
لە پەراوێزی ڕۆمانی چارەنووس دا.. زاهیر ئیبراهیم
” بەبێ خەتا ئاگری شەڕی ناوخۆ منی هاوێشتۆتە ئێرە، ئەو شوێنەی لێی دەستگیرکراوم بەدەستی خۆم کارەباکەیم بەستووە و بۆم ڕووناک کردوونەتەوە”
شەڕی ناوخۆ، بەتەنها پێشهات یان ڕووداوێک نەبوو کە پەیوەست بێت بە قۆناغێکی ڕاگوزەر،کورت خایەن، یان ساتەوە ختێکی مێژوویی،کە بە تێپەڕبوونی کات و زەمەنێکی دیاریکراو، ئاسەوار و لێکەوتەکانیشی کۆتایی هاتبێت. شەڕێک ئێمەی خستە سەردەمێکی تاریک، سەردەمێک ناچاری کردین دەست بەرداری خەونی گەورە و پڕۆژەی گەورەبین لە پێناو شتە بچوکەکان! ئەو شەڕە ئێمەی دابەزاندە ئاستێکی نزم، ئێمەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتایی. شەڕێک بە وێرانکردن و هەڵتەکاندنی ڕەگ و ڕیشەی ئەوەی هەمان بوو هەنگاوی نا، تاگەیشتە دابەشکردنی جوگرافیا و ڕەنگ و جۆری دوونیابینینمان.
سیما و ناوڕۆکی ئەو شەرە، هەر بریتی نەبوو لە کاولکاری و داگیرکاری و کوشتنی کورد بەدەستی کورد، بەڵکو دەرکەوتە و لێکەوتەکانی ئەو شەڕە هێندە کوشندە و تراژیدی بوون، تا ئەوەی کلتورێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی قێزەوەنی چەپاند، کە تا ئەمڕۆش لەناومان ئیش ئەکات و ئەجولێت. کلتورێک بە هەمان کەرەستە و گوتار ڕووبەڕووی دوونیای ئێستا دەبێتەوە. کلتوری شەڕی ناوخۆ چۆتە قوڵایی عەقڵی سیاسی و ئایدۆلۆژی و مۆدێلی حزبایەتی. بە بەردەوامی بەر ئەو گوتارە پڕ لە بوغز و شەڕانگێز، توندوتیژ و پۆپۆلیستییە دەکەوین، کە شەڕ بەرهەمی هێنا. شوناسی ئەو گوتارە لەسەر بنەمای سەرکوتکردن، گوشاری جۆراوجۆر، نەهێشتنی جیاوازی و سڕینەوەی بەرامبەر خۆی بینا کردووە. ئەو گوتارە ئەمڕۆ زیاتر لەسەردەمی شەڕی چەک، گوشار دێنێت و کاریگەرە. ئەمەش وای کردووە هەمیشە لە کۆنەستی ئێمەدا ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕ، ئەگەرێکی کراوە و نزیک بێت!.
ناو و بانگ و ڕەنگدانەوەی ئەو شەڕە نەگریسە، سەختی ڕووداوەکان و کارەساتە کوشندەکانی کە بەسەر مرۆڤی کورد داهات، بەبێدەنگی نەمایەوە. بەشێکی زۆر لە نووسەر و شاعیر و ڕۆماننووسی کورد بە ڕێگەی وشەکانیان ڕەخنە بارانی شەڕەکە و دەسەڵات و لایەنە شەڕکەرەکانیان کرد. لەگەڵ هەڵگیرسانی ئەو شەڕەدا، و ساڵانی دواتریش، تا ئێستاش چەندان تێکست، وتار و پەرتوکی ڕەخنە ئامێز لە دایکبوون بە ئاراستەی ڕاگرتن و ڕەخنەکردنی شەڕ. ڕۆمانی چارەنووس یەکێکە لەو شاکارانەی” سەلام عومەر”. نووسەر هەوڵیداوە لە ڕێگەی ڕۆمانەکەی، هەڵبەت ڕۆمان وەک ژانرێکی ئەدەب، گوزارشت لەو چارەنووسە ڕەشە بکات کە کورد بەسەر کوردی داهێنا، هەر ئەو چارەنووسەی پڕۆژە و خەون و ئامانجی لە مێژینەی دووژمن و نەیارانی کوردبوو.
لە ڕۆمانی “چارەنووس” دا بەر ئەو چارەنووسە لێڵ و ئاڵۆزە دەکەوین کە شەڕ سەپاندوویەتی. چارەنووسێکی تاریک. ئەو تاریکاییە شار بەشار و دێ بە دێ، وەک ڕەشەبایەک دێت و دوونیا دادەپۆشێت. نووسەر لە ڕێگەی ڕووداوەکانەوە ئەو دۆخە ئاشکرا ئەکات کە ئەو شەڕە چۆن باری کۆمەڵایەتیی و سایکۆلۆژی تاکی کوردی شێواندووە و خەونەکانیان داگیر ئەکات، ویست و هیواکانیان سەرکوت دەکات، نەهامەتیی و تۆز وخۆڵی ئەو چارەنووسە ڕەشە بەرچاوی هەمووانی گرتووە. ئەو شەڕە کۆمەڵگەی دووچاری شلەژانێکی گەورە کرد، هەر لە برسێتی و زیادبوونی تاوان و بەسەربازیکردنی کۆمەڵگە تا ئەوەی توندوتیژی و ناسەقامگیری سەرتاسەری، پچڕانی زمانی گغتوگۆ. ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە دروست ئاوێنەی ڕاستەقینەی سەردەمی شەڕ و ماڵوێرانییەکانن. ڕووداوەکان بە ئەندازەیەک جەرگبڕ و تراژیدین، خەمناکن تا ئەو ساتەی خوێنەر ئەباتەوە ناو زەمەن و واقیعی تاڵی شەڕی ناوخۆ.
ڕۆمانی چارەنووس، جگەلەوەی شاکارێکی ئەدەبی گرینگە، لە هەمانکاتدا یاداشتێکی مێژووییە، شەڕ و ماڵوێرانی و نەهامەتییەکانی گەلێکی ستەمدیدەی نووسیوەتەوە، گەلێک کە هێشتا خوێنی هەڵبجە و ئەنفال و جینۆساید لە جەستەی زامداری دەچۆڕێت، کەچی شەڕی ناوخۆ بەڕۆکی دەگرێت و زیاتر قەتماغەی برینەکان هەڵدەداتەوە. لافاوی ڕق و توڕەیی هێزەکان و بەگژیەکداچوونی براکان. کوشتنی دیل و سوتاندنی موڵک و ماڵ، ئاوارە بوونی هەزاران مرۆڤی کورد، هەزاران قوربانی بێ تاوان، بوونەتە بەشێک لە تارمایی ڕۆمانی چارەنووس.
لە ڕۆمانەکەدا زۆر ڕووداوی جەرگبڕ دێتە بەرچاومان، کارەکتەرەکانی وەستا عوسمان و لوقمان و چەندان کارەکتەری تر، واقیعە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی ئەو سەردەم، هەریەکێکیان سەربوردە و چیڕۆکێکی خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی سەرەنجی ڕاکێشام، چیڕۆکی نووسینی سەر دیواری زیندانییەکی شەڕی ناوخۆیە! وەستا لوقمانی کارەباچی، لەسەر دیواری بەندیخانەی شەڕی ناوخۆ کە بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکی کردبێت دەستگیرکراوە! دوای ئەوەی دۆخی شەڕ گۆڕانکاری بەسەردادێت و زیندانەکە نامێنێت و زیندانییەکان دەگوازرێنەوە. لە ژوورێکی زیندانییەکەدا نووسینێکی کورت لە سەردیوار دەدۆزرێتەوە کە هی وەستا لوقمانە و نووسیویەتی” من وەستا لوقمانی کارەباچی، بەبێ خەتا ئاگری شەڕی ناوخۆ منی هاوێشتۆتە ئێرە، ئەو شوێنەی لێی دەستگیرکراوم بەدەستی خۆم کارەباکیم بەستووە و بۆم ڕووناک کردوونەتەو”.
لەم ڕۆمانەدا دەبینین چۆن لە ئاکامی شەڕ و کوشتنی هەزاران کەسدا، هێشتا فەرمانڕەواکان دەهۆڵی بەردەوام بوونی شەڕ دەکوتن، نایانەوێت شەڕ بووەستێت، چێژ لە کوشتن و کاولکاری دەبینن، لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا سەدان کەس دەوڵەمەندبوون و دەستیان گرت بەسەر موڵک و ماڵی هەژاراندا. ئەو شەڕە ئاستی هەژاری و چینایەتی لە کۆمەڵگە زەقکردەوە.
لاپەڕەکانی ڕۆمانی “چارەنووس”، چارەنووسی سەپێنداوی مرۆڤی کوردە بەدەست هاونشتیمانی و هاو شارەکانی. ئەو چارەنووسەی عوسمانی کارەباچی، داوای شەکەتبوون و هیلاکی و نەهامەتییەکانی ڕۆژگار، دەڵێت” مردن هیچ نیە ژیان ترسناکە”.
کارەکتەرەکانی ڕۆمانی” چارەنووس”،دەردەڵ ئەکەن و باس لە نەهامەتییەکانیان ئەکەن، بە ئارامی ناڕەزاییەکانیان دەخەنەڕوو، گوزارشت لە خراپی ژیان وگوزەرانیان دەکەن، یاداشتەکانیان دەنووسنەوە، بەڵام چەندان چیڕۆک و کارەساتی تر هەن کە دەشێ هەر پێی نەزانین و بەبێ دەنگی مابێتەوە، ئەو سەردەمە تاریک و ئاڵۆزەی شەڕی ناوخۆ بەرهەمی هێنا، بە هەر جۆر و شێوەیەکی دیکەی کارەساتەکانی مێژوو بەراورد بکرێت لە قەبارەکەی و زیانەکانی و تراژیدییەکانی کەم دەبێتەوە. ئەوەی لەم ساڵانەی شەڕ ڕوویدا هێشتا شایستەی ئەوەیە ئەدیب و نووسەرانی ئێمە لەسەر بووەستن ولێی بدوێن.