ڕۆشنبیری و نەریتی ئەو وڵاتە دروستی کرد. ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر دابونەریت و ژیانی ژاپۆندا هاتن و گۆڕانکاری گەورەی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئیداری و ئەقڵییەتی تاکی ژاپۆنی دروست کرد و دید و تێڕوانینیان لەبارەی چەمکی ئازادی گۆڕا.
ئەو جەنگەی وەک نووسەر دەڵێت ئازادی لەبەرهەمی ئەو جەنگەدا دەست کەوت و غەنیمەی ژنی ژاپۆنی بوو. هەروەها باس لە شوێن و مەکانەت و کارکردن و لەئەستۆگرتنی ئەرکی بەخێوکردنی منداڵ و دووری لە هاوسەر و نەهامەتییەکانی ژنی ژاپۆنی دەکات لە کاتی جەنگە جیهانییەکە و دوای ئەو قۆناغە. ژاپۆنیش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی چووە ناو ئەو جەنگە کاوڵکارییە و به تراژیدیا و شکستێکی زۆر گەوره لێی هاتەدەر و دوو شاری گەورەی(ناکازاکی و هیرۆشیما)، ڕووبەڕووی چەکی نەوەوی بوونەوە لە لایەن ئەمریکاوە و سەتان هەزار قوربانی و برینداری لێکەوتەوە و زیانێکی زۆریان بەرکەوت. ژنی ژاپۆنی تا پێش ئەو قوناغە(جەنگی دووەمی جیهانی)، دەسەڵاتی سنورداربوو و تەنها ڕۆڵی ژنی ماڵەوە و دایک و بەخێوکەرێکی وازی دەکرد و لە هەموو ڕوویەکەوە ژن دەبوا پشت بە پیاوەکەی ببەستێت و پیاو بڕیاردەر و کەسی یەکەم و حاکمی ڕەهابوو لە ماڵەوە و ژیانی خێزانی لەژێر باروبەندی ئەقلییەتی پاتریارکی و نێرسالاریدابوو. ئیدی دوای جەنگی دووەمی جیهانیی موعادەلەکان گۆڕان و چەمکی ژیان و ژن و واتای ئازادی پێیاننا قۆناغێکی تری تازە و جیا لەوەی پێشووتر و دوای ئەو قۆناغەی پێشووتر، ئیتر ژن دەیتوانی بێ گەڕانەوە بۆ پیاو پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت و لە زیندانی زهنییەتی پیاوسالاری و لە نێو چوار دیواری زیندانی ماڵەوە بێتەدەر و کار بکات و بوونی خۆی بسەلمێنێت و بە نێرسالاران بڵێت ئەو هیچی کەمترنییە لە وان و پێویستە دووبارە خوێندنەوە بۆ نەریتەکۆنەکان و یاسای وڵات و دەسەڵاتی نێرسالاری بکرێت و کۆمەڵگایەکی یەکسان دابمەزرێت و کۆنسێپتی یەکسانی جێندەری تێیدا سەروەر بێت و ژن مافە فێمێنستییەکانی خۆی هەموو بەدەست بێنێت. بە ڕاستی ئەو هاتنەدەرەوەیەی ژنی ژاپۆنی لە ماڵەوە شۆڕشێک بوو بۆ خۆی و لە وێوە ژنی ژاپۆنی تێگەیشت کە ئازادی چییە و ئەو وەک ژنێک ڕۆڵ و ئەرک و ماف و ئازادییەکانی چین. دەتوانین بڵێین کەسایەتی کۆماکۆ بەرجەستەکەری دوو قۆناغی جیاوازە لە ژاپۆن و ڕۆڵی ژیانی دوو نەوە وازی دەکات. نەوەی پێش جەنگ و نەوەی دوای جەنگ.
لە کاتێکدا کەسایەتی(یۆری)ی تەمەن هەژدەساڵ کە بەشداربوویەکی تری چیرۆکی ڕۆمانەکەیە، نموونەی ئەو کچ و ژنەژاپۆنییانە وازی دەکات کە جەنگ قۆناغێکی تر و دەرفەتێکی تری ژیانی بۆ ڕەخساندووە، کە تێیدا ئازادی خۆی بەدەست هێناوە و بە شێوازێکی تری جیاواز لەو قۆناغەی پێش جەنگ و نەمەتێکی تری ژیان ئەزموون دەکات و ستایلێکی تری پۆشاک دەپۆشێت و جگەرە دەکێشێت و پەیوەندی سۆزداری دەبەستێت.
بەشێک لە ڕەخنەگران پێیان وایە کەسایەتی ئیۆسۆکی بەرجەستەکەری ژیانی نووسەر خۆیەتی. وەک چۆن ئیۆسۆکی ڕقی لە کارکردن و وەزیفەیە و لە کۆتایی ژیانیدا لە ماڵەوە چێشت لێدەنێت و جڵک دەشوات و خۆی بۆ کاری ماڵەوە تەرخان دەکات. لە کاتێکدا کۆماکۆی هاوسەری لە ڕێگای کارکردنی لە دەرەوە، دابینکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکەی گرتووەتە ئەستۆ.
نووسەریش لە سەرەتای ژیانیدا هیچ داهاتێکی نابێت و ژنەکەی ئەرکی بژێوی ژیانی خێزانیان دەگرێتە ئەستۆ لە ڕێگای ئەو بڕە پارەیەی لە گوتنەوەی وانەی زمانی فەڕەنسی بەدەستی دێنێت.
ئەوە خوێندنەوەیەکی کورت بوو بۆ ڕۆمانی قوتابخانەی ئازادی و بە هیوام ئەوەی من نەمتوانیبێت بیڵێم و درکم پێی نەکردبێت، خوێنەر و لێکۆلەری تری ئەدەبی لە دوای من تەواوی کات و تیشک بخاتە سەر هەر مەفهووم و مەجهوول و مەغزایەکی تری شاکارەکە، کە ئێمەمانان پەیمان پێی نەبردبێت و نەمانبینیبێت.