ئاڵۆزی پەیوەندی هەسەدە و حکومەتی سوریا.. عوسمانی حاجی مارف
شاری حەلەب شایەتی گرژیە ئەمنیەکانی نێوان سوپای سوریا و هەسەدە بوو، دوای پێکدادانی توندوتیژی کە لەنێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و هەسەدە لە گەڕەکەکانی شاری حەلەب بەتایبەت شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ڕویدا، حکومەتی سوریا و فەرماندەی هەسەدە، بە ڕێکەوتنی هەردوولا ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، ئاگربەستێکی هەمەلایەنەیان ڕاگەیاند، ئەمەش پرسیاری لەسەر چارەنوسی ئەو ڕێکەوتنە دروستکرد کە لە ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥ بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا پێشنیارکرابوو.
ئەوەی شایانی وەبیرهێنانەوەیە، لە ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥دا، ئەحمەد شەرع و مەزلوم عەبدی، ڕێکەوتنێکی هەشت خاڵییان واژۆکرد کە ئامانج لێی تێکەڵکردنی پێکهاتە ئەمنی و سەربازیی و مەدەنیەکانی سەر بە هەسەدەیە لەگەڵ دەوڵەتی سوریا، لە ڕێکەوتنەکەدا گەرەنتیکردنی مافە سیاسی و مەدەنیەکان بۆ هەموو سووریەکان بەبێ جیاوازی ئاینی و نەتەوەیی دیاریکرابوو، هەروەها دووپات کرایەوە کە کورد پێکهاتەیەکی دانەبڕاوی دەوڵەتی سوریایە و بەهرەمەندە لە هاوڵاتیبونی تەواو و مافە دەستووریەکان! هەروەها ئاگربەستێکی هەمەلایەنە لە سەرانسەری هەموو خاکەکانی سوریا و دەستپێکردنی یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازیەکانی باکووری ڕۆژهەڵات بۆ ئیدارەی دەوڵەتی ناوەندی لەخۆگرتبوو، لەوانە دەروازە سنووریەکان و فڕۆکەخانەکان و کێڵگە نەوتی و گازیەکان.
لە ڕێکەوتنەکەدا جەخت لەسەر مافی ئاوارەکان کراوەتەوە بۆ گەڕانەوەیان بە سەلامەتی بۆ ناوچەکانی خۆیان، بە گەرەنتی پاراستنیان لەلایەن دەوڵەتەوە، هاوکات داوای پاڵپشتیکردنی حکومەت لە شەڕەکانیدا کراوە لەدژی پاشماوەکانی ڕژێمی ئەسەد و هەموو ئەوانەی هەڕەشە لە ئاسایش و یەکڕیزی سوریا دەکەن. هەروەها بڕگەیەکی ڕوونی لەخۆگرتبوو کە قسەی ڕق و تایفەگەری و بانگەوازی دابەشبوون ڕەتدەکاتەوە و جەخت لەسەر چەسپاندنی بنەماکانی پێکەوەژیان لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریادا کراوە!
بەمشێوەیە ڕێکەوتنی مانگی ئازار چوارچێوەیەکی سیاسی و ئەمنی بۆ بنیاتنانەوەی دەوڵەتی سوریا لەسەر بناغەکانی بەناو هاوبەشی ‘نیشتمانی” نیشاندا، کە لەسەرەتاوە هەسەدە بەشداری دانوستانەکانی بۆ بەهێزکردنی کۆنترۆڵی حکومەتی سوریا بەسەر ئەو وڵاتەدا کردبوو، بەڵام لەوکاتەوەی ڕێکەوتنەکە واژۆ کرا، جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنە بەردەوام لە دۆخێکی خراپدا دەرکەوتووە، وردەکاریەکانی “یەکگرتن”ی سەربازی و ئیداری تا ئێستا بەناڕونی ماونەتەوە و میکانیزمەکانی گواستنەوەی دامەزراوەیی بەڕوونی دیارینەکراون، ئەم ناڕوونیە، وایکردووە ڕێکەوتنەکە ئامادەبێت بۆ لێکدانەوە ناکۆکەکانی نێوان دیمەشق و هەسەدە، ئەمەش کەلێنی دروستکردووە کە بەکاردەهێنرێت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ دواکەوتن یان خاوکردنەوەی جێبەجێکردنی، هەروەها وایکردووە پەیوەندی نێوان ئەو دوو لایەنە، هەسەدەو حکومەتی سوریا لە دۆخێکی ناسکی ئاگربەستدا بمێنێتەوە، نەک یەکلایکردنەوەیەکی سەقامگیری بۆ سوریا.
گەر وا پێشبینی بکرێت کە ئەم ڕێکەوتنەی ١٠ ی ئازار، تەنها چوارچێوەیەکی فۆرمی وگشتیە بۆ باسکردن لەسەر چارەسەر، کە وردەکاری تێدا نیە و هیچیشی لێدەرناکێشرێت، لەهەمانکاتدا هێندە ناڕۆشنە کە لە کۆبوونەوەکانی دواتر لە نێوان حکومەتی دیمەشق و هەسەدە بەهۆی نەبوونی فۆرمولەی کۆتاییەوە کۆسپیان بۆ دروست بوو.
کاتێک هەسەدە ڕێکەوتنەکەی واژۆکرد، پێدەچێت ئەو ساتەوەختە مێژوویەیان لەبەرچاو گرتبێت و وەک مانۆڕێکی هەلومەرجی مامەڵەیان لەگەڵدا کردبێت، نەک پابەندبونێکی یەکلاییکەرەوەو کۆتایی. ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە لەئێستادا هەسەدە هەوڵدەدات تا دەتوانێت مانۆڕ و وەستانی زیاتر لەگەڵ حکومەتی ئێستای دیمەشقدا بەڕێ بکات. چونکە ڕێکەوتنێک لەسەر بنەمای یەکگرتنی تەواو، لە دۆخی پێکهاتەی ئێستای حکومەتی شەرع و پاوانخوازی ئیسلامی سیاسیدا، بە مانای کۆتایی هەسەدە دەبێت.
لەدوای واژۆکردنی ڕێکەوتنەکەی مانگی ئازار، چوار خولی دانوستان لەنێوان نوێنەرانی حکومەتی سوریا و هەسەدە ئەنجامدراوە، کە دوو کۆبوونەوە لە حەسەکە و دوو دیدار لە دیمەشق ئەنجامدراوە. دوایین کۆبونەوە کە لە سەرەتای مانگی تەمموزدا بەڕێوەچووە، هیچ ئەنجامێک تیا بەدەست نەهاتووە.
کێشەکە ئەوەیە ئەحمەد شەرع و حکومەتەکەی پێیانوایە یەکگرتنەوە بە واتای هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەیە، واتە چەکدارەکان تاکەکەسی تێکەڵی سوپای سوریا ببن، هەڵبەتە لە لایەن هەسەدەوە جەخت لەسەر ئەوەهەیە کە پێکهاتە ڕێکخراوەییەکەی وەک بناغەیەکی یەکگرتوو بمێنێتەوە و پارێزراوبێت، نەک بە تەواوی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەڵبوەشێتەوە، ئەمەش لەلایەن حکومەتی سوریا قەبوڵ ناکرێت و ڕەتدەکرێتەوە، کە بە هەڕەشە بۆ سەر ناوەند بونەوەو یەکگرتوویی سوریا دەزانێت.
خاڵێکی دیکەی بنەڕەتی مشتومڕ، پرسی لامەرکەزییە، دیمەشق تارادەیەک مامەڵە لەگەڵ لامەرکەزیەت دەکات وەک ڕێکخستنی کارگێڕی لەناو دەوڵەتێکی یەکگرتوودا، لەکاتێکدا هەسەدە هەوڵدەدات بیگۆڕێت بۆ فۆرمۆلەیەکی سیاسی فراوانکراو کە دەسەڵاتی سەربەخۆی پێبدات لە بوارەکانی ئاسایش و ئابووری و پەیوەندیەکانی دەرەوەدا، ئەو لامەرکەزییەی کە لەلایەن هەسەدەوە دانوستانی لەسەر دەکرێت، فیدراڵی یان دەوڵەتێکی فیدراڵی نییە، بەڵکو کۆنفیدڕاڵیە، واتە دانوستانی نێوان دوو دەوڵەت کە هەریەکەیان سەروەری سەربەخۆیان هەیە و ڕێککەوتن لەسەر پەیوەندی هاوبەش لە ژێر یەک چەتردا، حکومەتی سوریا ئەمە بە پێشێلکردنی سەروەری دەوڵەت و یەکگرتوویی دامودەزگاکانی دەزانێت، گومانی تیا نیە کە تورکیاش قەبوڵ ناکات.
هاوکات ناکۆکی لەسەر پرسی ئابووری و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان بەتایبەتی نەوت و گاز و دەروازە سنووریەکان قووڵتر دەبێتەوە، لەکاتێکدا کە ڕێکەوتنی مانگی ئازار گەڕانەوەی ئەم سەرچاوانەی بۆ ئیدارەی ناوەندی دەوڵەت دیاری کردبوو، هەسەدەش پێشنیاری هێشتنەوەی پشکەکانی ناوخۆیی لە بواری کارکردن و دارایدا دەکات.
هەسەدە و حکومەتی سوریا لەدوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ١٠ ی ئازاری ٢٠٢٥ ەوە سەرقاڵی دانوستانێکی قورس بوون، بە ئامانجی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی پرۆژەی “بەڕێوەبردنی خۆیەتی” لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. سەرەڕای پێکهێنانی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا، بەڵام دواتر دانوستانەکان وەستان بەهۆی پەرەسەندنی ناکۆکیەکانیان لەسەر شوێن و سروشتی دانوستانەکان.
هەسەدە پێداگری کرد لەسەر گواستنەوەیان بۆ پاریس لەژێر چاودێری فەرەنسا، دیمەشق ڕەتیکردەوە ئەو پرسە بەنێودەوڵەتی بکات و پێداگری لەسەر ڕاگرتنی ئەوان لە چوارچێوەی خاکی سوریادا کرد. جگە لەوەش، ناوبەناو پێکدادانێکی سنووردار بەهۆی پێشێلکاری مەیدانی و تۆمەتی یەکتر بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە سەریهەڵداوە، واتە ئاگربەستەکە بەشێوەیەکی ناسەقامگیری ماوەتەوە و هەرواش دەمێنێتەوە، ئەم پێکدادانانە درێژەپێدەری شێوازێکە کە ماوەیەکە بەردەوامە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب و دێرحەفەر، ئەم ناوچانە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لەلایەن هەسەدەوە کۆنترۆڵ کران و لەوکاتەدا هەسەدە بەرەو حەلەب پێشڕەویان کرد، ئەوان کۆبونەوە و بووە هۆی پێکدادانی پچڕپچڕ لە نێوان هەردوولادا.
ئەوەی شایانی باسە پێکدادانەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەو رەهەندە سیاسیە ئەدات کە حکومەتی سوریا جۆرێک لە گەمارۆدانی بەسەر گەڕەکەکاندا سەپاندووە، لەبەرامبەر ڕۆڵی هەسەدە لە حەڵەبدا، واتە دەرکردنی نفوزی هەسەدە لە حەڵەب، ئەمەش بەشێکە لەو سیاسەتەی کەشەرع دەیەوێت تەواوی سوریا کۆنترۆڵ کات.
پێکدادان و تۆپبارانەکانی ئەم دواییە بونەتە هۆی ئاوارەبونی خەڵکی مەدەنی لەو گەڕەکانەی زیانیان لێکەوەتووە، هەربۆیە ئاماژەن بۆ مەبەستی حکومەت بۆ زیادکردنی فشاری سەربازی لەو ناوچانەدا، لەگەڵ ئەوەشدا هەسەدە، هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە هەر کۆنتڕۆڵکردنێک بەسەر ئەو گەڕەکانەدا بێت، واتە مانای کۆتایی بە ڕێکەوتنەکەی ١٠ی ئازار دەهێنێت!.
دەستێوەردانی ئەم دواییەی ئەمریکا لەڕێگەی نێردەی تایبەت تۆم باراک و فەرماندە “براد کوپەر” لە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی پرۆسەی سیاسی و رێکەوتنی حکومەتی سوریا و هەسەدە، ئەمەش ئاشکرایە گەر پێشبێت لە بەرژەوەندی واشنتۆندایە.
ئاشکرایە کە تورکیا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە تەواوی هاوکێشەکەدا، هەوڵ و خواستێکی بەهێزی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە هەسەدە، بۆیە پاڵپشتی هەر هەنگاوێکی حکومەتی سوریا دەکات کە ئاماجی کۆتایی هەسەدە لە نەخشەکانیاندا بێت.
دیداری نێوان مەزلوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاهیدی بوین، وەزیری بەرگری و بەشێک لە ئەندامانی حکومەتەکەی، بە نێوەندگیری ئەمریکا، بۆ کەمکردنەوەی بارگرژی دۆخەکە دوای تێکهەڵچونی چەکداری نێوان هەسەدە و سوپای سوریا لە حەلەب، دۆخەکە لەسەر زەوی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، بەردەوامە لە هەنگاونان بەرەو ئامادەکاریەکان بۆ ململانێیەکی نوێ لەگەڵ دیمەشقدا، ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی کە سەرکردایەتی هەسەدە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەگەری ڕوبەڕوبونەوەی تر لەگەڵ سوپای سوریا یان کوتلەکانی سەر بە تورکیا لە باکووری ئەو وڵاتە.
پێدەچێت هەسەدە زیاتر لە چوارچێوەی کایەی نفوزی ئەمریکادا خۆی ڕادەگرێت بەبێ ئەوەی ئاسۆیەکی سیاسی ڕوونی هەبێت، ئەمەش پێداگری مەزلوم عەبدیە لەسەر پاراستنی هاوسەنگی و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ململانێ لەگەڵ دیمەشق و ئامادەکاری بۆ هەر سیناریۆیەک بەرەوڕویان بێتەوە.
ئارامی ئێستای شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و دێرەزور ئاگربەستێکی کاتیە، کە واشنتۆن لەڕێگەی فشاری دارایی و سیاسیەوە سەپاندویەتی، هۆکارە بنەڕەتیەکانی ئەو ململانێیە وەک خۆیان ماون، سەرەڕای سەرکەوتنی کاتی واشنتۆن لە ڕاگرتنی گرژیەکان، بەڵام تا ئێستا چارەسەری ڕەگ و ڕیشەی قەیرانەکانی نەکردووە.
چانسی گەیشتنی هەسەدە بە ڕێکەوتنێکی سیاسی لەگەڵ دیمەشق ئاڵۆزە، ئاشکرایە کە ڕژێمی سوریا ئامادە نییە دەستبەرداری “ناوەندگەرایی ڕەها”ی خۆی بێت یان دان بە هەر ئیدارەیەکی سەربەخۆدا بنێت کە ڕەنگە ببێتە هۆی دابەشبوونی سوریا لە داهاتوودا.
ئەتوانین بڵێین ناوچەکە بەڕووی چەند ئەگەرێکدا بەکراوەیی دەمێنێتەوە، ئارامی پچڕپچڕ یان هەڵکشانێکی نوێ کە لەوانەیە لە دێرەزور یان گەڕەکە کوردیەکانی حەلەب سەرهەڵبداتەوە، ڕێکەوتنەکانی ئێستا بەرگەی فشارەکانی بارودۆخی ئاڵۆزی سیاسی سوریا و ناوچەکە ناگرن و دۆخێ سوریا لەم گێژاو و ناجێگیریە سیاسیە لە سایەی دەسەڵاتی ئیسلامیدا نایەتە دەرەوە.
