بۆچی ئیمڕاڵی لە ئێستادا گرنگە بۆ کورد؟.. ئەحمەد کامەران
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەمووکاتێکدا ئێستا زیاتر لەجاران لەنێو گێژاوی سیاسی دایە ، ڕوونیش نییە ئاخۆ چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو کوێ هانگاو دەنێت …
ئیمڕاڵی لە ڕووی جوگرافیاوە دەکەوێتە وڵاتی تورکیا ، بە دوورگەیەکی بچووکی دەریای مەڕمەڕە لە باشووری ئیستەنبۆڵ هەژماردەکرێت. ئەم دوورگەیە لە مێژووی تورکیادا تایبەتە بە زیندانیکردنی دەنگە ئازادەکان و کەسانی شۆڕشگێڕ . لە دیارترین ناو لە بزوتنەوەی شۆڕشی ئازادی کوردا عەبدوڵا ئۆجەلانە ، کە نزیکەی چارەکە سەدەیەکە لە ئیمڕالی زیندانی کراوە . هەرئەمەش دواجار وایکردبوو پرسی کورد لە باکووری کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قوڵتر بێتەوە . هاوکات پرسی ئیمڕاڵی نەک تەنیا پەیوەست بێت بە باکووری کوردستان ، بەڵکو گرێدراوی سێ پارچەکەی دیکەی کوردستان و ناوچەکەیە . بە دیاری کراویشدا لە ئانووساتی ئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم گۆڕانێکی چاوەڕوانەکراو دایە ، هەرچی کوردیشە کارەکتەری سەرەکی نێو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لەئەمڕۆدا .بۆیە هەرگۆڕانێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبدات ، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کورد دیار دەبێت . ئەگەرچی لە ئێستادا بەشێکی هەرە پرسی گرنگی کورد لە دوورگەی ئیمڕاڵی بەچارەسەر نەکراوی ماوەتەوەو ، زۆر گرنگە هەموولایەک بە هەستیاری مامەڵەی لەگەڵ بکات ، ئەگەرنا دووبارە کورد دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغە سەختەکانی پێش پڕۆسەی ئاشتی .
بە پێی هەواڵی ئەلمۆنیتەر کە ئاماژەی پێ دەکات لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ۲۰۲٥ ، ئۆجەلان نامەیەکی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی دەکات و داوای لێ دەکات لە پڕۆسەی ئاشتی تورکیا هاریکار بن . لەناوەڕاستی ئەو ساڵەدا دوای زیاتر لە نیو سەدە لەخەباتی چەکداری ، دواجار بەبڕیاری ئۆجەلان پڕۆسەی ئاشتی ڕادەگەیەنێت و کۆتایی بەخەباتی چەکداری دەهێنێت لەبەرامبەری تورکیادا . بەسووتاندنی چەک ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە کورد تاکە نەتەوەی نێو ڕۆژهەڵاتی ناوینە بەردەوام لەگەڵ ئاشتیدایە نەک جەنگ و تیرۆر . بەڵام هەرگیز دووژمن ناخوازێت لەگەڵ کوردا ئاشتی خواز بێت ، تەنیا دەخوازن ئەوان ئاغا بن ئێمەش کۆیلەو بن دەستیان بین . بەڵام ئەو ڕۆژگارە بۆ دووژمن کۆتایی هات کە ئیتر بیر لە بچووکردنەوەی کورد بکەن. بۆیە زۆر پێویستە ئێمەی گەنجی دواڕۆژ زۆر وشیاربین لەبەرامبەری دووژمنانی خۆمان. هەروەکو جەنابی عوسمان بایدەمیر دەڵێت : دووژمنی باب و باپیرانمان ، نابنە دۆستی گەنجەکانمان .
لەبەشێکی دیکەی نامەکەی ئۆجەلاندا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر ئەمجارەیان پڕۆسەی ئاشتی سەربگرێت ، نەک تەنیا بۆ باکووری کوردستان سوودی دەبێت ، بەڵکو بۆ هەرێمی کوردستانیش دەسکەوتێکی گرنگی دەبێت . ئەوەی پێویستە بگوترێت ئەمڕۆ ئەوەیە کە ئەرکێکی مێژوویی و نەتەوەیی لەسەر شانی سەرکردەکانی کوردە ، بتوانن نێو ماڵی کورد یەک ڕیز بکەن .
بە دیاری کراویش پێویستە جەنابی بارزانی وەکو هەمووکاتێک چۆن ڕۆڵی سەرەکی لە چارەسەرکردنی زۆربەی کێشەکانی گەلی کورد هەبووە . دەبێت بۆ پرسی ئیمڕاڵیش دەستپێشخەر و نوێنەری سەرەکی بێت لەگەڵ تورکیا بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی و یەکڕیزی کوردان . کورد لە درێژایی مێژووی خۆیدا خاوەنی زۆر سەرکردەو ڕێبەر بووە ، کە هەریەکەیان بە جیا بۆ مافی کورد خەباتی کردووە . لەوانەش ( قازی محمد ، مەلا مستەفای بارزانی و جەلال تاڵەبانی و دکتۆر قاسملۆ ) هتد … ئەگەرچی لە ئێستادا ئەوسەرکردە دیارانەی کورد لە ژیاندا نەماون . ئەوەی لە ئێستادا لە ژیان ماوە دووسەرکردەی هەرە کارێزما و خاوەن دەنگ و خەمخۆری گەلی کورد ، کە بارزانی و ئۆجەلانە . بۆیە من لێرەدا وەکو نووسەرێک و ڕۆشنبیرێکی گەنج هیوا دەخوازم لە ئایندەدا ئەم دوو سەرکردە خەمخۆرەی کورد دەست لەناو دەستی یەکتر بنێن و کوردستانێکی ئازاد بەڕێوە ببەن. هەروەها ببن بە پێشەنگی یەک ڕیزی نێو ماڵی کوردا . ئیتر نەبین بە پاشکۆ و نۆکەری هیچ وڵاتێک و کەسێک ، بەڵکو خۆمان نوێنەرایەتی گەلی خۆمان بکەین .
سەرکردەو ڕێبەرەکان ئەوکاتە ناویان لە مێژوو زیندوو دەبێت و لای خەڵکی هەمیشە خۆشەویست دەمێننەوە بۆ نەوە لە پاش نەوە ، ئەویش تەنیا بە خەباتکردن و قوربانی دان بۆ گەل و ناسنامەی نەتەوەکەیان .
دڵنیابن ئێمەی کورد خۆمان یەکڕیز و یەک هەڵوێست نەبین ، هیچ کەسی دیکە خەمخۆری مافەکانی ئێمە نابێت . بە دیاری کراویش لەم دۆخەی ئێستادا لەجاران زیاتر یەکڕیزیمان پێویستە،نەک بەرژەوەندی حزبی نە شەڕی تاکەکەسی ، ئەم جۆرە بەرژەوەندیانە دواجار ماڵ وێرانی و لەناوچوون لەپاش خۆیدا بەجێ دەهێڵێت .
ئەمڕۆکورد لەهەر چوار پارچەکەوە ، لەبەردەم چواڕیانێکی نادیار و هەستیار دایە بە دەستی وڵاتانی زلهێزی جیهان و وڵاتە هەرێمییەکان .بۆیە پێویستە ئیتر ڕێگا نەدەین بەهیچ دەوڵەتێک چارەنووسی مافە نەتەوەیی و مێژووییەکانی ئێمە بکەن بە یاری و ئارەزووەکانی خۆیان . گرنگە خۆمان ڕێکخستن بکەین و ئامادەبین، بۆ هەر ئاڵەنگارییەکی لە ناکاو کە دێتە سەر ڕێگای گەلەکەمان لەداهاتوودا.
ئەحمەد کامەران
نووسەر و لێکۆڵەر

