Skip to Content

دایکم.. /7/.. رەسووڵ بەختیار

دایکم.. /7/.. رەسووڵ بەختیار

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 23, 2023 General


7

دەستە خوشکەکانی دایکم، جگە لەچەند ئافرەتێک، کە خەڵکی گەڕەکی خۆمان بوون، چەند دەستە خوشکێکی تەمەنی گەنجیشی زۆر جاران سەردانی ماڵی ئێمەیان دەکرد، ئەوکات من زۆر بچووک بووم، ئاسایی بوو لەگەڵیان دادەنیشتم، هەردەم قسەی خۆشیان دەکرد، باسی هەموو شتێک دەکرا، هەر لەئەحواڵی منداڵەکان تا دەگاتە سیاسەت و پارە و خانوو و سەردەمی گەنجیان، هەرووەها هەر یەکێکیان باسی گوند و دایک و باوکیان دەکرد.
لەپاشاندا چەندین قسەی خۆشی رۆژانەیان باس دەکرد. لەکاتێکدا ئەو ئافرەتانەی باسیان دەکەم هیچیان لەژیاندا نەماون.
دایکی عەلی یەکێک لەوانە بوو، لەگەڵ دایکم بەشێوەزاری لوڕی قسەیان دەکرد، هەردەم دایکی عەلی باسی خانەقینی دەکرد، زیاتر باسەکانی لەبارەی جوانی و ناخۆشی ئەو شارە بوو، هەروەها زۆر جار باسی لەئاوارەبوون دەکرد، کە چۆن لەو شارە بەهۆی کوردایەتییەوە دەرکراون، دواتر چۆن لەهەولێر گیرساونەتەوە.
دایکی عەلی بەردەوام نیگەران بوو سەبارەت بە داهاتووی منداڵەکانی و دەیگوت:راستە منداڵەکان تا ئێستا بچووکن، بەڵام ژیانی ئاواڕەیی زۆر ناخۆشە، تۆ لەشوێنی خۆت دەرکرێی، دەبێ لەسفرەوە دەست پێبکەی، راستە باوکی منداڵەکان پیاوێکی کاسبە لێناگەڕێ پێویستمان بەچی بێ، بەڵام وەک گوتم ئەویش دەبێ لەسەرەتاوە دەست پێبکات، لەم شارە راستە ناسیاومان هەیە، بەڵام باوکی عەلی نەفس بەرز بوو، بڕواناکەم داوا لەوان بکات کارێکی بۆ بدۆرنەوە.
دایکم: دایکی عەلی خەم مەخۆ، ئێمە خوامان هەیە، باوەڕ بکە، دەبینی منداڵەکان گەورە دەبن و کچەکان شوو دەکەن و کوڕەکان ژن دەهێنن.
کاتێک دایکی عەلی گوێی لەو قسانە دەبوو، زەردەخەیەکی دەکرد و دەیگوت: بۆیە تۆم خۆشدەوێ،چونکە هەردەم شتەکان ئاسان دەکەی.
زۆرجار دایکی عەبدوڵڵا و دایکی عەلی و دایکی سمکۆ و دایکی نەوزاد و دایکى سەنگەر و دایکم پێکەوە دادەنیشتن، کاتێک دەهاتنە ماڵی ئێمە ئاگام لێ بوو دایکی عەبدوڵڵا بۆ ئەوەی باسی ناخۆشییەکانی ژیان نەکرێ، قسەی زۆر خۆشی دەکرد، هەردەم کە ئەو دەهات دەمبینی هەمووان پێدەکەنین.
هەمووکات دایکی عەبدوڵڵا دەیگوت: ئێوە بۆ خۆتان دڵتەنگ کردووە دەبێ بۆ منداڵەکانتان بژین، ئەوەی رۆیی رۆیی. بە پێکەنیکەوە بەدایکم و دایکی عەلیشی دەگوت لەبەینی یەک بەو شێوەزاری لوڕییە قسە مەکەن، کاتێک ئێوە بەو شێوە قسە دەکەن، هێر نییە لەئێوە بگات.
لەم کاتەدا هەمووان پێدەکەنێن، دەستیان بەقسەی خۆشی ڕۆژانە دەکرد.
دایکى عەلى بەپێکەنینەوە دەیگوت: زۆرجار دەچووم سەموونى ئیعاشەم دەهێنا، کاتێک باوکى عەلى سەیرى سەموونەکانى دەکرد و بەدایکى عەلى دەگوت: دیسان سەموونەکان رەقن، تۆ نازانى من ددانەکانم کەڵکی نەماوە، دەزانم تۆ بەشێوەزارى لوڕى قسەت کردووە و هەر گوتووتە : ئێژم ..ئێژم, کرێکارەکانى سەموونى ئیعاشە وایانزانیووە تۆ سەموونى رەق ساردبۆوە و رەقت دەوێ.
لەم کاتەدا هەموویان دەستیان بەپێکەنین دەکرد و چەندین قسەى خۆشیان دەکرد.
کەچی دایکى نەوزاد زۆر بەکەمى پێدەکەنى, وەک لەپێشتردا باسم لێوە کردووە ئەو دوو براى پێشمەرگەى شەهید بوو بوون, هەردەم خەمناک بوو, من لەچاوانى دەمبینى بیری برایەکانى دەکرد، چەندین یاد و یادگاری لەنێو مێشکیدا، زۆر جار دەیگوت: ئەو برایانەم لەهەڕەتی لاوی دابوون، ئێستا بیریان دەکەم، منیان زۆر خۆسدەویست. دەستەخوشکەکانى دیکەشى و دایکم هەردەم دڵیان دەدایەوە و دەیانگوت: بیر لەمنداڵەکانت بکەوە, سوپاس بۆ خوا ئەوان لەسەر رێبازى کوردایەتى شەهید بوونە, خو کارێکى خراپیان نەکردووە, گرنگە پیاو و ئافرەت بەسەربەرزى سەربنێتەوە.
دایکى سمکوش زۆرجار باسى لەئاوارەیى دەکرد و دەیگوت: ئێمە لەساڵى حەفتاکان دوور خراینەوە بۆ شارۆچکەیەکى نزیک شارى حیللە, بەراستى سەردەمێکى ناخۆش بوو.
دایکی سمکۆ: رۆژێک باوکى سمکۆ بەکارێک گەڕابۆوە کوردستان, دواى رۆیشتنى، پیاوانى رژێم یان پۆلیس, دەورى ماڵى ئێمەیان گرت, هەموومانیان بەرەو بەندینخانە برد.
دایکی سمکۆ سەرەڕایی ئەم هەموو خەم و خەفەتە پێدەکەنی و دەیگوت: سەیر بوو, ژنێکى عەرەب لەگەڵ ئێمەدا لەبەندینخانە بوو. کاتێک ئێمەى بینى وەک شێتى لێهات, بەتایبەتى ئەو کاتەى زانى ئێمە کوردین، لەناو بەندینخانەکە هاوارى دەکرد, ئەوانە دەمخۆن, ئەدى ناڵێن کورد جنوکەیە, ئەو ژنە تا ئەو کاتەى لەبەندینخانەدا دابوو هەر هاوار هاوارى بوو.
دایکى سمکۆ بۆ دەستەخوشکەکانى دەگێڕایەوە و دەیگوت: لەبیرمە ئەو کات پۆلیسەکان لەزیلە سەربازییەکە منیان لە منداڵەکان جیا کردەوە، واتە تەنیا مەترێک دوور بووم لەمنداڵەکان, کەچى سمکۆى کوڕم هاوارى دەکرد و دەیگوت: دەچمە لاى دایکم, سمکۆ ئەو کات زۆر بچووک بوو, وەک دەزانن منداڵیش زۆر هۆگرى دایکییەتى, بۆیە بەردەوام بۆ باوەشى من دەگریا.
دایکى سەنگەر، کە لەگەڵ دایکم خەڵکى هەمان گوندن, ئەویش بەهەمان شێوە چەندین ئێش و ئازارى هەبوو، ئەویش وەک دایکى نەوزاد بیرى برایەکانى دەکرد، چونکە برایەکانى ئەو لەئەنفالدا ونبوون تا ئێستاش هیچ سۆراخێکیان نییە.
لەنێوەندى گێڕانەوەى ئەو خەم و ئازارانە زۆر جار دەمبینى فرمێسک لەچاوانیان دەهاتە خوار. بەڵام هەمووان دڵى یەکتریان دەدایەوە, هیچکات نەیاندەویست دانیشتنەکەیان ببێتە یەک پارچە خەم, بۆیە دووبارە چەندین قسەى خۆشیان دەکرد و زیاتریش باسیان لەچەتوونى منداڵەکانیان دەکرد.
هەندێک رۆژ کاتێک ئەو دەستەخوشکانە لەگەڵ یەکتردا دادەنیشتن، باسی خەم و پەژارەی ژیان،منیش لەلای خۆم بەرچاوم تاریک دەبوو، لەهەندێک قسەیان بەتەواویی تێدەگەیشتم، ئەو تەمەنەی باسی دەکەم، تەمەنم خۆی لەسێ چوار ساڵ دەدا.
کەچی هەندێکجاری دیکەش کاتێک لەگەڵ یەکتردا دادەنیشتن قسەی ژنانەیان دەکرد، هەروا دوور لەخەم و پەژارە باسی رۆژە خۆشەکانی ژیانیان دەکرد، بەتایبەتی ئەو کاتەی پیاوەکانیان هاتنە داخوازییان، لەگەڵ قسەی دیکەی زیاتر، بەتایبەتی رۆژی زەماوەندکەیان، کەچۆن شایی و هەڵپەڕکێ لەوسەر بۆ ئەوسەر بوو.
ئێمە لەهەولێر لەچەندین گەڕەک ژیاوین سەرەتا لەگەڕەکی سێتاقان ماوەی ساڵێک لەو گەڕەکە بووین، ئێمە لەوێدا کرێچی بووین، دواتر هاتینە گەڕەکی مەنتکاوە لەو گەڕەکە خانووی خۆمان بوو، رووبەری خانووەکە سەد مەتر بوو، ماوەی زیاتر لە دە تا پانزدە ساڵ لەو گەڕەکە بووین، دواتر چووینە گەڕەکی 92 ئەمجارەیان خانووەکەمان دووسەد مەتر بوو، گەڕەکێکی تا بڵێیت خۆشبوو، هەموو خەڵکەکە یەکتری دەناسی لەناخۆشی و خۆشیدا بەتەنگ یەکترەوە دەهاتن.
ئاگادار بووم ژنانی کۆڵانەکەمان دایکمیان زۆر خۆشدەویست وەک گوتم کاتێک دایکم قسەی دەکرد دەیزانی چی دەڵێ هەردەم حەزی بەوە نەدەکرد کەس بەخراپە باسی ئەویتر بکات، بۆیە زۆرێک لە ژنانی کۆڵانەکەمان دڵێان بۆ دایکم دەکردەوە، لەدوورەوە دەمزانی دایکم زۆر بەجوانی ئامۆژگارییان دەکات، بەڵام ئەو کات نەمدەتوانی لەتەک دایکم دانیشم، چونکە گەورە بوو بووم.
دایکم هەردەم لەگەڵ ئەو ژنانە دادەنیشت، کە کێشە و گرفت نانێنەوە لەسەر شەڕی دوو منداڵ، بەژنەکانی کۆڵانەکەمانی دەگوت: ئێوە سەیرن، بۆ لەسەر منداڵ تیتکی(قژی) یەک دەگرن، ئەی نازانن ئەوانە منداڵن، ئەوجا بەتەواویی نەیدەزانی بەشێوەزاری سۆرانی وابڵێ دەیکردە لوڕی، ژنەکانیش هیچ تێنەدەگەیشتن و دەیانگوت: شەمام هیچ تێنەگەیشتین، ئەمەش هۆیەک بوو تا ژنەکان لەگەڵ یەکتر پێک بێنەوە، کێشە لەسەر شەڕی دوو منداڵ دروست نەکەن.
دەستەخوشکەکانی دایکم زۆرجاران باسیان لەدایکیان دەکرد، کە چەند میهرەبان و ژەنێکی بوێر بووە، هەردەم بۆ پاراستنی منداڵەکانی لەهەر ناخۆشییەک رووبەڕووی چەندین کێشە بۆتەوە، راستە رۆژگاری ئەوان هەموو شتێک وەک ئێستا بەردەست نەبووە، بەڵام هەوڵەکانیان بۆ ئەوە بووە منداڵەکانیان چ کوڕ چ کچ خۆشبەخت بن.
بەشێک لەو ژنانە باسیان لەوە دەکرد، نازانن دایک چییە، چونکە کاتێک لەدایکبووە، دایکیان کۆچی دوایی کردووە، بۆیە ئەو ژنانە، بەدایکم و ژنەکانی دیکەی دەگوت: باسی دایک بکە، من نازانم سۆزی دایک و باوەشی دایک چییە، من وادەزانم خوشکە گەورەکەم دایکمە، چونکە ئەو بەخێوی کردووم.
ئیتر دایکم و دەستەخوشکەکانی هەر یەک بەدەربڕینی سادەی خۆیان باسی دایکیان دەکرد، باسیان لەوەدەکرد، هیچ کاتێک دایکیان جیاوازی لەنێوان کچ و کوڕەکان نەدەکرد.
بەپێچەوانەوە دەیانگوت: کچەکان بۆ ئێمە باشترن، چونکە لەوانەیە کوڕەکانمان لەبەر کێشە و گرفتی ژیان و بژێویی ناتوانن زۆر سەردانمان بکەن، دوای ئەوەی زەماوەندی خۆیان دەکەن، بەڵام کچەکان زوو زوو سەردانمان دەکەن، چونکە کچەکان هەردەم خۆیان بەبەشێک لەدایک و باوکیان دەزانن.
بۆ وەبەهێنانەوەش دایکم باسی لە داپیرەی و داپیرەم دەیگوت: کوڕەکانیش زۆر باشن سەردانی من و باوکی دەکەن، چ پێویستییەکمان هەبێ دابینی دەکەن، کەچی کچەکان هەر بزانن کەمێک نەساخم دێن و هەموو خزمەتێکم دەکەن، سەرەڕایی ئەوەی هەندێجار رۆژانە، سەردانمان دەکەن، بەتایبەتی ئەو کچانەی ماڵیان لەمن نزیکە، کچەکانی دیکەش ئەوان وایان داناوە، هەموو هەفتەیەک سەردانمان دەکەن.
چەندین چیڕۆک هەیە، سەبارەت بەدایکان، دایکی بەکر، کە ناسیارمان بوو، کوڕەکەی لەساڵانی هەشتا تا راپەڕین پێشمەرگە بوو، لەساڵانی هەشتا و حەفت و هەشتا وهەشت ئەو کاتەی رژێم بەکیمیاویی لەزۆربەی گوندەکانی کوردستانیدا، هەردەم لەماڵەوە ئوقرەی نەدەگرت و بیری کوڕەکەی دەکرد.
عەلی، کە چەند ساڵێک لەبەکر گەورەتر بوو، بوو بوو بەپێشمەرگە لەنێوەندی گوندەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە بوو.
دایکی بەکر هەردەم داوای دەکرد سەردانی کوڕەکەی بکات، دوایی ئەوەی سەردانی کرد، هەڕ ئەو رۆژە رژێمی بەعس بەکیمیاویی لەو گوندانەی دا،
دایکی بەکر تا کۆچی دوایی کرد، بەهۆی بۆمبارانی کیماویی، سینگی بەو کیمیاوییە ژەهراویی بوو بوو، زوو زوو نەخۆش دەکەوت، و چارەسەریان دەکرد، تا ئەو کاتەی نەخۆشییەکەی لێ توند بوو، لەکۆتایدا کۆچی دوایی کرد، دایکی بەکر ژنێکی زۆر ئازا و بوێر بوو، هەردەم دەیویست منداڵەکانی بەکوڕ و کچەوە لەپێشچاوی بێ، ئەم ئومێدەی هەبوو، بۆیە کاتێ کۆچی دوایی کرد، هەموو منداڵەکانی لەتەکیدا بوون، کاتێک چاو داخست، گومانی لەوە نەبوو منداڵەکانی دەتوانن، ژیانی خۆیان بەڕێوە ببەن، نەوەک تەنیا وەک خەمێک بمێننەوە، حەسرەت لەدڵیدا بێ.
زۆرێک لەدایکان، هەتا ئەو کاتەی کۆچی دواییش دەکەن، حەسرەت لەدڵیان دەمێنێتەوە.
وەک ژنێک لەگەڕەکەماندا تا ئەو کاتەی کۆچی دوایی کرد، هەر لەبەردەم دەرگا دادەنیشت چاوەڕێی کوڕەکەی دەکرد، هەندێک هەواڵ هەبوون کوڕەکەی سەرباز بووە لەشەڕی عێراق و ئێراندا ونبووە، هەندێکی دیکە دەیانگوت کوڕەکەی بەدیل گیراوە، کەچی هەندێک لەو سەربازانەی هاوڕێی باسیان لەوە دەکرد، لەبۆمبارانی ئێرانییەکان بەرکەوت و شەهید بوو، چەند سەربازێک جەختێان لەوەش دەکرد، بەچاوی خۆمان لاشەکەیان بینووە، کە هیج هەست و خوستی نەبووە، بۆیەش نەیانتوانیوە تەرمەکەی بهێننەوە، لەپاش بۆمبارانکردن، ئێرانییەکان هێرشیان هێناوە و دەستیان بەسەر ئەو ناوچەیەدا گرتووە.
هەرجونێک دایک هەردەم لەبەر دەرگا بوو، ئومێدی بوو کوڕەکەی لەدوورەوە ببینێ و بەرەو لای بچێ تا لەباوەشی بکا و تێر تێر کوڕەکەی بۆن بکا.
مەزنی دایک لەوەدایە هیج کات کۆڵنادات تا بەخۆشگوزەرانی منداڵ و نەوەکانی ببینێ، خەندەی منداڵ و نەوەکانی گەورەترین خەڵاتە، هەردەمیش قسە نەرم و نیانەکانی ئاڕاستەیان دەکات.
دایکم تا چەند رۆژێک پێش کۆچی دوایی پێیگوتم: کوڕم تەمەنت گەورە بووە، پێمخۆشە منداڵ و حاڵی تۆ ببینم، وەک برایەکانی دیکەت، حەزم لێیە زەماوەندی تۆش ببینم.
داێکم: کوڕم زۆر گرنکە بچییەوە ناو ماڵی و حاڵی خۆت چەند رۆژێک جارێک یان هەفتەیەک جارێک سەر لەئێمەش بدەیت، دواتر دەبی بەباوک و منیش لەگەڵ منداڵی تۆ پێدەکەنم و لەباوەشی دەگرم، کوڕم دونیا تەنیا ئەو ساتە خۆشانەیە تیایدایی، تۆ خۆت و ئێمەش لەو ساتە خۆشانە بێبەش مەکە، ژیان تەنیا کتێب و دەوام و باراڕ و سەیران و گەشت نییە، پێکهێنانی خێزانیشە.
هەرچۆنێک بێ ئەو ساتەی نەبینی من ماڵ و حاڵی خۆم هەبێ، پەشیمانم لەوەی دایکم بێبەشکرد لەو ساتەی بمبینێ لەنێو ژیانێکی دیکەدام.
زۆرجار دایکم بەپێکەنێنەوە دەیگوت: تۆ لەرانکۆی پێم سەیرە لەو هەموو کچە جوانانەی زانکۆ کەست بەدڵ نەبوو، تۆ ئەو هەموو جارە دەچییە وڵاتان کچێک نەبوو بەدڵت بێ، گرنگ نییە چ نەتەوەیەک بێ، گرنگ ئەوەیە تۆ ببینم لەنێو ماڵی خۆتدا، لەدەرەوە بە، لەوێ بژی، دەمەوێ ببینم لەگەڵ خێزانەکەتدا قسەم لەگەڵدا دەکەن، گرنگ نییە ئێرانی، تۆڕانی، ئەوڕووپی بێ، گرنگ ئەوەیە من ببینم تۆ هاوسەرت هەیە.
دایکم ژیانی ناخۆشی و سەختی زۆر بینیبوو، بۆیە هەردەم دەیویست و منداڵ و نەوەکانی هیچ ناخۆشییەک نەبینن، کاتێک باسی یەکێکمان دەکرد، کە دۆخی لەخراپیدایە، دەیگوت: هەر چۆنێک دەبێ هاوکاری بکەن، پێویستی بەچی بوو بەپێی ئیمکان هاوکاری بکەن، چونکە ژیان ئاوایە هەر رۆژێک یەکێک دۆخی خراپ دەبێ، هەر کەسێکیش لەشەقام و جادەکان ئینجا هەر چییەک بێ، هاوکاری بکەن، ئینجا سواڵکەر بێ، یان هەژار، نەکەن ڕووتان وەرگێڕن، ئەگەر پارەیەکی کەمیش بێ، هاوکاری بکەن.
زۆرجار دایکم دەیگوت.: خەڵکم بینیووە، دۆخیان لەوپەڕی باشیدا بووە، کەجی لەناکاو هیچیان بەسەر هیچەوە نەماوە، زۆر هەژار کەوتوون، دیارە ئەمەش هوکاری خۆێ هەیە، دیارە کاتێک دەکەون،خەڵکی دیکە دەیان هۆکاری بۆ دەدۆزنەوە، بۆیە ئێوە دەبێ خۆتان لەو ڤسانە بپارێزن و هیجکات ناو و ناتۆرە و هۆکاری خراپ نەدەنە پاڵ خەڵکی.

Previous
Next
Kurdish