بەکوردستانیکردنی هەرتاکێکی عێراقی کە بیەوێت لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێبێت!.. کاوە حەسەن
ئەگەری گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان لە ڕێگەی هاتنی هەوڵاتییانی عەرەب یاخوود هەرتاکێکی تر لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بۆ شارەکانی کوردستان باسێکی داخی ڕۆژە و گشت فۆرمەکانی میدیای کوردی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە. ئەم سەرقاڵییەی میدیای کوردی و پلاتفۆرمە جیاکانی سۆشیال میدیا پرسی ئەگەری گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستانی بەسەر دوو بەرەدا دابەشکردووە.
بەرەیەک نیگەرانە و دەنگی نارەزایی بەرزکردووەتەوە پێی وایە گۆڕینی دیمۆگرافی کوردستا لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕوو دەدات. لەبەرامبەر ئەم بەرەیەدا بۆچوونێکی تر هەوڵدەدات لەڕێگەی پاساوی پێداویستی ئابووری و سەرمایەگوزاریی و وەبەرهێنان بە تایبەت لە بواری درووستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و فرۆشتنیان بە خەڵکانی عەرەب نیگەرانییەکانی بەرەی یەکەم بڕەوێنێتەوە. هەر لە نێو ئەم بەرەیەی دووەمدا، جار جارە باسەکان دەکێشت بۆ بەرچاوتەسکی ناسیۆنالیزمی کوردی و هەڵنەهاتنی چاویان بە پێکەوە ژیانی نەتەوەکان لە شارەکانی کوردستاندا.
لەم کورتە نووسینەدا ئەگەر بمانەوێ لەم دوو بەرەیە حاڵی بین، پێویستە لە نیگەرانیی و پاساوەکانی هەردوو بەرەکە وورد ببینەوە. نیگەرانییەکانی بەرەی یەکەم ناکرێت بەهەند وەرنەگیرێت چونکو ئەگەر ئاوڕێک لە میژووی ئەو ناوچانە بکەین کە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی تێیدا ئەنجامدراوە، دەبینین نیگەرانییەکان ئەم بەرەیە لەجێی خۆییدایە. کەم نیین ئەو ناوچانەی کە دانیشتوانەکەی بەگشتی کورد زمان بوون، بەڵام ئەمڕۆ ڕەنگە تاک تەرا خەڵکی کوردزمانیان تێدا مابێت. ئەگەر چەند ساڵێک بگەڕێینە دواوە و تەماشای کەرکوک بکەین، دەزانین گەرەکەکانی قادسیە و حەی واستی و ڕێی بەغدا و چەندین گەڕەکی تر بوونە مایەی گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە.
لەهەمان کاتدا، کارێکی زیرەکانیە کە ئەرگویمەنتی سەرمایەگوزاری و پێکەوە ژیان فەرامۆش نەکرێت. ئا لە کوێی دنیادا بووە تۆ چاو بپۆشی لە پەیداکردنی بژێوی ڕۆژانەت لە ڕێگای هەڵبژاردنی کڕیارەکانتەوە. ناکرێت تۆ بتەوێت سەرمایەگوزاری بکەیت، بەڵام مەرجەکەت و کاڵاکەت تەنها بۆ هاوزمانەکانی خۆت بێت.
ڕیزکردنی ئەم دوو لایەنە و بەهەند وەرگرتنی هەردوو بۆچوونەکانیان کارێکە کە پێویستە وامان لێ بکەن بەدوای چارەسەری بنەڕەتی و بەردەستدا بگەڕێین. گرنگە چاو لەو ئەزموونانە بکەین کە ڕووبەڕووی ئەم جۆرە کێشانە بوونەتەوە یاخوود تاکو ئێستاش مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.
هەموو دەزانین لە ئاکامی ڕێکەوتنەکانی دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس، لایەنەکانی نێودووبارە بنیاتنانەوەی عێراق، مۆدێلی حکومڕانیان لە عێراقدا لەسەر بنەماکانی مۆدێلی فیدرال دیموکراسی سەریەک خستەوە. ڕاستە لە پرۆسەی بنیاتنانەوەی حکومڕانی لەعێراقدا، چەندین ساڵ بگرە تاکو ئەمڕۆش لانی کەمی پایە سەرەکیەکانی مۆدێلی فیدرال دیمۆکراسی تێدا جێکەوتە نەبووە، بەڵام دەستگرتن بەهەندی چەمکی ئەم مۆدێلەوە، ڕەنگە ڕێگایەک بێت بۆ بەرگرتن بە سیاسەت، یاخوود ترسی دیمۆگرافی کوڕینی کوردستان و شارەکانی.
تایبەتمەندیەکانی ئەم مۆدێلە زۆرن کە ڕەنگە نەتوانین لێرەدا هەموویان ڕیزکەین، وەلی بەئاسانی دتوانین ئاماژە بەهەندی بوار بکەین کە لەسایەی ئەم مۆدێلەدا کەڵکی لێ وەرگیراوە بۆ پاراستن و ڕێزگرتنی دیمۆگرافی نەتەوەکان و هەڵکردنیان لەگەڵ یەکتریدا بەبێ هیچ پاوانخوازی نەتەوەیەکی تایبەت. لە ئەمڕۆدا کەنەدا، ئەمریکا، ئەڵمانیا، سویسرا، نەمسا، بەلجیکا، هند، بەرازیل، مەکسیک و ئەرجەنتین بە ووڵاتانی فیدرال دیمۆکراسی دەناسرێنەوە. بەڵام ئەوەی زیاتر لە م باسەوە نزیکەو ئەکرێت کەڵکی لێ وەربگیرێت، کەنەدا، ئەڵمان ، سویسرا و ئوسترالیایە، هەرچەندە ئەم ووڵاتانەش هەریەک بۆخۆی تایبەتمەندی جیاوازی هەیە. ئێمە لێرەدا هەوڵ دەدەین باس لەو چەمکانە بکەین کە کۆمەکمان دەکەن لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرس و ئەگەری گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان. دیارە ئەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە ئەم نموونانە ووڵاتی سەربەخۆن و خاوەنی دەستورو سنووری دیاریکراوی خۆیان هەیە. بەڵام ئەم خشتەیەی خوارەوە ڕەنگە ڕێ خۆشکەربێت بۆ هەندێ بەرچاو ڕۆشنی هەردوو لایەنی خەمخۆر ، چی بۆ ئەوانەی بانگێشەی پاراستنی دیمۆگرافی کوردستان دەکەن ، وە چی ئەوانەی کە بەرگری لە هاتنی هاوڵاتیانی عەرەب دەکەن بۆ گەشەی ئابووری زیاتر و سەرمایەگوزاری لە کوردستاندا.

ئەم چوار وڵاتە هاوبەشەن لەسەر ئەم بنەمایانەن کەئەکرێت کەڵکیان لێ بوربگەرێت بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ هاتنی خەڵکی غەیرە کورد بۆ ناوچە کوردستانییەکان:
• تێکەڵبوون (Integration) لە جێی بنەمای نەتەوەیی
• ئەو کەسانەی دەیانەوێت وەکو هەر دانیشتوویەکی بەردەوامی ئەو ووڵاتە یاخوود هەرێمە بن کە بۆی چوون دەبێت:
• زمانی فەرمی ئەو هەرێمە یاخوود ئەو ووڵاتە فێربن،
• یاسا و دەستور ی ئەو هەڕێمە قبووڵ بکەن بە باشی ووردەکاریەکانیبناسن،
• وەکو هەرتاکێکی ئەو هەرێمە یاخوود ئەو ووڵاتە بەشداری ژیانی مەدەنی بکەن.
• پاراستنی دەستور، ( کە دیارە کوردستان تاکو ئێستا نەیتوانییوە لە ماوەی ٢٣ ساڵی ڕابردوودا دەستوڕێک بۆ خۆی پەسەند بکات، وە ئەمە یەکێکە لە گرفتە سەرەکیەکان) ، و سیستمی دیموکراسی ( کە ئەمیشیان بووەتە قوربانی و لەبری لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی نیشتیمانی ، بەرژەوەندی حزب و شایستەبوونی شۆرشگێری بوونی هێزی چەکداری حزب تاکو ئێستا بەردەوامە)
• هاووڵاتیبوون تەنها بەڕەسمی ناسینی ماف نییە؛ بەڵکو بەرپرسیارت و پابەندبوونیشە بە یاسا و بنەما دیموکراسییەکان ئەو هەرێمەی یاخوود ووڵاتەی تێیدا دەژیت.
• فیدرالیزم و دەستبردن بۆ مۆدێلێکی لەم بەبەتە تەنها هەڵبژرانێکی ڕەمەکی نییە، ئەم سیستەمە وەک مۆذێلێکی شیاو بۆ ئەو ووڵاتانە بە گونجاو بینراوە کە خاوەنی چەند نەتەوەی جیاوازن لە یەک ووڵاتدا کە مافی هەریەک لەو نەتەوانە پارێزراو دەۆم لە ڕێگەی ئەمخاڵەی خوارەوە:
• هەرێمەکان مافی پاراستنی زمان، کولتوور و ناسنامەی خۆیان هەیە.
• بۆ نموونە:
• کیبێک زمانی فەڕەنسی دەپارێزێت، هاوکات کۆمەڵێک شایستەی دارای و خزمەتگوزاری تایبەتی فەراهەم کردووە بۆ فێربوونی زمانی فەڕەنسی، لەهەمان کاتیشدا بەربەستی یاسای و دارای زۆریش درووستکردووە کە ڕێگە نەدات زمانی فەڕەنسی لاواز ببێت. ئەگەر کەسێک بییەوێت زمانی ێنگلیزی فێر ببێت دەبێت خەرجی خۆێندن بدات و هیچ کۆمەکێکی دارای پێنادرێت.
• کانتۆنەکانی سویسرا زمانە جیاوازەکان دەپارێزن.
• هەرێمەکانی ئەڵمانیا بەرپرسیاری پەروەردە و کولتوورن.
ئەم جۆرە سیاسەتانە زۆرجار بە “مۆدێلی تێکەڵبوونی مەدەنی” (Civic Integration Model) ناو دەبرێن، واتە تێکەڵبوونێکی مەدنیانە دەبێتە ڕێگایەک بۆ بەهێزکردنی نەتەوەو شوناسی هەڕێمەکە یاخوود ووڵاتەکە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون. ڕێساو یاساکەنی ئەم پرۆسەیەش چی لەو ووڵاتانەی کە باسمان لێوە کردن بریتین لە پابەندبوون بە یاساکان، زمان و بەشداریکردن لە ژیانی گشتی ئەو شوێنەی کە تێەدا تاک ژیان دەکات .
ئاشکرایە کوردستان ووڵاتێکی سەربەخۆ نییە، وە تاکو ئێستا بە هەزار و یەک شێوە پەیوەستە بە دەوڵەتی عێراقەوە. ئاشکراشە کوردستان چەندین گرفتی گەورەی تری هەیە کە بەدەستیانەوە دەناڵێت. بەڵام ئێمە بۆ هەر باسێک یاخوود گرفتێک، کە لەم بابەتەدا باسی مەترسی گۆڕینی دیمۆگرافی کوردستان دەکەین، گرنگە کەڵک لەدەرس و ڕابردووی چۆنێتی ئالوگۆرکردن لە دیمۆگرافیای ئەو شوێنانەی کە بەشێک بوون لە کوردستان بکەین. ئەگەر تاکو چەند ساڵێک پێش ئێستا لەڕێگەی سیاسەتی شۆڤێنیستانەوە دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە ووردە ووردە ناوچە کوردستانیەکان لەدەست چوون، لە ئەمڕۆدا بە هۆی نەبوونی بەرچاو ڕۆشنی و بێ دەستوری و نەبوونی سیاسەتی ڕۆشن، ئەم ئاڵوگۆرە بەخێرایەکی بەربڵاو لە لەگەشەسەندندایە. بۆیە زۆر گرنگە دوور لە پەنابردن بۆ نەژادپەرستی ، یاخوود بەتەنها لەبەرچاوکردنی بەرژەوەندی ئابووری و گەشەی بازاڕو ساغکردنەوەی یەکەی نیشتەجێ بوون و کۆشک و باخچەی نیشتەجێبوون ، کەڵک لەو ڕێگاچارانە وەربگرین کە لەو ووڵاتانەدا دەستیان بۆ براوە بۆ پاراستنی دیمۆگرافیا و کەلتورو زمانی دانیشتوانە ڕەسەنەکانیان.بۆیە هەرتاکێک کە ڕوو لەکوردستان دەکات و دەوێت وەک مافێکی خۆی ژیان بکات لە کوردستاندا، پێویستە ببێت بە کەسێکی کوردستانی لەڕێگەی ڕێزگرتن لە زمان، داب و نەریت خەڵکی کوردستان و کوردستانیان بگرێت، نەک پێچەوانەکەی.
کاوە حەسەن
————————————
سەرچاوەکان:
Constitution Acts, 1867–1982 (Department of Justice Canada). The constitutional foundation of Canada’s federal system, including the distribution of powers between
Bakvis, H., & Skogstad, G. (Eds.). (2020). Canadian Federalism: Performance, Effectiveness, and Legitimacy (4th ed.). Oxford University Press.
Constitution Acts, 1867–1982 (Department of Justice Canada). The constitutional foundation of Canada’s federal system, including the distribution of powers between
Conradt, D. P. (2013). The German Polity (10th ed.). Rowman & Littlefield.
Hueglin, T. O., & Fenna, A. (2015). Comparative Federalism: A Systematic Inquiry (2nd ed.). University of Toronto Press.
Gunlicks, A. B. (2003). The Länder and German Federalism. Manchester University Press. Galligan, B. (1995). A Federal Republic: Australia’s Constitutional System of Governmenت. Cambridge University Press.
Government of Canada – Federalism in Canada. Explains the principles of Canadian federalism, the division of powers, and the roles of the federal and provincial governments.
Linder, W., & Mueller, S. (2021). Swiss Democracy: Possible Solutions to Conflict in Multicultural Societies (4th ed.). Palgrave Macmillan.
Saunders, C. (2021). The Constitution of Australia: A Contextual Analysis (2nd ed.). Hart Publishing.
von Beyme, K. (2010). The Political System of Germany. Palgrave Macmillan.
Vatter, A. (2018). Swiss Federalism: The Transformation of a Federal Model. Routledge.
Watts, R. L. (2008). Comparing Federal Systems (3rd ed.). McGill–Queen’s University

