خۆزگە.. شاعیر:سەعید بێهەمتا.. وەرگێڕانی لە فارسییەوە:شەهلا نوری
Closed
خۆزگە دڵم لە کۆت و زنجیری عەشقت بەند بووایە
هەناسەم لە هەناسەی گەرمی تەنت تێر بووایە
خۆزگە قاسدێک خەبەرێکی لە تۆوە بهێنایە،
تا خەونی شەوزەدەی دڵم گەش و ڕوونتر بووایە
دەنکێ لە تۆوی عەشقی تۆم لەنێو دڵدا چاندووە
خۆزگە بە دەستی نازی تۆ ئەم تۆوە بەردار بووایە
خەندەت وەک بەهارە و لێوت قەند و نەباتە
لە کەنارت مەحاڵ بوو هەر کەسێ پیر بووایە
لە پێش لەشکری چاوانت کڕنووش بردووم، ونم،
کوا سوپایەک لەم مەیدانە خۆڕاگر بووایە؟
ناوی تۆم بە دڵ برد،کەچی ڕووی خۆت لە من لادا،
عەشقی خەیاڵیم دەبوو ئاوا بریندار بووایە؟
فاڵم لە نێو فنجانە، دڵم لە لەپی دەستدایە،
شەو و ڕۆژ چاوەڕوانم، ئاخۆ چی تەقدیر بووایە؟

