
كۆچی بە لێشاوی كورد و بێ باكی حكومەتی هەرێمی كوردستان!.. نووسینی: مەهدی خەلیل
پاش ئەوەی راپەرینی ١٩٩١ بە ئاكام گەشت و دەسەڵاتی سیاسی و كارگێڕی كەوتە دەست پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و دواتر حكومەتی هەرێمی كوردستانیان پێكهێنا، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم دوو پارتە هیچ كات هەڵگری بەرنامە و تێڕوانین و دونیابینی دەسەڵاتداری نەبوون هەر لە سەرەتای گەشتنیان بە دەسەڵات لە بری دانانی بەرنامەیەكی تۆكمە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات هەر یەكەیان بە شێوازی خۆی دەستیكرد بە خۆ دەوڵمەندكردن و دزی و تاڵانی سامانی نیشتمانی وڵات و قاچاغچێتی و ئاودیوكردنی هەرچی پارە بكات، دواتریش لە پاش دۆزینەوە و دەركردنی نەوتی كوردستان ئەوەندەی تر رووچوونە ناو دزین و تاڵانكردنی وڵات.
ئیتر بەرپرسی ملیاردێر دروستبوو، حكومەت و حیزب دەستیانگرت بە سەر هەرچی جومگەی بازرگانی و كار و كەسابەت هەیە، هەر بەرپرسە و دەسەڵاتی خۆی فراوانكرد بە سەر ناوچەیەكی كوردستاندا، بە سەدان بازرگانی ساختە و پیاوی هەڵقە لە گوێی حیزب و بەرپرس دروست بوون، دەیان كۆمپانیای گەورەی بازرگانی هاتە كایەوە كە هەریەكەیان سەر بە بەرپرسێكی حیزب بوون.
لەخوارەوەی بەرپرس و دەسەڵاتدارانی پارتی و یەكێتیەوە میللەت پشتگوێخرا و رۆژ دوای رۆژ بێكاری زۆرتر دەبێت لە كوردستان و هەژاری فراوانتر بڵاو دەبێەوە، هەلی دۆزینەوەی كار هەتا دێت قورستر دەبێت بەتایبەتی بۆ كەسانێك كە سەر بە دوو حیزبە دەسەڵاتدارەكە نەبن، ئیدی هەموو شتێك بووە بە تەزكیەی حیزب، ئەمە جگەلەوەی كە رۆژدوای رۆژ ئازادی بەرتەسك دەكرێەوە و هەر كەس دەنگ هەڵبڕێت دژ بە دزی و گەندەڵیەكانی حیزب رووبەڕووی خراپترین سزا دەبێتەوە و هەر لە گرتن و راودوونان و تەناتەت نانبڕینەوە تا دەگات بە تەقەكردن و تەنانەت تیرۆركردنیش، هەركات خەڵك ناڕەزایی دەرببڕێت دژ بەم سیاسەتە فاشیلانەی پارتی و یەكێتی بەتونترین شێوە سەركوت دەكرێت، خەڵك هەوڵیاندا لە رێگای سندوقەكانی دەنگدانەوە گۆرانكاری دروست بكەن و هیوایان بەوە هەبوو بە ئاشتی و دیموكراسی چاكسازی بكەن لە حوكمڕانی پارتی و یەكێتیدا و هیز و بزوتنەوەی نۆی و هەڵگری بەرنامەی چاكسازی بهێننە ناو پەرلەمان و حكومەتەوە، بەڵام دووبارە خەڵك بە گشتی و گەنجان بەتایبەتی رووبەڕووی رەشبینی گەورەتر بوونەوە كاتێك بینیان دەسەڵاتدارانی پارتی و یەكێتی دەستیانكرد بە تەزویركردنی دەنگی خەڵك و بە دەگەمەن ریگا دەدرا بە دەرچوونی كەسانێك بۆ پەرلەمانی كوردستان كە سەر بە پارتی و یەكێتی نەبێت، ئەگەریش كەسانی ئۆپسیزوێن دەرچووبایەن بۆ پەرلەمان، پارتی و یەكێتی هەوڵی كڕینی ئەو ئەندام پەرلەمانانەیان دەدا بە دوو مەبەست یەكەم بۆ كپكردنی دەنگی نارەزایەتی ئۆپیسیزیۆن لە پەرلەمان، دووەم بێ متمانەكردنی خەڵك بە كەسانی ئۆپیزیسوێن كە دەرچوو بوون بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی خەڵك بە تەواوەتی بێ هیوا بن لە خەباتی چاكسازی، ئەگەریش بەپارە ئەندام پەرلەمانەكەیان نەكریِایە ئەوكات هەزار و یەك رێگریان دەكرد لە پێش بەرنامە چاكسازیەكانیدا، بەم شێوەیە خەڵك بە گشتی و گەنجان بەتایبەتی بە تەواوەتی بێ هیوا بوون لەوەی كە بتوانن لە رێگای دەنگدانەوە گۆڕانكاری بكەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بە پێش چاوی خەڵكەوە دەبینرێت چۆن پارتی و یەكێتی پارە و سامانی دزراوی خەڵك خەرج دەكەن بۆ كرینی دەنگی خەڵك، سوپایەكی تەمەڵك و كارەنەكریان درووستكردووە بە موچەی زۆر باش و بەپێدانی خانو زەوی لە باشترین شوێنەكانی شارەكاندا زۆربەی سەرۆك عەشیرەت و دەوڵمەند و راگەیاندكار و مەلاكانیان لە دەوری خۆیان كۆكردووەتەوە و بە پارە كردوویانەتە لاینگری خۆیان، ئەم هوكارانە و دەیان هوكاری تر وایكرد كە گەنجەكان بگەن بەو باوەڕەی كە هیوایەك نەماوە بۆ چاككردنی وڵات جگە لە كۆچكردن و پەنابردن نەبێت بۆ یەكێك لە وڵاتانی ئەوروپا بە مەبەستی گەشتن بە ژیانێكی باشتر و هێنانە دی بەشێك ئەگەر چی زۆر كەمیش بێت لەو ئەو هەزاران خەونەی كە هەیەیانە و لە كوردستان هەرگیز پێ ناگەن.
لە ئەنجامدا دیاردەی كۆچكردنی گەنجان بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەستی پێكرد بە شێوەیەك كۆچكردنی گەنجانی باشوری كورستان دەستی پێكرد كە لە مێژووی باشوردا وێنەی نیە و نەبووە بە دەگمەن خێزان و بنەماڵە دەبینی لانی كەم گەنجێكی كۆچی نەكردبێت بۆ وڵاتانی ئەوروپا و جیهان، بە سەدان گەنج و لاو ژن و منداڵ لە رێگا رووبەڕووی مەرگ بوونەو و بوون بە خۆراكی قرشەكانی دەریا، بەڵام ئەم لێشاوی كۆچە و ئەو هەموو مردن و لە ناوچوونەی گەنجەكان نەبوو بە بابەتێكی گرنگ لای دەسەڵاتدارانی پارتی و یەكێتی و زۆر بێباكانە پشتگۆێیان خستن و سەرقاڵی پارەكۆكردنەوەی خۆیانن. هەرگیز هەوڵیان نەدا بەر بەم لێشاوی كۆچكردنی گەنجانە بگرن و رێگاچارەی گونجاو بدۆزنەوە بۆ هوكارەكانی كۆچی گەنجان.
هوكاری ئەم بێ باكیەی پارتی و یەكێتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەرگیز باكیان بە هیچ شتێكی كوردستان نەبووە و نیە جگە لە كورسیەكەی ژێریان و دزی و تاڵانی سامانی نیشتمانی وڵات نەبێت .
نووسینی: مەهدی خەلیل
٢٥/٠٥/٢٠٢٥