چیرۆک\ ئهوهی لە (سهبته) گەڕاوەتهوە.. ن: محهمهد محزار.. وەرگێڕانی: موكهڕهم ڕهشید تاڵهبانی
خانمێک لە (سەردەمی داڕووخانی نائومێدییهوه) گوتی: هیچ شتێکی نوێ لەئارادا نییە؛ خەڵکی قیبلەنومایان لێ ون بووە و، هەرکەسەو بۆ خۆی دەخوێنێت. ئامانج و ئاواتیان گەیشتنە بە باخەکانی عەدن کە لە پشت دەریای ناوەڕاستەوەن، بەڵام ئەمە پێویستی بەوه بوو لە خاکە داگیرکراوەکە تێپەڕن؛ ئەو خاکەی کە بێگانە داگیرکەرەکان تێیدا نیشتەجێ بوونه، ئەوانەی پێش سەدان ساڵ، هەزاران مۆریسکۆیییان دەرکرد بۆ ئەوەی خۆیان لە سەلا، ڕیبات، تێتوان و فاس جێگیر ببن. ئەوانە هەر خۆیان بوون کە بۆمبی کیمیایییان بەسەر ئەمازیغەکانی لادێدا باراند و، فەرەنسییەکانیش هاوکارییان کردن، لەبەر ئەوە خەتابییان دوورخستەوە و، سزای شێرپەنجەیان بەسەردا سەپاندن کە تا ئەمڕۆش شوێنەوارەکانی ماون.
بە دەنگێکی توڕەوە پێم گوت: خانمەکەم، مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوەو سەردەمی خەڵەتاندنی بینین و بیستن لە ناوچەکانی ئێمەدا نیشتەجێ بووە. خانمەکەم کارەساتی ئێمە ئەوەیە کە کەسانێک لە نێوانماندا هەن تووشی (سیندرۆمی ستۆکهۆڵم) بوونه.
ئەویش لە کاتێکدا بە چاوێکی سووک و توڕەوە لێی دەڕوانیم، گوتی: ئەمە سەردەمی پاشەکشە و کەوتنە ناو خۆشەویستی ئەو کەسەیە کە بە ڕاسته سنوورەکانی سەر نەخشەکانی کێشا و، جیایی لەنێوان کەسوکار و خۆشهویستاندا دروست کرد و، ئەم بهدگۆڕانەی بەرهەمهێنا کە دەیبینین. بێگانه داگیركهرەکان هەر بە بێگانهی داگیركهر دەمێننەوە؛ ئهوسا دادگهکانی پشکنینی بیروباوەڕیان دامەزراندو، پەنایان بەر سووتاندن و، قازووخ و تێکشاندنی ئێسکی مۆریسکۆیییەکان و جووەکان برد و ئەوەته ئەمڕۆیش هەمان کار دژ به خاوەندەکانی ئەم خاکە دووبارە دەکەنەوە.
ئەم قسانەی کرد و پاشان پشتی تێکردم و ڕۆیشت.
هاوارم کرد و بانگم کرد: خانمەکەم ڕاوهسته! ڕاوهستە، قسەکانت دوڕ و گەوهەرن!
بەڵام لەپڕ وەک تەمێک ون بوو، بوو بە تراویلکە.
سەیری دەوروبەرم کرد؛ گەشتیارەکان لەسەر لمە زێڕینەکان ڕاکشابوون، چێژیان لە تیشکی خۆرە گەرمەکە وەردەگرت و منیش لەسەر کورسییەکی ئاسنین کە بە پهڕۆیهکی ئهستوور داپۆشرابوو دانیشتبووم و قاچەکانم لە ناو لمی گەرمدا نوقم بووبوون. ژنەکەیشم لە تەنیشتمهوه لەسەر کورسییەکی هاوشێوە پاڵ كهوتبوو، ئەویش بەدوای گەرمییەکدا دەگەڕا کە ژیان بۆ جەستەی بگەڕێنێتەوە؛ ئێمە چێژمان لە جوانی دەریای ناوەڕاست وەردەگرت لە کەناری (كۆشكه بچووكهكه). بە ژنەکەمم گوت کە چل ساڵ لەمەوبەر سەردانی ئەم هاوینەهەوارەم کردووە، ئەو کاتە دەسەڵاتداران ڕێگەیان دەدا چادرەکان ڕاستەوخۆ لە بەردەم کەناراوەکەدا هەڵبدرێن و، منیش لە سەرەتای ژیانی پیشەییمدا بووم، لەگەڵ سێ هاوڕێ لە شارە جیاوازەکانی مەغریبەوە.
ژنەکەم گوتی: وێنەکانت لەو سەردانەدا گهواهی ئەوە دەدەن کە تۆ گەنجێکی یاخی و سەرکێش بوویت، هیچ شوێنێکت لە باکووری شانشینەکەدا نەهێشتووە کە سەردانت نەکردبێت، تەنانەت شارە داگیرکراوەکەش (سهبته) لهوه دوا نەکەوتوویت خۆتی پێ بگهیهنیت.
منیش بە ناخۆشییەوە پێکەنیم و بە تێڕامانەوە سەیرم کرد و گوتم: مەبەستت سهبتهیە! ئەو کاتە تهنیا بە پاسپۆرت چوومە ناو ئەو شارە، لەگەڵ ساڵح عەزامی هاوڕێم؛ یەک ڕۆژمان لەوێ بەسەر برد و پیاسەمان لە نێوان دوکانەکانیدا دەکرد کە کەلوپەلیان بە نرخی هەرزان دەفرۆشت، شوکولاتە، قووتووه پەنیر و، ئامێری تۆمارکردنی دەنگی جؤری (سۆنی) و شتی دیكهیشمان کڕی.
لەپڕ دەرکەوتەکانی ئەو ڕۆژەم لە مێشکدا گەشایەوە. لە بەیانییەکی هاوینی مانگی ئابی سەدەی ڕابوردوودا لە ڕێگەی دەروازەی سنووری وەهمییەوە چوومە ناو سهبته. لە تەمەنی بیست و سێ ساڵیدا بووم، لە لووتکەی گەنجی و هێزدا، چاوەڕوانی خۆشییەکانی ژیانم دەکرد و لهو بڕوایهدا بووم کە ژیان لەسەر تا بنی پێی هی خۆمە. ئۆتۆمۆبیلە کۆنەکەم لە (کاستیخۆ) جێهێشت (كاتێك کڕیم، دایکم بازنێکی زێڕی عەیار 18ی جۆری سەویری فرۆشت و یارمەتیی دام)، لەگەڵ هاوڕێکهمدا سواری تەکسییەکی گەورە بووین بەرەو دەروازەکە ڕۆیشتین. دوای ماندووبوونێکی زۆر پاسپۆرتم بەدەست هێنابوو. کاتێک ژنانی كۆڵهەڵگری قاچاخی کەلوپەلم دەبینی، بە هاوڕێكهم گوت: ئەوانە کارەساتێکی گەڕۆکن و خەنجەرێکن لە پشتی وڵات درابێت. هاوڕێکەم بە دەنگێکی ناڕازییەوە قسەکەی پێ بڕیم و گوتی: ئەی دانای سەردەم، واز لە فەلسەفە بهێنە! قسەکەی دڵم نهدركاندو چوومە ناو سهبتهوه، لە کاتێکدا نەفرەتم لە ئیزابێلا و فێرناندۆ و پاشای پورتوگالی جۆنی یەکەم دەکرد، لە هەمان کاتدا داخم بۆ بێهێزی بەنی مەزیهن و بێ توانایی میری غەرناتە ئەبوو عەبدوڵڵا محەمەدی دوازدەم (ناسراو بە زهغبی) دەخواردو لەبەر خۆمەوە گوتم: خۆزگە سوڵتان مەولای ئیسماعیل گەمارۆکەی لەسەر کوڕانی ئەبوو ڕەقعە درێژ بکردایەتەوە.
بۆ ماوەیەک بێئومێدییە مێژووییەکانم فەرامۆش کرد و، لەگەڵ هاوڕێکهمدا بە شەقامەکانی ئەو شارەدا پیاسەمان کرد کە قازی عیاز، شەریف ئیدریسی و، ئەبوو عەباسی سهبتی لێ لەدایک بووبوون. سەردانی بازاڕەکانی هیندییەکانمان کرد و دوو ئامێری کاسێتی جۆری (سۆنی) و کاتژمێری (کاسیۆ)مان کڕی، سەردانی (مێرکادۆ هادۆ)یشمان کرد و تۆپی پەنیر، جلی وەرزشی (ئەدیداس) و پێڵاوی (پۆما)مان کڕی؛ شێتی بازاڕکردن دایگرتین و، وای کرد گرنگی بە شوێنەوارەکانی شارە داگیرکراوەکە نەدەین و، لە کۆتاییدا تهنیا بە پیاسەیەک لە گۆڕەپانی ئەفریقیا وازمان هێنا و وێنەی یادگاریمان گرت و، سەردانەکەمان بە خواردنی ژەمێک ماسی برژاو و ژمێك (بایلا) به بەرهەمەکانی دەریا کۆتایی پێ هێنا. ئێوارەكهی شارەکەمان بەجێ هێشت و بە بارێک کەلوپەل و خواردەمەنییەوە، بۆ شاری فنێدق و پاشان بۆ چادرەکەمان لە ناوچهی كۆشكه بچووكهكه گەڕاینەوە.
ژنەکەم لەو بیركردنهوه بهئاگهی هێنامەوە و، داوای لێ کردم به کەنار دەریاکەدا پیاسهیهك بكهین؛ گوتی پێویستمان بەوەیە چێژ لە شەپۆلەکان وەربگرین و قاچمان تەڕبکەین، ئەگەر پێویستیشی کرد جەستەیشمان تەڕبکەین. چونکە هیچ شتێک ڕێگری ئهوهمان لێ ناکات دڵ و مێشكمان نوێ بكهینهوهو، لە پشت ڕۆتین و خۆڕادهستكردنی کێشە کۆنەکان و ململانێی ههمیشهیی لەپێناو خزمەت و پهروهردهکردنی خێزان و منداڵەکاندا ڕێز بۆ کاتەکانمان بگێڕینهوه. لهگهڵ ئهوهیش زەردەخەنەیەکی دەگمەنی بۆ كردو گوتی: پێویستە بۆ ماوەیەکی کاتی لەو تاشەبەردەی سیزێف کە قورسایی خستووەتە سەر پشتمان ڕزگارمان ببێت و، تێکەڵی یاریی ئەو شادییە ببین کە لە ناخی ناخۆشییەکانەوە ههڵقۆزراوە؛ چونکە ساڵانی ماوەی تەمەن (تەنانەت ئەگەرچی تەمەنیش بە دەستی خودایه) پێویست بەوە دهكات سەرنجی خۆمان بدەین و، لەگەڵ نزیکترین کەسەکانماندا چێژ لە چرکە بە چرکەی کاتەکانمان وەربگرین.
داوامان لە ژن و مێردێکی گەنج کرد، کە لەگەڵ کچە بچووکەکەیاندا دانیشتبوون، چاویان لە کەلوپەلەکانمان بێت و، بەرەو دەریاکە ڕۆیشتین لە کاتێکدا ئەو ساڵانەمان بەجێ هێشت کە قورساییان خستبووە سەر شانمان. هەنگاوەکانمان دەژمارد و پێشوازیمان لە سروهی فێنکی دەریا دەکرد؛ زۆر پیاسەمان کرد و یادەوەرییەکانی ژیانی ڕابوردوومان بیردەهێنایەوە، ئەو ساتانەی کە جێگهکەمان بە جگەرگۆشەکانمان ڕازابووەوه و، ئەو ناخۆشییانەی لەپێناو پەروەردەکردنیاندا چەشتمان تا توانییان خۆیان پێ بگهیهنن و بەسەر هەموو سەختی و کۆسپەکاندا سەرکەون.
لەپڕ لە بەردەم دەریادا وەستاین؛ شەپۆلەکان لەژێر پێماندا دەشکانەوە و، شینیی ئاوەکە هەستێکی جوانیخوازی گەشەسهندووی لە ناخماندا دەبزواند. لەوێشەوە، لە کۆتایی مەودای بینیندا، چیای تاریق لە بەری ئەودیوهوه دەرکەوت؛ چیایەک کە گهواهی ئهوه دەدات پیاوێک بە ناوی تاریق، لهگهڵ گرووپێک لە هاوزمانە ئەمازیغەکانی و، دەستەیەک لە عەرەبە فاتیحەکان، ڕەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە هەمان ئەو شوێنەدا وەستابن کە ئێمە ئێسته لێی وەستاوین، لە کاتێکدا ئامادەکارییان دەکرد بۆ پەڕینەوە بەرەو بەری ئەودیو، ڕوویان لەڕێی ئەندەلوس دەکرد و چاویان لە فەرمانەکانی مووسای کوڕی نوسەیر، والی ئەفریقیا دەپۆشی، کە دواتر سولەیمانی کوڕی عەبدولمەلیک لێی تووڕه بوو؛ چونکە ئەو بە دەستکەوت و دیلەکانەوە چووە ناو شاری دیمەشقهوه لە کاتێکدا خەلیفە وەلید لە گیانهڵادا بوو، بێ ئەوەی گوێ بداتە ویستی سولەیمان کە داوای لێکردبوو لە چوونە ناو شارهكه پەلە نەکات، تا فەتح و سەرکەوتنی سەربازی بە ناوی سەردەمە نوێیەکەی ئەوەوە تۆمار بکرێت. تفوو لە پله نزمیی فەرمانڕەوایان و چاوچنۆكییە تەسکەکانیان کە باجێکی قورسیان لە جهنگاوهرهکان سەند؛ لەبری ئهوهی ڕێزیان لێ بنێن، ئاكام تاریقی کوڕی زیاد بە فەرامۆشکراوی لە کۆڵانەکانی دیمەشقدا دهسووڕایەوە، مووسای کوڕی نوسەیریش دوورخرایهوهو گۆشهگیركرا، بۆ ئەوەی تاشەبەردەکە وەک شایەتێکی ههمیشهیی بمێنێتەوە کە گەلان خۆیان مێژوو دروست دەکەن، لە کاتێکدا زۆربەی جاران فەرمانڕەوایان بەرهەمەکانی تێکدەدەن.
ژنهکەم بە تۆنێکی تانەئامێزهوه گوتی: پێدهچێت گوتارە بەناوبانگەکەی تاریق (ئەی خەڵکینە، بۆ کوێ ڕادەکەن؟ دەریا لە پشتتانەوهیهو دوژمنیش لە پێشتانە…) لای ئەمەوییەکان هیچ دادی نهدابێت!
منیش بە دەنگێک کە گومانی لهخۆدهگرت گوتم: تاریقی ئەمازیغی دڵپاک هیچ پێوەندییەکی بەو دەقە هەڵبەستراو و دەستکردەوە نییە، کە تهنیا لە کتێبی ‘نَفْحُ الطِّيب’ی مەقڕیدا ناوی هێنراوە، کە کتێبێکە لە سەدەی یازدەی کۆچیدا نووسراوە.
پاشان بەردەوام بووم و گوتم: محەمەد کوڕی تاویت، ڕەحمەتی خوای لێبێت، ئەو گوتارەی تهنیا بە داڕشتنێکی ئەدەبیی درهنگترداناوە کە مێژوونووسان لە سەردەمە ئیسلامییەکانی دواتردا وەک جۆرێک لە ڕازاندنەوەی دراماتیکی بۆ ئەو شەڕانە دایانناوە کە سوپاکەی تاریقی ئەمازیغی كردوونی، کە له ڕووی سیاسییهوه لایهنگری عەرەبەکان بوو.
کوڕەکەم تاریق هات و لە کۆکردنەوەی کەلوپەلەکانمان یارمەتی داین؛ گوتی ئەمڕۆ کەشوهەوا گەرمە و پێویستە شلەمەنی زیاتر بخۆینەوە. زۆر دڵخۆش دیار بوو، لە کاتێکدا کەوتە نێوانمان و کەناری دەریاکەمان بەجێ دەهێشت و بەرەو ئەو ئۆتۆمۆبیلە دەڕۆیشتین کە لە شوێنی وەستانەکە ڕاگیرابوو. گوتی ئێمە بهلای ئەوهوه گەورەترین خۆشی و دەرکەوتنی جوانین، درێژهی دایهو گوتی: لەم ڕۆژانەدا كه ئێوهم لەگەڵن ئهوه له داستانی خۆشەویستییەکی ههڵقوڵاو و، كانیی بەختەوەرییەکی هاوئاهەنگ دهچێت، هیچ شتێک لەلای من ناگاته ڕەزامەندیی ئێوە تهنیا مهگهر ئهو خۆشهویستییه نهبێت كه خۆشم دهوێن.
کاتێک لەناو ئۆتۆمۆبیلەکەدا جێگیربووین و تاریق لە پشتی ستێرنەکەوە دانیشت، زەردەخەنەیەکی بۆ کردین و گوتی بۆ خواردنی ژەمە ماسییەکی خۆش لە چێشتخانەی ناوخۆ بانگهێشتتان دەکهم کە لای گەشتیاران زۆر بهناوبانگە. بێ دوودڵی نواندن پێمان خۆش بوو؛ سلفێكی لێ دا و پێی بە بەنزیندا نا، ئۆتۆمۆبیلەکە بە ڕێگه کەناراوییەکەدا ڕۆیشت و سروه بایهكی شێدار بەر دەموچاومان کهوت و، هەستێکی بەختەوەری لە ناخماندا دروستکرد، کەشی گشتی بۆ ساتێکی ئاهەنگگێڕانی سیحرئامێز گۆڕی کە پڕ لەشادی بوو، لەوێ شەپۆلە فێنکەکانی دەریا تێکەڵ بە ئاوازه میوزیكه هێمنەکان دهبوون لە ناو ئۆتۆمۆبیلەکەدا لەو کاتهی بە ڕێگهوه بهرهو چێشتخانەکە دهچووین.
کاتێک گەیشتینە چێشتخانەكه تاریق ئۆتۆمۆبیلەکەی ڕاگرت، پاشان چووینە ژوورەوە و مێزێکمان هەڵبژارد کە ڕووی لە کەنار دەریاکە بوو، ڕاستەوخۆ دەیڕوانییە شینایی دەریاکە؛ ئاوە شینە لازۆردییەکە بە لێشاوێکی خۆشەویستییەوە پێشوازی لێکردین و بە گەرمییەکەی خۆی دایپۆشین. گارسۆنەکە لیستی خواردنەکانی پێشکەش کردین، دوای گفتوگۆیەکی کورت لە نێوان خۆماندا، داوای ژەمە ماسییەکی برژاو لەسەر خەڵووز و مەنجەڵێک (بایلا)مان کرد. ژنهکەم لە بارەی دوایین هەواڵەکانی قەیرانی شاری (سهبته)ی داگیرکراو له تاریقی پرسی، ئەویش لە وەڵامدا گوتی: ئەو مەغریبییانەی کە خەڵەتێنرابوون، بۆ خاکی نیشتمان گەڕانەوە، دوای ئەوەی قەبارەی ئەو ناخۆشییەی ئەوێ و ڕەگەزپەرستی ئیسپانییەکانیان بۆ دەرکەوت، مەغریبیش ڕەتیکردەوە پیاوانی ئەفریقیا و عەرەبەکانی باکووری ئەفریقیا و ئاسیا وەربگرێتەوە.
منیش بە تۆنێکی تووڕەوە گوتم: بەداخێکی زۆرەوە، مێردمنداڵان و گەنجان بۆ یاریپێکردنی لاپەڕە دەرەکییەکان و گرووپەکانی (واتسئاپ) بهجێ هێڵران کە لە وڵاتێکی دوژمنەوە چالاکن، لە کاتێکدا پێویست بوو كه له قاووغی خۆیاندا چوارچێوه بکرێن؛ چونکە ئێمە لەگەڵ باندە دڕندەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە جەنگێکی سایبێریداین.
ژنەکەم لهبارهی قسەکانی منهوه گوتی: خەریکە ڕۆڵی خێزان بە تەواوی نامێنێت، سەبارەت بە کۆمەڵەکان و پارتە سیاسییەکانیش، کارەکانیان وەرزییەو ڕۆڵیان لە ڕێنوێنیکردن و هۆشیارکردنەوەدا بە تەواوی نهماوه.
تهنیا سەیریم کرد و سەرم بە نیشانەی ڕەزامەندی ڕاوەشاند؛ هەستم کرد کە زۆر قسەکردن لە بارهی ئهم بابەتەوه بێسوودە، چونکە ئێستە سەردەمی کردارە و لە کۆتاییدا زۆربڵێیی تهنیا ژاوەژاوێکە به شێوهیهك خاڵە لاوازەکان لە بەردەم دوژمناندا دەردەخات. سەردەمەکە بە لای منەوە نەخۆشە و ئەو مێگەلەی کە دوای خهیاڵ پڵاوی کەوت، بێ بیرکردنەوە ڕەفتاری کرد و بە خێرایی خۆی ڕادهستی کەمپینە دیجیتاڵییەکان كرد، بێ ئەوەی لە ڕاستی، یان ناوەرۆکی ڕاستەقینە بکۆڵێتەوە؛ ئەمەش هەمان ڕەفتاری مێگەله، وەک دیاردەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی کە تێیدا تاکەکان دوای کردار، یان ڕای کۆمەڵەکە دەکەون بێ بیرکردنەوەی قووڵ، یان شیکردنەوەی سەربەخۆ، گۆستاڤ لۆبۆن بڵاوبوونەوەی بیرۆکە و هەستەکان لەناو جەماوەر و خهڵكدا بە بڵاوبوونەوەی پەتا و مایکرۆب چواندووه.
دەنگی ژنەکەم بەئاگهی هێنامەوە کاتێک گوتی: دەتبینم نوقمی بیرکردنەوە بوویت، بۆچی بیرۆکەکانت لەگەڵ ئێمەدا بەش ناکەیت؟
منیش بە جۆش و خرۆشەوە گوتم: (ڕەفتاری مێگەل)ی گۆستاڤ لۆبۆنم بیرکەوتەوەو لە کتێبەکەیدا (سايكۆلۆجيای جهماوهر) ئەو شیکردنەوە بهپێزەی باس كردووه.
تاریق هاتە ناو باسەکەوە و گوتی: لۆبۆن زۆر لێهاتوو بوو لە جەختکردنەوەی لەسەر ئەوەی کە ئەو تاکەی تێکەڵی جەماوەر دەبێت، دەکەوێتە دۆخێکەوە کە لە بێ هۆشیی موگناتیسی دەچێت؛ چونکە هێزە عەقڵییەکانی دەکەونە ژێر کاریگەریی هاندەر، یان سەرکردەکەوە.
گارسۆنەکە هات و داواکارییەکانی هێنا؛ بۆنی ماسییە تازه برژاوەکە لە قاپەکانەوە دەهات و زۆرتر ئارەزووی دەکردینەوە تا بیخۆین. دەستەواژەی سەرسامبوونمان بە تامە خۆشەکەی گۆڕییەوە و چاومان بەرز دەکردەوە بۆ ئەوەی چێژ لە دیمەنی شەپۆلەکان لەسەر کەنار دەریاکە وەربگرین، بەمەش چێژی خواردنەکە تێکەڵ بە جوانی دیمەنەکە دهبوو.
هەندێک لە ئارامی و هێمنی خۆمم بەدەست هێنایەوەو بۆ ماوەیەکیش لە مەینەتی (هۆشیاریی بەدبەخت) ڕزگارم بوو؛ بڕیارم دا خەم و تووڕەیی خۆم لە گفتوگۆیەکی تانەئامێزدا لەگەڵ ژنهكهم و کۆڕەکەمدا بشارەمەوە، لە کاتێکدا دوای ئەو ژەمە خواردنە بەچێژە، بە شێوازی باکوور خەریکی خواردنەوەی پەرداخە گەورەکانی چای نەعنا بووین. بە گاڵتەجاڕییەوە لە تاریقم پرسی: چۆن سەیری دۆخی ئێسته دەکەیت ئەی ئەو تاریقەی کە ئەندەلوسی داگیرنەکرد؟ (لهگهڵ داوای لێبوردن لە نووسەری کۆچکردوو مستەفا مەسناوی بۆ ئهوهی ناوونیشانی کۆمەڵە چیرۆکەکەیم لێ خواست).
تاریق هێندە پێکەنی تا ددانەکانی دەرکەوتن، لە کاتێکدا بە ڕوخسارێکی پڕ لە سوپاسگوزارییەوە سەیری من و دایکی دەکرد، گوتی: بە پێچەوانەوە، من (ئەندەلوسم داگیرکرد) بە پێچەوانەی پاڵەوانەکەی مەسناوییهوه کە باڵاپۆشی داگیركاریی پۆشیوە، بەڵام لەبری ئەوەی بە گەرووهكهدا بپەڕێتەوە و ڕووبەڕووی سوپای (داگیركاران) ببێتەوە، لە گۆشەیەکی خانووە تەنەکەیینەکەیدا کەنەفت دەبێت بۆ ئەوەی سەربازە ئهندێشهییەکانی کە لە ناوکە خورما و پاشماوەی جگەرە دروستی کردوون ڕیزبکات! من داگیرم کرد چونکە دایک و باوکێکم هەیە کە لە تەندروستی و هێزی خۆیان بەخشی تا من بخوێنم، بۆیە لە ئەندەلوس تێپەڕیم و لەو شوێنەدا نەوەستام کە غافقی لێی وەستا، چوومە ناو خاکی فەرەنسییەکان و بەشی خۆم لە زانست وەرگرت، ئەوانیش پاسپۆرتە سوورەکەی خۆیانیان پێ بەخشیم و پێشوازییان لێ کردم، ئەمەیش نەک لەبەر چاوە ڕەشەکانم، بەڵکه لەبەر پێویستییەک بوو کە لە ناخیاندایە.
وەڵامە بەهێزەکەی تاریق منی بێدەنگ کردو زۆرلە مەترسییەکانی ڕەواندمەوە و ئهوهی بیر هێنامەوە کە گەنجانێک هەن بە ئەقڵ و زانستی خۆیان وڵاتی فەرەنگییەکان داگیر دەکەن و لە نێوانیاندا دەژین، وێڕای مەینەتی کۆچەری، وەک کەسێکی کاریگەر، نەک وەک کۆیلەیەک کە تاشەبەردی سیزێف لەسەر پشتی بێت.
لە ناخی خۆمدا بیرم کردەوە: چەندە جیاوازی لە نێوان خهیاڵ پڵاویی ئەو مێگەلە ههیه، کە دوای ئەو هاندانە سیستماتیکە کەوتووە کە سكرینهكانی مۆبایل و تابلێتەکان بڵاوی دەکەنەوە و لە نێوان ئاواتی ئەو گەنجانەی کە بە کارامەییەکانی زانستگهلی پێشبڕکێکارانە چەکدارن، ئهوهی لە کەوتنە ناو تەڵەی کۆیلایەتی هاوچەرخەوە دەیانپارێزێت؛ چونکە سیستمی سەرمایەداری ڕۆژئاوایی لە ڕێگەی (بەهای زیادکراو)ی مرۆڤەوە لە بازاڕدا سەیر دەکات، بەبێ زانست، ڕۆشنبیری، و پیشەییبوونی باڵا، ئەم سیستمە کۆچەر لە مرۆڤایەتییەکەی دادەماڵێت و بۆ تهنیا هێزێکی کاری ڕووت دەیگۆڕێت. چەکی زانست ئەو شتەیە کە کۆچەر لە پەنابەرێکی ئابوورییەوە بۆ هاوبهشێکی مەعریفەیی دەگۆڕێت.
کات تێپهڕی و ئاگهمان له هاتنی کاتی ئاوابوونی خۆر و خلیسکانی بەرەو ئاسۆ نەبوو، کە شوێنی خۆی بۆ سوورایی دهمهو ئێواره جێهێشت تا ئاسمان سوور بکات و مژدەی هاتنی ئێوارە بدات. چێشتخانەکەمان بەرەو تەنجە بهجێ هێشت، کە لەوێ لە یەکێک لە هۆتێلەکانی گەڕەکی (مەرشان) دابهزیبووین.
خانمێک لە (سەردەمی تێکهەڵچوونی دەزووەکان و گەڕانەوەی سەرچاوە و چەمکەکان) گوتی:
ئەی ئەو سوارچاکەی لە سەردەمی مانگەوە دێیت
تەمومژ پەیوەندی بە تۆوە نییە
ئەی ئەو باڵندەیەی لە فراوانی شادیدا دەفڕیت
خەم لە تۆ نایەتەوە
ئەی ئەو سوارچاکەی لە خۆڵەمێشی نەبوونەوە زیندوو بوویتەتەوە
خۆشەویستی هیچ مێژوویەکی نییەو
پاشەکشەکردن لە جەنگیش نهكهردهنییە…
شەڕی خۆشەویستی بەردەوامە.. تا ژیان بەردەوام بێت و
زمانی شانازیش کز نابێت.. چونکە کات فێری کردم کە خۆشەویستی بەردەوامییە
لە وەڵامدانەوە پهلهم نهكرد، پاشان بە تۆنێکی هێمن گوتم:
لە نێوان واقیع و ڕۆمانسییەتدا دەزوویەکی تەنک هەیە و ئێمە هەمیشە پێویستمان بە قووڵاییەکی ویژدانی و خەیاڵێکی سەرکێشە بۆ گەیشتن بەوەی دەمانەوێت؛ چونکە هەموو پرۆژە مرۆییەکان بە بیرۆکە و تێڕوانینێکی دیاریکراو دەست پێ دەکەن و پێویستمان بە زانست و توانای دۆزینەوەی ڕێبازێکی ڕێکخراو هەیە، تا ئەنجامێکی جێی ڕەزامەندی بەدەست بهێنین.
لە بالکۆنی ئەو جێگهیە دانیشتبووم کە لە هۆتێلەکە گرتبوومان؛ کەشوهەوا مامناوەند بوو، مانگی تەواو بە ئاسمانی تەنجەوه دەدرەوشایەوە. (مریەم)ی ژنم و (تاریق)ی كوڕم لە هۆڵە بچووکەکە دانیشتبوون و لە کەناڵە بیانییەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ دوایین گۆڕانکارییەکانی ڕووداوەکانی سهبتهی داگیرکراو دەکرد. دەمزانی ئەوان شتێک نابیسن کە دڵخۆشیان بکات، بەڵام ئەو شتە دڵنیاییەی کە ئەم کەناڵانە ناتوانن بە ئاسانی بەسەریدا تێپەڕن، ئەوەیە کە جیهان بۆی دەرکەوتووە ئیسپانیا تا ئێستهیش لە سەردەمی جیهانگیری و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤدا، دوو شاری مەغریبی و بیست و سێ دوورگەی داگیرکردووە.
بڕوایهکم هەبوو لە کاتێکدا فنجانە قاوەکەم دەخواردەوە و لە نێوان پەنجەکانمدا جگەرەیەک دەسووتا، کە کەموکوڕییەک لە ڕەگ و ڕەسەنایەتی وڵاتدا هەیە. (سەرەڕای ئەوەی پێش چل ساڵ وازم لە جگەرەکێشان هێنابوو؛ بەڵام داوای لێبوردنم لە ژنهكهم و کوڕەکەم کرد و دوو جگەرەم بە قست کڕی؛ چونکە هەستم بە تووڕەیی دەکرد و پێویستم بە هۆکارێک بوو بۆ دەرکردنی ئەو وزە و گوشارە گەورەیەی کە لە ناخمدا دەکوڵا).
خانمەکە کە لە سەردەمی (هۆشیاریی بەدبەخت)ـەوە هاتبوو، گوتی: نەوەی کەمتیارەکان قیبلەنومایان لێ ون بووە و لە ناو تەمومژی کۆچەریهتی و دابڕاندا هێندە قووڵ بوونەتەوە، کە هەندێکیان لە بەردەم میدیاکانی فەرەنگیدا قسەی خراپ دژ بە وڵاتەکەیان دەڵێن و وادەزانن کە ئهوانه هاوسۆزییان لەگەڵدا دەنوێنن. ئەوەی جێی پێکەنینە ئەوەیە کە میدیاکانیان و تەواوی هاووڵاتیانیان بۆ دەفتەرەکانی مێژوو گەڕاونەتەوەو بە ناو ڕووداوەکاندا دەگەڕێن و وەسیەتەکانی ئازابێلای دایکیان دووبارە دەکەنەوە. وادیارە نەوەی کەمتیارەکان مێژووی وڵاتەکەی خۆیان نەخوێندووەتەوە و شەڕی (وادی لەبەن)یان لە ناوچەی تیسە فەرامۆش کردووە، کە سوپاکانی سوڵتان سەعدی ئەبوو محەمەد عەبدوڵڵا ئەلغالیب، وەڵامی سوپاکەی حەسەن پاشای کوڕی خەیرەدین بەربەرۆسی عوسمانی والی جەزائیریان دایەوە، کە وای دەزانی دوای تیرۆرکردنی محەمەد شێخی سەعدی مەغریب بووە بە پاروویەکی ئاسان و له وانەو پهندی (وادی مەخازن) نەگەیشتن کە لەسەر کەناراوەکانیدا خهیاڵهکانی ئیمپراتۆریەتی پورتوگال لەژێر سمەکانی ئەسپەکانی مەنسووری زێڕیندا ههپروون به ههپروون بوون. ئەم نەوەیەی کە لە ڕەگوڕیشهی خۆی دابڕاوە، ئەوەی فەرامۆش کردووە کە چۆن یووسفی کوڕی تاشەفین لەگەڵ سوارچاکەکانیدا هات تا لە شەڕی (زەلاقە) تەختی قەشتالە بلهرزێنێت و کەوتنی ئەندەلوسی بۆ چەندان سەدە دوابخات و چۆن یەعقووب مەنسووری موەحیدی لە شەڕی هەمیشەیی (ئەرک)دا لووتبەرزیی ئەلفۆنسۆی هەشتەمی لەناوبرد و هێزی داگیرکەرانی لە ناو ماڵی خۆیاندا تێکشکاند. ئەوانە ئیدی ئهوهیان بیر نایهتهوه چۆن مۆریسکۆ دەرکراوەکان بە سەرکردایەتی (خانمی ئازاد) وێرانکاریی تێتوانیایان بۆ قەڵایەکی خهباتی دەریایی گۆڕی کە کەشتیگەلە ڕۆژئاواییەکان لە گەرووی جەبەل تاریق لێیان دهترسان و دەلەرزین و ئهوهشیان بیر نییه چۆن چیاکانی لادێكان بههۆی غازە کیمیاییەکان و جەنگە پیسەکانیانهوه بوون به گۆڕستان. ئهوهیان لهبیر نییه کە ئەم نیشتمانە داوای هاوسۆزی لە پایتەختە فەرەنگییەكان ناکات، بەڵکه شکۆمەندییەکەی بە هۆی خوێنی شەهیدان و ئیرادەی سوارچاکە ئازادەکان و خۆڕاگریی نەتەوەیەک دروست بووە کە لە بەرەبەیانی مێژووەوە چەمانەوە ڕەت دەکاتەوە.
گوتارەکەی خانمی (هۆشیاریی بەدبەخت) مێشکی گێژكردم و هەستی ناخی ورووژاندم و ویستی شتێک بكهم، یان چەندان شتی دروست کرد تا گوتارە بەهێز و قووڵەکەی بڵاوببێتهوه. لەپڕ پرسیارێکی کوتوپڕ هێرشی بۆ هێنام: دەبێت کێ بێت ئەم خانمی سەردەمی هۆشیارییە بەدبەختە کە قسەکانی لە گوللـە تۆپ دەچێت بۆ بەئاگاهێنانەوەی ئەوانەی لەناو هەنگویندا نوستوون؟ ئایه ئەو خانمه ئازاده هاوسەری مەنزەرییە، یان زەینەبی نەفزاوییەی هاوسەری کوڕی تاشەفینە، یان خەناسەی کچی بەکار ژنی مەولای ئیسماعیلە، یان ڕەنگە فاتیمەی فێهری، یان کەنزەی ئەورابی بێت، یان ڕەنگە سورەییا شەویش بێت؟
ناتوانم وەڵام بدهمهوه، بەڵام دەڵێم: ئەو هەموو ئەم ژنە مەزنانەیە، مەزنییش تهنیا بۆ خوای تاك و تهنیا و بەدەسەڵاتە! هەستم بە ورووژمی گەرمییەکی سەیر لەناخمدا کرد، گوتە بەناوبانگەکەی غەزالیم بیركهوتهوه: ناتوانرێت لەوە جوانتر دابهێنرێت کە داهێنراوە، لەبەر خۆمەوە گوتم: ئەمە واقیعێکە ناتوانین هیچی لهگهڵ بكهین تهنیا ئهوه نهبێت كه ئاشتەوایی لهگهڵ بكهین و بە ئەنجامەکانی قایل بین.
بەڵام زۆری نەخایاند دەنگێکم بیست کە لە سەرەتاوه پێم وابوو ناخۆشە، بەڵام تا دههات بهرزتر دهبووهوه؛ سەرچاوەکەی دیار نهبوو، دەیگوت: ئەی ئەوانەی لەسەر سنگمان دانیشتوون، ئەی ئەوانەی زەردەخەنەتان لەسەر لێوارەکانمان تیرۆر کرد و ڕێگهکانتان پڕ لە مین و بزماری تیژ كردین، ئەی ئەوانەی تۆوی شکانتان لە دڵماندا چاند و ئاواتەکانتان مۆمیا کردین، ئەی دزەکانی شادی، چی شتێکتان ماوه لەسەرمان تاقیتان نهكردبێتهوه؟ چیتان ماوه بهرانبهر به ئێمه نەتانکردبێت؟ ئێمە چهندان جۆرە ستهمگهلی ئێوهمان چەشت، چهندان شێوازی جۆراوجۆری ئەشکەنجەدانی ئێوەمان بینی؛ دەمتان بەستین، سزای بێدەنگی ههمیشهییتان بەسەر زمانەکاندا سەپاند. ئەی ئەوانەی لەسەر سنگمان دانیشتوون، ئێمە ئەمڕۆ هەوای گۆڕانکاری و چارهسهر هەڵدەمژین، چونکە جەستە گەورە بووە و کراسەکە تەسک بووەتەوە و ئارامگرتنیش ئیدی نەبووە بە کلیل بۆ ڕزگاربوون؛ چونکە ڕزگار

