Skip to Content

نەوەی ونبوو: ئەوانن یان ئێمە؟.. ئەمین زەواوی.. لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف

نەوەی ونبوو: ئەوانن یان ئێمە؟.. ئەمین زەواوی.. لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف

Be First!
by ئەیلوول 29, 2026 General, Opinion
image_print

‏
‏

‏”نەوەی ونبوو”، ئایا ئەمە بەڕاستی ونبوونە، یان شێوازێکی ژیانی نوێیە کە ئەم نەوە تازەیە تێیدا دەژین؛ نەوەی شاشە، دراوی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرد؟ وا دیارە تێگەیشتنی وشەی “ونبوون” لە خەیاڵماندا بە مانایەکی نەرێنی دێت، وەک ئەوەی ونبوون حاڵەتێکی نوێ و قبوڵنەکراو بێت و مێژوویی نەبێت، لە کاتێکدا هەموو نەوەیەک “ونبوونی مێژوویی” خۆی ژیاوە؛ چ بە کۆمەڵ و چ بە تاک، بەپێی ئەوەی لەو قۆناغەدا لە ئاستی ماددی، تەکنەلۆژی، کولتووری، ئایینی، فەلسەفی و جوانیناسیدا بەردەست بووە. بەگشتی چەمکی ونبوون لەلایەن ئەو نەوەیەوە دەردەبڕدرێت کە لە گۆڕەپانەکە دەکشێتەوە، یان خۆی بۆ وازهێنان ئامادە دەکات، بەرامبەر بە نەوەیەک کە بە بەها وخەون و کابووس و زمانێکی نوێوە لە فەزاکەدا جێگەی خۆی دەکاتەوە. نەوەی “هیپی” و لەگەڵیدا فەلسەفەی بوونگەرایی، لە چاوی ئەو نەوەیەی کە لە فەزای گشتی وسەرکردایەتی دەکشایەوە ، جێی دەربڕینی ونبوون بوو. نەوەی شۆڕشی ئایاری ١٩٦٨ لە فەڕەنسا نەوەیەکی تر بوو، بە بەهای شۆڕشگێڕانەوە هات، سەبارەت بە ژن وخێزان و هاوسەرگیری وجەستە و ئەوی دی و ئازادی.
لە چاوی نەوەی پارێزگاردا، کە مۆڵەتی کۆتاییهاتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەلسەفی خۆی ڕاگەیاندبوو، ئەوانەش نەوەیەکی ونبوو بوون.کاتێک لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە سەیری ونبوون دەکەین، دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە ونبوون دەربڕینی پچڕانێکی ئەپیستمۆلۆژییە لەگەڵ کۆمەڵێک بیرۆکە و پراکتیکدا کە مێژوو بە هەموو توندوتیژییەکەوە تێیپەڕاندوون. فکری “ونبوون” دەربڕینی ڕەفتاری کۆمەڵایەتییە بۆ داڕشتنەوەی چەمکی ئازادیی تاکەکەسی و گشتی، لە دەرەوەی ئەو ڕێڕەوانەی کە پێشتر کێشراون.
لە جیهانی ئەمڕۆماندا، لەوانەش وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ئایا ئێمە بەڕاستی ڕووبەڕووی نەوەیەکی ونبوو بووینەتەوە، وەک ئەوەی ڕۆژانە لە وتاری واعیزان، پەروەردکاران و سیاسەتمەداران دەیبیستین؟ یان ئێمە لەبەردەم نەوەیەکداین کە بەدوای ڕێڕەوێکی تردا دەگەڕێت جگە لە ڕێڕەوی باوک و باپیران، کە ئەمەش مافی مێژوویی ئەوانە؟ ئایا بەکارهێنانی دەستەواژەی “نەوەی ونبوو” گەڕان نییە بۆ مانەوەی هەژموونی نەوەیەک کە دەکشێتەوە بەسەر نەوەیەکی تردا کە بەرەو پێش دەچێت؟ ئایا ئەمە دەربڕینی ترس نییە لەدەستچوونی دەسەڵاتی باوکسالاری بە مانای ڕەمزی و سیاسی و کولتوورییەکەی؟ ئایا ژیان بە مانایەکی بنەڕەتی خۆی گەشتێکی بێ وێنە و نادیار نییە؟ ئایا ئەم گەشتە نوێبووەوە نییە کە تەنها حاڵەتێکە لە ونبوونی مرۆیی بەردەوام؟ئەوەی وەک ونبوون دەردەکەوێت، بە ئەندامی پەیوەستە بە فەلسەفەی گەشتکردنەوە؛ ئەو وزەیەی عەقڵی نوێیە بۆ بەدیهێنانی ئازادیی تاکەکەسی و گشتی، لە بەرامبەر ڕابردوویەک کە گوشاری خستووە، ئێستایەک کە شێواوە، و داهاتوویەک کە نادیارە. فکری “نەوەی ونبوو” دەربڕینی نامۆبوونی باپیران و باوکە لە ڕێڕەوی جیهانی ئاڵۆزی نەوەکانیان، بەهۆی خێرایی گۆڕانی بارودۆخەکان و ئەو ئامرازانەی کە جیهانی پێ دەژین و پێی شرۆڤە دەکەن. نەوەیەک کە لە گۆڕەپانەکە دەکشێتەوە، لە کاتێکدا لە زمانی نەوەی نوێ دەترسێت، نەوەی نوێ بەردەوامە لە گەشتە ناچارییەکەی خۆی، و ئەوەش حەتمییەتی مێژووە کە بەزەیی بە کەسدا نایەت.لە چاوی نەوەی کۆنەوە، وادەردەکەوێت کە سەرچاوەی ونبوونی ئەم نەوەیە ئەم تەکنەلۆژیا ورد و دڕندەیە، لەوانەش ژیریی دەستکرد ، یوتوب ، ئەنستگرام ، تیک توک. بەڵام ئەم “نەوەیە” باوەڕی وایە ناتوانێت بچێتە ناو سەردەمەکەی خۆیەوە جگە بەم ونبوونە ئەرێنییە، واتە ڕۆحی گەشتکردن لەگەڵ تەکنەلۆژیادا.نەوەی کۆن بە “نەوەی ونبوو” ناوی دەبەن کاتێک باسی ئایین دەکەن بە ڕاشکاوی و ئازادی، چونکە ئەوەی نەوەی کۆن لە چەند ساڵێک گەڕان بۆی دەگەیشت، ئەم نەوەیە بە کرتەیەک لەسەر کیبۆردی کۆمپیوتەر یان شاشەی مۆبایلەکەی دەستی دەکەوێت. ئیتر پێویستیان بە کەس نییە تەفسیری دەقە پیرۆزەکانیان بۆ بکات، چونکە هەموو جۆرە تەفسیرێک بەردەستە.
لە کۆتاییدا، دەپرسم کێ ونبووە لەم گەشتەی ژیاندا؟ وادەردەکەوێت کە “نەوەی ونبوو” نەوە نوێیەکە نییە، بەڵکو نەوە کۆنەکەیە، کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگا، لە تەکنەلۆژیا، لە هونەرە نوێیەکان، لە تەلارسازی نوێ و لە هەموو جوانییە نوێیەکانی سەردەم نامۆ و ون دەبێت.


‏ئەمین زەواوی
‏—————————————–
‏”اندبندنت عربية” – 3 أيلول 2026

Previous
Next

Leave a Reply