Skip to Content

فێمینیزم لە بازنەی پێکهاتە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکاندا.. كارزان عزيز عەبدولرەحمان

فێمینیزم لە بازنەی پێکهاتە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکاندا.. كارزان عزيز عەبدولرەحمان

Closed
by تەممووز 25, 2026 General, Opinion, Women
image_print



چەمکی فێمینیزم یەکڕەهەند و چەقبەستوونییە، بەڵکو وەک هەر ڕێبازێکی تیۆری و فیکری تر، بە چەندین ئاراستەی جیاوازدا گەشەی کردووە و لە ڕێگەی ئەم ئاراستە هەمەجۆرانەوەیە کە پرسەکانی وەک هێز، دەسەڵات، ژێردەستەیی، چەوساندنەوە و نایەکسانی شیکار دەکرێن. بۆیە کاتێک شیکاری بۆ ئەم چەمکە دەکرێت، پێویستە پرسیاری ئەوە بکرێت کە بابەتەکە بە چ چاویلکەیەکی فیکرییەوە سەیری واقیع دەکات، چونکە تەنیا تێگەیشتن لە چەمکی گشتیی فێمینیزم بەسنییە، بەڵکو دەبێت کۆنتێکست و پاشخانە مێژووییەکانیش هەڵبسەنگێندرێن. مێژووی بزووتنەوەکانی ژنان پیشان دەدات کە ئەم ڕەوتە بە چەندین قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە کە هەر قۆناغێکیش بەپێی ئەو بارودۆخە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەی تێیدا سەری هەڵداوە، دەرککردن و لێکدانەوەی تایبەتی خۆی هەبووە. لەگەڵ گۆڕانکارییە مێژوویی و سیاسییەکاندا، چەمکەکە بەرگی نوێی بە بەردا کراوە، ئەمەش دیاردەیەکی جیهانییە و زۆربەی چەمک و تیۆرییە سیاسییەکان لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە پاشگری تایبەتیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی وەک ڕێبازێکی زانستی و سیاسی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەگەرچی زاراوەی فێمینیزم خۆی بۆ یەکەمجار لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا وەک ئایدیایەکی سیاسی دژی نێرایەتیی باڵادەست بەکارهێنرا. لە کڕۆکدا، خەباتی ژنان و فێمینیزم یەک ئامانجی هاوبەشیان هەیە کە ئەویش ڕەخساندنی هەلومەرجێکی دادپەروەرانە و دابینکردنی مافە سەرەکییەکانی ژنانە لە هەموو کایەکانی ژیاندا، لە دەوڵەت و حوکمڕانییەوە تا کۆمەڵگا، کولتوور و سنووری خێزان، کە ئامانجی سەرەکی تێیدا دابەشکردنی یەکسان و دادپەروەرانەی ماف، ئازادی و دەرفەتەکانە. خەباتی ژنان پێویستە وەک کارێکی پێکەوەیی و چالاکییەکی کۆمەڵایەتی ببێندرێت کە دەیەوێت کۆتایی بە نادادپەروەری و نایەکسانییە ڕەگەزیی و جێندەرییەکان بهێنێت و وەک تیۆرییەکی سیاسیی گشتگیر، تەواوی پەیوەندییە پێکهاتەییەکانی کۆمەڵگا شیکار بکات.
بزووتنەوە سەرەتاییەکانی ڕزگاریخوازیی ژنان، وەک لە مێژوودا تۆمار کراوە، زیاتر لە ناو ژنانی چینی بۆرژوازیدا ڕەنگی دایەوە و داواکارییەکانی ئەوان لەو ئیمتیازانەدا کورت ببووەوە کە پیاوانی چینی باڵا هەیانبوو بەڵام ژنانی هەمان چین بەهۆی نۆرمە باوەکانەوە لێی بێبەش بوون، وەک مافی دەنگدان، خوێندن، خاوەندارێتی سەروەت و میرات. نووسەرانی وەک ڤیرجینیا وۆڵف، ئاماژەیان بەوە دەکرد کە چەوساندنەوەی ژنان لە پێکهاتەی نایەکسانی دابەشکردنی کار و ڕێگریگرتن لە گەیشتنیان بە سەربەخۆیی دارایی و خوێندندایە، و پێی وابوو کە پێویستە ژنان زمانی تایبەت بە خۆیان و پەروەردەی سەربەخۆیان هەبێت، نەک تەنیا خۆیان بە پێوەرە پیاوانەکان یەکسان بکەنەوە. سەرەڕای گرنگیی ئەم بزووتنەوە سەرەتاییانە، بەڵام نەیتوانی نوێنەرایەتی تەواوی ژنان بکات چونکە داواکارییەکانی تەنیا لە چوارچێوەی چینی دەسەڵاتداردا مابووەوە، هەر بۆیە لەلایەن بیرمەندە سۆسیالیستەکانی وەک ڕۆزا لوکسمبورگ و کلارا تسەتکینـەوە ڕەخنەی توندی لێگیرا، بەو پێیەی ئەوان باوەڕیان وابوو مافی سیاسی دەبێت لەلایەن تاکە چالاک و بەرهەمهێنەرەکانی کۆمەڵگاوە کە چینی کرێکارە داوا بکرێت و سەرکەوتنی پرسی ژن بە خەباتی چینایەتییەوە گرێدراوە، بەمەش دۆزی ژنیان لە بازنەی نوخبەی بۆرژوازی دەرهێنا و کردیان بە بزووتنەوەیەکی جیهانی کە سەرنجی دەخستە سەر ژنانی هەژار، جوتیار و چەوساوەکانی سەرانسەری جیهان. مێژوو شایەتی دوو قۆناغی پەرچەکردار و هێرشی پێچەوانە بووە بەرامبەر بەم هۆشیارییە، کە قۆناغی یەکەم تێیدا دروستبوونی جووڵانەوەی کۆنزێرڤاتیڤ و ڕاستڕەو بوو کە وایان نیشان دەدا مافی ژنان واتە لێسەندنەوەی مافی پیاوان و زەمینەی بۆ بیرۆکە فاشیستەکان خۆش کرد، و قۆناغی دووەمیش پەرەسەندنی سیاسەتی نیولیبڕاڵ بوو لە جیهاندا کە هەوڵ دەدات پرسی ژن تەنیا لە چوارچێوەی دەستکەوتی تاکەکەسی و بازاڕدا کورت بکاتەوە و ڕەهەندە پێکهاتەیی و ئابوورییەکانی لێداماڵێت.
بۆ تێگەیشتنێکی گشتگیر لە کێشەکانی جێندەر، پێویستە ئاماژە بە چەند ئاراستەیەکی تیۆریی سەرەکی بکرێت کە یەکەمینیان فێمینیزمی فێمینۆلۆژییە و تێیدا سیمۆن دو بۆڤوار لە کتێبی ڕەگەزی دووەمدا ئاماژە بەوە دەکات کە بوونی ژن لە کۆمەڵگادا لە بەرامبەر پیاودا پێناسە دەکرێت، بە جۆرێک پیاو وەک سوبیێکت واتە بکەری سەرەکی وێنا دەکرێت، لە کاتێکدا ژن دەکرێت بە ئۆبیێکت یان ئەوی دیکە، و دواتریش تیۆرییەکانی بەهێزبوون لێرەوە دابەش بوون بەسەر فێمینیستە لیبڕاڵەکان کە پێیان وایە بەکارهێنانی سەرنجڕاکێشی دەکرێت ببێتە ئامرازێکی هێز و ڕەوتە ڕادیکاڵەکان کە ئەمە بە کاڵابوونی زیاتری ژن دەبینن. ئاراستەی دووەم فێمینیزمی لیبڕالە کە هێز و پێگە وەک سەرچاوەیەکی کۆمەڵایەتی دەبینێت کە بە نایەکسانی دابەش کراوە و داواکاری سەرەکییان ئەوەیە کە ژنانیش هاوشێوەی پیاوان بگەنە بەڕێوەبردن، سەرکردایەتی و لوتکەی دەسەڵات، بێ ئەوەی مەرج بێت خودی پێکهاتە گشتییەکە بگۆڕن. لە کاتێکدا فێمینیزمی ڕادیکاڵ وەک ئاراستەی سێیەم پێی وایە جیاوازییە جێندەرییەکان بەرهەمی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتین کە لەسەر دوالیزمی باڵادەستی و ژێردەستەیی بونیاد نراوە و بیرمەندانی وەک شولامیت فایەرستۆن پشت بە دیالێکتیکی ئاغا و کۆیلە دەبەستن بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم باڵادەستییە. لە پاڵ ئەمانەشدا، فێمینیزمی مارکسیستی و سۆسیالیستی پێی وایە کێشەی ژن لە دابڕاندا نییە لە کێشە ئابوورییەکان، بەڵکو هەوڵ دەدات کاتێگۆرییە جێندەرییەکان لە پەیوەندیدا لەگەڵ مەسەلەکانی چینایەتی و سەرمایەداریدا بخوێنێتەوە، چونکە نایەکسانی ڕەگەزی ئامرازێکە لە خزمەت سیستەمی ئابووریدا. دواجار فێمینیزمی ئینتەرسێکشنالیتی یان خاڵی یەکتربڕ کە لەلایەن کیمبەرلی کرێنشاو و فێمینیستە ڕەشپێستەکانەوە پەرەی پێدرا، پێی وایە چەوساندنەوەی ژن تەنیا لە ڕەگەزەکەیدا کورت نابێتەوە، بەڵکو دەرئەنجامی یەکتربڕینی سێ توخمی سەرەکییە کە بریتین لە جێندەر، ئابووری، و نەتەوە، بەپێی ئەم دیدەش ستەمی سەر ژنێکی هەژاری کەمینە، زۆر جیاوازە لە ستەمی سەر ژنێکی دەوڵەمەندی زۆرینە و دەبێت کێشەکان بە گشتگیری چارەسەر بکرێن.
لە تیۆرییە ڕەخنەییەکاندا، ژنان زۆرجار وەک هێزێکی کاری پاشەکەوتکراو یان ئامرازێکی بەرهەمهێنانەوە دەبینرێن، و بیرمەندانی وەک بێڵ هوکس ئاماژە بەوە دەکەن کە کێشە سەرەکییەکە تەنیا خودی پیاوان نین وەک تاک، بەڵکو پێکهاتەی سیستەمەکەیە، چونکە ئەگەر تەنیا پێگەی جێندەری بگۆڕدرێت و پێکهاتەی دەسەڵات وەک خۆی بمێنێتەوە، ژنانیش دەتوانن ببنە بەشێک لە سیستەمی چەوساندنەوەی چینایەتی. بۆ تێگەیشتن لە لایەنی مێژوویی ئەم بابەتە، سیلڤیا فێدیریچی لە کتێبی کالیبان و جادوگەرەکەدا چەمکی کەڵەکەکردنی سەرمایە دەبەستێتەوە بە ڕووداوەکانی سەدەکانی ناوڕاست و ڕوونی دەکاتەوە کە لە سەردەمی گواستنەوە بەرەو سەرمایەداری، دەوڵەت و کڵێسا لە ڕێگەی پرۆسەی ڕاوکردنی جادوگەرانەوە، هەوڵیان دا بەرگریی ژنان دژی بەتایبەتیکردنی زەوییەکان تێکبشکێنن، تا کاری ناوماڵ و توانای کۆمەڵایەتیی ژنان بێبەها بکەن و بیخەنە خزمەت بەرهەمهێنانی هێزی کارەوە بەبێ بەرامبەر. ئەم تێڕوانینە پێی وایە سیستەمی ئابووری هەمیشە پێویستی بە دەستی کارێکی هەرزان یان بێکرێ هەبووە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی ناوماڵ و چاودێری کۆمەڵایەتی، و تەنانەت کاتێک ژنانیش دێنە ناو بازاڕی کاریشەوە، ئەو کارانەی پێیان دەسپێردرێت وەک پەرستاری، پەروەردە و چاودێری، لە ڕووی مادییەوە کەمتر بەهاکەیان دەستنیشان دەکرێت، لە کاتێکدا لە کاتی قەیرانە گەورەکاندا وەک پەتای کۆڕۆنا بە ڕوونی دەرکەوت کە مانەوەی کۆمەڵگا لەسەر شانی ئەم سێکتەرە گرنگانەیە. لێرەوە دەکرێت بپرسین ئایا هێنانەناوەوەی دروشمە لیبڕاڵییەکان بۆ بازاڕی ئازاد، دۆزی ژن بەرەو ڕزگاریی ڕاستەقینە دەبات، یان وەهمێکی ئازادی دروست دەکات کە تێیدا ژنان ناچار دەبن خۆیان لەگەڵ پڕەنسیپەکانی سەرمایەداری و پیاوسالاریدا بگونجێنن و جەستەی خۆیان بەکاڵا بکەن.
لە زۆرێک لە کۆمەڵگا نەریتی و گەشەسەندووەکاندا، ترسی کۆمەڵایەتی لە وشەی فێمینیزم هەیە کە ئەمەش بەهۆی ئەو پێشگریمانە نەرێنییانەی لە دەوروبەری دروست کراون و ئەم ترسە زۆرجار وای کردووە کە تەنانەت چالاکییەکانی داکۆکیکردن لە ژنانیش لە بازنەیەکی سنوورداردا بمێننەوە. بۆ نموونە، زۆرجار لە بۆنە فەرمییەکاندا وشەی ژن دەگۆڕدرێت بۆ چەمکی وەک خانم، یان لەبری خستنەڕووی داواکارییە ڕادیکاڵ و پێکهاتەییەکان، زیاتر جەخت لەسەر لایەنە کولتووری و فۆلکلۆرییەکان وەک جلوبەرگ و ئاهەنگگێڕان دەکرێتەوە. لە ڕوانگەی شیکاریی کۆمەڵایەتییەوە، ئەم گۆڕانکارییە زمانی و فۆرمەڵییە وا دەکات خەسڵەتە نەریتییەکانی ژن پیرۆز بکرێن و پەیوەندییە جێندەرییە باوەکان وەک خۆیان بمێننەوە، بەبێ ئەوەی کێشە ڕاستەقینەکان و ژێرخانە ئابووری و یاساییەکان چاکسازییان تێدا بکرێت. هاوکات، شیکارە فەلسەفییەکانی وەک تێڕوانینی جودیت بەتلەر پیشانمان دەدەن کە جێندەر پێگەیەکی سیمبۆلی و نەزمێکی کۆمەڵایەتییە کە لە ڕێگەی زمان و نۆرمە کولتوورییەکانی ڕۆژانەوە بەسەر تاکدا دەسەپێنرێت و سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان زۆرجار پێکهاتە پیاوسالارییەکانی پێش خۆیان دەگۆڕن بۆ ئامرازێک لە خزمەت پاراستنی نەزمی باودا، و لە نێوان تیۆریستەکانیشدا دوو ڕوانگەی جیاواز هەیە، بە جۆرێک شولامیت فایەرستۆن ڕیشەی دوالیزمی جێندەری لە بایۆلۆژی و وەچەخستنەوەدا دەبینێت و پێی وایە پێشکوتنی تەکنەلۆژیا دەکرێت ژن لەم کۆتە بایۆلۆژییە ڕزگار بکات، لە کاتێکدا میشێل بارێت پێی وایە ئەرکەکە گۆڕینی بایۆلۆژی نییە، بەڵکو گۆڕینی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانەیە کە جیاوازییە سروشتییەکان دەگۆڕن بۆ باڵادەستی و ژێردەستەیی.
تەنانەت توێژینەوە هاوچەرخەکانی بواری جێندەر و پێشکوتنە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە نێوان ئەناتۆمی فیزیکی جەستە و شوناسی جێندەریدا پەیوەندییەکی حەتمی و ئەبەدی نییە، بەڵکو جێندەر زیاتر بەرهەمێکی کولتووری و کۆمەڵایەتییە و لێرەوە هۆشیاریی جێندەری بابەتێک نییە کە تەنیا تایبەت بێت بە ژنان. تا ئەو کاتەی پیاوانیش لەو پێگەیەی کە سیستەمی نەریتی بۆی دیاری کردوون وەک پێگەی باڵادەستی یان ئەرکی توندوتیژی بەئاگا نەیەنەوە، گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پێکهاتەی کۆمەڵگادا ڕوونادات. لە کۆمەڵگادا زۆرجار ئەرکی خۆپاراستن و هۆشیاری تەنیا دەخرێتە سەر شانی ژنان، لە کاتێکدا پێویستە پیاوانیش بەشدار بن لە پرۆسەی پێداچوونەوە و ڕەخنەکردنی پیاوێتیی باودا، چونکە سیستەمە کۆنەکان پیاوانیش نامۆ دەکەن و دەیانکەنە کارەکتەری توندوتیژ؛ بۆیە پەروەردەی هاوچەرخ پێویستی بەوەیە کە کچان و کوڕان بەبێ جیاکاریی نەرێنی و لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتیی هاوبەش گۆڕش بکرێن. وەک دەرئەنجام، کۆتاییهێنان بە قەیرانە کۆمەڵایەتی و جێندەرییەکان بەندە بە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە دابەشکردنی کار، هێز و بەرپرسیارێتییەکاندا و تائەوکاتەی کارەکانی بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە ژێر سایەی پێکهاتە هیرارکییەکاندا بمێننەوە، یەکسانیی ڕاستەقینە بەدینایەت، چونکە شیکاریی فێمینیستی پێویستی بە یەکگرتنی ڕەهەندەکانی ڕەگەز، چین و ئێتنیک هەیە بۆ تێگەیشتن لە تەواوی ئەو سیستەمانەی پێگەی مرۆڤ کورتدەکەنەوە بۆ ئاستی کاڵا.

كارزان عزيز عەبدولرەحمان

Previous
Next