کوردستان بیابانێکی تاریک و کۆمەڵگایەکی وێڵکراو.. یاسین لەتیف
تەنها وەکو نموونەیەک ، ئەڵمانیا کاتێک لە جەنگی جیهانیی دووەم هاتە دەرەوە، وڵاتێکی وێرانە بوو! ڕواندا لە ناو جەرگەی کۆمەڵکوژیی ناوخۆیی و فیتنەی کوشندەوە هاتە دەرێ! سەنگافورەش خاوەنی ئەو سەرچاوە و سامانانە نەبوو کە بیکاتە دەوڵەتێکی کاریگەر! بەڵام ئەم وڵاتانە لەسەر یەک شت کۆک بوون؛ ئەویش ئەوەیە کە ململانێ لەسەر دەسەڵات دەوڵەت بنیاد نانێت! و ناکۆکیی سیاسی نە کارگەیەک دەخاتە گەڕ، نە زانکۆیەک پێش دەخات، و نە ڕێگاوبانێکیش چاک دەکات. لە کوردستان هێزە سیاسیەکان پێچەوانەی ئەم بۆچوونە تا بینەقاقایان لە ململانێیەکی خەستوخۆڵدان لە پێناو مۆنۆپۆڵ کردنی دەسەڵات و زیاتر تاڵان کردن و دزینی سەروەتو سامانی کوردستان ، مێژوو ئەوەی سەلماندووە دەوڵەتە سەرکەوتووەکان پرسیاری ئەوەیان نەکرد “کێ سەردەکەوێت؟” بەڵکو پرسییان “چۆن دەوڵەت سەردەکەوێت؟” کاتێک ئەزموونی نەتەوەکان دەخوێنینەوە، دەبینین هەرەسهێنان لە کەمیی پارەوە دەست پێ ناکات! بەڵکو ئەو کاتە دەست پێ دەکات کە بەرژەوەندییە تەسکەکان دەخرێنە پێش بەرژەوەندییە گشتییەکان! و کاتێک سۆز و دڵسۆزی بۆ( حزب و کەس و بنەماڵە) لە لێهاتوویی گرنگتر دەبێت، دروشم لە دەستکەوت گرنگتر دەبێت، و کاردانەوە لە پلاندانان گرنگتر دەبێت! هەر بۆیە دەبینین وڵاتانێک هەن هەموو شتێکیان هەیە بەڵام بە دەست دواکەوتنەوە دەناڵێنن! وەکوکوردستانی خۆمان ، وڵاتانیش هەن کە کەمترین شتیان هەیە بەڵام ساڵانە بەرەو پێش دەچن وەکو سەنگافورە! ئەو ڕاستییەی مێژوو سەلماندوویەتی ئەوەیە کە نیشتمانەکان هێندەی پێویستییان بە ئیدارەدانێکی باشتر و ، دیدگایەکی ڕوونتر و بوێرییەکی گەورەتر هەیە لە سوودوەرگرتن لە پسپۆڕان و کەسانی لێهاتوو و تکنۆکرات ، هێندە پێویستییان بە سەرچاوەی داهاتی زۆر نییە. بۆیە هەر دەوڵەتێک بەدوای سەقامگیریی ڕاستەقینەدا بگەڕێت، دەبێت پەروەردە بکاتە پڕۆژەیەکی نیشتمانی، هەروەها ئابووری بکاتە پڕۆژەیەکی نیشتمانی، و لێهاتوویی بکاتە پڕۆژەیەکی نیشتمانی. پێویستە لەوەش تێبگات کە داهاتووی نەوەکان بە وتارەکانی دوێنێ بنیاد نانرێت، بە شانازیکردن بە خەباتی شاخ و عەقڵی شاخ بەرەو پێشەوە ناڕوات، بەڵکو بە پلانەکانی سبەی دروست دەبێت. لە کۆتاییدا، نیشتمانەکان بە جیاوازیی ڕاوبۆچوون ناڕووخێن، بە دەستەبەر کردنی ئازادی و چەسپاندنی مافی ئینسان ناڕوخێن بگرە پتەوتر و خۆڕاگرتر دەبێت بەڵکو ئەو کاتە دەڕووخێن کە نوخبەکان (دەستەبژێرەکان) لەسەر پشتگوێخستنی ڕاستییەکان ڕێک دەکەون. دەوڵەتەکانیش بە گۆڕینی کەسەکان هەڵناستنەوە، بەڵکو ئەو کاتە هەڵدەستنەوە کە شێوازی بیرکردنەوە و بەڕێوەبردنی دەوڵەت و حوکمڕانی و سیستەم دەگۆڕێت . ئەگەر کوردستان وەکو نموونەیەک تەماشا بکەین و براوردێکی بکەین لە گەڵ ئەو وڵاتانەی پێشکەوتنی تێدا بەرجەسە بووە بە پێی ئەو ماوە زەمەنیەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی حوکمی تێدا دەکەن کە زیاد لە ٣٣ ساڵە هیچ خەسڵەتێکی پێشکەوتنی پۆزەتیف و بەڕێوەبردنی تەندروستی سەردەمیانەی تێدا بە دیناکرێت ، ئەگریش هەبێت تەنها بۆ سیاسیەکان و سەرمایەدارەکانە بۆ نموونە ئەگەر هاوڵاتیەکی ئاسایی پێویستی بە نەشتەرگەریەکی بچوک بێت پێویستە خانوەکەی بفرۆشێت یان سەیارەکەی بفرۆشێت ئەو کات ڕەنگە بتوانێت نەشتەرگەریەکەی بۆ ئەنجام بدەن ،هیچ پرۆژەیەکی ستراتیژی گەورەیان دروست نەکردووە کە جێگای باس و بەرچاو بێت و پایەی ژێرخانی کوردستان بتەو بکات، سەرەڕای ئەوەش باس لەوە دەکرێت هەرێم ٣٣ ملیار دۆلار قەرزارە، بە کورتیەکەی هێزە سیاسیەکانی کوردستان لە سەر پشتگوێ خستنی ژیانی خەڵک ڕێککەوتوون ئەوەی پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە توخنی ناکەون کوردستانیان تەحویل کردووە بۆ بیابانێکی بێ خاوەن و بێسەروبەر کۆمەڵگاکەشی بۆ کۆمەڵگایەکی وێڵکراو ، ئەگەر ئەم فۆرمە لە حکومڕانی چەتەکان بەردەوام بێت ڕەنگە تراژیدیایەکی سیاسی ترسناک چاوەڕێمان بکات .

