تاوانبارە بێدەنگەکان؛ کاتێک شاشەکان دەبنە چەکی توندوتیژی.. سارا ئازاد محمد
لە سەردەمی کلاسیکدا، تاوان دیاردەیەکی فیزیکی و ڕووبەڕوبوونەوەیەکی جەستەیی بوو، کە تێیدا تاوانبار بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی پێویستی بە ئامادەیی ماددی و هێزی بازوو هەبوو. بەڵام لە گواستنەوەی بەرەو سەردەمی مۆدێرنیتە و باڵادەستیی فەزای دیجیتاڵی، سروشتی توندوتیژی گۆڕانکارییەکی ڕیشەییی بەسەردا هاتووە؛ مرۆڤی لادەر چیتر پێویستی بە ماسک و چەکی ماددی نییە، بەڵکو لە پشت ڕووناکی شاشەکانەوە، جۆرێکی نوێ لە مەترسیی مۆدێرن بەرهەم دەهێنێت کە دەکرێت پێی بوترێت “تاوانی بێدەنگ”.
شاشە بچووکەکانی بەردەستمان، لە ئامرازێکی پەیوەندییەوە کە بڕیار بوو جیهان لێک نزیک بکەنەوە، گۆڕاون بۆ چەکێکی کوشندە و ترسناک کاتێک دەکەونە دەست کەسانی لادەر. ئەم تەکنەلۆژیایە لە یەک کاتدا دوو ئەرکی دژبەیەک و لێکدابڕاو دەبینێت؛ لە لایەکەوە دەبێتە قەڵغانێکی گریمانەیی بۆ شاردنەوەی ناسنامە و ڕوخساری ڕاستەقینەی تاوانبار، لە لایەکی تریشەوە دەبێتە سەکۆیەک بۆ ئاڕاستەکردنی توندوتیژیی دەروونی. ئەم گۆڕانە وای کردووە کە تاوانبار بە بێدەنگی و بەبێ بینینی ئازاری ڕاستەقینەی قوربانییەکە، قورسترین زیانی دەروونی، کۆمەڵایەتی و مرۆیی بە ژیانی ئەوانەی تر بگەیەنێت.
لە ناو جەرگەی ئەم گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەدا، دیاردەی هەڕەشەکردن و شێواندنی ناسنامەی ئافرەتان وەک یەکێک لە قێزەونترین جۆرەکانی توندوتیژیی نوێ سەریهەڵداوە. تاوانبار بە هێزی بەرنامە پێشکەوتووەکانی ژیریی دەستکرد، تەنیا لە ڕێگەی وێنەیەکی ئاسایی دەموچاوەوە، فۆرمێکی ساختەی ڕووت یان ڤیدیۆیی وا بەرهەم دەهێنێت کە جیاکردنەوەی لە ڕاستی ئەستەمە. ئامانجی سەرەکیی ئەم کردەوەیە ناوزڕاندن و تێکشکاندنی پێگەی دەروونی و کۆمەڵایەتیی ئافرەتە لە ناو فەزای خێزان و کاردا. تاوانبارانی ئەم سەردەمە بە چاکی لە دەروونناسیی کۆمەڵگە و پێکهاتە کەلتوورییەکان تێدەگەن؛ ئەوان دەزانن کە چەمکی “شەرەف” و “پێگەی کۆمەڵایەتی” چەندە هەستیارن، بۆیە ئەم بەرهەمە ساختانە وەک بارمتەیەک بۆ دەستکەوتی دارایی، شکاندنی کەڕامەت و سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەکاردەهێنن.
مەترسیی ڕاستەقینەی ئەم دیاردەیە تەنیا لە خودی کردەوەی تاوانبارەکەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە کاردانەوەی پاشکەوتووانەی کۆمەڵگەشدا ڕەنگدەداتەوە. کاتێک کۆمەڵگە لە جیاتی سزادانی هێرشبەرەکە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی، پەنجەی لۆمە ئاڕاستەی قوربانییەکە دەکات، بە نائاگایی (یان ئاگادارانە) دەبێتە هاوکاری سەرەکیی تاوانبارەکە. ئەم جۆرە لە ڕەفتار و مامەڵە بەرانبەر قوربانی، دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە ئافرەتان پەنا ببەنە بەر بێدەنگییەکی بکوژ؛ بێدەنگییەک کە نەک هەر کێشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو دەبێتە گونجاوترین ژینگە بۆ گەشەکردن و بەردەوامیی تاوانەکە.
بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئەم توندوتیژییە سیستماتیکە، پێویستە یەکەم چەک کە “ترس و گۆشەگیرییە” لە دەستی تاوانبارەکە دابماڵرێت، چونکە هێزی تاوانباری پشت شاشە تەنیا لە بێدەنگیی قوربانییەکەوە سەرچاوە دەگرێت. کاتێک متمانەی خێزانی و هۆشیاریی تەکنەلۆژی دەبنە پاڵپشت و قوربانی دڵنیا دەبێتەوە کە خێزانەکەی لە سروشتی تەڵەکە و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا تێدەگەن، قەڵغانی ساختەی تاوانبارەکە دادەڕمێت. لێرەوە، ڕۆڵی دامەزراوە فەرمییەکانی وەک “بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەڕەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان” دێتە پێشەوە؛ ئەم دامەزراوانە پێویستە بە پەیڕەکردنی “نهێنیپارێزیی ڕەها” و دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ سکاڵا، متمانەی قوربانییەکان بەدەستبهێننەوە و یاسا وەک ڕووناکییەک بەسەر تاریکیی ئەم تاوانەدا بڵاو بکەنەوە.
پاراستنی فەزای دیجیتاڵی چیتر دابڕاو نییە لە پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، بەڵکو بەشێکی بنەڕەتییە لێی. گۆڕینی ڕوانگەی کەلتووری بەرامبەر بە قوربانیانی تاوانی ئەلیکتڕۆنی، هۆشیارکردنەوەی خێزان و توندکردنی یاساکانی سزادانی دیجیتاڵی، تاکە ڕێگەن بۆ گۆڕینی شاشەکان لە ئامرازی توندوتیژییەوە بۆ هۆکاری پێشکەوتن. مرۆییبوونی ئێمە لە جیهانی هاوچەرخدا لەوەدا کورت دەبێتەوە کە نەهێڵین هیچ مرۆڤێک لە پشت شاشەکانەوە ببێتە نێچیر و ڕێگا نەدەین بێدەنگی ببێتە چەترێک بۆ پاراستنی کەسە زاڵم و بێ ویژدانەکان.
سارا ئازاد محمد
ماستەر لە كۆمەڵناسی تاوان
