Skip to Content

بانگەشەکردن بە چەتاڵ.. نەوزاد بەندی

بانگەشەکردن بە چەتاڵ.. نەوزاد بەندی

Be First!
by تشرینی یه‌كه‌م 26, 2025 General, Opinion

چەتاڵکردن واتا به گواستنەوەی بارگە ی کارەبا یان ووزە له شوێنێکی پڕ ووزەوە بۆ شوێنێکی بێ ووزه، بە شێوەیەکی کاتیی.
ئەم حاڵەتە، هەوڵدانە بۆ بارگاویکردن و ژیانەوەی ئامێرێکی مردوو به شێوەیەک هەتا ئەگەیەنرێتە لای وەستا .. بۆ نمونە پاتری ئوتومبیلێک لەکار دەکەوێ، پیویستە به پاتری ئوتومبیلێکی تر چەتاڵ بکرێ، بۆ ئەوەی ئوتومبیلە لە کارکەوتووەکە بخرێتەوە گەڕ، هەتا دەگاتە لای پاتریسازێک و پاترییەکی نوێی بۆ دەکڕێت.
بەڵام وەک چۆن هەنگوین و ئاڵتون و دەنگی حەسەن زیرەک، بە لاڕێدا براون و کۆپی ساختەیان کەوتۆتە بازاڕەوە، بە هەمان شێوە چەتاڵیش تێکەڵاوی ساختە و گزی کراوە، بۆ نمونە خەڵکێک هەبوون و هەن و ئەبن کە کارەبای ماڵ و دوکان و پڕۆژەکانیان چەتاڵە..واتا هێڵێک به دزییەوە لە کارەبای گشتی ڕادەکێشن و کارەبای خۆڕایی بۆ ماڵ و دوکانەکانیان دەستەبەر دەکەن، لێرەدا ئیتر پێناسەی چەتاڵکردن ئەشێوێ، چونکە چەتاڵکردن بە شێوەیەکی کاتییه، بەڵام ئەم جۆره چەتاڵەیان به شێوەیەکی هەمیشەیی یان درێژ خایەنە.
لەبەر ئەوە وەک هەموو دیاردەکان، چەتاڵکردن لایەنی خێر و شەڕیشی هەیه، وەک چۆن چەقۆیەک ئەتوانیت کەرەستەی خواردنێکی بەتامی پێ بجنیت و ئامادەی بکەیت، لە کاتێکدا خەڵکێکی شەڕەنگێز هەن به چەقۆ کەسانێکی بێ تاوان ئەکوژن یان بریندار ئەکەن، بەو جۆرە چەتاڵی خێر و چەتاڵی شەڕیش هەیە.
لە ڕاستیدا مرۆڤ لە عەرەبیدا پێی ئەوترێ ئینسان ، واتا دوو مرۆڤ ..خێر و شەڕ ..زانستی نوێیش سەلماندوویەتی کە مێشکی مرۆڤ دوو بەشی لای ڕاست و چەپی تەواو جیاوازن، لایەکیان تایبەتە به یاسا و باوەڕ و وەفاداریی و خۆنەویستیی ، کەچی لاکەی تریان تایبەتە به یاخیبوون و بێ باوەڕیی و زوڵم و خۆپەرستیی ..هەر بۆیە کەسانی ئاینیی و شۆڕشگێڕ بەردەوام ویرد و دۆعا و سروود ئەڵێنەوە بۆ ئەوەیە بەشە باوەڕدارەکەی مێشکیان پتەو بکەن و بەشە بێ باوەڕەکەی بپوکێننەوە و پەڕاوێزی بخەن ..هەمان کات کەسه بێ باوەڕ و خۆپەرستەکان، بەردەوام یاساشکێنیی و زوڵم و تاوانەکان ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی بەشە بێباوەڕ و خودپەرستەکەی مێشکیان گەشه پێ بدەن و ..بەشە باوەڕدارەکەیش پشت گوێ و لەناو ببەن .
ئەمە پاکانە کردن کردن نییه بۆ ئەوانەی کارەبا و ئاو بە چەتاڵکردنی هەمیشەیی دابین دەکەن، چونکە ئەوە دزییە لە سامانی گشتیی شایانی سزای تونده، بەڵام ئەمانەوێ ئەوە بخەینە ڕوو کە له ڕاستیدا هەموو دیاردە و هەڵس و کەوتێکی مرۆڤ، له ژێر ڕەحمەتی دوو کۆنتڕۆڵی پۆزەتیف و نێگەتیڤدایه، واتا خۆی بڕیار ئەدات خزمەت بکات یان زوڵم .. بنیات بنێ یان بڕوخێنێ ..وەفادار بێ یان ناکەس بەچە ..نیشتمان پەروەر بێ یان نیشتمان فرۆش، ئەوەیش هەوڵ و لێبڕانی پێویستە، واتا مرۆڤ له خۆیەوە نابێتە خێرخواز، له خۆیشیەوە نابێتە شەڕەنگێز، هەردوو حاڵەتەکە کار و هەوڵ و ماندوو بوونی ئەوێ.
با بگەڕێینەوە بۆ بابەتی چەتاڵ، لە سیاسەتی نێو دەوڵەتیشدا چەتاڵکردن به ئاشکرا دیاره یان ڕاستتر کوڵۆنیالیستە زەبەلاحەکانی جیهان بە سیاسەتی چەتاڵ دەسەڵاتەکانی خۆیان ئەسەپێنن و وڵاتان بۆ خۆیان حەپەلوش دەکەن، بۆ نمونە فەیسەڵی باوکی سعودی شای سعوڕیە، به کردار چەتاڵکردنی ئەمەریکای ڕەت کردەوە و نەوتی لێ بڕین، کاتێکیش وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی کرد و بە تەنزەوە ووتی تۆزێ نەوتمان بۆ بەربدەرەوە فڕۆکەکەم بەنزینی تیا نیە، شا فەیسەڵ ووتی منیش پێویستم بە قودسه نوێژێکی تیا بکەم، ئەمە بوو بە هۆی تیرۆرکردنی شا فەیسەڵ، بەڵام که سعودی کوڕی هاتە جێگای، بۆری نەوتی بۆ کردنەوە، ئەوانیش چەتاڵێکی چاکیان بۆ کرد و تا هەنوکەیش سعودیە چەتاڵکراوە و هیچ عەیبی نییە .. بەهاری عەرەبیی، لێکردنەوەی چەتاڵی لیبیا و میسر و تونس بوو لەلایەن ئەمەریکاوە ، بەو جۆرە دەسەڵاتی ئەو وڵاتانە نوزەیان تیا نەما و به خێرایی ڕوخان، بەڵام سوریا نەڕوخا، چونکە دوای پچڕانی چەتاڵی ئەمەریکا، ڕوسیا بە خێرایی چەتاڵی کردنەوە. بەو جۆرە هەرچی دەسەڵاتی دنیایه، بە جۆرێ لە جۆرەکان چەتاڵێک یان زیاتریان پێوەیه لە هەمان کاتدا چەند چەتاڵێکیشین لێ دەرچووە بۆ ئەو دەسەڵاتانەی کە لە خۆیان لاوازترن، بۆ نمونە دەسەڵاتەکانی هەرێمی خۆمان نیوەی چەتاڵی ئێران ئەیسوڕێنێ و نیوەکەی تری چەتاڵی تورکیا بارگاویی دەکات، ئەوە لە کاتێکدا تورکیا و ئێرانیش گیانێکیان به چەتاڵی چین و ڕوس و ئیسڕائیلە، ئەمانە چەتاڵکردنی سیاسیین، بۆ نمونە کەسێکی وەک دۆناڵد تڕەمپ، لایەکی کۆشکی سپی ئەڕوخێنێ بۆ ئەوەی هۆڵی سەماکردنی تایبەت بەخۆی دروست بکا.. هەروەها هەوڵ ئەدات یاسای سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە هەشت ساڵەوە درێژ بکاتەوە بۆ دوانزه یان شانزه ساڵ، ئەم بڕیارانە ڕیکلامن چونە سەر تەختی چەتاڵکەری باڵا، یاخود چەتاڵی سوپەر پاوەر له هەموو دونیادا کە بێ ڕکابەرە،.واتا چاکسازیی و ڕیفۆرم نین، بەڵکو چەتاڵکردنن، چونکە جیاوازی نێوان چەتاڵکردن و چاکسازیی ئەوەیه چەتاڵکردن خواستی یەک شت یان یەک کەس و یەک خێزانو یەک بنەماڵە بەدی دەهێنیت، بەڵام چاکسازیی خواستی گشتیی بە دیدەهێنێ .. هەمیشە چەتاڵچییەکان و چاکسازخوازەکان له شەڕێکی دەستە و یەخەی درێژ خایەن و ئەزەلیدان ..کاتێ تۆماس مۆری چاکساز بە پاشای چەتاڵچی فلۆڕەنسا دەڵێت : تۆ زاڵمیت .. لە داخی ئەو یۆتۆپیا ئەنوسێ کە سەر لە بەری کۆمەڵگا و بەها باوەکانی تێدا ئەگۆڕێ، بۆ نمونە ئاڵتون کە خەونی چەتاڵچییەکانە، له یۆتۆپیادا تەنها دروستکردنی کەلەپچە و قەعادەی پاشەڕۆی منداڵان بەکارئەهێنرێ ، لێرەدا ئیتر پاشای چەتاڵچی فلۆڕەنسا لە تۆماس مۆری ڕیفۆرمخواز ئەچێ بە قیندا و سەری ئەپەڕێنێ ..
بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتیی ئەم چەتاڵچییە قاچاخ و دژه یاسا و دژە داب و نەریتانە، لە هەوڵی مانەوەی خۆیان و خێزان و بنەماڵەکانیاندا، ملیۆنەها مرۆڤیان کوشتووە و برسی و ئاوارەیان کردوون..و تا هەنوکەیش بەردەوامن .
ڕەنگە لێرەدا پرسیارێک سەرهەڵبدات، بۆچی هەمیشه چەتاڵچییەکان ، یاخود بەشە شەڕەنگێزەکەی مێشکی مرۆڤایەتیی بەسەر چاکساز و ڕیفۆرمخواز و بەشە ئاشتیخوازەکەی مێشکی مرۆڤدا زاڵ ئەبێ و ئەیباتەوە ؟ بۆچی شارستانییەتەکان و ئەدەب وهونەر و زانستی چەندەها سەدە، دەسەڵاتگەلێکی ناداد و دڕندە و گەمژەیان لێ پەیدا ئەبێ ؟
بە کورتیی هۆکارەکەی ئەوەیە چەتاڵچی و شەڕەنگێزەکان لەو جەنگەدا هەموو چەکێکی نائەخلاقیی بەکاردێنن و بە ڕاست و چەپدا، تەڕ و وشک ئەسوتێنن، بەڵام چاکساز و ڕیفۆرمخواز لەو شەڕەدا سنوورەکانی ئەخلاق و داب و نەریت ناشکێنن، ئەمەیش وەک شەڕی مامۆستایەکی بەڕێز و چەقۆکێشێکی مافیا وایه، پێش ئەوەی مامۆستاکە بیر لەوە بکاتەوە چۆن لەم شەڕەدا قوتابخانەکە و خەڵکەکە زیان نەکەن، کابرای مافیای چەقۆکێش حەوت زەمانە مامۆستاکەی شەڵاڵی خوێن کردووە و قوتابخانەکەی بەسەر قوتابیەکاندا ڕوخاندووە.
برسی کردنی میللەتان و مافی خەڵک خواردن و دزی و مافیاگەریی سیستماتیک و هەڵگیرساندنی شەڕی هیچ و پوچ و بێ مەعنا، بەشێکن لەو چەکە نائەخلاقییانەی کە چەتاڵچییە نائەخلاقییەکان سەروەریی خۆیانی پێ دەپارێزن، ئەوەی هەمیشە وایکردووە کە دەسەڵاتی دادپەروەر تەمەنێکی کورتی هەبێت و ..دەسەڵاتی مافیا و نادادپەروەر تەمەنێکی درێژی هەبێ.
بەڵام ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام وتا ڕادەیەکیش هێنامیه پێکەنین، بەکارهێنانی چەتاڵکردن بوو لە بانگەشەی ئەمجارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا .. تەماشا دەکەیت چەندەها کاندید کە هیچ کەسێک نایانناسێت و هیچ شوێنپەنجەیەکی زانستی و ئەدەبی و هونەریی وکۆمەڵایەتیی و سیاسیی دیاریان له کۆمەڵگادا نەبووە، لە بانگەشەی هەڵبژاردنیاندا، لەگەڵ وێنەکەی خۆیاندا وێنەی سەرۆک حیزبەکانیان یان هاوسەرەکانیان کە ناسراو بوون یان هەر کەسێک کە خزمایەتیی و ئاشنایەتیی و ناسراوییان لەگەڵیاندا هەیە، لەسەر فلێکس چاپکراون و بە شەقامەکاندا هەڵواسراون ..واتا ڕێک وەک ئەو دوو ئوتومبیلەی کە له تەنیشت یەکترەوە دادەنرێن بۆ ئەوەی پاتری مردووی یەکێکیان لە ڕێی چەتاڵکردنی پاتری زیندووی ئەوەی تریانەوە، بخرێتە کار ..
دانانی وێنەی کاندیدێکی نەناسراو لە تەنیشت وێنەی کەسێکی ناسراو، هەتا کەسە ناسراوەکە کە سەرۆک حیزبێتی یان خزم و هاوسەرێتی، هەڵسێت بە چەتاڵکردن و گواستنەوەی بارگەی ناوبانگ و ناسراویی لە خۆیەوە بۆ ئەو ..بەو جۆره بەڵکو ئەوە خوایه لە بەر گوڵە گەنمێک ئەو گوڵە جۆیانەیش دۆلار بخۆنەوە و ببنە خاوەنی کورسی ئەنجومەنی نوێنەران و بچنە ژیانی پادشا و چەتاڵچییەکانەوە .
ئەم جۆره چەتاڵکردنە، تازەترین جۆری چەتاڵە و ..ڕەنگە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هێشتا لە ڕێی چەتاڵکردنەوە، دەنگی خەڵک و ناوبانگی خزم و هاو ئاواز، بۆ کاندیدی نەناسراو نەگواسترابێتەوە ..هەر بۆیه پێویستە کتێبی گینز بۆ ژماره پێوانەییەکان لەم داهێنانە ئاگادار بکرێتەوە بۆ ئەوەی لە دوو توێی خۆیدا تۆماریان بکات.

نەوزاد بەندی

Previous
Next

Leave a Reply

Kurdish
Powered by TranslatePress